سەبارەت بە کتێبی ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا نیگای کۆمەڵناسانە بۆ دابێکی لەمێژینە
نیگای کۆمەڵناسانە بۆ دابێکی لەمێژینە
سەبارەت بە کتێبی “ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا”
بەختیار حەمەسوور
یەکێک لە گرفتە بنچینەییەکانی توێژینەوەی کوردی ئەوەیە، کە کەمترین جار ئاوڕی لە دیاردە و دەرکەوتەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی داوەتەوە، لە پاڵ ئەوەدا ئێمە لێشاوێک لێکۆڵینەوە و نووسین دەبینین بەپێی باسەکانیان کە بەهەند گیراون، دوورن لە مێژوو و کولتووری کوردییەوە، بەڵکوو دیاردە و بابەتانێک نیشانگر دەکەن، کە دوورونزیک پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی کوردییەوە نییە و خوێنەر بە خوێندنەوەیان دەتوانێت لە هەندێ ڕووەوە سوودمەند بێت، بەڵام ئەگەر مەبەستی خوێندنەوەکەی ئاشنابوون بێت بە کۆمەڵگەی کوردی و ناسینی جومگە و پایە نەریتی و ئەمڕۆییەکانی کورد، ئەوا نائومێد دەبێت و مایەپووچ لێی دێتە دەرەوە. مەبەستی پشتی ئەم دێڕانە ئەوە نییە کە ئەو لێکۆڵینەوە و نووسینە مەعریفی و زانستیانە ناگرنگ و ناپێویست بگرێت، بەڵکوو پێویستیی جۆرێک لە خوێندنەوەیە کە بتوانێت کۆمەک بە تێگەیشتنی ئێمە بکات دەرهەق بە ڕیشە و ڕەچەڵەکی کورد لە یەکێک لە لایەنە تایبەتەکانەوە. بوار نوورەدین، ئارشیفست و لێکۆڵەر و بیبیلۆگرافەر، ساڵانێکە جەنگاوەرئاسا خەریکی هەڵکۆڵین و وردبوونەوەیە لە هەندێ کایەی تایبەت، کە دەتوانین سەرجەمیان لە خانەی کولتوور و مێژووی کورددا دابنێین، نوێترین کتێبی ئەو، کتێبێکە بە ناوی “ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا”، وەک لە ناوونیشانی لاوەکیدا ئاماژەی بۆ کردووە: “لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ـ شیکارییە”، ئەم کتێبە کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە چاپێکی جوان و بۆشناخدا، لە قەوارەیەکی گەورەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە جێگەی لەسەروەستان و قسەکردنە، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لە هەندێ لایەنی ئەم کتێبە و گرنگییەکەی، بە شێوەیەکی سانا، بخەینە ڕوو.
سەرەتا ئەگەر بمانەوێ وێنەیەکی گشتی لەم کتێبە بدەین بە دەستەوە، ئەوا دەتوانین لە دابەشکارییەکی گەورەدا کۆی کتێبەکە دابەش بکەین بەسەر دوو تەوەرەی گەورەدا، تەوەرەی یەکەم لایەنی تیۆرییە و تەوەرەی دووەم لایەنی مەیدانی، یاخود پراکتیکییە. لە لایەنی یەکەمدا بە وردی تاوتووێی زاراوەسازی و ڕیشەناسی وشەی ڕەدووکەوتن و پێناسە هەمەلایەنەکانی ئەم دیاردەیە خراونەتە بەرچاو و لێتوێژینەوە، هاوکات هەوڵ دراوە ئەم دیاردەیە بهێنرێتە ناو قاڵبی کوردەوارییەوە و لەناو سیاق و نەستی کورددا بخوێنرێتەوە، واتە سروشتی دیاردەکە لەناو فەزای ژیان و مێژوویی کوردستان و ئینسانی کورددا پێشان دراوە، ئەمەش وەک بنەما و بناغەیەک بۆ کۆی لێکۆڵینەوەکەیە، کە دواتر و لە بەشەکانی پاشتردا پایە سەرەکییەکانی لەسەر ڕادەگیرێت. بەشی دووەم لایەنی مەیدانییە، کە لایەنێکی گرنگی ئەم کتێبە، لە ڕێی گێڕانەوەی چەند کەسێتییەوە، کە سەرچاوەی یەکەم یان دووەم بوون، بەو واتایەی یان خۆیان لەناو دیاردەکەدا بوون، یان ئەو دیاردەیە لە نزیکیان ڕووی داوە، چیرۆکی “ڕەدووکەوتن” دەگێڕنەوە، چیرۆکگەلێک کە تێیدا ژن وەک کارەکتەری سەرەکیی ئەم دیاردەیە دەرکەوتووە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە.
خاڵێکی درەوەشاوە لەم کتێبەدا کە دەبێت ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، ئەم کتێبە بە وردی و کنجکۆڵانە هەموو ئەو سەرچاوانەی پێشتر دەربارەی “ڕەدووکەوتن” نووسراون، توێژەر بەسەری کردوونەتەوە و وەک سەرچاوە ناوی بردوون و لە کوێشدا پێویستی کردبێت، سوودی لێ وەرگرتوون، بۆ نموونە پشکنینێکی هەمەلایەنی ئەدەبی زارەکی کراوە، تێیدا سەرجەم ئەو دەقانە بەسەر کراونەتەوە کە لەم دیاردەیە دواون، ئەمە سەرەڕای هێناوەی تێکستە زارەکی و فۆلکلۆرییەکان، توێژەر بۆچوونی خۆی دەربارەی دەقەکان نووسیوە و بەوەش خوێندنەوەیەکی گشتگیرتر بۆ کۆی بابەتەکە و دیاردەکە ڕووناک کردووەتەوە. ئەمە خاڵێکی گرنگە و وانەیەکی جوانە بۆ توێژەر کە بەم نەفەسە کار بکات، گرفتی بەشێک لە توێژەرانی ئێمەیە ڕێک لەم خاڵەدایە، کاتێک لە بابەتێک یان دیاردەیەک دەکۆڵێتەوە بێئاگایە لەوەی کە بەر لەم چی کراوە و چی نووسراوە، پێی وایە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە لەمەوە دەست پێ دەکات و ئەم یەکەم کەسە لەو بابەتەدا دەنووسێت، ئەمە وێڕای جۆرێک لە هەستی خۆبەگەورەزانین و حساب نەکردن بۆ هەوڵی ئەوانی تر، هاوکات تووشی قەیرانێکی قووڵیش دەبێت، کە ڕەنگە سەرەکیترینیان دووبارەکردنەوە و جوینەوەی بۆچوونی ئەوانی تر بێت، کە ئەم بەهەندی نەگرتوون، بوار نوورەدین لە پاژنەی ئاخێلی ئەم گرفتە خۆی دەرباز کردووە، گەڕاوە بە شوێن ئەو نووسراوانەدا کە سەبارەت بەم دیاردەیە نووسراون، تەنانەت وتارێکی چکۆلەشی فەرامۆش نەکردووە، ئەمەش هاوکاری کردووە کە ئەو بۆشایی و کەلێنانە بدۆزێتەوە کە لە نووسراو و لێکۆڵینەوەکانی پێش ئەمدا کراون، تاکو لەوێوە قسەی خۆی بکات و بەوەش چمکێک لە بۆچوونی نوێ و نەگوتراو بە دیاردەیەکی مێژوویی و ڕیشەدار زیاد بکات.
لە شیکردنەوەی زمانەوانیدا بۆ “ڕەدووکەوتن” هاتووە: “ئەم دابە بە شێوەیەکی گشتی لە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاستدا، بۆ بکەری مێینە ڕەدووکەوتن و بۆ بکەری نێرینەیش، هەڵگرتن ـ یان پێ دەگوترێت. بۆ بکەری مێینە، چەند وشەیەکی تریش بەکار دێن، کە هەموویان وشەیەکی ناسادەی دوو بێژەن و لە چوار بڕگە پێک هاتوون: (ڕەدوو + کەوتن، بەدوو+ کەوتن، بەشوێن + کەوتن، ڕەدوو + خستن، وەشوێن + خستن، ڕەگەڵ + کەوتن)، کە وشەکانی (ڕەدوو، بەدوو، بەشوێن، وەشوێن، ڕەگەڵ) لە فەرهەنگی کوردیی ناوەڕاستدا، ئاوەڵکرداری شوێنن و یەک مانا و مەبەست دەبەخشن.” توێژەر لە بەشی دواتر بە شوێن چییەتی ئەم دابەدا دەچێت لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، خەسڵەتەکانی ئەم دابە لای کورد دەستنیشان دەکات، بەپێی چییەتیی ئایین، سروشت، دەسەڵات، نەریت و وردەکولتوورەکانی تر. بە کۆی دوو بەشی سەرەتا ئامادەسازیی بۆ بەشە گرنگەکە دەکات، کە بەشی سێیەمە. لە بەشی سێیەمدا کڕۆکی داب و دیاردەی “ڕەدووکەوتن” دەدات بەدەستەوە و لە کۆمەڵێک گۆشەنیگا و پەنجەرەی جیاوازەوە، لە بابەتەکە ورد دەبێتەوە، بەوەش خوێندنەوەیەکی ڕەنگاڵەیی و تێروتەسەل پێشکەش دەکات.
بەشی سێیەم ئەو بەشەیە کە ڕووبەری بەرفراوانی توێژینەوەکە بە چڕی و هەمەلایەن دەگرێتە خۆ، بەشێکی درێژە و دابەش کراوە بەسەر هەشت باسدا، لە باسی یەکەمدا هۆکارەکانی ڕەدووکەوتن لە کۆمەڵێک خاڵدا تاوتووێ کراوە، کە توێژەر هۆکارەکان بۆ هەشت هۆکاری بنەڕەتی دەگێڕێتەوە. لە باسی دووەمدا بنەماکانی ڕەدووکەوتن هاتووە، تێیدا هەر چوار بنەمای “خۆشەویستی، لەخۆببوردن و قوربانیدان، پشتوپەنا و پێداویستی ماددی” باس کراون. باسی سێیەم ئاکامەکانی ڕەدووکەوتن هاتووە، نۆ ئاکام ڕیز کراون. باسی پێنجەم جۆرەکانی ڕەدووکەوتن هاتووە. باسی پێنجەم پێگەی هەڵگر و ڕەدووکەوتوو لە شەریعەتی ئایینی ئیسلام و قانوونی عیراقدا هاتووە. باسی شەشەم وەرزی ڕەدووکەوتن هاتووە. باسی حەوتەم دیاریکردنی ناوچەکانی ڕەدووکەوتن لەنێو پێڕەوانی ئایینەکاندا هاتووە. باسی هەشتەم دیاردەی ڕاکێشان هاتووە.
بەشی چوارەمی کتێبەکە تایبەتە بە کاری مەیدانی و لە شێوەی “چاوپێکەوتن”دا ئامادە کراوە، کە تێیدا کۆمەڵێک کەس چیرۆکی ڕەدووکەوتن دەگێڕنەوە و کۆی لێکۆڵینەوەکە پڕزانیاریتر و بەچێژتر دەکەن. پاشان چەند پاشکۆ دێن، کە نووسینن دەربارەی دابی ڕەدووکەوتن، لێرەدا توێژەر نووسینی چوار نووسەری هێناوە کە تایبەت بۆ پڕۆژەکەی نووسراون و دەبنە تەواوکەرێک، ئەوانیش هەریەک لە نووسەران و پسپۆڕان: “پ.ی.د. دڵشاد زاموا، ڕێزان ساڵح، د. هاوژین سڵێوە و هومایون ساحیب”. هاوکات کورتەیەک لە بۆچوونی ئەو کەسانەی بەر لە چاپ کتێبەکەیان خوێندووەتەوە، کاتێک تەماشای ناو و لیستی ئەو کەسانە دەکەین کە بەر لە چاپ ئەم کتێبەیان خوێندووەتەوە، دەبینین ئەم ناوانە ناوی دیارن لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا، توێژەر بە خستنەبەردەستی کتێبەکەی بۆ بەردەم ئەم نووسەرانە کارێکی کردووە دەگمەنە لە دنیای کوردیدا، ئەوەش چەسپاندنی نەریتێکە کە لە وڵاتان نموونەی بەرچاوە، ئەوەش خزمەت بە ناوەڕۆک و ئاستی لێکۆڵینەوەکەی دەکات، ئەگەر هەریەک لەو کەسانە سەرنجێکیشیان هەبووبێت، ئەوا بە قازانج بۆ کۆی پڕۆژەکە گەڕاوەتەوە. دواتریش وەک بەشی کۆتایی، ئەنجام و پێشنیارەکان دێت. پاشتر لە بەشی کۆتاییدا، کە بەشێکی بەرچاوڕوونیی گرنگە، پێرستی ئەو نووسینانەی پێشتر دەربارەی ڕەدووکەوتن نووسراون، لە ماوەی نێوان ١٨٦٠ ـ ٢٠٢٠دا ئامادە کراون.
خاڵێک کە ئەم کتێبە هەر لە ئەوەڵین لاپەڕەوە تاکو دوایین دێڕەکانی پێیەوە پابەندە، زانستیبوونی باسەکەیە، کە هەوڵی داوە لە چوارچێوەیەکی زانستیدا دابی “ڕەدووکەوتن” بخوێنێتەوە و لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر تەماشای بکات. کتێبەکە بەسوودە بۆ سەرجەم توێژ و دەستەکان، بۆ نموونە لەباری ئەدەبییەوە سەرچاوەیەکی بەجێیە و ماددەیەکی خامە بۆ خەمڵاندنی دەیان چیرۆک و ڕۆمان، لەباری ئاشنابوون بە مێژوو و دابونەریتی کوردییشەوە، کتێبەکە دەتوانێت کۆمەکی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکات کە دەیانەوێ لە پاژێک لە پاژەکانی نەریتی کوردی بکۆڵنەوە. بوار نوورەدین بەوپەڕی ئەمانەتەوە دەستی بۆ سەرچاوەکان بردووە و سوودمەند بووە لێیان، لە زمانێکی بێگرێ و گۆڵدا، توێژینەوەیەکی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کە دەتوانین بڵێین لە نموونەی کەم و دەگمەنە، ئەم لێکۆڵینەوە دەوڵەمەند و ناوازەیە شیاوی ئەوەیە وەک پڕۆگرام و لێکچەر لە ناوەندە ئەکادیمی و فەرمییەکاندا بخوێنرێت، بێگومان ئەم کتێبە هێندەی ڕووی لە ڕابردووە و دیاردەیەکی کۆنیی مێژوویی کورد دەپشکنێت، هێندەش ڕووی لە داهاتووە و داهاتووان دەدوێنێت.