شار و لێشاوی کەرکەدەنەکان

,

Loading

شار و لێشاوی کەرکەدەنەکان

خستنەڕووی شانۆنامەی “کەرکەدەن”

خوێندنەوەی: سەردەم

لە پاش دووەمین جەنگی جیهانی لە ئەورووپا، سەرجەم جومگە ئەدەبی و هونەرییەکان لە بنەڕەتەوە گۆڕانێکی ڕیشەییان تێدا ڕوویدا، ئەم گۆڕانە لە دوو ئاستدا خۆی بەیان کرد، ئاستی یەکەمیان لە ناوەڕۆکدا، ئاستی دووەم لە فۆرمدا. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرووپ و دەستەی نوێ سەریان هەڵدا، هەریەک لەمانە بە شوێن ئەوەوە بوون چۆن ئەو دۆخە کاولکاری و وێرانکارییەی پاش جەنگ، کە بێمانا خەڵکی تێدا کوژرا و بێسەروشوێن بوون، تەعبیر لێ بکەن، یەکێک لەوانە بە دیاریکراوی لە بواری شانۆدا بوو، کە ڕەوتیک بوو بە ناوی “شانۆی ئەبسێرد”، کە دەتوانرێت نوێنەرایەتی ئەم فۆرمە شانۆییە کە نووسەرانی وەک ساموێل بیکێت، ئۆژین یونسکۆ و… ببینێرتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە یەکێک لەو دەقە هەرە گرنگانە بدوێین کە سەر بەو شێوە شانۆییەیە، کە بە شانۆی ئەبسێرد، یان پووچگەرا، ناوزەد کراوە، ئەویش دەقی شانۆنامەی “کەرکەدەن”ە، لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی ئوژین یونسکۆیە، کە “بەیان سەلمان” لە فەڕەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم ئەم شانۆنامەیە ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە و لە ڕواڵەتترین ڕووداو و دیالۆگەکان سوودمەندە، پێچەوانەی بەشێکی بەرچاو لە شانۆنامەکان، “کەرکەدەن” سەر بە نەریتێکی توند و ڕیتمێکی خێرایە، هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەخاتە هەناوی خۆیەوە و لە بەردەمیدا واڵا دەبێت، بە جۆرێک پەیوەندییەک دروست دەبێت لەو نێوانەدا کە هەر زوو درک بە ئەفسوونی ناوەرۆک و شێوە نایابەکەی دەکات لە داڕشتنی کەسێتی و پەروەردەکردنی ڕووداوەکاندا. ئەم شانۆنامەیە یەکێکە لە گرنگترین شانۆنامەکانی سەدەی بیستەم، کە لە ساڵی ١٩٥٩دا نووسراوە.

شانۆنامەی “کەرکەدەن” لە سێ پەردە پێک هاتووە، پەردەی دووەم بەسەر دوو “تابلۆ”دا دابەش کراوە. کۆی ڕووداوەکانی ئەم شانۆنامەیە لە شارێکی بچووکی فەڕەنسادا ڕوو دەدەن، کە تێیدا خەڵکەکە لە بەرەوە دەبن بە کەرکەدەن، جگە لە یەکێک لە کارەکتەرەکان کە ناوی “بێرینژێ”یە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی تیری ڕەخنە لە کۆمەڵگەوە بۆ ئەو. کۆی شانۆنامەکە وەڵامێکە بۆ ڕووداوەکانی پاش دووەمین جەنگی جیهانی. هەر بۆیە لە ڕووی داڕشتن و پێکهاتەوە، هەست بە جۆرێک لە بێمانای و دووبارەی و وەڕزبوون دەکەین، کە تیکڕا دەتوانرێت وەک ئەو ئاسەوارە وێرانکارییە لەسەر ڕۆح و دەروونی ئینسانی پاش جەنگە گەورەکان ببینرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە هەر سێ پەردەکەدا چەندان کارەکتەر دێن و قسەی خۆیان و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵام دوو سێ کارەکتەر کەسێتی سەرەکی شانۆنامەی “کەرکەدەن” وازی دەکەن، ئەوانیش: جان، بێرینژی و خاتوونێک کە خۆشەویستی بێرینژییە بە ناوی دێزی. دیکۆی پەردەی یەکەم ئاوا کێشراوە:

مەیدانێکە لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ناوچیەکی باشووری فەڕەنسا. لەوسەری سەکۆی شانۆکە، خانوویەک لە ژێرخانێک و یەک نهۆم پێک هاتووە. لە بەشی ژێرخانەکە، ڕووبەری دوکاندارێکە. لە دەرگایەکی جەمخانەوە بە دوو سێ پلیکانە بۆی دەچیت. لەسەر دیواری بەری پێشەوەی، ئەم وشەیە بە چاکی دیارە، کە نووسراوە: دوکان. لە نهۆمی یەکەمدا، کە دەبێت ماڵی دوکاندارەکە بێت، دوو پەنجەرە بەدی دەکرێن. واتە دوکاندارەکە لەوسەری سەکۆی شانۆکەیە. بەڵام بەپێی پێویست بەلای چەپدا دەکەوتووە و زۆر لە بەشی پشتەوەی شانۆکەوە دوور نییە. لە سەرووی ماڵی دوکاندارەکە، لە دوورەوە بورجی زەنگی کڵێسایەک بەدی دەکەین. لە نێوان دوکاندارەکە و لای ڕاستی شانۆکەوە، کۆڵانێکی تەسک دەبینرێ، لە لای ڕاستەوە، قاوەخانەیەک دەبینرێ، لە سەرووی قاوەخانەکەش نهۆمێک و پەنجەرەیەکی لێیە. لە بەردەم قاوەخانەکە: لە پێشەوە چەند مێز و کورسییەک دانراون، هەتا دەگاتە ناوەڕاستی سەکۆی شانۆکە.

لە نێوان ئەم دەرکەوتن و وێناکردنەی شوێنەدا، یەکەمین دیالۆگەکانی شانۆنامەی “کەرکەدەن” لە نێوان جان و بێرینژیدا دەست پێ دەکەن، دیالۆگگەلێک کە لە هەرە سادەترین پرسەکانی ڕۆژەوە دەست پێ دەکات و بەناو ڕۆتینترین بابەتەکاندا خول لێ دەدات. لەگەڵ بەرەو پێشبردنی دیالۆگی ئەم دوو هاوڕێیە لەو شوێنەدا، کە بەسەر شەقامێکی بەریندا دەڕوانێت، وردەوردە کەسانی تریش دێنە ناوەوە و جۆرە قەرەباڵغی و دەنگهەڵبڕین و پێکداهەڵپژانێک لە تۆنەکان و باسەکان ساز دەبێت، بۆ نموونە خاوەن قاوەخانەکە، ژنی خاوەن قاوەخانەکە، کارەکەرەکەی، ژنێکی ناوماڵ کە لەوێیە، پیاوێکی پیر و پیاوی مەنتیق و… هەندێ کەسێتی تر. بە کۆی ئەم دەنگانە، کە باسەکانیشیان لێک جیایە، غەڵبەغەڵبێک دروست دەبێت، کە دەتوانرێت وەک تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی شانۆنامەی “کەرکەدەن” تەماشا بکرێت. خوێنەر دەبێت زۆر ورد ناوی بەردەم دیالۆگەکان بخوێنێتەوە، بە چڕی تەرکیز بخاتە سەر ڕستەی پێشوویان، هەندێ جار دیالۆگەکان دەکەونە سەر و یەک جۆر وەڵام دەخوێنینەوە و دەبیستین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی جۆرێک سەرلێشێواندن و ئاڵۆزی بەرهەم هێناوە، هاوکات گەمەیەکی ناوازەشە لە ڕووی فۆرمەوە؛ هەست دەکەی لەنێو پووچێتییەکی گەورەدا خەریکی بەس دەنگ دەبیستی بێئەوەی مانایەک بسازێت، نەبوونی مانا و دروست نەبوونی پانتاییەک بۆ تێگەیشتن و بەردەوامی، جۆرێک لە نمایش بەرهەم دەهێنێت کە لە پووچێتیدا هەڵدەسووڕێت، هاوکات دیالۆگەکان بەو شێوەن کە ڕێک وەک دژەدیالۆگ دەکەونەوە، ڕاستە ڕستەی تەواون، بە بکەر و بەرکار و کردارەوە، بەڵام هیچ ناپێکن، هیچ ناچنن، لە هەوادان و هەر لەو بۆشاییەدا دەخولێنەوە. بێگومان ئەمە لەخۆوە نییە و دەبێت هۆکارێک و دیوارێک لە پشتییەوە ڕاوەستابێت، کە لێرەدا و لەم شانۆنامەیەدا “جەنگ”ە، ئەوە ئینسانی جەنگلێدراو و قەیرانلێدراوی دوای کارەساتەکانە کە دەکەوێتە ناو بێماناییەکی بەرینەوە و هەست دەکات لە بەردەم دنیایەکدایە کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و تێکڕای بەهاکانی هەڵوەشاوەتەوە و داڕزاون. سوودوەرگرتن لەو شێوە دیالۆگە “دژەدیالۆگ” ڕێک هاوتەریبی ئەو فەزا خۆڵەمێشییەیە کە جەنگ بەسەر شارۆچکەکە و ئینسانەکانیدا هێناوە.

لەناو جەرگەی ئەم دەنگە دەنگەدایە لەپڕ کەرکەدەنێکی زەبەلاح دەر دەکەوێت، ئەمە سەرەتایەکی ترسناکە، لە پەردەی دووەمدا دیالۆگێک بەو چەشنە هەیە: شار و کەرکەدەن! نەخێر بڕوا نەکردەیە. بەڵێ، لە پەردەی یەکەمدا کەرکەدەنێک دێتە ناوەوە و هەمووان دەتۆقێنێت، ئەمە سەرەتای مەترسییەکەیە، شار و سەرلەبەری ئەوەی تێیدایە دەکەونە بەردەم ئەگەرێکی کراوە لە لەناوچوون و فەوتان. کەرکەدەنەکە بە شەقامەکەدا دەسووڕێتەوە و هەمووان بۆی دەڕوانن. ئەمە ڕووداوێکی هێجگار گرنگە، کە تێیدا هێڵی درامی دەگاتە ئاستی هەرە تێر و دەرکەوتووی خۆی. هەر لەم بەشەدایە کە کەرکەدەنەکە تێپەڕ دەبێت و ئارامی بۆ شەقام و خەڵکەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام نەک وەک پێشوو، بەڵکو هەموو باسەکان دەبن بە پرسیار دەربارەی کەرکەدەنەکە و ئەو دەرکەوتنە سەیر و نامۆیەی، لێرەدایە پرسیاری ئەوەی کەرکەدەنەکە دوو شاخی هەبووە یان یەک شاخ، کەرکەدەنەکە ئاسیاییە یان ئەفریقی، دەبێتە کەڵکەڵە و پرسیاری هەمووان و دیسان دەکەوینەوە ناو هەمان فەزای پچووچگەرا و بەرهەمنەهێناوەی مانا.

پەردەی دووەم، پەردەیەکە دیوێکی تەواو بیوکراسی و ئیداری و لێپێچینەوە بەخۆوە دەگرێت، ئەمجارە شوێن داخراوە و بەشێکی بەڕێوەبەراییەک یان کۆمپانیایەکی تایبەتە، یاخود خانەیەکی چاپەمەنیی دادگایی گەورەیە، بە کۆمەڵێک کارمەند و بەرپرسەوە، دەتوانین وێنای هۆڵێک بکەین، کە تێیدا لێپرسینەوە لەو ڕووداوەی دوێنێ (دەرکەوتنی کەرکەدەن لەسەر شەقامێکی شار) دەکۆڵنەوە. ئەمە لە دیمەنی یەکەمدایە. لەم دیمەنەدا نەختە نەختە دۆخەکە هەڵدەکشێت، دادگاییەکە بە ڕێوڕەسمی ڕەسمی خۆی دەست پێ دەکات، پاشان کەسەکان قسە دەکەن و دواتریش بێرینژی وەک شایەتحاێک دێتە ناوەوە. لەم بەشەدا بەرپرس، کە دیارە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتێک دەکات، بە توندی ئینکاری وەها ڕووداوێک دەکات، بەڵام لە کۆتایی ئەم دیمەنەدا شتێکی سەیر و نائاسایی ڕوو دەدات، دیسان کەرکەدەن، ئەمجارە نەک یەک دانە، بەڵکو زۆر، هاتوونەتەوە، بە شەقامەکاندا قۆچ دەوەشنینن و خەریکن وێرانەیەک دەخەنەوە، ئەم بینایەی ئەمانی لێن، یەک لەو جێیانەیە بەر نەفرەتی قۆچ و زیانکاری کەرکەدەنەکان دەکەوێت، تیکڕا بەرەو پەنجەرەکە دەڕۆن و لەوێوە لە کەرکەدەن و شار دەڕوانن، شتێک کە چیدی بەری پێ ناگیرێت و ئەمان تەلەفۆن بۆ تیمی فریاگوزاری دەکەن بگەن بە هانایان، یەک یەک لە پەنجەرەوە خۆیان دەرباز دەکەن.

دیمەنی دووەم ماڵی جانە، بێرینژی دەچێتە لای جان، بەو هۆکارەی کە داوای لێبووردنی لێ بکات لەوەی دوێنێ لە قاوەخانەکە زویری کردووە و هاوکات ئەوەش کە خەریکە لە شار و شەقامەکاندا دەگوزەرێت، بەڵام جان دۆخی هێجگار سەخت و دژوارە، چیدی دەرەوەی بۆ گرنگ نەماوە، ئەو سەرەتا وەک نەخۆشێک لە جێدا کەوتووە، بەڵام نەخۆشییەکەی لەوە توندتر و ترسناکترە کە پەتا یان هەر چەشنە نەخۆشینێکی دی بێت، ئەو وردەوردە مەسخ دەبێت و دەبێتە کەرکەدەن! دواجار لەناو گەرماوەکەدا، کە دەنگی دەبێت بە مڕەمڕ و دەبێت بە کەرکەدەن. ئەمە دەسپێکێکی نوێیە لە ژیانی شارۆچکەکەدا، کەرکەدەنەکان بەردەوام لە زیادبووندان، بەردەوام وێرانە دەخەنەوە، شەڕانگێزانە بڵاو بوونەتەوە و هەموو شوێنێکیان تەنیوە، لە دوایین پەردەدا ئەمە دەگاتە ترۆپک و هەموو شت لەدەست دەردەچێت و شیرازە دەپچڕێت.

پەردەی سێیەم و دواپەردە تەعبیرە لە کۆی ئەو مەسخبوونە، کە وەک ئاگر لە پاوان بەر دەبێت و هەمووان دەبنە کەرکەدەن! شوێن ژوورەکەی بێرینژییە، لەم پەردەیەدا و لەو شوێنەدا، کە تەنیا لە ڕێی پەنجەرەی ژوورەکەوە بەردەوام ئاگادارمان دەکەنەوە لە دۆخی شار، بێرینژی دوو کەس میوانداری دەکات، ئەوان لە دەرەوە دێن و هەواڵەکان بە پەلە و لە خراپترین دۆخی شڵەژاوی دەروونیدا دەڵێن و دەڕۆن، دەڕۆن و دەبن بە کەرکەدەن! ئەو دوو کەسەش یەکەمیان دودارە، ئەوی تریشیان دێزییە. گفتوگۆی ئەمانە لەگەڵ بێرینژی دیسان دەتوانرێت لە خانەی دژەگفتوگۆدا دابنرێت، کۆمەڵێک ڕستە دەڵێن کە دەلالەتە لە کۆی ئەو شپرزی و شێواوییەی دەرەوە و لە ناخیاندا کاری خۆی کردووە، ئەو دووە ڕەنگە دوایین دوو کەس بن کە نەبووبن بە کەرکەدەن، بەڵام لە پاش مشتومڕێکی زۆر، هەریەک لەوان خۆیان ڕادەستی ئەو دۆخە زاڵ و بەهێزەی دەرەوە دەکەن و تێکەڵ بە ئاپۆرایی کەردەکەنەکان دەبن و ڕێک دەبن بە کەرکەدەن! تەنیا بێرینژی دەمێنێتەوە، کەسێک کە نایەوێ دەستبەرداری ئینسانیەتی خۆی ببێت، دەستبەرداری خەونەکانی ببێت، لە جێیەکدا ئەویش ئەژنۆی دەلەرزێ، خەریکە پێمل ببێت، بەڵام نا، ناچێتە ژێر بار، دوایین ڕستەکانی ئەمانەن: “دە قیریسیا! بەرگری لە خۆم دەکەم دژ بە هەموو دنیا! تفەنگەکەم، تفەنگەکەم! (ئاوڕ بۆ دیواری ئەوسەر دەداتەوە کە سەرە کەرکەدەنەکانی لەسەر گیر بوون، لەگەڵیشیدا هاوار دەکات): دژی هەموو دنیا، بەرگری دەکەم! من دوامرۆڤم، تا کۆتایی دنیاش، هەر بە مرۆڤی دەمێنمەوە! خۆم بە دەستەوە نادەم!”

بوون بە کەرکەدەن لەم شانۆنامەیەدا هەڵگری زۆر تەفسیرە، کە دەکرێت بۆ سەرەداوەکانی لە خودی زەمەنەکەیەوە کۆمەک وەربگرین: سوپای نازی، کە بەربوونە گیانی هەموو ئەورووپا و بە دیاریکراویش فەڕەنسە، دەکرێت ئاماژەیەکی هێجگار زەق بێت بۆ کەرکەدەنەکان، کەرکەدەنی یەکەم دەکرێت خودی ئەدۆڵف هیتلەر بێت کە سەرەتا دەردەکەوێت، پاشان لێشاوی کەرکەدەنەکان سوپاکەی بن، لەگەڵ هەموو ئەو هاونیشتمانییە فەڕەنسییانەی پەیوەندییان بە نازییەکانەوە کرد و بوون بە نەیاری وڵات و زمان و هاووڵاتییەکانی خۆیان. بێگومان ئەم شانۆنامەیە لە بەردەم دەیان ئەگەر و تەفسیری تردایە، بۆیە هەمیشە شانۆکاران و ڕەخنەگران بۆی دەگەڕێنەوە و ماتەوزەی ناو دەقەکەی دەپشکنن و دەگەن بە کەشف و خاڵی پەیپێنەبراوی تر.

ناردن: