دەربارەی تەنگەژەی مۆدێرنیزم و سەرەتاکانی
خستنەڕووی کتێبی “مۆدێرنیزم”
خوێندنەوەی: سەردەم
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەدەبیات و هونەر، دەرکەوتنی یەکەم چرکەساتی سەروسەکوتی مۆدێرنیزمە، ئەو قۆناغەی کە دەبێتە بەرمەبنای ڕووبەرێکی فراوان لە ئەدەب و هونەر بە سەرجەم لق و ژانر و بەشەکانییەوە. بێگومان لەو بوارەدا چەندان لیکۆڵینەوەی هەمەلایەن کراون و نووسراون، کە تیایاندا هەوڵ دراوە هەریەکەو لە گۆشەنیگای خۆیەوە پرسی مۆدێرنیزم لە بەستێنی ئەدەب و هونەردا تاوتووێ بکەن و لێی بکۆڵنەوە. ڕەنگە ئێستاش بە وردی دەستنیشانکردنی ئەو سەرەتایە لێڵ و ناڕوون بێت، بەڵام گۆڕانکارییەکان بەرچاون و دەری دەخەن کە چۆن شەپۆلی مۆدێرنیزم چۆن بە شەتاو هەڵی کرد و هەرچی لە بەردەم و پێشی بوو، ڕایماڵی. ئەم شەپۆلە سەرەتاکانی لە ئەورووپاوە دەستی پێ کردووە و پاشان بە هەموو دنیادا تەشەنەی سەند. هەر میللەت و گەلێک بەپێی توانستی خۆی بۆ ڕەوتی مۆدێرنیزم وەڵامی بەو پرسە داوەتەوە و هەوڵی داوە ئەو گۆڕانە بەرچاوانەی کە ئەورووپا بەسەر ڕوانین و بینینی و ئاراستەکردنی نوێگەریدا بیهێنێت، ئەو گەل و نەتەوانەش بەپێی هەلومەرجی ناوخۆی و ئەو فەزاسازییەی لە هەناوی ئەدەب و هونەریاندا هەیە، دەست بدەنە ئەو گۆڕانکارییانە و ڕیشەییانە لەناو نووسراو و بینراوی خۆیاندا بەرجەستەی بکەنەوە. بۆیە هەر لێرەدا ئێمە لەگەڵ چەندان ڕەوتی مۆدێرنیزم ڕووبەڕوو دەبین، کە لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەین وردتر لەم خاڵە بدوێین و لە ڕوانگەی تایبەتی خۆمانەوە بۆی بگەڕێینەوە.
یەکێک لەو کتێبە زۆر دەگمەن و ناوازانەی کە لەسەر پرسی مۆدێرن نووسراوە، کتێبەکە بە ناوی “مۆدێرنیزم” لە نووسینی پیتەر چایڵدز و وەرگێڕانی هیوا عەزیزی. بەر لەوەی بێینە سەر ناوەڕۆک و ئەو ڕووبەرەی ئەم کتێبە گرتوویەتییە خۆی، دەمانەوێ لە بێدەنگی و پێشوازیی خوێنەرانی کورد لەمەڕ ئەم کتێبە و کتێبی لەم چەشنە چەند دێڕ بنووسین: بەداخەوە خوێنەری ئێمە ـ خوێنەری کورد ـ زۆر کەم بە لای ئەو کتێبانەدا دەچن کە کتێبی گرنگ و ناوازەن و لێیانەوە دەتوانین دەیان ڕەوتی نوێگەری و سەدان بەرهەمی نووسەرانی لێوە ئاشنا ببین، بە واتایەکی تر خوێنەری ئێمە خوێنەری دەقە، تەنیا دەق بۆی گرنگە، دیارە ئەوەش کە چ دەقێک و چۆن خوێندنەوەیەک، ئەوەشیان بۆ خۆی پرسێکی ترە و ڕەنگە وەڵامدانەوە و بەدواداچوون بۆی، لە توانا و نیازی ئەم وتارەدا نەبێت، بەڵام ئەم کەوانەیە لێرەدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بڵێین، کتێبی “مۆدێرنیزم” زۆر کەم لەناو خوێنەران و نووسەرانی کورددا بوو بە جێی باس و مشتومڕ، ئەم کتێبە گرنگە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەگەر قسە بێتە سەر وەرگێڕانەکەی، بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانین بڵێین یەک لە وەرگێڕە زۆر باشەکان ئەم کتێبەی کردووە بە کوردی و بە زمانێکی تایبەت و پەخشانێکی ڕەوان و شاعیرانە، ڕستە بە ڕستەی داڕشتووەتەوە و لە دڵی زمانی کوردیدا، دەقێکی بەرهەم هێناوەتەوە کە نموونەی بەرزی وەرگێڕانە، زمانی وەرگێڕ زمانێکی مۆدێرنە، چما هەمان ئەو مەبەستەی نووسەری کتێبەکە (پیتەر چایڵدز) لە دیاردەی مۆدێرنیزم بە زمانێکی مۆدێرن نووسیویەتی، هیوا عەزیزی بە زمانێکی شاری و پڕ لە وزە و ئیمکانی نوێخوازی، ئایدیا سەرەکییەکانی ئەم کتێبەی لە بەرگێکی جواندا پێشکەش کردووین. هەر لێرەدا دەبێت ددان بەو خەسارەدا بنێین کە خوێنەری کورد لە ئاست ئەم کتێبەدا، بە درێژایی شەش ساڵ لە چاپبوونی، نواندوویەتی، هیوادارین خوێنەری وتووریای کورد، خوێنەرێک کە بە شوێن ڕیشە و دەمارەکانی مۆدێرندا دەگەڕێت لە ئەدەب و هونەردا، ئەم کتێبە بخاتە لیستی ئەو کتێبانەوە کە بڕیارە لەم ساڵدا ٢٠٢٥، بیانخوێنیتەوە، بە دڵنیایی پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەیان دەروازە و دەلاقە بەسەرماندا دەکرێنەوە و دەزانین کە لە کوێداین و دەبێت لە کوێوە دەست پێ بکەین.
پرسی مۆدێرنیزم پرسێکی هەمەلایەن و ئاڵۆزە، ئەم کتێبە “مۆدێرنیزم” هەوڵ دەدات نەک لە ڕێی ئینشا و گێڕانەوەی حەکایەتییەوە، بەڵکو لە ڕێی پەیبردن و دۆزینەوەی سەرەتاکانی مۆدێرنیزم لە ئەدەب و هونەردا، ئەو بیرۆکانە ئاراستە بکات کە دەتوانن شتانێک بە خودی مۆدێرنیزم و پرسی ئاڵۆزی مۆدێرنیزم زیاد بکەن. میتۆدی کتێبەکە میتۆدێکی تایبەت و کەمتر پێنووسراوە، نووسەر بۆ گەیاندنی مەبەست و ستوونی بیرکردنەوەی خۆی دەربارەی مۆدێرنیزم، بەردەوام لە نێوان نموونەهێناوە لە دەقە جیهانییەکان و ئایدیا بنچینەییەکانی خۆی و شێوازی زاڵی ئەو دەقانەی لە ڕووبەری لێکۆڵینەوەکەیدا نیشانگری کردوون، میتۆدەکەی بچنێت. بۆ نموونە، کاتێک دێت باس لە هونەری شێوەکاری دەکات، هەوڵ دەدات پانتاییەک بۆ ئایدیاکەی بکێشێت، ئەو هەوڵانەی بەر لە مۆدێرنیزم هەبوون بە هێڵێکی خێرا بگوازێتەوە، پاشان بێتە سەر دڵی ئایدیاکەی خۆی، ئەوەی کە هەمان ڕووبەری ئەوە لەم کتێبەدا، بەم جۆرە: سەرەتا لە “بزافە هونەرییەکان”ەوە دەست پێ دەکات، پاشان دێتە سەر خودی بزافە مۆدێرنەکان، لە نموونەی ئەمپرسیۆنیزم و دوای ئەمپرسیۆنیزم، دواتر کوبیزم، پاشان فۆتۆریزم، ئەکسپرسیۆنیزم، سوریالیزم. لە هەریەک لەم بزاوتانەدا بە گوازتنەوەی قسە و گوتەی هونەرمەندانی ئەم خولانە، پاڵپشتی ئایدیاکەی خۆی دەکات و ئاراستەی خوێنەری دەکات. با پێکەوە ئەم پاراگرانە زۆر تایبەتەی هونەرمەندی ئیتاڵی فلیپۆ تۆمازۆ مارتینێتی، کە بەشێکە لە “مانیڤێستی فۆتۆریزم” بخوێنینەوە:
ئێمە دەڵێین شکۆ و هەیبەتی جیهان بە جوانییەکی نوێوە بەپێز و زەنگین بووەتەوە: جوانیی خێرایی. سەیارەی پێشبڕکێ کە ئەگزۆزەکەی بە بۆری گەورەوە ڕازێنراوەتەوە، وەک ئەو مارانەی کە هەناسەیان ئاگرینە ـ سەیارەیەکی هاژەکەر و گرموهوڕ کە چما لەسەر بۆمبای تەڵەزم لێدەخوڕێت ـ جوانترە لە سەرکەوتنی سامۆتیراکێوە [پەیکەرێکی بەناوبانگی یۆنانیی نێو مۆزەخانەی لۆڤەر]… ئێمە جەنگ بەرز ڕادەگرین؛ تاکە پارێزەی تەندروستیی جیهان… ئێمە سروودی جەماوەرێکی گەورە دەڵێینەوە کە لە ڕێی ئیش و چێژ و شۆڕشەوە دەورووژێن، ئێمە سروودی تەوژم و شەپۆلە فرەڕەنگ و فرەدەنگەکانی شۆڕشی نێو کاپیتالیزمی مۆدێرن دەخوێنینەوە.
تەماشا ئەو زمانر توند و مۆدێرنە، چەند ڕەق و تیژ و هاوکات سەختە! نووسەر بەردەوام بەم زمانە وەفادار دەمێنێتەوە، نموونەی دەقگوازتنەوە و هەڵگۆزینەکانی، پشتڕاستکەرەوەی ئایدیاکانی جەخت دەکەنەوە بەردەوام ئەم ئەوان و ئەوان ئەم دەسەلمێنن. ئەمەیە میتۆدی ئەم کتێبە.
کتێبەکە وێڕای پێشەکییەکی گرنگ: “وەڵامی پرسیاری مۆدێرنیزم چییە؟” و هەندێ پرسی وەک “دەستەواژەکان، مۆدێرن، مۆدێرنیزم، مۆدێرنیتێ” و باسی “سەردەمەکان، ژانرەکان، مۆدێلەکان”، لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە. بەشی یەکەم لەژێر ناوی “ڕاڤە و گۆڕان” تێیدا شەش فەیلەسووف و بیرمەند وەک نموونە وەرگیراون: مارکس، داروین، فرۆید، نیچە، سۆسۆر و ئەنیشتاین. بەشی دووەم لەژێر ناوی ” ژانرەکان، هونەر و فیلم”دا دانراوە و ئەم بەشانەی لەخۆ گرتووە: ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، شانۆ، بزاوتە هونەرییەکان؛ ئەمپرسیۆنیزم و دوای ئەمپرسیۆنیزم، دواتر کوبیزم، پاشان فۆتۆریزم، ئەکسپرسیۆنیزم، سوریالیزم، فیلم. بەشی سێیەم لەژێر ناوی “دەق، پاشخان، ناواخن”دا دانراوە و تێیدا چەندان نووسەر و بەرهەم و دەق بەسەر کراوەتەوە، کە تێیدا بە خەستی لە بەرهەم نووسراوی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەدا چەمکی مۆدێرنیزم خۆیا و گەشەی کردووە.
مۆدێرنیزم لە دیدی نووسەرەوە ئاوا بەرباس دراوە: هونەری مۆدێرنیستی، بە واتای تەکنیکیتری وشە، ئەو هونەرەیە کە هەرۆڵد ڕۆزەنبێرگ بە هونەری “شێواز و ڕێبازی نوێ”ی ناونووس دەکرد. ئەم هونەرە تاقیگەرە، لە ڕووی فۆرمەوە، پێچەڵ و ئاڵۆزکاوە، کورت و پوختە، وێڕای توخمەکانی داهێنان، توخمە دژەداهێنانەکانیشی تێدایە، زۆر جاریش چەند وێنایەک لەمەڕ ڕزگاربوونی هونەرمەند لە ڕیالیزم، ماتریالیزم، ژانر و فۆرمی باو، هەروەها چەند وێنایەک لە کارەسات و کۆستە کولتوورییەکانی تێدا دەبینرێت… دەتوانین مشتومڕی لەسەر بکەین کە کەینێ دەستی پێ کرد (سیمبووڵیزمی فەرەنسی، داهێزانگەری، هەرەسی ناتۆرالیزم)، هەروەها ئاخۆ بەسەرچووە یان هێشتا بەردەوامە (فرانک کرمۆد “مۆدێرنیزمی کۆنین” لە “مۆدێرنیزمی نوێ جیا دەکاتەوە، بەم پێیەش تا ڕادەیەک بۆ مۆدێرنیزم تا هونەری دوای جەنگی [دووەمی جیهانی] بەردەوامی دادەنێت). دەکرێت مۆدێرنیزم بە چەمکێکی پابەست بە کات (بۆ نموونە ١٨٩٠ تاکو ١٩٣٠) دیاری بکەین، یاخود چەمکێکی سەربەخۆ لە کات (کە لارەنس ستێرن، جۆن دان، فرانسوا ڤیلۆن و پیەر دی ڕۆنساردیش بگرێتەوە). بەڵام جەخت و سەرنجی سەرەکی لەسەر هەندێک لە نووسەرانە (هێنری جەیمز، جۆزێف کۆنراد، مارسێل پرۆست، تۆماس مان، ئەندریە ژید، فرانز کافکا، ئیتالۆ سڤیڤۆ، جەیمز جۆیز، ڕۆبەرت مۆزیل و ولیەم فاکنەر لە چیرۆکدا. ئەگۆست سترنبێرگ، لویجی پیەر ئەندیلۆ، فرانک وەدکیند و بەرتۆڵد برێشت لە شانۆدا، ستیفان مالارمێ، دەبلیو بی ییتس، تی ئێس ئەلیۆت، ئەرزا پاوند، ڕاینە ماریا ڕیلکێ، گیۆم ئاپۆلینەر و والاس ستیڤەنسۆن لە شیعردا)، کە بەرهەم و ئاسەوارەکانیان لە ڕووی ستاتیکییەوە ڕادیکاڵ و ڕیشەیین، داهێنان و تازەگەری تەکنیکیانەی سەرسووڕهێنیان تێدایە، پێچەوانەی فۆرمی ڕۆژژمێرییانە، جەخت لەسەر ڕەهەندی شوێنمەندانە، یان “دەورەگیراو” دەکرێتەوە، ئیتمایان بۆ نەمەتە کیناییەکان هەیە و هاوشانن لەگەڵ جۆرە “داماڵینێکی هیومانیتە لە هونەردا.
لەم کتێبەدا، کە سەرەتایەکی بایەخدار لەسەر بزاوتە مۆدێرنیزمەکان پێشکەش دەکات، تێیدا تێکستە جەوهەرییە مۆدێرنیستەکان شرۆڤە و شیکار دەکات، نووسەر بە ڕیشە و بنجوبناوانی تێکستەکاندا ڕۆ دەچێت و لێیانەوە ئەو ویستە بۆ نوێخوازی کەشف و دەدۆزیتەوە، کە ئاوی ئایدیاکانی دەدەن، تاوتووێی ئەو بزاوتە نوێگەرانە دەکات کە ڕۆڵیان هەبووە لە چەسپاندنی مۆدێرنیزمدا، هاوکات دەکەوێتە شرۆڤەی چەندان لقی جۆراوجۆری دی، وەک جێندەر، نەژاد، سەرمایە و… نووسەر بە شێوەیەکی گشتی دەیەوێت ئەو ڕووبەرەی مۆدێرنیزم تێیدا گەشە و نەشەی کردووە، هاوکات خودی ئەو ململانێیانەی مۆدێرنیزم لە هەناوی خۆیدا هەڵی گرتوون، سەبارەت بە ستایل و قوتابخانەکانی پێشوو، یان ئەو ستایل و قوتابخانانەی لەو سەروەختەدا هەبوون، بنوێنێتەوە. ئێمە لە گوزەری خوێندنەوەی ئەم کتیبەوە بە وردی دەبینە بینەر و شایەتحاڵی مۆدێرنیزم و تەنگەژەکانی، هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوە و دەرچوون لە قاوغی باو، هێنانی فۆرمی نوێ و جێلەقکردن بە هەرچی ئەوەی سەر بە کلاسیک و ڕیالیزمە، دژوەستانەوە بەرانبەر بە نەریت و کولتووری سواو و پواو، جێخستنی زمانێک کە بتوانێت دەلالەتەکانی دنیای نوێ بە هەموو دەرکەوتە تازەکانییەوە جێ بکاتەوە، لە سیما سەرەکییەکانی مۆدێرنیزمە. بزوتنەوەی مۆدێرنیستییانەی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست، بە کردەوە شۆڕشێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بوو کە بایەخێکی حاشاهەڵنەگری هەیە، لەبەر ئەوەی بە دەربڕینێک، سەرەتای ئەم بزاوتە کۆتایی ڕیالیزم و کۆتاییەکەشی سەرەتای پۆست مۆدێرنیزم بوو.
کتێبی “مۆدێرنیزم” دەتوانێت بیرخەرەوەی یەکێک لە باشترین کتێبەکان بێت کە بەر لەم کتیبە نووسراون و تەنانەت لەم کتێبەدا، نووسەرەکەی وەک سەرچاوە بۆ ئەو کتیبە دەگەڕێتەوە، ئەویش کتێبی “ئەزموونی مۆدێرنیتێ”ی نووسەری ئەمریکی مارشاڵ بێرمەنە، خۆشبەختانە ئەم کتیبە چەند ساڵ لەمەوبەر لە لایەن مەنسوور تەیفوورییەوە کراوە بە کوردی. “ئەزموونی مۆدێرنیتێ” یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە بە عەشقێکی بە تین و تاوەوە دەربارەی چەند وێستگەی گرنگی مۆدێرنیزم دەدوێت، نووسەری کتێبی “مۆدێرنیزم” بە شێوەیەکی پەنهان و لە ڕووی مەنهەجییەتەوە، کەوتووەە ژێر کاریگەری “ئەزموونی مۆدێرنیتێ”، بەڵام نەک بەو واتایەی پیتەر چایڵدز ئایدیاکانی مارشاڵ بێرمەنی دووبارە کردبێتەوە، بەڵکو ئەم لە گۆشەنیگای خۆیەوە بۆ بەشێک لەو دەق و تێکستانە گەڕاوەتەوە کە جێسەرنجی بێرمەنی بیرمەند بوون. بێ ئەوەی هیچ پێشنیار یان دەستوورێکی لەو شێوەیە کرابێت، بەڵام خوێندنەوەی بەرەودوای ئەم دوو کتێبە پێکەوە، دەتوانێت کۆمەکێکی بەرفراوان بە خوێنەران ببەخشێت، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی هەڵوەدای ڕەوتی مۆدێرنیزمن لە ئەدەب و هونەردا.
پرسێکی گرنگ لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا سەرەتاتکێ لەگەڵ ئێمە دەکات، ئەویش پرسی مۆدێرنیزمە لە ئەدەب و هونەری کوردیدا، بە داخەوە تاکو ئێستا توێژەرانی کورد وەک پێویست ئاوڕیان لە سەرەتاکانی مۆدێرنیزم لە ئەدەب و هونەری کوردیدا نەداوەتەوە، بێگومان ئێمە وەک ڕەوتی مێژوویی، ناتوانین بڵێین سەرجەم ئەو قۆناغ و وێستگانەمان بڕیوە کە ئەدەبی ئەورووپی بڕیویەتی و گەیشتووەتە مۆدێرنیزم، بەڵام دەتوانین بە خوێندنەوەی مێژووی ئەدەب و هونەری خۆمان کۆمەڵێک وێستگە و خاڵ دابنێین کە لێیەوە هەندێ قوتابخانەی ئەدەبی و هونەری دەستنیشان بکەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە کورد خاوەنی ئەدەب و هونەری خۆیەتی، بەڵام ڕۆڵی ڕەخنەیەک کە بتوانێت دەستنیشانی سەرەتاکانی مۆدێرنیزم لە ئەدەب و هونەری کوردیدا بکات، کز و لاوازە، ئەم کتێبە دەتوانێت سەرەتایەک بۆ چەسپاندنی ئەو مێژووە دیاری بکات، ئەویش لەبەر ڕۆشنای ئەو ئایدیا و بیرۆکانەی ئەم کتیبە هەڵی گرتووە، واتە مەنهەجییەتی کتێبە ڕێنوێن و بەرچاوڕوونییەکی ناوازەیە بۆ هەنگاوهەڵگرتن لە وەها بوارێکدا. دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت کە هیچ ڕەوت و ڕێباز و قوتابخانەیەک وەک یەک و بە هەمان شێواز و تەکنیک و فۆرم لە دوو وڵات دووبارە نابێتەوە، بەڵکو بەپێی ئەو کەش و نەریتەی کە وڵاتێک هەیەتی ڕەوت و قوتابخانە ئەدەبی و هونەرییەکانیش دەگۆڕدرێن، بۆ وێنە: گەشەی چیرۆک لە ئەدەبی کوردیدا زۆر جیاوازە لە گەشەی چیرۆک لە ئەدەبی ئینگلیزییدا، هەر لە دەستپێکەوە ئێمە دەزانین کورد داهێنەری چیرۆکی هونەری بە مانا مۆدێرنەکەی نییە، واتە ژانری چیرۆک زادە و بەرهەمی ئەورووپایە و دواتر بە تەواوی دنیادا بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەبەر ئەوەی چیرۆک داهێنراوی ئەورووپا بێت ئیدی وڵاتانی تر نەتوانن داهێنانی تری پێ زیاد بکەن، بە پێچەوانەوە، ئێمە دەبینین چ لە ئەدەبیاتی وڵاتانی تر و چ لە ئەدەبیاتی ئاسیاییش، گەشە و نەشەی چیرۆک گەیشتووەتە چ ئاست و پێگەیەک. ئەمە بۆ چیرۆکی کوردییش هەر دروستە. کتێبی “مۆدێرنیزم” لە ڕووی نەخشەکێشانی بۆ ئەدەبی مۆدێرنی ئەورووپی، دەتوانێت نەخشەکێشیش بێت بۆ ئەدەبی مۆدێرنی هەر نەتەوە و وڵاتێکی تر، بەو مەرجەی کە ڕەچاوی دۆخە کولتووری و شارستانیەتەکەی ئەو وڵات و گەلە بکرێت.
لە کۆتاییدا پێمان باشە ڕوانینێکی تری نووسەری کتێبی “مۆدێرنیزم” بۆ چەمکی مۆدێرن بخەینە ڕوو، کە لێرەدا ئەم چەمکە دەرگیری ژانرەکان دەکات و بەم جۆرە دیدگاکەی پێشکەش دەکات:
دەرکەوتەکانی مۆدێرنیزم لە ژانر و فۆرمە هەمەجۆرە هونەرییەکاندا، ڕەهەندی نێونەتەوەییان هەیە. بۆ وێنە، دەشێت بزانین شیعری فەڕەنسا و شانۆی ئەسکەندەناڤیا، چ جێکەوت و کاریگەرییەکیان لەسەر نووسینی سەدەی بیستی بەریتانیا داناوە. چەشنی کەپیتالیزم، هونەریش بەرەو بەنێونەتەوەییبوون دەڕۆیشت، لە زۆر ڕەهەند لایەنەوە نووسەرانی بەریتانیا وردە وردە باوەشیان بۆ بزاوتی مۆدێرنیستی کردەوە کە لە خودی ئەورووپادا زووتر جێگیر بووبوو. لە هونەردا، سەرەڕای هەوڵەکانی جاکوب ئەپستین، تی ئێس ئەلیۆت، ئەدیت سیتۆێڵ، ئەزرا پاوند، ویندم لویز و دی ئێج لارەنس، مۆدێرنیزم هێشتا تا دوای جەنگ، بە توانا و بە هێزەوە، نەچووبووە نێو بەریتانیاوە. بەڵام ئامادەگیی بەهێز و خورتی مۆدێرنیزم لە هەموو ئەورووپادا هەست پێ دەکرا، وەک چۆنیش زۆرێک لە ڕەخنەگران سەرنجیان داوەتێ، ژمارەیەکی زۆری پێشەنگی نووسینی مۆدێرنیستی بە زمانی ئینگلیزی، بە ڕەچەڵەک بەریتانی نەبوون: ئەزرا پاوند، جۆزێف کۆنراد، تی ئێس ئەلیوت، هێنری جەیمز، دەبلیو بی ییتس و جەیمز جۆیز.