دەستنووسەکان ناسووتێن
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (دەستنووسەکان ناسووتێن) ئەم کتێبە بریتییە لە یاداشت و نامەکانی میخایل بۆلگاکۆف (جی. ئەی، ئی، کرتیس) نووسیویەتی و لە لایەن بێهزاد کوردستانی، بە شیوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
گرنگیی ئەم کتێبە بۆ نووسەری کورد لەوەدایە کە ئاشنامان دەکات بە دنیای نووسین و فکر و دونیابینیی گەورە نووسەری ڕووس (بۆلگاکۆف) کە لە ناو سانسۆر و ئازار و سنووردارکردنی نووسین و چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکاندا، باڵای داهێنانی پتر بڵند دەبێت، بۆ خوێنەریش گرنگییەکەی لەوەدایە قۆناغێکی مێژوویی دەناسێت کە نووسەران و ڕۆشنبیران، بە تایبەت ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی پێچەوانەی ئاڕاستەی دەسەڵات نووسیویانە، یان بیریان کردووەتەوە، دۆخی بەشێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشبیریی ئەوێ ڕۆژگاری ڕووسیامان پیشان دەدات، کە چۆن دەسەڵات لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو بیر و داهێنانەکانی نووسەران و هونەرمەندان بخاتە نێو چوارچێوەی بیر و باوەڕ و ئایدۆلۆژیای گشتیی خۆیەوە، بێگومان ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا دەمێننەوە، بە نەفرەت دەکرێت و ژیان و سنووری چالاکی و داهێنانیان بەرتەسک دەکرێتەوە، لە ڕاستیدا میخایل بۆلگاکۆف، یەکێک بووە لەو نووسەر و ڕۆشبیرانەی بە دڵی دەسەڵاتی ئەوێ ڕۆژگاری نەنووسیوە و ڕای جیاوازی لەمەڕ پرس و کێشەکان هەبووە، بۆیە بێ شک و گومان، بەر نەفرەتی دەسەڵات دەکەوێت و دوور دەخرێتەوە لە کایە و نێوەندە ڕۆشنبیرییەکانی سۆڤیەت، بێگومان ئەم نووسەرە تەنها نموونەیەکە، دەنا دنیایەک نووسەر و ڕۆشنبیری دیکەش هەبوون کە هەمان چارەنووسیان هەبووە، بەو تاوانەی لە دەرەوەی بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدا بوون.
چەوساندنەوەی ئەم نووسەر و ڕۆشنبیرە دیارەی ڕووسیا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە گەیشتووە بە ئاستێک کە تەنانەت ڕێگەی سەفەر و گەشتیشیان لێ گرتووە، ئەوەتا وەک هاوڕێی کۆچکردوومان کاک (سامی هادی) شاعیر لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا، کە هەر بە دڵسۆزی و خەمخۆریی خۆی هانی وەرگێڕانی داوە، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە کاتێ بۆلگاکۆف ویستوویەتی لە ڕێگەی دەسەڵاتی سۆڤیەتەوە فیزەی فەڕەنسای بۆ دابین بکەن، بۆ ئەوەی سەردانی براکەی بکات، هەموو کاتێ دەستی دەستیی پێ کراوە، بۆیە ئەم خەونەشی نەهاتە دی، چونکە ڕێگەیان پێ نەدا ئەم سەفەرە بکات، تاکو کۆچی دوایی کرد، کە هەمیشە خەونی گەورەی سەفەر بووە، یاخود بڵێین یەکێک لە خولیا و خەونە گەورەکانی سەفەر کردن بووە بۆ دەرەوەی وڵات و ویستوویەتی وەک نووسەر و داهێنەرێک، ئەزموونی هەنەری شانۆ و ئەدەبیی ئەم وڵاتانە بەسەر بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت، وەک ڕقێکی گەورە، کە بولگاکۆف، بە بەردەوامییش دڵنیای کردوونەتەوە بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بەڵام ئەم خەونەیان هێندە ئازاری دا، تا بەو داخەوە سەری نایەوە.
وەک لە کتێبەکەدا دیارە، نامەکان و ڕۆژانە تۆمارەکانی ژیانی بۆلگاکۆف، هێندە ئازاربەخشن، لە خودی دووتوێی ئەم نامە و ڕۆژانەنووسینانەدا، هەست دەکەیت نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی دەرەوەی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەکانی (ژدانوفیەت)لە ناو چ ترس و بیم و ئازارێکدا ژیانیان گوزەراندووە، بەڵام ئەمانیش بەردەوام لە هەوڵ و داهێنانی خۆیان نەکەوتوون.
لە 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1921دا نامەیەكی درێژ و چەند لاپەڕەیی لە مۆسكۆوە دەنێرێت بۆ دایكی لە (كیێف) لەو نامەیەدا باسی بارودۆخی تەندروستی و دەروونیی خۆی دەكات، سەبارەت بە هەوڵەكانی لە بواری نووسین، لە بەشێكی نامەكەدا دەنووسێت: (تۆ دەبێت بزانیت كە من خەریكم چ ئازارێك لە پێناوی بوونە نووسەر دەكێشم. دەتوانیت وا بیر بكەیتەوە كە گەیشتوومەتە مەبەستەكەی خۆم. ژیانبردنەسەر بە جۆرێكی دیكە مومكین نییە، زۆر سادە مرۆڤ لەناو دەچێت، ڕاستییەكەی ئەوەیە حەز ناكەم یەكێك لەو كەسانە بم كە لەناو دەچن، بۆیە ئەمانەت بۆ باس دەكەم تا بۆت ڕوون بكەمەوە كە من لە چ بارودۆخێكدا دەبێت بگەمە ئامانجە سەرەكییەكەم. داهاتووش ڕوونی دەكاتەوە كە لە ڕێی گەیشتن بەم ئامانجە سەركەوتوو دەبم یان نا؟)
لە یاداشتی ڕۆژانەشیدا چەندین ڕووداوی ورد و فەرامۆشكراوی سەرنجڕاكێش دەنووسێت. ئەمە جگە لەوەی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە فەرامۆشكردنی لە لایەن شانۆی سۆڤیەتییەوە دەنووسێتەوە. هەمیشە بۆلگاكۆف دەیگوت: “شانۆی سۆڤیەت چەند پێویستی بە هەناسەدانە بۆ ژیان، هێندەی ئەوەش پێویستی بە منە، بەس نازانم بۆ هێندە فەرامۆشم دەكات”. لە نامەیەكیشدا بۆ بەڕێوەبەرانی شانۆی هونەریی مۆسكۆ، داوایان لێ دەكات وەك دەرهێنەر یان وەك یاریدەدەری دەرهێنەر، وەك كۆمبارس و هەر نا وەكو پاككەرەوەی هۆڵی شانۆكە دەرفەتی كاركردنی بدەنێ.
هەر لەم كتێبەدا یاداشتەكانی رۆژانەی (یێلینیا سێرگییۆنا)ی هاوسەری (بۆلگاكۆف) بڵاوكراوەتەوە. یاداشتی ڕۆژانەی یێلینیا، شتی ڕۆژانە و هەندێ ڕووداوی سادە و ساكاری خۆی و (بۆلگاكۆف)ی هاوسەری لەخۆ گرتووە.
رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 1935 دەنووسێت: (ئەمڕۆ چ سەهۆڵبەندانێكی سەیرە. پلەی گەرمی 32 پلە ژێری سفرە. لەگەڵ میخائیل ڕۆیشتم بۆ شانۆ. پانتۆڵی خلیسكێنەی سەر بەفرم لەبەر كردبوو كە بووە هۆی ڕاكێشانی سەرنجی چەند ئەكتەرێك.)
دوای چەند ڕۆژێكی دیكە و لە یاداشتێكی كورتی ڕۆژی 10ی شوباتی 1935دا دەنووسێت: (سەركەوتن. ئەمڕۆ میخائیل بۆلگاكۆف هەر خۆی بە تەنیا ڕۆیشت بۆ شانۆ). ڕۆژێكی تریش دەنووسێت: “ئەمڕۆ میخائیل بە خەمۆكی و نیگەرانی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە”. لە دوا یاداشتەكانی تەمەنی بۆلگاكۆفیشدا دەنووسێت “سەرما 24 پلە ژێر سفرە. وا بزانم تەندروستیی بۆلگاكۆف بەرەو باشتر دەڕوات”. لە نامەكانی ڕۆژانی كۆتایی تەمەنی بۆلگاكۆف و ساتی نەخۆشكەوتن و نزیكبوونەوەی لە مەرگ، ڕۆژی 10ی ئاداری 1940 یێلینیا، تەنها ئەم نیوەدێڕە دەنووسێت: “بۆلگاكۆف مرد”.
دواتر نیكۆلای برای بۆلگاكۆفیش لە پاریس لە مردنی براكەی ئاگادار دەكاتەوە و بە نامەیەكی درێژ باسی چركەساتەكانی ژیانی میخائیل بۆلگاكۆف دەكات لەگەڵ نەخۆشییەكەی و چۆنیەتی مردنەكەی، ئەم نامەیە كۆتایی ژیانی ئەو نووسەرە و كۆتایی كتێبەكەشە: “بۆلگاكۆف لە تاریكیدا بە دەستەكانی بە دوای شتێكدا دەگەڕێت و دەستی كرد بە هەناسەبڕكێ. لەناكاو تەواو چاوەكانی كردنەوە و ئاخێكی هەڵكێشا. سەرسامی و واقوڕماوی لەنێو چاوانیدا بوو. هاوكات ڕووناكییەكی سەیر و نائاسایی لەنێو چاوانیدا بوو، ئیتر مرد. ئەو ڕووداوە، هەروەك لە یاداشتەكانی ڕۆژانەمدا نووسیومە، سەعات 16:39 خولەك ڕووی دا. تەواو بۆلگاكۆف مرد”.
میخائیل بۆلگاکۆڤ، ناوی تەواوی (میخائیل ئەڤانیسیڤتس بۆلڤاکۆڤ ١٨٩١ لە کیێڤ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٤٠ لە مۆسکۆی پایتەخت کۆچی دوایی دەکات. چیرۆکنووس و شانۆنووس بووە و وەکو پزیشک کاری کردووە. منداڵی و گەنجێتیی لە شاری کیێڤ بەسەر بردووە. ساڵی ١٩٠٩ چۆتە زانکۆی کیێڤ و لە بەشی پزیشکی وەرگیراوە و ساڵی ١٩١٦ تەخەڕوجی کردووە و بڕوانامەی پزیشکی بەدەست ھێناوە. سەرەتا لە نەخۆشخانەکانی سەر بە مانگی سوور کاری کردووە؛ دواتر کراوە بەسەرباز و لە چەند لادێیەک وەکو پزیشک کاری کردووە و کۆمەڵێک چیرۆکی نووسیوە لەژێر ناونیشانی یادگاری پزیشکە گەنجەکە. میخائیل بۆلگاکۆڤ دوای ئەوەی وەکو پزیشک بۆ ماوەیەکی زۆر خزمەتی سەربازیی کردووە، وازی لە پزیشکی ھێناوە و ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ نوسینەوەیبابەتی ئەدەبی، لە نێوان ساڵی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢١ لەشاری ڤلادی لە بەڕێوەبەرایەتیی ھونەر کاری کردووە و پێنج شانۆگەریی بەرھەم ھێناوە و سیانیان دەرھێنانیان بۆ کراوە و نمایش کراون. دواتر ئەو ساڵانەی کە لەم شارە بەسەری بردوون کردوونی بە چیرۆکێکی دوورودرێژ و لە ساڵی ١٩٢٣ بڵاوی کردووتەوە. میخائیل بۆلگاکۆڤ لە دوای شەڕی ناوخۆوە لە ساڵی ١٩٢٣ لە مۆسکۆ جێگیر بووە و تا کۆتایی ژیانی ھەر لەوێ ماوەتەوە. سەرەتای ژیانی لە مۆسکۆ زۆر سەخت بووە؛ ناچار بووە ھەموو ئیشێک بکات تاکو بژێویی ژیانی خۆی دابین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وردە وردە وتاری بۆ ڕۆژنامەکان نووسیوە تاکو لە ڕۆژنامەی ناکانۆنی گۆشەی ئەدەبیان بۆ تەرخان کردووە و لە ماوەی ساڵی ١٩٢٢ زۆربەی زۆری چیرۆکەکانی لەو گۆشەیەدا بڵاو کردۆتەوە. میخائیل بۆلگاکۆڤ لە دوا ساڵەکانی ژیانی زۆر دڵگران بووە، وا ھەستی کردووە ژیانی ھونەریی سەرکەوتوو نەبووە و بەفیڕۆ چووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بووە لە نووسین و شتی زۆر جوانی لە دوای خۆی بەجێ ھێشووە و لە ١٠ی مارسی ساڵی ١٩٤٠ لە مۆسکۆ ماڵئاواییی لە ژیان کردووە.