منداڵەکانمان چۆن باسمان دەکەن؟

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “ماڵاوا گابۆ و مێرسیدس”

خوێندنەوەی: سەردەم

گابرێل گارسیا مارکیز لە جیهان و دنیای ڕۆشینبیری کوردیشدا لەوە ناسراوترە ئێمە ئەو ئەرکە بکێشین و بیناسێنین، هەر ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسین، لەناو کتێبخانەی کوردیدا، بە وەرگێڕانی جیاواز و لە زمانی جیاوازەوە، گرنگترین کتێبەکانی ئەم نووسەرە لەناو ڕەففەکاندان و لەبەر دەستن. ئەوە جیا لە چەندان وتار ـ بە نووسراو و وەرگێڕاوەوە ـ لەسەر ژیان و بەرهەمی ماکیز نووسراون و بەردەوامیش دەنووسرین و بڵاو دەکرێنەوە. کە وایە ئەمە مایەی خۆشحاڵیمانە کە نووسەرێکی مەزنی لەو چەشنە، هێندە لە لایەن خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کوردەوە ناسراوە. نوێترین کتێب، نەک لە نووسینی خۆی، بەڵکو لە نووسینی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، لە لایەن کوڕەکەیەوە، ڕۆدریگۆ گارسیا، ئێستا لەبەر دەستی ئێمەدایە و هەوڵ دەدەین لەم نووسینە کورتەدا، بە ئێوەی ئازیزی بناسێنین، یان دروستتر ئەوەیە بڵێین بە خوێنەران و عاشقانی گابرێل گارسیا ماکیزی لەناو زمانی کوردیدا ئاشنا بکەین.

ئەم کتێبە جیا لە کتێبەکانی تر، کۆمەڵێک تاییبەتمەندی خۆی هەیە، ئەمەش وا دەکات کە کتێبەکە نەک لە ڕواڵەتدا، بەڵکو لە ناوەرۆکیشدا، جیاواز و جوان و جددی بێت، ئێمە هەوڵ دەدەین بە ئاماژەکردن بۆ هەندێ لەو تایبەتمەندییانە، ئەم کتێبە چکۆلە بناسێنین، کە دڵنیاین بۆ خێنەرانی مارکیز، توحفەیەکی ئەدەبییە.

“ماڵاوا گابۆ و مێرسیدس” لە نووسینی ڕۆدریگۆ گارسیایە و وەرگێڕی بە سەلیقە و پڕکار جەبار سابیر، بە زمانێکی جوان و ئەدەبیی پوخت، لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە درێژەی چالاکییە فەرهەنگییەکانی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥، لە چاپێکی ناوازەدا، لە دووتوێی ١٥٠ لاپەڕەدا، ئەم کتێبەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. کتێبەکە سەرباری ناساندنێکی کورتی نووسەرەکەی، لە پێنج بەش و پاشکۆیەکی وێنەیی پێک هاتووە، بەشەکان بەم جۆرە ڕیزبەندی کراون: “فەسڵی یەکەم، فەسڵی دووەم، فەسڵی سێیەم، فەسڵی چوارەم و فەسڵی پێنجەم”. هەریەک لەم فەسڵانە بە بەشی کورت کورت و بە ژمارە، دابەش کراون، ئەمەش کارێکی کردووە خوێندنەوە و ڕیتمی کتێبەکە خێرا و یەکدەست بێت، واتە لە کاتێکی کەم و بە چێژێکی بەرفرەوە، بتوانین ئەم کتیبە بخوێنینەوە و لەگەڵیشیدا بکەوین بەسەر دنیایەک گێڕانەوەی جوان و زمانێکی سفتوسۆڵ لە چنیندا. بێگومان لێرەدا جێی خۆیەتی ڕۆڵ و ماندووبوونی وەرگێڕ لە یاد نەکەین، چ لە پێگەی هەڵبژاردنەوە، چ لە پێگەی وەرگێڕانەوە. بۆ یەکەمیان، دەتوانین بڵێین جەبار سابیر بە پشوودرێژییەکی ماندوونەناسانەوە، ساڵانێکە خەریکە کاری وەرگێڕان دەکات، لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا، دەیان کتێبی جوان و ناوازەی کردوون بە کوردی و لە زۆریاندان ناوی نوێی دنیای ئەدەبیاتن، هەڵبژرادنی ئەو کتێبانە بۆ کتێبخانەی کوردی، لە باشترین حاڵەتدا ئاگایی وەرگێڕ دەردەخەن، ئاگاییەک کە دەیسەلمێنێت لە دەرەوەی ناوە گەورەکان، ناوی گرنگی تریش هەن لە دنیادا، کە کەمتر وەرگێڕی کورد دەیانبینێتەوە، بۆیە لەم پێگەدا دەبێت سوپاسی ئەم وەرگێڕە ئازیزە بکەین. سەبارەت بە کاری وەرگێڕانیش، دەتوانین بڵێین جەبار سابیر لەو وەرگێڕانەیە کە کتێبێک بۆ کتێبێکی تر هەست دەکەی ڕەوانتر و زوڵاڵتر کارەکەی پێشکەش دەکات، ئەمەش جێی دڵخۆشییە کە وەرگێڕێک هەیە لەگەڵ پڕکارییەکەیدا، هاوکات بە خەمی زمان و وەرگێڕان و شێوازی نووسەرەوەیە، هیوادارین ئەم وەرگێڕە لە کاروانی وەرگێڕان بەردەوام بێت و لە پێشکەشکردنی ئەو کتێبانەی کە کەمتر چاویان کەوتووەتە سەر، وەربگێڕێت و بیانخاتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە.

سەبارەت بە نووسەری ئەم کتێبە، ڕۆدریگۆ گارسیا، ئەم چەند دێڕە لە سەرەتای کتێبەکەدا دانراوە: ڕۆدریگۆ گارسیا لە کۆڵۆمبیا لەدایک بووە و لە مەکسیکۆ سیتی گەورە بووە. ئەو فێرخوازی زانکۆی هارڤادە. گارسیا دەرهێنەر و نووسەری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانی “شەش پێ لەژێر زەوی”، “ماڵباتی سوپرانۆ” و “عەشقی گەورە” لە کارنامەکەیدا هەیە، کە بۆ ئەمەی کۆتاییان بووەتە بەربژێری خەڵاتی ئیمی. “نۆ ژیان”، “ئالبێرت نۆبز” و “چوار ڕۆژی خۆش” لە فیلمە گرنگەکانی ئەون. لە ئێستادا گارسیا و خێزانەکەی لە لۆس ئەنجلۆس دەژین.

کاتێک دەست بە خوێندنەوەی کتێبەکەدا دەکەین، یەکەم شت کە دێتە ڕێمان پاراگرافێکە، ئەمە دەبێتە شێواز و تایبەتمەندییەک بۆ فەسڵەکانی تریش، ئەویش هەرجارە دانانی پاراگرافێکە لە یەکێک لە ڕۆمانەکانی گابرێل گارسیا مارکیزەوە. با یەکەم پاراگراف پێکەوە بخوێنینەوە:

“ئەوسا بە بیرکردنەوە لە سێرک بەرەو داربەڕووەکە ڕۆیشت. هەر وا کە خەریک بوو میزی دەکرد، هەوڵی دا بیر لە سێرک بکاتەوە، بەڵام هیچ یادەوەرییەکی بیر نەکەوتەوە. وەک جووجەڵەیەک سەری ڕۆ بردە نێو شانەکانی و لە هەمان دۆخدا کە نێوچەوانی دابوو بە قەدی داربەڕووەکەوە، بێجووڵە مایەوە. ماڵباتەکەی تا سەعات یانزەی ڕۆژی دواتر نەیاندۆزییەوە؛ واتا تا کاتێک سانتا سۆفیا دیلا پێداد، چووبوو خاشاک لە کونجێکی حەوشەکە بڕێژێ، کۆمەڵێک داڵەکەرخۆرە سەرنجیان ڕاکێشابوو، کە بەرەو زەوی دادەهاتنەوە.

سەد ساڵ تەنیایی”

ئەم پاراگرافە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە “مەرگ” دەدوێ، هەڵبژاردەیەکی ئاگایانەیە کە نووسەر خواستوویەتی، هەمان هەڵبژاردن بۆ بەشەکانی تریش پێرەو دەکات، واتا لەوانی تریشدا، لە پاراگرافەکاندا، “مەرگ” قورسایی هەیە، چونکە کۆی کتێبەکە باسە لە مەرگی دایک و باوک، بە واتایەکی پوختتر: مەرگنامەیە!

بەشی یەکەمی کتێبەکە بە بیرەوەرییەک دەست پێ دەکات، ئەمەش دیسان دەبێتە تایبەتمەندییەکی تری ئەم کتێبەکە، کە دواتر لە کۆی بەشەکاندا، بە جۆری تر خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەر لەوە، پێمان باشە ئەو بەشە پێکەوە بخوێنینەوە:

“کاتێک من و براکەم منداڵ بووین، باوکم ناچاری کردین بەڵێن بدەین شەوی سەری ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ ئەودا بەسەر بەرین. لە هەرزەکاریدا، چەندین جار ئەو پەیمان و بەڵێنەی بیر خستینەوە و پێداگرییەکەی بۆ من شەرمهێن بوو. پێم وابوو ئەو پەیمان و بەڵێنە، ئاماژە بوون بەوەی دەیخواست لەو مێژووەدا لە ژیاندا بین. لەو کاتەدا ئەو دەبووە حەفتاودوو ساڵ. من چل ساڵ و سەدەی بیستەم کۆتایی دەهات. کاتێک من و براکەم گەورەتر بووین، ئەو بەڵێن و پەیمانە بە دەگمەن باسیان دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا، شەوی هەزارەی نوێ لە شاری دڵخوازی باوکم “کارتاخنا”، لە چواردەوری یەکتری کۆبووینەوە. باوکم، ڕەنگە لەو کاتەدا، شەرمندە لە پێداگرییەکانی، بە شەرمەوە پێی گوتم: “من و تۆ بەڵێنێکمان هەبوو.” وەڵامی دایەوە: “ڕاستە.” و ئیتر هەرگیز لەبارەیەوە قسەمان نەکرد. ئەو پانزە ساڵی تر ژیا.”

ئەم یاریکردنە بە یادەوەری و زەمەن، بە شوێن و کات، بەردەوام لە ڕەوتی گێڕانەوەی کتێبەکەدا، شەپۆلان دەدات. نووسەر هەوڵ دەدات لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا (مەبەست ساتەوەختی ڕووداوەکانی کتێبەکەیە)، نەزمێک پێک بهێنێت، پردێک ڕایەڵ بکات، دوێنێ لە ئەمڕۆدا بەرجەستە بکاتەوە، هاوکات ئەمڕۆش دەر بخات کە دۆخەکەی چۆناوچۆنە. هەر بۆیە لە هانابردن بۆ ڕابردوو و دنیای بەرینی یادەوەرییەکان، ئێمە بەردەوام لە بەردەم وێنای خێزانێکی چوار کەسیداین، باوک و دایک و دوو کوڕ، کە چۆن پێکەوە ساڵەکانیان گوزەراندووە و بە خۆشی و ناخۆشییەکانەوە لە تەنیشت یەک ڕاوەستاون و ڕوانیویانە و ئەزموونیان کردووە. ڕەنگە یەکێک لە واتاکانی ئەو بانگێهشتنەی ڕابردوو بۆ ئەو ساتەوەختە ئەمە بێت: ئەگەرچی ژیان بەرەو کۆتایی ملی ناوە و مەرگێکی حەتمی یەخەگیری بنەماڵە و باوک بووە، بەڵام یادەوەرییەکان ژیانن و لەم چرکەساتەشدا دەتوانن مانایەکی زیندوو بدەن و وەک پەرچەکردارێک بوەستنەوە لە بەردەم شاڵاو و هێرشی مەرگدا. ئەمە خاڵێکی گەوهەری کتێبەکەیە و ئەم ململانێیە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت. واتە شەڕی ژیان بە یادەوەری لە بەرانبەر مردندا.

خاڵێکی تر کە بووە بە تایبەتمەندی ئەم کتێبە، بوونی کەشێکی مەرگبارە لە هەر لاپەڕەیەک لە لاپەڕەکاندا، ئەگەرچی بوونی ئەم کەشە مەرگاوییە دۆخێکی دڵتەنگکەر و جاڕزکاری خولقاندووە، بەڵام نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێی وردەکاری ئیستەتیکی گێڕانەوەوە، ئەم ترس لە مەرگە بگۆڕێ بۆ چێژێکی بۆتیقایی، کارێک کە ڕەنگە ڕەنجی مردن و ئازاری لەدەستدان کەمتر بکاتەوە و زەبرەکەی لەسەر ڕۆحمان هێواشتر پێ دابنێ. لە پشت ئەم هونەرە بەرزەی گێڕانەوەوە، تارمایی مارکیز (باوک) وەستاوە، گێڕانەوەکانی ڕۆدریگۆ نزیک بە گێڕانەوەی باوکن لە ڕۆمان و چیرۆکەکانیدا، کاریگەری و شوێندانانی نووسەرێتیی ماکیز لە دێڕ بە دێڕی ئەم کتێبەدا بەرچاو و حاشا هەڵنەگرە.

بێگومان ئەوە نکووڵی لێ نەکراوە کە مارکیز لە ڕووبەرێکی بەرینی جیهانیدا کاریگەردانەرە، چجای بگات بە کاریگەریی لەسەر کوڕەکەی! ڕۆدریگۆ خۆی دەرچووی سینەمایە و بە ڕاوێژ لەگەڵ مارکیزی باوک، چەند کاری کردووە، کە وایە خۆی خاوەنی نیگایەکی هونەرییە، بەڵام کتێبێک بەم خەمگینییە، بەم نەفەسە شاعیرانەیە، میراتێکە ڕاستەوخۆ و بی هیچ نێوەدگیرییەک، لە باوکەوە بۆی ماوەتەوە.

ساتی مردنی مارکیز، قورسترین ساتی ئەم کتێبەیە، چ بۆ نووسەرەکەی کە کوڕی ئەو باوکەیە، چ بۆ ئێمەی خوێنەریش، مردنی مارکیز مردنێک نییە کە لە ماڵبات و خزماندا ڕوو بدا و هەر لەوێشدا کۆتایی بێت، بەڵکو مردنێکە هەموو دنیا شایەتحاڵیەتی و کەسانێکی زۆریش لە چوارقوڕنەی دنیا بەو مەرگە تازییەبار بوون، تەنانەت لە کوردستانیش، کەم نەبوون ئەو نووسینانەی وەک ماتەمین بۆ مەرگی گارسیا ماکیز لە لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤار و سایت و لاپەڕە تایبەتەکانی سۆشیال میدیادا نووسران و بڵاو کرانەوە. لەم کتێبەدا ڕۆدریگۆ بە وردی باس لەو چرکەساتە دەکات کە مارکیز بۆ دوایین جار چاوی لێک دەبێت و “مەرگێکی ئاشکرا” بەبەر چاوی دنیاوە، دەمرێت. هەر لەو ساتەدایە کە وردە وردە هەواڵەکە دزە دەکات و لێشاوی ڕۆژنامەنووسان و پەیامێنران دێنە بەردەگای ماڵ و دەیانەوێ یەکەم کەس بن ئەو هەواڵە بکەن بە مانشێت. هاوکاتی ئەو هەرایە، ئێمە لەگەڵ خەم و نیگەرانی ئەندامانی بنەماڵە: دایک، هەردوو کوڕ و هاوسەرەکانیان، منداڵەکانیان ڕووبەڕوو دەبین. هاوکات هاوڕێیانی مارکیز کە ڕێی دووریان بڕیوە و هاتوون لە مەراسیمەکەدا بەشدار بن. ئەمە کەشێکە بێگومان هەموومان لە لەدەستدانی ئازیزانمان ئەزموونمان کردووە.

بەشی کۆتایی کتێبەکە مەرگی مێرسیسە، واتە دایک، دیسان مەرگێکی پڕ ڕاز و خەمگین، هەروەک ئەوەی مارکیز لە جێیەکی ئەم کتێبەدا دەیڵێت: هەرکەس لە ئێمە سێ ژیانی هەیە، ژیانێکی گشتی، ژیانێکی تایبەتی و ژیانێکی شاراوە.

ئەم کتێبە دەتوانێت کۆمەڵێک گۆشەی زۆر تایبەت لە ژیانی خێزانێک پێشان بدات، هاوکات پێگەی نووسەرێکی گەورەش دەر بخات لە کۆمەڵگەیەکی زیندوودا؛ لە جێیەکدا، ئەو کۆمپانیایەی کە دروستکەری ئەو قەرەوێڵەیە وا مارکیز لەسەری دەمرێت، دێتە سەر هێڵ و قەرەوێڵەکە هەڵدەگرێتەوە، کە بێگومان دەکرێت لە پشت ئەو هەڵگرتنەوە، سەرمایەیەکی ماددی گەورە ڕاست ببێتەوە: قەرەوێڵەیەک کە مارکیز لەسەری دوایین هەناسەی کێشاوە و چاوی لێکناوە!

پاشکۆی ئەم کتێبە، زیادکراوێکی جوان و پڕ لە یادەوەریی بنەماڵەی گابۆیە، کە تێیدا کۆمەڵێک وێنە دانراون، لە قۆناغە جیاوازەکاندا، زۆرینەی وێنەکان مارکیز و مێرسیدسن، لە چەند وێنەشدا هەردوو کوڕەکەیان لە تەکیان ڕاوەستاون، لە تێکڕای وێنەکاندا هەست بە گەرمی خۆشەویستی دەکەیت لە نێوانیان، دڵخۆشن، بزەیان کردووە و یادەوەرییان پێکەوە پێک هێناوە.

مارکیز چیدی لێرە نییە و ساڵانێکە مردووە، بەڵام بەرهەمەکانی نەمرن، چونکە ئەو داهێنەرێکە بۆ هەموو سەردەمەکان.