ناساندنی کتێبی “ڕێگەیەکی نوێ بۆ ژەنینی ڤایۆلین”
موزیک و دنیا بەرینەکەی ڤایۆلین
خوێندنەوەی: سەردەم
سەبارەت بە موزیک لە دنیای ڕۆشنبیری کوردیدا، دەبێت بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە بۆی بڕوانین، ئەویش نەک بە تەنها لە یەک سۆنگەوە، بەڵکو لە کۆمەڵێک لایەن و گۆشەوە، ئەمەش نەک بەوەی کە بڵێین لە سفرەوە دەست بە کاری موزیک کراوە لە هونەری کوردیدا و ئەوەی پێشکەش کراوە هیچە، نەخێر، بەو هۆکارەی کە گوێی موزیکی ئێمە قورس و گرانە، بارگاوییە بە دەنگ و وشە و دەربڕین، لەبری موزیکی خام و بێ پەیڤ، لەبەر ئەوەی زۆر کەم ئێمە بەرهەمهێنەری موزیکمان هەیە، ئەوەی هەیە موزیکە هاوشانی تێکست و دەنگی هونەرمەند. بۆیە لێرەوە ئەو ڕوانگەیە دادەمەزرێت کە ڕەخنە دەتوانێت پڕی بکاتەوە و کاریگەری دابنێت. ڕەخنەش دەبێت بە شوێن ئەو درز و کەلێنانەدا بگەڕێت کە بۆ چی دنیای ئێمە دنیای دەنگ و وشەیە و موزیکی خام زۆر کەم بوونی هەیە؟ ڕوانگە و گۆشەیەکی تر کە ڕەخنەیی هونەری دەبێت ئاڕاستەی بکات، کەمی سەرچاوەی موزیکییە لەبەر دەستی فێرخواز و کەسانێک کە حەزیان بە موزیک و چێژوەگرتن و مەعریفەیە لەسەر ئەو دنیا بەرینە. لێرەوە کاتێک ئێمە دێین و کتێبخانەی کوردی دەپشکنین، دەبینین ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر کەم کتێبی هونەری دەربارەی موزیک دەبینەوە، بە جۆرێک کە لەو ژمارەیەدا ـ بە نووسراو و وەرگێڕاوەوە ـ کە ناتوانێت بەشداریی ئەو کایە مەعریفییە گرنگە بکات کە لەم هونەرەدا هەیە، هونەری موزیک. نیگای ڕەخنەیی هەم بۆ خودی هونەرمەندانی موزیکزانە، هەم بۆ کەسانێک کە ئەکادیمی موزیکیان خوێندووە و دەتوانن دەربارەی ئەو هونەرە بەرزە بنووسن و وانە بڵێنەوە و خول بکەنەوە، هەم کەسانێکیش کە عەشقی موزیکن و توانایەکی فراوانیان هەیە لەوەدا کە لەسەر موزیک بنووسن و وەربگێڕن، کەمی سەرچاوەی کتیبی موزیکی، لە کەمی مەعریفەمانەوە بۆ ئەو هونەرە سەرچاوە دەگرێت، جێی داخە، کە گەلی کورد خاوەنی موزیک و دنیایەک ئاوازی ناوازەیە، موزیکی هێند پشتگوێ خستووە و تا ڕادەی فەرامۆشی، فەرامۆشی کردووە.
کاتێک هەوڵێک لە بواری کتێبدا بۆ موزیک دەدرێ و چاپ دەبێت، دەبێت هەواداران و دڵخوازانی ئەو بوارە، ئەو کتێبە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە، پێشوازی لێ بکەن و بیخوێننەوە و هەوڵ بدەن بە کەسانی تری بناسێنن و ئاشنای بکەن بەوانەی کە خولیا و کەڵکەڵەی ئەو دنیا جوانەیان هەیە. یەکێک لەو کتێبە بە نرخانەی بەم دواییانە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، کتێبێکی وەرگێڕاوە بە ناوی “ڕێگەیەکی نوێ بۆ ژەنینی ڤایۆلین”، ئەم کتێبە بە قەبارە کتێبێکی بچووکە (تەنها ١٣٦ لاپەڕەیە)، بەڵام بە ناوەرۆک دەوڵەمەند و پڕ زانیاری و چێژبەخشە، کتێبەکە لە نووسینی “کەیتۆ هاڤاش”ە و هونەرمەندی موزیکزان “بەختیار حسێن” لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی. کتێبەکە جیا لە “دەربارەی نووسەر” و “پێشەکییەک”، لە هەشت بەش پێکهاتووە بەم ناوانە: “بەشی یەکەم: گەڕان بە دوای بەرهەمهێنانی دەنگدا، بەشی دووەم: چۆنێتیی گرتنی ڤایۆلین، بەشی سێیەم: پۆڵی کەوانەکە، بەشی چوارەم: دروستکردنی تۆن (دەنگسازی)، بەشی پێنجەم: دەنگسازی لە پەیوەندیدا بە گۆڕینی پۆزیشنەکان و دەبڵ ستۆپەکانەوە، بەشی شەشەم: جێبەجێکردنی دەنگسازی لەسەر سپیکانۆ، دێتاشێ، مارتێلێ، لێگاتۆ، ستاکانۆ… هتد، بەشی حەوتەم: شێوازی فێرکردنی بەرهەمهێنانی دەنگ (دەنگسازی)، بەشی هەشتەم: جێبەجێکردنی دەنگسازی بەسەر خوێندنەوەی سکۆر و لەبەرکردنی پارچەیەک و ترس لەسەر شانۆ”.
کتێبەکە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی زۆر پوخت زانیارییەکانی بخاتە ڕوو، ڕاستە لە پلەی یەکەمدا ڕووی لە فێرخوازی ڤایۆلینە، بەڵام پێمان وایە هەر کەس ئەم کتێبە بە دەستەوە بگرێ، جیا لە چەند بەش کە تەواوی زانستی دەبێتەوە، بە تێکڕا لە نیوە پتری کتێبەکە، کەیتۆ هاڤاش هەوڵ دەدات پردێک لە نێوان تێکڕای خوێنەران و عاشقانی موزیکدا دابمەزرێنێت، ئەویش بەوەی کە کۆمەڵێک خاڵ بخاتە بەرچاو، کە وا دەکەن ئێمە زیادتر لە بوارە بەرینەکەی موزیک بگەین، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و هاوئاهەنگ چێژی موزیکمان ببینە سەرەوە، هاوکات تێبگەین کە بەرهەمهێنانی پارچەیەک موزیک و گوێلێگرتنی، کارێکی سەرپێی و هەوەنتە نییە، کارێکە لە هەندێ باردا تاقەتپڕووکێن و زەحمەت، نووسەر بەردەوام بە شێوازێکی پەروەردەیی بابەت و هەنگاوەکانی پێشکەش دەکات، وا دەکات نەک ترس، بەڵکو ئەڤینێکمان تێدا بچێنێت بۆ کایەی موزیک بە گشتی و ئامێرێکی نازداری وەک ڤایۆلین بە تایبەتی.
سەبارەت بە میتۆدی نووسینی ئەم کتێبەی کەیتۆ هاڤاش، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە، بتوانێت کۆمەکێکی زیادترمان لە “ڕێگەیەکی نوێ بۆ ژەنینی ڤایپلین”دا لە بەردەمدا بکاتەوە:
سەبارەت بەم میتۆدەی فێرکردنی ڤایۆلین، نۆوێڵ هەیڵ زنجیرەیەک وتاری لە ڕۆژنامەی ستراددا بڵاو کردەوە و تێیاندا بەڕێز هەیڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە و دەڵێت: من شانازی بەوەوە دەکەم کە شایەتیی ئەوە بدەم ئەم شێوازەی ژەنینی ڤایۆلین بۆ من زۆر نوێیە و باوەڕم وایە شێوازێکی تەواو شۆڕشگێڕانەیە سەبارەت بە تەکنیکەکانی ژەنینی ئەم ئامێرە. میتۆدەکەی هاڤاش شێوازێک لە ژەنین دەخاتە ڕوو کە بۆ من وەڵامێکە بۆ ئەو گرژی و کۆسپ و بێئومێدبوونەی لە بواری ژەنینی ئەم ئامێرەدا بەرەو ڕووی ژەنیارەکان دەبێتەوە و چۆن ئەم گرفتانە بە شێوەیەکی خێرا لە ڕووی تەکنیکییەوە کەم دەبنەوە. بە دڵنیاییشەوە ئەم میتۆدە فێری ئەوەمان دەکات لەجیاتی ئەوەی بیر لە ژەنین بکەینەوە، زیادتر ئەوەمان فێر دەکات کە چۆن چێژ لە ژەنین وەر بگرین…”
لە پێشەکیی کتێبەکەدا، ئەم دێڕانە هاتوون: «ئەوە سەرنجێکی خەمئامێزە لەمەڕ نەزانینیی بەردەوامی مرۆڤ سەبارەت بەو شتانەی کە دەگمەن و ڕەسەنن، هەمیشە ئاشکرا و ڕوونن. خاتوو هاڤاش لە ڕێگە نوێیەکەیدا بۆ ژەنینی ڤایۆلین، ڕەسەن و ناوازەیە، لەبەر ئەوەی ئەو پێداگرە لەسەر ئەوەی کە تەکنیکی ڤایۆلین دەبێت تەنها بۆ جووڵە سەرەکییەکان کورت بکرێنەوە، کە ئەمەش زیادتر شتە گشتییەکان لەخۆ دەگرێت. گومانی تێدا نییە کە خاتوو هاڤاش بە مەبەست قەبارەی کتێبەکەی بچووک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پەیامەکەی سەخت و ئاڵۆز نەبێت و ئاسان جێ بکەوێت.»
ئەگەر بە چەند زانیارییەکی کتێبەکەدا شۆڕ ببینەوە، ئەوا دەتوانین ئەم مروارییانە هەڵگۆزتە بکەین. لە گوزەری خوێندنەوەی کتێبەکەوە تێدەگەین، کە ئەم ئامێرەش وەک بوونەرێک پڕە لە زیندووێتی و هەست! سەروەختی مامەڵەکردن لەگەڵی، پێویستی بە شێوەی تایبەت و نەرمونیای هەیە، بۆ ئەوەی هەستەکانمان ئاوێتەی ئامێرەکە ببن، ئەوا دەبێت بە هەستەوە لەگەڵ خودی ئامێرە بجووڵێینەوە، ئەگەر تۆ دەتەوێ پارچەیەک موزیک بژەنیت، ئەوا دەبێت بە ڕۆحێکی موزیکییەوە دەست بدەیتە ئەم ئامێرە، ئەگەر هەستەکانت توند و گرژ بن، دڵنیابە ئامێرەکە وەڵامت ناداتەوە، یان لە باشترین حاڵەتدا ئەوەی پێی دەژەنیت شتێکی نەشاز و ناقۆڵا دەر دەچێت. بەڵام کاتێک بە هەستێکی قووڵ و ڕۆحێکی ئەڤیندارەوە دەست دەدەینە ئەم ئامێرە، ئەوا ئەویش بە ناسکی و میهرەبانییەوە بەدەم داواکەمانەوە دێت. خاتوو کەیتۆ هاڤاش زۆر پێداگری لەم خاڵە دەکات، زێندووێتیی ئامێرەکە بە پێشمەرجی ئەوەڵ دادەنێت بۆ فێرخواز کە لەبەرچاوی بگرێت، وا دانەنێت کە ئەم ئامێرێکی ساردوسڕە و هەستی نییە، بەڵکو ئەم ئامێرە پڕە لە هەست و بزۆکی، کاتێک دەیخەینە سەرشان و ژێر ملمان، یان ئەو کاتەی لە باوەشمانە، وەک ئازیزێک دەبێت هەست و ڕۆحی بکەین، لێرەدایە ئێمە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەگەڵ ئەم ئامێرەدا دادەنێین، پەیوەندییەک کە دەتوانێت جوانترین موزیک پێشکەش بکات و بیخاتە گوێ و یادەوەریی هەموومانەوە.
خاڵێکی تر لە خاتوو کەیتۆ هاڤاش لە کتێبەکەیدا: “ڕێگەیەکی نوێ بۆ ژەنینی ڤایۆلین” دەیخاتە ڕوو، ئەوەیە، کە ڕۆڵ و گرنگی پەنجەکان دەستنیشان بکات، پەنجە لەسەر ئەم ئامێرە دەرخەری ئەو ڕاستییە دەبێت کە چی دەخاتەوە، نووسەری ئەم کتێبە بە شێوەیەکی زانستی، هەوڵ دەدات جێی شیاو و جووڵەی شیاوی پەنجەکان لەسەر ژێی ڤایۆلین دەستنیشان بکات، پێمان دەڵێت کە چۆن هەر جووڵەیەکی هارمۆنی و هاوئاهەنگی پەنجە دەتوانێت موزیکێکی ئەفسوونئامێز بژەنێت و چۆنیش جووڵەیەکی هەڵە و نەشیاو، پارچە موزیکێکی خراپ و شێواو و ناخۆش لێ بدات.
هاوکات لە ئەزموونی مامۆستایی خۆیەوە، توێژەر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هیچ کات بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە درەنگ نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ تەمەنێکی دیاریکراو نییە کە ببێتە مەرج بۆ ئەوەی فێری ژەنینی ڤایۆلین ببین، ئەو دەڵێت من لە درێژەی ساڵانی مامۆستایمدا، خوێندکارم لە پێنج ساڵی بۆ شەستوپێنج ساڵی هەبووە و هەموویان بە ڕادەی عەشقیان بۆ ئامێرەکە و موزیک، چوونەتە پێشەوە و فێرە ژەنین بوون.
«یەکەمین شتێک کە مامۆستای ڤایۆلین دەبێت هەوڵی بۆ بدات، ئەوەیە کە دەبێت بزانێت هۆکاری سەرەکی چییە ئەم فێرخوازە لەجیاتی هەموو ئامێرە موزیکییەکانی دیکە، تەنها ڤایۆلینی هەڵبژاردووە. هەندێک جار فێرخوازەکە وەڵامی ڕاستەوخۆی بۆ ئەم پرسیارە پێ نییە و زۆر جاریش ئەو خۆی هۆکاری ئەمەی لا نییە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، جێگەی سەرنجە کاتێک پیانۆ یان هەر ئامێرێکی دیکە دەژەنین، وەڵامە ئەوەیە کە حەز و خولیایەک هەیە بۆ موزیک، بەڵام ژەنینی ڤایۆلین پەیوەندیی بە شتێکەوە هەیە تەواو خودییە و زۆر زیادتر پەیوەندیی بە لایەنی سۆزدارییەوە هەیە. لە زۆربەی دۆخەکاندا پێدەچێت پاڵنەری دەروونی بێت بۆ گوزارشتکردن لە خود. بەڵام لەو بڕوایەدام زۆر جار پەیوەندیی بەو حەز و خۆشەویستییە قووڵەوە هەبێت بۆ چۆنێتیی بەرهەمهێنانی دەنگ لەسەر ئەم ئامێرە، ئەمەش خەسڵەتی ڤایۆلینە. دواجار دەتوانین بڵێین ژەنینی ڤایۆلین نزیکترین ئامێرە لە گۆرانیگوتنەوە کە لە ڕاستیدا گۆرانیگوتنیش سەرەتاییترین و خۆڕسکترین پاڵنەری هەموو مرۆڤەکانە. بەڵام چەند لە ئێمە هەیە ئەو جۆرە دەنگەی هەبێت کە ئەم پاڵنەرە تێر بکات؟ لەبەر ئەوە، ئەم پالنەرە دەروونییە بۆ ڤایۆلینەکە و ئەو هەموو ئەگەرە بێسنوورانەی لەم ئامێرەدا بوونیان هەیە، دەگوێزرێتەوە. چەندێک جێگەی داخ و پەژارەیە بۆ ئەوانەی کە پاڵنەرە سروشتییەکانیان لە ڕێگەی کەمتەرخەمی و شێوازی فێرکردنی هەڵەوە خەفە دەکرێت. ئەم گرفتە بوونی نابێت کاتێک فێرخواز زۆر بە کورتی بڵێت: “ئەمە زۆر سەخت بوو بۆ من”، یان “من حەزم لێی نەبوو”. کارەساتەکە ئەو کاتە ڕوو دەدات کە ئەو هەر بەردەوام دەبێت لە ژەنینی ڤایۆلین، چونکە دەکرێت هەندێ شتی کەم کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر ژیانی کەسێک هەبێت زیادتر لە دەربڕینی بێئومێدی.»
چیرۆکی نووسەر، کەیتۆ هاڤاش، لە منداڵییەکی زووەوە ـ پێنج ساڵی ـ لەگەڵ ئامێری ڤایۆلین دەست پێ دەکات، چیرۆکەکەش خۆش و سەرنجڕاکێشە، لە نزیک ماڵیان پیاوێک هەیە کە بەردەوام ڤایۆلین دەژەنێت، ئەم منداڵە ئەو ئامێرە و دەنگەکەی زۆر لا خۆشە، لە دایک و باوکی داوا دەکات، بەڵام ئەوان لەبری ئەو ئامێرە شتی تری بۆ دەکڕن. لە یادی پێنج ساڵەی لەدایکبوونیدا، دایک و باوکی ئەمجارە بڕیار دەدەن ئامێرێکی موزیکی بۆ بکڕن، ئامێرێکی پیانۆی بۆ دەکەنە دیاری، ئەو زۆر ڕقی هەڵدەستێت و ئەو ئامێرە دەشکێنێت. ئەم چیرۆکە ئاوا دەستی پێ کردووە و دواتر هەموو قۆناغ و هەنگاوەکان بەو عەشقەوە بۆ دینای هەراوی موزیک و ئامێرە ئەفسووناوییەکەی ڤایۆلین نراون، ئەم کتێبە لە درێژەی ئەو عەشقە پاکەدا نووسراوە.