بەخێربێن بۆ جیهانی فەلسەفە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (جیهانی سۆفیا) هەوڵێکی مەزنی ئەدەبیی نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی نەرویژی (یۆستاین گاردەر)ە، ئەو لە ڕێی ئەم کتێبەوە بانگێشتمان دەکات بۆ جیهانی فەلسەفە، ئەم کتێبە وامان لێ دەکات نەترسین لە بیرکردنەوە، تێڕامانمان فراوانتر بکەین لە دیاردەکان، ئازایەتیمان دەداتێ پرسیار بکەین لە چییەتی و کێیەتی خۆمان و ئەو دنیایەی تێیدا دەژیین، داخۆ ئێمە لە کوێوە هاتووین و چۆن چۆنی کەوتینە نێو  ئەم دنیایە؟  جیهان چۆن دروست بووە و ئەو گۆڕانکارییانە چۆن بەسەر سروشت و وەرزەکاندا دێن؟ ئەم کتێبە پڕمان دەکات لە ڕیسک و سەرکێشیی گەڕان، بوێری پرسیاری گەورەمان تێدا دەوروژێنێ،  بە زمانێکی سادە، دەرگەمان لەسەر دنیایەک زانیاری بۆ دەکاتەوە سەبارەت بە بوون، ژان و مەرگ، مرۆڤ و  گەردوون. ئەم کتێبە پێمان دەڵێت سەختە بتوانین  لە جیهانێکدا هەڵبکەین بەبێ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە پرسیار لە چۆنێتی دروستبوونی نەکەین، گاردەر، لەم کتێبەدا ئاشنامان دەکات بە کۆمەڵێک چەمک و بابەتی فەلسەفیی پەیوەنددار بە ژیان، گەردوون و مرۆڤەوە، بە وردی، وەک ئەوەی لە کۆرسێکی گەورەدا بین، فەیلەسووفانێکمان پێ دەناسێنێت، کە ڕۆڵیان هەبووە لە شیکردنەوەی دیاردە سروشتی و گەردوونییەکان، هزرمەندانێکی ئاوەزمەند کە چاوی ئینسانیان وا لێ کرد جیاواز دنیا ببینێ و زانستیانە لە شتەکان بکۆڵێتەوە.

 کتێبەکە وەک کۆرسێکی فەلسەفی دێتە بەرچاو، لە ڕێی کۆمەڵێک نامەوە کە بۆ (سۆفیا) دەنێردرێت، نامەکان سۆفیا لە ژیانی ڕۆتینی ڕۆژانە دەردەهێنن و لەپڕێکدا ڕووبەڕووی مەتەڵی گەورەی گەردوونی دەکەنەوە، نامەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕۆژانە دەگەن بە سندوقی نامەکانی ماڵی سۆفیا، یەکەم نامەش کە وەک بۆمبێک لە ناخی سۆفیادا دەتەقێنێتەوە ئەمەیە: فەلسەفە چییە؟

لەم کتێبەدا، خوێنە ڕۆ دەچێتە نێو قووڵایی و پانتایی نهێنییەکانی گەردوون و بە کۆمەڵێ پرس و چەمکی فەلسەفی ئاشنا دەبێت و ئیشتیای تێگەیشتنمان لە فەلسەفە و بابەتە فەلسەفییەکان  زیاتر دەکات: سۆفیا لە قوتابخانە وا فێر کراوە کە خودا گەردوونی دروست کردووە و ڕازییە بەوەی کە خودا گەردوونی خولقاندووە، بەڵام ئەی خودا خۆی چی؟ خۆ خودی خۆی لە هیچی ڕووت نەهێناوەتە بوون، دیسانەوە شتێک لە ناوەوەیدا دەوەستایەوە، هەرچەندە خودا بە دڵنیاییەوە دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ، بەڵام گەر لەپێشدا خودی خۆی نەبووبێت کە شتی پێ بخولقێنێ، ئەوا مەحاڵە بتوانێ خۆی خۆی بهێنێتە بوون.

گاردەر، لە ڕێی گەشتێکی ورد و خێراوە بەنێو مێژووی فەلسەفە، لە سوکرات و ئەریستۆتالیس، لە سەدەکانی ناوەڕاست، ڕینیسانس، لە سپینۆزا، سەدەی ڕۆشنگەری، کانت و هێگڵ، تا مارکس و فرۆید و سەدەی ئێستامان، دیدگای جیاواز و تێڕامانی فەیلەسووفان، کاریگەریی و شیکردنەوەیان بۆ چەمک و دیاردە و بابەتە جیاوازە ئینسانی و گەردوونییەکان، دروستبونی جیهان و ڕەوتی پەرەسەندنەکان، دین و سروشت، جەنگ و قەیران، بە گشتی نهێنییەکانی گەردوونمان، لە تەقینەوە گەورەکەوە، تا فەیلەسووفانی نوێی بونگەرا و ماتریالیستی مارکس و پاشان داروین و فرۆید بۆ باس دەکات، هەموو ئەم باسە فەلسەفیانە بە شێوەی چیرۆک و گێڕانەوەیەکی سادە و چێژبەخش، کە مێردمنداڵان لێی تێبگەن و ئاشنا ببن بە خۆیان و ئەو جیهانە فراوانەی وا تێیدا دەژین.

 ئەم کتێبە لە بەشی کۆتاییدا فەرهەنگێکی بۆ دانراوە کە تێیدا هەم دنیای فەیلەسووفەکان، هەم چەمک و تێز و زاراوە فەلسەفییەکان شی کراونەتەوە، ئەمەش وا لە خوێنەر دەکات، پتر بە دنیای فەیلەسووفەکان و دنیابینییە فەلسەفییەکانیان ئاشنا ببێت، هاوکات دەرگایەکی گەورەمان لێ دەکاتەوە بۆ چوونە نێو دنیا فراوانەکەی فەلسەفە و دەستکردن بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە کاریگەرانەی وا لەم کتێبەدا باس کراون، ئیدی بەم شێوەیە هەموومان لەگەڵ سۆفیای مێردمنداڵدا، لە ڕێی کۆرسێکی فەلسەفییەوە، سەفەرێکی قووڵ و ورد بەنێو ئەندێشە گەورەکاندا دەکەین و لە نهێنییەکانی گەردوون و ئینسانبوونی خۆشمان تێ دەگەین.

بە گشتی چیرۆکەکە سەبارەت بە کچێک نووسراوە بە ناوی (سۆفیا) کە لە تەمەنی پازدە ساڵیدایە و لە نزیک ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا، ھەندێک نامە و کاسێتی ڤیدیۆیی لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی (ئالبێرتۆ نۆکس) بۆ دەچێت، کە تێیاندا ھەندێک پرسیاری سەرنجڕاکێش ئاڕاستەی سۆفیا دەکات، لەوانە: تۆ کێیت؟ جیھان چۆنچۆنی دروست بووە؟ سەرەتا لەم نامانەدا باس لە یۆنانی کۆن، سوکرات، و پرسیارە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ دەکرێت. دوای چەند نامەیەک، سۆفیا و ئالبێرتۆ، یەکتری دەبینن و بەردەوام چاوپێکەتنیان دەبێت و باس لە تیۆرییە فەلسەفییەکانی یۆنانی کۆن، سەدەکانی ناوین، ڕێنسانس، سەردەمی ڕۆشنگەری و سەردەمی ھاوچەرخ دەکەن.

 چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خوێنەری کتێبەکە لەگەڵ مێژووی فەلسەفە ئاشنا دەکات و لە درێژایی کتێبەکەدا ھەندێک ڕووداو سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن.

جیهانی سۆفیا، ساڵی ١٩٩١ بوو بە پڕفرۆشترین کتێب لە نەرویجدا و خەڵاتی ئەدەبیی ئەڵمانی گەنجانی بردەوە، وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوکرایەوە و بوو بە پڕفرۆشترین کتێبی جیھان لەو ساڵەدا. ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر ٥٩ زمان، لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کۆپیی چاپ فرۆشراوە. ئەمە سەرکەوتووترین کتێبی نەرویجییە لە ڕووی بازرگانییەوە لە دەرەوەی نەرویجدا، هاوکات کراوە بە فیلم و یاریی کۆمپیوتەریش.

یۆستاین گاردەر، نووسەر و ڕووناکبیری نەرویجی، ساڵی ١٩٥٢ لە ئۆسلۆ، لە خێزانێکی خوێندەوار لەدایکبووە، ئاستی خوێندەواری و ڕووناکبیریی خێزانەکەی کاریگەرییەکی باشی هەبووە بەسەر گەشەسەندنی حەزە قووڵەکەی گاردەر بۆ خوێندنەوە، نووسین و فێرکردن. باوکی بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە و دایکیشی مامۆستا و نووسەری کتێبی منداڵان بووە، لە قوتابخانەی ئامادەیی کاتیدراڵی ئۆسلۆ خوێندوویەتی، هەروەها زمانی ئەسکەندەناڤی و ئایینزانیشی لە زانکۆی ئۆسلۆ خوێندووە.

پیشەی ئەدەبیی گاردەر، لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی پێ کرد، کارە سەرەتاییەکانی کە بڵاوی کردووەنەتەوە پێکهاتوون لە چەند کتێبێکی فێرکاری سەبارەت بە فەلسەفە و ئایینزانی، لە ساڵی ١٩٨١ کاتێک ماڵی گواستەوە بۆ شاری بێرگن، لەوێ بۆ ماوەی چەند ساڵێک وانەی فەلسەفەی دەگوتەوە بە قۆناغی ئامادەیی. لە ساڵی ١٩٨٦، گاردەر، یەکەمین چیرۆکی خەیاڵیی خۆی بڵاوکردەوە، دوابەدوای ئەوەش دوو کتێبی بۆ منداڵان بڵاو کردەوە، لە هەردوو کتێبەکەدا، گاردەر، جیهانێکی خەیاڵی دروست کردووە بەرامبەر جیهانی ڕاستەقینە، دەرفەتێکی بەخشیوە بە کەسایەتییە سەرەکییەکە  تا بتوانێت بگەڕێت و پرسیار بکات سەبارەت بە بیرۆکە و بەهاکان.
ئەم ڕووناکبیرە نەرویجییە، لە ساڵی ١٩٩٠ بوو بە براوەی خەڵاتی ڕەخنەگرانی ئەدەبیاتی نەرویجی و خەڵاتی ئەدەبیی وەزارەتی کولتوور و کاروباری زانستی بۆ کتێبی (نهێنی یاری کاغەز) کە هاوشێوەی جیهانی سۆفیا، یەکێکە لە کتێبە کاریگەرەکانی ئەم نووسەرە و هەمان وەرگێڕ وەریگێڕاوتە سەر زمانی کوردی.

گاردەر لە دوای کتیبی جیهانی سۆفیا، بە تەواوی ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان کرد و کردی بە پیشەی هەمیشەیی.

کتێبی جیهانی سۆفیا، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، بەهرۆز حەسەن، وەک سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی یۆستاین گاردەر، بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕاستیدا زیادەگۆییە نییە گەر بڵێین کاک بەهرۆز، بە جۆرێک ئەم ڕۆمانەی وەرگێڕاوە، کە خوێنەر لە هەندێک شویندا ڕێک وا هەست دەکات کتێبەکە لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراوە.

ئەم نووسینە، بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە، تۆی خوێنەر بانگێشت دەکات بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە، بۆئەوەی خۆت لە چێژ و جوانیی و گرنگیی ئەم کتێبە بێبەش نەکەیت، زیادەگۆیی نییە گەر بڵێم بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، خوێنەری کورد ئاستی ڕۆشنبیری و پاشخانی مەعریفی زیاتر فروان دەبێت، دونیابینی دەگۆڕێت و ئیدی بە جۆرێکی دی لە خۆی، ژیان و مرۆڤ دەنۆڕیت، هیچ نەبێ تێ دەگات کە: من کێم؟ لە کوێوە هاتووم و ئەم دنیایە وا خەریکە تیێیدا دەژیم، چۆن دروست بووە و… ئیدی دەیان و سەدان پرسیاری تر وەڵام دەدرێنەوە.