ئه‌كادیمیای ئیسپانیا لە یادی یۆسادا کارە بڵاونەکراوەکانی ئاشکرا دەکات
شه‌وقی ئه‌لڕه‌یس
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌كادیمیای ئیسپانی، ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی رابردوو 13ی ته‌موزی 2025، یادی تێپه‌ڕبوونی سێ مانگ به‌سه‌ر كۆچی دوایی نووسه‌ری به‌ناوبانگ و مه‌زن ماریۆ ڤارگاس یۆسا، له زێدی خۆی، له لیمای پایته‌ختی پیرۆ کردەوە كه له ته‌مه‌نی سه‌رو 90 ساڵه‌وه، ماڵئاوایی له ژیان كرد.
ئه‌م دامه‌زراوه گرنگ و ڕه‌سه‌نه كه سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستپێكی سه‌ده‌ی هه‌ژده، له‌م بۆنه‌یه‌دا، ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری دیاری ئیسپانی و ئه‌مریكای لاتینی بانگهێشتكردووه، ئه‌وانه‌ی ئاگاداری به‌رهه‌مه‌كانی ڤارگاس یۆسان، بۆ ئه‌وه‌ی وتار له‌سه‌ر نووسه‌ری براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ و خه‌ڵاتی سێرڤانتێس، بنووسن و سیمینار پێشكه‌ش بكه‌ن كه به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زیاد له 35 زمان وه‌رگێڕدراون. له‌م بۆنه‌یه‌دا، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، هه‌ندێك به‌رهه‌می بڵاونه‌كراوه‌ی نووسه‌ر ئاشكرا بكرێن، یۆسا بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵ، وتاری بۆ ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت نووسیوه.
ئه‌م نووسه‌ره پیرۆییه، ده‌ی گوت له مردن ناترسێت و هه‌رگیز بیری لێ ناكاته‌وه. هه‌مو ئه‌وه‌ی ئاواته‌خوازی بوو، ئه‌وه بوو مردن له‌و كاته‌دا بێت كه ئه‌و خه‌ریكی نووسینه یان سه‌رقاڵی توێژینه‌وه یاخود پرۆژه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی نوێیه. یۆسا ترسی له‌وه بوو چاوی تا ئه‌و ڕاده‌یه كز ببێت كه له خوێندنه‌وه بێ به‌شی بكات، ئه‌ڵبه‌ته خوێندنه‌وه یه‌كه‌م خولیا و حه‌ز ئه‌و بوو. به‌ڵام مه‌رگ هات و ئه‌ویش ده‌یزانی مردن لێی نزیكبووه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه پایزی ڕابردوو، بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ لیما و بچێته‌وه نێو ئامێزی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌و به‌هۆی چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی زریانئاساوه كه برینێكی قووڵی له دڵیدا به‌جێهێشت، له خێزانه‌كه‌ی دوور كه‌وتبووه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مه دوای پێنج ساڵ له نه‌خۆشكه‌وتنی به ده‌ردێك هیچ ده‌رمان و چاره‌سه‌رێكی نه‌بوو. یۆسا باسی نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ كه‌س نه‌كردبوو، ته‌نها بۆ بازنه زۆر ته‌سكه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری نه‌بێت.
سه‌روه‌ختێك ڤارگاس یۆسا یان “دۆن ماریۆ” وه‌ك ئه‌وه‌ی وامان پێ ده‌وت، كۆچی دوایی ده‌كات، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ئاشتببوهوه. ئاخر یۆسا پێشتر به هۆی دوا چیرۆكی خۆشه‌ویستی ژیانی، له‌گه‌ڵ خانمه ئه‌ستێره‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌خمه‌ڵی ئیسپانی و هاوسه‌ری یه‌كه‌می گۆرانیبێژی ناسراو خۆلیۆ ئیگالزیاس، بۆ ماوه‌ی ده ساڵ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا تێكچوو بوو.
به مردنی دواهه‌مین زه‌به‌لاحی ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتین، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه گه‌وره‌كانی جیهانی به‌ده‌ستهێنا، په‌رده به‌سه‌ر قۆناغێكی زێڕیندا دادرایه‌وه، قۆناغێك ئاسمانه‌كه‌ی به چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی مه‌زنی داهێنان ده‌دره‌وشایه‌وه، له نمونه‌ی گارسیل گارسیا ماركیز-ی كۆڵۆمبی و كارلۆس ڤۆنتیس-ی مه‌كسیكی و خۆلیۆ كوارتازاری ئه‌رژه‌نتینی.
یۆسا بۆ دواجار، مۆمی ژیانی له‌و شاره كوژایه‌وه و چاوانی لێكنا؛ كه زۆری خۆشده‌ویست، له هه‌مو ئه‌و شارانه‌ی دیكه خۆشتری ده‌ویست كه تێیدا مابوه‌وه و نیشته‌جێ ببوو، وه‌ك پاریس و به‌رشلۆنه و له‌نده و نیۆیۆرك و مه‌درید. ئه‌مه‌ی دواییان، واته مه‌درید، ببووه نیشتیمانی دووه‌می، چونكه به‌هۆی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی سرڤانتێس و بوونی به ئه‌ندامی ئه‌كادیمیای پاشایه‌تی بۆ زمان، شا خوان كارلۆسی یه‌كه‌م، ڕه‌گه‌زنامه‌ی فه‌خری ئیسپانیای پێبه‌خشی. ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای فه‌ره‌نسی، ده‌رگاكانی بۆ بكاته‌وه، به‌و پێیه‌ی یه‌كه‌م ئه‌دیبه كه له ڕێزی ئه‌دیبه نهمرهكاندا داده‌نرێت، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك كتێب چییه، به زمانی مۆلێر بڵاوكردبێته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه خاتوونی سه‌رۆكی ئه‌كادیمیاكه ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی فلۆبێر، هیچ شتێكی باشتر و قووڵتری نه‌خوێندووه‌ته‌وه، له‌وه‌ی خاوه‌نی ڕۆمانی “شار و سه‌گه‌كان” له‌سه‌ر فلۆبێر نووسیویه‌تی و ساڵی 2010 بووه براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ.
ئه‌و گه‌نجه ماڵئاوایی لێكردین كه تا ته‌مه‌نی هه‌شتا و نۆ ساڵی، به سه‌ره‌ڕۆیی و سه‌ركێشی و بزێوی و قۆزی و خوێنه‌رێكی به هه‌ڵپه مایه‌وه. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌كانی كۆتایی ژیانی، به گه‌ڕان به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا به‌سه‌ر ده‌برد كه له كاتی ئێواراندا، سه‌ردانی ده‌كردن و ئیلهامی زۆرێك له شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كانی، له‌و شوێنانه‌وه وه‌رگرتووه.
ئه‌و گه‌نجه سه‌ركێش و بزێوه، دوای زیاد له نه‌ود ساڵ، ماڵئاوایی لێكردین و له دوای خۆیه‌وه، زیاد له هه‌شتا به‌رهه‌می بۆ به‌جێهێشتووین، له ڕۆمان و ئه‌ده‌بی ژیاننامه و توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی گێڕانه‌وه و سیاسه‌ت. له‌وانه كۆمه‌ڵێك وتار له‌سه‌ر عێراق كه له‌گه‌ڵ كوڕه نۆبه‌ره‌كه‌ی “ئه‌لڤارۆ” سه‌ردانی كردبوو، ئهلڤارۆش نووسه‌ره. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك وتار ده‌رباره‌ی فه‌له‌ستین نووسیوه، یۆسا سه‌ردانی فه‌له‌ستینی كرد و ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر خاكه داگیركراوه‌كه ماوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك وتاری دی له‌سه‌ر لوبنان نووسیوه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانی له‌گه‌ڵ لوبنان هه‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمێكی لوبنانیدا كردبوو.
یۆسا له سه‌ره‌تای لاویه‌تیدا، خه‌ونی به‌وه‌وه بینیوه ببێته “نووسه‌رێكی فه‌ره‌نسی”، له‌وانه‌یه هۆكاری ئه‌وه، سه‌رسامبوونی بێت به ئه‌دیبه فه‌ره‌نسییه‌كانی وه‌ك فلۆبێرو فیكتۆر هۆگۆ و سارته‌ر و ئه‌و پێگه به‌رز و بڵنده‌ی له كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسیدا هه‌یانبوو. یۆسا سه‌باره‌ت به بڕیاری كۆتایی بۆ بوون به نووسه‌ر، باس له‌وه ده‌كات ڕۆژێكیان له یه‌كێك له قاوه‌خانه‌كانی مه‌درید ئه‌و بڕیاره‌ی داوه. یۆسا ساڵی 1958، له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی زه‌ماله‌یه‌ك بۆ خوێندنی ئه‌ده‌بیات له زانكۆ سه‌ره‌كییه‌كی ئیسپانیا، گه‌شتبووه ئه‌و وڵاته. ئیدی ڕۆژانه سه‌ردانی ئه‌و قاوه‌خانه‌یه‌ی كردووه و له‌وێدا یه‌كه‌م ده‌ستنووسی شاكاره نایابه‌كه‌ی “شار و سه‌گه‌كان” ده‌نووسێته‌وه. گابرێل گارسیا ماركیز، هاوڕێ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی یۆسا، ده‌رباره‌ی ئه‌و شاكاره ده‌ڵێت: هیواداربووم من نووسه‌ری ئه‌و ڕۆمانه بوومایه.
له كاتی یه‌كه‌م مانه‌وه‌ی له پاریس، له به‌شی ئیسپانی “ئاژانسی فرانس پرێس”، كاری ڕۆژنامه‌وانی- پیشه پڕ سه‌ریه‌شه‌كه- كردووه، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی یۆنسكۆ، كاری وه‌رگێڕانی وتار و وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌نجامداوه. وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆ بووه هۆی ئه‌وه‌ی له یۆنان و له كۆنگره‌یه‌ك ده‌رباره‌ی لۆكه، بۆ یه‌كه‌مجار خۆلیۆ كۆرتازار ببینێت. دواتر ڕۆمانێك ده‌نووسێت، ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه باس له خانمێكی وه‌رگێڕی ڕاسته‌وخۆ له پیرۆ و سه‌ركێشییه سۆزدارییه‌كانی له پاریس ده‌كات.
یۆسا له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، ئاشنا ده‌بێت به به‌رهه‌مه‌كانی فلۆبێر، لێره‌وه به جۆرێك ڕۆده‌چێته نێو كاره‌كانی و ژیانی، تا وای لێدێت لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌سه‌ر فلۆبێر، ده‌بنه ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر خاوه‌نی ڕۆمانی “مه‌دام بۆڤاری”.
یۆسا له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی سارته‌ردا بوو، له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌ڕۆشت، ئه‌مه ئه‌و كاته بوو كه یوسا، یه‌كێك بوو له لایه‌نگره هه‌ره سه‌رسه‌خته‌كانی شۆڕشی كوبا. به‌ڵام دواتر به شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی و زۆر به تووندی، دژ به فیكری كۆمۆنیزم و بزووتنه‌وه چه‌په‌كان كه زۆرینه‌ی ئه‌دیبه‌كانی ئه‌مریكای لاتین لایه‌نگریان بوون، هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. سه‌روه‌ختێك به‌هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دژ به ڕژێمی كاسترۆ له كوبا و ڕووكردنه فیكری لیبرال، پرسیاری لێده‌كرێت ئایا ئه‌وانه هۆكاری ئه‌و ڕه‌خنه تووندانه بوون كه له لایه‌ن چه‌پی ئه‌مریكای لاتینه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كرا؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه”.
ساڵی 1971 له ئیسپانیا و له زانكۆی مه‌درید، تێزی دكتۆراكه‌ی ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی گابرێل گارسیا ماركیز ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وه شیكردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ بوو بۆ هه‌مو ئه‌و كارانه‌ی ماركیز تا بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانی “سه‌د ساڵ له ته‌نهایی” به‌رهه‌میهێنابوو. تێزه‌كه بووه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له نووسه‌ره كۆڵۆمبییه‌كه. به‌ڵام دوای ئه‌و ناكۆییهكهی به‌هۆی “ڕووداوێكی سۆزدارییه‌وه” ده‌كه‌وێته نێوانیان و هه‌ردووكیان هه‌میشه ڕازی نه‌بوون قسه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه بكه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان تێكده‌چێت. دواتر له ساڵی 1976 یۆسا له وته‌یه‌كی به‌ناوبانگدا دژ به ماركیز، وا ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان به ته‌واوه‌تی تێكبچێت و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ هاوڕێیه‌تی نێوانیان نامێنێت. یۆسا له‌و كاته‌دا ڕازی نه‌بوو كتێبه‌كه‌ی- تێزی دكتۆراكه‌ی- له‌سه‌ر ماركیز چاپبكرێتهوه. به‌ڵام له ساڵی 2006 له چوارچێوه‌ی كۆی كاره‌كانی، ڕازیبوو جارێكی دی ئه‌و به‌رهه‌مه بڵاوبكرێته‌وه. ساڵی 2021، به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 50 ساڵ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه، یۆسا بڕیاریدا ڤیتۆی سه‌ر بڵاونهكردنهوهكه هه‌ڵگرێت، له‌و ساڵه‌دا به ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت: “هه‌رگیز ئیره‌یم به سه‌ركه‌وتنه‌كانی ماركیز نه‌بردووه، به‌ڵكو ئیره‌یم به بلیمه‌تییه‌كه‌ی بردووه”.
له كاتی مانه‌وه‌ی یه‌كه‌می له پاریس، ده‌ستیكرد به نووسینی یه‌كێك له شاكاره نایابه‌كانی “وتووێژێك له كاتدرائییهكهدا”، ئه‌م ڕۆمانه‌ی له میانه‌ی گهشهتهكانی له نێوان پایته‌خته‌كانی پاریس و واشنتۆن و له‌نده‌ن و پۆرتۆریكۆ تهواویكرد و دوای گه‌یشتنی به به‌رشلۆنه چاپ و بڵاویكرده‌وه. كاتدرائییهكه ته‌نها كڵێسایه‌كی زه‌به‌لاح نه‌بوو، به‌ڵكو ناوی قاوه‌خانه‌یه‌كی پاریس بوو كه یۆسا زوو زوو سه‌ردانی ده‌كرد. سه‌ره‌تا به‌هۆی قه‌به‌یی ڕۆمانه‌كه‌وه، بیری له‌وه كرده‌وه به دوو به‌ش بڵاویبكاته‌وه و ده‌یگوت له ڕووی پێداچوونه‌وه و پوختكردنهوهوه و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌وه، له هه‌مو ڕۆمانه‌كانی دیكه، زیاتر ماندووی كردووه و ئه‌گه‌ر داوای لێبكرێت یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی ڕزگار بكات، ئه‌وا ئه‌م ڕۆمانه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت.
ڕۆمانه‌كه باس له‌و كێشه و قه‌یرانه سیاسییانه ده‌كات كه وڵاته‌كه‌ی پیرۆ، به ده‌ستییه‌وه ده‌یناڵاند و گرفتار ببوو. ئه‌م بایه‌خ و گرنگیدانه‌ی به كاری سیاسی، وایكرد دواتر بێته نێو كاری سیاسییه‌وه و ساڵی 1990، خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی وڵات كاندید كرد. به‌ڵام له‌به‌رده‌م ڕكابه‌ره‌كه‌ی ئه‌لبرتۆ فیجیمۆری شكستیهێنا، دواتر ئه‌لبرتۆ به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه خرایه زیندانه‌وه و ساڵی پار كۆچی دوایی كرد.
یۆسا له‌و ئه‌زموونه سیاسییه‌ی په‌شیمان نه‌بوو، به‌رده‌وام جه‌ختی له‌وه ده‌كرد ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت، دوو ڕووی یه‌ك دراون كه بریتییه له ئازادی مرۆڤ. هه‌ر بۆیه له میانه‌ی ساڵانی كۆتایی مانه‌وه‌ی له ئیسپانیا، بووه نووسه‌رێكی چالاك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری لیبرال و به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی ئیسپانیای ده‌كرد، ئه‌م خۆپیشاندانانه دژ به‌و بزووتنه‌وه‌یه بوو كه بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیای ده‌كرد.
یۆسا به‌رهه‌مێكی زۆری ئه‌ده‌بی هه‌یه، هه‌ر له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه، حه‌ز و مه‌یلێكی زۆری بۆ نووسین هه‌بوو، به‌و په‌ڕی توانایه‌وه هه‌وڵیده‌دا خۆی بۆ كاری نووسین ته‌رخان بكات. له‌م باره‌یه‌وه، سه‌روه‌ختێك ته‌مه‌نی ته‌نها حه‌ڤده ساڵ بووه، ڕۆژێكیان بۆ هاوڕێیه‌كی ده‌نووسێت: “ده‌بم به نووسه‌ر. نامه‌وێت نه ڕۆژنامه‌نووس، نه پارێزه‌ر، نه مامۆستا بم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاتهكانیشم، له پێناو بژێوی ژیان، بۆ كاری دیكه ته‌رخان بكه‌م، به‌ڵام هه‌ر ده‌بم به نووسه‌ر. ئه‌مه مانای وایه من باشترین كاته‌كانم و تواناكانم بۆ نووسین ته‌رخان ده‌كه‌م. به دوای ئه‌و كارانه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه بژێوی ژیانم دابین ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری نووسین ببم. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه مانای وابێت، من دووچاری دۆخێكی ماددیی سه‌خت ده‌بمه‌وه، هیچ دوو دڵ نابم، چونكه زۆرباش ده‌زانم ئه‌گه‌ر له پێناو ده‌ستكه‌وتی ماددیی، ده‌ستبه‌رداری ئه‌ده‌ب ببم، ئه‌وا له ژیان زۆر به‌دبه‌خت ده‌بم و ژیانم زۆر ناخۆشتردهبێت”.
سه‌روه‌ختێك ساڵی 2010 خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرێت، ده‌ڵێت: “هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك ناكه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌ده‌ب ژیانی ڕزگار كردم. من له ژیانێكی داخراو و زۆرجار شه‌ڕانگێز و دوژمنكارانه‌دا ده‌ژیام، ژیانێك به بنه‌ما و یاسا بۆماوه‌ییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌برا، ژیانێك تێیدا بێده‌نگی و ترس له قسه‌كردن، باڵاده‌ست و بڵاوبوو. به‌ڵام له كتێبه‌كاندا، به‌ر ده‌رگایه‌كی نهێنی و ئه‌فسوناوی وشه‌كان كه‌وتم، وشه‌كان كۆمه‌ڵێك جیهانیان دروستكردبوو، ڕێگه‌یان پێدام تێیدا به ئازادییه‌كی ڕه‌ها هه‌ناسه بده‌م. نووسین بۆ من، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، ڕێگایه‌ك بووه بۆ بوون، بێ ئه‌وه‌ی ڕووخسه‌ت له كه‌س وه‌ربگرم. ئه‌وه نووسین بوو نیعمه‌تی گۆڕینی واقیعی پێبه‌خشیم، گۆڕینی واقیع به خه‌یاڵ نه‌ك به هێز. له نووسینه‌وه فێربووم، وڵاتێك بێ بوونی حیكایه‌ت و بێ بوونی خوێنه‌ر و بێ بوونی نووسه‌ران، وڵاتێكه مه‌حكومه به له‌بیرچوونه‌وه”.
دۆن ماریۆ- یۆسا- هه‌میشه ده‌یوت گرنگی خوێندنه‌وه، هیچی له گرنگی نووسین كه‌متر نییه. خوێندنه‌وه‌كانی فه‌زڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌كانی و ده‌ڵێت: “له خوێندنه‌وه‌ی فلۆبێره‌وه، فێربووم هه‌وڵدان ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی كه به‌هره ناتوانێت پێی بگات. له خوێندنه‌وه‌ی دیكنز و به‌لزاك و تۆڵستۆی و كۆنراد و تۆماس مان-ه‌وه فێربووم، له ڕۆماندا، گرنگی ورده‌كاریی ژماره و به‌رواره‌كان، هیچی له گرنگی كارامه‌یی شێواز و ستراتیژی گێڕانه‌وه كه‌متر نییه. له سارته‌ره‌وه فێربووم وشه، كرداریشه. له كامۆ و ئۆرویڵ-ه‌وه فێربووم ئه‌ده‌ب به بێ ئه‌خلاق، مرۆڤانه نییه”.
یۆسا پێش ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بگاته 33 ساڵ، سێ له شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كانی بڵاوكرده‌وه، له‌و وتاره‌ی به بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نو‌بڵ خوێندییه‌وه ده‌ڵێت: “پێویسته له نووسین و خوێندنه‌وه و خه‌وبینین به‌رده‌وامبین، چونكه ئه‌مه كاریگه‌رترین ئامرازه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی حه‌تمییه‌تی له‌ناوچوون و زاڵبوون به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی زه‌مه‌ندا”.
خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و كێشه و ناخۆشییانه بوو كه له ژیانیدا ڕوبه‌ڕووی بووه‌وه، ژیانی پڕ بوو له سه‌ركێشی و له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ر و هاوتهمهنهكانییهوه ئێره‌ییان پێده‌برد. یۆسا ده‌یوت به‌شێك له زیره‌كی، ئه‌وه‌یه جیاوازی له نێوان خۆشه‌ویستی و سێكس بكه‌یت، چونكه خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه‌ی ئازاره‌كانه كه ناتوانین كۆنترۆڵی بكه‌ین.
پیاوه دڵشكاوهكه كۆچی دوایی كرد، دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی په‌یوه‌ندی به‌و خانمه‌وه بكات كه له ساڵانی كۆتایی ژیانیدا، ببوه سه‌رچاوه‌ی هه‌ست و سۆزه‌كانی. به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای خێزانه‌كه‌ی، ئه‌و ئارامییه قووڵه‌ی بۆ گه‌ڕایه‌وه كه هه‌میشه تامه‌زرۆی بوو له ئامێزی خێزانه‌كه‌ی و ئه‌و شوێنانه‌دا به‌ده‌ستیبێنێت كه تێیدا جوانترین خه‌ونه‌كانی گه‌شه‌یان ده‌كرد.
سه‌رچاوه/ به كه‌مه‌كێك ده‌ستكاری و كورتكردنه‌وه‌وه
به‌شی كه‌لتووری رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 7ی ته‌موزی 2025