لە پێناو زمانی کوردیدا

لە پێناو زمانی کوردیدا

ناساندنێک بۆ کتێبی “سەرەتایەکی مێژوویی زمانی کوردی”

خوێندنەوەی: سەردەم

ڕەنگە ئەمە لە هەرکات و سەردەمێکدا، بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، پرسیارێکی بەجێ بێت و دەرگایەکی بەرین واڵا بکات: ئەو قۆناغ و هەنگاوانە کامانەن کە زمانی کوردی پێیاندا تێپەڕ بووە و گەیشتووە بەم فۆرمەی ئێستای؟ بە واتایەکی تر، قسەکردن لە سەر ڕەوت و ڕێڕەوی گەشەی زمانی کوردی لە سەرەتاوە تا دەگات بە ئێستا بابەتێکە لە چەندان ڕووەوە هەڵگری گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی زانستی و مشتومڕی هەمەلایەنە.

زمانی کوردی، وەک هەر زمانێکی زیندووی دنیا، کۆمەڵێک بارگۆڕین و گۆڕانکاریی بەرچاوی بە  سەردا هاتووە، ڕەنگە بە گەڕانەوە بۆ کۆنترین ئەو تێکستانەی بەم زمانە نووسراون، جا ئیدی پەخشان بن یاخود شیعر، باشتر ئەو ڕاستییە بەرچاو بخەن کە ئەم زمانە چۆن بە قۆناغبەندی و درێژماوە، گەیشتووە بەم زمانەی وا ئەم دێڕانەی پێدەنووسرێت. بێگومان ئەمە کاری یەک دوو ڕۆژ نییە و چەند سەدە بەردەوامیی بووە، چەندان وێستگەی تێدایە، کە پێکڕا بوونەتە ئەڵقەی پێکپەیوەستی دەستاودەستکردن و خەمڵان و پێگەیشتنی زمانی کوردی.

لەم ڕەوتە درێژەدا کەسانێکی زۆر هەن کە هەوڵ و تەقەللایان داوە و کۆشاویانە کە زمانی کوردی بکەن بەو زمانەی کە ببێتە شوناس و ناسینەوەی میللەتێک، هەر بۆیە لە دەستپێکەوە ئێمە بەم ڕاستییە ئاشنا دەبین، کە هەوڵەکان لە بواری زمانی کوردیدا، بەر لەوەی هەوڵی ڕاستەوخۆ بن بۆ زمان، هەوڵ بوون بۆ شوناس و مانەوەی میللەتی کورد، ئەمەش هەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە بە درێژایی چاخ و سەردەمەکان کورد لە بەردەم سڕینەوە و لەناوبردن و لەتلەتکردندا بووە، سەرکوت کراوە کە خۆی دەرببڕێ، خاکی داگیر کراوە، ڕۆڵەکانی کوژراون و ڕێگە لە زمانەکەی گیراوە ببێتە زمانی دوان و پێناسین و خۆناسین، تەنانەت ڕێی نەدراوە بە زمانی خۆی بخوێنێت و ئاشنای زانست و دەستکەوتە نوێیەکانی دنیا بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زمان بە پێچێکی نهێنی، بۆ کورد هەمیشە چەکی مانەوە بووە، ئەگەر هەموو چوارچێوە ئاسنینەکان بە سەر زمانەکەیدا داخرابن، ئەوا هەوڵی داوە لە گۆشە و پەنا و پەسێوەکانی ناوماڵ و کۆڵان و ئەو جێیانەی چاوی داگیرکەر نایانبینێ، ئەم زمانەی تێدا بە کار بهێنێ، لە سەر زمان و یادگە و بیرگەی منداڵەکانی ڕۆی بنێت و کارێک بکات کە چیدی زمانی کوردی نەبێتە زمانێکی مردوو و لەکارکەوتوو. کە وایە، یادی کەسانێک کە هەوڵیان داوە بە نووسین و ڕێگەی زانستی ئەم زمانە لە فەوتان و لەناوچوون بپارێزن، هەمیشە شیاوی ستاییش و پێزانینە.

کتێبی “سەرەتایەکی مێژوویی زمانی کوردی (هەوڵی بەستانداردکردنی زمانی کوردی)”، کتێبێکە دەچێتە ئەو بوارەوە کە لە لایەن کۆمەڵێک نووسەر و لێکۆڵەری کوردەوە، نزیک بە نیو سەدە پێشتر، بۆ زمانی کوردی تێکۆشاون و هەوڵەکانیان لەو بوارەدا، لەم کتێبەدا، بەرچاو دەکەوێت. ئەم کتێبە عەلی کەریمی ئامادەی کردووە و پێشەکیی بۆ نووسیوە، هەوڵی داوە لەو پێشەکییە کورتەدا هێڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە بناسێنێت و خوێنەر ئامادەی نووسینەکانی دواتر بکات. لە ئامادەکردنی ئەم کتێبەدا، عەلی کەریمی چەند بابەتی هاوپێچ و ڕیزبەندی کردووە و بەپێی مێژوویی نووسینیان، لە کتێبەکەدا دای ناون. سەرەتای بابەتەکانیش بەو باسە گرنگەی عەبدولڕەحمان محەمەد ئەمین زەبیحی (عولەما) دەست پێدەکات کە بۆ بەرگی یەکەمی “قامووسی زمانی کوردی” نووسیویەتی، لەو باسە گرنگ و چڕوپڕەدا، زەبیحی سەرەتایەکی مێژوویی زمانی کوردی دەخاتە بەردەست، هەوڵی داوە لە دەرەوەی هەست و سۆز، لە چوارچیوەیەکی تا ڕادەیەک زانستیدا، بۆچوونەکانی پێشکەش بکات. دەستپێک، لە شێوەی یادەوەرییەکدا، ئێمە زەبیحی و ئەڤینی بۆ زمانی کوردی دەبینین:

“هێشتا منداڵ بووم گڕوگاڵی زمانەوانیی سەرانسوێی خانووی مێشکمی لێگرتم و دەستی کرد بە سەرەتاتکێ و چاوشارکێ دەگەڵم، هەر دەرسێکی دەمخوێند، دەمکردە کوردی، وشە سەخت و ڕەقەکانم بە کوردی مانا لێدەدایەوە.

دەگەڵ (هەژار)ی دۆستم، کە ئەوسا (فەقێ) بۆ، دەمانەویست کە قسە دەکەین کەس تێمان نەگا، لە کۆمەڵگای مەهاباتا، بە تایبەتی لەناو ئافرەتانا جۆرە زمانێکی لاپرەسەنی باو بوو کە دەنگی (ز) یا (سک)یان لە هەموو کەرتێکی وشەیەک زیاد دەکرد و بە ڕەوانی گفتوگۆی پێدەکرا و ناویان نابوو: (ئەزەتۆزۆ- یا- ئەسکەتۆسکۆ)، ئەمە و نووسین بە حیسابی (ئەبجەد) یا بە وتەی فەقێیان (خەتی شەجەری) و… لەو کارانە بوون کە بە چاکی لێیان ڕاهاتبووین و نامەمان بۆ یەکتری پێدەنووسی. بەڵام ئەوانە هیچیان تامەزرۆیی ئێمەیان نەدەشکاند، چونکو خەڵکی دیش زۆر هەبوون دەیانزانی و ئێمە شتێکی وامان دەویست تایبەتی خۆمان بێ.”

پاشتر بە وردی دەچێتە بواری زمانی کوردی و ئەو ڕیشە مێژووییەی هەیەتی، دەپەرژێتە سەر باسگەلێک کە تێیدا زمانی کوردی بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ڕووبارێک لێیەوە ڕێی گرتووە. سەرەتاش باس لە زمانی هیندۆئەورووپایی وەک بنەمای گەورەی زمان دەکات، پاشان دێتە سەر زمانی مادەکان، زمانی ئاوێستا و زمانی پارسیی کۆن، دواتر لە ناو زمانی ئێرانیدا، بە وردی لە سەر زمانی پەهلەوی دەوەستێت، پاشتر دێتە سەر زمانی کوردی لە پێش ئیسلام و پاش ئیسلامدا، لە لەهجەکانی دەدوێ، لە دەنگ و گرفتەکانی ڕێزمان و…

سەبارەت بە “قامووسی زمانی کوردی”، کە دانەرەکەی زەبیحییە و تەنیا فریای چاپکردنی دوو بەرگی کەوت، واتە پیتی “ئەلف و باء”، ئەم قامووسە “کوردی-کوردی”یە و یەکێکە لە قامووسە هەرە گرنگەکانی زمانی کوردی، زەبیحی لەم قامووسەدا نەهاتووە تەنیا واتاکان لێک بداتەوە، بەڵکو هەوڵی داوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیاری و میتۆدە زانستییانەی لە پێشەکییە بە نرخەکەیدا خستوونیەتە ڕوو، لە ڕیشەی وشەکان و جۆری پێکهاتە و دروستبوونیشان بدوێ. تەواونەبوونی ئەو پڕۆژە پەیوەستە بە گۆڕغەریببوونی خودی زەبیحی و لەناوچوونی تەواوی ئەو دەستنووس و ڕەشنووسانەی کە بۆ بەرگەکانی دواتری ئەم قامووسەی ئامادە کردبوون، ئەوە خەسارێکی گەورەیە بۆ فەرهەنگی کوردی و بۆ هەمیشەش ئەو خەسارە دەمێنێتەوە.

سەروەختی چاپبوونی “قامووسی زمانی کوردی”، مشتومڕی بە شوێن خۆیدا هێنا، بەشێک لەو مشتومڕە بۆ ناو ئەم کتێبە گواستراوەتەوە. وتارە زانستی و وردەکەی د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف دەربارەی “قامووس”، یەکێکە لەو وتارانە و دەتوانین بڵێین نەک بە تەنها بۆ ئەو کتێبە، بەڵکو سەرچاوەیەکی هێجگار بە نرخە بۆ سەرەتاکانی فەرهەنگنووسیی کوردی.

د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف لەو وتارەدا سەرەتاکانی فەرهەنگدانانی کوردی دەخاتە ڕوو، لەم ڕووەوە، دەتوانین ئەم وتارە وەک بیبلۆگرافیایەک بخوێنینەوە، بۆ هەموو ئەو نووسەر و زانا و ڕۆژهەڵاتناسانەی هەستاون بە دانانی فەرهەنگی کوردی لە دێرزەمانەوە تاکو ساتەوەختی وتارەکەی د. ئەوڕەحمان. پاشتر د. ئەوڕەحمان بە وردی دێتە سەر هەڵسەنگاندنی زانستییانەی “قامووسی زمانی کوردی” و وەک یەکێک لە گرنگترین قامووسەکانی تا ئەو کاتی زمانی کوردی دەینرخێنێت. هەستیارترین و ڕەنگە باسهەڵگیرسێنترین جومگەکانی “قامووسی زمانی کوردی” بە نموونە وەردەگرێت و لەبەر زەڕەبینی زانستییانەی زماندا، تاوتوێیان دەکات. وتارێک کە دوابەدوای وتارەکەی د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف لە سەر “قامووسی زمانی کوردی” دەنووسرێت، وتارە ڕەخنەییەکەی د. جەمال نەبەزە، بریا بەڕێز عەلی کەریمی ئەو وتارەشی هاوپێچ دەکرد و لەم کتێبەدا دای دەنا، ئەوانەی کە وتارەکەی د. جەمال نەبەزیان خوێندووەتەوە دەزانن کە توندە و لە زۆر شوێندا بە ڕەهایی “قامووس” و دانەرەکەی و بەشێک لە بۆچوونەکانی ڕەت دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەو وتارە گرنگە و بوونی لەم کتێبەدا، دەیتوانی ئەو جیاوازی و ڕوانینەی دوو بەرە بەردەست بخات، بەوەش خوێنەر خۆی سەرپشک دەبوو کە کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە.

دوایین بەشی ئەم کتێبە، وتارێکی پڕۆفیسۆر ئەمیری حەسەن پوورە بە ناوی “بەربینگی زمانی کوردی بەر بدەن”. حەسەنپوور بە میتۆدی زانستی هاوچەرخ و سەردەمییانە، هەوڵ دەدات لە “قامووسی زمانی کوردی” بڕوانێت. وتارەکەی پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور زیادتر وەڵامێکە بۆ ڕەخنەکانی د. جەمال نەبەز، هەر لێرەدایە جارێکی تر زەروورەتی ئەو وتارە و چاپبوونی لەم کتێبەدا دێتەوە ڕێمان. ئەمیر حەسەنپوور لە سێ خاڵدا هەوڵ دەدات ڕەتی بۆچوونەکانی د. جەمال نەبەز بداتەوە، بیسەلمێنێت کە خودی عەبدولڕەحمان زەبیحی و هەوڵەکەی، ناکرێ لە گۆشەنیگایەکی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە سەرلەبەر ڕاست و چەپی بە سەردا بهێنرێت. لە هەریەک لەو خاڵانەدا بە گەڕانەوە بۆ تازەترین ڕوانگە و میتۆدەکان، پاڵپشتی بۆچوونەکانی خۆی دەکات و دەری دەخات کە ئەو ڕوانینە چۆنە و بۆچی بەو جۆرەیە.

ئەم کتێبە “سەرەتایەکی مێژوویی زمانی کوردی”، کتێبێکە پێویستە بخوێنرێتەوە، چونکە هەوڵێکی گرنگ بەیان دەکات لە قۆناغێکدا، جیا لەوەش چەقی ئەم کتێبە زمانی کوردییە و لەو ڕووەشەوە پڕە لە زانیاری ورد و هەمەلایەن، کتێبەکە دەروازەیەکی گرنگە بۆ عاشقانی زمانی کوردی و بە تایبەتییش کەسانێک کە سەروکاریان لەگەڵ لێکۆڵینەوەی زانستیدایە لەمەڕ زمان. چاپبوونی ئەم کتێبە لە ئێستادا زۆر کارێکی گرنگ بوو، ئاگاییە بۆ نەوەی نوێ، کە ڕەنگە ئەو دەرفەتەی نەبووبێت ئەم هەوڵانە ببینێت.