دروود بۆ ڕۆحی ئەو شاعیرەی هەتا مرد سەری لە لووتكەدا بوو!
دروود بۆ ڕۆحی ئەو شاعیرەی هەتا مرد سەری لە لووتكەدا بوو!
د.دانا ئەحمەد مستەفا
دەقە مێژووییەكان، بەو دەقە ئاینییانەشەوە، كەسەرگوزشتەی كەڵەپیاوانی ناو مێژوو دەگێڕنەوە و باس لە ڕۆڵی جوامێرییان دەكەن لە ئاراستەكردنی خەڵك و دروستكردنی دەستەبژێر و سەركردایەتی كردنی نوخبەدا، هەموو ئەو دەقانە پێدادەگرن لەسەر ئەوەی ڕۆڵی ئەو پاڵەوانانە، بەتەنها، وەك رۆڵی بارتەقای میللەتێك وایە!
لەمێژووی ئەدەبی كوردیدا، شێركۆ بێكەس، ئەو تاكە شاعیرەیە كە خاوەنی زۆرترین دەقی نووسراوە، بەهرەی نووسینی شیعر و بیرۆكەی یاریكردن بەوشە و سیاقی كوردی شیرین لە ئەدگارە جوانەكانی شیعری كاك شێركۆن، توانستی شیعر نووسینی بەردەوام بەجۆرێك لە دەروونی ئەم زاتەدا رسكابوو كە نەیدەتوانی ساتێك لێی دوور بكەوێتەوە… هەمیشە خەیاڵ و دووكەڵی جگەرەكەی دەستی دەبوونە دوو باڵندەی سپی و ناوازە و ئەوەندە بەرزدەبوونەوە تا بەتەواوی لە بۆشایی ئاسماندا ون دەبوون… هەموو بوونەوەریان دەكردە ئامانج… لە گیاندار وبێ گیان… ئافرەت و سروشت… خەیاڵی بەرزەفڕی كاك شێركۆ ئەوەندە مەزنە… ئەوەندە قووڵە… كە دەستی كەم كەس دەگاتە تێگەیشتنی و پەی بە بەرزی و جوانییەكانی دەبات، دەریاگەردی باش و مەلەوانی چاك دووڕ و گەوهەری لە شیعری ئەم شاعیرە مەزنە دەردەهێنا. مرۆڤ كە دەقەكانی مامۆستا شێركۆ دەخوێنێتەوە، بێئەوەی ئاگاداری لایەنی هۆشەكی خۆی بێت، ڕادەستی خەیاڵێكی بەرزەفڕ دەبێت، خەیاڵێك دەیباتە ئەوپەڕی جوانی و ترۆپكی وێنەی بەرز و ناوازە و هەستكردن بەجوانییەكانی سروشت و دونیا و خۆشەویستی و چێژ وەرگرتن لە هەموو چەمكەكانی ستاتیكای ژیان و مرۆڤدۆستی…
كەشیعری كاك شێكۆ بێكەس دەخوێنیتەوە، لەسەرەتادا، كۆمەڵێك كۆد دەخاتە ڕوو، كەهەریەكەیان هەڵگری دەیان مەدلولی مرۆیین، بەڵام بەزاراوەی ناسكی شیعریی، لەپاش تەیكردنی گشت لایەنەكانی و فڕین بەناو گشت ئاسۆكانیدا، ئینجا هەوڵ دەدات هێدی هێدی كۆدەكان بكاتەوە، و خوێنەر ئەوەندەیتر ئاشقی دەقەكانی خۆی بكات…
لەدەقەكانی كاك شێركۆدا سەرجەم ئازارەكانی مرۆڤ دەبینین، لە ئازارە دەروونییەكانەوە تا ئازارە جەستەییەكان، لەو ئازارانەی مرۆڤەكان تیایدا بەشدارن تا ئەوانەی تایبەتن بە میللەتەكەی خۆیەوە… ئەم شاعیرە زیندووە بەردەوام لەگەڵ ئازارەكانی گەلەكەیدا بووە، شیعرەكانی پڕن لە مەینەتییەكانی بەدرێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە بەسەر گەلی كورددا هاتووە. ئەوەندە هەستیارە بەرامبەر ئەو نەهامەتییانە، دەبینین زۆرجار پەنادەباتە بەر سروشت و پێكهاتەكانی، شاخ و دەشت و بەردو دار و چیاو دۆڵ و رووباری كوردستان هەموو دەكاتە ڕۆح لەبەر و دەبێتە هاوڕێی و خەمخۆر و سەرقافڵەیان و گیانی پێشمەرگایەتی و فیداكاری دەكاتە بەری هەموویان.
شێركۆ بێكەس لەقەسیدەدا بۆ شیعر ناگەڕێ… بەپێچەوانەوە، ئەو سەرەتا قەسیدەكە دەدۆزێتەوە پاشان شیعرەكە دەنووسێت، شاعیرگەلێكی زۆر هەن لە هۆنراوەكانیاندا بۆ شیعر دەگەڕێن، واتە هۆنراوە لەلایان گەڕانە بەدوای هۆنراوەدا. بەو شێوەیە ماوەیەكی زۆر دەگەڕێن و كاغەز و دیوانەكان پڕ دەكەنەوە، بەڵام دواجار لەوانەیە نەیدۆزنەوە، یان لەباشترین حاڵدا هەندێ پارچەی پەرتەوازە لێرەو لەوێ دەدۆزنەوە، یان تەنانەت دەیدۆزنەوە، بەڵام ئەم گەڕانەیان لەشێوەی قەسیدە و دیوانە شیعری تەواودا بڵاودەكەنەوە. بۆیە دەبینین ئەم جۆرەی شیعر كولتوورگەرایی و مەعریفەگەرایی و مێژووگەرایی تیادا تێكەڵ دەبن و زاڵ دەبن. بەڵام جۆری یەكەم كە تیایدا شاعیر لەو ڕاوچییە دەچێ كەسەرەتا خۆی ڕادەچەنێ بۆ نیشانەگرتنەوە لە باڵندەكە و كەبۆی مەیسەر بوو بە ئاسانی ڕووخسارەكەی دەگوازێتەوە بۆ سەر كاغەز… ئەمانە ژمارەیان كەمترە و شیعرەكانیان بەڕوونی و شەفافییەت و دەركەوتنی قووڵاییەكان دەناسرێنەوە، چونكە زۆر خۆیان شەكەت و ماندوو ناكەن و زۆر لەخۆیان ناكەن بۆ گواستنەوەی دیدە شیعرییەكە، دوای ڕاوكردنی، بۆ زمان.
بەم جۆرە لەخۆم ڕائەبینم كە دەتوانم بڵێم: شێركۆ بێكەس یەكێكە لەوانەی سەرەتا سەرقاڵی گەڕانن بەدوای نێچیرەكەیاندا و هەرئەوەندەی گرتیان بەبەژنڕێكی و سووكی و بەختەوەرییەوە دەیخەنە سەر كاغەز
لەدەستدانی شاعیرێكی لەو جۆرە، نەك تەنها كەسەرە بۆ كورد، بەڵكو خەسارەتێكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی. بەڵام ئەوەی هەمیشە كاك شێركۆ بەنەمری دەهێڵێتەوە دەقە ناوازەكانێتی، ئەوەندە باڵان و پڕ شیعرییەت و بەرزن… ئەوەندە زمانیان پاراوە و ئەوەندە دەوڵەمەندن بە زاراوەی كوردی شیرین، كەهەریەكەیان ئاماژە بۆ گەورەیی شاعیر دەكەن.