شێرکۆ بێکەس… وەکو خۆی

شێرکۆ بێکەس… وەکو خۆی

ڕەووف بێگەرد

قسەکردن لەسەر شێرکۆ بێکەس، قسەکردنە لەسەر کەسێکی نائاسایی کە ناتوانرێت تەنیا لەسەر نەمانە فیزیکییەکەی بدوێیت و بە پێی زانیارییە ئاساییەکان پێکهاتە و هاوکێشەکانی هەڵبسەنگێنیت. ئەمەش خەسڵەتی هەموو ئەو کەسانەیە کە وەک ئەنجام ڕەهەندێکی ڕەمزی لەخۆدەگرن و توانای هێشتنەوە و قۆرغکردنیان لە چوارچێوە و مەودایەکی دیاری کراودا مەحاڵە. شێرکۆ بە جەستە مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر، بەڵام ئەوەی سنووری ئەو پێکهاتەیە دەبەزێنێت جیاوازییە لە دەربڕینە فرە جەمسەر و فرە وێنە و زمانە هەرە تایبەتیەکەی کە کەسایەتییەکی دەگمەنی پێ دەبەخشێت. ئەو لە زمانی وتندا کە بە شیعر دەری دەبڕێت، دەگاتە سنووری ئەفسانە و بەزاندنی دەوروبەرەکەی. تەنانەت بەزاندنی ڕابردووی شیعری کوردیش کە تا ڕادەیەکی زۆر لە هەندێک بڕگەی ئەو کاروانەدا و لەسەر ئاستی چەند ناوێکی گەورەیاندا سەرسام و تەواو سەرمەست بوو. بەڵام ئەو هەرگیز نەبوو بە شاگردی کەسیان و ڕێچکە تایبەتیەکەی خۆی کە وەک ئەنجام دەکرێت بە شێوازی شێرکۆیانە ناوزەدبکرێت لەبەرگرت و پەرەی پێدا. شێرکۆ داهێنەری شێوازی تایبەتییە لە شیعردا، چ لەسەر ئاستی بابەت و چ لەسەر ئاستی فۆڕم. لە شیعری هەرە کورتەوە بیگرە تا قەسیدەی هەرە درێژ. لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا، بەتایبەتی لە شیعردا، نموونەی دەربەندی پەپوولە و خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێک و ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە و ئێستا کچێک نیشتمانمە و گۆڕستانی چراکان، بەو نەفەس و ڕۆحە درامییەوە تا ئێستا نییە. بە ڕاستی نیشتمانی شێرکۆ بێکەس شیعرەکانیەتی. بەتایبەتیی قەسیدە درێژەکانی کە مێژووی ڕاست و دروستی نەتەوەکەیین بە هەموو جوانی و دزێوییەوە، بە شکۆمەندی و شکستیەوە، بە دیمەنی برینداری خوێن لەبەر ڕۆیشتووی و گەشبینی ئایندەیەوە. وەک خۆی دەڵێت: من شاعیری نەخشەیەکم بەکام زەڕەبینی وردی مێژوو هەیە تەماشای بکەم شوێنێکی ساغ بە جەستەیەوە نابینم، لە شیعری شێرکۆدا هەموومان وەک کورد و وەک مرۆڤ خۆمان دەبینینەوە. لە هەرە ئاشقی شەیدامانەوە کە خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆدا تەلان تەلان و ڕەوەز بە ڕەوەز و کۆڵان بە کۆڵان دەگێڕێت، تا دڵشکاوترین کەسمان، لە ترسنۆکەوە تا چەلەنگ و ئازامان. لە پێشمەرگەوە تا خۆفرۆشمان، لە شەڕئەنگێزەوە تا ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستمان. هەموومان کاراکتەری نێو دیوانەکانی شێرکۆ بێکەسین. شێرکۆ بە زمانی باڵندە دەدوا و لەگەڵ ئاسک و درەخت و کورسی و کڵاو و خۆر و باراندا دەرگای لەسەر نهێنیەکانی زمان دەکردەوە. زمانی گیاندار و بێگیانەکان، مرۆڤ و ئاژەڵەکان، باڵندە و ماسیەکانی دەریا، هەمووشی زمانی کوردین وەک پێکهاتە نەتەوەییەکە و وەک کارەسات و کەوتن و هەستانەوەکانی. با بزانین ڕیشۆڵەکەی شێرکۆ بێکەس چۆن چیرۆکی ئێستای خۆی و ڕابردووی دەگێڕێتەوە:

من ناوم ڕیشۆڵەیە

لە دەمێکەوە لەو شاخ و داخانە

تەتەری هەڵۆ و بازە نێرەکان و

نامەبەری نێوان شەقامەکانی شار و

کێوەکان بووم. ئەوەندە هاتم و چووم

تا باڵەکانم سوا و کەسیرە بووم

وا ئێستایش گەڕاومەتەوە شار و

نە هەڵۆی پیر و نە هەڵۆی گەنج و کەس، هیچ کەس

منیان هەر لە بیرنەماوە

کەس، هیچ کەس.

تەماشاکە! چش لە باڵم

بەڵام وا خەریکە ڕسوا ڕسوا

لەسەر سەقفی ناو گەراجدا

لە برساندا بۆخۆم دەمرم.

ئایا ئەمە سکاڵای ڕیشۆڵەیەکە، یان ناڵە و هاواری تێکۆشەرێکی دێرینی ئەم سەردەمەیە؟!

شێرکۆ لەو ڕابردووە بێزارە کە بە دەگمەن ڕووناکی تیا دەرکەوتووە، مێژوویەکە پڕ لە شیوەن و گریان، لێوانلێو لە ناپاکی و غەفڵەت و چەوساندنەوە و بەهەدەردانی ڕەنجی تێکۆشەر و مرۆڤە بەهیممەت و هێژاکان. ئەو خەون بە دنیایەکی تازەوە دەبینێت کە لە سایەیدا میللەتەکەی بە ئازادی بژی و بەهرە لە تواناکانی وەربگرێت. بۆیە نەترسانە ڕەخنە دەگرێت و بەرگریی لە مافی ڕەوای خەڵک و ئازادیی ڕادەربڕین و یەکسانیی کۆمەڵایەتی دەکات. ئەو مێژوویەک ڕەت دەکاتەوە کە ئەم خەسڵەتانەی تیا نییە:

(( من ناتوانم مێژوویەکم خۆشبوێت هەر بۆنی بۆکڕووزی پرچ و جەستەی ژنی لێبێت. ناتوانم ئاوێنەیەکم خۆش بوێت و بچمە بەری کە شەو و ڕۆژ ئەلبوومەکانی خوێن و تۆڵەم نیشان بدات. ناتوانم باوکێکم خۆش بوێت لە پێناوی ڕابردوودا بژی و بمرێ. ناتوانم نا، من ئێستا نیشتمانی خۆم دۆزیوەتەوە، نیشتمانی تازەی من کچێکە لە نیشتمانە پیر و عەبووسەکەی ئێوە ناچێت. ڕوونترین ئاو لە چاوی ئەودایە، درەخت و گیا و گوڵ و زنوێر لە جەستە و باڵا و شان و مل و گەردن و نێوان مەمانی ئەودایە. من ئیتر نامەوێ لەو نیشتمانە بێ خەونەی ئێوەدا بژیم. من دەمەوێ بچمە ناو گەردوونی ڕەنگاڵەی ئەو کچەوە، ئەو سیحرەوە، لەوێدا خەو ببینم. لەوێدا شیعر بنووسم. لەناو ئەودا بخوێنمەوە و پیاسە بە کەنارەکانی دڵنیایی دا بکەم

بێزاربووم لەو هەموو تیغەی سەربڕین

لەو هەموو ڕەشەبای ڕقە، لەو هەموو دارستانی تۆڵەیە

بێزارم لەو هەموو دارستانی تۆڵەیە، لەو هەموو حیکایەتە ژەنگ گرتوانەی کە لە منداڵییەوە گوێیان تەفرەدام، چاویان لێ دزیم، هەستیان بە سڕبوون سپاردم.))

شێرکۆ هەر لە ڕابردوو بێزار نییە کە بەردەوام ڕەتی بکاتەوە و دیمەنە دزێوەکانی بهێنێتەوە یادمان بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئەو درۆیانە نەسەلمێنین کە لە منداڵییەوە بە ناهەق فێریان کردووین. بەڵکوو ئەو لە ئێستایش جاڕزە کە جارێکی تر هەمان ئەو ڕابردووانەمان بۆ دووبارە دەکەنەوە و بە پێی نەخشەی بە گەمژەکردن و بە گەوجیی ژیان بەسەربردن مامەڵە لەگەڵ ئەقڵماندا دەکەن. لای شێرکۆ ڕابردوو ئەوەندە پیرۆزیی نییە جارێکی دی پەیڕەویی لە نەریتە باوەکانی بکەیت و هەوڵی پاراستنیان بدەیت و بە بیانووی هێشتنەوەی کولتووری باو و باپیرانەوە ڕێزیان لێ بگریت، نا، ئەو دەزانێت کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی پرۆسەیەکی لەو بابەتە زیان گەیاندنە بە تەواویی کولتووری ئەم نەتەوەیە، بە ئایندەی نەوەکانی، بە تازەبوونەوەی ژیان و ڕەوتی شارستانیەتی پێشکەوتووی ئەم سەردەمە کە نەتەوەکەی ئەو لەدوای هەرە دواوەی کاروانەکەدایە.

((بەیانیتان باش، من ناوم دیوارە

کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی

بە درێژایی بێزاری درێژم و

بە بەرزیی تووڕەبوونیشت بەرز

هەرچی دروشمەکانە بە مندا هەڵدەواسرێن.

هەرچی پۆستەرەکانە لە من دەدرێن. لە سەد دروشم یەکێکی تیانییە

شتێکم فێربکات.

لەسەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە

دڵم خۆش بکات.

هەر دوێنێ بوو

لە سەرمەوە تا کەڵەمووستی پێم

دروشمێکیان پیا هەڵواسیم

کە خوێندمەوە

شەرم تەریقی کردمەوە.

من دیواری وڵاتێک بم

درۆی کەتە و گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێ))

((ئەم مێژووەی من خەم ساردە

گالیسکەیەکە تا پەناگوێی ئەسپەکانی

لە ڕابردوودا چەقیون و… باکی نییە

دەرگای ساڵ و دەرگای هەتاوی داهاتووی

لێ کەوتووە و بۆی ناگەڕێ و باکی نییە))

مێژوو لای شێرکۆ ڕوویەکی قێزەونە بەردەوام هەڕەشەمان لێ دەکات، هەڕەشەی خۆدووبارە کردنەوە، هەڕەشەی مەرگ و نەهاتی، هەڕەشەی دەست و پێ بەستن و هەنگاونان. هەڕەشەی شکستی بەردەوام و دڵەڕاوکەی بەردەوام.

چاوەڕێی چی ئەکەیت مێژوو؟

وا لەم دووڕیانی شارەدا، شپرزە و دڕدۆنگ وەستاوی

چاوەڕێی کێ ئەکەیت مێژوو؟ شەڕ یان ئاشتی؟

ئێمە هێشتا کراسە بەدبەختیەکانی شەڕی ناوخۆمان دانەکەندووە… مێژوو

ئێمە تازە لە ئاشتی بەهارێکمان گەڕاوینەتەوە… مێژوو

دیسانەوە بەتەمای کام کۆستی تری… مێژوو؟

شێرکۆ لە ئامادەگیی ناو ئەدەبیی کوردیدا لەو گڕکانانە دەچێت کە بەردەوام چاوەڕێی تەقینەوەیان لێ دەکرێت. بەو مانایەی کە مردنێکی وا نییە بتوانێت بۆ هەمیشە کپی بکات و دەسەڵاتە گەورە و توانا کەم وێنەکەی لە بواری داهێنانە شیعرییەکەیدا تەواو لە گەڕ بخات. شێرکۆ دەیزانی بە جەستە ئیتر لە ناوماندا نامێنێت و بەمزوانە دەمرێت. ئەمە ڕاستییەکە زیاد لە ساڵێک لەمەو بەرەوە من لە چاو و قسەیدا هەستم پێ کردبوو. من کە ڕۆژانە دەمبینی ئەو هەستەم لا دروست بووبوو کە شێرکۆ پەلەی بەرهەمهێنانی هەندێک لەو کارە ناوازانەیە کە تا ئەوکاتە فریای کردنی نەکەوتووە. جا چ لەسەر ئاستی شیعر بێت، یان لە پێداچوونەوەی پەیوەندییەکانیدا کە دەیویست ئەو هەڵەیەی ڕەنگە بەسەریدا تێپەڕیوە. ئەو دڵەی نەیزانیوە بۆ ڕەنجاندویەتی، ئەو کەسەی لەخۆوە ناتەبایی لەگەڵدا دەکات بیانخاتەوە سەر پەردەی یادەوەری خۆی و دوا دەفتەری یاداشتەکانی وەک دڵە منداڵەکەی و خۆشەویستیە هەمیشە زیندووەکەی بە سپیەتی بهێڵێتەوە… جارێک لێی پرسیم باشە بۆ فڵانە کەس لەناو هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنێکدا بە خراپی باسم دەکات؟ تۆ هیچی لێ دەزانیت؟ دوای کەمێک بیرکردنەوە و گەڕان بۆ هۆکارێک هیچم دەستگیر نەبوو. وتم مەسەلەکە تەنیا تۆ نیت، خەمی پێ مەخۆ. ئەو برادەرە زمانی بۆ کەس بە خێر ناگەڕێت. وتی بۆ تۆش؟ وتم بەڵێ، زۆرم لێ بیستۆتەوە، وتی ئەو نەخۆشی زمانە دەرمانی نییە؟ وتم تازە بڕوا مەکە، چونکە زۆرجار باجەکەی داوە، بەڵام دەرسی لێ وەرنەگرتووە. وتی بەڵام من هیچ لە خۆمدا شک نابەم و بیرم نایەت شتێکی نادروستم بەرامبەری کردبێت، وتم ئەویش حەز بەو کەسانە ناکات کە چاکەیان لەگەڵدا کردووە، یان هەر خراپەیان بۆ نەبووە، وتی ئەمەیش نەخۆشییەکی ترە.

شێرکۆ لە هەڵوێستی سیاسیدا نوێنەریی ڕاستەقینەی ویژدانی خۆی بووە و ئەگەر بە لایەکی سیاسیشدا بۆ ماوەیەک کەمێک لار بووبێتەوە، زوو فریای خۆی کەوتووە و ڕاست بۆتەوە. چونکە زانیویەتی شیعر و سیاسەت دوو هێڵی تەریبن و پێک ناگەن. سیاسەت دەکرێت بە شیعر، بەڵام نەک لە ڕوانگەی سیاسییەکەوە کە ناتوانێت لە زمانی شیعر و لە فەنتازیای شیعر و لە ڕاستگۆیی شاعیر بگات. ئەو فۆڕمەڵەی هەقیقەتێکی بۆ خۆی کردووە ناتوانێت لێی لابدات، ڕەنگە بێجگە لەوە بە هیچیتر قایل نەبێت. بەڵام بەردەوام ئەو هەقیقەتانە لای شاعیر جێگای پرسیار و گومانن. جێی ڕەخنە لێ گرتن و ڕەت کردنەوەن. بۆیە شێرکۆ تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە لە پارتێکی سیاسییەوە نزیک بووە، هەر دەنگی شاعیرانەی خۆی پاراستووە و بەرگری لە بۆچوونی تایبەتی خۆی کردووە، ماڵیی نەبووە و بەڕووی هەر کاریکی نادروست کە دژی بەرژەوەندی گشتی بووبێت چووەتەوە. ڕەنگە هەندێک هەڵوێستی شێرکۆ لەو لایانانەوە توند و چاوەڕوان نەکراو بووبێتن. یان پێشبینی ئەوەی لێکرابێت کە بەرئەنجامێکی زیانبەخشی بەرانبەر بە خودی خۆی لێبکەوێتەوە. بەڵام ئەو دەربەست نەبووە و خۆی لە قەناعەت و ویژدانی ڕەزامەندانەی خەڵک و جەماوەردا بینیوەتەوە. هەر ئەمەیشە وای لە شێرکۆ کردووە کە شاعیری گەورەی نەتەوەکەی بێت بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە. ئەو کاتێک لەناو یادەوەری کوردا کاردەکات پێویستی بەوەیە هەموو ڕەهەندە جیاوازەکان ئەزموون بکات لە هەڵکەندندا قوڵایی تازە بدۆزێتەوە. شێرکۆ دژی بێدەنگی بوو. لە هەر جێگایەک غەدری بدیایە لەوێ بوو، من لێرەدا وەک هاوڕێیەکی هەرە نزیکی شێرکۆ بێکەس کە ماوەی نزیکەی چل ساڵمان پێکەوە گوزەراندووە و، تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە لە هەندەران بووە و لە ژێر سایەی ڕژێمە هەرە تاریکەکەی بەغدا بە ڕێگای جیاواز دەنگمان بەیەکتر گەیشتووە. دەڵێم شێرکۆ وەک مرۆڤێک هەرگیز ڕقێکی ئەستور و درێژ خایەنی لە کەس نەبووە. گەلێک لەوانەی دەناسی کە خۆشیان ناوێت و دژایەتی دەکەن، ئیتر لەبەر ئیرەیی پێبردن بێت بە توانا گەورەکەی کە سەدان لاپەڕەی ناوازەی بە گەلەکەی بەخشیوە و تا بێت زیاتر بەرەو لووتکەی داهێنان دەچێت. یان لەبەر هەر هۆیەکی دی کە زۆرجار پاساویی سیاسی لە دواوەبوو. بەڵام ئەو نەباسی دەکردن و نە ڕقی لێ هەڵدەگرتن. تەنانەت ئەگەر دەربارەی ئەو کەسانە پرسیارێک یان ڕاوێژێکی پێ بکرایە زۆر بە ویژدانەوە ڕای خۆی لەسەر دەدان. شەریعەتی شێرکۆ بێکەس لە ویژدانێکی پڕ لە لێبوردن و خۆشەویستی و سۆزێکی مرۆڤ دۆستانەوە یاسای خۆی دەچەسپاند نەک لە بەرژەوەندی تایبەتی و دەرفەتهێنانی بێ بنەما و ئاکارێکی ڕووکەشانەوە. بۆیە تا مێژووی ئەدەب و شیعری کوردی مابێت دەبێت شانازی بە کارەکانی شێرکۆوە بکات. تا خۆری بیر و ئاوەزی هێژا و چەلەنگەکانیش ئەم دەڤەرە ڕووناک بکاتەوە شێرکۆ لە لوتکەی درەوشانەوەدایە.