شێرکۆ بێکەس و کوردبوون

شێرکۆ بێکەس و کوردبوون

مەریوان وریا قانع

لە ژیانی هەموو میللەتێکدا هەندێک ڕووداوی ناخۆش هەن کە دەبنە بەشێک لە ”یادەوەری گشتیی“ ئەو میللەتە و ساڵانێکی درێژ لەگەڵ نەوە جیاوازەکانی ئەو میللەتەدا دەمێننەوە، لە مێژووی ئێمەدا، بۆ نموونە، ڕووداوی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠، لە سێدارەدانی سەرۆک کۆماری مەهاباد، هەرەسی ساڵی ١٩٧٥، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و پەلامارەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، کۆڕەوە تراژیدییەکەی ساڵی ١٩٩١، گرتن و فڕاندنی عەبدوڵڵا ئۆچ ئالانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، تێرۆرکردنی عەبدولڕەحمانی قاسملۆ و هاوڕێکانی، بەردبارانکردن و کوشتنی دوعا، تێرۆرکردنی سێ خانمە تێکۆشەرەکەی کوردستانی باکوور لە پاریس، ھتد… هەریەکێک لەو ڕووداوانە ڕەهەندێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینسانی گرنگیان هەیە، بەشێوازی جیاواز و لە دەروازەی جیاوازەوە بە مێژووی میللەتی ئێمەوە گرێدراون، هەم بەشێکی گرنگن لەو مێژووە و هەم لەزۆر ڕووەوە دروستکەری ئەو مێژووەن. پێموایە مردنی شێرکۆ بێکەسیش ڕووداوێکی لەو بابەتەیە، شتێکە ساڵانێکی درێژ لەگەڵماندا دەمێنێتەوە، نەوە جیاوازەکانی دونیای ئێمە بەشێوازی جیاواز یادیدەکەنەوە و بەشێوازی جیاواز لەگەڵیدا دەژین. ئەم پیاوە بەهەقیقەت موڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان و موڵکی شیعر و موڵکی داھێنانە، پیاوێکە وەک درەختێکی بەرز لەناو مێژووی ئێمەدا وەستاوە، ئەوانەی ڕێیان دەکەوێتە ناو ئەم مێژووەوە و بەناویدا تێدەپەڕن، دەبێت ساتێک لە سێبەری ئەو درەختەدا ڕاوەستن و لە ڕەگ و قەد و گەڵا و گوڵ و بۆن و لەرینەوەکانی ئەو دره‌ختە ڕابمێنن. ئەم پیاوە_درەختە ساڵانێکی درێژە دەستی لەناو دروستکردنی ھۆشیاریی میللەتی ئێمەدایە، ھۆشیاری بەرامبەر بە خود خۆی و بەرامبەر بە دوژمن و بە دۆستەکان، بەرامبەر بە شیعر و بە زمان و بە نووسین، بەرامبەر بە قووڵی و درێژی برینەکان و بەرامبەر بە خەبات و کۆست و تێکشکاندنەکان. شێرکۆ بێکەس یەکێکە لە کەسایەتییە بنەڕەتییەکانی سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمە، نووسەرێکە لە هەموان باشتر ماناکانی بوونی ئێمەی وەک میللەتێکی بریندار لەو سەدەیەدا بەرجەستەکردووە.

کوردبوون وەک گوناهی یەکەم

ئەگەر بکرێت ئەزموونی ئەدەبی شێرکۆ بێکەس لە ڕستەیەکەدا کورتبکەمەوە، دەکرێت بڵێم ئەوەی ئەم شاعیرە لەناو ساڵە تاریکەکانی سەدەی بیستەمدا ئەنجامیداوە، گواستنەوەی ئەزموونی کوردبوونە بۆ ناو شیعر، کردنی شێوازە جیاواز و دەرکەوتە جیاوازەکانی کوردبوونە بە شیعر. بەڵام کوردبوون بە چ مانایەک و لە کام دید و گۆشەنیگاوە؟ بێگومان کوردبوون بەمانا ناسیۆنالیستییە بەرتەسکەکەی نا، بەمانا ئەتنیە داخراوەکەی نا، بەڵکو کوردبوون وەک دۆخی دەرکردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەزۆر بۆ دەرەوەی مێژوو و دەرەوەی زەمەن، وەک گوناهێکی گەورە بەرامبەر بە مرۆڤ، وەک ھێما بۆ پرۆژەیەکی گەورەی وێرانکردنی ئینسان لە دونیای ھاوچەرخدا. لەڕاستیدا لە ئەزموونی شێرکۆ بێکەسدا دەرکردنی کورد لە مێژوو وەک دەرکردنی ئینسان وایە لە بەهەشت، دروستکردنی ئێش و ئازار و وێڵگەردییەکی بێوێنەیە، توڕدانی مرۆڤە بۆ ناو دونیایەکی ناحەز و پڕوکێنەر. شێرکۆ بێکەس ئەم دەرکردنەی کورد لە مێژوو وەک ”گوناهی یەکەم“، نزیک لەو گوناهەی لە مەسیحیەتدا ناوی ”گوناهی بۆماوە“ی لێدەنێن، دەبینێت. گوناهێک کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی قوربانییەک کە خۆی بەرپرس نییە لە دۆخی بەقوربانیبوونی، قوربانییەک سەدەی بیستەم وەک گشتێک بەرپرسە لە دۆخی بە قوربانیبوونی. بەڵام ھاوکات ئەم قوربانییە بوونەوەرێکە تەسلیمی دۆخی قوربانیبوونەکەی خۆی نابێت، خەونێکی بەردەوام بۆ ساتی بەر لە بەقوربانیبوون، بەر لە دەرکردن و توڕدانەوە دەرەوەی مێژووەوە دەبینێت، نەک هەر خەونبینین، بەڵکو لە دۆخی ئیشکردنێکی سەرسەخت و بەردەوامیشدایە بۆ گەڕانەوە بۆناو مێژوو. بەم مانایە شێرکۆ بێکەس ڕەھەندێکی دینی و گەردونی قووڵ بەکوردبوون دەبەخشێت، وەک دۆخێک تەریب بەدۆخی دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت و ھەوڵدانێکی تراژیدی بۆ گەڕانەوە بۆ بەهەشت وێنایدەکات، وەک ھەوڵی ڕزگاربوونێکی قورس و نزیک لە مەحاڵ، ھاوکات ھەوڵێک پڕ لە ڕۆحی نەبەزین و کۆڵنەدان و پڕ لە ئیرادەی بەردەوامی و بڕێکی گەورە لە ئیستاتیکای شۆڕش و یاخیبوون. ئەوەی لە ئەزموونی ئەم پیاوەدا دەیبینین کوردبوونە بەو مانایانەی سەرەوە، کوردبوونە وەک ڕۆحێکی بریندار کە تەسلیمی برینەکانی نابێت، وەک جۆرە مرۆڤبوونێکی ڕێزلێنەگیراو کە تەسلیمی سوکایەتییەکان و ڕێزلێنەگرتنەکانی نابێت. ئەمانەن وادەکەن کوردبوون لە شیعری شیرکۆدا چەند چیرۆکی مرۆڤێکی تێکشکاو و بەناهەق دەرکراوبێت بۆ دەرەوەی زەمەن و دەرەوەی مێژوو، ئەوەندەش چیرۆکی مرۆڤێکی یاخی و ناڕازی و بەرگریکەربێت، چەند بوونەوەرێکی شەڵاڵی خوێن و ماندوو و بێبڕست بێت، ئەوەندەش چیرۆکی بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و خاوەن وزەیەکی ئەفسانەیی ڕۆیشتنی بەردەوام و گەڕانی سەرسەختانەی بێکۆتایی بێت بەدوای ئازادبوون و دۆزینەوەی ماڵێکی تاکەکەسی و نیشتمانی و ئینسانیدا، شوێنێک مرۆڤ بتوانێت مرۆڤبوونی خۆی سەربەرزانە لەناودا نیشتەجێبکات و بۆ ساتێک بێ سوکایەتیپێکردن و ئازاردان و ئیهانەکردن لەگەڵ مرۆڤبوونی خۆیدا بژی. لەم ئەزموونەدا ئیستاتیکای وێرانکاری و یاخیبوون بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر بەیەکدی تێکەڵبوون و ئەو ئەزموونە تایبەتەیان دروستکردووە کە ناوی ئەزموونی کوردبوونە: کوردبوون بەهەموو خەم و پەژارە و برین و، خەون و ئومێد و چاوەڕوانی و، جوانی و ناشیرینی و، تێکشکان و هەستانەوەکانییەوە. کورد وەک سیزێفێک کە گەمە گەورەکانی سەدەی بیستەم دروستیدەکات، بەڵام سیزیفێک ئومێدی ئەوە لەدەستنادات لە غەفڵەتێک لەغەفڵەتەکانی مێژوودا و لە سەدەیەک لە سەدە ئاڵۆزەکاندا لە سیزێفیەت ڕزگاریببێت، گەر تەنانەت لەڕێگای ناردنی نامەشەوە بێت بۆ خودا، نامەیەک کە نە بگاتە دەستی خودا و نە بەو زمانەش نووسرابێت کە لە ئاسمان قسەی پێدەکرێت. ئەم مانا تایبەتەیە وایکردووە شیعری شێرکۆ بێکەس لەهەرشتێک بێئومێد بووبێت لە کوردبوون بێئومێد نەبووبێت، کوردبوون هەم وەک شوناسی سەرەکی شیعری شێرکۆ و هەم وەک هێمایەکی تووڕە بۆ سەردەمێکی ناهەموار لە مێژووی مرۆڤایەتی و ھەم وەک کردەی یاخیبوونێکی تراژیدی لەزیاد لە فۆرمێکدا بمێنێتەوە. شیعری شێرکۆ شیعری سەردەمێکە پڕ لە تاوان و ژەھرکوژکردن و لەناوبردن.

هەرکەسێک سەرنجێکی خێرا لەکارە شیعرییە زۆرەکانی ئەم پیاوە بدات سەری سوڕدەمێنێت لەناوی ئەو هەموو مرۆڤ و شاخ و گوند و شار و لادێ و شەقام و کۆڵان و قەڵا و بەرزایی و شەهید و گۆرانیبێژ و شاعیر و پێشمەرگە و عاشق و ئافرەت و کرێکار و قوتابی و مۆسیقار و خائینە کوردانە کە لە جوگرافیای فراوانی ئەم شیعرەدا ئامادەن. مرۆڤ لەبەردەم کارە ئەدەبییەکانی ئەم پیاوەدا وا هەستدەکات گەر ئەم شاعیرە بیتوانیایە و بۆی بکرایە هەموو کوردی، مرۆڤ بە مرۆڤ و دەغڵ بەدەغڵی، دەخستە ناو شیعرەکانییەوە و دەیگەڕاندنەوە بۆ ئەو سەرەتای سەرەتایانەی کە مرۆڤ تیایدا دەبێت بە مرۆڤ بەمانا ئینسانی و ئەخلاقی و ئیستاتیکییەکانییەوە، بۆ ئەو زەمەنەی کە ڕێ لەوەدەگرێت مرۆڤ شوێنێکی پەراوێزیی پێببەخشرێت. کە دەڵێم هەموو کورد، باس لە شوناسێکی ئەتنی ناکەم، بەڵکو مەبەستم سەرتاپای ئەو دونیا و دۆخە تراژیدییەیە کە شوناسی کوردبوونی وەک یەکێک لە قوربانییە گەورەکانی سەدەی بیستەم دروستکردووە، باس لەدۆخی منداڵێک دەکەم لە قەڵایەکی سەخت دەرکرابێت و هەموو دەرگاکانی ئەو قەڵایەش بەجۆرێک ھەڵچنرابن ھەموو ڕێگاکانی بەڕووی گەڕانەوەی ئەو منداڵەدا داخستبێت. بەڵام منداڵێک کۆڵنەدات لە ھەوڵی گەڕانەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، بەهەموو ئازار و گرفت و نەهامەتیی و نائومێدییانەوە کە ئەم ههوڵی گەڕانەوە زەحمەت و هەندێکجار مەحاڵە، دەیناھێنێتە کایەوە. ھەوڵدانێک وەک وتم سەرێکی لەناو ئیستاتیکای وێرانکاری و دەرکردندایە و سەرەکەی تری لەناو ئیستاتیکای شۆڕش و یاخیبووندا.

شیعر وەک ویژدانی مێژوو

بەم مانایە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکە ناتوانین دایببڕین لە مێژووی پڕ کەوتن و هەستانەوەی سەدەی بیستەمی میللەتی ئێمە، ناتوانین وەک ویژدانی ئەو مێژووە و وەک بەرجەستەکەرێکی ڕاستگۆی ئومێد و نائومێدی و کارەسات و یاخیبوونەکانی ئەو مێژووە نەیبینین. شیعری شێرکۆ تەنها نیشتمانی مرۆڤە بریندار و یاخییەکان نییە، بەڵکو ژینگەی هەموو ئەو باڵندە و درەخت و شاخ و بەرد و کۆڵانانەشە کە بەشێکن لەو مێژووە و بەسەدان شێوەی جیاواز لەو مێژووەدا و لە شیعری شێرکۆدا تێکەڵن بە ئومێد و نائومێدی و ئیرادە و بێئیرادەیی ئەو مرۆڤەوە کە ناوی کوردە و بەو کێشەیەشەوە کە ناوی کێشەی کوردبوونە. لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێمەدا کەم نووسەر هەیە وەک شێرکۆ بێکەس باوەشی بەم گشتە گەورەیەدا کردبێت و لەگەڵ خۆیدا ئەو هەموو ساڵە درێژانەی سەدەی بیستەمی، بەهەموو دووکەڵ و ئاگر و دڵشکان و مژدەکانییەوە، بە ناوەوەی خۆی و بە دونیادا گەڕاندبێ. من هیچ شاعیرێکی تر ناناسم بەڕادەی شێرکۆ بێکەس باوەشی بەمێژووی نیشتمانەکەیدا کردبێت و ئەو مێژووەشی بەهەموو برین و پێکەنین و کارەسات و سەرکەوتن و ناشیرینی و جوانییەکانییەوە بۆ ناو شیعر گواستبێتەوە. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گرێدانێکی ئەبەدیی و ئەخلاقی و شیعرییانەی پیاوێکی داهێنەر و ناسکی کوردە بە مێژووی سەخت و ئاڵۆز و خوێناوی میللەتێکەوە کە لە هەموو ساتێکی ئەو مێژووەدا چەندەھا دڵۆپە خوێن و چەندەھا دڵۆپە ئومێد و چەندەھا دڵۆپە فرمێسکی چاندووە. دەڵێم ناتوانم بیر لە شاعیرێکی تر بکەمەوە لەم پەیوەندییە فاوستییەدا بێت بە نیشتمانەوە، مەگەر مەحموود دەروێشی فەلەستینی لێدەرچێت. ڕەنگە تەنها مەحموود دەروێش بەڕادەی شێرکۆ بێکەس بە مێژووی میللەتەکەی خۆیەوە گرێدرابێت و فرمێسک و خوێن و ئومێد و نائومێدی ئەو مێژووەی کردبێت بەشیعر. ئەم دوو شاعیرە پەیمانێکی میتافیزیکی لەنێوان شیعر و مێژوودا دروستدەکەن، لە شیعرەوە دەچنە ناو مێژوو و لە مێژووشەوە دەچنەوە ناو شیعر.

ترسێکی زۆرم هەیە مردنی شێرکۆ بێکەس مانای هەتیوکەوتنی ئەو مێژووە بێت، نەمانی دەنگێک بێت وەک ئەم پیاوە لەیەککاتدا لەسەر برین و کارەساتەکان و تریفەکان ئامادەبێت و لە شیعردا بیانکات بە برین و کارەسات و تریفەی نیشتمانی و ئینسانی، بیانکات بە بڕێک لە ئومێد و چاوەڕوانی و خەونی هاوبەش. نیشتمانی ئێمە بە مردنی ئەم پیاوە شاعیرێکی لەدەستدا کە بێ نیشتمان شیعری بۆ نەدەگوترا. لە مێژووی شیعریی دونیاشدا کەم شیعری باش و سەرکەوتوو هەیە وەک شیعری شێرکۆ بێکەس هەم شیعر بێت و هەم نیشتمان.

کوردبوون و بۆشایی

کوردبوون بەو مانایانەی سەرەوە لە شێرکۆ بێکەس بسێننەوە بۆشاییەکی گەورە و قووڵ، نەک تەنها دەکەوێتە ناو سەرجەمی ئەزموونە ئەدەبییەکەیەوە، بەڵکو ناو بوونی خۆشییەوە وەک مرۆڤێک، وەک کەسێک کە سەفەرێکی کورت و خێرا بەناو دونیادا دەکات و دواتریش لە قوژبنێکی ئەم ئەستێرەیەدا، دوور لە نیشتمانی خۆی، دەمرێت. شێرکۆ بێکەس بۆ هەر شوێنێک ڕۆیشتبێت، بۆ هەر کەسێک قسەی کردبێت، لەههر شار و کۆڵانێکی دونیادا ژیابێت، ههر کوردبووە، کوردبوونی خۆی بەکۆڵییەوە بووە و بردوێتی بۆ هەموو شوێنەکانی دونیا. ئەگەر دونیا کۆڵانێکی گەورەبووبێت شێرکۆ بێکەس وەک کوردێک لەو کۆڵانەدا ژیاوە. بەڵام ئەم کوردبوونە، ئەم ئامێزانبوونە بە مێژووی میللەتێکی بریندار، چەند خاڵێکی پڕ دڵناییە لە ئەزموونی ئەم پیاوەدا، واتە شێرکۆ چەند گومانی لەوە نەبووە کە شاعیرە و شاعیرێکی کوردە، هاوکات ئەم کوردبوونە بەھەمان ڕادە هاوشانبووە بەدڵەڕاوکێ و قەلەقێکی ئەدەبی و شیعریی گەورە، بەچۆنیەتی تەعبیرکردن لەم کوردبوون و شاعیربوونە، لەم گونجاندنەی کوردبوون و شاعیربوون و کوردبوون و شیعریەت، مێژوو و ئیستاتیکا لەگەڵ یەکدا. کەم شاعیری کورد هەن بە ڕادەی شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەر، واتە ”تەجریبی“ بن، خاوەنی ئەزموونێکی درێژی نووسینی جیاواز و دەربڕینی جیاواز و بابەتی جیاواز و زمانی جیاواز و ئیقاعی جیاواز و دەرکەوتنی شیعریی جیاواز بووبن. بەهەموو مانایەک شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەرە، ڕۆحێکی گۆڕانخواز و بێئۆقرە لەسەرجەمی کارەکانی ئەم پیاوەدا ئامادەیە. لەو شوێنانەدا کە خوێنەر چاوەڕوانی ئەوەیە کە بوەستێت، یان نوچێک بدات، یان جگەرەیەکی پشوودان دابگیرسێنێت، ڕێک لەوێدا سەرلەنوێ دەستیپێکردۆتەوە و سەرەتایەکی نوێی کێشاوە. ئەوەی لەسەرجەمی کارەکانی ئەم شاعیرە ڕابمێنێت بۆی دەردەکەوێت ئەم پیاوە لە هیچ گۆشەیەکی شیعریی و لەناو هیچ ڕووبەرێکی نووسیندا پشووینەداوە. شێرکۆ بێکەس لە جۆری ئەو شاعیرانەیە کە هەمیشە دەڕۆن و هەمیشە بەڕێوەن، لەم ئەزموونەدا گرنگ نییە بۆ کوێ دەڕوات، گرنگ نییە بەکوێ دەگات، گرنگ ئەوەیە نەوەستێت و سەرسامییەکانی بەڕێوەبوون و ڕێگاکردن ئەزموونبکات. شێرکۆ وەک مرۆڤ دەمرێت بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبوون و ڕێگاکردنە شیعرییەکەی بەردەوامدەبێت. خۆی وەک جەستە لێرە نییە بەڵام ھەم تارماییەکەی و ھەم ڕێگاکان و ھەم سەفەرەکانی لەگەڵمانن. دونیای شیعری ئەم پیاوە پڕیەتی لە شیعری هەمەجۆر، شیعری کورت و درێژ، سادە و ئاڵۆز، شانۆی شیعری و نامەی شیعری، ڕۆمانە شیعر و شیعری مەلحەمی، پۆستەرە شیعر و شیعر وەک ئاوێنەی بچووک، شیعری مەنفا و شیعری ناو کەشکۆڵی پێشمەرگە، شیعری ئومێد و شیعری نائومێدبوون ھتد… بەبۆچوونی من ئەم ڕۆحە شیعرییە پڕ دڵەڕاوکێ و پڕ جوڵە و پڕ نەحەسانەوەیە، بەشێکە لەنیوسەدە هەوڵدانی ئەم شاعیرە بۆ تەرجەمەکردنی کوردبوونی خۆی بۆ وێنە و زمان و ئیقاعی ناجێگیر و جیاواز و پڕجوڵە. ئەزموونی ئەم شاعیرە ڕوانینە لەخۆی و لەکوردبوون لەدەیان گۆشەنیگای جیاوازەوە، ڕازینەبوونە بەدانیشتن بەدیار یەک وێنە و یەک چیرۆک و یەک شێوازی تەعبیرکردن، چ لەخۆی و چ لەکوردبوون، وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ئینسانبوون لە یەکێک لەسەدە ھەرە سەختەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، مەبەستم سەدەی بیستەمە.

 ئازادی و خۆشەویستی و شەهیدبوون

پێموایە ئەو یاسا نەنووسراوەی سەرجەمی کارەکانی ئەم شاعیرە گەورەیە ئاراستەدەکات، کۆکردنەوەی ئەم سێ تەوەرە سەرەکییەیە بەیەکەوە، مەبەستم کۆکردنەوەی ئازادی و خۆشەویستی و شەهیدبوونە بەیەکەوە. ئەوانەی بەشیعری ئەم شاعیرە ئاشنان بەئاسانی ئەو ڕاستییە دەبینن کە شیعری شێرکۆ بێکەس شیعری گەڕانێکی بەردەوامە بەدوای ئازادیدا. ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەس تێیدا ژیا، ئەو نیشتمانەی قەدەر کردی بەنیشتمانی ئەم شاعیرە و ئەو مرۆڤانەی لەگەڵیاندا ژیا و خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی لەگەڵدا بەشکردن، دونیا و نیشتمان و مرۆڤی ئازاد نەبوون. هەموویان بەر ئازار و لەعنەتی سەندنەوەی ئازادیی کەوتبوون. ئەمە وادەکات گەڕان بەدوای ئازادیدا، هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی ئازادی، هێنانی ئازادی بۆ ناو ژیان و پەیوەندییەکان و شیعر، بەشێکی گەورەی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس بێت. شێرکۆ کە ئازادی لەناو دونیا و پەیوەندییەکان و ژیانی مرۆڤەکاندا نادۆزێتەوە، هەوڵئەدات، لانیکەم خۆی، لەناو شیعرەکانیدا ئازادبێت، هەوڵئەدات خولیای خۆی بۆ ئازادی وەک هێزێکی گەورە، فڕێبداتە ناو زمان و ناو شێواز و ناو بابەتە شیعرییە جیاوازەکانییەوە. لەم ڕووەوە شیعری شێرکۆ شیعرێکە لە هیچ وێستگەیەکدا ناوەستێت، لەناو هیچ سیحرێک لەسیحرەکانی زماندا جێگیر نابێت، هیچ ئەزموونێکی نووسینیش نابێتە دواهەمین ئەزموونی ئەم شاعیرە. گەڕان بەدوای ئازادیدا و دروستکردنی ئەم ئازادییە لە شیعردا، وادەکەن ئەم شاعیرە لەدۆخی دڵەڕاوکێ و گەڕانێکی بێکۆتاییدا بێت. ئەو نایەوێت لەناو یەک دەرکەوتی ئازادیدا تا ئەبەد بژی، ئەو لەناو ئازادی خۆیدا بەدوای ئازادی زیاتر و قووڵتردا دەگەڕێت، ئازادییەک بەردەوام ڕووبەڕووی ئەزموونی ئینسانی و ئەزموونی شیعریی تری بکاتەوە. ئەگەر ڕۆژە درێژ و قورسەکانی سەدەی بیستەم ویستبێتیان ئەم پیاوە بەدەیەها سنووری ئەستور و بازنەی داخراو گەمارۆ بدەن،، ئەوا شیعر ئەم پیاوەی کردووە بە بوونەوەرێکی کۆچەریی، بەگەڕیدەیەکی هەمیشەیی بێماڵ، بەکەسێک هەم ئازادی خۆی لەناو شیعرەکانیدا بژی و هەم شیعرەکانیشی وەک ناڕەزاییەکی گەورە بەڕووی دونیایەکی نائازاددا بەرزبکاتەوە. شیعر وەک کردەی ئازادبوون خۆی و وەک ئامرازی سەرەکی گەیشتن بە ئازادی خۆشی.

بەڵام ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گۆڕینی ئازادیی نییە بۆ دۆخێکی نەفسی ناوەکی، ئەزموونی ئیشراق و داگیرسانێکی ناوەکی نییە وەک لای سۆفییەکان دەیبینین، ئەم ئازادییە ئازادییەکی نەفسی نییە داپچڕاو لە دونیا، گەڕانەوە و نووقمبوون نییە لەناو خود خۆیدا، بازدانێکیش نییە بەرەو موتڵەق و باوەشکردنیش نییە بە ئاسمانێک لە ئاسمانەکاندا. لەهەمانکاتدا ئازادییەکیش نییە تەنها لە ڕێگای ئەزموونکردنی شیعرەوە، لە ڕێگای دەسکاریکردن و تازەکردنەوەی بەردەوامی زمان و وێنە و تێکستەکانەوە بەدەستیبهێنێت. ئازادی لە شیعری شێرکۆدا نە ئازادییەکی سۆفییانە و نە ئازادییەکی تێکستیانەیە، ئازادییەک نییە مرۆڤ لە ناوەوەی خۆیدا، یان لەناو زماندا بۆیبگەڕێت، بەڵکو ئازادییەکی سەرزەمینیی و دونیایی و مێژوویی و جوگرافی و ماتریالییە، ئازادییەکی بێشوناس نییە، ئازدییەکی کۆنکریتە، مرۆڤ لەناو موتڵەق و خود خۆیدا بۆیناگەڕێت، بەڵکو لەناو دونیا و لەناو پەیوەندی و لەناو ژینگە تایبەتەکاندا بەدوایدا دەگەڕێت. جگە لەمە ئازادی شێوازێکیشە لە بیرکردنەوە مرۆڤ تیایدا دوورتر لەخودی خۆی دەڕوات و دوورتر لەخودی خۆی دەبینێت. ئازادی لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا بەشێکە لەکردەی دوورتر بینین و دوورتر ڕۆیشتن لە ڕێگای یاخیبوونی سەرزەمینیانەی مرۆڤەوە لەناو مێژوو  و کۆمەڵگه‌ و لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا. ئازادی کۆتاییهێنانە بە هەموو ئەو بەربەستانەی کە ناهێڵن بڕۆین و ببینین، لە شیعری شێرکۆدا ئەم کۆتاییە پرۆژەیەکی دەستەجەمعی دونیاییە. ئەگەر هێزێکی گەورە مرۆڤی لە بەهەشت دەرکردبێت، ئەوکات هیچ شاعیرێک بەهێزی خۆی و بەهێزی زمان بەتەنها ناتوانێت بۆ ئەو بەهەشتە بگەڕێتەوە. مرۆڤی دەرکراو لە بەھەشت پێویستی بە ئازادییەکی ھاوبەش و پێکەوەییە بۆ گەڕانەوە بۆ بەھەشت. بەبۆچوونی من ئەم تێگەیشتنە بۆ ئازادی کۆڵەکەی سەرەکی ئەزموونی شیعریی و هەڵوێستی حەیاتی شێرکۆ بێکەسە. ئەم تێگەیشتنەیە وادەکات شێرکۆ هەم خۆی خەباتکەرێکی سیاسی بێت، هەم لەناو شۆڕش و یاخیبوونی کۆمەڵگه‌کەیدا بژی و بەشداربێت، هەم شیعرەکانیشی بەشێکبن لەکردەی فراوانکردنی ڕووبەرەکانی یاخیبوون لەناو نووسین و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا، هەم خۆشی وەک شاعیر بەردەوام لە دۆخی یاخیبووندابێت بەڕووی زماندا و خەریکی بەجێهێشتنی ئەو سنوورانەبێت کە زمان دروستیاندەکات و وەک بەربەست لەبەردەم ئازادیدا بەرزیاندەکاتەوە. شێرکۆ بێکەس لە شیعردا دەیتوانی بچێتە ئەودیوی سنوورە ناوەکییەکانی زمان و سنوورە ناوەکییەکانی شیعرەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئازادی ئەم دەرچوونە ناوەکیی و شیعرییەی پێ کافی نەبوو. ئاخر ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەسی تێدا ژیا، دونیایەک بوو پڕ لە مرۆڤ و باڵندە و سروشتی دیل و کوژراو، سیخناخ بە بای ژەھراوی، پڕ لە فڕۆکەی جەنگی و بۆمبای هەمەجۆر، لێوانلێو لە عاشقی کوژراو و نائومێد، مرۆڤی ڕووتکراوە لەمرۆڤبوون و میللەتی فڕێدراو بۆ دەرەوەی مێژوو. ئەم شتانە وادەکەن ئەو ئازادییەی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس بەدوایدا دەگەڕێت، ئازادی ڕۆحیی ئەم یان ئەو داهێنەر نەبێت بەتەنھا، هەروەها ئازادی ئەم ئینسان یان ئەویتریان نەبێت وەک تاکەکەس بەتەنها، بەڵکو ئازادی ئەو دونیا بریندار و ئەو مێژووە بێمێژووە و ئەو میللەتە دەرکراوانەبێت کە وەک گشت نائازاد و ناسەربەخۆن. ئازادی لێرەدا ئازادییەکی کۆیی و دەستەجەمعییە، هی هەموان بۆ هەموانە، ئازادی ئینسانە لەناو دونیا و لەگەڵ دونیا و ئەوانیتردا، لەناو ئەو ژینگە و نیشتمانانەدا کە مرۆڤ و موقەدەس و سروشتی سووتاو دروستدەکات. بەڵام شێرکۆ بێکەس لەناو ژیاندا و لەگەڵ ئەوانیتردا، لەهەر پرۆژە و کارێکی پێکەوەییدا بەشداربووبێت، شیعری ئامرازی سەرەکی و ماتریالی هەرە گرنگی ئەو بووە بۆ هەڵکەندنی بەردەوامی ئەو ئازادییە لەناو ڕەگی ئەو مێژووە و لەسەر بەردی ئەو دونیایە. شێرکۆ کە ئازادی لە شیعردا وەک ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی زمان و ئەودیوی داڕشتنەکان دەبینێت، لە دونیادا وەک کردەی ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی ڕیزبەستنی ئێستای پەیوەندییەکان و ئیشکردنی قەدەرەکان و نەفرەتی لەعنەتە مێژووییەکان دەبینێت.

عەشق، یان خۆشەویستی

دەمەوێت لێرەوە بپەڕمەوە بۆ بابەتی دووەم لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا کە بابەتی عەشق، یان خۆشەویستییە. هەموو خوێنەرێکی سادەی کارەکانی شێرکۆ بێکەس ئەوە دەبینێت خۆشەویستی چ ڕووبەرێکی گەورەی لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا داگیرکردووە. بەبۆچوونی من ئەزموونی خۆشەویستی لە شیعری شێرکۆدا پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆی بەئەزموونی ئازادییەوە هەیە بەو مانایەی لەسەرەوە بە ئازادیمان بەخشی. واتە ئازادی وەک پرۆژەیەکی گەورەی سەرزەمینی و هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکاندا. خۆشەویستی لێرەدا تەواوکەری ئەو ئازادییەیە، یان ڕەنگە مەرجی سەرەکی گەیشتن بەو ئازادییە بێت. لە خۆشەویستیدا مرۆڤ ئەتوانێت بازبدات، باز بەسەر حەز و تەماحە تایبەتەکانی خۆیدا بدات، دەتوانێت خودی خۆی تێپەڕێنێت، قازانج و دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆی لەبیربکات. خۆشەویستی پێکەوەبوونێکی ناسک و باوەشکردنێکی پڕ شەوق و پڕ ئولفەتی ئازادانەی مرۆڤەکانە بەیەکتریدا. وەکچۆن ئازادی شتێک نییە بە ئینسان درابێت، بەڵکو ئینسان دەبێت دروستیبکات، خۆشەویستیش شتێکە دروستدەکرێت، دادەڕێژرێت و گەشەی پێئەدرێت و خەمی بۆدەخورێت. لە شیعری شێرکۆدا خۆشەویستی وەک کوردبوون وایە، شتێکە دەستەجەمعی و ئینسانی، ھەوڵدانێکە بۆ پاککردنەوەی مرۆڤ لە خڵتەکانی ناو دونیا. شێرکۆ وەکچۆن لە کوردبوون بێئومێد نابێت ئاواش لە خۆشەویستیش بێئومێد نابێت. لە شیعری شێرکۆدا خۆشەویستی وەک ئازادی هەمیشە ئامادەیە، هەمیشە دروستدەکرێت و بەردەوام پێویستی بە پاراستن و تازەکردنەوەیە. خۆشەویستی کەی مرد دەشێت زیندوو بکرێتەوە، جارێک بە شیعر و جارێک بە شۆڕش و یاخیبوون و جارێکیش لەڕێگای تێکەڵکردنی تەنیایی دوو ئینسانەوە بەیەکتریی. لای شێرکۆ بێکەس وەکچۆن کوردبوون هێمایە بۆ دۆخێک مرۆڤ تیایدا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت و ڕێزی ئازادی دەگرێت، ئاواش مەرجی سەرەکی لە عەشقی ڕاستەقینەدا ڕێزگرتنی ئازادیی کەسەکانە لەیەکتری، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ھەم خۆی خۆشەویستییەکی ئازادە، ھەم خۆشەویستی دوو مرۆڤیشە بۆ ئازادیی.

لە بەشێکی زۆری شیعری شێرکۆدا خۆشەویستی هێزێکە دژ بەکۆیلەیەتی و دژ بەشکاندنی ئیرادە و دژ بەداماڵینی مرۆڤەکان و نیشتمانەکان و مەسەلەکانە لە شوناسی خۆیان، بەرگرییە لەو شتانەی ئەو کەسانە دەکەن بەکەس و ئەو نیشتمانانە بەنیشتمان و ئەو مەسەلانەش بەمەسەلە. خۆشەویستی مانای ڕێزگرتنی تایبەتمەندیەتییەکانی یەکتری، لە تایبەتمەندێتی مەعشوقەوە بۆ تایبەتمەندێتی نیشتمان. لە شیعری شێرکۆدا خۆشویستنی کوردستان، خۆشویستنی شەهیدان، خۆشویستنی منداڵان و گەنجان، خۆشویستنی خانمان، مانای پاراستنی هەموو ئەو شتانە بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت هەبن و ببن. مانای ئەوەی کوردستان بتوانێت کوردستانبوونی خۆی بژی، شەهیدان بتوانن شەهیدبوونی خۆیان بژین، منداڵان بتوانن منداڵبوونی خۆیان بژین، گەنجان و ئافرەتان بتوانن گەنجبوون و ئافرەتبوونی خۆیان بژین. پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانەش تەنها کردەیەکی تاکەکەسی نین، بەڵکو پرۆژەی دەستەجەمعی و پێکەوەیین و لێرە و لەم ساتەدا پێویستیان بە بونیادنان و دروستکردن ھەیە. لەم ئاستەدا تەماهییەکی گەورە لە شیعری شێرکۆدا لە نێوان خۆشەویستی و ئازادیدا هەیە و زۆرجار وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ژیان دەردەکەون کە کەسیان بێ ئەویتریان ناژی. بەڵام ژیان تەنها وەک ژیان نا، وەک شتێک نا کە بەشێوەیەکی سروشتی بە مرۆڤ بەخشرابێت، بەڵکو ژیان وەک بەشێک لە کردەی ئازادیی، ژیانێکی ئازادانە، بەدوور لە ھەموو جۆرە سوکایەتیکردنێک بە مرۆڤ. ئەم گرێدانە سەختەی خۆشەویستیی بەئازادییەوەیە وادەکات بابەتی شەهید و شەهادەت یەکێک بێت لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو شیعری شێرکۆ بێکەس.

شەهید

شەهید لە شیعری شێرکۆدا بوونەوەرێکی مەرگدۆست نییە، مرۆڤێک نییە بەدوای مردنی خۆیدا وێڵبێت، کەسێک نییە نەیەوێت بژی، یان لە ژیان هەڵبێت، یان تەماحی لەوەبێت بەھەشتێکی ئاسمانی و لەشکرێک پەری بباتەوە. بەپێچەوانەوە شەھید لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا بوونەوەرێکە هەم عاشقە و هەم ئازاد، ھەم دونیاییە و ھەم ڕۆژانەیی، ھەم سادەیە و ھەم ئاڵۆز. شەهید لای شێرکۆ بێکەس تێکەڵێکی گەورەیە لە خۆشەویستی و ئازادی، لە سەودایەکی بەرپرسیار و لەگەڕانێکی بێماندوبوون بەدوای ئازادیدا، لە عەشق بۆ ژیان و لە عەشق بۆ نیشتمان. لەڕاستیدا ئەو خاڵەی کە تهوهری عەشق و خۆشەویستی و ئازادیی لە شیعری شێرکۆدا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و بەیەکتریان تێکەڵدەکات، شەهادەتە. شەھادەت کردەی قوربانیدان نییە بەتەنها، بەڵکو کردەی کۆکردنەوەی پارچە جیاوازەکانی ژیانە بەیەکەوە بۆ کردنیان بە گشتێکی قابیلی ڕێزگرتن و قابیلی ژیان. شەھید لە ئەدەبیاتی ئەم پیاوەدا ناوێکی ترە بۆ مرۆڤێکی عاشق و جەنگاوەرێکی ئازاد، هێمایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ مرۆڤێک ئەوەی کە دەیجوڵێنێت ھەم خۆشەویستییەکی قووڵە بۆ خۆی و بۆ دونیا و بۆ ئەوانیتر و ھەم گەڕانێکی پڕ مەترسی و ڕیسکاویش بەدوای ئازادیدا. شیعری شێرکۆ بێکەس ڕووبەرێکی ڕەمزی بەرفراوانە بۆ کۆکردنەوەی ئازادی و خۆشەویستی و شەهادەت بەیەکەوە. شەھید ناوکێکی ترە بۆ ئازادی و عەشق، ئازادی عەشقێک مرۆڤ بتوانێت لەناو دونیادا پیادەیانبکات.

لە وێرانەیەکی ئینسانییەوە

بۆ دونیایەکی ئینسانی

شێرکۆ بێکەس پیاوێکە بەقووڵی هەردوو دەستی لەناو مێژووی سەدەی بیستەمی ئێمەدایە. پیاوێکە بەناو ئەم مێژووەدا دەگەڕێت و پارچە سوتاو و کوژراو و خنکاو و وێرانکراوەکانی کۆدەکاتەوە و بە مەراقێکی زۆرەوە دەیانباتە ناو ماڵی شیعرەوە، بە ئومێدێکی زۆریشەوە دەیەوێت لەو ماڵە شیعرییەوە بپەڕێتەوە بۆ ناو مێژوویەکی پاکتر و جوانتر و ئینسانیتر. شیعری شێرکۆ ئەزموونی سوڕانەوەیەکی بەردەوامە بەناو وێرانەیەکی ئینسانی گەورەدا و تۆمارکردنی ڕووکارە خەمبار و ڕۆژانەییەکانی ئەو وێرانەیە، بەڵام ئەم تۆمارکردنە تەنها بۆ ئەوە نا ئەو دونیایەمان لەبیرنەچێتەوە کە وێرانە و میللەتێکی تێدا دیلکراوە، بەڵکو بۆئەوەی بتوانین ئەو وزەیە لەناو خۆمان و لەناو مێژوودا دروستبکەین کە بتوانێت ئەو وێرانەیەمان بۆ بگۆڕێت بە دونیایەک قابیلی ژیان. دونایەک بتوانین تیایدا ھەم عاشق بین و ھەم ئازاد. ئیستاتیکای شیعری شێرکۆ بێکەس ئیستاتیکای بینین و هەستپێکردن و هەوڵدانی گۆڕینی ئەو وێرانە ئینسانییەیە بە دونیایەکی ئینسانی. مرۆڤ کە لە بەهەشت دەرکرا دوو ئەگەری لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا تەسلیمی ئەم قەدەرە سەختەی دەرکردن دەبێت و لەچاوەڕوانی مردندا دادەنیشێت، یان ئەوەتا هەموو هێزی دەخاتەکار بۆ گەڕانەوە بۆ بەههشت، لەهێزی ئیرادەوە بۆ هێزی زمان و لە ھێزی ئەخلاقەوە بۆ ھێزی ئیستاتیکا. شێرکۆ بێکەس لەجنسی ئەو مرۆڤانەیە کە بەردەوام عەوداڵی ئەگەری دووەمین. پیاوێکە دەیەوێت لەگەڵ خۆیدا بمانبات بۆ بەهەشت، بەهەشتێک لێرە و لە ئێستادا، لە سبەینێ و دووسبەی دونیادا، بەھەشتێک لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و لەپاڵ عەشق و ئازادی و شیعردا. بەهەشتێک نا لە ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکانەوە هاتبێت، بەڵکو لەباوەڕی ئینسانەوە بە مرۆڤ و عەشق و ئازادی و بە دونیایەکی باشتر و بە مێژوویەکی جوانتر و ئینسانیترەوە هاتبێت.

لە هەمووشی گرنگتر شێرکۆ بێکەس پیاوێک بوو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ بیرکردنەوە و عەقڵ و ھەستکردنەکانی خۆیدا. بێ شەرمکردن ئەوەی بەڕاستی دەزانی دەینووسی، ئەوەی بەهەقی دەزانی بەرگریلێدەکرد و چیشی بە شایانی هێرشکردنە سەر زانیبێت، هێرشی کردۆتەسەر. کەی بەپێویستی زانیبێت بچێتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی دەرببڕێت چووە، کەیش باوەڕی وابووبێت پێویستە بەرگری لەم یان لەو هێزی کۆمەڵایەتی بکات، کردوویەتی. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم پیاوە بە حەفتا ساڵ تەمەنەوە لەناو خۆپیشاندانەکاندا، لەناو ناڕەزایی دەربڕینەکاندا، لەناو کەمپینە جۆربەجۆرەکاندا، ئامادەبووە. هەموو قورساییە شیعری و ڕەمزییەکەی خۆی دەخستە پاڵ هەموو ئەو مەسەلە و ڕووداوانەوە کە بەشایستەی بەرگریلێکردنی دەزانین. لەمەشدا عەقڵ و تێگەیشتنی خۆی وەک شاعیرێک مەحەکی بوو. شێرکۆ بێکەس لە مێژووی ئەدەبی و ئیستاتیکی سەدەی بیستەمی ئێمە دەربهێنە، نەک تەنها کەلێنێکی گەورەی تێدەکەوێت، بەڵکو زیاد لە پایەیەک لە پایە سەرەکییەکانی دەڕوخێت.

شێرکۆ بێکەس و من

ئەوەندەی بیرم بێت من تا ئێستا سێ جار بۆ مردووەکان گریاوم، ساڵی پار بۆ دایکم کە لەپڕ و بێھیچ پێشینەیەک لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا کۆچیی دوایی کرد، ساڵی ١٩٨٣ بۆ پۆلێک لە پێشمەرگەی هاوڕێ و دۆستی ڕاستەقینە و دێرینم، ئەم چەند ڕۆژەی دواییش چەند جارێک بۆ شێرکۆ بێکەس. یەکێک لەو ھۆکارانەی وا لەمن دەکات کوردبوونی خۆمم خۆشبوێت و ڕێزێکی تایبەتم بۆ ئەو ڕاستییە هەبێت کە کوردم، بوونی ئەزموونی شیعریی و ئیستاتیکی ئەم پیاوەیە. بەدرێژایی ساڵانێکی درێژ ئەم پیاوە چەندەھا جار ڕووە جوانەکانی کوردبوون و ڕووە جوانەکانی زمانی کوردی وەک زمان و ڕووە جوانەکانی شیعری وەک تۆمارێکی ویژدانی بۆ خەمە قووڵەکانی مرۆڤ، نیشاندام. ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی تا ئەو سێ شتە مابن، مەبەستم تا کوردبوون و تا زمانی کوردی و تا جوانیی مابێت، ئێمە لەگەڵ ئەم پیاوەدا بمێنینەوە.

ئەمستردام

مانگی ٨ ساڵی ٢٠١٣