ژیانی پڕ لە هەڵەت و داهێنەرانەی شانۆنامەنووسێک
ژیانی پڕ لە هەڵەت و داهێنەرانەی شانۆنامەنووسێک
تیشکێک بۆ سەر کتێبی “ئاوگوست ستریندبێرگ”
خوێندنەوەی: سەردەم
“بە تاسە و تامەزرۆیی بەهەشتەوە لە دایک بووم، وەک منداڵێک بۆ قێزەونیی بوون گریام. هەستم دەکرد لە نێو خزم و کەسوکار و کۆمەڵگەدا بێگانەم. هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە بە دوای خودای خۆمدا گەڕام، بەڵام شەیتانم دۆزییەوە. من لە گەنجیمدا خاچی مەسیحم لە کۆڵ نا و حاشام لە خودایەک کرد، کە قایلمەندە بەوەی ببێتە کەڵەگای کۆیلەگەلێک، کە دەستی جەللادەکانیان ماچ دەکەن.”
ئاوگوست ستریندبێرگ
لە کتێبی “دۆزەخ”ەوە
ئەمە دەروازە و سەرەتای کتێبێکی ٢٨٥ لاپەڕەییە، کتێبەکە بەم ناونیشانە خۆی بەیان کردووە: (ئاوگوست ستریندبێرگ: ژیانی مرۆڤێکی بێدەرەتان و نووسەرێکی ڕچەشکێن؛ بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن). ئەم کتێبە شانۆکار و نووسەر و لێکۆڵەری بواری شانۆ، دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبەکە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت ئەم کتێبە بە خوێنەران بناسێنرێت، کتێبێک کە شیاو و شایستەیە بە هەموو ئەوانەی عاشقی دەقی جوان و کتێبی ناوازەن لە کتێبخانەی ماڵەوەیاندا هەبێت.
دانا ڕەئووف ئاوا باسی ئەم کتیبەی دەکات: “من تا ئێستا چەندین جار کارم لە سەر ژیان و بەرهەمەکانی نووسەری سوێدی ئاوگوست ستریندبێرگ بە کوردی و بە سوێدی کردووە. یەکەم بەرکەوتنەکانیشم لەگەڵ ئەم نووسەرە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغداد قوتابی بووم و ڕۆژانە کارمان لە سەر شانۆنامەکانی دەکرد. لە سوێدیش، کە زێدی ئەم نووسەرەیە، زیاتر بە ژیان و بەرهەمەکانی ئاشنا بووم، فێربوونی زمانی سوێدی ئەو دەرگایەی بۆ کردمەوە، کە ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانی بەو زمانە بخوێنمەوە کە پێینووسراون.”
کەوایە ئێمە لە بەردەم کتێبێکداین کە نووسەرەکەی بە ڕیشە و کارەکانی ئاوگوست ستریندبێرگ ئاشنایە و ساڵانێکە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو نووسەرە دەکات، هەر ئەمەیە جیای دەکاتەوە لەوەی ئەم کتێبە تەنیا ناساندن و ژیاننامەیەکی هاکەزایی نەبێت، بەڵکو وردتر و قووڵتر لەوە دەڕوات و دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دنیای ئاوگوست ستریندبێرگ بە تایبەتی و دنیای شانۆکانیشی.
ئاوگوست ستریندبێرگ نووسەرێکی پڕ کار و هەمەکار بووە، لە چەندین بواردا نووسیویەتی و لە هەریەک لەو بوارانەشدا داهێنانی کردووە، بەڵام هیچیان وەک سیمای شانۆیی و ئامادەیی ئەو لەو بوارەدا بەرجەستە و درەوشاوە نییە. لەو کایانەدا کە کاری کردووە و بەرهەمی پێشکەش کردووە: ڕۆمان، پرۆسە، شیعر، کورتەچیرۆک، نۆڤلێت، شانۆنامە، پەخشان، ڕیپۆرتاژ، سەفەرنامە، گوتار، ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری و مێژوویی. بە نووسین و داهێنانەکانی توانیویەتی زمانی سوێدی و دراما و شانۆی جیهانی نوێ بکاتەوە لە سەر ئاستی جیهان، چەندین دەرگا و هەلومەرجی تر و جودا بە ڕووی ئەدەب و هونەردا بکاتەوە، تا ئێستاش کۆی بەرهەمەکانی لە ٧٢ بەرگدا و نامەکانیشی لە ٢٢ بەرگدا چاپ کراون.
دانا ڕەئووف بە چێژێکی زۆر و سەلیقەیەکی جوانکارانەوە ئەم کتێبەی نووسیوە، هەوڵی داوە لەمیانی بەشبەبەشی ئەم کتێبەوە، نووسەرێکی داهێنەر و مەزن بناسێنێت، نووسەرێک، هەر دەڵێی بە تونێلێکی تاریک و دۆزەخیدا تێپەڕیوە و ژیاوە! توێژەر ساڵانی ساڵە لەگەڵ بەرهەم و کار و نووسراو و نمایشەکانی ئاوگوست ستریندبێرگدا دەژی، لە چەندین شوێن و کات و هەلی جیاجیادا بۆ نووسراوەکانی ئەم نووسەرە گەڕاوەتەوە و دەربارەی نووسیون و چەندین جار نمایشەکانی لە سەر تەختەی شانۆکانی جیهان دیوە، هەر بۆیە دەبینین کە ئەم کتێبە بەرهەمی توێژەرێکە، بەر لەوەی ڕاسپێری و داخۆزی بێت، بەڵکو ئەڤینێکی لەمێژینەیە و لێکۆڵەر بە چێژەوە چنیویەتی. لە گوزەری خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە تێدەگەین پێگەی نووسەر و هونەرمەند لە کوێدایە و چۆنە، هاوکات لەوەش تێدەگەین کە ڕەنجی ژیان چۆن نووسەرانی داهێنەر ئازار دەدات، بەڵام هەرگیز لە داهێنان پەکیان ناخات. ژیانی ئاوگوست ستریندبێرگ نموونەی ژیانی کەسێکی بەدبەختە، ئەو جیا لەوەی بە دەست ئازارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە ناڵاندوویەتی، هاوکات دۆخی ژیان و گوزەرانی ڕۆژیش، بەردەوام چەوساندوویانەتەوە و زیز کراوە، ئاوگوست ستریندبێرگ نموونەی ئەو داهێنەرانەیە کە لە بەردەم جوانییەکاندا بە چۆکدا هاتووە و بچووکترین ساتی ژیانی بۆ چنینەوەی جوانی تەرخان کردووە، ئەم نووسەرە سەرچەشنێکە کە دەتوانین لێیەوە مانای ژیان بخوێنینەوە، بە واتایەکی تر: ئاوگوست ستریندبێرگ چڕکراوەی ژیانی کەسایەتییەکە وێڕای داهێنانەکانی، وەک هەرکەسێکی ڕەنجبردوو، بە ناو ژیاندا تێپەڕیوە و دوایین نوختەی داناوە.
دانا ڕەئووف هەوڵی داوە لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی پانۆرامایی ژیانی ئاوگوست ستریندبێرگ بخاتە ڕوو، شوێنپێهەڵگرانە دوای کارەکانی ئەم نووسەرە کەوتووە، بە دوای ئەو بڕگە و پارچە ژیانانەدا گەڕاوە کە ئاوگوست ستریندبێرگ پێیاندا تێپەڕیوە، هەڵگرتنەوەی ئەو بەش و پارچانە کارێکی کردووە کە مرۆڤێک بناسین، سەرباری ژیانە داهێنەرانەکەی لە بواری نووسیندا، هاوکات پڕە لە هەڵبەزودابەزی ڕۆژگار و بارودۆخ و بە چڕی ژیان و نوقمبوون لە ڕووداوەکانی دەوروبەریدا. دانا ڕەئووف لە پاڵ کێشانەوەی پۆرترێتی ئاوگوست ستریندبێرگ بە وشە، هەوڵ دەدات وێنای کەسێکمان بۆ بنوێنێت کە ئینسان بووە، نەک ئەفسانە و سەرووباڵا، بەڵکو لە بەردەم کەسێکداین کە شکست و کەوتنەکانی، ڕەنج و ماندووبوونەکانی، چەندقاتی خۆشبەختی و خەنیبوونەکانی بوون. ئەم نووسەرە قاڵبووی ژیان و ئەزمووکانی بووە، هەر ئەوەش وای کردووە کە نووسین پانتاییەک بێت بۆ نووسینەوەی ئەو ژیانەی کە تێیدا بە ڕێی کردووە، ئەو بە چڕی و تۆکمەیی سەر بە زمان و ئەدەب و هونەری وڵاتەکەیەتی کە سوێدە، ئاوگوست ستریندبێرگ قۆناغێکی گەورە و گرنگی ژیانی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و ئەدەبیی سوێدە و هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم ژینگەیە و وڵاتی سوێدەوە و لە دەرەوەی ئەو فەرهەنگە سوێدییە بە تەواوی لە ئاوگوست ستریندبێرگ تێبگات. نووسەری بەئەزموونی سوێدی و ئاوگوست ستریندبێرگناس (یان میرداڵ) دەڵێت: “لە سوێد ئاوگوست ستریندبێرگ گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئێمە هەیە. ئەو بۆ ئێمە تەنیا نووسەرێک نییە، ئەو ژیانێکە، هەروەها ئەویش هەر وای دەخواست. ئەو خودی خۆی لە ئێمەدا نووسیوە.”
دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دەقی شانۆیی و کتێب و نامە و بابەتی بە سەر کردووەتەوە، بە تایبەت زۆر بە وردی دەربارەی چەند دەقی شانۆیی ئاوگوست ستریندبێرگ وەستاوە، لێرەشدا بەپێی ئەزموون و دنیابینیی خۆی لەو کایەیەدا، هەوڵی داوە ڕۆبچێت بە لایەنە هونەرییەکانی ئەو دەقە شانۆییانەدا، هاوکات بەردەوامیش چاوێکی لە سەر نمایشی ئەو دەقانەیە، لێرەشدا بە وردی کێشەکانی ئاوگوست ستریندبێرگ لەگەڵ دەرهێنەر و ئەکتەر و دیزاینەرانی دیکۆر و ڕووناکیی شانۆکانیدا دەخوێنینەوە.
ئاوگوست ستریندبێرگ نموونەی ئەو نووسەرانەیە کە بەردەوام دوودڵ و قەلەق بووە، بەردەوام لە دڵەڕاوکێی نووسین و داهێناندا بووە، کێشەی گەورە و قووڵی لەگەڵ ژناندا هەبووە، لەو ڕووەوە، چەند جار ژیانی هاوسەریی پێک هێناوە و بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە، جیا لە چەندان پەیوەندیی لابەلا و هاوڕێ و هەڤاڵی ژنی تر، کە بەردەوام دەستبەتاڵ لێی هاتووەتە دەرەوە، هەر ئەمەشە وای کردووە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانەی بۆ ژن و پڕۆسەی هاوسەرگیری هەبێت، ئەمەش لە دەقە شانۆییەکانیدا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە.
کتێبەکە لە “دەروازەیەک” و چواردە بەش پێک هاتووە، لێرەدا چەند بەش و ناونیشانی لاوەکی دەنووسینەوە، تا بۆ خوێنەر ڕوون بێت کە توێژەر چەند بە عەشقەوە ئەم کتێبەی نووسیوە: (بەشی یەکەم: منداڵی و سەرەتاکانی ژیان. بەشی دووەم: ئاوگوست ستریندبێرگی نووسەر، شانۆ و دەستپێکێکی گرنگ، ئوستاد ئولوف. بەشی سێیەم: سەرەتای عەشقێکی گەورە و ناوبانگێکی ئەدەبی، ژووری سوور. بەشی چوارەم: سەفەر و ژیانی تاراوگە، سیری و چیرۆکەکانی “ژنومێردایەتی” و شەڕی دژ بە ئافرەت، ژنومێردایەتی و کۆتایی سەرەتای شەڕێکی درێژخایەن، دەگەڕێمەوە، گەشتی خەیاڵستان، کاپتن و شەڕێکی دۆڕاو، کوڕی کارەکەر. بەشی پێنجەم: باوک، خاتوو ژولیا و سەرەتایەکی نوێ لە دانیمارک، گوتاری بەرگریلەخۆکردنی شێتێک، خاتوو ژولیا، خاتوو ژولیا گەمەی دەسەڵات، ستریندبێرگ و نیتشە، ستریندبێرگ و شانۆیەکی ئەزموونگەری، پاریا، ئەڵتەرناتیڤ یان تەقەلای خۆڕزگارکردن. بەشی شەشەم: گەڕانەوەیەکی کاتی، جیابوونەوە و سەرلەنوێ هاوسەرگیریکردن، گەشتێک بە ناو سروشتی سوێد و دەستبەردان لە سیری، ستریندبێرگێکی وێنەکێش و وەهمی ژیانێکی تر، بەرلین، ستریندبێرگ و فریدا ئوول، لە مانگی هەنگوینییەوە بۆ لەندەن، زەنگی نائارامی، شێستین و نزیکبوونەوە لە کۆتایی. بەشی حەوتەم: دۆزەخی ژیان و ڕۆمانی دۆزەخ، پاریس، دەروازەیەک بۆ دۆزەخێکی دەروونی، دامەزراندنی شانۆیەکی نوێ و… لە هەریەک لە بەشەکاندا بە زانیاریی ورد و زمانێکی برووسکەیی، زۆرترین ڕووناکی دەخاتە سەر ژیانە تاریک و نووتەکەکەی ئاوگوست ستریندبێرگ.
ئاوگوست ستریندبێرگ لە پەیوەندییەکی چڕ و هەمەلایەندا بووە لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندانی سەردەمەکەی، ئەمەش دەتوانرێت بە وردی لەو یاداشت و نامە و دیکۆمێنتانەدا ببینرێت و بخوێنرێتەوە کە پاش وی جێ ماون. پێگەی ستریندبێرگ لە نێو کایەی شانۆ و ئەدەبیاتدا، پێگەیەک بووە ناسراو و بەناو، ئەمە دەرچەیەک بووە کە کەسانێکی زۆر خۆیان لێی نزیک بکەنەوە، یان ئەم بە هۆکار و پاڵنەر و کاریگەری لە کەسانێک نزیک بووەتەوە، لەم ڕووەوە چەندان چیرۆکی سەرنجڕاکێش هەر لەم کتێبەدا هەن و نووسراونەتەوە. ئەمە لە دوو باردا یارمەتیدەرە بۆ خوێنەرانی ئەم نووسەرە مەزنە، لایەنێک ئەوەیە کە تێیدا نووسەرانێک دەبینێتەوە کە لەگەڵ ستریندبێرگدا لە پەیوەندیدا بوون، لەوێشەوە بەشێک، یان گۆشەیەک لە ژیانیان ڕووناکایی دەکەوێتە سەر، کە بۆ خوێنەران وەک گەوهەرێکە. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ خۆی ئاوگوست ستریندبێرگ دەگەڕێتەوە، کە دەردەکەوێت چەند پڕ و ڕووبەر فراوان ژیاوە و چۆنیش لەگەڵ هاوەڵ و هاوڕێکانیدا مامەڵەی کردووە، چ سەروەختی کاری شانۆیی بووبێت، یان لە نامە و پیاسە و میوانییەکاندا. لەم دەلاقەیەوە بەسەرهاتی یەکێک لەو هاوڕێیەتییانە دەنووسینەوە کە لەم کتێبەدا باس کراوە، ئەویش پەیوەندیی هاوڕێیانەی نێوان شانۆنامەنووسێک و فەیلەسووفێکە: ستریندبێرگ و نیتشە! با پێکەوە ئەم بەشە کورتە بخوێنینەوە:
ستریندبێرگ و نیتشە
لە مانگی یانزەی ساڵی ١٨٨٨دا، کە ستریندبێرگ بیر لە دامەزراندنی شانۆیەکی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە، هەندێک لە کتێبەکانی نیتشە دەخوێنێتەوە، ئەو کتێبانە دەبنە جێگەی سەرنج و گرنگیپێدانی و سەرلەنوێ بە بایەخەوە دەیانخوێنێتەوە و بە دوای دید و بیروبۆچوونەکانی نیتشە، بە تایبەت (مرۆڤی باڵا)دا دەگەڕێت.
ستریندبێرگ لە کۆپنهاگن و لە ڕێگەی هەندێ لە هاوڕێ دانیمارکییەکانیەوە نیتشە دەناسێت، لە مانگی یانزەی ساڵی ١٨٨٨یشدا دەکەونە پەیوەندیکردن، نامە دەگۆڕنەوە و کتێب بۆ یەکتری دەنێرن. هەر لەم ساڵەدا لە سەر داوای نیتشە، پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەکانیان چڕ و فراوانتر دەکەنەوە. نیتشە بە گەرمی ستایشی شانۆنامەی (باوک) دەکات، کە ئەو بە زمانی فەڕەنسی خوێندبوویەوە، ئەم پەیوەندییەش بۆ ستریندبێرگ گرنگ دەبێت و بە بایەخەوە بەرەو ڕووی دەچێت. ستریندبێرگ خۆی لە چەمکی (مرۆڤی باڵا)ی نیتشەدا دەبینێتەوە و لەو چەمکە فەلسەفییەوە لە پێگەی خۆی دەڕوانێت و هەندێک لە چەمکە فەلسەفییەکانی نیتشەش لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە.
***
سەرلەبەری ئەم کتێبە پڕە لە ژیان، ژیانێک کە بەردەوام قوڵپ دەدات لە نێوان تەجروبە و ئەزمووندا، هەر ئەوەیە وادەکات لە دەرەوەی ئەدەب و هونەریش، خوێندنەوەی ئەم کتێبە زیاتر و زیاتر گرنگ و چێژبەخش بێت.