عەزیز گەردی، زیاد لە کەسێک

عەزیز گەردی، زیاد لە کەسێک

مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا

نووسینی: ئیدریس عەلی

ئەو بە کتێبی (داغستانی من) پرۆسەی وەرگێڕانی بردە ئاستێکی بەرزتر لە بەرپرسیارێتی، لە (کۆمیدیای ئیلاهی)یشدا، ماڵی خۆی لەم میرات و کولتوورە جیا کردەوە و چاومانی بە گەورەترین شاکارەکانی جیهان ڕوون کردەوە.

ئێمە لە ئێستادا لەنێو میراتێکی گەوری ڕۆشنبیریداین، ئەو میراتەش بریتییە لە کتێبەکانی گەورە وەرگێڕی کۆچکردوو (د. عەزیز گەردی). لەوێوە، لە نێو کتێنەکانی ئەوەوە، دیسان دەبێ بە زماندا بچینەوە، بەرهەمی کولتوور و شارستانییەتەکانی بەشەریەت بخوێنینەوە، فێر بین خوێندنەوە هەروا چێژێکی سادە و تێپەڕینێکی لامسەلایی نییە بە لای جوانیدا، بەڵکو دەبێت لەوەوە دەست بە پێناسەی کتێب، ڕۆشنبیری و خوێندنەوە بکەینەوە، ئەوەی ئەو (دکتۆر عەزیز گەردی) پێشکەشی کردین، بەرهەمی تاکە مرۆڤێک نییە تا بینەقاقای لە نێو دەستنووس و لاپەڕە و کتێباندا غەرق بووبێت، بەڵکو هەوڵی زیاد لە کەسێکە، کەسێک کە دەیان کەس لە ناویدا دەژیا، وزەی دەدایە تا پتر هەناسە بدات، بژی و بخوێنێتەوە و وەرگێڕێت، پیاوێک بێمنەت لە دنیای کوردی، بێمنەت لە چەپڵە و موجامەلە، بێمنەت لە خەڵات و پاداشت، پیاوێکی سادە و خاکەڕا، دوور لە چاوی کامێرا و بە نامە بێتامەکانی تی ڤی، پیاوێک کە ئیدی  ناوی بە سەر بەرگی زۆرترین شاکاری جیهانییەوە هەیە، ماڵە تەنیاکەی خۆی کرد بە حەرەمسەرای سەدان کارەکتەری نێو دووتوێی ڕۆمان و چیرۆکەکان، پاڵەوانە ئەفسانەییەکان، عاشقە بریندار و کۆچەرییە سەرهەڵگرتووەکان، ئەو بە ڕووکەش لە ماڵەکەیدا، بە تەنیا دەژیا، وەلێ ئێمە لە سەر ڕەفەی کتێبخانەکانمانەوە دەمانبینی کە ئەو ئیدی کوا ئەوەندەش تەنیایە؟ ئەدی ئەو بارانی وشانە لە کوێوە دابارین بە سەر هزر و ئەندێشەی ئێمەدا؟ مەگەر لە ئاسمانە فراوانەکەی مامۆستا عەزیز گەردییەوە نەبوو؟

ناسینی ئەم پیاوەی نێو دنیای وەرگێڕان و زمان و ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە و بێ ماسک، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەی کتێبەکانی، شوناسێکی گەورەتری هەیە کە باشتر و لە نزیکترەوە ئاشنامان دەکات بە هزر و دنیابینی و بەخششە گەورەکانی، ئەویش بریتییە لە کتێبی (مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا)، بابەتی ئەم کتێبە گفتوگۆیەکی هەمەلایەن و چێژبەخش و پڕ لە زانیارییە لەگەڵ دکتۆر عەزیز گەردی، جووتیار قارەمان، ڕووبەڕوو لە ماوەی شەش سەعاتدا، ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵیدا ئەنجامی داوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

کاک جووتیار، وێڕای جیاوازیی زۆری ئەزموون و تەمەنی لەگەڵ دکتۆر عەزیز گەردی، بەڵام هاوڕێیەکی نزیک و متمانەپێکراوی ناوبراو بووە، لە دنیایەکی قەرەباڵغی وەک دنیای کوردی و نێوەندێکی پڕ لە ملشکاندن و چاڵهەڵکەندن و بەهاتوباتی وەک نێوندی (ڕۆشنبیری)ی کوردیدا، کە عەزیز گەردی لێیان تووڕە و عاجز بوو،  ئامادەکاریی ئەم گفتوگۆیەی خۆش ویستووە و متمانەی گەورەی پێیهەبووە، وەک لە گفتوگۆکەشدا دەردەکەوێت، زۆر جاران عەزیز گەردی خۆی تەلەفۆنی بۆ کردووە، یاخود ناردوویە بە دوایدا و پێکەوە لە کەنار شار، بە دەم پیاسەوە قسەوباسیان لەمەڕ بابەتە جۆراوجۆرەکان کردووە، دەرگای دڵی خۆی بۆ باز کردووە و نهێنییەکانی، تووڕەیی و نیگەرانییەکانی لای ئەم باس کردووە.

لە ڕاستیدا ئەم گفتوگۆیە ئەمانەتێکی گەورە بووە لە ویژدانی کاکی ئامادەکاردا و بە متمانەوە پاراستوویەتی، پرسیار و وەڵامەکان دۆستانە و شارەزایانەش کراون، زیاتر لە گفتوگۆی نێوان دوو کەسی شارەزا دەچێت لە سەر بابەتێکی دیاریکراو، کەچی لێرەدا و لەم کتێبەدا (مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا) بابەتەکان بە دەوری یەک بازنە و پانتاییدا ناسووڕێنەوە، بەڵکو پەل دەهاون بۆ پانتایی و بابەتگەلی دیکە، قسەکان ڕەهەندی جۆراوجۆریان لێدەبێتەوە، زۆر جار لە سەر چەمکێک، یاخود دەستەواژەیەک دەوەستن و پێکەوە گفتوگۆیەکی بەچێژ و پڕ لە زانیاریی گشتی پێشکەش بە خوێنەر دەکەن.

گفتوگۆکە پاش مەرگی (دکتۆر عەزیز گەردی) هاتووەتە چاپ و بڵاوکردنەوە، بەڵام کاک جووتیاری ئامادەکاری کتێبەکە، بە جۆرێک گفتوگۆکانی داڕێژاوەتەوە، هەر ئەڵێی ئەوە خۆتی لەگەڵ عەزیز گەردی، لە بەحرکە، یان باخی گڵکەند، دوور لە چاو و دەنگەدەنگی هەمووان، پیاسە دەکەیت و قسەی لەگەڵدا دەکەیت.

لە ماوەی گفتوگۆکەدا، بە هۆی پرسیارە لاپرەسەنەکانی جووتیار قارەمانەوە، ئێمە بەر دنیابینیی عەزیز گەردی دەکەوین سەبارەت بە بەرهەمی هەندێک نووسەی کورد و جیهانی، یاخود کەسێتییە تایبەتەکەیان، لەوێدا ناوبراو ڕاستگۆیانە، ئازایانە و بێمنەت، دیدوبۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو، هاوکات هەر لە ڕێی ئەوەوە خوێنەر بەر کۆمەڵێک کتێب، نووسەر و ئەزموونی جیاوازی کوردی و جیهانی دەکەوێت.

دکتۆر عەزیز گەردی، لەم کتێبەدا، لە دیدێکی ڕەخنەییەوە سەیری نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری، تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دنیای کوردی دەکات، هۆکاری دوورەپەرێزیی خۆی و تێکەڵنەبوونی لەگەڵ ئەوانی دی باس دەکات، پێوەرەکانی بۆ کاری وەرگێڕان و کتێب و ئەدەبی باش دەخاتە ڕوو.

بێگومان ئامادەکاری کتێبەکە، ڕوونی کردووەتەوە کە لە ماوەی گفتوگۆکەدا، دکتۆر عەزیز گەردی، بێ پەردە و تووڕەئاسا، ناوی چەندین کەس و دەزگا و لایەنی هێناوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازاریان داوە، یاخود ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵیدا، بەڵام ئەم لە ڕووی مۆراڵی کۆمەڵایەتی و ئەتەکێتی چاپ و بڵاوکردنەوەوە ناوەکانی لا بردوون.

لایەنێکی دیکەی گەش و گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە ئێمە بەر کۆتا ساڵ و ڕۆژەکانی پیاوێک دەکەوین، پیاوێک کە ئیدی تەمەن و ژیان، نەخۆشی و نائومێدی ماندوویان کردووە، پیاوێک کە سەرلەبەری ژیانی لە نێو کتێب و خوێندنەوەدا بووە، ئەو ئەزموونە گەورەیەی خۆیمان بۆ دەگوازێتەوە، کە تا ڕۆژانی بەر لە مەرگ کەڵەکەی کردووە، هەر لە کتێب و خوێندنەوەوە، تا دەگات بە وەرگێڕان و بابەتە ڕۆشنبیرییەکان.

بیگومان خوێندەوەی کتێبەکە بۆخۆی باشتر لەم نووسینە سادەیەی من قسە دەکات، ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەر بۆ ئەوەی دەست بە خوێندنەوەی کتێبەکە بکەن و خۆیان بە لایەنە جوان و گەشەکانی کتێبەکە ئاشنا ببن، بێگومان هەم چێژی لێدەبینن، هەم پڕ دەبن لە زانیاری و ڕۆشنبیری، لە هەمووشی گرنگتر، ئەوەیە کە ڕەهەندەکانی دکتۆر عەزیز زیاتر و فراوانتر دەناسن.

عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە ساڵی ١٩٤٧ لە ناحیەی بەحرکەی سەر بە شاری هەولێر لە دایک بووە و هەر لەوێش ژیاوە و داهێنانی کردووە.

هەتا ساتی کۆچی دواییشی هاوسەرگیریی نەکردووە و بە تەنیا ژیاوە، هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە دەبێت و لە هەرزەکاریدا دەست بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی دەکات، کتێبی زانستەکانی ڕەوانبێژی و عەرووز دەخوێنێتەوە و لای خۆیشی هێدی هێدی یاداشتیان دەکات، وەکو خۆی گوتوویەتی: لەگەڵ خوێندنەوەی هەر کتێبێکدا، تێبینی و سەرەقەڵەمی تایبەتیم دەنووسییەوە، تا وای لێهات چەند دەفتەرێکم پڕ کردەوە.

نۆبەرەی بەرهەمەکانی دکتۆر عەزیز گەردی ساڵی ١٩٦٨-١٩٦٩ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە کتێبی ڕەوانبێژییە، بەڵام ئەو کتێبەی لە سەرەتای حەفتاکاندا چاپ و بڵاو دەکاتەوە، دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، ڕابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی تر دەنووسێت.

لە ساڵی ١٩٩٤دا ماستەرنامە و لە ساڵی ١٩٩٩دا بڕوانامەی دکتۆرا بە دەست دەهێنێت، کە تێزەکەی بە ناونیشانی (سەروا)یە، دەزگای ئاراس هەمان ساڵ چاپ و بڵاوی دەکاتەوە، عەزیز گەردی لە چەندین قوتابخانە وانەی گوتووەتەوە و پاشان دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی، دەبێت بە مامۆستا، خۆی لەبەر سەرقاڵیی بە کاری نووسین و وەرگێڕانەوە، ئارەزوومەندانە دەست لە کار دەکێشێتەوە و بە یەکجاری تەنیایی و کتێب  هەڵدەبژێرێت، خانوویەک لە شارەدێی بەحرکە دەکاتە شوێنی ژیان و نووسینەکانی و بژێوییشی لە سەر مووچەی خانەنشینییەکەیەتی.

عەزیز گەردی، لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنە بووە و شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو، کورمانجیی خواروو، لەگەڵ هەورامیــی زانیوە، چوار زمانی جیهانییشی بە باشی زانیوە و لێیانەوە کاری وەرگێڕانی کردووە.

ناوبراو بەشی زمانی فەڕەنسیــی لە زانکۆی بەغداد خوێندووە، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیــیشی بە باشی زانیوە.

چەند مانگێک بەر لە کۆچی دوایی، بە هۆی سستبوونی گورچیلەکانیەوە، دکتۆر عەزیز گەردی چووەتە دەرەوەی وڵات، لەوێ دوای چارەسەر، پزیشک ناچار دەبێت یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ دەربێنێت. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر، بە چەند ڕۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی تووشی ئازار دەبێت. دواتر بە هۆی ئەو ئازارەوە لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٦/٦ کۆچی دوایی دەکات.