گەمەی ڕەنگەکان و شۆڕبوونەوە بە ناخدا

گەمەی ڕەنگەکان و شۆڕبوونەوە بە ناخدا

یاداشتیک دەربارەی نۆڤلێتی “هاوڕێ نیگارکێشەکەم”

بەختیار حەمەسوور

“ئەدەبیاتی گەنجان” ناوێکە خراوەتە سەر بەرگی ئەم نۆڤلێتە، مەبەستمان لە “هاوڕێ نیگارکێشەکەم”ە، کە نووسەری بەرازیلی، لیگیا بۆینگا نووسیویەتی و شاعیر و ڕۆماننووس هیوا قادر لە زمانی سویدییەوە کردوویەتی بە کوردی. ئەم کتێبە بچکۆلە ٧٥ لاپەڕەییە یەکێکە لە کارە جوانەکانی ئەدەبیاتی گێڕانەوە، ئەگەرچی کارەکە لە سەر بەرگەکەیەوە وەها دەردەکەوێت کە ڕوو و ڕوانگەی لە چینێک و تەمەنێک بێت، بەڵام وەک نووسەر لە لێدوانێکدا نووسیویەتی: “خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە بەردەم تەمەنی خوێنەرەکانیدا سنووردار نییە، تەمەنی خوێنەرانی لە دە ساڵەوە تا سەد ساڵی ئاوەڵایە، ئەم کتێبە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەیە کە لە زمانی فەنتازیا دەگەن و خاوەنی باڵن بۆ فڕین و ئەندێشەسازی.” هەر ئەمەشە وای کردووە کە کتێبەکە لە ڕووبەرێکی بەریندا بخوێنرێتەوە و بۆ جاری دووەم، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو بکرێتەوە.

وەرگێڕی “هاوڕێ نیگارکێشەکەم” وێڕای سەلیقەی زمان و جوانی و پاراستنی شیعرییەتی نۆڤلێتەکە، هاوکات بە ئاگاییەوە دەستی داوەتە وەها کتێبێک و لەو بارەیەوە نووسیویەتی: “جگە لە جوانیی ئەم نۆڤلێتە، خۆشەویستییشم بۆ ئەم ستایلە لە نووسین بوو، کە وای لێکردم ئەم نۆڤلێتە بکەم بە کوردی، هەستم کرد لە ڕێگەی ئەم نۆڤلێتەوە دەتوانم بەشێکی کەم حورمەت بدەمەوە بەو بوونەوەرە فەرامۆشکراوەی کۆمەڵگەی کوردی، کە ناوی منداڵ و مێردمنداڵە. ئەو بوونەوەرەی تا ئێستا نە سیمایەکی دیاریکراو و ئازادی لە ژیاندا هەیە، نە خاوەنی ئەدەبێکی سەربەخۆی خۆیشیەتی.” زەروورەتی ئەم جۆرە کارانە دەتوانین بڵێین هەر خوێندنەوە و چێژێکی جوانیناسانە نییە، بەڵکو کۆمەک و یارمەتیدەرێکە بە دنیای خەیاڵ و کرانەوەی پەنجەرەکانی ڕوانینمان بە سەر فەنتازیادا، بە داخەوە ئەدەبی گەنجان لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا وەک خاکی بەیار وشکوبرینگە، منداڵ و مێردمنداڵی کورد لە دنیایەکی بێڕەنگ و خەیاڵدا دەژین، بێبەشن لە جوانییەکانی ئەودیو دنیای واقیع و ڕووکەشی ژیانی ڕۆژانە، نووسەرانێکیش کە دەبوو هەبن و دەکرا ئەو دنیا ڕەنگاڵەیی و فەنتازییە ڕۆ بنێن، دیسان جێی داخە کە هێندە کەم و بە ژمارە دیاریکراون، کە لە بونیادنانی ئەو دنیا تایبەتەدا، نزیکەو شکست، شکستیان هێناوە. بۆیە دەبینین ئەو پانتاییە هەروا بە بەرینی و بەتاڵی ماوەتەوە، ڕەنگە بکرێت لە دەرەوەی چاوەڕوانیی نووسەرانی خۆماڵی، بیر لە کایەی وەرگێڕان بکرێتەوە و وەک پڕۆژەیەکی جددی ئەو کارە ڕاپەڕێنرێت، پێمان وایە وەرگێڕەکان دەتوانن لە سەرپێخستنی ئەو دنیایەدا دەستی کارا و ڕۆڵیان هەبێت، چونکو لە ئەدەبی جیهانیدا “ئەدەبیاتی گەنجان” جێگە و پێگەیەکی شیاو و شایستەی هەیە، خاوەنی دامەزراوە و خەڵاتی تایبەت و ڕێزلێنان و ڕێزلێگیراویی خۆیەتی، هەر خودی ئەم نۆڤلێتە شایەتحاڵی وەها پێزانین و ڕێزێکە، “هاوڕێ نیگارکێشەکەم” براوەی خەڵاتی یادی ئەسترید لیندگرێنە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، ئەم خەڵاتە ساڵانە دەبەخشرێتە نووسەرێک کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا کارێکی داهێنەرانە پێشکەش دەکات، ئاشکرایە کە ئەسترید لیندگرێن، خانمەنووسەری سویدی، بۆخۆی لەو بوارەدا چەند کاری داهێنەرانەی پێشکەش کردووە. “خەڵاتی یادی ئەسترید لیندگرێن گەورەترین خەڵاتی ساڵانەی ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵانە لە جیهاندا، خەڵاتەکە بڕی پێنج ملیۆن کرۆنی سویدییە، کە نزیکەی ٦٥٥ هەزار دۆلارە. ئەم خەڵاتە دەدرێت بە نووسەران و وێنەکێشی کتێبی منداڵان و چیرۆکخوانان. ئەم خەڵاتە لە لایەن دەوڵەتی سویدییەوە پشتگیری لێدەکرێت، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کولتووریی “کولتوور ڕۆد” بە ڕێوە دەچێت. ئەم خەڵاتە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەست بە بەخشینی کرا.”

چیرۆکی “هاوڕێ نیگارکێشەکەم” بەسەرهاتی کوڕێکی مێردمنداڵ و هاوڕێیەکی نیگارکێش لە باڵەخانەیەکدا دەگێڕێتەوە، کە چ وەک تەمەن و چ وەک پێگەش، جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام هاوڕێیەتییەکە بە جۆرێکە، کە ئەو جیاوازییانە بسڕێنەوە. کلاودیۆ، ئەو کوڕە مێردمنداڵەی بەردەوام سەردانی هاوڕێ نیگارکێشەکەی کردووە، کە ژوورەکەی لە قاتی سەرەوەی ئەو باڵەخانەیە بووە کە خێزانی کلاودیۆی لێژیاون، لەوێ گفتوگۆ سادەکانیان لەمەڕ وێنەکێشان و دنیای هەراوی ڕەنگەکان، بە زمانی سادە، بەڵام هاوکات قووڵ و پڕ لە فەنتازی و خەیاڵ دامەزراندووە. چیرۆکەکە لە ماوەی حەفتەیەکدا ڕوو دەدات، بە شێوەی “ڕۆژانەیاداشت” نووسراوە، واتە: شەممە، یەکشەممە و… لە هەریەک لەو ڕۆژانەدا ئێمە لە زار و چاوی کلاودیۆوە بەشێک لە ڕووداوەکان و هاوڕێیەتیی نێوان ئەو دووانە دەزانین، هاوکات پەلکێشی هەندێ چیرۆکی لابەلای تری دەوروبەر دەبین، بۆ نموونە خێزانەکەی کلاودیۆ، باوک و دایکی، خۆشەویستەکەی هاوڕێ نیگارکێشەکە: کلاریسا، کەسانێکی تریش، کە وەک خەون و خەیاڵ لە پانتایی ئەم نۆڤلێتەدا دێن و بڵاو دەبنەوە.

یەکێک لە جوانییەکانی ئەم نۆڤلێتە یاریکردنە بە ڕەنگەکان، یاریکردنێک، کە زیادتر لەوەی نیگارکێشانە و شێوەکارییانە بێت، فەنتازی و خەیاڵاتە، ڕۆچوونە بە ناخ و دەروونی تاکەکاندا، هەر ڕەنگێک دەلالەت لە هەستێک دەکات، جا ئەو هەستە خۆش بێت یان ناخۆش، ڕووناکی بێت یان تاریکی، گێرەشێوێنی بێت یان ئارامی و… لە میانی ڕاڤە و جۆرێک مامۆستاییەوە، هاوڕێ نیگارکێشەکە، کە پیاوێکی کامڵ و هونەرمەندێکی دەستڕەنگینە، ڕەنگەکان بۆ کلاودیۆ شی دەکاتەوە و جۆری بەکارهێنان و هەستەکانیان دەخاتە ڕوو، ئەمە وا لە کلاودیۆ دەکات بورووژێت، ڕەنگەکان تەنیا وەک ڕەنگێکی سادە نەبینێت، بەڵکو بیریان لێبکاتەوە و هەوڵیش بدات تێبگات بۆچی ڕەنگی زەرد لەو نیگارەدا بە کار هاتووە، یان بۆچی ڕەنگی ڕەش پەیوەستی جۆرێکی تایبەت لە دەربڕین و حاڵەوە کراوە. هەڵبەت ئەمانە لە ئێستادا ڕوو دەدەن، ئێستا کە هاوڕێ نیگارکێشەکەی کلاودیۆ مردووە، یان وەک ئەوەی تێکڕا کۆکن لە سەری: خۆی کوشتووە!

گێڕانەوە بەپێی ڕۆژەکان دەست پێدەکات، کلاودیۆ بەردەوام بۆی پرسیارە بۆچی هاوڕێکەی لە پڕ ون بوو، بۆچی خۆی کوشت، ئەو وێنانەی دەیکێشان، بۆ هەموویان یەک ئافرەت بوون و ڕەنگی هەمووشیان زەرد بوو، بینینی خۆشەویستیی هاوڕێکەی، هەندێ سەرەداو لە پەیچنی چیرۆکەکەدا دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ شت هەن دەکەونە بازنەی گومان و ڕاڕاییەوە، هەندێ شتی تریش هەن وەک خەیاڵێکی کاڵ دەمێننەوە و نابن بە داوی هیچ ڕێسا و یاسایەکەوە.

لە دەستپێکی نۆڤلێتەکەدا، کە ڕۆژی “هەینی”یە و هەموو گێڕانەوەکان لە زمانی کلاودیۆوە دەبیستین، دەڵێت: “نازانم من هەر لە سەرەتای لەدایکبوونمەوە وابووم، یاخود هاوڕێ نیگارکێشەکەم وای لێکردم، چونکە من هەرکاتێک سەیری شتێک دەکەم، سەرەتا ڕەنگی ئەو شتە سەرنجم ڕادەکێشێت.” وەک گوترا، هەموو گێڕانەوەکان پاش مەرگی ئەو هاوڕێ نیگارکێشە دەست پێدەکەن، لێرەدا “مردن” یان “خۆکوشتن” دەبێت بە هێڵێکی سەرەکیی ئەم نۆڤلێتە، ئەگەرچی نووسەر بە ئاقارێکدا کاری لە سەر ئەم هێڵە کردووە کە زەق و زۆپ نەبێت و خوێنەر نەخاتە گێژاوەوە، بەڵام لە پشتینە (باکگراوند)ی دەقەکەدا، ئاشکرا و کاریگەرە. ئێمە لە دوای مردنی کەسە نزیکەکانەوە تووشی کۆمەڵێک هەستی لێڵ و خەماوی دەبین، یادەوەری و قسە هاوبەشەکانی نێوامان تیژ و تۆخ دەبنەوە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت، دامان دەپۆشن. کلاودیۆ لە ماوەی ئەو حەفتەیەدا کە ڕووداوەکانی نۆڤلێتەکەی تێدا ڕوو دەدەن، لە ناو ئەم هەستی ئابڵووقەدانەدا دەژی بە یادەوەریی خۆی و هاوڕێ نیگارکێشەکەی، لە پڕ ئەو پەیوەندی و پردانەی بە دنیای ئەو هونەرمەندەوە هەیبوو، دەپچڕێ، ئەمە بۆ مێردمنداڵێک قورسە، لەم ونبوونە تێناگات، بە تایبەت ئەوە زۆر بۆی قورسە کە دەگوترێت “خۆی کوشتووە!” بۆیە دەبینین دەکەوێتە تەنگژەیەکی قووڵی دەروونییەوە، کە بۆ تەمەنێکی وەک ئەو، لە توانادا نییە و دەرەقەت نایەت. پرسیارەکانی تا دێن زۆر و زۆرتر دەبن، لەمەڕ ژیان و مردن، لە بارەی ئەو قسانەوە دەیانبیستێت، دەربارەی هاوڕێیەتی و هەستی لەدەستدان، زیادتر لەوانەش، لە خودی هاوڕێ نیگارکێشەکەی: “ئێستا کە بیر لە هاوڕێکەم دەکەمەوە (دیارە زۆر بیرشی لێدەکەمەوە!) بیر لە هەموو شتێکی دەکەمەوە، مەبەستم ئەوەیە لە: پایپەکەی، ڕەنگەکان، بۆچی؟ تاوڵەکە، ئەو گوڵانەی کە خۆشی دەویستن، هەڵبژاردنی مردنێکی ئارەزوومەندانە بۆچی؟ ئەو سەعاتەی کە لێدەدات، ڕەنگی زەرد، بۆچی، کراسە سەوزە گەورەکەی، کە بە چەشنێک پێوەی نووسابوو، خۆشی لەگەڵ کراسەکەدا بووبوو بە یەک.

وردەوردە حەزم دەکرد بەو شێوەیە بیر بکەمەوە.

من پێموابوو ئیتر لە ئێستاوە دەتوانم بەردەوام هەموو ئەو پرسیارانەم خۆش بوێت کە لە پڕ قوت دەبوونەوە، تا لە کۆتاییدا بتوانم یەکبەیەک لە هەموویان بگەم.”

“هاوڕێ نیگارکێشەکەم” سەر بەو جۆرە نۆڤلێتانەیە کە بە شێوەیەکی ورد و کونجکۆڵ دەرگیری “پرسیار” و “ڕامان”مان دەکات، دەمانخاتە بەردەم دنیایەکی ئاڵۆزوبڵۆز، بەڵام نەک لە نیگای کەسێکی گەورەوە، بەڵکو لە نیگای مێردمنداڵێکەوە ئەم پرسانە تاووتوێ دەکات. ئەم نۆڤلێتە چەند دەتوانێت دوێنەری دنیای مێردمنداڵان بێت، هێندە و پتریش دەتوانێت دیالۆگ لەگەڵ گەورەساڵاندا دابمەزرێنێ، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە پرس و تێمای “هاوڕێ نیگارکێشەکەم” پرسی “مردن”ە، پرسێکە کە جەوهەرییە و هەمیشە بیرلێکراوەیە، بەڵام کراوەشە بۆ تێڕامان. بۆ ئەوەش ئەو دنیا ئاڵۆزەی مەرگ و خۆکوژی ئازاردەر نەبێت، نووسەرەکەی لە ڕێگەی بەگەڕخستنی خەیاڵ و سوودبینینێکی بەرفرەوان لە هونەری نیگارکێشان و زۆر بە تایبەت لە بەکارهێنانی ڕەنگەکان و پەیوەستکردنیان بە هەستەکانەوە، دنیایەکی خەونئاسا و فەنتازی ڕۆدەنێت، کە هەر دەڵێیت دنیای ئەفسووناویی شیعرە و لە فۆرمی حیکایەتێکی جواندا، داڕێژراوە و گێڕدراوەتەوە.