بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟
بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن)، ئەم کتێبە لە لایەن (جۆن چ. میرشایمەر) نووسراوە و لە لایەن (حەمەڕەشید) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، کە لە نۆ بەش پێک هاتووە، بریتین لە: درۆ چییە، ئیستێک لە درۆی نێودەوڵەتی، درۆی نێوان وڵاتان، ترساندن و تۆقاندن، ڕووماڵی ستراتیجی، ئەفسانەی ناسیۆنالیستی، درۆی لیبراڵ، لایەنە نەرێنییەکەی درۆی نێودەوڵەتی، دەرئەنجام.
درۆکردن وەک یەکێ لە ڕەوشتەکانی مرۆڤ، هەر لە سەرەتای بوونی مرۆڤایەتییەوە سەری هەڵداوە و زۆر جار کارەسات و ڕەنگدانەوەیەکی تەواو قورسی لە سەر ژیانی مرۆڤایەتی بەرپا کردووە، ئەم ڕەوشتە دزێوە تایبەت نییە بە تاکە کەسێک، یان کۆمەڵگەیەک، بەڵکو لە هەموو جیهاندا باوە و هەموو مرۆڤێک، کەم تا زۆر، ماکی ئەم ڕەوشتەی تێدایە، لە هەر چرکەیەکی ژیاندا لەوانەیە درۆیەک بکات، گرێکوێرەی درۆ هەتا سەدان ساڵی داهاتوو پێشبینیی لەناوچوونی لە لایەن هیچ زانایەکی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە نەکراوە .
هەروەک ئەوەی وەرگێڕی کتێبەکە لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، لەبەر ئەوەی زۆر بە کەمی توێژینەوە لە سەر درۆکردن کراوە، بۆیە ئەم کتێبە بە سەرەتایەکی پێویست و گرنگ هەژمار دەکرێت، تا ببێتە ئاستانەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر: ئەم کتێبە لە نۆ بەشدا باس لە درۆکردن و ئاکامەکانی دەکات، ئیدی چ درۆکردنی سەرکردەکان بێت لەگەڵ میللەتانی خۆیاندا، یان درۆکردنیان بێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، لەگەڵ سوود و زیانەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، سەرباری ئەوەش، هەروەکو جۆن چ. میرشایمەر ئاماژەی پێدەدا، خۆی لە قەرەی درۆی دزێو نادات، واتە ئەو درۆیانەی بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک دەکرێن، یان بۆ ئەوەی کەسێک، یاخود چەند کەسێک لە لێپرسینەوە ڕزگار بکرێن.
کتێبەکە پرسیاری ئەوە لای خوێنەر دەورووژێنیت کە ئایا درۆزن کێیە؟ دەیەوێ لە ڕێی درۆکردنەوە چیمان پێبڵێت و بەرەو چ ئاڕاستەیەکمان بەرێت؟ بەرەو چ تونێلێکی تاریک، کە کەس نازانێت کەی و چۆن بە ڕووناکی دەگات، بۆچی درۆ دەکات و دەیەوێت لە ڕێی درۆکردنەوە بە کوێ بگات: ئەمەو چەندین پرسیاری دی کە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بە مێشکماندا گوزەر دەکات، ئەوا میرشایمەر بە دەیان شێواز لە مەترسیی درۆکردن لە سەر ئاستی ناوخۆی وڵات و لە سەر ئاستی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی تردا ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەوەتا بە شێوەیەک لە شێوەکان پێمان دەڵێت: درۆکردن ئەوەیە کاتێ مرۆڤ وتەیەک دەڵێت، دەزانێت ڕاست نییە، یا گومانی لە ڕاستییەکەی هەیە.
میرشایمەر لە کتێبەکەیدا باس لە چەندین جۆری درۆکردن دەکات، بەڵام دوو لەو دۆیانە پشتگوێ دەخات و هیچ بەهایەکیان بۆ دانانێت، چونکە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا ناکرێن و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکەن، ئەوانیش بریتین لە درۆی ڕووماڵی دزێو و ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی: ئەو پێیوایە پشتگوێخستنی ئەو دوو جۆرە درۆیە هیچ بەهایەکی ستراتیجییان نییە، بۆیە دەڵێت: بە دڵنیاییەوە زۆر باش لەوە دەگەین کە بۆچی خەڵکی ئەو جۆرە درۆیە دەکەن، بەڵام کەس پێی وانییە دوو ڕەفتاری شەرعی، یان پەسەند بن.
وەرگێڕی عەرەب (غانم ئەلنەجار)، کە هەمان کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، پێیوایە کتێبی (بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن) گەشتێکە بە نێو ئەو شتەی لە پەیوەدنییە نێودەوڵەتییەکاندا بێدەنگیی لێکراوە، گەشتێکە زۆرێک لەو ئامرازانە ئاشکرا دەکات کە بەشدارییان لە جووڵاندنی ڕووداوەکانی مێژوودا کردووە: بە دڵنیاییەوە ئەم کتێبەی بەردستتان جگە لە نۆبەرەی توێژینەوەی وێکچوو لە هەمان بواردا، شتێکی دی نییە، کە دەبێتە مایەی میتۆدۆلۆژییانەی باشتر و توانایەکی گەورەتر لە سەر پێشبینیکردنی ڕەوتی کاروبارەکان.
ئەو وەرگێڕە عەرەبە نایشارێتەوە کە ئەم کتێبە لە یەک کاتدا هەوڵ دەدات بە شێوازێکی نایاب و تۆکمە لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، چاودێریی دیاردەی درۆکردن و شیکردنەوەی بکات: کتێبەکە بەم شێوەیە ئاڕاستەی خەڵکانی ئاسایی دەکرێت، دوور لە ئاڵۆزییە ئەکادیمییەکان، قابیلی دەرککردن و تێگەیشتن و وەرگرتنە، ئەگەرچی دانەرەکەی، پڕۆفیسۆر میرشایمەر، ئەکادیمییەکی ناوازەیە. ئەم کتیبە هەوڵدانێکی بوێرانە و شایستەی نووسەرێکە پەنجە دەخاتە سەر بابەتگەلێکی نائاسایی: بە شێوەیەکی ئاسایی جەختەکە لە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ئەمە بێ ئەوەی زۆرێک لە ئەزموونی دیکە پشتگوێ بخرێت، شتێکی ڕوون و ئاشکرایە نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە تا بە درێژایی مێژوو چاودێریی دیاردەی درۆکردن لە چەندین وڵاتی خۆرئاوادا بکات، هەروەها درۆکردنی ئیسرائیلیشی بەرامبەر بە جیهان لە بیر نەکردووە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ داگیرکردنی فەلەستین بهێنێتەوە.
نووسەر لەم کتیبەی خۆیدا ئاگادارمان دەکات کە کتێبێکی زۆروزەوەند دەربارەی درۆکردن هەن، بەڵام بە حاڵ دەبینین بە ڕوونی خۆی لە قەرەی چارەسەرکردنی مەسەلەی درۆکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بدات، یەکێک لە هەڵاوێردە جیاکارەکانی ئەم بوارە، کتێبەکەی (ئەریک ئەڵترمان)ە بە ناوی (کاتێک سەرکردەکان درۆ دەکەن)، مێژووی فریودانی فەرمی و ئاکامەکانی کە بە ناوکۆیەکی نایاب زەمینەیەکمان لە سەر درۆکردنی سەرۆکایەتی لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابوردوودا بۆ فەراهەم دەکات.
بە گشتی، درۆکردن یەکێکە لە سیفەتە نەخوازراوەکانی مرۆڤ، زۆر جار تەنانەت بە بێئاگاییش و بێ ویستی خۆمان دەبینین کەوتووینەتە ناو درۆکردنێکی نەخوازراوەوە. گرنگە هەوڵ بدەین ئەو سیفەتە بە تەواوی بناسین و بزانین چییە، لە نەخوازراوییەکەی تێبگەین و بەمەش باشتر بتوانین خۆمانی لێ بە دوور بخەین، تا بە دەر بین لەو کەسانەی نازناوی درۆزن هەڵدەگرن:
وەک ئاشکرایە درۆی جۆراوجۆر هەیە و بە هۆکاری جیاواز دەگێڕدرێنەوە، هەندێک جار درۆکان بچووکن، بۆ نموونە، لەوانەیە حەزت لە جلوبەرگی نوێی هاوڕێکەت نەبێت، بەڵام بە جوان باسی بکەیت بۆ ئەوەی دڵخۆشی بکەیت. ئەمانە بە درۆی ئاسایی، یان درۆی سپی ناسراون، دەوترێت کە درۆی سپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەهێڵێتەوە، ڕێگری دەکات لە ئازاری کەسانی دیکە، یان لە دەرەوەی خۆشەویستی و بەشێکیان بۆ لێخۆشبوونن.
هەروەها درۆزنەکان لە کاتی تەنگانەدا ڕاستییەکان دەشارنەوە، ئەم درۆیانە لە جیهانی بازرگانی و کاردا زۆر باون، بۆ نموونە، لەوانەیە نرخی ئەو بەرهەمە ڕابگەیەنیت کە زیاتر لە نرخی ڕاستەقینەی خۆی پارەت لە سەر داناوە، یان لەوانەیە ئەوە ڕابگەیەنیت کە ئەو بەرهەمەی کە هەتە لە کۆگەکەدا بوونی نییە. ئەم جۆرە درۆیانە بە تەواوی لەگەڵ ڕاستییەکاندا ناکۆکن.
بەپێی توێژینەوەیەک، درۆزنەکان کەمتر دڵخۆشن، هەروەها بە لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک لە خوێندکارەکان، دەرکەوت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان درۆی ڕۆژانە و خراپیی ئەنجامدانی ئەکادیمی و نەبوونی ڕێز لە خۆ و نزمیی جۆری ژیان. چەند هۆکارێک بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ خۆت و کەسانی دیکەدا نەکەیت.
کاتێک درۆ دەکەیت، پێویستە درۆکانت لە بیر بێت، بۆ ئەوەی دواتر درۆکانت ئاشکرا نەبن، بەڵام ڕاستییەکە لە مێشکتدا دەمێنێتەوە بە بێ هیچ هەوڵێک.
کاتێک درۆ دەکەیت، پێویستە ڕێگەکەت بە درۆکانی داهاتوو داپۆشیت و شتەکان خراپتر بکەیت.
کاتێک درۆکانت ئاشکرا دەبن، هەموو شتێک وێران دەکەن. بڵاوکردنەوەی درۆ زیان بە خۆت و خۆشەویستەکانت و ئەو متمانەیە دەگەیەنێت کە لە پەیوەندییەکەدا هەیە. پێویستە زۆر کار بکەیت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم برینانە و هەندێک جار ئەم برینانە چاک نابنەوە.
لەوانەیە ڕاستییەکە ئەوەندە ترسناک نەبێت کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە، ئەگەر لە ترسی ڕاستی درۆ دەکەیت، جارێک ڕاستگۆ بە. لەوانەیە گوێگران نەک تەنها کاردانەوەی نەرێنییان نەبێت، بەڵکو سوپاست بکەن بۆ ڕاستگۆییەکەت.
ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکەیە بۆ ناساندنی کتێبی (بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن)، دەنا کتێبەکە و دونیای کتێبەکە زۆر لەوە فراوانتر و گەورەترە کە لەم ڕانانە کورت و ساکارەدا بتوانین هەموو ڕەهەندەکانی بخەینە ڕوو، پێشمان وایە ئەم کتێبە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکان کە تایبەتە بە چەمکی درۆکردن، خوێندنەوەی گرنگە و پڕمان دەکات لە زانیاری سەبارەت بە درۆکردن و هۆکارەکانی درۆکردن، درۆزنەکانمان پێدەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بەو هۆکارانەی لە پشتی درۆکردنەکانەوەن.