شوێنێکی بەرتەسک و دنیایەک برین!
شوێنێکی بەرتەسک و دنیایەک برین!
خوێندنەوەی “لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم”
خوێندنەوەی: سەردەم
“لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم” ئەم دەقە شانۆنامەیە لە نووسینی ژنە شانۆکار و ئەکتەری کۆمیدی و دەرهێنەر و چالاکوانی ژنان، “ڕەیحانە”یە. ڕەیحانە لە ١ی مانگی ٢ی ١٩٦٣ لە جەزائیر لە دایک بووە. ئەم شانۆنامەیە ساڵی ٢٠١٤ لە پاریس دەخرێتە سەر شانۆ. دوای نمایشکردنەکەی، کە ڕەیحانە وەک ئەکتەریش لە نمایشەکەدا ڕۆڵ دەبینێت، لە لایەن دوو کەسی توندڕەوەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت، کە تێزاب دەکەن بە سەر و قژیدا، خۆشبەختانە ڕزگاری دەبێت، چونکە قژی تەڕ دەبێت.
ڕەنگە کەم دەق و کتێب هەبن لەم ساڵانەدا چاپ بووبن و هێندەی ئەم کتێبە “لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم” قەدەغە و ترسێنەر بن، ئەمە بە تەنیا دەقێکی شانۆیی نییە، بەڵکە ڕەیحانە، نووسەری ئەم کتێبە، لە میانی ئەم دەقە شانۆییەوە، ڕەخنەیەکی توندی کۆمەڵگەکەی خۆی دەکات، کە هاوکات و نوێنەرایەتیی زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بێگومان بە کوردستانیشەوە. دەقەکە بە هەڵبژرادنی گۆشەنیگایەکی تەواو تایبەت، توێ توێی ئەو گرفت و کێشە و ململانێیانە دەخاتە بەرچاو و بەرگوێی بینەر و خوێنەر، کە ڕۆژانە لێرە و لەوێی ئەم کۆمەڵگەیانەدا، لە سایەی نەریت و قانوون و ئایین و بابەتە خورافی و جادووییەکانەوە دەگوترێنەوە و بوون بە وێرد و جێبەجێ دەکرێن، بێگومان ئەوەی لە پلەی یەکەمیشدا قوربانیی دەستی ئەو چوارچێوە ئاسنینانەیە، خودی ژنان و کچانن. ڕەیحانە دوور لە هوتاف و ئەو نەعرەتەکێشانەی کە بە حساب هاواری ماف دەکەن و کەچی لە بنەڕەتدا هیچ ناڵێن، ئەو لە ڕێی هونەرەوە -کە لێرەدا نووسینی دەقی شانۆییە- زۆر ورد و شارەزایانە تیرە ڕەخنەییەکانی خۆی ئاڕاستەی دڵی کۆمەڵگە و پیاوان دەکات، بێ ئەوەی بیری بچێتەوە کە خەریکی نووسینی داهێنەرانەیە و لە بازنەی ئەدەب و هونەردا خەریکە گوتارە ڕەخنەییەکانی ئاڕاستە دەکات. ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگ و جیاکەرەوەکانی ئەم دەقە لە زۆرینەی ئەو دەقانەی کە بە ناوی ژنان و ئەدەبیاتی فێمینیزمەوە دەنووسرێن و لە ڕووی هونەرییەوە جگە لە هەتاف و زبڵ، هیچی تر نین. ڕەیحانە ئەگەرچی لە پێگەی ژن و وەک داکۆکیکارێک بەدەنگ هاتووە، بەڵام دەقەکەی، هەموو هونەرێکی داهێنەرانەی شانۆیی تێدا دابینە.
“شوێن” چ لە ئەدەبیاتی گێڕانەوە، چ لە هونەری شانۆشدا، بایەخ و گرنگیی بنچینەیی هەیە، ئەوەندەی کە بکرێت شوێن بچووک بکرێتەوە بە چوارچێوەیەکی سنووردار، ئەوا یارمەتیی دەق باشتر دەدرێت لە ڕووی ئەوەوە کە پەرشوبڵاو نەبێتەوە و فشۆڵ نەبێت. هەرچی سەبارەت بە دەقی شانۆییە، بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینین کە زۆرینەی دەقەکان “ماڵ” وەک شوێن نیشانگر دەکەن، ئەوەش کە ڕووداوەکان لە نێو ماڵدا دەگوزەرێن، وادەکات ئایدیای شانۆکە بەرجەستەتر بێت، زووتر یارمەتیی بەردەنگ بدات کە کۆی ڕووداو و گفتوگۆکان گەڵاڵە بکات، ڕوونتر لەوە تێبگات کە وەک تێکست دەیخوێنێتەوە، یان وەک بینین لە نمایشێکدا دەیبینێت. بۆیە دەتوانین بڵێین “ماڵ”، بە درێژایی چەندین سەدە، “شوێن”ێکی لەبەردڵانی شانۆنامەنووسان و دەقە شانۆییەکانیان بووە. سەبارەت بە دەقی “لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم”، شوێن تێیدا “ماڵ” نییە، بەڵکو جێیەکە کە تەواو ژنانەیە و تەنیا دەنگی ژنانی لێوە دەبیستین و تەنیا ژنی تێدا دەبینین، ئەو شوێنەش “حەمامـ”ـە! حەمام، وەک لێرەش لە زۆرێکیان پێڕەو دەکرێت، دوو شەفت کار دەکەن، شەفتێک بۆ پیاوان و شەفتێکیش بۆ ژنان، دەقی شانۆنامەکە ڕێک لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات کە شەفتی ژنانە و فاتمەی ناتر بەم شێوەیە دەردەکەوێت:
لە نیمچەتاریکییەکدا فیگەری ژنێکی ڕووت دەبینین، زۆر بە شپرزەیی ئاو بە لەشیدا دەکات، بە تایبەتی ناوگەڵی و بە پەلەپەل دەیشوات. دوای ئەوەی وردەوردە هێمن دەبێتەوە، پشتەماڵێک لە خۆیەوە دەئاڵێنێت. لە سەر بەردە گەرمەکەی ناوەڕاستی حەمامەکە دادەنیشێت (سەکۆیەکی گەورەیە دەکەوێتە ناوەڕاستی حەمامەکەوە)، جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. وردەوردە ژنێک دەبینرێت کە فاتمەیە. پشتێکی ڕێک، قاچ لە سەر قاچ دانیشتووە، لە دوور دەڕوانێت و مژ لە جگەرەکەی دەدات، وەک ئەوەی دواساتەکانی ژیانی بێت.
ئێستا ئێمە لە حەمامێکی گەرمداین.
ئەمە سەرەتایە، کە هێشتا دەرگای حەمام بە ڕووی مشتەرییەکاندا واڵا نەکراوە. دواتر، لە چرکەیەکی درامیدا، کچێک بە ناوی مەریەم، بە پەشۆکاوی خۆی بە حەمامەکەدا دەکات، تا فاتمە داڵدەی بدات و لە مەرگی بێچەندووچوونی براکەی، کە دوای کەوتووە و نیازی کوشتنی هەیە، بە هۆکاری ئەوەی سکێکی ناشەرعیی هەشت مانگەی هەیە، دەردەکەوێت. فاتمە داڵدەی مەریەم دەدات. ئیدی وردەوردە ڕووداوەکان سەرپێ دەکەون و ژنەکان یەک-یەک دوو-دوو، بە نیازی خۆشتن ڕوو لە حەمام دەکەن.
ڕەیحانە هەوڵی داوە لە ڕێی کۆمەڵێک کارەکتەرەوە نمایشی کۆمەڵگەکەی خۆی بکات، هاوکات کێشە و ململانێی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە دەستنیشان و نیشانگر بکات، ئەو لە هەڵبژرادنی کەسێتییە ژنەکاندا زۆر بە وریاییەوە ئەوەی دەرخستووە، هەر کەسێتییەک سەر بە جۆرێک بیرکردنەوە و جۆرێک ڕوانین و چینێکی نێو کۆمەڵگەیە، کە هەر دەڵێیت لەو حەمامە بچووکەدا، بچووککراوەیەکی کۆمەڵگەیی دەژین. کۆمەڵگەیەک، گەرچی هەموویان ژنن، بەڵام حزووری پیاوەکانیان و پیاوەکان، لە بنی دێڕ و سەری زمانیان هاتووە و لەوێن.
لەم دەقەدا “لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم”، لەسەر زاری ژنەکانەوە ڕستە و دەربڕینی گورچکبڕ ئاڕاستەی کۆمەڵگە و ئایین و نەریت دەکرێت، ڕەخنەکان بڕندەن و تا سەر ئێسک دەبڕن. لە بەرامبەریشدا ئێمە کەسێتیی تر دەبینینەوە کە لەوێن و بەرگری لە پیاوانی توندڕەوی ئایینی دەکەن و بە ئاشکرا ڕەوایەتی بە تیرۆر و کوشتن و سەرپێچییە دینییەکان دەدەن و وەک فەزیلەت و جیهاد دەیناسێنن. لەو حەمامەدا دەنگە لێکدژ و بیرە لێکدژەکان پێکدا دەچن و هەر ئەوەی کە وەک دەربڕینێکی میللییانە دەگوترێ “دەڵێی حەمامی ژنانە!” لەم دەقەدا دەیبینستین. ڕەیحانە ڕێی بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان داوە بێنە سەر تەختی نمایشەکەی و لە نێوان دێڕ و بڕگەکاندا خۆیان دەرببڕن. ئەم پێکداچوونە زۆر بیرخەرەوەی ئەو “کەرنەڤاڵ”یە کە میخائیل باختین باسی دەکات، یان هەمان چەمکی “فرەدەنگی”، کە باختین بۆ خوێندنەوەی کارەکانی دۆستۆیڤسکی بە کاری دەهێنێت، لە شانۆنامەی “لەم تەمەنەیشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم”، فرەدەنگییەکی تەواو مەیسەرە، هیچ دەنگێک نابێت بە دەنگی زاڵ، هیچ بیرکردنەوەیەک نابێت بە تەنیا بیرکردنەوەیەک کە ئەوانی تر داپۆشێت، هەر ئەمەشە وای کردووە کە بە سانایی هەست بە جیاوازییەکان بکەین، هەست بکەین کە جۆری ڕوانینەکان چۆنن، چەند بەرتەسک یان فرەوان دەبینین و چاویان لە بەرپێ یان داهاتووی دوورە، بەڵام ڕاستییەک هەیە کە حاشای لێناکرێت، ئەویش ئەوەیە کە تێکڕای ئەم ژنانە قوربانین، چ ئەوانەی بەرگری لە نەریت و ئایین و پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە دەکەن، چ ئەوانەش کە دژی ئەو نۆرمانەن، ئەوەش ڕێک دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی کۆمەڵگەکە خۆی، کە وای کردووە دژ بە ژنان و خواست و ئازادی و مافە سەرەتاییەکانیان بوەستێتەوە، ڕەنگە دواجار کۆی ئەم قسانە دەردەدڵێک بن لە شوێنێکی داخراوی وەک ئەم حەمامەدا، جێیەک کە تێیدا هەمووان دەتوانن ئازاد بن، جەستەیان ڕووت بێت و چیدی بەرگ و پۆشاکە گرانبەها و هەرزانەکان نەبنە دەرخەری ئەوەی سەر بە چینێکن، لێرەدایە کە دەتوانن جەستەیان لەوپەڕی ئازادیدا پێشان بدەن و لە بەرامبەر یەکدا ڕابوەستن و خۆیان بشۆن. ئەو ماوەیەی کە لە حەمامن، ماوەی ژنایەتییانە، جوانییەکانی جەستە لە بەرچاوی یەک دەردەخەن، ئەگەرچی بیرکردنەوەکان هەر کۆت و زنجیرکراویش بن.
مەریەم، وەک لە دەستپێکدا دەردەکەوێت، بەو جۆرە و هەر لەوێشدا تا کۆتاییەکانی دەقە شانۆییەکە ون دەبێت، مەریەم دووگیانە، ئەم کارەکتەرە لە پاڵ یەک-دوو کەرەکتەری تردا هێڵی سووری ئەم دەقەن، ئەوان بە کردەوەکانیان دژ بە نەریت و ئایین و کۆمەڵگە وەستاونەتەوە، بەڵام کێشەی مەریەم وەک بڵێیت لە هەموویان قورسترە و پەیوەستە بە شەرەفەوە، مەریەم دیار نییە لە کێ دووگیانە، ئەگەرەکان لە دەوری ئەو قسە خورافییە دەسووڕێنەوە کە گوایە لە تۆماوی پیاوان، کە لە کونج و پێچەکانی حەمامدا، لە سەفتی پێشوودا دەستپەڕیان کردووە، دووگیان بووبێت! مەریەم چەقە، ئەگەرچی ون و نادیارە، ئەگەرچی تۆقاو و ترساوە، ئەگەرچی ڕۆحی لە سەر لووتیەتی و لە هەر چرکەیەکدا بێت مەرگ لە شێوەی کوشتندا دەگاتە گیانی. مەریەم سیمبوڵ و بیرخەرەوەی حەزرەتی مەریەمە، هەردوو تووشی نەفرەت و تووڕيی کۆمەڵگە هاتوون.
پرسێکی تر لە کۆتایی دەقەکەدا دەردەکەوێتەوە، ئەویش پرسی شەرەفە و ئەم پرسەش لە کەسێتیی “مەریەم”دا بەرجەستەیە. براکەی مەریەم و پیاوانی توندڕەوی ئایین هاتوونە بەردەرگای حەمامەکە و داوای مەریەم دەکەن کە ڕادەستی بکەن. براکەی مەریەم تازەکی لە فەرەنسا گەڕاوەتەوە، ئەو لەوێ، لەبری ئەوەی ئەقڵی تووشی کرانەوە و ئازادی ببێت، بووە بە پیاوێکی توندڕەوی دینی، کە ڕیشێکی درێژی هێشتووەتەوە و ئامادەیە لە هەر ساتێکدا بێت بکوژێت، یان خۆی بتەقێنێتەوە و سەدان کەس لە ناو بەرێت. بە داخەوە، دوایین دیمەنەکانی ئەم شانۆنامەیە هێجگار تراژیدین، ئەگەرچی خوێنەر، یان بینەر هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ تراژیدیای ژنەکان بەرەو ڕوو دەبێت، بەڵام لە دوایین دیمەنەکاندا ئەم تراژیدیایە تەرجەمەی توندوتیژی دەبێت و لە سەر جەستە پەڵەی گەورە جێ دەهێڵێت.
***
دوایین بەشی کتێبەکە، پاشەکییەکە، خودی وەرگێڕ (فرمێسک مستەفا) نووسیویەتی، لەم پاشەکییەدا وەرگێڕ، کە خۆی یەکێکە لە شانۆکارە بەئەزموونەکانی نێو شانۆی کوردی، باس لە سەرەتاکانی ئاشنایەتیی بە خودی نووسەری ئەم کتێبە دەکات، تا دەگات بەوەی کە لە وڵاتی ئەڵمان، لە نمایشی ئەم شانۆنامەیەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت، کە هەمان ڕۆڵی فاتمەیە. ئەم یادداشتە دەری دەخات کە وەرگێڕ لەگەڵ دەقی شانۆنامەکەدا ژیاوە، نەک ئەوە، بەڵکو ڕۆڵێکی سەرەکیی لە نمایشیشدا دیوە، هەر ئەوەشە کارێکی کردووە کە هەست بە زیندووێتیی وەرگێڕانەکە بکەین، بە جۆرێک، نەک ئەوەی کە دەقێکی وەرگێڕدراو بخوێنینەوە، بەڵکو ڕێک دەقێک نووسراو بە زمانی کوردی بخوێنینەوە، کە هەڵگری بەشێکی بەرچاو لە گرفت و تەنگژەی ژنانی کوردیشە.