
دژوارترین سات: دابڕان!
دژوارترین سات: دابڕان!
خوێندنەوەی کتێبی “لەبەردڵان وەک دابڕان”
بەختیار حەمەسوور
“لە دووی کەسێک دەگەڕێم هەموو نهێنییەکانی خۆمی بۆ بگێڕمەوە و پاشان بیکوژم!”
ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا ناوی ئەحلام موستەغانمی چیدی ناوێکی نەناسراو و نەبیستراو نییە، ئەو بەشێک لە گرنگترین کتێبەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی و خوێنەری کورد دنیای ئەو نووسەرە داهێنەرە پێدەزانێت. ڕەنگە گرنگترین بەرهەمی ئەم خانمەنووسەرە سێینە داهێنەرانەکەی بێت، کە لە زمانی کوردیدا دوو جار هەوڵی وەرگێڕانی هەیە، جاری یەکەم ساڵح محمەمەد ئەمین هەردوو بەرگی “بیری لەش” و “پشێویی هەستەکان”ی کردووە بە کوردی و جاری دووەمیش وەرگێڕی بەسەلیقە سەباح ئیسماعیل، کە هەرسێ کتێبەکەی کردووە بە کوردی، بە ناونیشانەکانی “یادەوەریی جەستە” و “شێواویی هەستەکان” و “جێگوزەر”ەوە، کە لە لایەن دەزگای فامەوە چاپ و بڵاو کراونەتەوە. پاشتریش لێرە و لەوێ چەند کتێبی تری ئەم نووسەرە وەرگێڕدراون و هەنووکە لە بەردەستی خوێنەراندان، یەکێک لەو وەرگێڕانە، کە بە هەناسەیەکی شاعیرانە و پڕ وزە و جووڵە تا ئێستا سێ کتێبی ئەحلام موستەغانمیی کردووە بە کوردی، مامۆستا پشکۆ نەجمەدینە، ئەو کتێبانەش هەریەک لە: “تامەزرۆتن ڕوح و جەستە” و “من بووم بە تۆ” و تازەترینیشیان: “لەبەردڵان وەک دابڕان”ە. مامۆستا پشکۆ بە گوڕوتینێکی ناوازەوە ئەم سێ کتێبەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کە خوێنەر بە خوێندنەوەیان هەم چێژێکی بەرین وەردەگرێت، هەم سەلیقە و جوانیناسیی داهێنەرانەی نووسەرەکەشی، لە باری شێواز و ناوەرۆکەوە، درک پێدەکات. شیاوی ئاماژەبۆکردنە کە دوو کتێبی دوایینی وەرگێڕدراوی مامۆستا پشکۆ لە ئەحلام موستەغانمی، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە نوێترینیان ئەمساڵ، واتە ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە.
ڕەنگە یەکەم شت بۆ نووسینێک کە مەبەستی خوێندنەوە و ناساندنی کتێبێک بێت، ئەوە بێت وابکات شێواز و ژانری کتێبەکە دەستنیشان بکات، کتێبی “لەبەردڵان وەک دابڕان” لەو کتێبانەیە کە بە دیاریکراوی ناتوانین بیخەینە خانەیەکە و بڵێین ئەمەیە، ئەگەرچی وەرگێڕی کتێبەکە لە ئەوەڵین لاپەڕەدا ئەم پاراگرافەی نووسیوە:
“ئەحلام موستەغانمی لەم نۆڤلێتەدا ئەزموونی نووسینی خۆی و بەشێک لە مەزنەنووسەرانی دنیا دەگێڕێتەوە و واوەتریش، بە زمانێکی شیعریی قووڵ و باڵا، باس لە سیحر و جوانییەکانی عیشق و دابڕان و ئازار و مەینەتییەکان دەکات. ئەحلام عاشقی زمانە و لە نێو ڕەهەندە جیاوازەکانی پەیڤ و مانا و دەلالەتەکانی وشەدا دەژیێ و کار لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان زمان و تەکنۆلۆژیا دەکات و کارکردە نەرێنییەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر کولتوور و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان شەنوکەو دەکات.”
لەگەڵ ئەو هەوڵە پوختەی مامۆستا پشکۆ نەجمەدیندا، کە بۆ ناساندنی کتێبەکەی ئەحلام موستەغانمی لەو پاراگرافەدا داویەتی، لە پاڵ ئەوەشدا پێمان وایە ئاشناکردنی خوێنەر بە وەها ناوێک، کە نۆڤلێتە، بۆ ئەم کتێبە دەقیق نییە و ڕێک ئامانجی کۆی ئایدیا و جیهانبینیی نووسەر و ئەم کتێبە ناپێکێت. دەتوانین بۆ ناساندنی ئەم کتێبە سوود لە دەستەواژەی “دەقی واڵا” وەربگرین، بەو واتایەی کە دەقی واڵا دەقێکە کە تێیدا چڵاوچڵی ژانر و شێوازەکانی نووسین دەکات، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ناپەیوەست و بێ چوارچێوە سوود لە ئیمکانە بەرینەکانی ڕووبەری نووسین وەربگرێت. لەم کتێبەی ئەحلام موستەغانمی: “لەبەردڵان وەک دابڕان”دا، بە شێوەیەکی فرەوان گەڕاوەتەوە بۆ ئەزموونە تێداژیاوەکانی خۆی لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، هەوڵی داوە لەوێوە داوەکانی ئەم کتێبە بچنێت و خوێنەر پەلکێشی خوانێکی گەورە و هەمەچەشن بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە ناو زمانێکی شیعری و ئەدەبیی چڕدا، ئەم ئەزموونە تێداژیاوانەی خۆی دەگێڕێتەوە و دەنووسێتەوە. هەر لە سەرەتاشەوە هەست بەوە دەکەین کە لە بەردەم ڕۆحێکی شەکەتی ژیان و نووسینداین، کە دەیەوێ خودی ئەزموونە بینینکاری و بەشدارییەکانی خۆی لەم کتێبەدا بنەخشێنێت. بێگومان خوێنەر لە بەردەوامیدان بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئەو ڕاستییەی بۆ یەکلایی دەبێتەوە، کە بەڵێ، خودی گێڕەوەر و ئەزموونکەری ئەم کتێبە، جیا لە ئەحلام موستەغانمی، کەسێکی تر نییە.
لە پاڵ گەڕانەوەی بەردەوام و چڕ بۆ سەر یادەوەری و ئەزموونەکانی، ئەحلام لەم کتێبەدا سوود لە “نامە” وەردەگرێت، لە کتێبەکەدا “بیست و شەش” نامە هەن، نامەکان بە شێوەیەکی ئەدەبی و شاعیرانە ئاڕاستە کراون، بەردەنگ ئەگەرچی ناوێکە، بەڵام زیادتر دەتوانین بڵێین کەسێکی وەهمییە و ئەحلام لە پێناو پەیڤە تاریک و دەروونییەکانیدا خولقاندوویەتی. چەقی ئەم نامانە خۆشەویستی و ئەڤینن، بەڵام نەک بەو شێوە ڕاستەوخۆ و بێپەردەیەی کە لە نێوان دوو دڵداردا دەگۆڕدرێنەوە، بەڵکو پێچراوە و بارکراو بە دیدگا و ڕوانین بۆ خودی “پەیوەندی” و لێکەوتە و شوێنەوارەکانی، کە ڕاستەوخۆ لە پاش “دابڕان”ەوە سەر بە چووزەرە و دەرکەوتن دەکەن. ئەم نامانە کارێک دەکەن ڕیتمی کتێبەکە بگۆڕێت، لە ئاستێکەوە بەرەو ئاستێکی تر لە چنین، وادەکەن کەمتر هەست بە هێڵی درامیی گێڕانەوە بکەین، لەبری ئەوە هەست بە بەردەنگی خۆمان، یان کەسێکی نەناسراو، کە چیرۆکی کەسانی تریشی پێوە ئاوێزان کراوە، بکەین. کەوایە، ئێمە دیسان دەکەوینەوە سەر ئەوەی کە بپرسین: ئەم کتێبە لە چ خانەیەکدا پۆلێن بکەین؟
خاڵێکی تر کە ئەحلام موستەغانمی بۆ نووسینی ئەم کتێبە سوودی لێوەرگرتووە، تێکەڵی و نزیکایەتیی خۆیەتی لە ژیانی ڕۆشنبیریی دەوروبەرەکەی، لەم ڕووەوە کتێبەکە بە دەیان ناوی نووسەر هاتووە و لە ڕستەیەک یان لاپەڕەیەک یان پاراگرافێکدا باسێکیان لێگێڕدراوەتەوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر ڕەوتی پەخشان و ناوەرۆکی کتێبەکە هەیە. هەر لێرەشدایە کە بە شێوەیەکی ڕەهاتر بانگهێشتی دەیان نووسەری تری سەر بە زمانە جیاوازەکان دەکات و بە بۆچوونەکانیان، جەختی بۆچوونی خۆی دەکاتەوە. کۆی ئەم قسانە بۆ خاڵێکی تر بوو لەوەی کە کتێبەکە کردوویەتی بە شێواز: ئەحلام لەم کتێبەدا ئایدیا و بۆچوونەکانی خۆی لە سەر نووسین و ژیان، لە دەرەوەی ئەوەی پێی دەگوترێ کەناڵی گێڕانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونەوە، بەیان دەکات و لە چوارچێوەیەکدا، کە خودی ئەدەبیاتە، دەیگەیەنێت بە خوێنەرەکەی. ئایا ئەمە کتێبی ئەزموونی نووسینە؟ یان کتێبێکە دەیەوێ پاش تەمەنێک ژیان، ڕوانگەی ڕوونی خۆی لە دووتوێی دێڕەکاندا بڵێت؟ هەرکام لەو دوو دانەیە بێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەحلام زۆر شاعیرانە سەما بە وشە و ڕستە و گێڕانەوە دەکات، تەنانەت گواستنەوەی بۆچوونی نووسەرانی دنیا هێند بە شێوەیەکی خۆڕسکانە و هێمنانە کراوە، کە هەر دەڵێیت نەک قسەی ئەوانی تر، بەڵکو خودی قسە و بۆچوونی ئەحلامن لە بەستێندا.
تەنانەت لە نووسینی ئەم کتێبەدا، نووسەرەکەی هەوڵ دەدات سوود لە ئیمکانی دنیای هاوچەرخ و بە تایبەت تەکنۆلۆژیا وەربگرێت، بۆ ئەوەش بەردەنگێک دەناسین لە دووتوێی نامەکانەوە، کە لەگەڵ خودی ئەحلام، لە ڕێی مەسنجەرەوە نامە دەگۆڕنەوە و پەیوەندییەک دەسازێت، کە ڕوون و ڕەوان دیار نییە چ جۆرێکە.
سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکەی، ئەحلام موستەغانمی لە چەند جێدا لەوە دەدوێ کە دەیەوێ بە شێوەیەکی تایبەت لە دۆخێک بدوێ، دۆخێک کە بە هەناوی تێکستەکەدا درێژ بووەتەوە و کە جاوباریش لێرە و لەوێ سەرەداوەکانی ون و نادیار دەبێت، هێشتاش بە کاڵی و هێڵێکی باریک ئامادەیی هەیە، ئەو هێڵەش عەشقە. ئەحلام لە “لەبەردڵان وەک دابڕان”، وەک ڕۆمانەکانی، بە تایبەت ئەو سێینەیەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، دوو کارەکتەری ژن و پیاوی نییە، بەڵکو بێ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەڤینێکی دیاریکراو، چیرۆکی ئەڤین دەگێڕێتەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە کتێبەکە لێدوانئاسا بکەوێتەوە لە سەر عەشق، نەک خودی عەشق لە پڕۆسەی جێبەجێکردندا. ئایا دەکرێت ئەم کتێبە وەک کاتەلۆگێک بۆ عەشق بخوێنرێتەوە؟ کتێبێک کە شوێنپی و شوێنەواری عەشق لە سەر تاک دادەنێت؟ ڕەنگە دیسان قورس بێت بمانەوێ کتێبێکە بترنجێنینە ناو چوارچێوەیەکەوە و بڵێین بەڵێ! لەگەڵ ئەوەشدا “عەشق” سەرتۆپی ئەم کتێبەیە و دەرکردنی “عەشق” و لێکەوتەکانی لەم کتێبەکە، تەنانەت لە سادەترین پەیڤەکانیش بەتاڵ دەبێتەوە.
ئەحلام موستەغانمی دەیەوێ باس لە دۆخێکی تایبەتی ئەو پانتاییە بکات کە ناوی “عەشق”ە، واتە نەهاتووە خودی ئەو ڕووبەرە بەرینە بۆ باسەکەی بگرێتە بەر، بەڵکە لە گۆشەیەکەوە دەیەوێت بەرد لە سەر بەردی وشەکانی سەریەک بنێ و بڵێ من ئاوا دەیبینم، ئەویش ساتی “دابڕان”ە. دابڕان لە نیگای ئەحلام موستەغانمییەوە بە واتای تەواوبوون یان کۆتاییهاتنی پڕۆسەی عەشق نییە، بەڵکو لە ئەڤینی ڕاستەقینەدا “دابڕان” دەبێتە سەرەتایەک و دەتوانێت درێژە بە هەوا و هەناسەی عەشقێکی لەدەستچوو بدرێ، بەڵام بەو جیاوازییەوە: بە ئازارەوە! کەسێک کە جێ دەهێڵرێت، وەک ئەحلام وێنای دەکات، لە چرکەساتێکدا هەست دەکات ژێرپێی بەتاڵ و بۆشە، هەست دەکات بەرەو قووڵترین خەرەند بەر دەبێتەوە، ئەوە “یادەوەری”یەکانن کە ڕەنگە دەستێک بدەنە باڵی و ڕاستی بکەنەوە، ڕەنگە ئەوەش دوایین هیوا بێت دژ بە هیوایەک کە جاڕی مەرگی بۆ دراوە.
دۆخی تایبەتی کەسێکی دابڕاو لە ئەڤینەکەی دۆخێکی دژوارە، لەم کتێبەدا ئەحلام دەیەوێ ئەو دۆخە بە هەموو برک و ژانەکانیەوە بنووسێتەوە، بیخاتە بەرچاوی خوێنەر و بڵێت ئەمەیە حاڵی بیماری عاشقان! لە دێڕێکدا، کە دەتوانین بەشێکی گرنگ لە چییەتی و چۆنییەتیی کتێبەکەی لێوە بخوێنینەوە، ئەحلام دەنووسێت: “لە دووی کەسێک دەگەڕێم هەموو نهێنییەکانی خۆمی بۆ بگێڕمەوە و پاشان بیکوژم!” ئەمە حاڵی عاشقێکە کە پڕە لە یادەوەریی دەستلێنەدراو و نەگوتراو، بەڵام چیدی کەسێکیش نابینێتەوە کە بتوانێت دەردەدڵی بۆ بکات و دڵنیا بێت کە لە ئاستی متمانەدایە، ئەو کەسە لە مۆنۆلۆگێکی هەمیشەییدا دەژی و ئەوەش ئەوپەڕی گینگڵدان و ئازارە بۆی، بە جۆرێک، کە پارسەنگی ژیانی تێکوپێک دەدات و هەرگیز ناتوانین وەک کەسێکی ئاسایی بیبینین، یان ببێتەوە بە کەسێکی ئاسایی، بۆ هەمیشە لە دەریای دەروونیدا پەرێشان و سەرحاڵ دەبێت، خەونەکانی دەبن بە چڵی دەم با و دەستی بۆ گرتنەوەیان، هەمیشە لە بۆشاییدا دەلەرێتەوە.
کتێبەکە بە تووناوتوونەکانی ئەڤیندا دەمانبات، ئەحلام گەرچی لە دوو کەسی بەرجەستەکراو نادوێ، بەڵام هەر دەڵێیت لە خۆی و پیاوێک دەنووسێت کە “دابڕان” بۆ هەمیشە بووە بە چارەنووسیان. بۆیە کتێبەکە “لەبەردڵان” و زیندوو کەوتووەتەوە، بێگومان بەشی هەرە سەرەکیی ئەم لەبەردڵانییەی کتێبەکە و زیندووێتییەکەی، بۆ خودی وەرگێڕەکەی دەگەڕێتەوە، کە بە بڕوای ئێمە لەم کتێبەدا زمانێکی باڵا و ناوازە، کە بڕ بە باڵای پەیڤە ئەفسووناوییەکانی ئەحلام بێت، دۆزراوەتەوە و پێی وەرگێڕداوە و دەقەکەی لە نوێ پێنووسراوەتەوە و داڕێژراوەتەوە. بێگومان لێرەدا دەتوانین ئەم ڕاستییە سادەیەش بنووسین، کە ئەم کتێبە جیا لە ناوەرۆکە شاعیرانەکەی، چێژێکی هەراویش هەیە لە زمانەکەیدا، پاراستن و گواستنەوەی ئەو زمانە لە زمانی وەرگێڕاودا، وادەکات کە پێگەی وەرگێڕ لە کەسێکەوە کە کارێکی میکانیکی ئەنجام دەدات و تێکستێک وەردەگێڕێت، ببێتە پێگەی خولقێنەرێک کە کتێبێک لە ژێڵڵاوە بەرهەم دەهێنێتەوە لە زمانێکی تردا. هەربۆیە کتێبی “لەبەردڵان وەک دابڕان” تەنها کتێبێک نییە کە وەرگێڕەکەی خۆڕاسان دەستی دابێتێ و ناوی نووسەرەکەی و بەناوبانگییەکەی هانی وەرگێڕانی دابێت، بەڵکو لە هەر ڕستەیەکدا هەست بە لەگەڵداژیانی وەرگێڕەکەی دەکەین لەگەڵ وشەبەوشەی کتێبەکەدا.