
لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە کتێبی “توحفەی ناسری”
لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە کتێبی
“توحفەی ناسری”
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە دابەش کراوە بە سەر چەندین بەش، تەوەر و بابەت و قۆناغی جیاجیادا، گرنگترینیان بریتییە لە: سەبارەت بە ئایین، زمان و ڕەچەڵەکی کورد، نەژادی کورد، ئەو ئەفسانانەی لەمەڕ کورد و ڕەچەڵەکیەوە گوتراون، مێژوو و بناغەی زمانی کوردی، لقەکانی زمانی کوردی، لقە ئایینییەکانی ئەهلی سوننە و جەماعەت، ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە کوردستاندا، بڵاوبوونەوەی ڕێبازی نەقشی لە کوردستاندا، شێوازی سۆفیگەری لە ڕێبازی نەقشیدا، مێژوو و جوگرافیای سنە، خێڵ و عەشیرەتەکانی جاف، ئایین و ئایینزای ئەردەڵانییەکان، حوکمڕانیی ئەردەڵانیی ئەردەڵانییەکان لە کوردستاندا، حکومەتی کرماشان و کوردستان، هاوکات چەندین بەش و بابەت و ناونیشانی دیکە، کۆی لێکۆڵینەوە مێژووییەکە پێکدەهێنن.
لەم کتێبەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە توحفەی ناسری بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و بەنرخەکانی مێژوو و جوگرافیای کورد بە گشتی و بەسەرهاتی ئیمارەتی ئەردەڵان بە تایبەتتر دادەنرێت: لەم ڕووەوە بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسی لە سەر کوردستان و حوکمڕانیی ئەردەڵانییەکان، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد دەبێت ئاوڕ لەم سەرچاوە گرنگە بداتەوە.
بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە و شۆڕبوونەوەیە بۆ ڕابوردوویەکی دێرین و جوگرافیا و هەڵکەوتەی کوردستان و یەکێک لە ئیمارەتە گەورە و کاریگەرە نەتەوەییەکانی کورد، کە ئەویش ئیمارەتی ئەردەڵانە، ئەم کتێبە لە لایەن (میرزا شوکوروڵڵا سەنەندەجی) نووسراوە و لە لایەن ڕەفعەت مورادی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بە ناوی (سەبارەت بە ئایین و زمان و ڕەچەڵەکی کورد)، باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لەمەڕ ڕیشە و ڕەچەڵەکی کورد بە ڕادەیەک ئاڵۆزە، کە ناتوانرێت لەم کورتە باسەدا بە تەواوەتی باسی لێوە بکرێت، ئەوەی هەندێ لە لێکۆڵەران لەمەڕ نەژادی کورد هەوڵیان داوە، ئەم گەلە ببەستنەوە بە نەژادی تورانی، سامی و کلدانی، یان پاشماوەکانی گوتی، لۆلۆ و کاسی، یان هۆزەکانی تری ماد و پارت، مەسەلەیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە لێکۆڵەران و نووسەرانی کۆن و نوێ لە سەر ئەوە کۆکن کە بەر لە هاتنی هۆزە کوردە ئێرانییەکان بۆ وڵاتی کوردستان، هۆزێکی بە ڕەچەڵەک ئاریایی بە ناوی کاردۆ لەم ناوچەیەدا خاوەنی شارستانییەتێکی تا ڕادەیەک گرنگ بووە و دواتر لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی تریاندا تێکەڵ بوون و لە ناو یەکتردا توانەوە.
لە هەمان بەشدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کوردەکان لقێکن لە نەژادی ئێرانی، کە لە ڕووی زمان، دابونەریت و ئایینەوە لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا، لە زۆر بواردا هاوچەشنن، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ڕووداوە مێژووییەکان لە بەرجەستەکردنی تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەتەوەیی و نەژادییەکانیان کاریگەریی هەبووە: لە ئاکامی ئەو فاکتەرانە، لە ڕووی زاراوە و دابونەریت و ئایینییەوە جیاوازییان لێکەوتووەتەوە، ئەم جیاوازییانە بوونەتە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی سەبارەت بەم نەتەوەیە دژوار بێت، بەمپێیە هەندێ لە توێژەران و لێکۆڵەرانی بواری ڕەچەڵەکناسی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستی زایینیدا، سەبارەت بە نەژادە ئێرانییەکان، ئەو ئەرکەیان بەجێ هێناوە و باسی نەژادی کوردیان کردووە.
هاوکات نموونەی وتەیەکی (ڕیچ)، کە بیرمەندێکی بواری ڕەچەڵەکناسییە، دەهێنێتەوە کە لە توێژینەوەیەکیدا سەبارەت بە نەژادی کورد گوتوویەتی: لە ڕووی پێکهاتە و فۆنکشنەوە کوردەکان بە دوو دەستە پۆڵێن دەکرێن، دەوارنشینان و جووتیارانی گوندنشین، دەوارنشینەکان خەڵکانێکی جەنگاوەرن، کە پیشەی سەرەکییان شوانییە و بە (ئەسیرتا) بەناوبانگن، بەڵام جووتیارەکان، کە سەرقاڵی کوشتوکاڵن، بە (گۆران) ناویان دەرکردووە.
لە بابەتێکی دیکەی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییەدا بە ناوی (حیکایەت و گێڕانەوە زارەکییەکان)، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەو چیرۆکانەی بە شێوەی پەخشان نووسراونەتەوە، بەشێکی زۆر لە چیرۆکە حەماسییەکان و دووبەیتییەکان، هەروەها ئەو درامایانەی کە لەمەڕ عەشق و دڵداری بە زمانی کوردی گوتراون، لەوانە: چریکە یان بەیت، ئەو هەڵبەست و هۆنراوانەن کە سەبارەت بە عەشق و قارەمانێتی بە زاراوەی کرمانجیی موکریانی گوتراون و بێژەرانی ئەو جۆرە هەڵبەستانە بە گۆرانیبێژ، یان گۆرانیچڕ و بەیتەوان بەناوبانگن، هاوکات باس لەوەش دەکات کە چریکە لە ڕوانگەی گێڕانەوە و ئاهەنگ و ناوەرۆکەوە زۆر دەوڵەمەندە، چریکە لە دڵی پاک و بێگەردی کوێستانەکانی کوردستاندا هەڵقوڵاوە.
لە بەشێکی دیکەدا کە سەبارەت بە ئایین و ئایینەکانی کوردە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نووسەرانی مێژووی کورد و ئەو لێکۆڵەرانەی کە سەبارەت بە کورد و کودستان نووسیویانە، وێڕای لێکۆڵینەوە و دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ ڕەچەڵەک، زمان و پێشینەی مێژوویی کورد، ئاماژەیان بە دابونەریت و بیروباوەڕی ئایینیی کوردان داوە و لەم بارەیەوە کۆدەنگن کە هۆزە ئێرانییەکان هەر لە کۆنەوە هەتا سەرهەڵدانی ئیسلام، سەر بە یەک ئایین بوون و ئەگەر هەندێ جیاوازی لە بیروباوەڕی ئایینیی ئەواندا بینراوە، ئەوە تەنیا دانیشتووانی سەر سنوورەکان دەگرێتەوە، کە تا ڕادەیەک کولتووری دراوسێکانیان کاری لێکردوون، دواتر ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، هۆزە کوردەکان لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر، دواجار ناچار بوون ئایینی ئیسلام قبوڵ بکەن و بە هۆی دراوسێیەتییەوە لەگەڵ عەرەبە موسڵمانەکاندا و نزیکبوونەوەیان بە ناوەندی خەلافەتەوە، ڕێبازی سوننە هەڵبژێرن و ببنە لایەنگری خولەفای ڕاشدین: دواتر بە هۆی ئەوەوە کە سوننەکان بوون بە چوار لقەوە، کوردەکان بە زۆری بوون بە شوێنکەوتووی ئیمام شافیعی، کە لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لە بەشێکی تردا سەبارەت بە ناحیە و شار و شارەدێیەکانی کوردستان، واتە سنە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە شاری سنە لە هەژدە بلۆک یان ناوچەی نیمچە دەسەڵات پێکهاتووە، کە چوار ناوچەی ئەو شارە چوار شارەدێی بەناوبانگیان لە خۆ گرتووە، ناوچە جۆراوجۆرەکان و شاخوداخ و ڕووبار و عەشیرەتەکانی ئەم وڵاتە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
ئەسفەندئاوا، ئەمیرئاوا، پاڵنگان، بیلاوەرات، کەڵاتەرزان، کردوز، تیلەکۆ، کەرەفتوو، سەقز و چەندینی تر.
دواتریش دێتە سەر باسی ڕووبارەکان، ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو ڕووبارانەی سەرچاوەکەیان لە کوردستاندایە، بریتین لە: ڕووباری شاری سنە، ژاوەرۆ، پاڵنگان، گاران، سوورگوڵ، مەتریوان، زەلان، ئەم ڕووبارە گەورانە لەگەڵ ڕووباری دیجلە یەک دەگرنەوە و بە ئاڕاستەی بەغداددا تێدەپەڕن، باس لەوەش دەکات کە سێ ڕووباری جحاتوو، سەقز، خوڕەخوڕ دەڕژێنە ناو دەریای سوورتەسووج، کە هەمان دەریاچەی ورمێیە، ڕووباری قەزەل ئۆزەن، کولە، تلوار، حاجی چا، بەرەو دەریاچەی ڕەشت بە ڕێ دەکەون، هەردوو ڕووباری ڕوانسەر، زەڕین جۆ و شیروانە دەڕژێنە ناو قەرەسووی کرمانشان.
ڕەفعەت مورادیی وەرگێڕ لە پێشەکییەکی کورتدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە دەمێ ساڵە پچڕپچڕ دەستی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کردووە بۆ سەر زمانی کوردی: خۆشبەختانە ساڵی ٢٠١٩ هەوڵ و ماندووبوونەکەم هاتە بەر و توانیم ئەم ئەرکە سەختە بگەیەنمە ئامانج.
بێگومان ئێستا کتێبەکە لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە و پێویستە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و کاریگەری مێژووی تەماشای بکرێت و بخوێنرێتەوە، هەندێک ڕاستی و دروستیی مێژوویی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، هاوکات هەندێک زانیاریی بەسوودی تێدایە، کە دەکرێت وەک سەرچاوە ببنە بنەمای دەیان توێژینەوەی زانستی لەمەڕ مێژووی کورد، چونکە ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە هیچ بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتووەتەوە تیشکی نەخستبێتە سەر، هەر لە دابونەریت و ڕەچەڵەکەوە بگرە تا دەگات بە جوگرافیا و ئایین و تەریقەتەکان، هاوکات پەردەی لە سەر زۆرێک لەو ڕاستییە مێژووییانە هەڵداوەتەوە، کە چەندین ساڵ بە نهێنی ماونەتەوە، یاخود تۆزی گومان نیشتووەتە سەریان، لێرەدا ناکرێت کۆی لایەنە هەمەجۆرەکانی کتێبەکە بدەینە بەر باس و ناسین، باشتر وایە خوێنەر و نووسەری کورد خۆیان گوێ بۆ کتێبەکە ڕادێرن، تا چیرۆک و حیکایەتە مێژووییەکەیان بۆ بگێڕێتەوە.