کتێبێکی سیاسی دەربارەی توندوتیژی

کتێبێکی سیاسی

دەربارەی توندوتیژی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (دەربارەی توندوتیژی)، ئەم کتێبە لە لایەن بیرمەندی ئەڵمانی (هانا ئاڕێنت) نووسراوە و (حەمە ڕەشید) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بابەتی کتێبەکە سیاسییە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

بابەتێکی (عیزەتوڵڵا فولادوەند) کراوە بە پێشەکیی کتێبەکە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ڕەووف بێگەرد)ـەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لەو پێشەکییەدا نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە  لە دێرزەمانەوە، هەرکاتێک سیمای گەردوون لە دیدی مرۆڤەوە پێویستی بە ئارایشت کردبێت و وایش دەرکەوتبێت کە چیدی ناتوانرێ ڕێگەچارەی دی بۆ کارەکان بدۆزرێتەوە: ئیدی نەوەی ئادەم یان ڕێگەی شەڕ یان ڕاپەڕینیان گرتووەتە بەر، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت بتوانین جەنگ و شۆڕش لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەسەلە واقیعییەکانی دونیا، کە لەگەڵ دەستپێکی مێژووی مرۆڤدا سەریان هەڵداوە، بە ئەزموونە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دابنێین.

ئەو پێشەکییە گرنگ و کاریگەرە پێمان دەڵێت: هەموو جەنگ و شۆڕشێک لۆژیکی تایبەتی خۆی هەبووە و دەرئەنجامی بەریەککەوتنی ئەو هێزانە بووە کە لە ناوەوە و دەرەوەدا لەگەڵ یەکتردا کارلێکیان هەبووە، لەبەر ئەوەی باری دونیا بەردەوام لە گۆڕاندایە، بۆیە بە دەگمەن دەتوانرێ شتێک بدۆزرێتەوە کە تا ئێستا هۆکاری ململانێ و  شۆڕشی لە دواوە نەبێت.

کەواتە توندوتیژی لە لایەکەوە خاڵی هاوبەشی جەنگ و شۆڕشە، بە بێ ئەوەی جیاوازیی ئەوە بکات کە ئەو دوو لایەنە کامیان لە سەر حەقن، بێلایەنانە دەڕوانێتە ئەو بارەی ئۆپۆزسیۆنی تێدایە، لە لایەکی ترەوە دیدی واقیعبینەکان لەگەڵ بیری ئایدۆلۆژیستە جۆراوجۆرەکاندا پێکەوە موتوربە دەکات.

هانا ئاڕێنت لەم کتێبەدا پێمان دەڵێت ئەو ڕووداو و کێشمەکێشانەی لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە باکگراوندی سەدەی بیستەمدا ڕوویان دا، ئەم ڕوانینەیان لە لا ورووژاندم، ئەو سەدەیەی کە بە ڕاستی هەروەک لینین پێشبینیی دەکرد، سەدەی جەنگ و شۆڕشەکان بوو، سەدەی ئەو توندوتیژییەی کە بە گشتی خاڵی هاوبەشی نێوان جەنگ و شۆڕشەکان بوو: لە پاڵ ئەوەشدا فاکتەرێکی گرنگی دی لەم بارودۆخەی ئێستادا بە دیار دەکەوێت، کە سەرباری ئەوەی کەس پێشبینیی نەکردبوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک کەمبایەختر نییە.

ئەم کتێبە پێمان دەڵێت کە شتێکی سروشتییە نەوەی نوێ لە ژیاندا زیاتر لە ئەگەری کارەساتە گەردوونییەکان بە ئاگا بێت، تا ئەو نەوەیەی تەمەنی لە سەرووی سی ساڵەوەیە، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی ڕۆڵەکانی نەوەی نوێ تەمەنیان کەمترە، بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکەمین ئەزموونی یەکلاکەرەوەیان بوو لەم جیهانەدا: یاخیبوونی خوێندکاران دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرکەوتەکانی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی و زۆر جاریش لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دی جیاواز دەبن، ئەم گوتەیە بە تایبەتی لە سەر مەسەلەی جێبەجێکردنی توندوتیژییش پیادە دەبێ، هەرکاتێک پێکدادانی نێوان نەوەکان لەگەڵ پێکدادانی نێوان بەرژەوەندیی دەستەهەستیی گروپەکان ڕێک نەیەتەوە، توندوتیژی زیاتر وەک مەسەلەیەکی تیۆری و زمانپاراوی دەمێنێتەوە.

ھانا ئارێنت لەدایکبووی ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٠٦ـە لە ئەڵمانیا، تاکە منداڵی پاوڵ مارتای بە ڕەگەز جوولەکەی ڕووسییە، بە سەرەتایەکی پڕ خەم و ئازار ژیانی دەست پێکردووە، کە لەگەڵ کۆچی دوایی پاوڵ  و نەھامەتییەکانی جەنگی جیھانیی یەکەمدا ھاوکات بووە.

ئارێنت پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەستی دایە خوێندنی  کۆمەڵناسی لە زانکۆی ماربێرگ،  پاشان لە بەردەستی فەیلەسووفی لاو هایدگەر، ھەر لەو زانکۆیەدا دەستی دایە خوێندنی فەلسەفە و لە ساڵێکی پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکاریدا، پەیوەندیی خۆشەویستییش لە نێوانیاندا دروست بوو، کە بە درێژایی نیو سەدە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پەیوەندییەیان بەردەوام بوو، ھاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا لە زانکۆی بەرلین ئیلاھییاتی مەسیحی خوێندووە.

بە ھۆی گەشەکردنی بیرۆکەی ئەنتی سەمیتیزم،  جوولەکەکانی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی گرفت بوونەوە، ھەر لەبەر ئەمەش بوو لە ساڵی ١٩٣٣دا دەستی دایە چالاکیی سیاسی و ھاوکاریی ڕێکخراوی زایۆنیی ئەڵمانی دەکرد، کە پێشڕەوی دەکرا لە لایەن (کۆرت بلومێنت فیڵد)ەوە بۆ گەیاندنی گرفتی قوربانییانی نازیزم و توێژینەوەی دەکرد لە سەر پڕوپاگەندەی ئەنتی سەمیتیزم، ھەر لەبەر ئەمەش بوو خرایە بەندیخانە، بەڵام پاش بەدەستھێنانی سۆزی دەرگاوانی بەندیخانەکە، ڕزگاری بوو و لەگەڵ ھەندێک بیرمەندی تردا ھەڵھاتن بۆ پاریس، لە ماوەی ١٠ ساڵی مانەوەی لە پاریسدا، خۆی بە ھاوکاری بۆ منداڵانی ئاوارەوە سەرقاڵ کردبوو. ئارێنت بە یەکێک لە فەیلەسووفە ھاوچەرخەکان دادەنرێت، کە پاش  سیمۆن دی بۆڤوار، دیارترین ژنەفەیلەسووفە، بەڵام ئەو فەیلەسووفێکی ستماتیکی نییە وەک کانت و ھیگڵ، بەڵکو تاڵەکانی ئەندێشەی ئەو بە شێوەیەکی وا لێک ئاڵاون، کە لە شێوەی چنراوێکدا دەردەکەون، واتە بە کۆشش و ھەوڵدانی بەردەوام دووبارە دەتوانرێت دروست بکرێتەوە.

ئارێنت لەو فەیلەسووفانەیە کە ڕەخنەی ھەیە لە مۆدێرنە و لە بەرھەمەکانیدا دوو چەمکی سەرەکیی جێی بایەخن، ئەوانیش سیاسەت و فەلسەفەن. ھانس جۆنسی فەیلەسووفی بەناوبانگی ئەڵمانی و نووسەری کتێبی بنەماکانی بەرپرسیاری دەڵێت: ھانا بووە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆکردن و باسکردن لە بواری تیۆریی سیاسیدا و میتۆدی لێکۆڵینەوەکانی بە سەر ئایدیا و چەمکەکانی بە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری سەپاند. ئارێنت پێیوایە کاتێک مرۆڤێک بیر ناکاتەوە، بوونی نییە، مەبەستی لە سیاسەت تێگەیشتنە، نەک کارکردن، کە گۆڕانکاریی بە سەر پەیوەندیی ئێمە و ڕابوردوودا ھێنا و دەڵێت: بیرکردنەوە واتە بیرھێنانەوەی ڕابوردوو و پەیوەستکردنی بە ئێستاوە، من کاتێک بە دووی ڕابوردوودا وێڵم، ڕاوچییەکم بەنرخترین چەمک وەک مرواری دەردەھێنم.

 بە ڕای ئەو، ئازادبوونی مرۆڤ دەبێت ڕۆڵی ھاوڵاتی لە چوارچێوەی گشتیدا ئەنجام بدات، بەم شێوەیە کاری سیاسی لە فەزای گشتیدا دەرخەری واتای ئازادیی مرۆڤە، بە پێی بۆچوونەکانی ئەو لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەت ژیانی مرۆڤ، نەک لە بەرامبەر توندوتیژیی ئەوانی دیکەدا، دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵکو بێ مانا و بێ ڕیشەیە، بەم شێوەیە بواری گشتیی سیاسی فەزایەکە کە لە چوارچێوەی ئەودا ئازادیی تاکەکەسی تاکەکان دەدرەوشێتەوە و کار و بەرھەمەکانی مانا پەیدا دەکەن.

یەکەمین چەکی ئارێنت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی جیهانی سەرسووڕهێنەر، تێفکرین بوو. بەڵام تێفکرین هەموو کاتێک زۆرتر لەوەی شتێک بووبێت کە لە مێشک و زەینیدا ڕووی دەدا، ڕێگەیەک بوو بۆ ئەوەی لە جیهاندا بێت.

ئارێنت بە سێ زمان دەینووسی و لانی کەم بە شەش زمان دەیخوێندەوە، ئەو دواتر گوتی کە ئەوە زمانی ئاڵمانی نەبوو کە شێت بوو، بەڵکو لە تەمەنی بیست ساڵیدا، ئەوە خەڵک بوون کە بەرەبەرە بەرەو شێتی هەنگاویان نا، تەنانەت ئەو کەسانەی کە عاقڵ و بیرمەند بوون و ئارێنت وەک هاوڕێی خۆی دەیدانە قەڵەم، لە هەمبەر واقیعی سیاسی، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ناشیرین دەبوو، بێدەنگییان هەڵبژاردبوو. ئارێنت وەک جوویەک خاوەن ژیانێکی لاکچێری وەک “پەنابەری ناوخۆیی” نەبوو، درێژەی ژیانی بە بیرکردنەوە و گەڕانەوەیەک بۆ جیهانێک تەرخان کردبوو، کە تێیدا بە تەواوی مافی بوونی خستبووە ژێر پرسیارەوە.