
کاتێک ڕۆمانەکان جێی بایەخ بوون
کاتێک ڕۆمانەکان جێی بایەخ بوون
دەیڤید بروکس
و: ڕامیار مەحمود
من لە تەمەنێکی وەهادام، ڕۆژگاری زێڕینی ڕۆماننووسەکانم زۆر باش لە یادە. کاتێک لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لە کۆلێژ بووم، ڕۆمانی نوێی فیلیپ ڕۆت، تۆنی مۆریسۆن، ساول بیلۆ، جۆن ئاپدایک، ئەلیس واکەر و ئەوانی دیکە دەبوونە ڕووداوی کولتووری. خوێنندنەوە و خوێندنەوەی پێچەوانە و ئارگیومێنتسازیی لە سەر دەنوسرا.
ئەمە دەرهاویشتەی نۆستالیجیای من نییە. لە ناوەڕاست تا کۆتایی سەدەی بیستەم، ڕۆمانەکان جەماوەرێکی زۆری خوێنەریان هەبوو. ئەگەر سەیری لیستی هەفتانەی بڵاوکەرەوەکان بکەیت، ڕۆمانە پڕفرۆشەکانی ساڵی ١٩٦٢، ئەوا بەرهەمەکانی کاترین ئان پۆرتێر، هێرمان ووک و جەی دی سالینجەر دەبینیت. ساڵی دواتر کتێبەکانی ماری مەکارتی و جۆن ئۆهارا دەدۆزیتەوە. لە وتارێکی ئەم دواییەی (سابستاک)ەوە بە ناوی “داکشانی کولتووریی ڕۆمانی ئەدەبی”، لە نووسینی ئۆین ینگلینگ، زانیم کە ڕۆمانی “ڕاگتایم“ی ئی.ل. دکتۆرۆ پڕفرۆشترین کتێبی ساڵی ١٩٧٥ بوو، کتێبی “پۆرتنۆی کۆمپلەینت”ی ڕۆت پڕفرۆشترین کتێبی ساڵی ١٩٦٩ بوو، کتێبی “لۆلیتا“ی ڤلادیمێر نابۆکۆڤ لە ساڵی ١٩٥٨دا پلەی سێیەمی بە دەست هێنا و “دکتۆر ژیڤاگۆ”ی بۆریس پاستەرناک پلەی یەکەمی بە دەست هێنا.
ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆژ ڕۆژی کۆلین هوڤەر و ڕۆمانی فانتازیا و ژەنر-فیکشنە. دامەزراوەیی نیشتمانی بۆ هونەر بۆ دەیان ساڵە ڕاپرسی لەگەڵ خەڵک دەکات و بە گوێرەی ئەوان ژمارەی ئەوانەی تەنانەت بانگەشەی خوێندنەوەی ئەدەبیات دەکەن، لە ساڵی ١٩٨٢ەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە دابەزیندایە. ینگلینگ ئامژەی بەوە داوە هیچ بەرهەمێکی (لیتەرەری-فکشن) لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە لیستی ١٠ فرۆشیاری ساڵانەی هەفتانەی بڵاوکەرەوەدا نەبووە. من هیج کێشیەکم لەگەڵ ژانر-فیکشن و کتێبە باوەکاندا نییە بەڵام سکۆت فیتز جیرالد، فۆکنەر، جۆرج ئێلیۆت، جین ئۆستن یان دەیڤید فۆستەر واڵاس لە ئەمڕۆدا لە کوێن و چییان بە سەر هات؟
من ناڵێم ئێستا ڕۆمانەکان لە خراپترین دۆخدان، (من نازانم چۆن شتێکی لەو جۆرە بپێوم.) من دەڵێم ئەدەب ڕۆڵێکی زۆر بچووکتر لە ژیانی نەتەوەیی ئێمەدا دەگێڕێت و ئەمەش کاریگەرییەکی نامرۆڤانەی لە سەر کولتوورەکەمان هەیە. جاران هەستێک هەبوو، کە لە سەردەمی ڕۆمانتیکەوە بۆمان مابووەوە، کە ڕۆماننووس و هونەرمەندان وەک ویژدانی میللەتن، وەک حەکیم و پێغەمبەران وەهان، دەتوانن پێمان بڵێن ئێمە کێین. وەک چۆن کۆمەڵناس سی ڕایت میڵز جارێک باسی کردووە، “هونەرمەند و ڕۆشنبیری سەربەخۆ لە ڕیزی ئەو کەسایەتییە کەمانەنەن کە ماونەتەوە و لە ئامادەسازیی پێویستدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەشە باوەکان.”
لە ئەنجامی ئەم گریمانەیەدا، ڕۆماننووسەکان لە دواییەکانی ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا گرنگییەکی زۆریان پێدرا و هەندێکیان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەناوبانگ بوون: گۆر ڤیداڵ، نۆرمان مەیلەر، ترومان کاپۆت. هەروەها گفتوگۆ ئەدەبییەکان ئەوەندە گرنگ بوون، بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە ڕەخنەگرانیش ناوبانگ بە دەست بهێنن: سوزان سۆنتاگ، ئەلفڕێد کازین و پێش ئەوانیش لیۆنێل تریلینگ و ئێدمۆند ویلسۆن. ڕانانی کتێب لە ڕۆژنامەکانی سەرتاسەری وڵات هێجگار زۆر بوون و لە گۆڤارە کاریگەرەکانیشدا، وەک نیو ڕیپابلیک.
بۆچی ئەدەب کەمتر بووەتە بابەتی سەرەکیی ژیانی ئەمریکی؟ دیارترین هۆکار ئینتەرنێتە، کە هەموان بەو هۆیەوە سەرنجدانمان لە دەست داوە. من ئەمە تا ڕادەیەک بە قایلکەر دەزانم، بەڵام نەک زۆربەی کات. وەک ینگلینگ ئاماژەی پێدەکات، دابەزینی لیتەرەری-فکشن ئەدەبی گێڕانەوە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە، پێش ئەوەی ئینتەرنێت زاڵ بێت.
خەڵک هێشتا توانای سەرنجدانیان ئەوەندە هەیە کە بتوانن کلاسیکەکان بخوێننەوە. کتێبی “١٩٨٤“ی جۆرج ئۆروێڵ (ڕێبەرێکی بنەڕەتییە بۆ ساتەوەختی ئێستا)، زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە و کتێبی “پراید ئاند پرەجەدس“ی جین ئۆستن زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە. ئەمریکییەکان هێشتا کتێبی ئەدەبییان خۆش دەوێت. کاتێک کۆمپانیای توێژینەوەی WordsRated داوای لە ئەمریکییەکان کرد کتێبە دڵخوازەکانیان ئاماژە پێبدەن، “پراید ئاند پرەجەدس“، “توو کیڵ ئە مۆکینگبێرد“، “زە گرەیت گاتسبی” و “جەین ئایر“، هەموویان هاتنە ڕیزبەندیی ١٠ کتێبی سەرەکی.
هێشتا خەڵک توانای سەرنجدانیان هەیە بۆ خوێندنەوەی چەند نووسەرێکی هاوچەرخ، بۆ نموونە سالی ڕۆنی و زادی سمیس، سەرباری ڕۆمانی ئەدەبیی چەپڕەوی جێمتمانە: “هاندمەیدس تەیڵ“ی مارگرێت ئاتوود و “دیمۆن کاپەهێد“ی باربارا کینگسۆلڤەر. بەڵام گرنگیدان بە نووسەرانی هاوچەرخ بە شێوەی گشتی داڕماوە.
دەخوازم چیرۆکێکی جیاواز بگێرمەوە سەبارەت بە داکشانی لیتەرەری فکشن و چیرۆکەکەم دەربارەی فشاری کۆمەڵایەتی و خۆسازاندنە. باشە با پرسیارێک بکەین: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە هەموو ساتێکی گەورەی کولتووری دیاری دەکات؟ هەڵبەت متمانە و بوێرییە. سەیری هونەری ڕێنێسانس یان ڕۆمانی ڕووسی یان ڤیکتۆریایی بکەن. من دەڵێم لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابوردوودا لەدەستدانی متمانە و بوێرییەکی گشتی لە سەرانسەری کولتوری ڕۆژئاوادا ڕووی داوە.
با بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان، هونەرمەندان و نووسەران هەوڵی بەرهەمهێنای کاری گەورە و بوێرانەیان دەدا. لە ئەدەبدا ڕۆمانی “زە بلووست ئای“ی مۆریسۆن، “گراڤتیس ڕەینبۆ“ی تۆماس پینچۆن و ” هومبۆڵتس گفت“ی ساول بیلۆ هەبوون. لە فیلمیشدا “گاد فازەر” و “ئەپۆکالیپس ناو” هەبوون. هاوکات ئەستێرەکانی ڕۆک سروودی درێژ و مەبەست گەورەیان دەنووسی: “ستێروەی تو هێڤن“، “فری بێرد” و “بۆهیمیان ڕاپسۆدی“. تەنانەت ڕۆژنامەنووسە کاریگەرەکانیش بوێر بوون: تۆم وۆڵف، جوان دیدیۆن، هانتەر ئێس تۆمپسۆن. بەڵام ئەمڕۆ هەست دەکەیت هەموو شتێک بازرگانی و بیرۆکراتی و کەمتر بوێرانەیە.
جیهانی ئەدەبی بە تایبەتی زەبرێکی زۆری بەرکەوت کاتێک ناوەندی کێشکردن یان هێزی ڕاکێشان لە گرینویچ ڤلجەوە (ناوەندێکی دانیشتوانە لە نیو یۆرک، بە سەنتەری هەڵگەڕانەوە کولتووری دەناسرێتەوە. وەرگێر) گواسترایەوە بۆ M.F.A. پرۆگرامەکان لە کەمپەکانی زانکۆکان. من کە لە کۆلێژ هاتمە دەرەوە، خەونم بە ڕۆماننووسین یان شانۆنامەنووسینەوە دەبینی. خۆبەخشانە بووم بە سەرنووسەرێکی زۆر بچووک لە گۆڤارێکی ئەدەبی بە ناوی شیکاگۆ ڕیڤیو، بەڵام پاش چەند کۆبوونەوەیەک بیرم کردەوە و (بە خۆمم گوت، ئایا بە ڕاستی من دەموێت هەموو ژیانم لە قسەکردن لە سەر شەش ڕۆماننووسی پێنەگەیو لە پرۆگرامی نووسینی ئایوا بە سەر بەرم؟) پێم وابوو ئەمە دونیایەکی بچکۆلەیە.
سەرباری ئەوەی جیهانی ئەدەب جیهانێکی پرۆگرێسڤە، پرۆگرێسڤیزم (خوێنەرە چەپەکانم بمبەخشن) کێشەی سازانی هەیە، زۆر زیاتر لە ڕاستڕەوتەکان، فشارێكی زۆر لە ناوەندە چەپەکاندا هەیە، کە هیچ شتێکی قبوڵنەکراو نەڵێن، ئەمە لە کاتێکدا ڕاستڕەو ستایشی ئەوە وەردەگرێت کە شتی ناقەبوڵکراو دەڵێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا گۆڤارێکی دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی بەریتانی توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی لە لایەن ئادریان لودەرز و دینۆ کارپێنتراس و مایکل کوایلەوە بڵاو کردەوە. ئەوان سەیری نموونەیەکی دەنگدەرانی ئەمریکایان کرد (هیی تێکڕای تەمەن ٣٤ ساڵ) و بۆچوونەکانیان لە سەر پرسەکانی وەک لەباربردنی منداڵ، کۆچبەری، کۆنترۆڵکردنی چەک و هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازان شی کردەوە.
سەرنجیان دا کە کەسانی چەپ مەیلێکی توندڕەو و ئۆرتۆدۆکستر و توندوتۆڵیان لە سەر ئەم پرسانە هەیە. ئەگەر بزانیت کەسێکی چەپگەر بیر لە چی دەکاتەوە سەبارەت بە کۆچبەری، دەتوانیت پێشبینیی ئەوە بکەیت کە بیر لە چی دەکاتەوە سەبارەت بە لەباربردن، بەڵام کەسانی ڕاستڕەو زیاتر تێڕوانینی هەمەچەشن و ناتەباتریان هەیە. ڕوانگەی کەسێکی ڕاستڕەو سەبارەت بە کۆچبەری کەمتر وادەکات پێشبینیی بۆچوونەکانی بکەیت سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک. لە بەرەی چەپەوە، تەبایی و هاوئاوازی زاڵە.
ئەمەش لەگەڵ ئەزموونی مندا دێتەوە. کاتێک سەردانی قوتابخانەیەک دەکەم لە بەشە شینەکەی ئەمەریکا، زۆر جار خوێندکاران دەڵێن دەترسین لە پۆلدا قسەی دڵی خۆمان بکەین. ئەمەش توێژینەوەیەکم بیر دەخاتەوە کە ئاماندا ڕیپلی لەگەڵ کۆمپانیای ڕاپرسی و شیکاری PredictWise بۆ گۆڤاری ئەتڵەنتیک لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەنجامی دابوو، ئەو لێکۆڵینەوەیە سەیری ئەوە دەکات کە کام ویلایەت لە ئەمریکا زۆرترین بیری کراوەیان هەیە و کام پارێزگا زۆرترین ڕەخنەیان لە نەیارانی سیاسیی خۆیان هەبووە. لە بەرەی ڕاستەوە نالێبوردەییەکی زۆر هەبوو (بە تایبەت لە فلۆریدا)، بەڵام پێدەچوو نالێبوردەییترین هەرێم لە ئەمریکادا ناوچەی سۆفۆلک بێت، کە بۆستن لە خۆ دەگرێت و ناوچەی (بەی)یش زۆر لە دواوە نەبوو.
خۆسازاندن لە هەندێک پیشەدا باشە، وەک یاریدەدەری کۆنگرێسمان، چونکە پارەت پێنادرێت بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆت هەبێت. بەڵام لە نووسیندا باش و قبوڵکراو نییە. تەواوی خاڵەکە ئەوەیە کە بیرمەندێکی سەربەخۆ بیت، بە وتەی تیۆریستێکی کۆمەڵایەتی، ئیرڤینگ هۆو، “بە پتەوی بە تاقی تەنیا” بوەستیت. بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردەکانی سەردەمەکەیان، ئیدیت وارتن و مارک توین و جەیمس باڵدوین کارەکانیان بە هۆی نەسازان و بوێرییانەوە زۆر باش و سەرکەوتوو بوون.
ئەگەر فشارە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەرت بەهێز بن، ئەوا بۆ ئەو کەسانە دەنووسیت بە ئاگایی یان نائاگایی و بێگومان نووسینەکەت بێبەها و لاواز دەبێت و دەبێتە دووبارەی کارە کرچوکاڵەکانی تر. ئەگەر لە ژێر ترسی دەربەدەربوونی کۆمەڵایەتیدا بنووسیت، کارەکتەری چیرۆکەکانت دەبنە تەپاڵە، چەند خراپەکارییەکی یەک ڕەهەندییان بۆ دیاری دەکەیت، بەڵام نایانکەیتە سەرنجڕاکێش و بە شێوازە تاریکەکەیان ئارەزووبەخش بن. تۆ ناتەوێت وەک پشتگیریکەری دیدگای ئەم یان ئەو کارەکتەرانە سەیر بکرێیت، کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرکۆنەکردنت.
لە هەمووی گرنگتر، ئەگەر بوێریی کۆمەڵایەتیی پەتیت نەبێت، ئەوا لە بڵقە بچووکەکەت دەرناچیت و ئەوە ئەنجام نادەیت کە پێویستە بۆ ئەوەی تێبگەیت چی لە ژیانی کەسانی جیاواز لە خۆت ڕوو دەدات.
لە ساڵی ١٩٨٩دا وۆڵف وتارێکی بۆ بڵاوکراوەی هارپەر نووسی بە ناوی “شوێنکەوتنی دڕندەیەکی ملیار پێ“، کە تێیدا هەوڵی دا کەمێک بوێری بخاتە ناو هاوڕێ ڕۆماننووسەکانیەوە. داوای لە هاوڕێ ڕۆماننووسەکانی کرد کە لە گێتۆ فیکرییەکانیان دەربچن و ڕۆمانی گەورە و بوێرانە بنووسن، کە بتوانن گوزارشت لە سەردەمەکەیان بکەن، وەک ئەو جۆرە ڕۆمانانەی کە ئۆنۆری دی بالزاک، چارڵز دیکنز، جۆن شتاینبێک و سینکلێر لویس لە سەردەمی خۆیاندا نووسییان. وۆڵف خۆی لە ساڵی ١٩٨٧دا بە نووسینی ڕۆمانی “زە بانفایە ئەڤ زە ڤانەتیس” ئەو کارەی کرد، ڕۆمانە فراوانەکەی سەبارەت بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی نیو یۆرک بوو، کە تا ئێستا وەک کارێکی گرنگ بە پێوە وەستاوە..
ئێمە لە ماوەی دەیەی ڕابوردوودا لە سەردەمێکی پڕ مشتومڕی گشتیدا ژیاوین. ژیانی ناوەوەمان بە هۆی شەپۆلی ڕووداوە گشتییەکانەوە خاپوور بووە. جۆرە دۆشدامانێک و لەدەستدانی باوەڕی هەمەلایەنە ڕووی داوە بە شتەکان. خۆزگە دەخوازم ڕۆمانێکی وەها مەزن بخوێنمەوە، کە بەرجەستەکەری ئەم زریانە دەروونی و ڕۆحییانە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کاتێک چاوێک بە جیهانی ئەدەبیدا دەخشێنم، هەست دەکەم لە لقە کولتوورێکی (سەبکەڵچەر) فەرامۆشکراودا دەژیم.
ئەوەی دەمگەیەنێتە سەر هەواڵە خۆشەکە، ئەوەیە ئەگەر کێشەی لیتەرەری فکشن فشاری کۆمەڵایەتی و لاوازیی بوێری بێت، دەتوانرێت ئەوە چارەسەر بکرێت. پێم دەگوترێت، لە لایەن کەسێکەوە کە وانە بە نووسەرانی گەنج دەڵێت، کە لە ئێستادا ڕۆماننووسی گەنجی بوێر هەن کە کاری گرنگ دەکەن. بۆ من شتێکی لۆجیکییە ئەوان بیانەوێت لەو سنووردارکردنانە دەربچن کە ئەوانی دیکە پێوەی ناڵاندوویانە. ڕەنگە ئەستێرەی ئەدەبی هەبن لە ئاسۆی نزیکدا بدرەوشێنەوە.
ئەدەب و دراما توانایەکی ناوازەیان هەیە لە دەستڕاگەیشتن بە مرۆڤەکانی تر و بزواندنیان. تەنانەت زنجیرە گەورەکانی تەلەڤزیۆنیش ناتوانن وەک ئەدەب دەستیان بە ژیانی ناوەوەی مرۆڤەکان بگات. ڕۆمانەکان دەتوانن بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ڕۆحی سەردەم بەرجەستە بکەن، بەڵام هیچ شاشە و میدیایەکی بینراو ناتوانن ئەمە بکەن. من ئەوە زۆر بە دوور دەزانم کە دوای نزیکەی ٦٠٠ ساڵ لە هێزی وشەی چاپکراو، لە پڕ چاپکراو نەمێنێت. من گرەو لە سەر گەڕانەوەی ئەدەب دەکەم و ئەم گەڕانەوەیەش گورزێکی کوشندەیە بۆ ئەو هێزانەی کار لە سەر داماڵینی مرۆڤبوونمان دەکەن.
فەرهەنگۆک – وەرگێر:
ژەنەر فیکشن: بەو جۆرە ڕۆمانانە دەگوترێت کە بۆ ڕەشەخەڵک و زۆرینە دەنووسرێت، کە زۆرێک لەو ڕۆمانەنە یان زانستی-خەیاڵین، یان ڕۆمانسین، یانژی تەمومژاوین، شێوازی گێڕانەوەکە ئاسوودەکەر و ئاسانە.
لیتەرەری فکشن: بەو جۆرە ڕۆمانانە دەگوترێت کە ئاستی هونەریی بەرز و دیدگای قووڵ لە خۆ دەگرێت.
سەرچاوە:
https://www.nytimes.com/2025/07/10/opinion/literature-books-novelists.html