
کورد لە دیدی ئەوانی ترەوە
کورد لە دیدی ئەوانی ترەوە
چاپی دووەمی پەسەندنەکراوەکان
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (پەسەندنەکراوەکان). بابەتی ئەم کتێبە سیاسییە و لە لایەن کۆمەڵێک سیاسەتمەداری وڵاتی دانیمارکەوە نووسراوە، ئازاد مەولوود بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
پەسەندنەکراوەکان ئەو میللەتانەن کە لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە مافەکانیان خوراوە، داگیر کراون و دەست بە سەر ماف و ئازادییەکانیاندا گیراوە، بێگومان کورد یەکێکە لەو نەتەوە بندەستانەی کە لە مێژە پارچەپارچە کراوە و بە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر و دیکتاتۆردا دابەش کراوە، کەواتە کوردیش وەک هەر میللەتێکی پەسەندنەکراو و قبوڵنەکراوە، کە چەندین ساڵە خەبات دەکات و خوێن دەبەخشێت لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیدا، بەڵام داگیرکەران بە هەموو بوون و هێزی خۆیانەوە سەرکەوتیان دەکەن و لە مافەکانی خۆی بێبەشی دەکەن، ئەم کتێبە دیدی ئەوانی دیکە دەخاتە ڕوو لەمەڕ پرس و بابەتە سیاسییەکانی کوردەوە، ڕوانگە و دونیابینیی کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و نووسەری دانیمارکیمان پێدەناسێنێت، کە داکۆکیکار و بەرگریکارن لە مافە نەتەوەییەکانی کورد، هاوکات کەسانی شارەزان لە مێژوو، خەبات و پرسی سیاسی و ئەو زوڵمە گەورەیەی مێژوو لە کوردی کردووە وەک نەتەوەیەکی گەورە و خاوەن قەزیە.
نووسەرانی ئەم کتێبە پێک هاتوون لە هەریەک لە (ڤیلۆ سیگوەردسۆن)، دۆستی کورد و چالاک لە ڕیزی کۆمەڵە و ڕیکخراوەکانی دۆستایەتی لەگەڵ کورددا؛ (لاسە بپدتز)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی دانیمارکی لە سەر لیستی سۆشیال دیموکراتەکان؛ (کڵاوس سڵاڤنسکی)، لێپرسراوی چالاک لە مەڵبەندی دانیمارکی مافەکانی مرۆڤ؛ (گێرت پیتەرسن)، ئەمدامی پێشووی پەرلەمانی دانیمارکی لە سەر لیستی پارتی سۆشیالیستی میللی؛ (سۆرین سونەگۆو)، ئەندامی پەرلەمانی دانیمارکی و سەرۆکی پارتی لیستی یەکگرتوو.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، جگە لە پێشەکیی خودی وەرگێڕ، پێک هاتوون لەم بابەتانە: کورد یەک نەتەوەیە، مرۆڤ لەگەڵ دوژمنی خۆیدا دەبێت هەوڵی ئاشتی بدات، تورکیا و مافەکانی مرۆڤ، دانیمارک لە بەرامبەر تورکیادا، دوژمنی کورد لە ئەورووپا.
هەروەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، ئەم کتێبە لە بنەڕەتەدا بۆ دانیمارکییەکان نووسراوە، کولتووری دانیمارکی بە تەواوی لە شێوەی نووسینەکەدا ئامادەیە، نووسەران بە هیچ شێوەیەک پەراوێز یاخود ڕوونکردنەوەیان نەداوە لەمەڕ ئەو فاکتانەی لە کتێبەکەدا ناویان هاتووە: نووسەرانی ئەم کتێبە بە گشتی لایەنگرییەکی تەواوی خەباتی نەتەوەیی ئێمە لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆیدا دەکەن، نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بەم شێوە بابەتییەی خۆی، لە بەرژەوەندیی ئێمەدا دەکەوێتەوە، سەرەڕای ئەمەش، کتێبەکە باس لە زۆر ڕووداو و ڕاستیی ئەوتۆ دەکات کە نووسەران خۆیان تێیدا ئامادە بوون، دەکرێ وەک بەڵگەنامە پشتیان پێببەسترێت، دواتر هەرچەند لەم قۆناغەی ئێستاماندا ڕادەی تێگەیشتن و هۆشیاریی نەتەوەییمان تا ڕادەیەک بەرز بووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گرنگە بزانین خەڵکی تر چۆن سەیری ئێمە دەکەن، بە چ چاوێک دەمانبینن و ڕایان لەمەڕ ئێمە و کێشەکانی ئێمە چییە.
دواتر وەرگێڕ ئەوەی نەشاردووەتەوە کە لە لایەنی وەرگێڕانەوە، مەبەستی نەبووە دەقەکە بە شێوەیەک بخاتە ڕوو، وەک ئەوەی نووسەرێکی کورد نووسیبێتی: بەڵکو هەوڵم داوە بە پێی توانا گیانی کولتووری و شێوازی بیرکردنەوەی نووسەرەکان بپارێزم، وەک ئاشکرایە، کاتێک ناو بە پیتی لاتینی دەنووسرێت، بە پیتی گەورە دەست پێدەکات، لەجیاتی ئەمە، ناچار بووم زۆربەی ناوەکان بخەمە ناو کەوانەوە.
نووسەرانی ئەم کتیبە، واتە سیاسییە دانیمارکییەکان، ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە خەڵک و نەتەوەی زۆر جیاواز لە سەر ئەم گۆی زەوییەدا هەن کە قبوڵ و پەسەند ناکرێن، یەکێک لە هەرە گەورەتین ئەو نەتەوانەی لە چەندین ملیۆن پێک دێن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە یەک ناوچەدا دەژین، ئەم نەتەوەیە بە لایەنی کەمەوە بە سەر پێنج وڵاتدا بەشبەش و پارچەپارچە کراون: دیارە هەر بە تەنیا بەشبەشکردنەکەیان نییە کە وای کردووە قبوڵ و پەسەند نەکرێن، بەڵکو هیوای ئازادی و ئاواتی سەربەخۆیی و داخوازیی مافە مرۆییەکان و ئاستێکی بەرزتری گوزەران هۆی سەرەکیی پەسەندنەکردنیانە.
هەروەها باس لەوەش دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر گروپ و کۆمەڵەی دەرەوە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان دەزانن یارمەتیی کوردەکان بدەن و پشتگیرییان بکەن، ئەمانەش زێتر گروپەکانی مافی مرۆڤن لە چەندین وڵاتی جیاجیا، کە خۆیان لە خۆیاندا دەنگی چەندین فەرمان و بۆچوونی سیاسیی جیاجیان، ئەم گروپانە خۆشیان ئەوەندە پەسەند و خۆشەوسیت نین، بەڵام قبوڵنەکردنی ئەوان هەرگیز ناگاتە ڕادەی ئەو قبوڵنەکردنەی کوردەکان بە دەستیەوە دەتلێنەوە، ئەم کۆمەڵە و گروپانە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ناوبژیکردن و یارمەتیی بەخشینی ماددی، هەروەها هەوڵ دەدەن زووزوو کێشەی کوردەکان لە لایەنی سیاسییەوە لە نێو پەرلەمانە ئەورووپییەکاندا بهێننە دەنگ.
لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا، باس لەوە کراوە کە مێژووی کوردەکان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، کوردەکان بە توندی بەو ناوچە جوگرافییەوە بەستراونەتەوە کە پێی دەگوترێت کوردستان، کورد ڕۆڵێکی دیاریان لەو گۆڕانکارییانەدا هەبووە کە بە سەر ناوچەکەدا هاتوون و کەم و زۆر تێکەڵی جەنگە سیاسی و کێشە ناوچەییەکان بوون: کوردستان هەمیشە لە ژێر دەسەڵاتی بێگانەدا بووە، ئەمڕۆش ژمارەی کورد دەگاتە نزیکەی ٢٥ ملیۆن، کە لە نێوان تورکیا، ئێران، عیراق و سووریادا بەش کراون، ئەم ژمارەیە هەر بە مەزەندەیە، چونکە کوردەکان ڕێگەیان نادرێت وەکو کورد ناونووس بکرێن، هەندێک ژمارەی تریش هەن باس لە ٤٠ ملیۆن دەکەن، بەشی هەرە زۆری کوردەکان لە تورکیا دەژین، هەمووشیان لە مافە ئاساییە دیموکراتی و مرۆییەکان بێبەش کراون.
بە پێی زانیاری و سەرچاوەکان، سیاسەت چەندین پێناسە و تێگەیشتنی بۆ کراوە. ئەریستۆ پێی وایە مرۆڤ گیانەوەرێکی سیاسییە، واتە بێ سیاسەت ژیانی مرۆڤەکان نە دەبێت و نە ڕێک دەخرێت. هاوکات دەڵێت سیاسەت کردەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ باشترکردنی ژیانی کەسەکان و گەیشتنە بە کۆمەڵگەیەکی باش.
لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە ئیدی قسەکردن لە سەر سیاسەت و چییەتیی سیاسەت جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی فەیلەسووف و توێژەر و ئەکادیمی و خەڵکان بووە. بە گشتی مرۆڤەکان چەند تێگەیشتنێکیان بۆ سیاسەت هەیە، ئەم چوارەیان لە هەموان گرنگترن:
یەکەم: سیاسەت واتە ھونەری حوکمکردن، کە دەکاتە هونەری داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی و تەندروستی و ژینگەیی و هتد… لەگەڵ پلاندانان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکان.
دووەم: سیاسەت واتە گفتوگۆ و دانوستان و پێکھاتن.
سێیەم: سیاسەت واتە جیاکردنەوەی پرسە گشتی و تایبەتییەکان. بە پێی ئەم تێگەیشتنە بێت، دەبێت سیاسەت لە دەوری خەمە گشتییەکان بخولێتەوە و خۆی لە پرسە تایبەتەکان هەڵنەقورتێنێت.
چوارەم: سیاسەت واتە دابەشکردنی هێز و سامان.