ڕۆمانی بوومەلێڵ لەنێوان جەلاد و قوربانیدا
ڕۆمانی بوومەلێڵ
لەنێوان جەلاد و قوربانیدا
ڕانانی: ئیدریس عەلی
بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان، پێویستمان بە زیاد لە دیدگایەک و شرۆڤەیەک هەیه، هەمیشە ئەوەی ڕوو دەدات، بەشێکی لای ئەو کاراکتەرەیە کە کەسی سەرەکیی نێو ڕووداوەکەیە و خەریکی گێڕانەوەیەتی، بەشێکی دیکەی ڕاستی، یان ڕەهەندێکی دیکەی ڕووداوەکە، وا لەودیو پەردەوە، یان لە شوێنێکی نادیارە و نامانەوێت بیبینین، سپاردوومانە بە تاریکی و ناخوازین تیشکی بخەینە سەر.
هەمیشە ترس لەوەی بەر ڕووبەرە فراوانەکەی ڕووداوەکان بکەوین، بەشێک بووە لە سایکۆلۆجیا و لە کۆنەستی هەمووماندا ئامادەییەکی کاریگەری هەیە، ترسێکە خۆمان شەرعیەتمان پێ داوە و مەودای دووربینین و فراوانبینینی بۆ لە قاڵب داوین، ئەمەش وای کردووە هەمیشە بەر یەک جۆر لە حەقیقەت و ڕاستی بکەوین، ئەویش حەقیقەت و ڕاستییەکی دیزاینکراوە لە تێگەیشتن و زیهنیەتی تاکی ئێمەدا، ئێمە کە خاوەنی گەورەترین قوربانیین، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین قەبارەکەی بچووک بکەینەوە، ئەوەی وا دەکات بەو بچووککردنەوەیە ڕازی و شکورد بین، بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە گوێمان ناوە بە یەک جۆر دەمەوە، دەمێک کە ناخوازێت تانوپۆی حیکایەتەکە و ڕاستییەکەمان بۆ بگێڕیتەوە، گوێیەکیش کە ئیدی ئەوەی دەیبیستی، سەروو زیادیەتی.
ترس لەوەی کە داخۆ باجی ئەوەی مێشکی ئێمە قبوڵی ڕاستییە دیزاینکراوەکە نەکات، دەبێ چیمان بەسەر بێت، ئەوەی کە نامانەوێت گۆشەی ڕاستییەکان لە هەموو لایەکەوە ببینین و لە پنتێکدا گیری نەکەین، بەڵام ئاخۆ بڵێی بەشێکی ئەم ترسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەو گومانەوە نەبێت کە تخووبی نێوان تێگەیشتنی ساکاری ئێمەی لە مەوداکانی حەقیقەت جیا کردبێتەوە؟ بڵێی ئەم ترسە بۆ وەستان لەسەر یەک ئاڕاستە و نەگەڕان بۆ دۆزینەوەی ئاڕاستەی دیکە، بووبێتە هۆکاری ئەوەی جۆرێک یەقینی لەلا دروست کردبین کە ئیدی پێمان وا بێ ئەو کەمە ڕاستییەی بە دەستمان هێناوە و هێڵمان بۆ کێشاوە، کۆی ڕاستیی ڕووداوەکان نەبێت؟ ئایا هەموو ڕووداوێک زیاد لە چیرۆک و دەنگ، کاراکتەر و هۆ و ئەنجامێکی نییە؟ ئەگەر وایە، ئیدی بۆ سڵ لەوە بکەینەوە کە ورد بەچواردەوەری ڕووداوەکاندا بنواڕین و تەنها یەک ئاڕاستەی، ئەو ئاڕاستەیەی کە تەنها خۆمان دەیبینین، بە ڕاست و دروست بزانین؟
بێگومان لە دیوێکی دیکەشەوە لایەنی دەسەڵات ئەم تێزە لە بیرکردنەوەی کۆی گشتیی خەڵکە سادەکەی کردووە بە فەرهەنگی زاڵی کۆمەڵگە و لەو ڕێیەوە خەریکی بچووککردنەوەی ڕووداوە گەورەکان و لێڵکردنی مەوداکانی بینینی دیوەکانی دیکەی ڕاستیی ڕووداوەکانە، ڕەنگە ئەنفال و کیمیاباران دوو نموونەی بەرجەستەی ئەم حاڵەتە بن لە دنیای کوردبوونی ئێمەدا.
ئێمە لە دنیای چیرۆکەکانی جینۆسایددا تەنها گوێبیستی گێڕانەوەی قوربانییەکان بووین لە فەزای جیاوازدا، بە فۆرم و تەکنیک، دەنگ و ڕوخساری جیاوازەوە، لێ سەرەنجام ئەوان قوربانیی نێو ڕووداوەکەن و لەسەر شانۆی قوربانیخانەکە ڕۆڵێک دەبینن، هەزاران کۆمبارسیان هەیە، واتە بە هەموویانەوە گۆشەیەکی ڕووداوەکە دەبیننن و یەک جۆر حیکایەتەکە دەگێڕنەوە، ڕاستە قەبارەی ڕووداوەکە لە ڕەهەندە سیاسی و نەتەوەیی و ئینسانییەکەیەوە بێسنوور تراژیدی و غەمناکە، بەڵام ئێمە حەوەجەمان بە دەنگی دیکە هەیە بیبیستین، کارەکتەری دیکەمان دەوێت لایەکی دیکەی پەنهانی چیرۆکەکەمان بۆ بگێڕێتەوە، دەنگ و ئەدگارگەلێک کە خۆی بەشێک بێت لە خولقاندنی ڕووداوەکە و فەزا ترسناکەکە، ئێمە دەزانین کە جینۆساید، ئەنفال و کیمیاباران بەشێکن لە پڕۆژەیەکی گەورە و مێژوویی بۆ سڕینەوەی شووناسی نەتەوەیی و ئینسانیی تاکی کورد، شێواندنی دیموگرافیی شوێنەکان، سنووردارکردنی گەشەی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئینسانی کورد، بەڵام نازانین چ حیکایەتگەلێکی دیکە هەن پەیوەستن بەم ڕووداوانەوە و ئێمە هێشتا بەریان نەکەوتووین، بەتایبەت لە ئێستادا پێویستمان بەوەیە جیا لەو دەنگانەی پێشتر دەمانبیست و چیرۆکی قوربانیی خۆیان دەگێڕایەوە، دەنگێک بگات بە گوێمان و بانگمان بکات بۆ شوێنێکی دیکە و بەشێکی دیکە لە ڕووداو و ڕاستییەکانمان بە دەنگێکی دیکە پێ بڵێت، ئیدی وەک چۆن قوربانییەکان چیرۆکی قوربانیی خۆیان گێڕایەوە و گوێمان لێ گرتن، با تاوێکیش گوێ لە چیرۆکی جەلادەکانیش بگرین، تا بزانین بۆچی بوونە باعیسی ئەوەی ڕووی دا و سەرەنجام دەستمان بگات بە ئەوسەری ڕاستیی پەتەکە.
نووسەر و وەرگێڕ (هیوا قادر) لە ڕۆمانی (بوومەلێڵ)دا کتومت ئەم کارەی، کە ڕێک کارە دروستەکەیە، کردووە، کاک هیوا قادر، لە ڕۆمانی بوومەلێڵدا، چیرۆکی ئەنفال و جینۆسایدمان بە تەکنیک و زمانێک، کە هەر دەڵێی بۆ گێڕانەوەی تراژیدیا خولقاون، بۆ دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەیەک کە خۆی وەک ئەوەی درۆنێکی هەڵفڕاندبێت بەرەو ئاسمان، لە دوورەوە تەماشای ڕووداوەکان، وێرانبوون و مەرگ، دەشتی سووتاو و گوندی وێرانکراو دەکات، بێ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی سۆزئامێز و هەڵچوونێکی عاتیفی و بەزەییئامێزی نەتەوەییانەی پێوە دیار بێت.
لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا ئێمە بەر کۆمەڵێک پیاو و کچێکی منداڵ و باوکێکی بەبزنبوو دەکەوین، دواتر تێدەگەین کە ئەمانە قوربانییانی پرۆسەی ئەنفالن و دواین کەسن کە دوای کوژرانیان دەبنە شاهید و گێڕەڕەوەی ئەو تراژیدیا گەورەیەی کە ئەنفال بەسەر کورددا هێنای، گەڕانەوەی ئەم ڕۆحە کوژراوانە لە شێوەی تارماییدا، دەستپێکی گێڕانەوەی گەورەترین کارەساتی ئینسانییە لە مێژووی کۆمەڵگەی بەشەریدا، بەبێ ئەوەی ناوی چ گوند و ناوچەیەک لە پانتایی تێکستەکەدا هاتبێت، ڕوون و ئاشکرا ڕوخسارە غەمبار و شەکەتەکانی نێو هۆڵەکانی زیندان لەناوەڕاستی بیاباندا دەناسینەوە، گوێبیستی قیژە و هاواری ژن و منداڵە ڕەنگپەڕیو و ترساوەکان دەبین، ئەو کاتەی بەزیندوویی شۆڤڵ خۆڵ دەکات بەسەریاندا، لەم پرۆسەیەدا نووسەر جۆرەها مردنمان بۆ دەخولقێنێت، هەموو شتێک هۆکارە بۆ ئەوەی ڕۆحێک دەربچێت، خەیاڵی جۆرەکانی مردن و کوشتن لەم ڕۆمانەدا، قەبارەی تاوانەکەمان بۆ دە هێندەی دیکە لەلا گەورەتر دەکات، جەلادەکان مردن وەک گەمەیەک تەماشا دەکەن، جۆرەها تەکنیک و شێوازی بۆ تاقی دەکەنەوە.
هیچ ڕۆمانێکی هیوا قادر نییە کە پێشتر نەمخوێندبێتەوە، لە هیچکام لە ڕۆمانەکانی پێشتریدا هێندە قووڵ بەنێو غەمگینیدا ڕۆ نەچووە، هێندە ورد کاری لەسەر کارەکتەرسازی، باری دەروونیی کەسێتییەکان، شوێن و بەدواداچوونی وردی بۆ دۆزینەوەی سەرەداو و تێکهەڵکێشکردنی گێڕانەوە و ڕووداوەکان نەکردووە، ڕۆمانێکی فرەدەنگ، ڕاستە هەموو دەنگەکان خەریکن یەک چیرۆکی غەمگینمان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام هەریەکەیان شاهیدی گۆشەیەک لە گۆشەکانی چیرۆکە ترسناکەکەیە.
دنیای مردن و مردووان لەم ڕۆمانەدا پانتاییەکی فراوانی داگیر کردووە، چ گێڕانەوە، چ کاراکتەر، چ وەسف و پەرەگرافە سەرنجڕاکێشەکان، چ ڕووداو و فەزا و بەسەرهاتەکان، بازنەیەکی گەورە دەوری داون، ئەویش بازنەی مەرگە، پێدەچێت گێڕانەوەی ڕووداو و چیرۆکەکانی ئەنفال بیانوویەک بن لای کاک هیوا، تا قووڵتر لەسەر چەمکی مردن بوەستێت و وردتر و هونەریتر چەمکی مردن لە پرۆسەیەکی ئەدەبیدا تەوزیف بکات، هەموو ئەمانەش لە زاری کارەکتەرە سەرەکییەکانەوەن، کە هەریەکەیان بەشێکن لە گێڕانەوەی چیرۆک و ڕووداوەکان و بۆخۆشیان قوربانیی گەورەی کارەساتەکەن، کە لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ئەنفالەوە دەیانەوێت تۆڵە لە سەرەکجاشێکی کورد بکەنەوە، کە دەستی هەبووە لە ئەنفال و تاوانەکاندا، بەکورتی، جگە لە گێڕەرەوەی سەرەکیی ڕۆمانەکە، گێڕەرەوەکانی تر هەموویان مردوون و لەپاڵ کارەساتەکەدا چیرۆکی مردنمان بۆ دەگێڕنەوە.
تا ئەو شوێنەی قوربانییەکان چیرۆکە غەمگینەکانی ئەنفال دەگێڕنەوە، ئێمە ئاشنا دەبین بە بەشێک لە ڕاستیی ڕووداوەکان، بەڵام کاتێک سەرەکجاشەکە، کە بە هۆی کاریگەریی گێڕانەوەی چیرۆکی قوربانییەکانەوە دەست دەکات بە قسەکردن، ئێمە ئاشنا دەبین بە بەشێکی دیکە لە ڕاستیی ڕووداوەکان، ئەڵبەت نووسەر زیرەکانە و هۆشیارانە سەیری ڕووداوەکان دەکات و دەنگی جەلاد و قوربانییەکانمان بۆ دەگوازێتەوە، تا تێبگەین کە ئیدی مرۆڤ لە هەر ئاست و پلە و پێگەیەکدا بێت، بۆخۆی قوربانییە و ئەو جەلادەی چێژ لە کوشتن و خنکاندنی مرۆڤی بێگوناهـ دەبینێت، خودی خۆی قوربانیی هەرە گەورەی دۆخ و هەلومەرجێکی دیاریکراوە، کە لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا ئەمی کردووە بە جەلاد.