ڕۆمانی بوومەلێڵ و وردەكاریی ئەنفال
ڕۆمانی بوومەلێڵ و وردەكاریی ئەنفال
ڕانانی: سەردەم
ڕۆمانی بوومەلێڵ تازەترین بەرهەمی شاعیر و ڕۆماننووس هیوا قادرە، ئەم ڕۆمانە جیاواز لە ڕۆمانەكانی دیكەی نووسەر، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەوردەكارییەوە باس لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دەكات. بەڵام نووسەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی وردەكارانە و لە نزیكەوە باس لەو تاوانە گەورەیە بكات، بۆ ئەوەی ڕاستی و حەقیقەتی ڕووداوەكان وەك خۆیان و لە كارێكی ئەدەبیدا بخاتە ڕوو، پەنای بردووەتە بەر گێڕانەوەیەكی سەرنجڕاكێش، كه جوانییەكی زۆری بە ڕۆمانەكە بەخشیوە و خوێنەریش چێژێكی گەورەی لێ دەبینێت.
ئەڵبەتە گێڕانەوه بە یەكێك لە ئامرازە سەرەكییەكانی نووسینی ڕۆمان دادەنرێت، كە خوێنەر پەیوەست دەكات بە تێكستەكەوە، بەو مانایەی وا لە خوێنەر دەكات لەسەر خوێندنەوەی تێكستەكە بەردەوام بێت و بەئاسانی دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگرێت یان بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ نەیخوێنێتەوە. ئاخر گێڕانەوە كۆی ڕووداوە پەرتوبڵاوە جیاوازەكان و كارەكتەرە هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرەكان، لە كات و سیاقێكی تایبەت و دیاریكراودا، پێكەوە دەبەستێتەوه و ئەو جیهانە دروست دەكەن كە نووسەر دەیەوێت بیخاتە بەردەمی خوێنەر. ئەڵبەتە گێڕانەوە ڕووداوی خەیاڵی و فەنتازی، لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا، دەبەستێتەوە بە ڕووداوه واقیعییەكانی دیكەوە، بەو مانایەی خەیاڵ و واقیع تێكەڵ دەكات، بەمەش خوێنەر لە پەیامی پشتی ڕووداوی فەنتازی و ڕووداوی واقیعی و تێكەڵكردن و بەستنەوەیان بەیەك تێدەگات.
لەم ڕۆمانەدا ئەو جیهانەی خراوەتە بەردەمی خوێنەر، هەم جیهانێكی فەنتازییە و هەم واقیعی. جیهانە فەنتازییەكه زیاتر لە ئەنجامی حەسرەت و ناڵە و خەمی باوكێك بۆ كوشتنی كچە هەشت ساڵەكەی دروست بووە، واتە ئەوە تراژیدیای كوشتنی بەناحەقە، وا دەكات باوكێك لە حەژمەتی لەدەستدانی كچەكەی مرۆڤبوونی خۆی لە دەست دەدات و دەبێت بە بزن و هەر بەم شێوەیەش لە ڕۆمانەكەدا دەبینرێت و وەك بزنێك بەنێو لاپەڕەكانی ڕۆمانەدا دێت و دەچێت.
وەك گوتمان، ڕووداوەكان باس لە پرۆسەی ئەنفال دەكات. لێرەدا ڕۆماننووس، بۆ ئەوەی بتوانێت پانۆرامای شاكارێكی ئەدەبی لەسەر ئەنفال بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی بتوانێت بڕواتە نێو زیندانی نوگرە سەلمان، گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییەكان، دەمی ئاسنی شۆڤڵەكان، زیل و پاسی گواستنەوەی خەڵكە ڕەشوڕووتە بێتاوانەكان، بۆ ئەوەی زۆر لە نزیكەوە دیمەنەكان بە چاوی خۆی ببینێت و تۆماریان بكات و بیانگێڕێتەوە، شەش كارەكتەری سەرەكیی بۆ ئەو ئەركە هەڵبژاردووە، وەلێ كارەكتەرەكان خۆیان شەش قوربانیی ئەنفالن و لەبن دیوارێكدا گوللەباران دەكرێن و لەگەڵ دەیان تەرمی دیكەدا دەخرێنە نێو چاڵێكی قووڵەوە و بە خۆڵ دادەپۆشرێن.
بەڵام دواتر ڕۆحیانەتی ئەم شەش كەسە لە جەستەیان جیا دەبنەوە و لەنێو ئەو چاڵە قووڵەوە دڕ بەو هەموو تاریكی و چینە خۆڵەی سەریان دەدەن و دێنە دەرەوە و گەشتێكی توولانی بۆ گێڕانەوەی پرۆسەی ئەنفال دەست پێ دەكەن. لێرەوە ئەو ڕۆحیانەتانە، هەریەكەیان چمكێكی بچووكی كارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە. ئەوان بە حوكمی ئەوەی ڕۆحیانەتن و نابینرێن، تارمایین و لە مەرگ و گۆڕی بەكۆمەڵەوە گەڕاوەنەتەوە، دەتوانن بڕۆنە ناو ترسناكترین زیندان، كە نوگرە سەلمانە. لەوێ بە حوكمی ئەوەی نابینرێن، سەر بە هەموو كون و قوژبنێكی ئەو ڕووبەرەدا دەكەن كە بۆنی مەرگ و كوشتن لە هەموو بەرد و بلۆك و چیمەنتۆ و خشتێكیەوە هەڵدەستێت. هەموو ئەو نهێنییانە دەبینن كە لە دووتوێی تاریكی و زوڵمەت و لۆچی شەوەكاندا هەڵگیرابوون. سەیری ئەو مرۆڤانە دەكەن کە بەر لەوەی بمرن، ترس ڕۆحی لێ سەندوونەتەوه. هێشتا دواهەمین هەناسەیان نەداوە، كەچی تۆقیون و ڕەق هەڵگەڕاون. پێش ئەوەی بخرێنە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە، عەیامێكە لە شوێنە نسرم و شێدارەكاندا گیانیان لە دەست داوە. هێشتا لە دەمی شۆڤڵەكانەوە نەكەوتوونەتە خوارەوە و خۆڵیان بەسەردا نەكراوە، لە ژیان كەوتوونەتە خوارەوە و بە پەردەیەكی ئەستووری فەنابوون داپۆشراون. ئەوان بە چاوی خۆیان كۆی ئەو كوشتنە جۆراوجۆر و ئەشكەنجە قورسانە دەبینن، كە لەسەر دەستی مولازم مەرعی و شەداد ئەنجام دەدرێن.
ڕاستە ئەو دوو مولازمە مرۆڤن و ئەوانیش لە گۆشت و خوێن دروست كراون و دایك و باوك و خوشك و برایان هەیە، وەلێ تا بڵێی چیژ لە ئازار و كوشتنی خەڵكی بەستەزمان دەبینن. ڕۆژانە داهێنان لە شێوازی سزادان و ئەشكەنجەداندا دەكەن و بۆ سووكایەتی و شكاندنی كەرامەتی مرۆڤەكان، بیر لە شتی وا دەكەنەوە، كە بە خەیاڵی شەیتانیشدا نایەت و ڕۆمانەكە پڕە له دیمەنی ئازاربەخش و سزادانی بەكۆمەڵی ژن و منداڵ و گەنج و پیاوی پیری بەساڵاچوو.
هەرچەندە گێڕانەوەكان جیاوازن و هەر كارەكتەرێك لایەنێكی ژیانە تراژیدییەكەی ڕۆژگاری ئەنفال دەگێڕێتەوە، بەڵام نووسەر زۆر بە جوانی و سەركەوتوویی ئەو گێڕانەوانە دەداتە دەم یەك، لە یەكێكیانەوە دەچێتە سەر ئەوی دیكەیان و ئەمیان بەوی دیكەیانەوە گرێ دەدات و بە هەموویان وێنە گەورەكەی ئەنفال، لە تەڵخترین و كارەساتبارترین ساتەكانیدا دەخەنە ڕوو. شوێنی گێڕانەوەی ڕووداوەكان لەلایەن كارەكتەرەكانەوە، گوندێكی خاپووركراوی پاش ئەنفالە، گوندێك بە جۆرێك تێك چووە، چیتر باڵندە و مێرووەكانیش نایەنەوە بۆ ئەوێ و بەكەڵكی ژیانی هیچ زیندەوەرێك نایەت.
ڕۆمانەكە ئاخ و ناڵە و حەسرەتێكی ناسراوی كوردە، زۆربەمان هەم گوێمان لە كارەساتی ئەنفال بووە و هەم شتگەلێكمان لەسەری خوێندووەتەوە، لێ ئەمەی لێرەدا، لەم بوومەلێڵەدا خراوەتە ڕوو، لە هەموو ئەوانەی پێشتر، لەسەر ئەم جینۆسایدەی كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم ئاگاداری بووین و دەمانزانی، جیاوازترە. بوومەلێڵ گەشتێكی ئەدەبی دوورودرێژی 306 لاپەڕەییە بەنێو تاریكیی سەرزەمینی ئەنفال و برینەكانی، ئازار و ئەشكەنجە و كوشتنەكانیدا تێدەپەڕێت. دەستگرتنی خوێنەرە بۆ ژێر پلیكانەكانی نێوان نهۆمی یەكەم و دووەمی زیندانی نوگرە سەلمان، لەوێدا دەبینین چۆن ڕۆژانە، هەر تەرمی منداڵ و ژن و كچ و پیاوی بەساڵاچووە، بە هۆی برسێتی و تینووێتی و لێدانەوە، كەڵەكە دەكرێن و لە تاریكیی شەودا بە عارەبانەیەكی دەستی دەبرێنە دەرەوەی زیندان و لە چاڵێكی تەنك و كەم قووڵدا ئەسپەردەی خاك دەكرێن و پاشان سەگەكان دێن و زۆر بەئاسانی خۆڵە تەنكەكە لا دەدەن و دەكەونە گیانی تەرمەكان.
بوومەلێڵ قریشكە و هاواری مرۆڤە فەرامۆشكراوەكانە، ئەوانەی لەو پانتاییەی بیاباندا، دڵڕەقانە لەژێر تیشكی سووتێنەری ناوچەكەدا فڕێ دران، لە گۆڕەپان و قاوش و ژوورە تەنگ و تەسكەكاندا كۆ كرانەوه، بۆ ئەوەی لە هەموو خۆشی و جوانییەكی دنیا بێبەش بن. لەوێ بێ نان و ئاو جێ هێڵران تا چاوەڕێی مەرگی خۆیان بكەن، ئەمە بێ ئەوەی لە ژیانی كورت و تێپەڕیوی ڕابوردوویاندا مێروولەیەكیان ئەزیەت دابێت، پاسارییەكیان ترساندبێت، چڵەپووشێكیان سووتاندبێت.