دەربڕین لە هونەری شێوەکاریدا

دەربڕین لە هونەری شێوەکاریدا

خوێندنەوەی کتێبی “تەعبیرییەت: لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”

بەختیار حەمەسوور

یەکێک لە کەلێنە بەرچاوەکان لە ڕەفەی کتێبخانەی کوردیدا، کتێبە دەربارەی ڕەخنە لە هونەری شێوەکاریدا، ڕەخنەیەک کە بتوانێت لەئاست کاری هونەرمەندانی شێوەکاریی کورددا بێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە دەبینین بۆشاییەکی بەرفرە لەنێوان تابلۆ و ڕەخنەی هونەریدا هەیە، هەر ئەمەیشە وای کردووە جووڵە و بزاوت لە کاری هونەریدا سست و تەمەڵ بێت، جیا لەوەش، هاوکاری بینەر بێت بۆ دیاریکردنی ئاستی جوانیناسی و جیاکردنەوەی کاری هونەری لە ناهونەری. کەمی، یان نەبوونی ڕەخنەی شێوەکاری لە دنیای شێوەکاریی کوردیدا، کارێکی کردووە تابلۆ داهێنراوە زۆر باشەکانیش هەر بە بێدەنگی و خامۆشی تێپەڕ بن و بەهای ئیستاتیکای خۆیان وەرنەگرن، ئەگەر دیقەت بدەین، ئەم قەیرانە لێکەوتەکانی بە شێوەی زیان و زەرەر بۆ کۆی پڕۆسەی داهێنانی شێوەکاریمان کەوتووەتەوە، کەسانێک کە ڕۆژانیک بەعەشقەوە لەم کایە هونەرییەدا کاریان کردووە و کارەکانیشیان چ لەئاستی گەلەری و پێشانگە، چ لەئاستی وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەشدا ناسراون، تووشی جۆرێک لە نائومێدی هاتوون و بەرە بەرە لە کۆی بوارەکە دوور کەوتوونەتەوە و ڕەنگە ئێستا چیدی هیچ کارێکی نوێیان نەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەم جۆرە نەبووایە و ڕەخنەی شێوەکاریی کوردی ئاوڕی جدیی لە کاری هونەرمەندانی کورد بدایتەوە، دەتوانرا ئەو توانا هونەرییانە پەرشوبڵاو نەبنەوە و هەنووکە لەپاڵ ئەو هونەرمەندانەدا کە کار دەکەن، زۆر ناوی تریش هەبوونایە.

یەکێک لەو هونەرمەندانەی بە درێژایی هەنگاوی پشوودرێژانەی کاری هونەری، سەرقاڵی نووسینیشە لەو بوارەدا، هونەرمەند وەهبی ڕەسووڵە. مامۆستا وەهبی جگە لەوەی هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و داهێنەرە، ساڵانێکی زۆریشە چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان، چەندان کتێبی هونەریی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و کتێبخانەی هونەری شێوەکاریی کوردی بە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە ڕەنگاوڕەنگتر و جوانتر بووە. نوێترین کتێبی وەهبی ڕەسووڵ کتێبێکە بە ناونیشانی “تەعبیرییەت: لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”، ئەم کتێبە لە تازەترین چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لە چاپێکی هونەریی جواندا، بە قەوارەی ١٨٣ لاپەڕەی مامناوەند، بە دیزاینێکی ناوازە لەلایەن هونەرمەند ئارام عەلییەوە، کە بۆ سەر بەرگەکەی، یەکێک لە تابلۆ هەرە تایبەتە تەعبیرییەکانی هونەرمەند ئیگۆن شیلەی داناوە، ئەم کتێبە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە درێژەی ئەم نووسینەدا، بە شێوەی گەشتنامەیەک، هەوڵ دەدەین پەیوەست بە ناوەرۆکی کتێبەکەوە لە هەندێک بابەتی هونەری و گرفتی ڕەخنەی شێوەکاری لە کوردستان بدوێین.

ڕەنگە ئاڕاستەکردنی پرسیارێکی بنچینەیی لەم دەستپێکەدا، دەروازەیەک بێت بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە، ئەویش ئەمەیە: بۆچی ڕەخنەگری پسپۆڕمان لە کوردستان تایبەت بە هونەری شێوەکاری نییە، لە کاتێکدا دەبینین هونەری شێوەکاریی کوردی مێژووییەکی هەیە لەناو هونەری بۆ نموونە عیراقیدا؟ یەکێک لەو گرفتانە هەر لەم پرسیارەوە ساز دەبێت، ئەوەیە کە دەبینین خودی هونەرمەندانی شێوەکارن کە دەبن بە ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری و هەر ئەوان هەوڵ دەدەن قسە لەگەڵ تابلۆ و پێشانگە و شێواز و قوتابخانە هونەرییەکانی شێوەکاری بنووسن و بدوێن. نووسەری ئەم کتێبە، وەهبی ڕەسووڵ، یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەو قسەیەی ئێمە، ئەم هونەرمەندە بەتەنیشت کاری هونەریی خۆیەوە، بەردەوام پەرژاوەتە سەر نووسین و وەرگێڕان لە کایەی هونەری شێوەکاریدا. وەک گوتراش، لەو لایەنەوە چەندان کتێبی پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەران و هونەرمەندانی کورد کردووە. دیسان کاتێک بیر لەو پرسیارە دەکەینەوە، ڕیزێک هونەرمەندی تر، کە بۆخۆیان لە بنەڕەتدا شێوەکارن و لەو بوارەشدا جێدەستیان دیارە، وەک ڕەخنەگر کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تابلۆ و کارە هونەرییەکانیان کردووە، لەوانەش هونەرمەندان: گارا، گۆران بابەعەلی، ستار قادر، حەمە هاشم، قەرەنی جەمیل، شیروان خان، قادر میرخان، جەزا بەکر و… چەندانی تر. بێگومان نابێت هەندێک هەوڵیش نەدیو بگرین، کە کاری ڕەخنەییان لە هونەری شێوەکاریدا کردووە و ڕۆڵیان بەرچاوە، لەوانە: ڕزگار سەعید، ڕێبوار سیوەیلی، ڕامیار مەحموود، بەختیار سەعید، فەرهاد پیرباڵ، موحسین ئەحمەد عومەر و… چەندانی تر. سەرباری ئەم هەوڵانە -کە جدین و نابێت فەرامۆش بکرێن- بەڵام دەبێت پێ لەو ڕاستییە بنێین کە بە ئێستاشەوە نەتوانراوە ڕووبەرێک بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و کاری ڕەخنەیی لە بواری شێوەکاریدا، بۆ هونەرمەندانی شێوەکاریی کورد و تابلۆ هونەرییەکانیان بڕەخسێنرێت، ئەمەش ئەو گرفتە بنەڕەتییەیە کە بەردەوام دەبێت لە چییەتی و چۆنیەتییەکەی بپرسین، تا ئەوەی دەبێت بە پرسێکی جدی و لە داهاتوودا -چ نزیک یان دوور- ڕەخنەگری ئەو بوارە دێنە مەیدان و تێکڕای ئەو کارە هونەرییە داهێنەر و ناداهێنەرانانەمان بۆ شرۆڤە دەکەن، کە لە درێژەی ڕەوتی مێژوویی هونەری شێوەکاریدا لەلایەن هونەرمەندانی کوردەوە بەرهەم هاتوون.

لێرەوەیە کە هونەرمەندێکی وەک مامۆستا وەهبی ڕەسووڵ، لەگەڵ چەند هونەرمەند و دەستەبژێری دی دەبن بە سەرمەشقێک لە بواری ڕەخنەی شێوەکاریدا، کە لە بنەڕەتیشدا بۆخۆیان هونەرمەندن، ئەم هەنگاوەش بەر لە هەرشتێک، بۆ نەبوونی ڕەخنەگری شارەزا و پسپۆڕ لە کایە هونەرییەکەدا دەگەڕێتەوە. ئەو هونەرمەندانە هەستیان بە نائامادەیی ئەو کارەکتەرەی پێی دەگوترێت ڕەخنەگری هونەری کردووە، بۆیە هەر بۆخۆیان هەستاون بەوەی دەست بدەنە نووسین لەسەر کاری هونەریی هاوڕێکانیان و هەوڵ بدەن بەوە کەمێک لەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بکەنەوە. بێگومان ئەم هەوڵە جێگەی دەستخۆشی و ستایشە، چونکە هەر لە ڕێی نووسین و لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی ئەو هونەرمەندانەوە ڕووبەرێکی ڕەخنەیی ساز بووە، کە خوێنەر دەتوانێت هەندێک لەو کارانە لە ڕێی شرۆڤە و وردبوونەوەی ئەو نووسینانەوە درک و چێژ بکات. بەڵام ئەوەش ڕاستییەکە کە ناتوانین نەیڵێین، بەداخەوە تێکڕای ئەو کتێب و نووسراو و تەنانەت گۆڤار و بڵاوکراوانەش کە هەن، ئەوەندە نین کە تینووێتیی خوێنەرانی ئەو بوارە بشکێنن و وا بکەن لە کۆی مێژووی هونەری شێوەکاریی کوردی و جیهانی تێبگەن. بۆیە ئەگەر بە وەها بەرزویستییەکەوە (تموح) بڕوانینە کتێبخانەی کوردی لە بواری هونەری شێوەکاریدا، دڵنیا بن نائومێد دەبین، هەر ئەوەشە ناچارییەک دروست دەکات کە خوێنەر و خوێندکار و هونەرمەندی کورد هەوڵ بدات لە ڕێی زمانی دیکەوە بچێتە ئەو جیهانە پڕ ڕەنگ و دەوڵەمەندەوە.

ئەم کتێبەی وەهبی ڕەسووڵ درێژەپێدەری ئەو ئەزموونەیە کە لە ناوەڕاست و کۆتایی هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە دەست پێ دەکات، چ بە نووسین، چ بە وەرگێڕان، ئەم هەوڵە لە نەوەدەکانی هەمان سەدەدا ئاڕاستە و مەبەستەکەی ڕوونتر و ڕەوانتر دەبێتەوە و لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکەمیشدا ئیدی بە شێوەی پڕۆژەی چاپکردنی کتێب خۆی دەردەخات. ئەگەر خوێنەر ئاشنای کتێبەکانی ئەم نووسەر و هونەرمەندە بێت، دەزانێت ڕێڕەو و میتۆدێکی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر لە سەرەتاشەوە هەوڵی داوە ئەو ڕێڕەو و میتۆدە وەک بەرنامەی کاری هەمیشەیی خۆی پەیڕەو بکات. سەبارەت بە ناساندنی چۆنیەتیی کارکردنی ئەم ڕەخنەگرە، دەتوانین بەم شێوەیە لێی نزیک ببینەوە: هەوڵی گێڕانەوەی مێژووی هونەری شێوەکاری ئەورووپی، قوتابخانەکانی، ئەزموونی هونەرمەندانی دیار و داهێنەری، هاوکات ئەو هەوڵە تاکەکەسی و گروپانەش لە درێژەی ئەو مێژووەدا دراون، هێڵێکی تری ئاوڕدانەوەیەکی جدیی وەهبی ڕەسووڵە لە هونەری شێوەکاریی کوردی، لە مێژووەکەی، لە هونەرمەندانی، لە تابلۆ هونەرییەکانی، ئەمە ڕەنگە کۆی ناوەرۆکی ئەو پڕۆژەیە بێت کە وەهبی ڕەسووڵ ساڵانێکی دوورودرێژە بێ پشوودان و هەدادان کۆشش و جۆششی بۆ دەکات و کۆی بەرهەمەکانیشی شایەتحاڵی ئەو هەوڵە ڕاستگۆ و جدییانەی ئەم هونەرمەندەن. لە گوزەری ئەم پڕۆژەیەدا، تایبەت بە هونەرمەندانی شێوەکاریی کورد، دەتوانین لیستێکی دوورودرێژ لە ناوی ئەو هونەرمەندانە ببینینەوە کە وەهبی ڕەسووڵ تابلۆیەک، یان کۆی ئەزموونیانی کردووەتە نیشانە و لە خوێندنەوەیەکی بابەتییانەی هونەریدا کارەکانیانی هەڵسەنگاندووە. لەم پڕۆژە هەمەچەشنەدا، وەک ڕەخنەگرێکی شارەزا، دەستی بە شیکاریی ناوەرۆکی تابلۆکان و پێکهاتەکانی کردووە، وەزیفەی ڕەنگ و هێڵ و چییەتی و چۆنیەتیی تابلۆکانی وەدیار خستووە و پێشانی داوە ئەم تابلۆیە لە چ شێواز و قوتابخانەیەکدا جێکەوتە دەبێت. هەر بە هەمان ئەو ڕێڕەو و میتۆدە، دوایین کتێبی “تەعبیرییەت: لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” نووسیوە و تێیدا هەوڵی داوە گۆشەنیگاکەی لەسەر پنتێک چڕ بکاتەوە و لەوێشەوە چاوێکی لە نیگارکێشانی کورد بێت.

کتێبی “تەعبیرییەت: لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” بەوردی سەرەتاکانی تەعبیرییەت لە هونەری ئەورووپیدا دەپشکنێت، هەوڵ دەدات بە زمانێکی سادە و ڕەوان بمانباتە نێو ئەو مێژووەوە و نیگارکێشانی سەر بەو قوتابخانەیە لەگەڵ دەستە و گروپەکانمان پێ بناسێنێت. ئەم هەوڵە جدییە و دەتوانێت بەشدارییەکی کارا لە ڕوانینمان بۆ شێوازێکی دیاریکراو لە نیگارکێشاندا ئاڕاستە بکات.

توێژەر لە “پێشەکی”دا دەنووسێت: “شێوازی تەعبیری لە هونەری نیگارکێشاندا، وەک خۆی دوو جۆری سەرەتایی لە نیگارکێشاندا پێک دێنێت، یەکەمیان لە نیگارکێشانی سەرلەبەری مرۆڤایەتی، دووەمیان لە نیگارکێشانی منداڵیی تاکی مرۆڤ. مرۆڤی سەرەتایی، کاتێک لەنێو ئەشکەوتەکاندا ژیاوە، دیواری ئەو ئەشکەوتانەیان بە نیگاری جۆراوجۆر بۆ خۆیان و بۆ ئێمەیش ڕازاندووەتەوە. جا پاڵنەر و بەها واتایی و ئیستاتیکییەکانی چی بن و چۆن بن، ئەوە جێی مشتومڕ و دیالۆگی تایبەت بووە، ئێستاش هەر وایە، بەڵام ئەوەی لێرەدا لای ئێمە گرنگە، لە ڕووی تەکنیکی بەجێهێنان و شێوازی بەرجەستەکردنەوەیە، کە لە بەشێکی باشی نیگارە دیواربەندەکاندا بە تێکشکانی فۆڕم دەستپێکیان وەرگرتووە. ئەو واتا گوزارشتییانەی وەک خودی خۆیان مەبەستیان بووە، بەو شێوەیە و بەو شێوازە ڕابگەیەنن و بخەنە ڕوو. ئەم حاڵەتی پەیبردنە هەمان شتە لە سەرەتاکانی نیگارکێشان لای منداڵ، کە بەو شێوەیەی منداڵ خۆی هەستی پێ دەکات و پەیی پێ دەبات و گوزارشت لە دەوروبەری خۆی دەکات، ئەمە هاوشان بە هێزی ئەو فۆڕمە بەرجەستەییانەی خودی منداڵ بۆ ئەو پرۆسە گوزارشتگەرایە هەڵی دەبژێرێت، کە بێگومان وەک فۆڕم لای تەعبیرییەکان دوورن لە هاوشێوەبوونیان لەپاڵ فۆڕمە واقیعییەکاندا. هەر ئەمەشە وای کردووە هەردوو هونەری بەرایی و منداڵان، دوو ژێدەری کارا و کاریگەر بۆ خودی هونەرمەندە تەعبیرییەکان پێک بهێنن، هاوشان بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هونەریی تر.”

تەعبیرییەت وەک نیگارکێشان: بۆ دەربڕین لە شتە بینراوەکان، هونەرمەند لە تابلۆکانیدا ئەو وێنەیە دەخاتە ڕوو کە ئەو شتانە لای ئەو و بۆ ئەو دەینوێنێت. بەپێی بۆچوون و بینینی ئەو، مانا ڕاستەقینەکانیان لە خۆ دەگرێت. بەمەش ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تەبایی و ڕێککەوتن لە فۆڕم و ڕەنگدا، شتێکە بە پلە دوو دێت، چونکە لەوە گرنگتر گەیشتنە بە بەرزترین پلە لە گوزارشتکردنێکی ئیستاتیکی و مەعنەویدا.

تەعبیرییەت شێوازێکی نیگارکێشانە و لە ڕەوتی مێژووییدا ئامادەیی هەمیشەیی هەبووە، بەڵام لەوەی کە بەدیاریکراوی کەی و لە کوێ سەری هەڵداوە، توێژەر دەیباتەوە سەر هونەرمەندانی ئەڵمان و ئەوەش لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووە. پاشان توێژەر بە شێوەی گەشتنامە بەناو ئەو هەوڵە هەمەلایەنانەدا گەشتێکی پڕچێژمان پێ دەکات و پڕمان دەکات لە ڕەنگ و شێواز و هارمۆنیا. ئەم گەشتە بە سەرێک دەمباتە ناو ناوەرۆکی کارەکان و بە سەرێکی تر فۆڕم و چییەتیی کارەکان دەور دەکاتەوە. ئەوەی کە جەخت و پێداگرییە لە دەستپێکی تەعبیرییەتدا، وەک توێژەریش پاژێکی بۆ تەرخان کردووە بە ناوی “چەمکی خودگەرایی لە نیگارکێشانی تەعبیریدا”، خودی هونەرمەند بە گەڕانەوە بۆ نەست و دەروونی خۆی، نیگاری تەعبیریی کێشاوە، بە واتایەکی تر، بە گيڕانەوە و وەستان لەسەر ژیانی خۆی، هونەرمەند ڕوخسار و ڕەنگ و هێڵەکانی تەعبیریی بەرهەم هێناوەتەوە، ئەمەش لە پلەی یەکەمدا بۆ تەعبیرکردن بووە لە ویست و شکست و ژیانی تایبەتی هونەرمەند، بۆیە لە سەرەتاوە و بێگومان بە ئێستاشەوە -بە ڕەچاوکردنی ئەو هەنگاو و گۆڕانکارییانەی لە تەعبیرییەتدا ڕوویان داوە- ئەم بایەخە بۆ ژیانی هونەرمەند لە تابلۆدا، هاوشان بووە و بەشێک لە شارەزایی ژیانی هونەرمەند و ڕەنجەکانی، هاوکار و کۆمەک بوون بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتییانەی تابلۆ تەعبیرییەکانی.

ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەشی یەکەمی، کە بەشە تیۆرییەکەی تەعبیرییەتە، تێیدا بەوردی سەرەتا و دەستپێکی ئەم شێوازە ڕوون کراوەتەوە، هەوڵ دراوە ئەوەی گرنگ و بەرچاوە فەرامۆش نەکرێت و بخرێتە بەردەستی خوێنەر. بەشی دووەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە بەشی پراکتیک و جێبەجێکردنی ئەو مەرج و داوایانەیە کە شێوازی تەعبیرییەت پێشنیاری کردوون، بۆ ئەمەش، توێژەر نەک لە کاری هونەرمەندانی جیهانییەوە، بەڵکوو بە گەڕانەوە بۆ کاری هونەرمەندانی کورد، توانیویەتی سەرکەوتووانە ئەم بەشە پێشکەش بکات.

لە بەشی جێبەجێکردنی ئایدیاکانی پشت تەعبیرییەوە، وەهبی ڕەسووڵ حەوت هونەرمەندی کوردی وەرگرتووە، لەو حەوت هونەرمەندە ئەو تابلۆیانە -بەزۆری تابلۆیەک و چەند دانەیەک زیاد لە تابلۆیەک- وەرگیراوە، کە ڕەگەز و پێکهاتەی تەعبیرییان تێدایە. ئەو هونەرمەندانەی توێژەر تابلۆی وەک نموونەی پراکتیک لێ وەرگرتوون ئەمانەن: ئیسماعیل خەیات، سەروەت ئەنوەر سەوز، ڕەمزی قوتبەدین، سامان کەریم، سەعید ئیسماعیل، سامان ڕەش و بەها شێخ کەریم. لێرەدا دوو پەرەگرافی بچووک پێکەوە لە هەڵسەنگاندنەکانی وەهبی ڕەسووڵ بۆ تابلۆکان دەخوێنینەوە.

دەربارەی تابلۆیەکی هونەرمەند ڕەمزی قوتبەدین، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: “هێڵ وەک توخمێکی کارای نێو هونەرمەندانی تەعبیری، لێرەشدا ئامادەیی دیاری خۆی هەیە، بەتایبەتییش کە خامەی بەکارهاتوو ڕەنگی پاستیلە، پاستیلیش قەراغی تیژی هەیە، کە هونەرمەند بیەوێت هێڵی دیاریکراو و دیاری پێ ڕابکێشێت، ‘ڕەمزی’ی هونەرمەندیش هەر وای کردووە و هێڵی فرەچەشن و زۆر ناسک و وردی بەم کەرەستە تایبەتە کێشاوە، بۆ دروستکردن و کێشانی لق، چڵ، گژوگیا و گوڵەکان، ئەمە جگە لە دیاریکردنی بەنزیکییانەی فۆڕمی منداڵەکە و چیاکەی پشتی، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ئەم بەرهەمهێنان و ڕاکێشانی هێڵە بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و خێرا ئەنجام دراوە.”

دەربارەی تابلۆیەکی بەها شێخ کەریم، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: “بۆ خوێندنەوەی تابلۆکە لە ڕشتەیەکدا، کە لە پشیلەیەک و پۆرترێتی نیوەڕوخساری ئافرەتێک پێک دێت، وەکوو دوو فۆڕمی دەستنیشانکراوی سەرەکی لە کارەکەدا. پشیلەکان بۆ ماوەیەکی کاتی لە جێگەیەکدا دەمێننەوە، دواتر بێناونیشان دەڕۆن. بۆیە هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بێوەفایی لە کولتووری خۆماندا ناسراون و دەناسرێن. ئەم فۆڕمەش بەتەواوی سەر و بیرکردنەوەی ئافرەتەکەی لە کارەکەدا داگیر کردووە. ئەو ڕایەڵە پەیوەستەی لەسەرەوە بۆ خوارەوە هاتووەتە خوار، بە ئاسەواری دوو خاڵ، یاخود دوو پنت لە چوارگۆشەیەکی ڕەشدا، کە ئاماژەیەکە بۆ هەڵگری نهێنیی ئەو دوو پێگەیە لە چوارچێوەیەکی نادیار و نەخوێنراوەدا. هاوکات هەڵگرە بۆ نهێنییەکان.”

کتێبی “تەعبیرییەت: لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” یەکێکە لەو کتێبانەی شیاوی خوێندنەوەیە بۆ هەرکەسێک، خوێندکار، یاخود هەواداری هونەری شێوەکاری، ئەم کتێبە دەتوانێت دەروازەیەکی جوانیناسانە بەرانبەر کۆی تێگەیشتمان بۆ “تەعبیرییەت” وەک شێوازی کاریگەر و بەڕمێنی هونەری شێوەکاری بەسەردا واڵا بکات.