بەناوبانگترین ئەدیبی سەدەی بیستەم كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

چیرۆكە مێژووییەكان: چیرۆکی دووەم

بەناوبانگترین ئەدیبی سەدەی بیستەم كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: باوکی ڕەهەند

بەناوبانگترین ئەدیبی سەدەی بیستەم باوەڕی وا بوو هیتلەر لە جەنگەكەدا سەردەكەوێت، بۆیە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا…

ساڵی 1932 لە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا (ڕایخشتاگ (Reichstag، ئەڵمانیا وەرچەرخانێكی سیاسیی بە خۆیەوە بینی، ئەم وەرچەرخانه، نیگەرانیی لای زۆرێك لە بەرپرسە گەورەكان دروست كرد، لە نموونەی سەرۆك پۆڵ ڤۆن هایندبۆرگ(Paul von Hindenburg) ، لە ماوەی ئەو ساڵەدا، پارتی نازی بووە گرنگترین پارتی وڵاتەكە، چونكە زۆرترین كورسیی پەرلەمانی (Reichstag)ی بە دەست هێنا. لەبەر دەم بارودۆخێكی لەو شێوەیەدا، سەرۆكی و‌ڵاتەكە، پۆل ڤۆن هایندبۆرگ، ناچار بوو لە كۆتاییەكانی ساڵی 1933دا ئەدۆلف هیتلەر بكات بە ڕاویژكاری ئەڵمانیا.

لەگەڵ هاتنی مانگی ئابی ساڵی 1934، سەرۆكی وڵات پۆل ڤۆن، لە تەمەنی سەروو 86 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا هیتلەر بە تێكەڵكردن و كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ڕاوێژكار و سەرۆك، بووە خاوەن دەسەڵاتی ڕەها. وەرگرتنی دەسەڵاتی ڕەها لەلایەن هیتلەرەوە، لە ئەورووپا دۆخێكی پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێی هێنایە ئاراوە و خەڵكێكی زۆر لە ترسی توندوتیژیی نیازییەكان ناوچەكەیان جێ هێشت. لەنێوان ئەوانەی ناوچەكەیان جێ هیشت، مێژوو باس لە نووسەری بە ڕەچەڵەك جوولەكە ستیڤان زڤایج Stefan Zweig)) دەكات، كە بەرەو بەڕازیل دەڕوات.

ستیڤان زڤایج، كە لە ساڵی 1881دا لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا لە دایك بووە، لە ئەورووپا بە یەكێك لە گرنگترین ئەدیب و نووسەرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. ئەم نووسەرە نەمساییە، لە ماوەی كاروانی ئەدەبیی خۆیدا، چەندین ژیاننامەی نووسیوەتەوە، لەوانە: ژیاننامەی ماری ئەنتوانێت، جۆزێف فۆشیە، ماری ستیوارت. سەرباری ئەوە، چەندین ڕۆمانی نووسیوە، لەوانە: یاریزانی شەترنج، بیست و چوار كاتژمێر لە ژیانی ژنێك، ئاژاوەی هەستەكان، جیهانی دوێنێ. ستیڤان بە هۆی بوونی لە ڤیەنا، كە بە پایتەختی ئەدەب و هونەری ئەورووپا دادەنرا، ژمارەیەك كەسایەتیی ئەدەبی و هونەریی ناسی. بۆ نموونە بووە هاوڕێی هەریەك لە پسپۆڕی دەروونی سیگمۆند فرۆید (Sigmund Freud)، نووسەری فەڕەنسی ڕۆمان ڕۆلان (Romain Rolland)، كە ساڵی 1950 بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب، ئاوازدانەر ڕیچارد شتراوس (Richard Strauss).

لەگەڵ هەڵكشانی نازییەكان لە ئەڵمانیا و زیادبوونی وردە وردەی دەسەڵات و قەڵەمڕەوییان لە نەمسا، ستیڤان زڤایج بە هۆی ڕەچەڵەكە یەهودییەكەیەوە ترسی ئەوەی لێ نیشت نازییەكان شتێكی لێ بكەن. لەبەر ئەو هۆكارە، نووسەرە نەمساییەكە لە ساڵی 1934دا بڕیاری دا خۆی و هاوسەرەكەی، ماریا زڤایج، وڵاتەكەیان جێ بهڵن و لە لەندەن بگیرسێنەوە، پاش ماوەیەك لەوێوە ڕۆشتن بۆ بەڕازیل و تێیدا نیشتەجێ بوون.

خۆكوشتن بە بەكارهێنانی درمانی هێوركەرەوە

ستیڤان لەمیانەی ئەو لێكچەرانەی لە چەند وڵاتێكی كیشوەری ئەمەریكای باشوور پێشكەشی كرد، دڵتەنگی و خەمباری و نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی جیهان دەربڕی. ڕۆژی 7ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1941، ستیڤان بە هۆی بیستنی هەواڵی هێرشی پێرل هاربر و بەشداریكردنی ئەمەریكا لە جەنگی دووەمی جیهانی، دۆخی دەروونیی تێك دەچێت. ئەو لە ڕۆمانی یاریزانی شەترنجدا باس لە دوا قۆناغی ئازار و تێكچوونە دەروونییەكانی، بە هۆی جێهێشتنی زێدی خۆی و بینینی ئەوەی لە جیهاندا ڕوو دەدات، دەكات.

ستیڤان لە كاتی دەستپێكردنی كەرنەڤاڵی ڕیۆ لە بەڕازیل، هەواڵی كەوتن و داگیركردنی سەنگافوورە لەلایەن ژاپۆنییەكانەوە دەبیستێت. لەو ڕۆژگارەدا سەنگافوورە یەكێك بوو لە كۆڵۆنیاڵییە پتەو و بەهێزەكانی بەریتانیا لە خۆرەڵاتی ئاسیا. ئەم نووسەرە نەمساییە، لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە و بەرگەگرتنی بۆ نەخۆشیی هاوسەرەكەی، دەڕووخێت و هەرەس دەهێنێت. ئیدی بڕیار دەدات سنوورێك بۆ ژیانی خۆی دابنێت و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەهاكان و ئەو جیهانەی خەونی پێوە دەبینی، هەرەسیان هێناوە و نەماون و ئەمیش نایەوێت لە جیهانێكدا بژی کە نازییەكان و هاوپەیمانەكانی حوكمی بكەن.

نووسەرە نەمساییەكە، لە دوا ڕۆژەكانی ژیانیدا، سەردانی هاوڕێ نووسەرەكەی جۆرج بێرنانۆس  (Georges Bernanos)دەكات، ئەم هاوڕێیەی زۆر هەوڵی دا لە مەسەلەی خۆكوشتن پەشیمانی بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ستیڤان زیڤایج لە نامەی ماڵئاواییدا، كە پێش خۆكوشتنەكەی جێی هیشتبوو، سوپاسی بەڕازیل دەكات بۆ ئەو پێشوازی و میواندارییە گەرمەی بە درێژایی ئەو چەند ساڵە لێی كراوە. هەروەها لە نامەی ماڵئاواییەكەیدا باس لە نەمانی نیشتمانەكەی و وێرانبوونی ئەورووپا و دەربەدەریی خۆی دوور لە زێدی لەدایكبوونی دەكات. لە لایەكی دیكەوە، هەر لەو نامەیەدا ستایشی كاروانە ڕۆشنبیرییەكەی ژیانی خۆی و سوپاسی هاوڕێكانی دەكات.

ستیڤان زڤایج ڕۆژی 22ی شوباتی 1942 ماڵەكەی بە شێوەیەكی جوان ڕێك دەخات، دواتر بڕێكی زۆر لە دەرمانی هێوركەرەوە، كە بە (فینۆباربیتال) ناسراوە، دەخواتەوە و لە تەمەنی سەروو شەست ساڵیدا، لە بەڕازیل و لە شاری پێترۆبۆلیس، ماڵئاوایی لە جیهان دەكات. له هەمان كاتدا هاوسەرەكەی، لەبەر ئەوەی نەیویست بەبێ مێردەكەی بژی، ئەویش لەوێدا كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە نێت، چیرۆكە میژووییەكان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 19ی تشرینی دووەمی 2025‌