ئەزموونی شانۆکارێک بە ناوی پیتەر بروکەوە
ئەزموونی شانۆکارێک بە ناوی پیتەر بروکەوە
خوێندنەوەی کتێبی “پیتەر بروک: تێڕوانینێک لە ئەزموونی پیتەر بروک، لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”
بەختیار حەمەسوور
یادەوەرییەک لەگەڵ ئەم کتێبە
وەک سەرەتا، پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەم کتێبە لای من یەکێکە لە کتێبە گرنگ و خۆشەویستەکان، پێشتر، لە دوو چاپدا، کە چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ و چاپی دووەمیش ساڵی ٢٠١٣ کراون، بەوردی ئەم کتێبەم خوێندووەتەوە و دواجاریش هەندێک سەرنجم دەربارەی نووسی، بەڵام لەم ساڵدا، لە دیدارێکدا، کە نووسەری ئەم کتێبە (دانا ڕەئووف) بە سەردان لە سوێدەوە گەڕابووەوە سلێمانی، باسی لەوە کرد کە چاپێکی نوێی ئەم کتێبە لە دەزگای سەردەمە، وەک لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئەم چاپە وەک کتێبێکی سەربەخۆ وایە، چەندان بەشی بۆ زیاد کردووە و دەیان سەرچاوەی نوێشی پشکنیوە و بە کاری هێناوە، ئیدی خوێندنەوەی جارێکی تری ئەم کتێبە (کە دەبێتە سێیەم خوێندنەوە)، بوو بە مەراقم، تا دواجار لە چاپێکی ناوازە و جواندا، لەژێر ناونیشانی “پیتەر بروک: تێڕوانینێک لە ئەزموونی پیتەر بروک، لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە” لە ساڵی ٢٠٢٥دا و لە دووتوێی کتێبێکی ٤٥٤ لاپەڕەییدا ئەم کتێبەم خوێندەوە. پێویستە هەر لێرەشدا ئەوە بڵێم، کە من لە بواری شانۆدا کارم نەکردووە و تا ئەم ساتەوەختەش بیرێکی ئەوتۆم سەبارەت بەم هونەرە لا گەڵاڵە نەبووە، بەڵام شانۆ بۆ من، لە هەردوو بارەکەدا، چ نمایش و چ خوێندنەوەی دەق و ڕەخنەی شانۆیی، لەو بوارە بووە کە بەردەوام بەشێکی گرنگی لە کاتی خوێندنەوەی من بۆ خۆی بردووە، ئەم هونەرە لای من هونەری ژیانە و نزیکە لە چرکەساتە زۆر هەستیارەکانی ژیانی هەریەکێکمانەوە.
***
دەروازەیەک
نووسین لەبارەی هونەری شانۆوە کارێکی ئاسان و سەرپێیی نییە، بەڵکوو کەسێک بیەوێت لەو بوارەدا چالاکی بنوێنێت و بنووسێت، دەبێت شارەزاییەکی ئەوتۆ و هەمەلایەنی لەم هونەرەدا هەبێت، کە خاوەنی کۆمەڵێک جومگەی سەرەکییە. لەناو دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا، کەمن ئەو کەسانەی خۆیان بۆ وەها هونەرێک تەرخان کردووە، بێگومان دانا ڕەئووف یەکێکە لەو کەمە نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کورد، کە نزیکەی پەنجا ساڵە لە بواری شانۆدا دەنووسێت و کار دەکات.
نووسین لە بواری شانۆدا هەم دەکرێت وەک پڕۆژەیەک بێت، هەم خوێندنەوە و چالاکییش لەسەر تەختی شانۆ، سەبارەت بە نووسین، دەکرێت خوێندنەوەی ئەو نمایشانە شانۆییانە بێت کە دەیانبینین، یان نووسین بێت لەسەر ئەو دەقە شانۆییانەی کە نووسراون، ئیدی ئەو دەقە خۆماڵی بێت یان وەرگێڕراو. بە هەردوو بارەکەدا کۆمەڵێک پێوەر و پێودانگ هەن، کە دەبێت لە ساتی خوێندنەوەدا ڕەچاو بکرێن، تاکوو هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە و گشتگیر سەبارەت بەو هونەرە بە دەستەوە بدرێت.
هەر هەوڵێک سەبارەت بە نووسین و وەرگێڕان لە بواری شانۆدا، لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا، زیندووێتی و زەروورەتی ئەم هونەرە گرنگە دەسەلمێنێت. هەر لێرەوەیە کەسانێکی وەک دانا ڕەئووف، وەک پێشەنگ و چالاک لەم بوارەدا ناویان دێت، کە بە پشوودرێژی و خەمەوە لەم هونەرە گرنگەی ژیاندا کار دەکەن؛ لەپاڵ کارکردنیاندا، کۆمەڵێک وردەچالاکییش دەنوێنن. بۆ وێنە، ئەم نووسەرە ساڵانە خەڵاتێکی بۆ دەقی شانۆیی دەبەخشێت بە ناوی “خەڵاتی دانا ڕەئووف بۆ شانۆ”وە، کە ساڵانێکە وەک تاقە خەڵاتێکی گرنگ لەم بوارەدا و لە کوردستان بەردەوامیی هەیە.
ئەزموونی پیتەر بروک
ناساندنی ئەزموونە گرنگ و بنچینەییەکانی بواری ئەدەبیات و هونەر، یەک لەو خاڵە جەوهەرییانەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دنیای ئێمە، بەتایبەت لە بواری شانۆدا، کە ڕەنگە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، کێڵگەیەک بێت کەمتر کاری تێدا کرابێت، بە وەها کارێک، دەتوانین دەروازەی بەرین بەسەر شانۆکاران و بینەران و سەرجەم ئەو کەسانەدا بکەینەوە کە خولیا و کەڵکەڵەی شانۆیان هەیە، بەوەش هەم تێکڕا ئاشنای ئەزموونە جیاوازەکان دەبین و هەمیش دەتوانین لە کارکردن و لێکدانەوەکانماندا بۆ دەق و نمایش جێکەوتە ببن. بێگومان ئەمە کارێکە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو نووسەرانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و ئاگاییەکی هەمەلایەنانەیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی هونەرمەندانی شانۆدا هەیە، چ وەک دەرهێنانەکانیان، چ وەک ئەو نووسین و کتێبانەی لە بواری شانۆدا بوون بە سەرچاوە و تیۆریی کارکردن. هونەرمەند و نووسەر دانا ڕەئووف ساڵانێکە بێوچان لەو بوارەدا کار دەکات، بەتایبەت لە ناساندنی ئەزموونە جیاوازەکانی جیهاندا، لە نمایشە چەشناوچەشنەکانی شانۆ لە وڵاتە جیاوازەکان، بێ پشوودان خەریکە دەنووسێت و شانۆکاران و خوێنەرانی بواری شانۆ بەو دنیا بەرینە ئاشنا دەکات. یەکێک لەو کتێبە زۆر گرنگانەی دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبی “پیتەر بروک: تێڕوانینێک لە ئەزموونی پیتەر بروک، لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”یە.
کتێبەکە بە نامەیەکی پیتەر بروک بۆ دانا ڕەئووف دەست پێ دەکات:
پاریس
١٧/٩/٢٠٠٢
بەڕێز کاک دانا
من زۆر هەژام بۆ خەمخۆریی ئێوە لە سەرقاڵبوونتان بە کارەکانی منەوە، هیوادارم ئەو کارە شتێکی بەسوود بووبێت بۆ ئێوە، هەروەها تەماننا دەکەم کتێبەکەش لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.
لەگەڵ سڵاوێکی دۆستانەدا
پیتەر بروک
مەبەست لەو کورتەنامەیە، ئەوەیە دانا ڕەئووف بە ئاگاداریی خودی نووسەر دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە، وەک لە ناوەرۆک و کۆمەڵێک پەراوێزیشدا هاتووە، گفتوگۆی تایبەتی هەبووە لەگەڵ خودی پیتەر بروک و خێزانەکەی پیتەر بروکدا و ئەوانیش -بەتایبەت هاوسەرەکەی- کۆمەڵێک سەرچاوە و تۆماری دەنگی و ڕەنگیی خستووەتە بەردەست دانا ڕەئووف، تاکوو سوودیان لێ وەربگرێت و لە دووتوێی کتێبەکەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە، هەر ئەم کارە هەماهەنگی و ئاگاییە بە جۆرێک کەوتووەتەوە، کتێبێکی زیندوو و چێژبەخش بێتە بەرهەم، کە خوێنەرەوە لەگەڵ ڕەوتی هەڵدانەوە و بەرەوپێشبردنی پەڕەکاندا، ماندوو نەبێت و لێیەوە سوودمەند بێت.
پیتەر بروک (١٩٢٥ لە دایک بووە – ٢٠٢٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە)، ئەم هونەرمەندە هەر لە تەمەنەنێکی کەمەوە خولیای شانۆ دەبێت و دەست دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا، ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە سنوورەکەی کێشاوە و نووسیویەتی کە مەبەستیەتی پیتەر بروک لە ڕێگەی “چەمکی پانتایی بۆش”ەوە بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵی داوە لەو مەودایەدا، واتا لەنێوان لەدایکبوون تاکوو مردنی، لەسەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی بوەستێت و لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی گشتی دەربارەی ئەزموونی ئەم دەرهێنەرە پێشکەش دەکات، هاوکات دەتوانین بڵێین کتێبێکی شێوە بایۆگرافیاشە، کە تێیدا پیتەر بروکی نێو ژیانی ڕۆژانەش دەناسین.
“پانتایی بۆش” ناوی کتێبێکی گرنگی پیتەر بروکە و دەتوانین بڵێین کۆی فەلسەفە شانۆییەکەیەتی و چەشنە مانیفێستۆیەکە، بەو واتایەی کە دەکرێت هەرشوێنێک شوێنی نمایشی شانۆیی بێت، پیتەر بروک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە “شوێنێکی بۆشم بدەرێ، شانۆیەکت دەدەمێ”، ئیدی ئەم شوێنە هیچ مەرج نییە ڕێکخراو و دیزاینکراو بێت، بەڵکوو دەکرێت هۆڵێکی فەرامۆشکراو و نادیدە بێت، هەر وەک ئەوەی بروک لە پاریس کردوویەتی، هۆڵێکی کۆنی پەڕپووتی دیتووەتەوە و بڕیاری داوە نمایشەکەی لەوێدا بکات، بێ ئەوەی هیچ دەستکارییەکی ئەوتۆی بکات، تەنانەت کورسییەکان هێندە شەقوشڕ بوون، جلی چەند بینەریان دڕاندووە و دواتر پیتەر بروک زیانەکەی بۆ قەرەبوو کردوونەتەوە. بروک گروپێکی نێونەتەوەیی هەبووە، کە پێک هاتوون لە کەسانی جیاواز، لە شار و وڵات و زمانی جوداوە، بەردەوام لە گەشتی شانۆییدا بوون و کۆی نمایشەکانیش هەمیشە لەو پانتاییە بۆشانەدا بوون، ئەمەش کارێکی کردووە، لە ئایدیاکەی بروک تێبگەن و پێکەوە ئەو هەموو سەرکەوتنە بچننەوە. دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار، لەم کتێبەیدا بە شێوەیەکی تایبەتی کار لەسەر هەمان چەمکی “پانتایی بۆش” دەکات و هەوڵ دەدات بمانباتە ناو ئەو پانتاییەوە، ئایدیای ڕوونی بروک سەبارەت بەو چەمکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر.
کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا” لە هەشت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناونیشانانە: “بەشی یەکەم: پیتەر بروک کێیە؟؛ بەشی دووەم: دەروازەیەک بۆ ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک؛ بەشی سێیەم: هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر شکسپیر؛ بەشی چوارەم: ئەنتۆنین ئارتۆ: قۆناغی شەستەکان و شانۆیەکی ئەزموونگەری؛ بەشی پێنجەم: مەڵبەندێک بۆ شانۆیەکی نێونەتەوەیی (بەرەو شانۆیەکی میتۆلۆژی)؛ بەشی شەشەم: پیتەر بروک و هونەری ئۆپێرا؛ بەشی حەوتەم: فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی کارکردن؛ بەشی هەشتەم: کۆتایی و بەرەنجامە گشتییەکان”. لێرەدا جێی ئاماژەبۆکردنە کە هەریەک لەم هەشت بەشە، چەندان وردەناونیشانی تریان لەژێردا کۆ بوونەتەوە، کە سەرجەمیان تەکمیلەی ناونیشانی بەشەکە دەکەن و بە هەموو بەش و وردەبەشەکانیش شوناس و پێگە و ئەزموونی پیتەر بروک دەنەخشێنن.
دانا ڕەئووف لە ناسین و ڕۆچوون بە قووڵایی ئەزموونی پیتەر بروکدا زمانێکی سادە و سانا بە کار دەهێنێت، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەرۆکی کتێبەکەدا پردی پەیوەندی دروست دەکات و ئایدیا سەرەکییەکانی وەردەگرێت. بەشی یەکەم و دووەم وەک بنەمایەکی گشتین هەم بۆ ژیانی پیتەر بروک، هەم بۆ ئەزموونی کارکردنی لە شانۆشدا، بەو دوو بەشە خوێنەرەوە وێنایەکی دەربارەی ئەم نووسەر و دەرهێنەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ کەسێکی جیاوازدا ڕووبەڕووە، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە خەونی گەورەی هەبووە و بەشوێن دەنگ و ڕەنگی خۆیدا گەڕاوە، دواتر و لە درێژەی ئەو گەشتەدا، سەرجەم ئەو جۆشش و کۆششانە دەبینینەوە، کە پیتەر بروک لە ژیانی هونەریی خۆیدا داونی و بەر و بەرهەمەکەی ئەو ئەزموونە ڕەنگاڵە و دەوڵەمەندەیە، کە بەشێکی بەرچاو و گرنگی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو.
بەشی سێیەمی کتێبەکە تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک لەسەر دەقەکانی ولیام شکسپیر، ئەمە یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبەکە و دانا ڕەئووف هەوڵی داوە بەوردی چییەتی و چۆنێتیی ئەو کارکردنەی بروک لەسەر دەقە شانۆییەکانی شکسپیر دەستنیشان بکات، ئەویش بە هێنانەوەی چەند دانە لەو نمایشانەی بروک لە ژیانی هونەریی خۆیدا کردوونی و لێدوانی هەمەلایەن لەبارەیانەوە. ئاشکرایە، بە ئێستاشەوە، لە تەواوی دنیادا دەقەکانی شکسپیر بەردەوام ئامادە دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر شانۆ، بێگومان هەر دەرهێنەرە بە شێواز و جیهانبینیی خۆیەوە، وەک دانا ڕەئووف دەری خستووە، پیتەر بروک لە نمایشەکانیدا هەوڵی داوە شکسپیرێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە، ئەویش بەوەی لە بنەتاوە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دەقەکاندا کردووە و لەگەڵ گرفت و بابەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا گونجاندوونی، ئەوەشی لەو بڕوایەوە هێناوە، کە بەڵێ، شکسپیر ئەو توانستەی هەیە بێتە ئەمڕۆوە و ئاماژەکانی لە چەند سەدەی پێشترەوە بۆ ئێستا بنێرێت، بەڵام بەو مەرجەی دەرهێنەر بتوانێت ئەو توانستە بناسێتەوە و لە بۆتەیەکی نوێدا دای بڕێژێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شکسپیری بروک شکسپیرێکی ئەمڕۆییە و دەتوانێت لە ئێستادا هاوشانی ئێمە بدوێت و ببینێت.
بەشی چوارەم تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک بە میتۆدی ئەنتۆنین ئارتۆ، کە بە میتۆدی توندوتیژی ناسراوە، لەم میتۆدەدا ئەوەی گرنگیی هەیە، جووڵەی جەستەیە و سڕینەوەی وشە و دیالۆگە لە ئەکتەردا، جەستە و جووڵەکانی جەستە دەبنە چەق و دەرهێنەر تەرکیز و مامەڵە لەگەڵ جووڵەی جەستەدا دەکات، جووڵە دەبێت بە زمان و پەیڤ؛ دانا ڕەئووف بە خستنەڕووی میتۆکەی ئارتۆ و چەند نموونە لە کارەکانی پیتەر بروک، کە سەر بەو میتۆدەن لە کارکردن، دەری دەخات چۆن بروک بە شوێنپێهەڵگرتنی ئارتۆ توانیویەتی دەروویەکی تر بەسەر ئەو تیۆرەدا بکاتەوە.
بەشی پێنجەم لە گرنگترین و سەرنجبزوێنترین بەشەکانی کتێبەکەیە، دانا ڕەئووف لەم بەشەدا دیوە ڕۆژەڵاتی و نێونەتەوەییەکەی پیتەر بروک بەسەر دەکاتەوە و دەری دەخات کە بروک لە میراتیی نێونەتەوەییدا چ بەرهەم و داهێنانێکی پێشکەش کردووە. پیتەر بروک لەو دەرهێنەرانەیە کە بەردەوام لە هەوڵی نوێگەریدا بووە، بە خۆی و ستافەکەیەوە وڵاتبەوڵات و شاربەشار گەڕاون و نمایشیان کردووە، هاتوونەتە ڕۆژەڵات و چوونەتە ئەفریقا و ئەمەریکا، لە میراتیی ئەدەبیاتی هیندستان، دەقێکی مێژوویی و کۆنینەی ئەو وڵاتەی کردووە بە شانۆ، ئەویش دەقی “مەهابەهاراتا”یە، مامەڵەکردنی ئەم دەرهێنەرە لەگەڵ ئەم دەقەدا لەسەر ڕوانینێکی نوێیە بۆ ئەو دەقە کۆنە، کاتێک لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەورووپا و ڕۆژاوا ئەم دەقە نمایش دەکات، بەشوێن ئەو ڕەگەدا دەگەڕێت کە دەتوانێت ببێت بە پردێک لەنێوان دوو شارستانیی مەزنی وەک ڕۆژەڵات و ڕۆژاوادا. ڕەنگە سەیرترن نمایشی پیتەر بروک، ئەو نمایشەی بێت کە دەقەکەی لەسەر بنچینەی “منطق الطیر”ی فەرەیدەدین عەتار بێت، کە ئەو بە ناوی “کۆنفرانسی باڵندەکان”ەوە ئامادەی کردووە و پێشکەشی کردووە، بە هەرحاڵ، خوێنەرەوە بۆخۆی دەتوانێت وردەکاریی ئەو نمایشانە و دەنگدانەوەیان، لە سەروەختی خۆیان و پاشتریشدا، لە کتێبەکەدا بخوێنێتەوە.
بەشی شەشەم تایبەتە بە مامەڵەکردنی پیتەر بروک لەگەڵ هونەری ئۆپێرادا، واتا ئەو هونەرە کلاسیکە چۆن و بە چ ئیمکانێک دەیخاتە دووتوێی نمایشەکانیەوە، لێرەشدا چەند تراژیدیا، لەوانە: “کارمن، دۆن جیۆڤانی، شمشاڵی ئەفسوونای” وەک نموونە وەردەگرێت و بەوردی تاوتوێیان دەکات.
بەشی حەوتەم بەشێکی تایبەتە، دەتوانین بڵێین چڕکراوەی کۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی پیتەر بروک دەردەخات کە پێی گەیشتووە، ئەویش فۆڕمێکی ساکارە، ساکار بە قووڵاییەکی ناوازەوە؛ پیتەر بروک چڵاوچڵێکی بێوێنەی لە فۆڕمدا کردووە، لە دوایین وێستگەی ئەزموونەکەیدا فۆڕمێکی ساکار دەدۆزێتەوە و وەک خاڵێکی گەش کاری لەسەر دەکات، بێگومان گەیشتن بەو فۆڕمە کارێکی سانا نییە، بەڵکوو دنیابینییەکی بەرین لەپشتیەوە وەستاوە، هەر ئەوەش وای کردووە لە “فۆڕمێکی ساکار” قووڵاییەک بەرهەم بێت، هەم ڕوون بێت، هەمیش سادە و هاوکات ناوازە لەلایەنی هونەرییەوە.
کتێبی “پیتەر بروک: تێڕوانینێک لە ئەزموونی پیتەر بروک، لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە” وێڕای زانیاریی چڕوپڕ لەسەر هونەرمەندێکی مەزنی وەک پیتەر بروک، دەتوانێت چێژێکی تایبەتییش بە خوێنەرەکەی بدات، هاوکات بە هەوڵی کەسێک ئاشنا بێت، کە لەپێناو خەونەکەیدا هەموو سەختییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک لە دوابەش و “دواوتە”شدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی: “هەرکەسێک لە بواری شانۆدا کار بکات، جا قوتابیی شانۆ، ئەکتەر، ڕیژیسۆر، یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی شانۆیی بێت، ناتوانێت بروک و ڕۆڵی بروک لە گەشەکردنی شانۆیی جیهانیدا فەرامۆش بکات. هەرچەندە ئەمڕۆ بروک بە هەمان وزە و هێزی شەستەکان، یان حەفتا و هەشتاکانەوە کار ناکات، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی، ئەوەی ئەو بۆ شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی جیهانی، بۆ دەستپێکی تری شانۆ و بۆ ڕۆڵی شانۆ بنیادی ناوە، بناغەیەکی پتەوە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی بەسەر ڕەوتی شانۆوە هەیە. ئەو کاریگەرییە لە کارەکانماندا، لە تێڕوانینماندا بۆ شانۆ، لە نووسینەکانماندا، لە پێناسەکردنی شانۆ بۆشەکاندا، لە هەموو پرۆسەی شانۆییدا دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستمان بە گروپی نێونەتەوەیی و بەرجەستەکردنی شانۆی ڕۆژەڵاتە لە شانۆی ڕۆژاوادا، لە کولتووری ڕۆژاوادا، لە سترکتوری دامەزراوە ڕۆژاواییەکاندا و بە پێچەوانەشەوە. بروک ئەم دەروازەیەی بۆ کردینەوە، زمانێکی گلوبالیزمی بۆ شانۆ خوڵقاند و شانۆی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانەی هەموو خەڵک.”