تازەترین بەرهەمی سەلمان ڕوشدی: كۆمەڵەچیرۆكی “كاتژمێر یانزە”

تازەترین بەرهەمی سەلمان ڕوشدی: كۆمەڵەچیرۆكی “كاتژمێر یانزە”

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

كاتێك دەتەوێت لەسەر نووسەر و ڕۆماننووس سەلمان ڕوشدی بنووسیت، ئەوا هەرگیز ناتوانیت خۆت لەو سێبەرە ڕزگار بكەیت كە هەمیشە بەدوای ئەم نووسەرەوەیە و بۆ هەركوێیەك بڕوات، لەگەڵیەتی. ئەڵبەتە مەبەست لەو سێبەرە، ڕۆمانە بەناوبانگەكەیەتی: “ئایەتە شەیتانییەكان”. ئەم بەرهەمە وای كرد ناوبانگی خاوەنی بەرهەمەكە بكەوێتە پێش ناوبانگی كۆی بەرهەمەكانی، بەو مانایەی ناوی سەلمان ڕوشدی زۆر ناسراوتر و بەربڵاوترە لە نووسین و بەرهەمەكانی. ڕەنگە لە سەرتاسەری جیهاندا خەڵكێكی زۆر هەبێت ڕوشدی بناسن، یان لانی كەم گوێیان لە ناوەكەی بووە. ئەمە لە كاتێكدایە بێ ئەوەی ناوی كتێبێكی بزانن، یان تەنانەت یەك وشە یان ڕستەیەكیان لە بەرهەمەكانی خوێندبێتەوە. هۆكاری ئەم بەناوبانگبوونەی ڕوشدی، لە بەشێكی بەرچاویدا ناگەڕێتەوە بۆ بەرهەمەكانی، بەڵكوو زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ فەتواكەی ئیمام خومەینی، كە لە ساڵی 1989دا دژ بە ڕوشدی دەری كرد و تێیدا خوێنی حەڵاڵ كرد.

لێرەوە ڕوشدی چیتر تەنها وەك نووسەر، ڕۆماننووس و ڕۆشنبیرێك نەمایەوە، تەنها وەك كەسێك نەمایەوە سەرقاڵی كاری ئەدەبیاتە، بەڵكوو لای هەندێك كەس بوو بە سیمبول و هێمای ئازادی و هەڵگری مەشخەڵی بیروڕای ئازاد؛ كەچی لای هەندێكی دیكە بوو بە ئامانجێكی ڕەوا بۆ كوشتن و بەهەدەردانی خوێنی. ئا لێرەوەیە كەسێكی سەر بە لایەنی دووەم، كەسێكی كۆنەپارێزی دەست ئایدۆلۆژیای ئوسووڵی و توندڕەوی، ساڵی 2022، لە پەیمانگەی چاتاكوا و لە كاتی پێشكەشكردنی سیمینارێكدا لەسەر ئازادیی بیروڕا، بە چەقۆ هێرشێكی دڕندانەی كردە سەر خاوەنی شاكارە نایابەكەی “منداڵانی نیوەشەو”، لە ماوەی تەنیا 27 چركەدا پانزە جار چەقۆكەی لێ دا، كە بووە هۆی لەدەستدانی چاوی ڕاستی، بەمەش ڕوشدی خەریك بوو گیان لە دەست بدات و بەڕاستی ببێت بە شەهیدی وشە.

دوای ئەو ڕووداوە ترسناكەی پەیمانگەی چاتاكوا، زۆرێك چاوەڕوانی ئەوە بوون نووسەری ئایەتە شەیتانییەكان ئیدی بێدەنگ دەبێت و هیچ نانووسێت، پشت دەكاتە وشە و لە سووچێكی ئەم دونیایەدا، غەمبارانە بەدیار یادەوەرییەكانیەوە دادەنیشێت، بەڵام ئەو تەواو پێچەوانەی ئەوەی كرد و سەلماندنی هێشتا “سەلمان ڕوشدی”یەكەی جارانە و هەرگیز دەستبەرداری كردەی نووسین و ئەدەبیات نابێت.

لەم ڕووەوە، ڕوشدی لەدوای كارەساتەكەوە، بە دوو بەرهەم وەڵامی ئەو كەسەی هێرشی كردە سەری و هاوبیرەكانی دایەوە، یەكەمیان بریتییە لەو كتێبەی لە 16ی نیسانی 2024دا لە ئەمەریكا بڵاو کراوەتەوە و ئەم ناونیشانەی هەیه: ‌)چەقۆ: تێڕامان دوای هەوڵی كوشتن – (Knife: Meditations After an Attempted Murder. نووسەر ئەم كتێبەی تەرخان كردووە بۆ باسكردنی ساتی هێرشەكە و لە بەشێكیدا دەڵێت: “دوایین شت كە بە چاوی ڕاستم بینیم، پیاوێك بوو جلوبەرگی ڕەشی لە بەردا بوو، بەخێرایی وەك مووشەكێكی نزم هاتە پێشەوە. دانی پێدا دەنێم، هەندێك جار بە خەیاڵمدا هاتووە بكوژەكەم لە بۆنەیەكی گشتیدا ئامادە دەبێت و تەواو بەو شێوەیە بەرەو ڕووم دێت. ئەو كاتەی ئەم بكوژەم بینی بەرەو لای من دەهات، یەكەم شت كە بە مێشكمدا تێپەڕی، ئەمە بوو: كەواتە ئەوە تۆیت”.

بەرهەمی دووەمی كۆمەڵە چیرۆكێكە، كە چەند هەفتەیەكە لەژێر ئەم ناونیشانەدا بڵاو کراوەتەوە: (كاتژمێر یانزه –  الساعة الحادیة عشرة – ‌The Eleventh Hour). هیچ گومان لەوەدا نییە، ئامانج لەو هێرشەی كرایە سەر ڕوشدی، كوشتنی یان لانی كەم بێدەنگكردنی بوو، بەڵام ئەو هەوڵە نەزۆك و شكستخواردووە وزە و توانای زیاتری پێ بەخشی و وای كرد دەنگی زوڵاڵتر و بەرزتر ببێتەوە و زیاتر ببیسرێت و پاڵنەرێكی گەورەش بوو بۆ بەردەوامیی لە نووسین و داهێنانی ئەدەبی. ئەم كۆمەڵەچیرۆكە خەیاڵئامێزە بەڵگەی ئەوەیە هێرشەكە نەیتوانی كۆڵ بەم نووسەرە بدات و لە دنیای نووسین و بیركردنەوە و تێڕامان دووری بخاتەوە. ئەوەتا ئەم بەرهەمە نوێیە لە ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكەدا قورساییەكی گەورەی هەیە، نەك تەنها لەبەر ئەو سیاقەی كتێبەكەی تێدا هاتووەتە بەرهەم، بەڵكوو بە هۆی جوانیی ناوەرۆكی چیرۆكەكانەوە.

ئەو پێنج چیرۆكەی كتێبەكەیان پێك هێناوە، هەرپێنجیان بەتەواوی لەدەوری تەوەرەی مردن، پیری، كۆچ، میرات و دوایین ماڵاوایی دەسووڕێنەوە. ڕوشدی، كە هەنووكە تەمەنی 78 ساڵە و سێ ساڵ لەمەوبەر لە مردنێكی ڕاستەقینە ڕزگاری بوو، سەرلەنوێ دەستی بە نووسین كردووەتەوە و بە هەموو ئەوانەی چاوەڕێی مەرگی نووسەرەكەی ناو ڕۆحی ڕوشدییان دەكرد، دەڵێت ئەوەتا، ئەو ڕۆحە هێشتا زیندووە و توانای نووسینی زیاتر گەشەی كردووە و هەرگیز چەقۆكەی ئەوان ناتوانێت ئەو وزە و توانایە خامۆش و خەفە بكات.

ئەم بەرهەمە، نووسینە دوای شەڕكردن لەگەڵ مەرگ، گێڕانەوەیە دوای هاتنەوە لە مردن. پێنج چیرۆكەكە، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین پێنج ڕۆمانە كورتەكە، باس لە سێ نیشتمان دەكەن كە ڕوشدی تیایاندا ژیاوە: هیندستان، بەریتانیا و ئەمەریكا. ڕەنگە ناونیشانی كتێبەكە خەمبارانە بێت، وەلێ ڕوشدی وەك پیشەی هەمیشەی، ڕازی نییە خۆی ڕادەستی خەمۆكی بكات و چیرۆكەكان پڕن لە ژیان و زمان و خۆشەویستی.

بۆ ئامادەكردنی ئەم نووسینە، سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراوە:

1- aawsat.com، 23ی تشرینی دووەمی 2025

2- independentarabia.com، 6ی تشرینی دووەمی 2025

3- arabi21.com