کاتێک گفتوگۆکان لە سێبەری چیادا دەکران
کاتێک گفتوگۆکان لە سێبەری چیادا دەکران
سەبارەت بە کتێبی “ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا”
نووسینی: ئیدریس عەلی
کتێبی (ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا) بەرهەمی گفتوگۆی کونجکوڵانەی دوو فیگەر و کارەکتەرە، کە لە ڕووی ئەزموونی نووسین و تەمەنیشەوە تا ئەندازەیەک لە یەکدی جیاوازن، یەکێکیان گەنجێکە و تازەکی هەتاوی شیعرنووسین و پرسیار لە سیاسەت و ئەدەبیات گەیشتووەتە سەری: (هەڤاڵ کوێستانی)، نووسەر و پێشمەرگەی ئەوێ ڕۆژێ؛ ئەوی دیکەیان باڵای شیعری لە قەدی درەختەکانەوە هەڵکشاوە و لەوەدایە ئیدی واوەتر پەل بهاوێت بۆ دوورتر (شێرکۆ بێکەس).
ئەم دوو کەسایەتییەی نێو وەهمی شۆڕش و چاو لە ئاسۆ، کە بە دنیایەک خەیاڵ و فەنتازیاوە لە ژیان، سیاسەت، دواڕۆژ و ئەدەب دەنواڕن، هەریەکەیان نمایندەی دوو ئەزموون و دوو نەوە و دوو دونیابینی و فەلسەی جیاواز بۆ ژیان و سیاسەت و ئەدەب دەکەن، بەڵام پێکەوە پرسیاری ورووژێنەر و وەڵامی قووڵ و ورد، لە سێبەری ئەو چیایانەی ببوونە مەکۆی پێشمەرگە و “شۆڕش”، کتێبێکیان بەرهەم هێناوە، کە هێزی پرس و بابەتەکانی لە شاخی ئەوێ ڕۆژێوە، تا شاری ئەمێستا هاتووە و هێشتا دەکرێت گفتوگۆکانی ئەو سەردەمە، بابەتی هەڵوەستەکردن و لەسەروەستان و گفتوگۆکردنی ئەمڕۆش بن.
کتێبی (ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا)، کە هەڤاڵ کوێستانی ئامادەی کردووە، تێیدا بە هۆی پرسیار و گفتوگۆیەکی گەرمەوە، کاک شێرکۆ بێکەسی گەورەشاعیری ئێمە دەخاتە سەر کەڵکەڵەی ئەو شتانەی کە لە شیعردا ناوترێن، پرسیارەکانی کاک هەڤاڵ دەرگای گەورە بە ڕووی کاک شێرکۆدا دەکەنەوە، تا لەسەر هەندێک چەمک و بابەتی پەیوەست بە ژیان، ئەدەب و سیاسەتەوە قسە بکات، ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
گرنگە بەر لەوەی قسە لەسەر ناوەرۆکی کتێبەکە بکەین، ئاوڕێک لە مێژووەکەی، ئەو دۆخ و هەلومەرجە بدەیەنەوە کە تێیدا کتێبەکە هاتە بوون.
بێگومان کتێبی ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا بەرهەمی سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراوە لە شاخ و ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی، ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و شەڕ و کێشە نێوخۆییەکانی ئەودەمی حیزبەکانی نێو خێزانی بزووتنەوەی کوردایەتی، چ لە شاخ و چ لە شار، ناکۆکییە دەروونی و نێوخۆییە حیزبییەکان، ملشکاندن و بەدوژمنکردنی براکان لەسەر دەستی براکانی تر، هاوکات خەون و ئومێد بە باوەڕ و سەرکەوتنی دواڕۆژ، سیمایەک و تایبەتمەندییەکی دیاری ئەو قۆناغ و سەردەمە بوون، کە تێیدا کتێبی (ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا) لە دایک بوو.
ئەم کتێبە بریتییە لە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی پێشمەرگە و نووسەر (هەڤاڵ کوێستانی) لەگەڵ شاعیری گەورەی کۆچکردوو (شێرکۆ بێکەس)، لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، بەدیاریکراوی لە بەرگەڵوو ئەنجام دراوە، هاوکات بەشێکی کتێبەکەش تەرخان کراوە بۆ ژیاننامە و قسەکردن لەسەر ئەزموونی نووسین و شیعری کاک شێرکۆ بێکەس، کە بە پێنووسی خۆی نووسیویەتی.
ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکەین، ئەوەیە (هەڤاڵ کوێستانی) لەو دۆخە ناهەموار و پڕ لە کێشە و ژیانی سەختی پێشمەرگایەتیدا، وەک گەنجێکی خوێندەوار و شاعیرێکی مولتەزیم بە باوەڕ و ئایدۆلۆجیا، چۆن بیر لەوە دەکاتەوە وتووێژێکی ئەدەبی سەبارەت بە ئەزموونی شیعری و چەندین بابەت و تەوەری دیکە لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا بکات، ئەمە لە کاتێکدا هەردووکیان لە بارەگای ڕاگەیاندنی ئەوێ دەمێی شۆڕش پێکەوە کاریان کردووە و شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، کڵپەی زیاتری بە ئاگری شۆڕش و خوێنی تازەی بە پێشمەرگە دەبەخشی، ئەم کتێبە بەرهەمی وردبینی و خوێندنەوەی گەنجێکی وەک (هەڤاڵ کوێستانی) ئەوێ ڕۆژێ و ئەزموونی دەوڵەمەندی شیعری و پاشخانی ڕۆشنبیریی شاعیرێکی مەزنی وەک شێرکۆ بێکەسە، خوێنەر پاش تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە بەسەر چاپکردنی کتێبی ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا، کاتێک پرسیار و وەڵامەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات هێشتا وزەی نوێگەریی تێدایە و ماوەکەی بەسەر نەچووە، هەندێک دیدار و گفتوگۆ هەن بۆ ڕۆژگار و قۆناغێکی دیاریکراون و هێزی گەیشتنە سبەینێیان نییە، هەشن بە پاسپۆرتی ئەزموون و مەعریفە، توانای تێپەڕینیان هەیە بە قۆناغ و سەردەمەکانی داهاتوودا، ئەم وتووێژەی نێوان هەڤاڵ کوێستانی و شێرکۆ بێکەس لە جۆری دووەمە و خوێنەر جگە لەوەی چێژ لە پرسیار و وەڵامەکان دەبینێت، هاوکات وێنەی ئەو ڕۆژگارەشی دێتە پێشچاو، کە تێیدا وتووێژەکە ئەنجام دراوە.
هەڤاڵ کوێستانی خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، کە پێکەوەژیانی ئەو چەند مانگەی شێرکۆ بێکەس و خۆی، لە بنمیچی ژوورێکی چکۆلەی دامێنی شاخەقووچی بەرگەڵوو، ئەم دیدارەی لێ کەوتەوە: هەموو جارێک پرسیارێک، یان زیاترم بەرەو ڕووی دەکردەوە، بەدەم بەبادانی دووکەڵی چەند جگەرەیەکەوە لە فکران ڕۆ دەچوو… بیری لە پرسیارەکان دەکردەوە و وەڵامەکەی بۆ کاتێکی دی هەڵدەگرت… بۆ کاتێک، کە من لە ژوورەکەدا نەدەبووم.
هەر لە کورتەپێشەکییەکەی خۆیدا، هەڤاڵ کوێستانی باسی لەوەش کردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەش کە لەدوای پرسیار و وەڵامەکان جێ مابوون، ئەو پێی باش بوو کورتەیەک لە ئەزموون و شیعری خۆی بخاتە سەر دیدارەکە: دوای چەندین ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، بۆ یەکەم جار کتێبەکەم لەناو کتێبخانە ئەرشیفییە دەوڵەمەنەدەکەی (بنکەی ژین)دا بینی، هەستی بینینی کتێبەکە لای من بۆ یەکەم جار، وەک هەستی ئەو باوکە وا بوو کە دوای چەندین ساڵ لە دابڕان، منداڵێکی خۆی دەبینێتەوە.
دیارە کاتێک کتێبەکە لە شاخ، لەلایەن یەکێتیی نووسەرانی شاخەوە چاپ کراوە، هەڤاڵ کوێستانی بە هۆی هەڵوێستی سیاسی و ناکۆکی و کێشە دەروونی و نێوخۆییەکانی ئەو ڕۆژگارەی حیزبەکەیەوە، لە سنووری بەرگەڵوو نەمابوو، بۆیە کتێبەکە و نۆبەرە چاپکراوەکەی نەبینیوە، وەک خۆی باسی کردووە، پاش چەندین ساڵ لە کتێبخانەی بنکەی ژین کتێبەکەی بینیوەتەوە و پاش خوێندەوە و پێداچوونەوە و چاککردنی هەڵە و ڕێنووس و خاڵبەندی، جارێکی دیکە بە شێواز و دیزاینێکی نوێوە، لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵیادی مەرگی شاعیری گەورە (شێرکۆ بێکەس)دا بڵاو کراوەتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، بەشێکی کتێبەکە بریتییە لە ژیاننامە و قسەکردن لەسەر ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس، کە بە پێنووسی خۆی نووسراوە و لەوێدا گوتوویەتی: لە گەرمەی شەڕوشۆڕ و ئاگربارانی دۆزەخە گەورەکەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لە دووی مایسی ١٩٤٠دا، لە شاری سلێمانی، گەڕەکی گۆیژە-گاوران لە دایک بووم.
ئیدی لەوێوە زۆر بەوردی باسی ژیانی خێزانی و کێشە و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەکات، کە دوای مردنی باوکی، لانەی ژیان و گوزەرانیان شێواوە، پاش ئەوەی لە شاری هەڵەبجەوە دێنەوە بۆ سلێمانی، ئەمیان خستووەتە قوتابخانەی (فەیسەڵیە)ی سەرەتایی کوڕانەوە: ژیانی منداڵی و مێردمنداڵی و هەرزەکاریم بریتییە لە زنجیرەیەک ئازار و پەرەوازەبوون و نامۆیی و هەژاری و بێدەرەتانی، هەرکاتێک ئاوڕ لەو سەردەمانە دەدەمەوە، بە دەردی شاعیر گوتەنی، (ترووسکەیان تیا بە دی ناکەم)، لەو دەمەدا و تا گەورەبوونی خۆم و هەردوو خوشکەکەیشم، یەکێک لەو هاوڕێیە دڵسۆزانەی باوکم، کە زۆر لێی دەپرسینەوە و یارمەتیی دەداین و بە تەنگ ژیانمانەوە بوو و سەری لێ دەداین و دڵنەوایی دەکردین، سیاسی و ئەدیبی گەورە (ئیبراهیم ئەحمەد) بوو.
هەر بە پێنووسی شێرکۆ بێکەس خۆی دەیگێڕێتەوە، کە ئەو کاتەی مەلیک فەیسەڵی دووەم سەردانی سلێمانیی کردووە، ئەم تازە چووەتە ئامادەیی پیشەسازی، قوتابخانەی پیشەسازییش ئەو کاتە دوا بینای ئەوپەڕی شار بوو: دوای گەیشتنی کەژاوە و ئۆتۆمبیلەکەی مەلیک، ئیتر دوابەدوای ئەو ئۆتۆمبیلێکی تر هات، بوو بە هەرا و خەڵکەکە خرۆشان و هاواریان دەکرد، (بژی مەلیکی کوردستان)، جەماوەرەکە شوێن ئۆتۆمبیلەکەی شێخ مەحموودی نەمر کەوتن و بەرەو ژوور بوونەوە، منیش لەگەڵیاندا.
کاتێک خوێنەر دەچێتە نێو وتووێژە هەمەلایەنەکەی نێوان هەڤاڵ کوێستانی و شێرکۆ بێکەسەوە، بەر گەلێک پرسیاری هەستیار و گرنگ دەکەوێت و گەلێک وەڵامی بەپێز و کاریگەری دەست دەکەوێت، یەکێک لەو پرسیارانەی بە بڕوای من هەمیشەی و ئەزەلییە، ئەو پرسیارەیە کە لەسەر پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت دەکرێت، لەم کتێبەدا کتومت هەڤاڵ کوێستانی دەپرسێت: هەر وا بەگشتی پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت چۆن دەبینیت؟
لە وەڵامدا شێرکۆ بێکەس دەڵێت: وا بەگشتی ڕەنگە نەتوانم بەوردی دەست بخەمە سەر ئەسڵی مەبەست، لەگەڵ سڵەمینەوەیەکی زۆریشدا ئەگەر بشێت بڵێم: سیاسەت کۆمەڵێک مەفاهیم و بیردۆز و بەرنامەی کار و زانستە و ئەو هونەری بەڕێوەبردن و ڕابەریکردنەیە کە هەر قۆناغ و پلەیەکی مێژوویی بەپێی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، بەپێی بەرژەوەندی و ململانێی چینایەتی، نەتەوایەتی، ڕوانینە گشتی و تایبەتییەکانی پێچەوانە دەکاتەوە، ئەوا بە سڵەمینەوەیەکی زیاتریشەوە دەڵێم: ئەدەبیش بریتییە لە ڕەنگدانەوەی ئیحساسات و هەستی ئەو تاکەکەسانەی لە ڕێی زمانی نەتەوەییەوە بەهرەی خود و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و تاقیکردنەوەیان، سەرچاوەن بۆ دەربڕینێکی بەرزی هونەری و وجوودە کۆمەڵایەتییەکەش لە بنەڕەتدا دەستنیشانی سیما گشتی و تایبەتییەکانی دەکات، ئەگەر سیاسەت زمانی زانست بێت، ئەوا ئەدەب زمانی هەست و نەستە و پەیوەندیی ئەدەب و سیاسەتیش، پەیوەندییەکی داینامیکی و لەیەکدانەبڕاوە و وەک پەیوەندیی دڵ و مێشک وایە.
ئەم کورتەنووسینە ناتوانێت دنیا فراوانەکەی ئەم کتێبە بخاتە ڕوو، باشتر وایە خوێنەر خۆی دەست بە خوێندنەوەی بکات، بێگومان ئەم کتێبە ئەزموونێکی جوانە و لێوەی لە گەلێک چەمک و دەستەواژە و بابەتی گشتی و هەمەلایەن فێر دەبین.