كورتەچیرۆكی بورغووی هێڵی شەمەندەفەرەكە
كورتەچیرۆكی بورغووی هێڵی شەمەندەفەرەكە
نووسینی: ئەنتوان چیخۆڤ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
لە یەكێك لە گوندەكانی ڕووسیا، پاسەوانێك لە نزیك وێستگەیەكی شەمەندەفەر سەرقاڵی پاسەوانی و پشكنینی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەرەكە بوو، پیاوێكی بینی خەریكی لێكردنەوەی بورغووی ئەو فلنجانە بوو كە هێڵە ئاسنینەكە دەچەسپێنن بە زەوییەكەوە، هەر بۆیە پاسەوانەكە پیاوەكە دەستگیر دەكات و بۆ لێكۆڵینەوە دەیبات بۆ بنكەی پۆلیسی گوندەكە.
لێكۆڵەر: ئایا دەزانیت ئەو كارەی دەیكەیت چەند مەترسیدارە؟ تۆ تۆمەتباری بەوەی ژیانی هەزاران كەسی بێتاوان دەخەیتە مەترسییەوە.
پیاوەكە: چۆن چۆنی! ئەوە تەنها بورغوویەكە و ئازار بە كەس ناگەیەنێت، من پێشتر لە ژیانمدا ئازاری هیچ كەسێكم نەداوە.
لێكۆڵەر: بۆچی بورغووەكەت كردەوە؟
پیاوەكە: بۆ ئەوەی لە كاتی ڕاوكردندا، لە چەسپاندنی تۆڕی ماسییەكەدا بە كاری بێنم، پیشەم ڕاوەماسییە، شتێكی قورسی كونم دەوێت تا تۆڕەكەی پێ جێگیر بكەم، بورغووەكە بۆ من باشترین شتێکە دەستم بكەوێت.
لێكۆڵەر: ئێ باشە بۆ دانەیەك ناكڕیت یان دروستی ناكەیت؟
پیاوەكە: ئاخر پارەی زۆری تێ دەچێت و من ماسیگرێكی هەژارم، بۆ من ئاسانترە بورغووەكە لێبكەمەوە، نەك ئەوەی دانەیەك بە گران دروست بكەم، تەواوی گوندەكە ئەم كارە دەكەن.
لێكۆڵەر: ئەوە تۆ دەڵێیت چی؟ ئەمە شێتییە! مەبەستت ئەوەیە هەموو گوندەكە وەك تۆ بورغووەكان دەدزن، بەدڵنیاییەوە شەمەندەفەرەكە وەردەگەڕێت.
پیاوەكە: نا، نەخێر وەرناگەڕێت، چونكە ئێمە بورغوویەك لێدەكەینەوە و ئەوەی بەرامبەری لێناكەینەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە قورساییەكە بە شێوەیەكی هاوسەنگ دابەش ببێت، كاتێك منداڵ بووین، لە قوتابخانە ئەوەمان لە وانەی فیزیادا خوێندووە.
لێكۆڵەر: ئەگەر واش بێت، هێشتا مەترسیی وەرگەڕانی شەمەندەفەرەكە لە ئارادایە. باشە ئێوە ئەم هەموو بورغووە لە ڕاوكردندا بە كار دەهێنن؟
پیاوەكە: من و براكانم بۆ ماسیگرتن بە كاریان دەهێنین، دراوسێكەمان بۆ دروستكردنی قوفڵەكانی ماڵی سەرۆكی شارەوانی و بنكەی پۆلیس بە كاریان دەهێنێت.
لێكۆڵەر: ئەوە تۆ دەڵێیت چی! ئی پێم بڵێ، دراوسێكەت بۆ ئەو كارە دەكات!
پیاوەكە: ئاخر سەرۆكی شارەوانی داوای لێ كردووە قوفڵەكانی ماڵەكەی و بنكەی پۆلیس تازە بكاتەوە و بۆ ئەوەش، هیچ بڕە پارەیەكی پێ نەداوە. ئەویش بیری لە ڕێگەیەك كردەوە تا قوفڵەكان تازە بكاتەوە و هیچ پارەیەكیشی تێ نەچێت، ئیتر بۆ ئەو كارە، جگە لە بورغووی شەمەندەفەرەكه، هیچ شتێكی باشتری نەدۆزییەوە.
لێكۆڵەر: بەدڵنیاییەوە سەرۆكی شارەوانی ئەو بورغووانەی بینیوە، ئایا پرسیاری ئەوەی نەكرد ئەو بورغووانەی لە كوێ دەست كەوتووە؟
پیاوەكە: سەرۆكی شارەوانی ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبوو، ئەو تەنها چاكکردنەوەی قوفڵەكانی دەویست.
لێكۆڵەر: سوپاس بۆ خوا، پێش ئەوەی كارەساتێك ڕوو بدات، بەم مەسەلەیەم زانی، ژمارەیەك پاسەوان بۆ ئەو گوندە دادەنێم، تاكوو چیتر نەتوانن بورغووەكان لێبكەنەوە.
پیاوەكە: لەو بڕوایەدام ئەوە بۆ ئێمە نەبێت بە كێشە، چونكە ئێمە لە گوندەكەی دراوسێمانەوە بورغووەكانمان دەست دەكەوێت و لەوانی دەكڕین.
لێكۆڵەر: لە ترساندا دادەچڵەكێت، ئەوە تۆ دەڵێیت چی؟ بۆ ئەوانیش هەمان ئەو كارەی ئێوە دەكەن!
پیاوەكە: بەڵێ گەورەم، هەموو ئەو گوندانەی دەكەونە دەوروبەری ڕێگەی شەمەندەفەرەكە ئەو كارە دەكەن، هەیانە بۆ ڕاو بە كاری دەهێنێت، هەیانە دەیفرۆشێت، هەیانە قوفڵی لێ دروست دەكات. ئێمە ناچارین ئەوە بكەین و هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نییە، پارەمان نییە بچووكترین شت بكڕین، هەر بۆیە بەناچاری بورغووی شەمەندەفەرەكە لێدەكەینەوە.
لێكۆڵەرەكە: باشە ئەگەر مووچەكانتان زیاد بكەین، ئیتر واز لە دزینی بورغووەكان دەهێنن؟
پیاوەكە: گەورەم، ترسم هەیە لەوەی واز نەهێنین، ئەوە بووەتە نەریت و خوویەكی باو، هەمووان ئەنجامی دەدەن. ئەگەر دەتەوێت دزینی بورغووەكان ڕابگریت، ئەوا پێویستە منداڵەكان لە تەمەنێكی زووەوە فێر بكرێن كە گەورە بوون چی بكەن. تەنانەت كاتێك گەورە دەبن و دادپەروەری و كار و مووچەی گونجاو دەدۆزنەوە، ئیتر ڕۆژێك لە ڕۆژان، بە هیچ شێوەیەك بیر لە دزینی بورغووەكان ناكەنەوە.
لێكۆڵەرەكە: ئەمە لە ڕاپۆرتەكەمدا دەنووسم و بزانین دادوەر چ بڕیارێك دەدات.
لێكۆڵەرەكە دۆسیەكەی بەردەستی دادەخات و سواری شەمەندەفەرەكە دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ پایتەخت. لە پەنجەرەكەوە سەیری دەرەوە دەكات و لە دڵی خۆیدا دەڵێت، هیوادارم بەخێرایی بڕیار بدرێت، چونكە مەسەلەكە ترسناكە، لەوانەیە ئەو خەڵكە هەژار و داماوە كارەساتێك بنێنەوە. لەو كاتەدا، لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەكەوە، منداڵێكی لەسەر لێواری هێڵە ئاسنینەكە بینی، ڕاوەستاوە و پێدەكەنێت و دوو بورغووی بە دەستەوەیە، لێكۆڵەرەكە لە ترسا هەڵدەسێتە سەر پێ و هاوار دەكات شەمەندەفەرەكە ڕاگرن، شەمەندەفەرەكە ڕاگرن. بەڵام تازە كار لە كار ترازابوو، هەمووان لەسەر دەنگی بەریەككەوتنێك دەست دەكەن بە قیژەقژ و هاتوهاوار و شەمەندەفەرەكە وەردەگەڕێت.
منداڵەكە، بێ ئەوەی بزانێت، دوو بورغووی تەنیشت یەكی كردبووەوە، ئەویش هەمان ئەو شتەی كرد كە ئەوانی دیكە دەیانكرد، بێ ئەوەی لە مەترسیی ئەو كارە تێبگات كە ئەنجامی دەدا. ئاخر ئەم منداڵە بەهەژاری لە دایك ببوو، نەچووبووە قوتابخانە و وانەی فیزیای نەخوێندبوو. منداڵێكی بچووك بە دەست هەژاری و نەزانینەوە دەیناڵاند، لە گوندێكدا گەورە بوو، بورغوویان دەدزی، هەر بۆیە بووە هۆكاری وەرگەڕانی شەمەندەفەرێك.
تێبینی:
1- نووسەری بەناوبانگی ڕووسیا و جیهان ئەنتوان چیخۆڤ ئەم چیرۆكەی بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1885دا، واتە 140 ساڵ لەمەوبەر بڵاو كردووەتەوە و تا ئەمڕۆش لە قوتابخانەكانی ڕووسیا دەخوێنرێت. لە چیرۆكەكەدا بەجوانی دیارە، هەر كۆمەڵگەیەك بیەوێت گەشە بكات و پێش بكەوێت، پێویستە گرنگی و بایەخ بە منداڵەكان بدات و واز لە گەورەكان بێنێت. بۆچی؟ چونكە تازە گەورەكان لەسەر دزی و گەندەڵی ڕاهاتوون و لەم بارەیەوە كار لە كار ترازاوە و چاككردنەوەی مەحاڵە. پێویستە لە باخچەی منداڵان و قۆناغی سەرەتاییەوە منداڵەكان فێر بكەین بورغووی شەمەندەفەرەكان نەدزن و هێڵە ئاسنینەكەی هەڵنەوەشێننەوە و ئاسنەكەی نەفرۆشن بە وڵاتان و كۆمپانیاكان.
2- ئەم چیرۆكە بە چەند ناونیشانێك كراوە بە عەرەبی، لەوانە: الصامولة، فات الاوان، المزمار، مع سبق الاصرار، أنقذوا القطار. صامولة سكة القطار، من ئەمەی دواییانم هەڵبژارد.
3- صامولة ئەو بەشەیە كە لەژێرەوەی بورغوو دادەنرێت، بورغووەكەی پیا دەچێت و بۆ توندكردنەوەی بورغوو بە كار دێت، لای خۆشمان “سەموونە”ی پێ دەڵێن.
سەرچاوە: ماڵپەری ئەدەبی ڕووسی