تی. ئێس. ئیلییەت و سەردەمی وێرانە
تی. ئێس. ئیلییەت و سەردەمی وێرانە
خوێندنەوەی کتێبی “دوو قەسیدە”ی تی. ئێس. ئیلییەت
بەختیار حەمەسوور
هاوین بە ڕێژنەبارانێ
خافڵگیری کردین و
ئێمە لە هەیوانە ستوونبەندەکەدا وەستاین،
پاشان لەبەر خۆرەتاوەکەدا
بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن تا گەیشتینە هۆڤکارتن
قاوەیەکمان خواردەوە و سەعاتێک قسەمان کرد
[نموونەیەک لە دەقی وەرگێڕراوی کتێبەکە]
کەریم دەشتی، شاعیر و وەرگێڕ، کتێبێکی وەرگێڕاوە بە ناوی “دوو قەسیدە: وێرانەخاک و گۆرانیی خۆشەویستیی جەی. ئالفرێد بروفرۆک”، ئەم دوو قەسیدەیە لە نووسینی شاعیری گرنگ و مۆدێرنی سەدەی بیستەم، تی. ئێس. ئیلییەتە. کەریم دەشتی بەم وەرگێڕانە، دەبێت بە پێنجەمین وەرگێڕ کە دەست دەداتە ناستراوترین دەقی سەخت و دژواری ئیلییەت: وێرانەخاک! پێش دەشتی هەریەک لە: مەحموود زامدار، عەتا قەرەداخی، هادی موحەمەدی و سەیوان محەمەد لە کات و سەردەمی جیاواز جیاوازدا ئەم دەقەیان کردووە بە کوردی و چاپ کراون، لێرەدا پرسێک هاوپێچی ئەم باسە دەبێت، کە گرنگە و لە ڕووی وەرگێڕانەوە دەکرێت ببێتە خاڵێک و لێیەوە باسێک دابگیرسێت، ئەویش ئاگایی وەرگێڕە بە هەوڵەکانی بەر لە خۆی.
لێرەدا ئەم باسە نەک وەک ئەوەی ڕووی لە خودی وەرگێڕی ئەم کتێبە بێت، واتا کەریم دەشتیی شاعیر و ئازیز، بەڵکوو باسێکە دەتوانرێت لە پانتاییەکی گشتیدا چاوی لێ بکرێت و هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، دەکرێت سەرەتای ئەم باسەش ئاوا دەست پێ بکەین: کاتێک کتێبێک زیاد لە جارێک لەلایەن چەند وەرگێڕەوە وەردەگێڕرێت، تا چەند ئەو وەرگێڕانە ئاگاداری هەوڵەکانی یەکتر هەن و چۆن سوود لە وەرگێڕانەکانی یەکتر وەردەگرن؟ یان: ئەو هۆکارانە چین کاتێک وەرگێڕێک کارێک وەردەگێڕێتەوە کە بەر لەو، چەند جار وەرگێڕراوە و چاپ و بڵاو کراوەتەوە؟ دەکرێت ئەمەش بپرسین: وەرگێڕانی دووبارە و چەندبارەی کتێبێک چەند ڕەوا و شیاوە بۆ کتێبخانەی کوردی؟ چەند بینراوە و نووسراوە کە وەرگێڕانی چەند جارەی کتێبێک ببێتە بابەتێکی ڕەخنەیی و تێیدا لە ڕێی “بەراوردکردنەوە” ئەو دوو وەرگێڕانە هەڵبسەنگێنرێت؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسی گرنگن و دەتوانین ئاڕاستەی وەرگێڕەکان و خودی کتێبە وەرگێڕراوەکانی بکەین.
کەریم دەشتی لە بواری وەرگێڕاندا خاوەنی ئەزموونێکی درێژە و چەندان دەقی ئەدەبیی گرنگی وەرگێڕاون، چ لە بواری پەخشان، چ لە بواری شیعر و فەلەسەفە و فیکردا، بەو پێیەی خۆی شاعیرێکی بەئەزموون و خاوەن دەنگێکی دیاری ناو شیعری کوردییە، ڕەنگە وەرگێڕانی شیعر بۆ ئەو لە ژانر و بوارەکانی دیکە نزیکتر و خۆشەویستتر بێت، هەر بۆیە کاتێک دەست دەداتە وەرگێڕانی دەنگێکی مۆدێرن و گەورەی شیعریی وەک تی. ئێس. ئیلییەت، ئەوا لە ڕێی دەنگ و وشە و دەربڕینی ئەو شاعیرەوە، جارێکی تر دەنگی شاعیربوونی خۆی دەردەبڕێتەوە و بە گوێی شیعردۆستانیدا دەداتەوە. لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەرگێڕراوەیەوە، من بەردەوام ئەو پرسیارانەی سەرەوە بە بیرمدا دەهاتن، بێ ئەوەی مەبەستم ئەوە بێت ڕاستەوخۆ لە خودی وەرگێڕەکەی بپرسم، دەمزانی لانی کەم ئاگاداری هەوڵی یەکەم وەرگێڕانی “وێرانەخاک”ە، کە لەلایەن مەحموود زامدارەوە کراوە بە کوردی و زامداریش ناوێکە نزیک و ئاشنا بە تەواوی ئەو نەوەیەی کەریم دەشتی، بە جۆرێک، سێبەری میهرەبانی و دڵسۆزیی زامدار باڵی بەسەر تەواوی ئەندامانی ئەو نەوە لە ئەدیبان و شاعیرانەی هەولێردا کێشاوە.
پرسی ئاگایی لە وەرگێڕانێک کە بەر لە تۆ کراوە، دەتوانێت لە زۆر لایەنەوە کۆمەک بە خودی وەرگێڕانەکەی تۆ بکات، سەرەتاش بەر لە هەرشتێک، گرنگە وەرگێڕ وەڵامی خۆی بەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی ئەم دەقە، یان ئەم کتێبە وەردەگێڕێتەوە؟ ئایا تەنها حەزێکە بۆ ئەوەی ناوی وەک وەرگێڕێک لەتەنیشت تی. ئێس. ئیلییەتەوە بێت؟ یان نا، بەڵکوو چێژێکی قووڵی شیعرییە کە لەو دەقە وەری گرتووە؟ یان ئەو وەرگێڕانانەی بەر لەو بۆ ئەو دەق یان کتێبە کراون، لای ئەم نەیانپێکاوە و ئەم دەیەوێت ئەو جوانی و داهێنانە بپێکێت و لە سەرلەنوێ وەرگێڕانەوەدا بیگەیەنێت؟
ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا زۆر دەقی گرنگ و شاکاری گەورە دەبینین کە لەلایەن زیاد لە وەرگێڕێکەوە وەرگێڕراونەتە سەر زمانی کوردی، شارەزایانی ئەدەب و خوێنەرانی بەسەلیقە دەتوانێت ئەگەر تەنانەت بە بەراوردکردنی دەقە وەرگێڕراوەکانیش بێت، ڕەخنەیەکی بەراوردکارانە لەنێوان ئەو وەرگێڕانانەدا بکەن، لە تەجرووبەی خوێندنەوەی خۆمەوە، چەند جار ئەو کارەم هەر بۆ سەرگەرمی کردووە، بێ ئەوەی مەبەستم بووبێت بیکەم بە نووسین، زۆربەی جارەکانیش لە چەند لاپەڕەیەکی کەم بترازێت، حەوسەڵەی درێژەدانم بەو بەراوردکردنە نەبووە و لێی وەڕز بووم، بەڵام زۆر کەم پێش هاتووە لە بەراوردکردنی چەند لاپەڕەیەکدا تووشی سەرسامی و حەپەسان نەبم، سەرسامی و حەپەسان تا ئەو شوێنەی کە بەڕاست، ئەمە هەمان دەق و کتێبە وەرگێڕراون، یان دوو دەق و کتێبی جیاوازن؟ لەگەڵ ئەوەدا کە هەمیشە پانتاییەکم بۆ ئەو جیاوازییانە داناوە کە لە دوو وەرگێڕانەوە بۆ هەمان دەق کراون، بەوەی لە دوو زمانی جیاوازەوە کراون بە کوردی، هاوکات حسابکردن بۆ سەلیقە و توانای فراوان یان تەنک و کاڵی زمانی وەرگێڕەکانیش، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەر دەکرێت نزیکایەتی و هاومانایی لەنێوان دوو دەق، یان دوو کتێبدا هەبن و بەو جۆرە نەکەونەوە کە هێندە دووری و لێکدژی لەنێوانیاندا هەبێت، زۆر جار لەو کاتانەدا بەنزمی گوتوومە: ڕەنگە ئەم وەرگێڕانانە هیچیان دەقە سەرەکییەکە نەبن و تەنانەت ئەگەر بۆ نووسەرەکەشی بخوێنیتەوە، ئەویش نەیناسێتەوە کە خۆی شتێکی وای نووسیبێت.
کتێبی “دوو قەسیدە”ی تی. ئێس. ئیلییەت بە وەرگێڕانی کەریم دەشتی قورسایی و تایبەتمەندیی خۆیی هەیە، ئەم وەرگێڕانە هەوڵێکی جدییە بۆ نزیکبوونەوە لە دنیای ئیلییەت و تێگەیشتنێکی فرەوانتر لەم دەنگە شیعرییە گرنگەی سەدەی بیستەم. دەکرێت ئەم کتێبە بە کاری هاوبەشی نێوان کەریم دەشتی و نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا، عەلی عوسمان یاعقووب دابنێین، هەر ئەمەش ڕەنگە خاڵی جیا و گەشی ئەم کتێبە بێت لە وەرگێڕانەکانی پێشووتری ئیلییەت.
ئێمە کە مناڵ بووین، لای ئەرشیدۆک، پسمامم دەماینەوە
ئەو منی بردە دەرەوە، خستمیە سەر تەختەخلیسکێ،
من ترسام، ئەویش گوتی: ماری ماری،
خۆت توند بگرە.
ئیتر شۆڕ بووینەوە خوارەوە
لەنێو شاخاندا، تۆ هەست بە ئازادی دەکەیت.
من زۆربەی شەوەکان دەمخوێندەوە،
لە زستانیشدا دەچوومە باشوور.
[نموونەیەک لە دەقی وەرگێڕراوی کتێبەکە]
عەلی عوسمان یاقووب لەم کتێبەدا سێ کاری گرنگی کردووە: یەک: پێداچوونەوە؛ دوو: ڕاڤە؛ سێ: بەراوردکاری. بەم سێ کارە، کە بەئاسانی لەگەڵ کردنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی کتێبەکەدا هەستیان پێ دەکرێت، متمانەیەکی تەواوی بۆ وەرگێڕانەکە دەستەبەر کردووە، چونکە ئەگەر کەریم دەشتی لە هەریەک لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییشەوە ئەم کتێبەی وەرگێڕابێت (وەرگێڕ لەو دوو زمانەوە کاری وەرگێڕان دەکات)، ئەوا بەراوردکردنەوەی بە زمانی بنەڕەت، ئینگلیزی، دەبێت بە مەرجێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی کۆی پڕۆسەکە، بێگومان ئەزموونی چڕ و دەوڵەمەندی عەلی عوسمان یاقووب لە زمانی ئینگلیزیدا و وەرگێڕانی کۆمەڵێک دەقی گرنگ لەو زمانەوە، لەمێژە لای خوێنەرانی کورد بووەتە وەرگێڕی دڵخواز و شایستە و جێی متمانە بۆ خوێندنەوەی هەر کتێبێک کە ناوی ئەوی لەسەر بێت، بۆیە لە پێداچوونەوە و بەراوردکردنی ئەم دوو قەسیدەیەی تی. ئێس. ئیلییەتدا کارێکی وەهای کردووە، کە ئەگەر گرفتێکیش لە وەرگێڕانەکەدا هەبێت (کە مەرج نییە بۆ وەرگێڕە کوردەکە بگەڕێتەوە)، چارەسەر ببێت.
بەڵام پێم وایە گرنگترین کاری عەلی عوسمان یاقووب لەم کتێبەدا، ئەو دوو ڕاڤە گشتگیر و ورد و چڕوپڕەیە کە بۆ هەریەک لەو دوو دەقە نووسیونی، لەو دوو نووسینەدا، عەلی عوسمان بەوردی ژینگەی شاعیرەکەی و تێمای سەرەکیی دەقەکانی، بە پاڵپشتیی چەندان سەرچاوەی گرنگ، تاوتوێ کردووە، بەوەش یارمەتیی خوێنەری ئەم کتێبە دەدات قووڵتر لە مانا و ئاماژە و سیمبوڵەکانی هەریەک لە دەقەکان تێبگات. هەر ئەمەش کارێک دەکات کە ئەم نووسینە نەچێتە ناو شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەو دوو دەقەوە.
ئەم دوو قەسیدەیە: “وێرانەخاک و گۆرانیی خۆشەویستیی ئالفرێد بروفرۆک” دوو قەسیدەی سەخت و دژوارن، تی. ئێس. ئیلییەت لەو شاعیرانەیە کە دەقەکانی پەلوپۆیان بەناو مێژووی کۆن و دەقی ئاینزاکان و ئەفسانە و ئوستوورەکاندا ڕۆ چووە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لەناو دەقەکاندا ئەم هێما و ئاماژانە بەکار دەهێنێت، ئەگەر دیقەت بدەین، لە سەرجەم وەرگێڕانەکانی ئیلییەتدا بۆ زمانی کوردی، وەرگێڕەکان ناچار بوون دەیان پەراوێز بۆ دەقەکان دابنێن، بەوەش هێشتا شتانێکی زۆر دەمێننەوە کە دەبێت خوێنەر بە کۆمەکی مەعریفیی خۆی درکیان بکات و لێیان بگات. لەم وەرگێڕانە نوێیەدا، بە نووسینی ئەو دوو ڕاڤە هەمەلایەن و قووڵەی عەلی عوسمان یاقووبەوە، بەشێک لەو ئاڵۆزی و دژوارییەی لەم دەقەوە ئاڵاوە ڕوون و سانا کراوەتەوە، بەوەش بەشێکی زۆر لەو قورساییە کەم کراوەتەوە کە بخرێتە سەر شانی پەراوێز و بە پەراوێزدانان ڕایی بکرێت.
هەر ئەو خاڵەی وا لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، دەبێت بە پێوەر و سنوورێک لە چوارچێوەی وەرگێڕاندا لەبەر دەم وەرگێڕدا، بەو واتایەی دنیای ئیلییەت و وەرگێڕانی بۆ هەر زمانێک، لە پلەی یەکەمدا وەرگێڕەکەی دەخاتە بەردەم تەنگەژە و دژواریی وەرگێڕانەوە، بەوەی چۆن وەرگێڕ وەڵام بە داوا و تەکلیفی دەق دەداتەوە و ئەو فەزا گشتی و وردەکارییە لە زمانی بۆوەرگێڕراودا بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمە پرسێکی گرنگە و لە گوزەری خوێندنەوەی ئەم دوو قەسیدەیەوە هەستی پێ دەکەین، دەبینین پێگەی شاعیرانەی وەرگێڕەکەی ئیلییەت بۆ زمانی کوردی، کۆمەک و پاڵپست بووە بۆ ئەوەی وەرگێڕانێکی جدی و سەرکەوتوو بێتە بەردەست، لەگەڵ ئەوەشدا شتانێک هەر هەن کە لە ئانی گواستنەوەی دەقەکاندا هەر ڕک و چەتوون ماونەتەوە، کردنەوە و پەیوەندیی خوێنەر لەگەڵیاندا سانا و خۆشدەست نییە، بەڵکوو ئەوە باکگراوند و پشتێنەی کەڵەکەبووی زانیاریی خوێنەرانە کە لە کردنەوەی ئەو دنیا ئاڵۆز و تەماوییەدا، دەتوانێت هاوکار بێت و ئەو مژە بڕەوێتەوە.
ئەم کتێبە نموونەیەکی جوان و جدیی ئەدەبی مۆدێرنی سەدەی بیستەمە، کەریم دەشتی بە هەڵبژرادنی دوو قەسیدە لەلایەن یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی شیعری هاوچەرخەوە، خوێنەری کورد دەخاتە بەردەم دوو قەسیدەی باڵا و گرنگ، دوو قەسیدە، کە لە هەناوی سەردەمەکەی خۆیانەوە، کە ئەورووپای دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە و تێیدا ئینسان و شار و تەنانەت ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش بە هەلاکەت و فەلاکەت چوون، تەعبیر دەکات. کتێبەکە بە ڕاڤە و لێکدانەوەی نووسەر و وەرگێڕ عەلی عوسمان یاقووب، زیاتر نزیکمان دەخاتەوە لە دنیای ئیلییەت و پێگەی ئەم شاعیرە و هەردوو قەسیدەی نێو ئەم کتێبە.
لێرەدا دوو کۆپلەی تری وەرگێڕراو لە هەمان کتێب دەنووسینەوە:
ئەی ئەگەر ئاو هەبا و
تاشەبەرد نەبووایە
با تاشەبەرد هەبووایە و
ئاو
کانییەک
گۆمێ لەناو تاشەکان
خۆزگە تەنها دەنگی ئاو هاتبا
نەک هەر زیکەی زیکزیکە هاتبا و
وشکەگیا گۆرانیی گوتبا
بەڵام دەنگی ئاو بەسەر تاشەبەردێکدا
لەو شوێنەی سێروو لەسەر دارکاژەکاندا دەخوێنێ
جیک جووک جیک جوو جووک جووک
وەلێ ئەفسووس، هیچ ئاوێ نییە
***
ئەو، کە زیندوو بوو، ئێستا مردووە
ئێمە، کە زیندوو بووین
ئێستا دوای تۆزێک ئارامگرتن
وا خەریکە دەمرین.