ئەو دەستنووسانەی ڕۆژگارێک قەدەغە بوون، بوون بە شەنوکەو
ئەو دەستنووسانەی ڕۆژگارێک قەدەغە بوون، بوون بە شەنوکەو
ڕانانی: سەردەم
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کارێکی ئێجگار باشی کرد، کە لە ڕێی خاتوو (ڕووناک کاکەی فەلاح)ەوە دەستنووسەکانی کاکەی فەلاحی کۆ کردەوە و لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە گەورەدا چاپ و بڵاوی کردنەوە.
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتار، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی دەربارەی ئەدەبی کوردی و جیهانی پێک هاتووە، بێگومان نووسەر و شاعیری کۆچکردوو (کاکەی فەلاح) تا لە ژیاندا بووە، یەکێک بووە لە نووسەرە چالاکەکان و لە زیاد لە بوارێکی ئەدەبیدا کاری کردووە و بەرهەمی هەبووە، ئەم کتێبە ڕاستەوخۆ گەواهیدەرێکی زیندووە لەسەر فیکر و ئەندێشە و ئاستی ڕۆشبیریی کاکەی فەلاح، کە تا لە ژیاندا بووە، چ دیدگا و دونیابینییەکی فراوانی بۆ ئەدەب هەبووە، چ خوێنەرێکی کونجکۆڵ و ڕۆشنبیرێکی گەورە بووە.
بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: چەند سەرنجێک دەربارەی شیعرەکانی مەحوی، ئەگەر فریای نەکەون یەکێتیی نووسەرانی کود لە گیانەڵادایە، چۆنچۆنی لە کۆن و نوێی شیعر دەدوێین، بڕوابەخۆنەکردن لە ئەدەبدا، دیسان ڕەخنە و ڕەخنەکاری، لەپەنا حەجەکەوە خشکەییەک، مامۆستا گۆرانم چۆن ناسی، ئەنجوومەنی ئەدیبانی کورد و ئەمین فەیزی بەگ، دەربارەی بەرهەمی کلاسیکی، شیعری کلاسیکی کوردی، قوتابخانە ئەدەبییەکان، دەستەیێڤسکی و نووسراوەکەی، گۆگۆڵ سەرەتای ئەدەبێکی مەزنە و چەندین بابەت و لێکۆڵینەوەی تر…
هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەم دەستنووس و بابەت و لێکۆڵینەوانە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن خودی کاکەی فەلاحەوە نێراون بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی لەچاپدان، دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی و لە ساڵی ١٩٨٨دا وەڵامی دڵنیایی وەرنەگرتەوە و ڕەت کرایەوە کتێبەکەی بۆ چاپ بکرێت، بە هۆکاری ئەوەی گوایە دوورە لە خەتی سیاسی، فیکری، باسی پارت و چەند کەسایەتییەک دەکات، وەک هێمن موکریانی، کەریم حیسامی، عەبدولڕەحمان قاسملوو و پارتەکەیان، هەروەها ڕەخنە لەو دەزگایانە دەگرێت (بێگومان مەبەست لە یەکێتیی نووسەرانی کوردە)، کە میری ڕێگەی پێ داون و پشتگیرییان دەکات، باسی ئەو شیعر و شاعیرانەش دەکات کە کۆچیان کردووە و کاتی شیعرەکانیان بەسەر چووە، پێویست بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە دیوان و شیعرەکانیاندا ناکات و چەندین بڕوبیانووی دیکە، کە دەزگای سانسۆری ئەوێ ڕۆژێک بۆ لەچاپنەدانی کتێبەکە هێناویانەتەوە.
لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (چەند سەرنجێک دەربارەی شیعرەکانی مەحوی)، کاکەی فەلاح نایشارێتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (مەحوی) یەکێکە لە شاعیرە بەرز و نەمرەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا، ئەگەر شوێنی شایان و پێشیاوی خۆی لە ڕیزی پێشەوەی نالی، سالم و کوردی و شاعیرانی تری هاوچەرخیەوە نەبێت، ئەوا بێگومان شانبەشانی ئەو شاعیرە بلیمەت و هەڵکەوتووانەی کورد دەڕوات: یەکێک لەو شتانەی سەرنجی خوێنەری دیوانەکەی مەحوی ڕادەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە پیاوێکی ئاینی و زانایەکی سۆفی مەشرەب و نەقشبەندێک بووە، گیانی بەهێزی شانازیکردن و دەربڕینی هەستی پیرۆزی بووە بەرانبەر نەتەوەی کورد و زمانی شیرینی کوردی.
لە بابەتێکی تری نێو کتێبی (شەنوکەو)دا بە ناوی (چۆن لە کۆن و نوێی شیعر دەدوێین)دا، کاکەی فەلاح بە زمانێکی ڕوون و سادە، بەڵام قووڵ لە ناوەرۆکدا، باس لەوە دەکات کە تا دەوروبەری ساڵانی ١٩٢٥-١٩٣٠ شیعری کوردی لە ڕووی کێش، یەکقافیەیی، شێوەی دەربڕین، کەرەستەی بیر، وشەبازی و چاولێکەرییەوە، بە شێوەیەکی درشت و گشتی، لە چوارچێوەی شیعری کلاسیکدا، توند شەتەک درابوو، بەڵام لە سایەی مامۆستایان (پیرەمێرد، گۆران، شێخ نووری، ڕەفیق حیلمی، ئەوڕەحمان بەگ و ڕەشید نەجیب)ەوە، وردەوردە ئەو سەهۆڵبەندانی چاولێکەری و لاساییکردنەوەیە شکا و ڕێگەی نوێکردنەوەی شیعر و موتوربەکردنی بە شێوە و ناوەرۆکی نوێ گیرایە بەر.
بێگومان بەشێکی زۆر لە لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە هێشتا هێزی ئەوەیان تێدایە بۆ ئێستا و ڕۆژگاری داهاتووش بخوێنرێنەوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەدەبی چاوی لێ بکرێت، چونکە کاکەی فەلاح کە نووسیویەتی، بۆ ئەو ڕۆژگارەی نە نووسیوە کە تێیدا بووە و تێیدا ژیاوە، بەڵکوو بە هێزی فیکر و ئەندێشەیەکی فراوان و ئاستێکی مەعریفیی گەورەوە لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی نووسیون، ئەمەش ئەو ڕاستییەمان پیشان دەدات کە (کاکەی فەلاح) لە ڕۆژگاری خۆیدا خوێنەرێکی باش و وریا بووە، هاوکات لەسەر چەمکەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ئەدەبی جیهانی، شارەزایی باشی هەبووە.
کاکەی فەلاح ناوی (حەمە حەمەئەمین قادر)ە، شاعیری خەبات و ڕاپەڕین و ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتووی کورد بووە، لە ساڵی 1928دا لە چوارتای سەر بە شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و لە خێزانێکی هەژاردا پەروەردە بووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی و قۆناغی ناوەندیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە، ڕۆژگارێک چووەتە پاڵ پارتی کۆمۆنیستی و خەباتی چینایەتیی کردووە و شیعری نەتەوەیی و نیشتمانیی داناوە، لەسەر هەڵوێستی سیاسی چەند جارێک گیراوە و لە زینداندا ئەشکەنجە دراوه، بەڵام کۆڵی نەداوە و هەر بەردەوام بووە لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕیی خۆی.
کاکەی فەلاح لە سەرەتای خوێندنیدا زۆر حەزی لە قسەو ئامۆژگارییەکانی شاعیر و نووسەر و پەروەردەکاری کورد مامۆستا (عەبدول واحید نووری) کردووە، کەوتووەتە ژێر گاریگەریی ئەوەوە، کە لەو کاتەدا لە شارباژێڕ مامۆستا بووە.
لە منداڵییەوە حەزی لە نووسینی شیعر کردووە، بۆ خوێندنی ناوەندی باوکی ناردوویەتی بۆ سلێمانی و لەوێ چووەتە بەشی ناوخۆیی خوێندن، پاشان دەستی داوەتە سیاسەت و کاری ڕێکخراوەیی، تێکەڵ بە چالاکییەکانی یەکێتیی قوتابییان بووە. بۆ یەکەم جار ساڵی (١٩٤٥-١٩٤٦) شیعری نووسیوە، زۆر بایەخی بە ئەدەبی منداڵان داوە، چەندین کۆمەڵە هۆنراوەی تەنها بۆ منداڵان چاپ و بڵاو کردووەتەوە. جگە لەو هۆنراوانەی بەگشتی ئەدەبی بەرەنگاری و شیعری سیاسی بەشی زۆری بەرهەمەکانی کاکەی فەلاح پێک دەهێنن، بە زمانێکی سادەی بێگرێ و ساکار، مانا و مەبەستی گەورەی بەدەستەوە داوە، ئەم شاعیرە بەهرەدارە بە شیعری سیاسی هاتووەتە گۆڕەپان و ناوەندی ئەدەبی کوردی و هەوڵی داوە بە وشەی ئاسان و سادە، واتای قووڵ و جوان پێکەوە بنێت و بیخاتە سەر کێشی سووکی خۆماڵی، پشت لە کێشی کۆن بکات و لە پانتایی خەباتی سیاسیدا زیاتر چووەتە پێشەوه، بەردەوام شیعرەکانی خۆشتر دەبوون و چاکتر دەبوونە زمانحاڵی میللەتەکەی، لەبەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی ساڵی 1948ی گەلانی عیراق، بە ساڵ و نیوێک سزا درا، لە ناسریە و ئەبوغرێب سزاکەی وەرگرت. دوای تەواوبوونی سزاکەی، گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی و خەباتی نهێنیی دەکرد، تاکوو لە ئەنجامدا کەوتە دەست پیاوانی ڕژێم، بە پێنج ساڵ زیندانیکردن و سێ ساڵ دەستبەسەربوون سزا درا و دوای تەواوکردنی سزاکەی، هاتەوە بۆ شاری سلێمانی.
کاکەی فەلاحی شاعیر خاوەنی بیروباوەڕێکی پتەو بووه، هەرچەند دوژمنانی ویستوویانە بە زەبروزەنگ لە ڕێگەی لا بدەن، بەڵام بێسوود بووە. جگە لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و شیعر و ئەدەب، بە دووبارە چاپکردنەوەی ڕۆژنامەی ژین، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٠دا، کە پێشتر پیرەمێرد ساڵی 1939 تاکوو ڕۆژی کۆچی دوایی لە 1950دا چاپی دەکرد، ئەم مرۆڤە گەورەیە کارێکی بەنرخی لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کردووە، دوای ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆرانی شاعیر و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتییان دەکرد.
کاکەی فەلاح ساڵی 1990 و لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.