هاوچەرخبوون: سەروو پارادایمی مۆدێرنە

هاوچەرخبوون: سەروو پارادایمی مۆدێرنە

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

هەموو دەزانین چەمکی (هاوچەرخبوون) چنینێکی ئاڵۆز، گۆڕاو و ناسەقامگیری هەیە و ئەو پێناسانەی بۆی دەکرێت، بە شێوەی ئاسایی وردبینییەکی زۆری تیا نییە. باسکردنی ئەو هەوڵانەی بۆ پێناسکردنی ئەم وشەیە دەکرێت و ئەو ڕوانینە جیاوازانەی بۆ ئەم وشەیە هەیە، بە بەراورد بە ڕوونیی ئەو مانایانەی لەبارەی سەرجەم دیاردەی مۆدێرنەوە هەیە، کاتێکی زۆری دەوێت. کاتێک دەڵێین دیاردەیەک (هاوچەرخە)، مەبەست ئەوە نییە کە (لە هەمان سەردەم و زەمەن)دایە. مەبەست ئەوەیە لەگەڵ (زەمەن)دایە (وشەی contemporary لە هەردوو وشەی لاتینی cum و tempus وەرگیراوە). من قسەکەی ئادمۆند دو گنکور، کە گوتبووی (ڕەهەندی قبوڵنەکراوی هونەر، واتە هاوچەرخبوونی) بەم مانایە وەردەگرم. هونەر گەر قبوڵکراو نییە، لەبەر ئەوە نییە کە (سەر بە هەمان سەردەم و زەمەنە)، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە (لەگەڵ زەمەن)دایە. کاری هونەر دروستکردی (چونیەکی) نییە، بەڵکوو دروستکردنی (جیاوازی)یە و بە دروستکردنی جیاوازییە کە زەمەن و سەردەم خۆیان دروست دەکەن.

هاوچەرخبوون بە مانای پەیوەندییەکی تازەیە لەگەڵ زەمەندا، بەڵام بەناچاری بە مانای ئەوە نییە هەر لەم سەردەم و زەمەنەدایە. ڕەنگە ئەم قسەیە بە هەڵاندن[١] (مغالطە) بزانرێت، بەڵام مەگەر فردریش دورنمات[٢] نەیگوتووە، “کەسێک ڕووبەڕووی هەڵاندن ببێتەوە، واقعیەتی بۆ ئاشکرا دەبێت”. ئەو بابەتەی (هاوچەرخبوون) ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەزموونێکی تازەی زەمەنە. وەک هەموومان دەزانین، مۆدێرنە بە پلەی یەکەم چەمکێکە لەبارەی زەمەنەوە. ئەگەر ڕەگەزی سەرەکیی مۆدێرنە پێشکەوتن، گەشەکردن، شۆڕش، پەرەسەندنی ئابووری بێت، ئەوا خەسڵەتی هاوبەشی هەموو ئەمانە بەسەرەکی دانانی ئەزموونی زمەنە. پرۆژەی گالیلۆ بۆ (نووسینی کتێبی سروشت بە زمانی ماتماتیک و گۆڕینی مرۆڤ بۆ سەروەر و فەرمانڕەوای سروشت)، پرۆژەیەکە دەکرێت هەم لە سەرمایەداریی تازەدا و هەم لە تەکنەلۆژیای تازەدا ببینرێت، نموونەیەکی بەرجەستەی پەیوەندییەکی تازەیە بە زەمەنەوە. وشەی ئەڵمانیی Erfahrungیش، کە هیگڵ لە کتێبی بەناوبانگی دیاردەناسیی هۆشدا بەکاری هێناوە، شێوازێکی ترە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێڕوانینە تازەیە بۆ زەمەن.

جووڵە بەرەو گەورەیی و تازەیی و گەشەکردن و کەماڵ، پارادایمی سەرەکیی مۆدێرنەیە. لە دنیایەکدا کە لەسەر بناغەی ئەم پارادایمە بوونیاد نراوە، سنوورەکان بەباشی دیارکراو و زانراون. بە دەربڕینێکی دی، سنوورەکان لە کۆمەڵگە تازەکاندا، هەم بە شێوەی ئاسۆیی و هەم بە شێوەی ستوونی، بەگشتی جێگیر و بەڕوونی قابیلی دیاریکردنن. کە وا بوو، گەر لە بنەڕەتدا قبوڵی بکەین مۆدێرنە پارادایمێکە پەیوەندیی بە ئەزموونی زەمەنەوە لە چوارچێوەی بابەتیبوون و پێشکەوتندا هەیە، تێدەگەین لە چنینی کۆمەڵایەتی و فکری دیاردەی (هاوچەرخبوون)دا، ئەو پەیوەستبوونە ڕاستەهێڵەی زەمەن، کە لە دوو چەمکی (پێشکەوتن) و (گەشەکردن)دا دەبینرێت، بوونی نییە. ئەو دنیایەی لە لێکۆڵینەوە هونەری و فەلسەفییەکانی سەدەی بیستدا دەرکەوتووە، بەتەواوی خاڵییە لە چەمکی وەک گەشەکردن و پێشکەوتن و پەرەسەندن. (هاوچەرخ) یاسادانەر دەکات بە تەفسیرکەر و دوودڵمان دەکات لە ڕاستەهێڵبوونی گەشەکردن و دەسەڵاتی بەردەوامی عەقڵانیەت. لەم هەلومەرجەدا دنیا چیدی لە خزمەتی ئامانجی باڵاتردا نییە و لەسەر ئاسوودەیی میتافیزکی دانەمەزراوە. سەرەڕای ئەمە، لە دنیای (هاوچەرخ)دا بە پێچەوانەی بواری بوونیاد و بەهاکان لە سەردەمی تازەدا، ئاڵوگۆڕ (بێسنوورە) و زەمانەتیشیان نییە و گوتارە کۆمەڵایەتییەکان هیچ ڕەنگ و بۆیەکی تایبەتیان نابێت. دەربڕینی سەرەوە بە مانای ئەوەیە لە بیرکردنەوەی سیاسیی هاوچەرخدا، سیاسەت چیدی وێنایەک نییە بۆ کۆمەڵگە لە ڕوانگەی سوودمەندی یان دەسەڵاتەوە و چەمکی دەسەڵات وەک سوودمەندی، بۆ پێویستیی ناسین لە بواری ئەنتۆلۆجیای دنیای (هاوچەرخ)دا بەس نییە. بە پێچەوانەی پارادایمی مۆدێرنەوە، کە تیایدا ناسین دەرەنجامی وێنەی تاک و ئارەزووەکانیەتی لە ئاوێنەی سەرجەم عەقڵانیەتی کۆمەڵایەتیدا، لە دنیای (هاوچەرخ)دا هیچکات ناسین جێگیر نییە و فریشتەی مێژوو[٣] هەرگیز بە شێوەی کامڵ دەرناکەوێت. ئەمە وێنەیەکە دەکرێت بۆ (هاوچەرخبوون) هەبێت. هاوچەرخبوون هەلومەرجێکە تیایدا مرۆڤ چاوی لەسەر ئایندەیە، لە کاتێکدا بوونی تێپەڕی (ئەو مرۆڤە)، پڕ لە ئامادەیی هەنووکەیە. (هاوچەرخ) لەگەڵ ئایندەدا جیاوازە و لە هەمان کاتدا بە ساتەوەختێکی ئایندە دادەنرێت. پێش مێژووی ئایندەیە و بەشێکە لە دیاریکردنی دەروونی ئایندە. بە دەربڕینێکی دی، (هاوچەرخ) ڕووی لە ئایندەیە، بەڵام بەناچاری بەدوای یۆتۆپیادا ناگەڕێت، بە شێوەیەک، پێش نموونەکانی ئایندە، وەک بەشێک لە (هاوچەرخ)یان لێ دێت.

لە دنیای (هاوچەرخ)دا، بە پێچەوانەی مۆدێرنەوە، هەلومەرجی بێسنوورمان هەیە کە چیدی لەسەر بناغەی پەیوەندییان بە مێژووگەرییەوە ڕێک ناخرێن. ئەم دۆخە پێویستی بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بنەڕەتیی فەزا و زەمەنە، جیهانێک کە تیایدا ئامادەبوون و ونبوون، کە لە ڕووی بوونناسییەوە تازەیە، تێک دەئاڵێن. بە دەربڕینێکی دی، دنیای (هاوچەرخ) ناوەرۆکێکی مەتەڵاوی و نهێنیئامێزی هەیە و پێدەچێت هیچ ڕێگەچارەیەکیش بۆ هەڵهێنانی ئەم مەتەڵە نەبێت. ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبینەوە، کە سەردەمێک بۆ ئێمە وەڵام بوون و هەست دەکەم تەنها فەیلەسووفەکان نین کە لەم خاڵە تێگەیشتوون. هۆشیاریی تەواو بەرامبەر (هاوچەرخبوون) لە پاڵاوگەی ئەو پرسیارانەوە تێدەپەڕێت، کە بۆ هەرکەس بوونی هەیە. وەک چۆن لە چەمکی (هاوچەرخبوون)دا دەردەکەوێت، هاوچەرخبوون هاوکاتە لەگەڵ هاواهەنگی و ئاوێزانی شێوە و پێگە جیاوازەکانی ئەزموونی کۆسمۆپۆلیتی، کە لە ڕێگەی مەسرەف، میدیاکان و تەکنەلۆژیاوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. (هاوچەرخبوون) مەنزڵگەیەکە چاودێران و داهێنەرانی وەک هونەرمەندان و فەیلەسووفان و کۆمەڵناسان و زۆرێکی دی چاویان تێ بڕیوە. مەنزڵگەیەک کە ئارخۆن ئاپادۆرای[٤] و کارۆل برکنریج[٥] پێی دەڵێن مەیدانی (دیدار یان کۆنفرانسی تێڕوانینەکان). دیداری تێڕوانینەکان بە مانای تێکاڵانی ئەزموونەکانی بینین و گواستنەوەی مانا و تێکست و ڕەمزەکانە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دی. بە دەربڕینێکی دی، (دیداری تێڕوانینەکان) بە جۆرێک دروست کراوە، کە هەر مەنزڵگەیەک بە شانۆی نێوان زیهنیەت و کۆمەڵایەتیبوون دادەنرێت و تا ڕادەیەک لەژێر کاریگەریی ئەزموونی مەنزڵگەکانی تردایە. شانۆی ئەنتۆلۆجیی (هاوچەرخبوون) بەستراوە بە هەریەک لەم ئەزموونە چەندڕەهەندییانەوە، کە بە (دیداری تێڕوانینەکان) هێزێکی تازە پەیدا دەکات. لە کولتووری (هاوچەرخبووندا) هەریەک لەم ئەزموونانە لە ئاستی ناوچەیەکدا ڕوو دەدات و بە مەنزڵگەیەکی تایبەتی دەژمێرێت، بەڵام لە ئاستی جیهانیدا هەمووان بەیەکەوە گرێ دراون. مەنزڵگەکانی (هاوچەرخ) وەک ئەوەی لە گێژاوێکی فەزاییدا ڕاوەستابن و لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە، کە هەموویان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە جێگەیەکدا بەیەک دەگەن. دەکرێت ئەم پەیوەستبوونە بە مەیدانی دیداری ناوچە و جیهان بژمێرین، کە ئەو شتەی تیایدا دەدۆزرێتەوە، بوونیادە جیاوازەکانی (هاوچەرخبوون)ە. ئەم بوونیادە جیاوازانە لۆکاڵین، بەڵام لەگەڵ بوونیادەکانی تردا، پەیوەندیی تەنگاوتەنگیان هەیە. ئەو بوونیادانەی وەک بوونیادی مۆدێرنە تۆڕێک لە ناوچە جیاوازەکان دروست ناکات، بە پێچەوانەوە، بوونیادێکی جیهانی بۆ گواستنەوەی بەردەوامی هۆشیاری لە ڕێگەی مەنزڵگە تایبەتییەکانەوە دروست دەکات.

ئێران یەکێکە لەم مەنزڵگە جیاوازانە، کە لۆژیکی شارستانیی تایبەتی خۆی هەیە، دنیای (هاوچەخ)ی تایبەتی خۆی هەیە. فەیلەسووفان و تەلارسازانی ئێرانی، کە ئەڵقەی نێوانی (هاوچەرخبوون)ن، لە ڕێگەی ڕەگەزی (دیدارە)وە و تێپەڕاندنی لە ئاستی جیهانیدا، لە کاری دروستکردنی مەنزڵگەی دیاردەناسیی تایبەتی خۆیانن. ئەم قسەیە بەو مانایەیە ئێرانییەکان لە تەونی جاڵجاڵۆکەی (هاوچەرخبوون)دا کە ئاڵنگاریی پێگەی ئەنتۆلۆجیی کۆمەڵگەی شاری ئێرانی دەکەن، گرفتار بوون. تا ئەو جێگەیەی پەیوەندیی بەم جۆرە هەڵوێستە لە هاوچەرخبوونەوە هەیە، ڕەنگە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان لە سەرەتادا باڵادەست بن، بەڵام بە گەمەکەری سەرەکی ئەژمار ناکرێن. جنۆکەی (هاوچەرخبوون) لە بوتڵەکە هاتووەتە دەرێ، لە کاتێکدا کولتوورە لۆکاڵییەکان لە هەموو دنیادا دەگۆڕێن بۆ کولتووری جیهانی، کۆمەڵگە تایبەتەکان دەگۆڕێن بۆ مەنزڵگەیەک، بۆ کاروبار و ئارەزووی نێوان کولتووری و چیدی نابێت وەک مەنزڵگەی کولتوورێکی تایبەت بە پێوەرە جێگیرەکان و دابونەریتی دێرزەمان دابنرێت. چالاکوانانی کولتووری لە دنیای هاوچەرخدا جۆراوجۆر و سەربەخۆن، هۆشیاری و زانستێکیان هەیە لەبارەی شێوەی دروستژیان و هاوکاریکردن لەگەڵ ئەوانی دیدا. ئەوەی (هاوچەرخ) فێرمان دەکات، ئەوەیە هەموو کولتوورێک جۆرێک گۆڕانی لەگەڵدایە، کە بەستراوە بە جۆری پێوەرەکەی لەبارەی فێربوونی فرەکولتوورییەوە.

لەژێر تیشکی ئەم هۆکارانەدا. دەکرێت بگوترێت (هاوچەرخبوون) هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیا سەرتاسەرییانەدا نییە کە جیاوازیی کولتووری-مێژوویی گەلەکان نادیدە دەگرن. بەڵکوو پەرە بە لێکۆڵینەوە و باسگەلێک دەدات، کە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئامرازەکانی هاوچەرخبوونە بۆ هەمووان. لە ڕاستیدا تا ئەو کاتەی ئەندامانی ئازادی دنیایەکین کە چاوی لە ئایندەیە، ئەوا سەروکارمان لەگەڵ گەمەی هاوچەرخبووندایە. بەڵام هیچکەس نازانێت کێ ڕێساکانی ئەم گەمەیەی هێناوە و چۆن پێناس دەکرێن. وەک فەیلەسووفی ئیسپانی، خۆزێ ئۆرتێگا ئیگاست دەڵێت: “نازانین چ ڕووداوێکمان بۆ دێتە پێشێ و ڕێک ئەمەش ئەو شتەیە کە بۆ ئێمە ڕوو دەدات – ئەو ڕاستییەی نازانین چ ڕووداوێک بۆ ئێمە دێتە پێشێ”.

سەرچاوە: رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێزەکان:

[١] هەڵاندنم لەبەرامبەر وشەی (مغالطە)دا بەکار هێناوە، بە مانای وەرگرتنی دەرەنجامێکی هەڵە لە ڕستەیەکەوە، کە بەڕووکەش بە لۆژیکی دەزانرێت. (و.ک)

[٢] Friedrich Dürrenmatt (١٩٢١-١٩٩٠): شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی سویسری. (و.ک)

[٣] ئاماژەیە بۆ بیرۆکەی ڤاڵتەر بنیامین لە کتێبی “چەند تێزێک لەبارەی فەلسەفەی مێژووەوە”. لێکدانەوەی ڤاڵتەر بنیامین بۆ تابلۆیەکی پاول کلەییە بە نای “فریشتەی تازە”، بنیامین ناوی دەنێت فریشتەی مێژوو. بەگشتی لەم تێزەدا بنیامین ڕەخنەی بیرۆکەی پێشکەوتن دەکات و بڕوای وایە مێژوو نەک لە کۆمەڵێک سەرکەوتن، بەڵکوو دەرەنجامی کۆمەڵێک تێکشکان و کارەساتە، ئەوەی مێژووی فەرمی بە پێشکەوتنی دەزانێت، لە چاوی قوربانییەکانەوە کارەسات و وێرانیی بەردەوامە. (و.ک)

[٤] Appadurai: بیریار و تیۆرەداڕیژەری کۆمەڵایەتی، کە بە هۆی کارەکانیەوە لە بواری بەجیهانیبوونی کولتووریدا ناسراوە. (ز.د)

[٥] Carol Breckenridge (١٩٤٢-٢٠٠٩): مرۆڤناسی کولتووریی ئەمەریکی، کە گرنگی بە لێکۆڵینەوە کولتووری، سیاسی و ئابووریی سیاسی دەدات. (ز.د)