ڕۆمانی “ئامێری کات” دوایین زەنگی ئاگادارکردنەوەی مرۆڤایەتییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
ڕۆمانی “ئامێری کات” دوایین زەنگی ئاگادارکردنەوەی مرۆڤایەتییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
دیداری: ئیدریس عەلی
ڕۆمانی “ئامێری کات” بەرهەمێکی تازەچاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، نووسەری ناوداری ئینگلیزی “هـ. ج. وێڵز” نووسیویەتی و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ “ئازد حەمەشەریف”ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی… لەم دیدارەدا لەگەڵ وەرگێڕی ئامێری کات، قسە لەسەر ڕەهەندەکانی ڕۆمانەکە دەکەین.
سەردەم:بۆچی ڕۆمانی ئامێری کاتت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان و گرنگیی ئەم ڕۆمانە لە چیدایە بۆ خوێنەری کورد؟
ئازاد حەمەشەریف: ڕۆمانی “ئامێری کات”ی ڕۆماننووسی گەورەی ئینگلیزی “هـ. ج. وێڵز” یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی دنیا. بایەخ و گرنگیی ئەو ڕۆمانە بەکورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدایە:
یەکەم: ڕۆمانەکە هۆکارێکە بۆ دەوڵەمەندکردنی کولتووری کوردی، چونکە خوێنەری کورد بە ڕۆمانێکی کلاسیکی خەیاڵی-زانستی ئاشنا دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی ئەدەبییان.
دووەم: وەرگێڕانی دەقێکی وا ئاڵۆزی خەیاڵامێز پڕاوپڕە لە وشە و دەستەواژەی زانستیی نوێ، زمانی کوردیی لە بواری زانستدا پێ دەوڵەمەند دەبێت و ئەمەش وا دەکات زمانی کوردی بپارێزێت.
سێیەم: لەبەر ئەوەی ڕۆمانەکە لەبارەی گەشتکردن بەناو کات و دواڕۆژی چینایەتیدایە، ئەوە دەبێتە بزواندنی خەیاڵی خوێنەری کورد، بە جۆرێک، کە پێشتر چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە کوردەکان بەدەگمەن دەستیان بۆ بابەتی لەم شێوەیە بردووە.
چوارەم: دەکرێت دەقێکی وا سوودی بۆ قوتابی و خوێنکارانی بواری پەروەردە هەبێت و بخرێتە ناو ئەو کتێبانەی لە قوتابخانەکان دەخوێنرێن، چونکە ڕۆمانەکە پڕاوپڕە لە ڕوانینی فەلسەفییانەی مرۆڤدۆستانە.
پێنجەم: دەکرێت شێوازی “وێڵز” و بابەتی خەیاڵی-زانستی هۆکارگەلێکی گرنگ بن بۆ ڕۆماننووس و چیرۆکنووسە کوردەکان، تا ئەوانیش پەرە بەم شێواز و بابەتە بدەن و چیرۆک و ڕۆمانی خەیاڵی-زانستی بنووسن.
شەشەم: هەڵبەتە خوێندنەوەی دەقێکی وا بایەخدار، دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان کولتوورە جیاوازەکانی دنیا و ئەمەش ڕوانین و تێگەیشتنی مرۆڤی کورد لە کولتووری ڕۆژاوا ئاسانتر دەکات.
حەوتەم: خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەپێکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خوێنەری کورد، چونکە تا ئێستا خوێنەری کورد تەنها بە بابەتە ناوخۆیی و خۆجێییەکان ئاشنایە؛ بەڵام دەقێکی وا کاریگەرییەکی ئەرێنیی دەبێت لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕوانینی لەو ڕووداو و دیاردانەی لەدەوروبەری مرۆڤی کورد ڕوو دەدەن.
سەردەم: خوێنەری کورد تا چەند لە ڕۆمانی خەیاڵی-زانستی تێدەگەن یان چێژی لێ دەبینن؟
ئازاد حەمەشەریف: پێم خۆش بوو ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خوێنەران بکرابووایە، چونکە چێژبینینەکە لای ئەوانە، نەک من. خۆم وەکوو وەرگێڕی ڕۆمانەکە ئەوپەڕی چێژم لە خوێندنەوە و وەرگێڕانی ڕۆمانی “ئامێری کات” بینیوە، بەڵام مەسەلەی چێژبینین و چێژنەبینین، ئەوەیان زیاتر پەیوەندیی بە ئارەزوو و سەلیقەی خوێنەرانەوە هەیە. هەڵبەتە چونکە خوێنەری کورد کەمتر بەو جۆرە ڕۆمانانە ئاشنایە، ئەگەر لە سەرەتاشەوە کەمتر بەلای بابەتی وادا بچێت، ئاساییە؛ بەڵام بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، دڵنیام ئەو جۆرە ڕۆمانانە گرەوی خوێندنەوە دەبەنەوە.
سەردەم: بەگشتی دنیای ڕۆمانەکە چییە و ڕووداوەکانی باس لە چی دەکەن؟
ئازاد حەمە شەریف: لە پێشەکیی کتێبەکەدا بەم جۆرە باسی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەم بۆ خوێنەر کردووە:
ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و فەنتازی باس لە دواڕۆژی کارەساتباری مرۆڤ و زەوى و گەردوون دەکات. بابەتی ڕووداوەکانى ڕۆمانە خەیاڵییەکە دوایین دیمەنى بەرەو کۆتایی چوونى بوونەوەران و گەردوون لە ساڵی “802701”ی زاینیدا دەخاتە ڕوو. هەڵبەتە ساڵی “802701”ی زاینی ئەو ساڵەیە “گەڕیدەى کات” بە هۆی لێخوڕینی “ئامێری کات”ەوە لە داهاتوودا پێی دەگات.
ئەم بارە کارەساتبارەى دواڕۆژی مرۆڤایەتی دەرەنجامی دوو هۆکاری سەرەکین. یەکەمیان، ئەو گۆڕانکارییە لەسەرخۆیانەی بەسەر گەردووندا دێن لە ئەنجامی تێپەڕبوونى کات و جێگۆڕکێی ئەستێرە و مانگ و خۆر؛ دووەمیشیان، ئەو گۆڕانکارییانەن بەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتیدا دێن لە ئەنجامی خۆپەرستی و چڵێسی و توندوتیژى و دڵڕەقی و ڕقبوونەوەى مرۆڤ لە یەکتری.
گۆڕانکاریى یەکەمیان سروشتی و خۆلێلانەدراوە و لە دەستى مرۆڤدا نییە و زۆر کەم مرۆڤ دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەگەرچی مرۆڤ لە ڕووى تەکنۆلۆژییەوە هەنگاوى زۆر مەزنى ناوە، کەچی هێشتا بەرانبەر هێزى مەزنی سروشت لاواز و دەستەوەستانە. بەڵام گۆڕانکاریى دووەم لەدەست مرۆڤدایە و مرۆڤ خۆی لێی بەرپرسیارە. جا ئەگەر مرۆڤ خۆی چاک نەکات و پێداچوونەوە بە ژیان و بیرکردنەوەى خۆیدا نەکات و واز لە خووە بەدکارانە پڕ لە خۆپەرستی و خراپەکارانەکەى خۆی نەهێنێت، پێش ئەوەى دنیا و گەردوون تێک بچن، مرۆڤ دۆزەخێکی بەردەوام بۆ خۆی و سەرجەم بوونەوەران دێنێتە بوون.
لەم ڕۆمانەدا، لە کۆتایی کاتدا، پێش ئەوەى مرۆڤ بەتەواوەتى لەناو بچێت، مرۆڤ دەبنە دوو جۆری سەرەکیی تەواو لێکتر جیاواز. یەکەمیان مرۆڤى “سەرزەمینی”، بەوان دەگوترێت “ئێلۆى”. ئەوان مرۆڤى جوانى چێژپەروەر و میوەخۆر و بێهێز و کارنەکردە و ترسنۆک و بێدەسەڵاتن و هەموو کاتی خۆیان بە خۆڕازاندنەوە و گەمە و گاڵتە و دڵداری و خەوتن و پشوودانەوە بەسەر دەبەن؛ جۆری دووەمیان لە ئەنجامی پرۆسەیەکی مێژوویی دوورودرێژی وەدەرنان و دەرکردن و هەژارى و چەوساندنەوە و نەخوێندەوارى و برسێتی و بێپارەییەوە سەرزەمینیان جێ هێشتووە بۆ “ئیلۆی”یەکان و بۆخۆیان لە “ژێرزەمین”دا دەژین. ئەوان ناویان نراوە “مۆرلۆک” و بوونەتە بوونەوەری مەیموونئاسای پەلاماردەری قێزەونى گۆشتخۆر و دڕندەى ئامێرساز و کارکەر بۆ “ئیلۆی”یەکان.
ئەگەرچی”ئیلۆی”یەکان بەحیساب خاوەنى سەرزەوین، بەڵام تەنها لە ڕۆژدا خاوەندارێتییەکەیان پێ دەکرێت، چونکە ئەوان شەوان لە ترسی تاریکی و “مۆرلۆک”ەکان پێکەوە نەبێت، ناتوانن بخەون و لە ملیشیان بدرێت، ناوێرن بچنە شوێنی لاچەپ و تاریک. ئەوەى مایەی سەرسووڕمانە، ئەوەیە ئەگەرچی “ئیلۆی”یەکان نەوەى مرۆڤە هەرە ڕۆشنبیر و شارستانییەکانی پێشووى خۆیانن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەوان دەبنە نەخوێندەوار و هیچنەزان و گێلۆکە. هەر ئەمەشە وا دەکات لەبەرانبەر “مۆرلۆک”ە زۆرزان و فێڵباز و جەنگاوەرەکاندا هەست بە لاوازی و بێهێزییەکی لەڕادەبەدەر بکەن.
ئەو ململانێیە مێژووییەی نێوان “مۆرلۆک”ەکان، چینى کرێکار و “ئیلۆی”یەکان: چینى باڵادەستی ئۆرۆستۆکراسی بەئاشکرا لەناو ڕووداوەکانى ئەم ڕۆمانەدا ڕەنگی داوەتەوە. لە کۆتایی کاتدا، مرۆڤە دەستەبژێرە ئۆرۆستۆکراسییەکان، واتە “ئێلۆی”یەکان، ئەوەندە دەستەپاچە و بێدەسەڵات دەبن، تاوەکوو لەژێر چڕنووکی تیژی کرێکارە ڕەشوڕووتەکان، واتە “مۆرلۆک”ەکاندا دەناڵێنن. ڕۆژ نییە “مۆرلۆک”ەکان چەند دانەیەکیان لێ نەگرن و ڕاپێچی کونە تاریکەکانى ژێر زەوییان نەکەن و نەیانکەنە خۆراکی سەرەکیی خۆیان.
ئەم ڕەوشە هێماییە کارەساتاوییە ئەو پەیامە گرنگ و بایەخدارەى “وێلز”ی ڕۆماننووسە. ئەو دەیەوێت بە ڕوون و ڕەوانى بە نەوەکانى ئایندە ڕابگەیەنێت، مرۆڤایەتى لەبەر دەم هەڕەشەى لەناوچووندایە، ئەگەر پێداچوونەوە بە شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتاری خۆیدا نەکان. ڕۆمانی “ئامێری کات” دوایین زەنگە بۆ ئاگادارکردنەوەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. “وێڵز” مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەو مەترسییە ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەگەر سیستمی بەڕێوەبردنى جیهانى و دابەشکردنى چینایەتی و سامان لەسەر بنەماى دادپەروەرى و یەکسانی نەکرێت، ئەوا زوو بێت یان درەنگ، ئەنجام و کۆتایی سەرمایەدارە پارەدارەکان هەرگیز لە سەرەنجامی “ئێلۆی”یەکان باشتر نابێت، چونکە ئەوە سەرمایەدار و چەوسێنەرانن دەبنە هۆی دروستکردنى چینێکی دڕندە و مرۆڤخۆری وەکوو “مۆرلۆک”ەکان. ڕۆماننووس پێشبینیی ئەوەى کردووە ئەگەر دەسەڵاتدارە زۆردارە چڵێسە خۆپەرستەکانى ئەم سەرزەوییە، چ بە خواستی خۆیان بێت و چ بە زەبری کوتەک، لە چەوساندنەوەى هەژار و نەداران نەوەستێنرێن، بێگومان لە دواڕۆژدا چینى ڕەشوڕووتان لە سەرانسەرى دنیادا ئەم سەرزەمینە لە سەرمایەدارە چەوسێنەرەکان دەکەنە دۆزەخێکى وا، سەری گەورە و بچووکیان بەفەتارەت بچێت.
سەردەم: نووسەر هەوڵی داوە زانست و خەیاڵ پێکەوە گرێ بدات، ئەو حاڵەتە لە ڕۆمانەکەدا چۆن ڕەنگی داوەتەوە؟
ئازاد حەمەشەریف: پێکەوەگرێدانی زانست و خەیاڵ کارێکی قورس و ئاڵوزە و کەم نووسەر لە توانایاندا هەیە ئەو دوو لایەنه پێکەوە بگونجێنن، بەڵام ڕۆماننووسێکی وەکوو “وێڵز” ئەوەی لە ڕێگەی تەکنیکی “گێڕانەوەی چیرۆک لەناو چیرۆکدا – Frame narrative” و بەکارهێنانی “هێماگەری – Symbolism” و “فرەدەنگی – Polyphony” ئەنجام داوە. هەر ئەمەشە وای کردووە ڕۆمانەکە ئاکار و تایبەتمەندیی ڕۆمانی هاوچەرخی هەبێت.
سەردەم: بهگشتی پێگەی ڕۆمانەکە و نووسەرەکەی لە چ ئاستێکدایە له نێوەندە ئەدەبییەکانی ئەورووپا و خۆراوادا؟
ئازاد حەمەشەریف: پێگەی ڕۆمانەکە و نووسەرەکەی لە ئاستێکی هەرە باڵادایە، چونکە “وێڵز” تەنها ڕۆماننووس نەبوو، بەڵکوو کۆمەڵناس و بیرمەند و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسیش بوو. ڕۆمانی “ئامێری کات” ڕۆمانێکە لە کات بەدەرە و ڕۆمانی هەموو سەردەمەکانە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی “1895”دا وەکوو یەکەمین ڕۆمانێکی ڕاستەقینەی خەیاڵی-زانستی نووسراوە. لانی کەم “130” ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەیدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش هەر لە لیستی “100” ڕۆمانە یەکەمەکانی دنیادایە. ئەم ڕاستییە ئەگەر شتێکمان پێ بڵێت، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕۆمانەکە لە ئاستێکی بەرزی هونەریدایە و ئەو بیرۆکانەی لەناو ڕۆمانەکەدا باسیان لێوە کراوە، تا ئێستاش هەر کاریگەرییان بهسەر خوێنەرانی دنیادا هەیە.