دوایین هێرشی خۆکوژیی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا

چیرۆكە مێژووییەكان: چیرۆکی پێنجەم

“دوایین هێرشی خۆکوژیی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا”

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع

دوایین هێرشی خۆکوژیی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەم جۆرە بوو:

ژاپۆن بە هۆی هێرشە خۆکوژییەکانەوە، کە زۆر جار ئامانجەکانی خۆیان بەدی نەدەهێنا، ژمارەیەکی زۆر لە باشترین فڕۆکەوانەکانی لەدەست دا.

لە ماوەی نێوان ڕۆژانی 6 و 9ی ئابی ساڵی 1945دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکەم بۆمبی ئەتۆمیی بەسەر ژاپۆندا خستە خوارەوە و هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکیی کردە ئامانج. لەم پرۆسەیەدا‌، هەردوو شارەکە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا بوونە وێرانە و داری بەسەر بەردیەوە نەما، لەگەڵ کوژرانی سەدان هەزار کەس. دوابەدوای هێرشەکە و دەستوەردانی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت دژ بە ژاپۆن، ژاپۆن بە شێوەیەکی فەرمی داوای ئاشتیی کرد. لەم بارەیەوە ڕۆژی 15ی هەمان مانگ، ژاپۆن بێ قەید و شەرت خۆی بەدەستەوە دا.

لێرەوە بڕیاری خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن، کە لەلایەن سەرکردایەتیی سەربازیی ژاپۆن و ئیمپراتۆری وڵاتەوە درابوو، ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی هێزی زەمینی و ئاسمانیی سوپای ژاپۆنی شۆک کرد. یەکێک لەو بەرپرسە باڵایانە‌، ئەدمیراڵ ماتومی ئۆگاکی (Matome Ugaki) بوو، کە پەنای بردە بەر ئەنجامدانی ڕەفتارێکی سەیر و سەمەرە.

کاروانێکی سەربازیی پڕ لە شانازی

ماتومی ئۆگاکی ڕۆژی 15ی شوباتی ساڵی 1890 لە ئۆکیناوا لەدایک بووە، لە‌ قوتابخانەی هێزی دەریایی ژاپۆن خوێندوویەتی، لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنەکەی لەو قوتابخانەیە، لە بواری‌ تۆپخانەی دەریایی پلەی ئەفسەر وەردەگرێت. لەگەڵ هاتنی ساڵی 1922دا، ئەم ئەفسەرە پەیوەندی دەکات بە پەیمانگەی جەنگی دەریاییەوە، دوای دوو ساڵ خوێندنی ئەو پەیمانگەیە تەواو دەکات و پلەکەی دەبێت بە فەرماندە/قائد. بە درێژایی ئەو ساڵانەی هێشتا ژاپۆن بەشداریی جەنگی دووەمی جیهانیی نەکردبوو، ماتومی وەک فەرماندە، لەسەر ژمارەیەک لە کەشتییە جەنگییەکانی ژاپۆن کاری کردووە. هەروەها نزیک بوو لە ئەدمیراڵی ژاپۆنی ئایزۆرۆکو یامامۆتۆ، ئەمەی دواییان یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانی هێرشەکەی پێرل هاربەر لە ڕۆژی 7ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1941دا.

دوای ئەوەی ژاپۆن دێتە ناو جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ماتومی ئۆگاکی پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ جێگری ئەدمیراڵ و وەک سوپاسالاری کەشتیگەلی هاوبەشی ژاپۆن دەستنیشان کرا، کە یەکێک بوو لە کەشتیگەلە هەرە گرنگەکانی ژاپۆن.

لە سەرەتای ساڵی 1944دا، ماتۆمی بووە فەرماندەی هێزی پێنجی فڕۆکەوانی و سەرپەرشتیی ژمارەیەکی زۆر لەو فڕۆکەوانانەی دەکرد کە ئۆپەراسیۆنی خۆکوژییان دژ بە کەشتییەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدا. ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی باشترین فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان، کە شارەزایی و کارامەیی و توانایەکی زۆریان بۆ ئەنجامدانی جووڵە و مانۆڕی ئاسمانی هەبوو.

ماتۆمی دوای چەندین جار بەشداریکردنی گرنگ لە شەڕەکاندا، بۆ نموونە هێرشەکەی سەر پێرل هاربەر و میداوی، ئەم جێگرەی ئەدمیراڵ بڕیاری خۆبەدەستەوەدانەکەی ڕەت کردەوە، لەبری خۆبەدەستەوەدان، بە فڕۆکەکەی ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژیی ئەنجام دا، کە لەو کاتەدا بە دوایین ئۆپەراسیۆنی کامیکاز لە جەنگی دووەمی جیهانیدا دادەنرێت.

دوایین هێرشی کامیکاز

لە ڕۆژی 15ی ئابی ساڵی 1945دا، ماتۆمی ئۆگاکی بڕیاری دا لە چوارچێوەی دوایین ئۆپەراسیۆنی کامیکازی جەنگ هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، کە لە نزیک ئۆکیناوا لەنگەریان گرتبوو، بەمەش بڕیاری خۆبەدەستەوەدان و کۆتاییهاتنی جەنگەکەی پشتگوێ خست. ماتومی بەر لەوەی سەرکەوێتە ناو فڕۆکەکەی یۆکۆسکا دی 4 وای Yokosuka D4Y))، دوا وێنەی خۆی گرت، لە وێنەکەدا پۆشاکی سەوزی لەبەردایە، بەڵام‌ هیچ پلەیەکی سەربازی و مەدالیایەکی بە جلوبەرگەکەیەوە‌ نەکردبوو. ئەم سەربازە ژاپۆنییە، لە وێنەکەدا شمشێرێکی کورتی بە دەستەوەیە، کە دیاریی ئەدیمراڵ یامامۆتۆ بوو.

لە ڕۆژی 15ی ئابی ساڵی 1945دا، سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا، سەبارەت بەوەی هێرشێکی کامیکاز کراوەتە سەر کەشتییەکانیان، هیچ هەواڵێکیان بڵاو نەکردەوە. لەبەر ئەوە، زۆر کەس پێیان وا بوو‌ ماتۆمی کوژراوە، دوای ئەوەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا فڕۆکەکەی دەخەنە خوارەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی دواتردا، ئەمەریکییەکان لە نزیک کەناری ئیهیا (Iheya)، کە سەر بە دوورگەکانی ئۆکیناوایە، کابینەی پێشەوەی فڕۆکەیەکی تێکشکاویان دۆزییەوە، کە تایبەت بوو بە فڕۆکەی یۆکۆسۆکا دی 4 وای. لە نزیک ئەو کابینەیەوە سێ تەرمیان دۆزییەوە. نیشانەکانی یەکێک لە تەرمەکان لەگەڵ نیشانەکانی ماتومی ئۆگاکیدا دەگونجا. لەو ماوەیەدا تەرمەکە نیمچەئاوساو بوو، پۆشاکێکی سەوزی لەبەردا بوو، سەری تێک شکابوو، قۆڵی ڕاستی نەمابوو.

ئەگەرچی ماتومی لە هێرشەکەیدا شکستی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هێرشەی ماتۆمی ئۆگاکی، نازناوی دوایین هێرشی کامیکازیی لێ نرا. سەرباری ئەوە، ماتومی ئۆگاکی دواهەمین بەرپرسی سەربازیی ژاپۆن بوو کە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا دەکوژرێت.

سەرچاوە:

ئەلعەربییە نێت، گۆشەی چیرۆکە مێژووییەکان، نووسینی تەها عەبدولناسر ڕەمەزان، 4ی تشرینی دووەمی 2025