کامێرای قەڵەم

کامێرای قەڵەم

هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی کتێبی “ئەو ڕۆژێن وەڵات یێ مە هەمییان بوو”ی هەڤاڵ کوێستانی

بەختیار حەمەسوور

داڕشتنەوەی کتێبی “ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هیی هەمووان بوو” لە کوردیی ناوەڕاستەوە بۆ کورمانجی لەلایەن سەگڤان محەمەد ساڵح میرخان و چاپی دەزگای سەردەمەوە، دەرفەتێک بوو کە جارێکی تر ئەو کتێبە بخوێنمەوە، ئەمما بە کورمانجی. ئەگەرچی لێرە و لەوێ کێشەی تێگەیشتنم بۆ دروست دەبوو، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ کتێبەکە بە زمانی کوردیی ناوەند، دەمتوانی تێی پەڕێنم. مایەی خۆشحاڵییە کە توانیم لە چەند ڕۆژدا ئەو کتێبە بە کورمانجی بخوێنمەوە، شێوەزارێک کە سۆز و خۆشەویستییەکی تایبەتم هەیە بۆی. لەم نووسینەدا سەرنجی خۆم لەسەر ئەو کتێبە، کە چەند ساڵە لام گەڵاڵە بووە، دەنووسمەوە.

شیاوی باسە چاپی ئەم کتێبە، بە کوردیی ناوەڕاست، ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، گەیشتووەتە چاپی پانزەیەم.

وتەیەکی کورت

هەڵبژاردنی ”ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هیی هەموومان بوو”ی هەڤاڵ کوێستانی لەنێو دەیان یادەوەرینامەی هاوچەشن و هاوجۆردا، بە پلەی یەکەم بۆ بەها ئەدەبییەکەی (چۆن گێڕانەوە، زمان، فۆڕم و تەکنیک و…) دەگەڕێتەوە، لە پلەی دووەمیشدا بۆ پەیجۆر و پشکنینی ئەو پرسیارە بنچینەییەیە، کە نووسەری ئەم دێڕانە بە شوێنیدا دەگەڕێت: ”شۆڕشی نوێی کوردی” یانی چی؟ چەند دەتوانرێت بەو شتەی ناوی ”شۆڕش”ـی لێ نراوە، بگوترێت شۆڕش؟ بەشێکی زۆر لەو یادەوەرییانەی سەبارەت بە ”شۆڕشی نوێ” نووسراونەتەوە و خوێندووماننەتەوە، بێگومان وەها باس و پرسیارێکیان بەو ڕوون و ئاشکراییە ئاڕاستە نەکردووە، بەڵام خوێنەر دەتوانێت لەنێوان نەگوتراو و بۆشاییە سپییەکاندا بیدۆزێتەوە.

خوێندنەوەکەمان گەشتێکە لەنێوان ئەدەبیات و سیاسەتدا، دەورکردنەوەی کۆمەڵێک دەقە لەو دوو بوارەدا، ئەمەیش بە مەبەستی نزیکبوونەوەی زیادترە لە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن و بابەتییانە، بە نیازی دەرچوونیشە لە سێبەری خەست و چڕی دەقی بنەڕەت، کە بەداخەوە، بەشێکی بەرچاو لە لێکۆڵینەوە کوردییەکان، لەژێر سێبەری دەقی سەرەکیدا دەناڵن و دەسووڕێنەوە.

هونەری گێڕانەوەی یادەوەری‌ یەک لەو ژانرانەیە، کە هاوکات تەمەنی بە قووڵایی ژیاندا ڕەگئاژوو و کۆنینەیە و هەمیشەیش تازەیە. ئینسان هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی ئەزموونی ژیانی خۆی بە بەردەنگە نزیک و دوورەکانی بگەیەنێت، لە سەرەتاوە بە زارەکی و پاشان بە نووسین، تا لەو ڕێیەوە سوود و بەرچاوڕوونییەک بدات بە کەسانی تر. ژانری یادەوەری لەو ژانرانەیە کە مێژووەکەی دەچێتەوە سەر ئەدەبیاتی زارەکی و گێڕانەوەی دەماودەم‌، بەسانایی دەتوانرێت شوێنپێی ئەم ژانرە لە بەشێکی زۆر لەو بەسەرهات و حەکایەتە فۆلکلۆری و پەند و بالۆرانەدا هەڵبگیرێت، کە قەوارەیەکی مۆچیاری و حیکمەتیان بەخۆوە گرتووە، هاوکات لە فۆڕمێکی ئەدەبیدا نووسراونەتەوە و لە فەوتان پارێزراون. لەوێدا، بەئاسانی درک بە نیازی بەشێکی زۆر لە گێڕانەوەکان دەکەین، کە کەسەکان تێیدا، ئەزموونی ڕەنج و ئازایەتیی خۆیان بەیان کردووە. زۆر جار ئەم گێڕانەوانە شێوازێکی ئەفسانەیی و خورافی و لەتوانابەدەریان داوە بە پاڵەوانی حەکایەت و بەسەرهاتەکان، ئەفسانەیی و خورافیات تا ئاستێک ڕۆیشتوون، کە قارەمان وەک جادووکارێک، بە هێزێکی لەبننەهاتوو، ڕزگاریدەر و جیاکەرەوەی هەموو کردەیەکی چاکەن لە خراپە. ئەوەی مایەی قسەکردنە لەسەر ئەم مێژووە و ئەم هونەرە، ئەوەیە: گێڕانەوەی یادەوەری لە یەک قاڵب و فۆڕمدا نەوەستاوە و لەگەڵ ڕەوتی زەمان و بەرەوپێشچوونی بارودۆخی ژیان و جۆری بیرکردنەوەدا، تووشی قەیران و چەقبەستوویی نەهاتووە و بەپێی گۆڕانکاری هەنگاوی هەڵگرتووە. هەر ئەمەیش وای کردووە ئەم ژانرە، لە ئیمکانە سەردەمییەکان سوودمەند بێت و هاوتەریب لەگەڵیان ڕێ بکات. ئەم گۆڕانە لە بونیاد و پێکهاتەی ئەم ژانرە، جۆرێک لە زەروورەت و ئەرکی سپاردووەتە نووسەری یادەوەری، کە تەنها لە جەغز و مەودایەکی تەسک و بەربینگگیراوی گواستنەوە و ڕووماڵکردنێکی ڕووتی واقیعدا گیر نەبێت، بەڵکوو ئاستی گێڕانەوە بەرز بکاتەوە بۆ جۆرێک لە بەرهەمهێنانی ئیستاتیکا و جوانی، کە خاڵی نەبێت لە داهێنان، ئەمەیش بە توانا و دەستڕاگەیشتن بەسەر ئیمکان و دەرفەتە چەشناوچەشنەکانی هونەری گێڕانەوەدا مەیسەر دەبێت.

یەکێک لەو لۆژیکانەی دەتوانێت هەم دەرفەتێک بێت بۆ ڕەخنە و نیازمەندیی بیرەوەرینووس، لۆژیکی تەڵبژێرە، واتە تەڵبژێرکردنی ڕووداوەکان. بیرەوەرینووس لە هەڵبژاردنی ڕووداو و کەسەکاندا ئازادە، ئەم ئازادییە تا ئەو جێیە دەڕوات کە مەبەست و نیاز دێنە پێش و کاریگەری و ئاکامەکان حسابیان بۆ دەکرێت. بەدڵنیاییەوە بیرەوەرینووس ناتوانێت، یان ناگونجێت کۆی هەموو ڕووداو و بەسەرهاتەکان بەسەر بکاتەوە و لێیان بدوێت، بەڵکوو بە لۆژیکی تەڵبژێرکردن، ڕووداوەکان هەڵدەبژێرێت و ئەوەی لای خۆی و بۆ خۆی گرنگترە، ئەوە دەگێڕێتەوە، لێرەدا گرنگترە پاژنەی ئاخێلی بەشێکی زۆر لە یادەوەرییەکان دەگرێت و دەتوانرێت ئەو وزە ڕەخنەیەیان لە شێوەی ئەم پرسیارەدا ئاڕاستە بکەین: گرنگترە بۆ کێ؟ لە ڕێی ئەم پرسیارەوە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە بیرەوەرییەکان بخرێنە ژێر تیشکی گومان و تاوتوێکردنەوە، هەر لەو ڕێیەوە دەتوانرێت مەبەستی بەشێکی زۆر لە یادەوەرییەکان ئاشکرا ببن، کە بە چ هۆکارێک ڕووداو و کەسانێک زەق دەکەنەوە و باز بەسەر ڕووداو و کەسانێکی تردا دەدەن. چەمکی ‘چەواشەکردنی فەرامۆشی’، کە چەمێکی پۆل ڕیکۆرە و دەڵێت: ‘ئەو کاتەی بیرەوەری ڕێی وێناکردنی داهاتوومان لێ دەگرێت، فەرامۆشکردن دەبێتە شتێکی پێویست.’ چەواشەکردنی فەرامۆشی واتە لەبیرکردنی دزێوییەکانی بیرەوەری بە خاتر مەرام و مەبەستی کۆمەڵێک کەس، مەرام و مەبەستەکانیش ڕوون و ئاشکران، یان گەندەڵی و دزین، یان کۆمەڵێک بەڵێنی وەفاپێنەکراون، کە باس و ڕووناکی خستەسەریان، دەبێتە هۆی ڕەنجان و ڕووشانی ئێستا و ئایندەی کەسەکان، بەمەیش پێگە و ئاستی دەسەڵاتیان وەلەرزین دەکەوێت.

دەتوانین شێوازی یاداشتنوسین بەسەر دوو لقدا دابەش بکەین:

١. شێوازی کەسی

٢. شێوازی بەربڵاو و تێکەڵ

لە شێوازی کەسەکیدا، نووسەر زیادتر دەپەرژێتە سەر ڕووداو و باسە زۆر ناوەکی و کەسەکییەکانی ‘شەخسییەکان’ خۆی، ئەم جۆرە لە گێڕانەوە، نزیکتر و بەڵگەنامەییترە بۆ ناسینی خودی نووسەر، ئەویش بە هۆکاری دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی دیوی ناوەوە، لە ڕووی سایکۆلۆژیا، سۆسۆلۆژیا، تێڕوانینی زاتی و تەجرەبە پەنهان و ناوەکییەکانی نووسەرەوە، ئەم جۆرە لە نووسینەوەی یادەوەری، کە شالکەکەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆمانتیکەکان، مامەڵەیەکی توند و پتەوی بە نۆستالژیا و ڕابوردووی لەدەستچووەوە هەیە، لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا، بە پاڵدانان و چنینی ڕووداوەکانەوە، ئێمە ئەو سەردوولکە و شینکردنە بۆ زەمەنی لەدەستچوو و فەوتاو دەبیستین، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە سەروسەودایەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خوێنەر و بیسەردا هەیە و لە ڕێی جووڵاندنی هەست و سۆزەوە، ژمارەکی بەربڵاو و هەڕەمەکی بەدەوری خۆیەوە گردوکۆ دەکاتەوە.

لە شێوازی دووەمدا، نووسەر بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە کەسەکییەکانی خۆی و ئەزموونی گشتی، پەرە بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی دەدات. لەم شێوازەدا، ئەزموونی کەسی و ئەزموونی گشتی بەر یەک دەکەون و زۆر جار سنووری نێوانیان تێکەڵ دەبێت و ‘من’ـی وەگێڕ دەبێت بە ‘ئێمە’ و پێچەوانەیش ڕاست دەردەچێت. “ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هیی هەمووان بوو”ی هەڤاڵ کوێستانی، سەر بەم شێوازەیە لە یادەوەری.

ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشی کورداندا

یەکێک لەو خاڵانەی پێویستە لێرەدا لەسەری بوەستین، ڕۆڵی ڕۆشنبیرە لە مێژووی سیاسی و شۆڕشی ئەم بەشەی کوردستاندا. بەو پێیەی نووسەری ئەم کتێبە ”ئەو ڕۆژانەی…” سەر بەو چینەیە، چینی ڕۆشنبیر، بۆیە گرنگە دەورانێک بە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەم چینە لەم بەستێنەدا بدەین. بۆ سەرەتا و دەرکەوتنی یەکەمینی ئەم چینە، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید، چونکە بزووتنەوەی سیاسی لە سەردەمی شێخ مەحمووددا قەوارە و چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی بەخۆوە گرت، کە تێیدا جۆرێک لە ڕێکخستن و تەشکیلات لە پلە و ڕیزبەندی، بەگوێرەی ئەو ڕۆژگارە، دەرکەوتن. یەکەم سیما و دەنگی نوخبەی ڕۆشبنیر لەم سەردەمەدا، دەتوانرێت لە کەسایەتییەکی وەک ”جەمال عیرفان”دا ببینێرێت، بەڵام کاتێک یاداشت و بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە دەپشکنین، بۆمان دەردەکەوێت پێگەی ئەم کەسایەتییە و تەنانەت ئەو چەند کەسەیش کە جەختی و سەلمێنەری ئایدیا و بۆچوونەکانی وی بوون، پێگەیەکی لاواز و لەرزۆک بووە، ئەمەیش دەتوانێت بە سووک و ئاسانی کوشتنی جەمال عیرفان بسەلمێنرێت، کاتێک چەند بۆچوونێکی جیاواز پێشنیاز دەکات و هەندێک سووکەڕەخنە لە هەیکەل و جۆری دەسەڵاتی شێخ مەحموود دەگرێت، پیاوەکانی شێخ مەحموود شەو دەچنە ماڵەکەی تیرۆری دەکەن. جەمال عیرفان سەرەتای حەکایەتێکی درێژە بۆ چارەنووسی ڕۆشنبیران و هەموو ئایدیایەکی جیا، بە جۆرێک، دەکرێت تیرۆرکردنی جەمال عیرفان لەو سەردەمەدا وەک نیشانەیەک بۆ داهاتوو پێشبینی بکەین. چیرۆکی ”لە خەوما”ی جەمیل سائیب، کە وەک سەرەتایەک بۆ چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی دێتە باسکردن، لەم ماجەرا و ڕووداوە دەدوێت، دەتوانرێت ”لە خەوما” وەک شایەتحاڵ و ئاوێنەی ئەو سەردەم و زرووفە چاو لێ بکرێت، ئەمەیش دەتوانێت هەمان دەلالەت و دەرکەوتەی دەسەڵات بێت لە دەستی چینێک لە شێخ و ئاغاوەتەکانی ئەو سەردەمە، ئەم فۆڕمە لە دەسەڵات، درێژە و بەردەوامی بە خۆی دەدات تا ئێستا.

سەبارەت بە یاداشتەکەی هەڤاڵ کوێستانی، دەبێت باسەکەمان ببەستینەوە بە پێڕەو و پڕۆگرامی کۆمەڵەوە، چونکە هەڤاڵ لەم یادەوەرییانەدا وەک ئەندامێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵە خۆی دەناسێنێت و بیرەوەرییەکانی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە. یەک ڕەخنە لە ”کۆمەڵە” لاوازیی فیکرییە، نەبوونی هێڵێکی فیکریی دیاریکراوە، ”کۆمەڵە” لەنێوان دوو خەتدا گیری کردبوو: خەتێکی مارکسی، خەتێکی لینینی، هەڵبەت کرچوکاڵ لە هەردوو باردا، بە کۆمەڵێک سەرچاوەی نەقڵکراو لە ”مونیر شەفیق، تێزی سەربازیی عەسابی گیڤارایی، شۆڕشی ماو و…” کاتێک نەوشیروان مستەفا لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە، هەموو ئەمانە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت مارکسیەت بەدەردی ئێمە ناخوات، ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی بەرگری هەیە، شۆڕشێکی جەماوەری، کە بتوانێت خەڵک لە سای خۆیدا گردوکۆ بکاتەوە. تەنانەت لە کۆنفراسی دووەمی ”کۆمەڵە”دا ناوی ”کۆمەڵەی مارکسی/لینینیی کوردستانی عێراق” دەگۆڕێت بۆ ”کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان”. ئێمە لە یاداشتنامەکەی هەڤاڵ کوێستانیدا دەتوانین زۆرێک لەو ناکۆکییانەی ناو ”کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بخوێنینەوە، کە چۆن دیسان نەبوونی یەکدەنگی، باڵباڵێن، ملشکاندن و بێپڕۆژەیی ماناکانی شۆڕش، لە درەختی ئەم بزووتنەوە سیاسییە، گەڵا گەڵا دەڕنن.

یادەوەرییەکان لەمەڕ شۆڕشی نوێ

ڕەنگە هیچکام لە شۆڕشەکانی کورد هێندەی شۆڕشی نوێ یادەوەریی لێ نەگێڕرابێتەوە و لەبارەیەوە نەنووسرابێت، بەشی بەرچاوی ئەم یادەوەرییانەیش لە بەرپرس و کادرانی دیاری ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە بووە، ئەمەیش دەلالەتە بۆ سەر ئەم شۆڕشە، کە وەک مەکینەیەکی پڕجووڵە و بزوێنەر لەگەڕدا بووە. دوور لە باشی و خراپیی هەریەک لەم یادەوەرییانە، کە بەدڵنیاییەوە دەبێت بخوێنرێنەوە، ئەم کارە بە هەوڵێکی گرنگ و پڕبایەخ دەدەینە قەڵەم، چونکە لە ڕێی ئەم یادەوەرییانەوە دەتوانین بەشێک لەو خەسار و دەستکەوتانەی شۆڕش کەشف و بدۆزینەوە، بەتایبەت لە دۆخێکی وەک ئێستای کورداندا، کە ئەگەرچی نیوسەدەیەک لەو شۆڕشە دوور کەوتووەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو خەسارانە دەتوانن بەدەردی ئەمڕۆی بخۆن و بێنە ناو دۆخی هەنووکەیشیەوە. ئەمەیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مێژووی ئێمە نەک خۆی دووبارە نەکردووەتەوە، بەڵکوو لەناو بازنەیەکدا هەڵدەسووڕێت و خۆش خۆش خول دەخوات (دەیخولێنێتەوە). ئەوەیش کە ڕەنگە تەنها گۆڕرابێت، فۆڕمی خەسارەکانە، کە ئەوەیش ئەگەر ورد بکرێتەوە، هەمان فۆڕمە، چونکە لە هەمان عەقڵیەتەوە سەرچاوە و ڕێچکەیان گرتووە.

یادەوەرییەکانی هەڤاڵ کوێستانی بەتەنها یادەوەریی خۆی نین، بەڵکوو یادەوەریی کەسان و ڕووداوگەلێکن، کە سێبەرنشین و تاریکنشینن، یادەوەریگەلێکن کە ڕووناکایی کەمتر ئاڕاستەیان کراوە و کەمتر بیستراو و بینراون. لە زۆرێک لەو یادەوەرییانەی نووسراونەتەوە و خوێندووماننەتەوە، زیادتر بە ئاڕاستەی گێڕانەوە گەورەکان و ڕووداوە چارەنووسسازەکاندا براون، کاتێکیش ویستوویانە ڕووداوێکی پاڵەکی و بچکۆلە بخەنە بەر گۆشەنیگای گێڕانەوە، بە ئاماژەیەکی خێرا و سەرچیغ لێی گوزەراون. لە ‘ئەو ڕۆژانەی…’دا گێڕانەوە پەراوێزییەکان پانتاییەکی تەواو لە کتێبەکە داگیر دەکەن و شوێنی شیاو دەگرن. هەر ئەمەیش یەکەم دەرفەت بە خوێنەرەوەی ئەم یادەوەرییانە دەدات، کە وەک دەقێکی ئەدەبی و بە پێوەرە ئەدەبییەکان تەماشای بکات و بیخوێنێتەوە.

خەسڵەتێکی بنچینەیی و جیاکەرەوەی ئەم کتێبە، چنینی ڕووداوەکانە بە شێوەیەکی هونەری، ئەم خەسڵەتە بووەتە هۆی ئەوەی نووسەر ئاگاداری هەموو ئەو ڕووداو و کارەکتەرە جیاواز و ناکاوانە بێت، کە لە کەلێن و قەڵشتە تەسک و باریکەکانەوە دەڕژێنە نێو کێڵگەی گێڕانەوەکەی و بەژێر مەکینەی دروومانئاسای ڕەوایەتدا دەڕۆن. نووسەر بەوردی پەرژاوەتە سەر هەموو ڕووداو و کارەکتەرەکان و هونەری ڕووداوسازی و کارەکتەرسازیی خۆی تێدا نواندوون و لە فەزا و دۆخێکی ناوازەدا وێنەی گرتوون. بەدەگمەن ڕووداو و کارەکتەرێک لە هەناوی ئەم کتێبەدا هەیە، ئەگەرچی زۆر لاوەکی و لاوازیش بێت، لە زەین و بیرەوەریی خوێنەردا جێیەک بۆ خۆی نەگرێت.

فلاشباک یەکێک لە هونەرەکانی گێڕانەوەیە (ڕۆمان و چیرۆک)، بەگەڕخستنی ئەم هونەرە، سەلیقە و ئاگایی خۆی دەوێت، نووسەری لێزان دەزانێت لە کوێدا هانا بۆ ئەم هونەرە دەبات و لە کوێدا نا. یادەوەری، بەو پێیەی هەردوو قاچی لە ڕابوردوودا چەقیوە و لەوێوە ڕەوگەی خۆی ئاڕاستە و نیشانی ئێستا و ئایندە دەکات، هەمیشە مایل بە هونەری فلاشباکە. لە کتێبی ‘ئەو ڕۆژانەی…’دا ئەم هونەرە لەوپەڕی گونجاوی و کەشێکی ئیستاتیکی بۆدابینکراودا بەئەنجام گەیشتووە. لەو شوێنانەدا کەم فلاشباک ڕوو دەدات، لینک و ڕایەڵێکی قایم و پتەو لەنێوان واقیعی مەوجوودی گێڕانەوەی ئێستا و ڕابوردوودا دەچنێت، ڕایەک و بەستەرێک سەر و بنی هەردوو ڕووداوەکە پێکەوە گرێ دەدات و ڕەوتی پڕجووڵە و سەربزێوی گێڕانەوە دەخاتە سەر سکەی درێژەدان.

زمان لەم کتێبەدا، وەک گۆڕەپانێک بۆ نواندنەوەی سەرجەم باسەکان، یەکێک لەو خاڵە پۆزەتیڤ و بەرچاوانەیە، کە لە ئینجبەئینجی ئەم کتێبەدا هەڵدەسووڕێت. دۆخی زمان بە جۆرێکە، کە دەتوانرێت قوماری تێپەڕاندنی لەسەر بکرێت؛ قوماری تێپەڕاندنی زۆرێک لەو یادەوەرییانەی دەربارەی شۆڕشی نوێ نووسراون، قومارێک، بە ئەگەری لە سەددا زۆری بردنەوەوە. ئەم توانا زمانییە لە بەرهەمهێنانی هاوکاتی شیعر و پەخشانەشیعردا خۆی مانیفێست دەکات، زمانێکە گرەو لەسەر ڕام و کەویکردنی بابەتێکی عاسیی وەک سیاسەت بۆ ئەدەبیات، دواجاریش ئەم گرەوە لە بەشبەبەشی کتێبەکەوە دیارە.

زمان وەک ئامانج

یەکێک لەو خاڵانەی گرەنتیی سەرکەوتنی ئەم یاداشتنامەیەی کردووە، زمان و کارکردی زمانە. زمان یەکێکە لەو چەمکانەی لە ڕێی گێڕانەوەوە خۆیا دەبێت و فۆڕم دەگرێت، گێڕانەوەیش لەسەر دوو بنەما دەتوانێت ڕوو بدات، یان دروستتر بڵێین: تەنها ئیمکانی ڕوودانی گێڕانەوە لەم دوو بنەما و بازنەیەدا، ئەویش ‘زمان’ و ‘زەمەن’ن. زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان زمانێکە شاعیرانە، بەڵام لە فۆڕم و شێوەی جیاجیادا، بۆ نموونە لە هەندێک جێدا دەتوانێت وەک پەخشانەشیعر خۆی پێناس بکات، لە جێیەکی تر وەک داستان و مەلحەمەیەکی حەماسی، لە جێیەکی تردا دەتوانێت وەک مەنزوومەیەکی درێژ، بەپاڵ دە لۆلۆ دە لێ لێی شێرکۆییەوە، ڕووداوەکان یەکنەفەس ڕەوایەت بکات. زمان لەم کتێبەدا واقیع و ڕووداوەکان پەروەردە دەکات، توانا شاراوە و پەنهانەکانی زمان کەشف دەکرێن و زمان بە ڕێڕەو و پێچەڵپێچ و دەڤەرگەلێکی تەسکدا دەبرێن، کە زۆر کەم، پێشتر و لە وەها ژانرێکدا (بیرەوەری) تاقی کراونەتەوە و براون.

یەکێک لە خسڵەتەکانی ئەم زمانە، کە تەواو شاعیرانەیە، ڕۆچوونیەتی بەنێو قووڵاییە تاریک و لۆچاوییەکانی ناخ و دەروونی کەسایەتییەکاندا، ئەم زمانە توانای پشکنین و ئاشکراکردنی ڕاز و نهێنییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و ڕووناکی و تیشک دەگرێتە دەڤەرە داخراو و سەرقەپاتەکان. ئەم زمانە لە هەموو تەنکایی ڕووکەشگەرایی و سادەگەراییەک تێپەڕ دەبێت و بەرەو قووڵایی و هەناونشینی دەڕوات.

ئەم زمانە نە لەو جۆرە زمانەیە کە گەیشتووەتە بنبەست، نە زمانێکیشە حازربەدەست و کڵێشەیی، بەڵکوو زمانێکە لە سەروەخت و بەردەوامیی دروستبووندا، ئەمەیش هەمان ئەو جۆرەیە لە زمان، کە پۆل ڕیکۆر باسی دەکات و دەڵێت: ”زمان لە حاڵی دروستبووندا، ڕێز لە واقیع لە حاڵی دروستبوون دەگرێت.” کاتێک بەم زمانە وەسفی دەشتایی، بەفر، باران، شاخ و سروشتی شوێنە جیا جیاکانی کورستان دەکرێت، هەست بە توانای نووستوو و لەبننەهاتووەکانی زمانی کوردی دەکەین.

کوشتن لەژێر تریفەی مانگدا

ئەلبێر کامۆ لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ هاوڕێیەکی ئەڵمانی دەنووسێت: «شەڕ لەتوپەتی کردوویت و دەتەوێت بمریت، بەڵام ئەو شتەی پێت قبوڵ ناکرێت، ئەم گێلێتییە هەرەوەزییە و ئەم سەودا لاوانەیە بۆ خوێنڕشتن و ئەم ساویلکەییە جەنایەتکارانەیە، کە پێیان وایە دەکرێت بە خوێن کێشەکانی ئینسان چارەسەر بکرێن. نامەکەت دەخوێنمەوە و لێت تێدەگەم، ئەوەی کە لە هەموو شت ئاشکراتر درکی پێ دەکەم، ئەم دژوازییەی نێوان وەرگرتنی سانایی مردنی خۆت و بێزارییە لە مردنی دیتران، ئەم خاڵە بایەخی ئینسان پیشان دەدات و دەیباتە ڕیزی ئەو کەسانەی کە دەکرێت قسەیان لەگەڵدا بکرێت.» ئەم پارەگرافە دەڵێیت بە جۆرێک دیالۆگ و ئاگایی لەگەڵ یادەوەرییەکانی هەڤاڵدا نووسراوە، لە یادەوەرییەکانی هەڤاڵدا تاپۆی مەرگ ئەوق و ئابڵووقەی سەرجەم کارەکتەرەکانی داوە، مەرگ شتێکە هەر ڕۆژە چاوەڕوانکراو، مەرگی لە شێوەی تراژیدیا و کۆمیدی، مەرگێک لە هەرساتێکدا دەتوانێت بێت و کەسێک لە ئێمە ببات، ئاشکرایە مەرگ کەسانی نزیک لە ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاتی مەرگی ئێمەیشە، یان ڕاستترە بڵێین، بە مەرگی ئەوانی تر مردنی بەشێک لە ئێمەیش دەست پێ دەکات، چونکە بوونی ئێمە هەمیشە لەتێک لە بوونی ئەوانی تری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بە پێچەوانەیشەوە هەر ڕاستە، بۆیە کاتێک کەسێکی نزیک و هاویادەوەری و هاوڕێمان لەدەست دەدەین، بەتەنها هەر یادەوەری و هاوڕێیەتیی ئەو لەدەست نادەین، بەڵکوو بەشێک لە بوونی خۆیشمان لەودا لەدەست دەدەین. مەرگی هاوڕێیان و شەهیدبوونیان لەم یادەوەرییانەدا، پانتاییەکی بەرفراوانی لە کۆی ڕووداو و گێڕانەوەکان داگیر کردووە، تەنانەت چییەتی و کاریگەریی مەرگی دیتران لەسەر کەسانی زیندوویش، چییەتی و کاریگەرییەکی بەرچاو و ئاشکرایە. بەو پێیەی مەکینەی شۆڕش بە خوێنی ئینسانەکان هەڵدەسووڕێت، بۆیە دەکرێت شۆڕش و دەڤەری کاری شۆڕشگێڕی وەک گۆڕستانێکی پانوپۆڕ تەماشا بکرێت، دیارە بە ژمارە و چەندێتیی مەرگیش، دەتوانین بڵێین جۆری مەرگمان هەیە، مەرگ بە ناوی دیل، خیانەت، جاسووسی، جاشایەتی و… بەڵام بەگوڕتر لە کۆی ئەم مەرگانە، دەکرێت مەرگی هاوسەنگەر و هاوڕێیەک بێت بە دەستی هاوسەنگەر و هاوڕێکانی، ئەویش ڕێک لەو ساتەدا کە لەژێر ناوی خیانەتدا دەکوژرێت. یەکێک لە کارەکتەرەکانی نێو ئەم یادەوەرییانەی هەڤاڵ دەیگێڕێتەوە، مامۆستا حەیدەرە، کە بە هۆکاری نەمەیەک بۆ براکەی و گیرانی نامەکەوە دەگیرێت و دەخرێتە زیندان. تاوانێک کە کەسی یەکەم و ئەنجامدەرەکەی برای مامۆستا حەیدەر بووە، بێ پاساوهێنانەوە مامۆستا حەیدەر وەک تاوانبار و خائین ڕەپێشی مەرگ دەکرێت:

«بەتڵێکی شەو ڕاکشاوە، مانگ تۆزێکە سەری تاڵە ئاوریشمییەکانی خۆی لە قۆزاخەی شەو دەرهێناوە، کلیلی ناو کێلونی دەرگای ژووری زیندانەکەی مامۆستا حەیدەر دەچەرخێت… دەستەکانی لە پشتەوەڕا دەبەستنەوە… چەند سەد مەترێک لە زیندانی دوور دەخەنەوە… بەپاڵ گابەردێکی گەورەوە ڕای دەگرن… هەرچواریان میلی تفەنگەکانیان دەهێننەوە:

– دوا ڕاسپاردەت؟

– زەحمەت نەبێت دەتوانن لەبەر دەم ئەم گابەردە گەورەیە بمگوازنەوە… دەترسم لە کاتی گوللەبارانکردنمدا، گوللەکان بەر بەردەکە بکەون و بەرەو خۆتان هەڵبەزنەوە و زامارتان کەن.

– چیی تر؟

– تکاشتان لێ دەکەم، با لە ڕادیۆدا بە خائین ناو نەبرێم… با باوک و دایکم لەناو خەڵکدا، بە باوک و دایکی خائینێک نەناسرێن.

پێشمەرگەکان هەستی خۆیان لە گابەردەکەی پشتی حەیدەر ڕەقتر دەکەن… قۆناغی تفەنگەکانیان بە شانیانەوە دەنووسێنن… بەر لەوەی پەنجەیان لە پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان توندتر بکەن، مانگ بۆ ئەوەی نەبێتە شاهیدی ئەنجامدانی تاوانێکی ئاوا گەورە، خۆی هەڵدەداتە پشتی لووتکەی شاخە قووچی بەرگەڵووەوە.»

بەڕاست، مەودای نێوان ئەم دیمەنە تۆقێنەر و خەمئەنگێزە، لەگەڵ دواساتی کوشتنی گارسیا لۆرکای شاعیری ئیسپانیدا چەندە؟ لۆرکا لەلایەن دەسەڵاتی فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیاوە دەگیرێت و حوکمی مەرگی بەسەردا دەدرێت، هەرچەندە دیمەنەکان لە دوو زەمەن و شوێنی جیادا ڕوو دەدەن، بەڵام نزیک بە یەک و هاوتەریب لەگەڵ یەکدا دەتوانن ڕێ بکەن و بۆ هەمیشە لە زەین و بیرەوەریماندا جێکەوتە ببن. لای لۆرکا، گێڕەرەوە لە زاری یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو شەوەوەیە، کە تێیدا لۆرکا، شاعیری ناسراو و گەورەی ئیسپانیا و پاشان جیهان، دواساتەکانی شاعیری قەرەجان وەک پەڵەیەک بە نێوچەوانی دیکتاتۆری ئیسپانیاوە دەلکێنێت.

«لۆرکا لەسەر سەکۆی ژووری زیندانەکە دانیشت و کاتێک بینیی من بێ جووڵە لەبەر دەرگاکە وەستاوم، تۆزێک بەشەرمەوە گوتی:

– جگەرەت پێیە؟

پاکەتەجگەرە نیوەبەتاڵەکەم خستە سەر ئەژنۆی و گوتم:

– با بۆ تۆ بێت.

شخارتەم بۆ داگیرساند. کاتێک دووکەڵی جگەرەکەی قووت دا، لەپڕ کۆکەیەکی توندی گرت. لەگەڵ سڕینی فرمێسکەکانی چاویدا گوتی:

– یەکەم جارە لە ژیانمدا دەکەومە زیندان.

جگەرەکەی فڕێ دایە ژێر پێ و پانی کردەوە.

– مرۆڤ ئەگەر زانیبای چۆنە، هەرگیز باڵندەی نەدەخستە ناو قەفەسەوە.

دواتر ئەو پرسیارەی لە من کرد، کە من لێی تۆقیبووم:

– بەنیازن لە کوێ کارەکە ئەنجام بدەن؟

لەبەر ئەوەی خۆیشم نەمدەزانی، هەر لەژێر لێوەوە گوتم:

– دواتر خۆت دەیبینیت.

– بەڵام خۆزگە لەناو گۆڕستاندا نەبێت. گۆڕستان بۆ بێدەنگی و گوڵ و هەورەکان دروست کراوە، نەک بۆ ئەوەی مرۆڤ تێیدا بمرێت.

پاشان وەک ئەوەی شتێک بیری سەرقاڵ کردبێت، پرسیی:

– ئەمشەو مانگ لە چ حاڵێکدایە؟

پاشان بەگەرمی کەوتە ڕوونکردنەوەی پرسیارەکەی:

– حەز ناکەم بەژێر تریفەی مانگەوە بمرم.

ئاوازی دەنگی پڕ بوو لە میهرەبانی، لە شیعرەکانمدا زۆر باسی مانگم کردووە، ئەگەر بەژێر نیگای ئەوەوە بمرم، ئەوا هەست دەکەم نزیکترین هاوڕێم خیانەتی لێ کردووم.»

هاوڕێیەتی

یەکێک لە خاڵە دیار و نیشانگرەکانی نێو ‘ئەو ڕۆژانەی…’ بەزەقی نواندنەوەی هاوڕێیەتییە. هاوڕێیەتی لە ئەدەبیاتەوە بۆ فەلسەفە جێی وەستان و قسەکردن بووە، تەنانەت دەقێکی وەک گلگامێش قورساییەکی زۆری لەسەر هاوڕێیەتیی نێوان ئەنکیدۆ و گلگامێشە، بە جۆرێک، دەکرێت کۆی فەلسەفەی هاوڕێیەتیی نێو دەقی گلگامیش ئەمە بێت: “کێ لە پێشەوە دەڕوات، ئاگای لە هاوڕێکەی بێت؛ کێ ڕێگە بەڵەدە، ئاگای لە هاوڕێکەی بێت.” هاوڕێیەتی لە بیرەوەریدا بەگوڕتر و بەتاوتر لە هەر هاوڕێیەتییەکە، چونکە لە بیرەوەریدا هاوڕێکان هاوشان و هاوڕێن، نزیکن و بەئاسانی دەتوانن بچنە دەڤەری یەکتر. بەتایبەت کاتێک قسە بێتە سەر جوگرافیا و سنوورێکی دیاریکراو، کە تێیدا کۆبوونەوە و گرمۆڵەبوونی کەسەکان و پێکئانینیان زووتر و بێمەوداترە، چەمکی هاوڕێیەتی ئاسانتر دەتوانێت لەوێدا خۆ بنوێنێت و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی هەڵماڵێت. لە شاخ، لەنێو پێشمەرگەدا، وەک چۆن دەکرێت سەرڕاستیی هاوڕێیەتی ببینرێت، ئاوایش دەتوانرێت لەپشت و بە ناوی هاوڕێیەتییەوە، ملشکاندن و پاشقولگرتن ڕوو بدەن. لە بیرەوەرییەکانی هەڤاڵ کوێستانیدا بە ڕوون و ئاشکرایی دەتوانرێت ئەم دوو دەڤەرە لێک جیاوە بکرێن و ببینرێن. وەک چۆن ئێمە شایەدی هاوڕێیانێک دەبین کە لەپێناو یەکتر و لەپێناو پاراستنی یەکتردا ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن، بەو جۆرەیش هاوڕێیانێک دەبینین کە دەبنە جاسووس و چاودێر بەسەر هاوڕێکانیانەوە و تۆمەت و مۆری گومان و خیانەتکردنیان پێوە دەنێن. یەکێک لەو دەزگایانەی کە تێیدا کاری جاسووسیکردنە بەسەر پێشمەرگەوە.

عەشق

شۆڕش و پێشمەرگایەتی جۆرێکن لە عەشق، ئەگەر نا، کێ ماڵ و خێزان و خۆشەویستی خۆی لە شار جێ دەهێڵێت و ڕوو لە شاخ دەکات؟ سەفەرەکەی هەڤاڵ لە شارەوە بۆ شاخ، سەفەری کەسێکە عاشق و سەوداسەر، کەسێک کە دایک و باوک و خۆشەویستەکەی جێ دەهێڵێت و ملی ڕێی هاتونەهاتی پێشمەرگایەتی دەگرێتە بەر. ئێمە دەبێت لێرەدا جیاکارییەک لەنێوان ‘خۆشەویستی’ و ‘عەشق’دا بکەین، پاشان بڕیار بدەین. خۆشەویستی چەمکێکە ڕوونتر و زووڵاڵترە بەراورد بە عەشق، عەشق ئاڵۆزترە، سەختگیرترە. خۆشەویستی تا جێیەک دەتوانێت بڕوات، ئەویش زاکیرەی ئینسانە، زاکیرەی ئینسان ئەرشیفخانەکەی باش نییە، یان بڵێم، جێیەک نییە هەمیشەیی و سەلامەت، لەبەرامبەردا عەشق لەو تیرانەیە کە تا ناخ و قووڵایی دەڕوات، بۆیە دەکرێت خۆشەویستی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و هەورازەکانی ژیاندا، نەختە نەختە گەردی فەرامۆشیی لەسەر بنیشێت، بەڵام عەشق نا، عەشق برینە، سەرەتا بچووک و پاشان بە تێپەڕبوونی کات، ئەم برینە گەورە و گەورەتر دەبێت، تا ئەو ڕادەیەی سەرتاپای ئینسانەکە دەکاتە خۆی، واتە دەکات بە برین.

‘کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان’ ئەو عەشقەیە کە هەم هەڤاڵ و هەم سەدانی وەک هەڤاڵ پێی عاشق دەبن و گیان لەسەر دەست بەرەوپیری دەڕۆن. هەر گڕ و کڵپەی ئەم عەشقەیە وا لە شاعیرێکی وەک مەلا عەلی دەکات لە ساتی لەسێدارەدانیدا شانازی بەوەوە بکات کە دەبینێت پێڵاوەکانی وان بەسەر سەری جەلادەکانیەوە. دیارە کەسێک بەم جۆرە عاشقێنی لەگەڵ پێشمەرگایەتی و شاخ و شەهیدبووندا بکات، چاوی لە هیچ سامان و دەسەڵاتێک نییە، ئەوەی ئەو سوورە لەسەری، بۆی دەجەنگێت و بۆی هاتووە، درێژەدانە بە بەرخۆدان و گیانفیدایی.

بەتەنیشت ئەم عەشقە تاوگرتووە و باوەشکردن بە شاخ و پێشمەرگە و مەرگدا، هەر لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دەتوانیت زۆرێک لەو کەسانەیش ببینینیتەوە، کە خۆیان بە شۆڕش و باڵای شۆڕش و پێشمەرگەدا هەڵواسیوە و گاڵتە و فشەیان بە پرنسیپ و ئەخلاقیاتەکانی شۆڕش دێت. نموونەی ئەم جۆرە کەسانەیش دەتوانرێت لە درێژەی مێژووی خەباتی شۆڕشی کورداندا ببینرێتەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، کەسانێک کە بۆ گەیشتن بە پلەوپایەی دەسەڵات، ئامادەن و بوون بەسەر پەراسووی هاوسەنگەر و هاوڕێکانیاندا هەڵزنێن و هێندە چاوقایم و جەربەزە بن، سڵ لە ڕەقیبی زەمانە نەکەنەوە، نازانن کە زەمانە، نیما یوشیج گوتەنی: لەوسەرەوە بە بێژنگی خۆیەوە دێت و بێڕەحمانە دەیاندات لە بێژنگ.

چۆن ڕابوردوو بکەین بە ئایندە؟

ئەگەرچی کۆی ڕووداوەکانی ”ئەو ڕۆژانەی…” لە بڕگەیەکی زەمەنی دیاریکراودا ڕوو دەدەن ‘١٩٧٩–١٩٨٥’، بەڵام بەردەوام تیلەچاوێکی لە ڕابوردووی دوور و نزیک بەو مێژووەیە و دەورانی زۆرێک لەو ڕووداو و کەسایەتییانە دەکات، کە بزوێنەری ئەم شۆڕشە بوون. دیارە لە نووسینەوەی بیرەوەریدا ناکرێت وەک قازییەکی بێلایەن تەماشای ڕووداوەکان بکرێت، چونکە بیرەوەرینووس خۆی یەکێکە لە کارەکتەرەکان و لە جێیەکدا سنووری بێلایەنیی تەرەفداری لێ تەسک دەبنەوە و دەبێت بڕیار بدات. ئەم خاڵە دەتوانێت دەرگای ڕەخنەمان بەسەردا واڵا بکات و خەساری زۆرێک لە بیرەوەرییەکان بخوێنینەوە، ئەویش بەوەی کە زۆرێک لە بیرەوەرینووسان بە لۆژیکی ”دڵڕاگرتن” بیرەوەرییەکانیان دەنووسنەوە و دڵی هیچ کەس و لایەنێک لە خۆیان نائێشێنن و لای ئەمان، هەمووان پیاوی چاک بوون، ئەگەر لە شوێنێکیشدا هەڵەیەکیان کردبێت، ئەوا لە پارەگرافێک دواتردا تەعویزیان بۆ دەکاتەوە و دەبنەوە بە پیاوی چاک. هەڤاڵ بەم لۆژیکە ”لۆژیکی دڵڕاگرتن” کار ناکات، ئەو ڕاستگۆیانە ڕەخنەی خۆی و هاوڕێکانی و سەرکردایەتی دەکات. نزیکبوونی هەڤاڵ لە سەرکردایەتییەوە، ڕێگر نییە لەوەی وزەی ڕەخنەی بمژێت و لێی تێپەڕێت، بە پێچەوانەوە، ئەم وزە ڕەخنەییە لە دەستپێکەوە تاکوو کۆتایی، بە نەفەسێک لە هەڵکشان و ڕۆچوونە ژێر پێست و کەوڵی دانەبەدانەی کەسایەتی و ڕووداوەکاندا شۆڕ دەبێتەوە و لە زمانێکی شیعریدا خۆی مانیفێست دەکات، ڕەنگە هەر ئەم توانا و هێزهاوێزییە بێت لە زمان، کە لە دێڕبەدێڕی ئەم یاداشتنامەیەدا هەست بە لێدانی دڵی ڕاستگۆیی و ترپەی دڵی زیندووی ڕووداوەکان بکەین.

پرسی ڕابوردوو، ئەوەی کە چی گرنگە لە ڕابوردوودا بانگهێشتی ئێستا و داهاتووی بکەین و چییش خراپە فڕێی بدەین، دەکرێت لەو ڕووەوە “ئەو ڕۆژانەی…” زۆر لەو باش و خراپییانەی ڕابوردوو سەبارەت بە ئێستا تاوتووێ بکرێن. ئەوەش ڕاستەوخۆ بۆ ئەو نیگا تۆکمە و ڕوونە ڕەخنەییەی نووسەرەکەی دەگەڕێتەوە، کە بێ هیچ پاساو و خاترانەیەک، وەک فیلمێکی سینەمایی، لە ڕێی قەڵەمەکەیەوە دەیخاتە بەر شاشەی چاومان.

قەوانی کەوتوو؛ ئینسانی بەدەمداکەوتوو

یەکێک لە سیماکانی شۆڕش، تێکڕژان و پێکداچوونی کەسە جیاوازەکانە، هەم لە ئاستی مەعریفی و هەم لە ئاستی چین و تەنانەت شوێن و دەڤەری جیا جیایشەوە، هەر ئەم خاڵەیش وا دەکا کە شۆڕش وەک تیپێکی موزیکی تەماشا بکەین، لەگەڵ ئەوەی هەر ئەندامێک لەم گروپەدا خاوەنی دەنگی جیا و ڕەنگی جیایە، بەڵام بەکۆدەنگی ئاوازی مارشێک بەرهەم دەهێنن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوەی گرنگە، خاڵی پارێزگاریکردن و سەلامەتپارێزیی هەریەک لەم دەنگانەیە، بە جۆرێک، ئێمە لە دەرەوەی ئەم تیپە گەورەیەش بتوانین دەنگی خۆیان بناسینەوە و مۆرکی خۆیان ون نەکردبێت. یەکانگیر لەگەڵ ئەم دۆخەدا، لە ”ئەو ڕۆژانەی…”دا جیاوازیی دەنگ و ڕاوێژی کەسەکان بەوردی ڕەچاو کراوە و هیچ دەستتێوەردانێکی دەرەکی یان ناوەکی نەکراوەتە سەر دەڤەرە تایبەتی و تاکەکەسییەکان. هەڵبەت دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئیمکانی فرەدەنگی لە ژانری بیرەوەریدا، ئیمکانێکی مەحاڵ و نەکردەیە، چونکە دەنگی زاڵ لە ژانری یادەوەریدا، ”من”ە، من لەو ساتەدا کە تێکەڵ بە ئاپۆڕا و حەشامات دەبم و بەشوێن تاکیتیی خۆمدا دەگەڕێم. بۆیە لە بیرەوەریدا چەند پارێزگاری لە ڕاوێز و تۆنە جیاوازەکانیش بکرێت، دەنگێکی زاڵ هەر هەیە، کە هەموو دەنگەکان لەژێر ئەودا مانا و قەوارەی خۆیان وەردەگرن.

زوڵاڵیی دەنگی گێڕەرەوە و یەکدەستبوونی تێمای سەرەکی، لەو خاڵە بنەڕەتییانەیە کە دەتوانێت گرەنتیی بەردەوامبوونی خوێندنەوە لەلایەن خوێنەرەوەوە بکات. ئەم دەنگە لە یاداشتنامەی کوردیدا ئەگەر نەڵێین غیابە، لانی کەم کزۆڵە و کزە، دەنگی گێڕەرەوە…

”ئەو ڕۆژانەی…” گێڕانەوەی زەمەنێکی دیاریکراوە (١٩٧٩-١٩٨٥)، خوێنەر لە ڕێی ئەم یاداشتنامەیەوە دەتوانێت ئاشنای بەشێکی گرنگ و ورد لە ئەزموون و ژیانی سیاسی و فەرهەنگیی شۆڕشی نوێی کوردی ببێت لەم ساڵانەدا، هەر لە ڕێی ئەم یاداشتنامەیەوە خوێنەرەوە ئاشنای زۆرێک لەو ململانێ و شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆیی و دەرەکییانە دەبێت، کە بە نزیکەیی هەمیشە تای خێزیاوی هەڵکشاوتر و بەگوڕتر بووە لە تای نیشتاو، ئێمە لەم ساڵانەدا هەژموونی ئایدۆلۆژیا و ڕەنگاڵەیی و تاسەکردن بۆ ئایدۆلۆژیا دەبینین، دەبینین چۆن عاشقبوون بە ئایدیاکانی مارکس و لینین و ماوسی تۆنگ جێ بە ترس و ڕەنج و مەرگ تەنگ دەکەن و هەمووان بە مەیل و چێژەوە بەرەوپیریان دەڕۆن. هەر لە ڕێی ئەم یاداشتنامەیەوە ئێمە پەتای ئەم عەشقە، عاشقبوون بە ”کۆمەڵە” دەبینین، کە چۆن وەک خانەکانی شێرپەنجە تەشەنە دەکەن و هەموو شوێنێک دەگرنەوە.

لە ڕێی ”ئەو ڕۆژانەی…” دەتوانین سەرەتاتکێی بەرەیەک لە نووسەران بین، کە لە شارەکانەوە هاتوون و پێوەندییان بە شاخ و شۆڕشەوە کردووە، بەرەیەک کە دواتر لە قەوارەی دامەزراوەیەکی وەک ”یەکێتیی نووسەرانی کورد”دا خۆیان دەناسێنن و جێکەوتە دەبن، ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئەدەبیاتەی تایبەتە بەم جوگرافیا و دەڤەرە و دەتوانین ناوی ”ئەدەبیاتی شاخ”ی لێ بنێین. لە ”ئەو ڕۆژانەی…” ئێمە هەڵوێست و کاریگەریی ئەدەبیات لەسەر شۆڕش دەبینین، تێدەگەین ئەدەبیات چۆن دەتوانێت هاوشانی تفەنگ و تانکەکان، لە سەنگەری بەرگریدا بێت، چۆن دەتوانێت لە ڕێی شیعر و چیرۆک و گوتاری حەماسییەوە گوڕ و جەربەزەیی پێشمەگە و ڕۆحیەتی گەل و نەتەوە بەرز بکاتەوە، چۆن ئەدەبیات و بەتایبەت ژانرێکی وەک شیعر، لە توانایدایە چییەتی و ماهیەتی مەرگ، لە مێردەزمە و دۆخێکی سامناکەوە بگۆڕێت بۆ حەز و مەیلێکی چیژبەخش و تاسەکردوو.

هەر لە ڕێی ئەم یادنامەیەوە، ئێمە ئاشنای ”ئەدەبیاتی بەرگری” دەبین، ئەدەبیاتێک کە چەند دەیە پێشتر و دواتریش لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە دەنگ و ڕەنگی جیاواز درێژە بە ڕەوتی بەردەوامی دەدات، سیمای ئەم ئەدەبە دەکرێت لە شاعیرانێکی وەک “شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو، ئەنوەر قادر محەمەد، ڕەفیق سابیر و…” ببینرێتەوە. خەسڵەتی ئەم جۆرە لە ئەدەبیات، بەرگریکردنە لە ماف و ئازادیی نەتەوە لە ڕێی شیعرەوە، پێدانی وەها ئەرکێک بە شیعر، کارێکی زەحمەتە و شیعر وەک ژانرێکی ناسک و هەستیار لەژێریدا دەپسێت، بۆیە ئەڵتەرناتیڤی شیعر، پەخشانەشیعرە، لە ئەدەبیاتی بەرگریی کوردیدا پەخشانەشیعر وەک ژانرێکی زەرووری دێتە نێو ئەدەبیاتی کوردییەوە و دەتوانین هەر لە ڕێی ئەدەبی بەرگرییەوە سەرەتایەک بۆ پەخشانەشیعری کوردی دیاری بکەین، ئەو سەرەتایەش لە دەنگێکی گرنگ و ناوازەی ئەو نەوەیەوە دەست پێ دەکات، کە ئەویش ئەنوەر قادر محەمەدە بە شیعری ”وەرە خوارێ…”.

هەر لە ڕێی یاداشتنامەی ”ئەو ڕۆژانەی…” دەکرێت کۆمەڵێ خەسار و نەنگیی شۆڕش بخوێنینەوە، ئەویش لە ڕێی چەمکێک بە ناوی ”تاریکاندن”ـەوە، بەکورتی، ئەم چەمکە دەتوانرێت وەها ڕوون بکرێتەوە؛ لایەک یان شوێنێک بەتەواوی تاریک دەکرێت، بە مەبەستی ڕووناککردنەوەی لایەک یان شوێنێکی تر، دیارە ئەم کارە ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی تاکتیک و ستراتیژیەتەوە، هەر لە ڕێی ئەم چەمکەوە دەتوانرێت زۆر مەبەست و مەخزای جیاوازی پێ ڕوون بکرێتەوە، هەر لە کارێکی ئاساییەوە تاکوو کارە نێودەوڵەتی و جیهانییەکان. بە نیسبەت نووسینەوەی یادەوەرییەوە، دەتوانین بڵێین ئەم چەمکە یەکێکە لەو چەمکە کارایانەی لەم ژانرەدا لە برەودان و گوژمدانێکی بەردەوامدایە، بەتایبەت لەو بیرەوەرییانەدا کە بیرەوەرینووس تەنها ڕووبەرە فراوان و بەرچاوەکان دەگرێت و زووم دەخاتە سەر گێڕانەوە و ڕووداوە زەقوزۆپەکان، ئەو گێڕانەوە و ڕووداوانەی هێندە گوتراونەتەوە، لەبەر کراون و هەموو وزەیەکی ڕەخنەگرانەیان لێ مژراوە. هاوتەریب بەم باسە، ”ئەو ڕۆژانەی…” ڕووناکی و زووم دەخاتە سەر کۆمەڵێک ڕووداو و پێشهات، کە تەریک و تاریکن، کۆمەڵێک باس بە دەنگ دێنێت، کە کەمترین جار بەدەنگ هێنراون. یەکێک لەو مەسەلانەی بۆ شۆڕش وەک لوغز و مەتەڵێک ماوەتەوە و قسەکردن لەبارەیەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بڤە و قەدەغە بووە، مەسەلەی ئافرەت و خۆشەویستی و سێکس بووە. هەڤاڵ بەر لەوەی بێتە شاخ، کتێبێک دەربارەی ئافرەت و بەرگریکردن لە ئافرەت دەنووسێت: ”ئافرەت و ژانی لەدیکبوونێکی نوێ”، لەم کتێبەدا، یەکێک لەو خەسارانەی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆمەڵە و یەکێتیدا نەدیو و نەبان گیراوە، ڕۆڵ و مافی ئافرەتە، هەم وەک ئینسان، هەم وەک ئافرەت و خۆشەویست. سەلمێنەری ئەم خاڵە دەتوانێت لە بەشداریی ئافرەتان لە شاخدا بسەلمێنرێت، کە ئەگەرچی ژمارەیەک لە ئافرەت لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و بەتەنیشت پیاوانەوە هەبوون، بەڵام دەتوانین بڵێین ژمارەیەی زۆر لەم ئافرەتانە، یان تەواوی هەموویان، خێزانی ئەندامانی سەرکردایەتی یان پێشمەرگەکان بوون. ئەمەیش ئەو نوختە لاواز و فشۆڵەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامە و پرنسیپی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نە نەکرا، یان نەویستراوە دەرگا بە ڕووی ئافرەتاندا واڵا بکەن. واتە لە نەستی سیاسیی سەرکردایەتیی هەردوو لادا، نەریتێکی سونەتی و پیاوسالارانە کارا و هەڵسووڕێنەر بووە، سیاسەتیان بە عەقڵیەت و مینتەڵێکی موحافیزکار و چوارچێوەدارەوە کردووە، ئەو عەقڵیەت و مینتەڵێتەی پێی وایە دەبێت ئافرەت بە کاری ناوماڵ و منداڵبەخێوکردنەوە سەرقاڵ بێت، پیاویش بە کاری دەوەرە و کاسپی و سیاسەتەوە.

ئەڤین و سێکس وەک دوو قەدەغەدەترین باس لەنێو پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی شۆڕشی نوێدا، بە جۆرێک لەسەر ئەم باسانە سزای توند تا ڕادەی کوشتن جێبەجێ کراوە. جیا لەو باسە زۆرانەی لە هەریەک لە ئەڤین و سێکس هەڵخرێنراون، دەتوانین ئەم دووە وەک بەشێک لە ئامانج و مەبەستەکانی هەر شۆڕشێکی سەرڕاست و خاوەنپڕۆژە تەماشا بکەین، ئاشکرایە کە چرکەی هەڵگیرساندنی شۆڕشەکان، چرکەی گەیشتنە ترۆپکی قەیرانەکانن، لە قەیرانی سیاسییەوە بگرە بۆ زەوتکردنی ئازادی، پێشێلکردنی عەدالەت، داتەپینی ئەخلاقیات و ئابووریی کۆمەڵگە و… شۆڕشەکان کە دێن، لەپێناو ئازادی و سەرگرتنی عەدالەتدا دێن، ئەگەر تەماشای شۆڕشی خوێندکارانی فەڕەنسی بکەین، یەکێک لە دروشمە ئاڕاستەکراوەکانیان، ئازادیی سێکسی و مومارەسەکردنی تاکانەیی بووە، هەڵبەت تاکوو نەتوانرێت ئازادیی تاک و مومارەسە فەردانییەکان دابین بکرێت، بەدڵنیاییەوە ناکرێت و ناتوانرێت ئازادیی نەتەوە و داواکانی دیک دابین بکرێن. هەڵبەت کاتێک ڕەوایەتی بە ئازادیی تاک و ئەزموونکردنی ویست و غەزرە دەروونی و سێکسییەکانی دەدەین، ئاگامان لەوەیە کە خودی ئەم ئازادییە نەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئازادی بۆ بەرەڵایی و ئەڤین بۆ پۆرنۆگرافی، بەڵکوو دانانی دامانێک/سنوورێک لەنێوان ئەمانەدا، مەرجی سەرگرتنی هەر شۆڕشێکە. لە شۆڕشی نوێی کوردیدا، وێڕای تووڕدانی وەها داوا و نیازێک، بە ئاشکرا و ڕوونییش ئەو قەدەغەکارییە ڕادەگەیەنرێت و هەر قەدەغەشکێنییەکیش لەم نێوانەدا، فەوتاوی و لەناوچوونی بەشوێندا دێت. یەکانگیر لەگەڵ ئەم باسەدا، لە ”ئەو ڕۆژانەی…”دا پەیوەندییەکی لەرزۆک و شەمێونانەی پێشمەرگەیەک دەبینین، کە چۆن لە بەرزەخی ئەڤینێکدا مۆلەق و هەڵواسراو دەمێنێتەوە. دەتوانین شایەدی مردنی عەشقێک بین، کە دەکرێت لە هەر کات و شوێنێکی تردا با، کڵپە و بڵێسەی ئەم عەشقە تا ڕادەی ئاوێزانبوون و لێکاڵانێکی هەمیشەیی بڕوات، بەڵام پیرۆزییەکانی ئایدۆلۆژیا، بیروبڕوای پۆڵایین ئەم عە‌شقە دەمرێنن، چراکانی پەیوەندی و تاسەکردن بێدەنگانە خامۆش دەکەن. بزە و پەیڤە نەرمەکان بەسەر لێوەوە وشک و دەوەرێنن. ساتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڤاڵ کوێستانی بە خانمی ژێر دەوار و دەربڕینی ڕاز و هەموو ئەڤینی خانمەکە بۆ هەڤاڵ لە کەنار جۆگەلەیەک و خۆبەدەستەوەنەدان تا ئاستی خۆگێلکردنی هەڤاڵ دەرهەق بەم هەستە قووڵ و ڕاستگۆییە، بیرهێنەرەوەی ”ئۆلیس”ـە لە داستانی ”ئۆدیسە”ی هۆمیرۆسدا: ئەو کاتەی ئۆلیس ڕێی دەکەوێتە دوورگەی سێرینەکان، واتە دوورگەی ژنە جوان و ئاوازخۆش و دەنگبزوێنەکان، دەستی بەسەر دڵیەوە گرتووە، دڵ وەک کانگای ویست و ئارەزوو، داوا لە دڵی دەکات خۆڕاگر بێت، ئۆلیس دوودڵە لەوەی بچێتە دوورگەکەیانەوە یان نا، بەڵام ئاوازی ئەوان بەردەوامە و هەموو مەلەوانێک شێت و سەرسام دەکات، ئەمەیشە ئۆلیس بەرامبەریان داوا دەکات بە ئەستوندەگی کەشتییەکەیەوە شەکەتی بدەن، ئۆلیس دەست دەنێتە سەر دڵی خۆی بۆ ئەوەی بەرگە بگرێت و دڵدۆڕاو نەبێت. ئاوازی سێرینەکان نیشانەی سروشتە، دەنگی سروشتی سەرکوتنەکراو، پەیوەندییەکی بەدەر لە دەسەڵاتە بە جیهان و سروشتی دەروونەوە. دواتر دەبینین ئەم سەرکەوتنەی ئۆلیس و خۆڕاگریی لەبەر دەم حەزی دڵدا، دەبێتە نیشانە و ڕەمزی شانازیی سەربازی لە هەموو دنیادا: ڕاوەستان و دەستخستنە سەر دڵ و ئازایەتی و زاڵبوون بەسەریدا، ئەمەیش هاوتەک دەکاتە زاڵبوون و بردنەوەی سروشتی دەرەکی و ناوەکییە بەسەر سروشی ناخەکی، یان هەمان دڵدا.

***

دابەشکردنی کتێبەکە بۆ هەشتا و پێنج بەشی سەربەخۆ و هاوکات پێکەوەگرێدراو، یەکێکە لەو خاڵانەی دەکرێت وەک تەکنیک و ستراتیژیەتی دەق تەماشا بکرێت و بخوێنرێتەوە. هەڵبەت لە ڕواڵەتدارترین خوێندنەوەدا، دەکرێت ئەم دابەشکارییە بۆ (٨٥) بەش، یەکانەیی بێت لەگەڵ ڕەوتی گێڕانەوەکاندا بەپێی زەمەن و ساڵ، کە لە (١٩٧٩ بۆ ١٩٨٥) دەگرێتەوە، وەستانی لە ساڵی ١٩٨٥دا هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتن بە بەشی ٨٥ی کتێبەکەیش. جیا لەم دەلالەتە، دەتوانین بە گەڕانەوە بۆ ناوەرۆکی کتێبەکە خاڵانێکی تر دەستنیشان بکەین، بە نموونە، جێگۆڕکێی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە و گونداوگوند و دۆڵاودۆڵی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، هۆکارێکە بۆ ڕێگری و ڕێگەنەدان بە گێڕانەوەیەکی یەکنەفەس و درێژ و فەرزکردنی گێڕانەوەیەکی چڵاوچڵکەر و لێرە و لەوێ، بۆیە زۆر جار هەریەک لەم بەشانە، دەکرێت وەک کورتەچیرۆکێکی تراژیدی بخوێنینەوە، کە لە هەندێکیشیاندا دۆخێکی تەنزامێز ناونیشین دەبێت. خاڵیکی تر لە دابەشکردنی کتێبەکە بەسەر هەشتا و پێنج بەشدا، کە دەتوانێت نوختەیەکی سەرکەوتن بە کتێبەکە بنووسرێت، دەستگرتنە لە مەسرەفکردن و خەرجیی وشە و پەیڤی لابەلادا؛ ئەم نوختە جیا لەوەی بەهای کتێبەکە لە گێڕانەوەیەکی ڕووت و واقیعییەوە بەرز دەکاتەوە بۆ گێڕانەوەیەکی ئێستاتیکی و ئەدەبی، کەش و مەوقیعیەتی شیعریش لە هەناوی گێڕانەوەدا دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرز، چونکە شیعر لە یەکێک لە پێناسە بێشومارەکانیدا، هونەری چڕنووسین و دەستگرتنە بە وشەوە، لە کۆی کتێبەکەدا مەحاڵە زیادەڕەوییەک بدۆزینەوە، کە بە لابردنی کەلێن و کێماسی بە کتێبەکە نەبەخشێت، بۆیە یاداشتنامەی ”ئەو ڕۆژانە…” لەو تاقمە یاداشتنامانەیە، کە مۆری خۆی وەک دەقێکی تۆکمە و پتەو دەچەسپێنێت.

لەم یادەوەرییانەی هەڤاڵدا، دەبینین کە لە هەرکام و لە هەر سەنگەرێکەوە گوللەیەک بتەقێنرێت و ئاڕاستەی سەنگەر و ڕەبیەکانی ئەوبەر بکرێت، لەگەڵ کەوتنی قەوانەکەیدا، بە ئەگەری زۆرەوە لەوبەر و لە تاریکیدا کەسێکیش بەدەمدا دەخات.

ئاگایی دەق: دیالۆگی ”ئەو ڕۆژانەی…” لەگەڵ چەند دەقێکدا

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین بە وەرگرتنی چەند نموونەیەک لە ئەدەبیاتی شاخ، لەو بڕگەی زەمەنییەی کە دەکەوێتە ناو بازنەی یادەوەرییەکانی هەڤاڵ کوێستانییەوە، ڕوونی بکەینەوە کە چۆن و بە چ شێوازێک یادەوەرییەکانی نێوبراو دەکەوێتە دیالۆگ و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دەقانەدا.

شێرکۆ بێکەس

بێ دوودڵی دەتوانین نێوی شێرکۆ وەک شاعیری شۆڕش بێنین، شێرکۆ وەک نوێنەری دەنگی شۆڕش و بەرگریکار لە پیرۆزیی ناوی شەهید و پێشمەرگە، چەندین شیعر و دیوانی لەو پێناوەدا نووسیوە و بۆ گەلێک لە ڕووداو و چالاکی و کەسایەتییەکانی نێو شۆڕش، شاباشی شیعری هەڵداوە. لە بەشێکی بەرچاو لە دیوانەکانیدا ئەم ڕۆحە شیعرییە دەبینین، کە بە هەموو هێز و توانای شیعرییەوە پەیڤەکانی لەدەوری باڵای تفەنگ و شەهید و ئاڵای کوردستاندا دەپژێنێت. یەکێک لەو دیوانانەی شیعرەکانی ناوی دەبن بە وێردی سەر زاری پێشمەرگە و خەڵک، دیوانی ”کەشکۆڵی پێشمەرگە”یە، ئەم دیوانە جیا لەوەی چەند شیعریەت و هونەرەکانی شیعر تێیدا سەرکەوتوو بوون، هاوکات دەتوانین وەک مارش و مانۆڕێکی حەماسی و لیرکیی پێشمەرگە بیخوێنینەوە، کە لەو ڕۆژانەدا، جیا لەوەی لەسەر زار و لەنێو دڵاندا زەمزەمە دەکرایەوە، جێی لە کۆڵەپشتی هەر پێشمەرگەیەکیشدا هەبوو. لە بیرەوەریی ”ئەو ڕۆژانەی…” باسی شێرکۆ بێکەس و کاریگەریی لەناو شۆڕشدا دیارە، پێگەی شێرکۆ لای سەرکردایەتی و پێشمەرگە، پێگەیەکی پتەو و قایمە، بە جۆرێک، وەک کەسی یەکەم و شاعیری گەورەی گەل و شۆڕش ڕێز و پێشکەش دەکرێت. خاڵی بەرکەوتن و دیالۆگی شێرکۆ و هەڤاڵ شیعرە، شیعر ئەو چەمکە گەردوونییەی دەتوانێت هەموو سنوورەکان هەڵبگرێتەوە و لە جێیان یەک نیشتمان و جوگرافیا بوونیاد بنێت، نیشتمان و جوگرافیای جوانی. هەڤاڵ بە چەند شیعری کەم، بەڵام بزووێنەر، بەتەک شێرکۆوە، هەمان شوناسی هەڵگرتووە و بەردەوامیش جەختی لێ دەکرێتەوە پارێزگاری لە شوناسەکەی بکات: شاعیری شۆڕش.

محەمەد موکری

نۆڤلێتی ”سەگوەڕ”، کە دەکرێت لە مێژووی ڕۆمانی کوردیدا وەک ئاژاوەگێڕترین و باسهەڵگیرسێنترین ڕۆمانی کوردی لە جووڵانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردیدا تەماشا بکرێت، نووسینی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس ”محەمەد موکری”یە. ئەم نۆڤلێتە بەرهەمی ساڵی ١٩٨٢ە، لە شاخ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕەنگە زۆرترین هێزهاوێژی و توانای ئەم نۆڤێلایە ئەو دیدە ڕەخنەییە بێت، کە ئاڕاستەی جووڵانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی ئەو ڕۆژگارە و بەتایبەت پێشمەگەری دەکات، ئەویش لە ڕێی کارەکتەرێکی گەنجی پێشمەرگەوە، کە پەیوەندی بەم بزووتنەوەیە دەکات و دایک و خۆشەویستەکەی لە شار جێ دێڵێت و دەچێتە شاخ. وەگێڕ، کە هەمان پێشمەرگەیە، لەناو زیندانەوە دەگێڕێتەوە و لە چاوەڕوانیی دادگایی و بڕیاری لەسێدارەندا چرکەکان دەژمێرێت، بەڵام وەک شەهرەزاد، دەیەوێت بە گێڕانەوە مەرگی خۆی وەدوا بخات. بە گەڕانەوە و فلاشباک ئێمە ڕابوردووی قەیرانلێدراوی ئەم کارەکتەرە دەزانین، تێکەڵ بە دنیاکەی دەبین و تێڕوانینی دەربارەی خۆشەویستی و شۆڕش و کارەکتەرەکانی نێو شۆڕش دەبیستین. گەرچی تێڕوانینەکانی وی لە هەندێک جێدا زبرن، بەڵام هەڵگری چییەتی و مۆرکی ڕاستگۆیین، بۆ نموونە، ئەگەر پێکەوە سەرلەنوێ ئەم ڕستانە بخوێنینەوە: ”لە سەدەی بیستەمدا، هەرکەس ئاسوودەیی بوێت، ئەوا بەهەڵە لەو سەدەیەدا لەدایک بووە.” یان ”دەتبینی زۆربەی زۆری (سکرابە سیاسییەکان) هەریەکە حیزبێکیان دامەزراند… هەموویش هەر دەیگوت: حوکمی زاتیی حەقیقی و لەسەر ڕێبازی مارکس.” یاخۆ، ”دیسانەوە پاش ئاشبەتاڵ و ئەم تێهەڵچوونە، هەر عەشیرەتبازی و چاوپۆشین و ئاغایەتی لە گۆڕدایە، دیسانەوە ڕێگرتن لە ڕۆشنبیران دەکەنە ئامانج.” یان حسابکردنی کەسانی مودمین و چەتە لەسەر ناوی پێشمەرگە و دواتریش ناوبردنیان وەک کەسانی دڵسۆز و تفەنگدۆست. دیارە لە زۆر شوێن و بڕگەی تردا دەکرێت ڕووبەڕووی ئەو دەربڕینە ڕەخنەییانە ببینەوە، ئەم زمانە تیژە، لەو کاتەدا، زمانێک بووە قبوڵنەکراو و سەرزەنشتکراو، چونکە پەردە لەسەر لایەنی دزێو و پاشەڕۆی هێزێکی پیرۆز و لەخۆبوردووی وەک پێشمەرگە هەڵدەداتەوە، سیاسیی بەلەزبین ناتوانێت تەحەموولی ئەم جۆرە زمانە بکات، ئەو ڕاهاتووە بەردەوام ستایش بکرێت و بە باڵای سەرکەوتن و نوشستییەکانیدا هەڵبدرێت، هەموو پیرۆزییەکانی وەک گیانبەختکردن لەپێناو خاک و میللەت و شەهیدبووندا، وەک شاباش، تووتیئاسا بگوترێنەوە. لە پێکئانینیگرتنی ”سەگوەڕ” و ”ئەو ڕۆژانەی…”دا، دەکرێت زۆر خاڵی هاوبەش بدۆزرێنەوە، لەسەروو هەموویشیانەوە ئەو دیدە ڕەخنەییە هاوبەشەی نێوانیان، دیدێک کە زادەی قووڵبوونەوە و توێکاریی زۆرێک لە دەرهاویشتە و پەرچەکردارەکانی نێو جووڵانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی ئەو کاتەیە، جیا لەوەیش، هەڵکەوتە و گەلێک خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردوو کارەکتەری سەرەکیدا، بەوەی هەردووکیان گەنجن و خۆشەویستەکەیان لە شار جێ دێڵن و دوای خەونی ئازادی و سەربەخۆیی دەکەون و دەبن بە پێشەرگە، لە شاخیش وەک دوو کەسایەتیی ناڕازی و یاخی، دەتوانێت پردی دیالۆگ و مەنۆلۆگ لەنێوان ئەم دوو دەقەدا نزیکتر بخاتەوە.

حەمەکەریم عارف

نۆڤلێتی ”کۆچی سوور”ی حەمەکەریم عارف، بەرهەمی ساڵی ١٩٨٦، لە شاخ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. یەکێکە لەو بەرهەمانەی پاش بڵاوکردنەوەی، گردوکۆ دەکرێتەوە و لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕشەوە دەسووتێنرێت. ”کۆچی سوور” دەتوانێت وەک غەیبگۆیەک بۆ ئایندەی شۆڕش تەماشا بکرێت، کە پێشبینیی سەرنەگرتن و نەگەیشتن بە ئامانجی شۆڕشی کردووە. کارەکتەری ”مستۆ” وەک پێشمەرگە، هەڵگری فرەشوناس و شێوە، دەتوانێت بڕێکی زۆر لە تێڕاوانینەکان بۆخۆی بکێش بکات، جارێک وەک دڵسۆز، جارێک وەک چەتە، جارێک وەک خۆفرۆش و… لەگەڵ ئەوەی ”کۆچی سوور” وەک پێشبینیکارێک شکست و گلانی شۆڕش ڕادەگەیەنێت، بەڵام کەم نین ئەو جێیانەی ناوی ”پێشمەرگە” و ”پێشمەرگایەتی” ستایش دەکات. ”پێشمەرگایەتی عیبادەتێکی تەواوە. عیبادەت پەیوەندییەکی خالیسەی نێوان بەندە و خوایە، عەشقێکی ڕووتی بێڕیایە، ئاواش پێشمەرگایەتی عەشقێکی پاک و بێگەردە دەرهەق بە خەڵک و خاک و ئازادی.” بەڵام ئەم ستایشە تا سەر درێژەی نییە و نەفەسێکی ڕەخنەگرانە ڕای دەگرێت: ”بەڵام ئاگات لێیە ئێمە لە چ چڵپاوێکدا دەژین! چڵپاوێک پڕ لە دز، دەستبڕ، فاڵچی، ماستاوچی، قۆنتەراتچی، سیاسەتچی، بۆرەپیاو و ڕیاکار.” دەقهەڵسەنگێنانە ئەگەر لە ”کۆچی سوور” و ”ئەو ڕۆژانەی…” بڕوانین، وێڕای وزە و زمانە ڕەخنەگرانەکەی، دەتوانین ئەو ستایش و عەشقە قووڵەیش ببینین بۆ پێشمەرگە تێیاندا پەنهانە. لە ”ئەو ڕۆژانەی…”دا بە زمانێکی شاعیرانە لە چەند شوێندا وەسفی پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتیی ”کۆمەڵە” دەخوێنینەوە: ”ئەندامانی سەرکردایەتی وەک ئەندامی تیپی مۆسیقا دەهاتنە بەرچاو، کە هەموویان پێکەوە مۆسیقا دەژەنن و ئاوازی هارمۆنی بەرهەم دێنن.”

مامۆستا جەعفەر

کۆمەڵەچیرۆکی ”خۆرگیران”ی مامۆستا جەعفەر بەرهەمی ساڵی ١٩٨١، لە تووژەڵە نووسراوە و هەر لەوێش چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە لە چوار چیرۆک پێک هاتووە، تێمای چیرۆکەکان مەسەلەی ململانێی سیاسی و وێناکردنێکی ڕەش و نائومێدیی چیرۆکنووسێکە لەو شتەی ناوی نراوە شۆڕشی نوێ. لە چیرۆکی ”خۆرگیران”دا ئەم نائومێدییە دەگاتە ترۆپک و تەشق: ”تاریکی چۆکی لەسەر سینگیان قایم کردووە و دەستی ناوەتە بینەقاقاتان، کەچی هەر داناکەون… تەماتان وایە بە دەف و تەنەکەلێدان خۆر بەرەڵا بکەن؟” ئەمە بۆچوونی ”ئەشکەوتنشین”ـە، کارەکتەری سەرەکی، کە هێمای بەرخۆدان و بەرگرییە. لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەدا ئەو تیزەدان و گاڵتەپێکردنە دەبیستین، کە وەک ”خەڵەفاو، هۆشلەدەستچوو” تەماشای دەکەن. لە چیرۆکی ”دیدەنی”دا بە تەکنیکی نامەنووسین، حەکایەتی عەشقێکی فەوتاو دەبیستین، حەکایەتێک لە دواچۆڕدا، ساتی برینداربوون و شەهیدبوونی کوڕ/پێشمەرگە و ساتی گەیشتنی نامەکە و ناکامیی ئەڤین. لە ”لە داخی ئەم دادگایە ئەمشەو خۆم هەڵدەواسم”دا ڕەخنەی خۆی لە ڕێی چەند دیمەنێکەوە بەڕێ دەخات، ڕەخنەیەکی ناوەکی و ناڕازای؛ ڕەخنەکردنی ”دادگای شۆڕش”، پێت دەڵێت: چۆن دادگای شۆڕش بۆ ئەندامەکانی چەند ناعادیلانە و توندە، دادگای شۆڕش خۆرەیەکە لە خۆی دەخوات و گەشە دەکات. دوا چیرۆک ”مۆتەکە”، وێناکردنی ئەو ترس و کابووسەیە کە لەو زەمانە و عەسرەدا بووە، پۆلیس لە هەموو شوێنێکە. لە یادەوەرییەکانی هەڤاڵ کوێستانیدا دەتوانرێت ئەم بڕگانە بچنرێتەوە، هەم لە ڕووی ماناکانی ڕزگاری و هەم لە ڕووی خۆشەیستی و ئەڤینێکی فەوتاوەوە، بەتایبەت لەگەڵ چیرۆکی ”لە داخی ئەم دادگایە ئەمشەو خۆم هەڵدەواسم”دا یەکانگیرییەکی ورد و پێکداچوون دەسازێت، بە ڕەخنەکردنی هەڵوێست و کرداری بەشێکی زۆر لە بەرپرسەکانی سەرکردایەتی بەرامبەر بە زۆرێک لە کادر و ئەندامەکان، تەدارەکی دادگا و چاودێریکردن و جاسووسی بەسەر یەکترەوە. لە ”مۆتەکە”دا وێنەی ئەو ترس و تۆقینە لەگەڵ ”ئەو ڕۆژانەی…”دا پێک بگرین، کە هەموو شتێک دەخاتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆیەوە، وێنەیەک هاوەڵ و هاوشان لەگەڵ هەمووان، وێنەیەک کە دەکرێت وەک لۆگۆی ئەو زەمەنە دابنرێت.

پشکۆ نەجمەدین

ڕەنگە هیچ کتێب یان دەقێک هێندەی ”ئەزموون و یاد”ی پشکۆ نەجمەدین نەکرێت و نەبێت کە بکەوێتە کارلێک و دیالۆگکردن لەگەڵ یادەوەرییەکانی هەڤاڵ کوێستانیدا. جیا لەوەی هەردوو کتێب لە دوو گۆشەنیگای تایبەت و دیاریکراوەوە دەرفەتی ڕوانین و ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە خوێنەرەوە دەدەن، دەتوانن بکەونە ڕاوێژی بەردەوامیشەوە، ئەویش بە حوکمی یەک: هاوژانربوونی هەردوو دەقەکە، واتە ژانری یادەوەری؛ دوو: قسەکردن دەربارەی هەمان ڕووداو و ماجەرای ساڵانێک، کە هەردووکیان بە شێوەیەکی کردەیی (فعلی) تێیدا ژیاون و ڕۆڵیان بووە، تەنانەت نزیک و هابەشیی ساڵەکانیش یارمەتیدەرێکی ترە بۆ ئەم هاوسێیەتی و دیالۆگکردنەی نێوانیان” (پشکۆ نەجمەدین: ١٩٧٨-١٩٨٩، هەڤاڵ کوێستانی: ١٩٧٩-١٩٨٥)، وەک دەبینرێت هاوبەشیی ساڵانێک لەنێوان هەردوو کتێبەکەدا زۆر و بەرچاوە. نوختەیەکی دیکەیش دەتوانین بیبەستینەوە بە هەڵکەوتەی هەردوو بنووسەوە لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، کە دەتوانین لەنێو ئەو کادر و ئەندامانەی جووڵانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردیدا پۆلێنبەندی و خانەبەندیی بکەین؛ کە دەکرێت لەژێر ناوی نەوەیەکی ”لەکتێبەوە هاتوو” ناودێریان بکەین، ئەم نەوەیە دەرچووی قۆناغێکی ”زانکۆ یان پەیمانگە”بوون، خوێندەوار بوون بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیا و تێزەکانی مارکسی/لینینی و لە ڕووی تیۆرەوە پڕچەک بوون، وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، ڕەگی ئەم نەوەیە لە بزووتنەوەی سیاسیدا کۆنە و لە ڕووی کردەییەوە کەمترین جار توانیویەتی کاریگەری و شوێپێی خۆی لەو کایەیەدا بنوێنێت. جیا لە هەموو ئەوانە، دەکرێت خاڵانێکی تر بدۆزینەوە لە بەها و ئاستی ئەدەبیدا، کە پێم وایە ڕەپێشبردنی وەها باسێک دەتوانێت ببێتە بەرهەمی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و جیا، لێرەدا بەگشتی هەوڵ دەدەین ئاماژە بە چەند دانە لەو خاڵانە بدەین: ١. بەهای زمان: زمان لە هەردوو کتێبەکەدا، زمانێکە تەواو ئەدەبی و شاعیرانە، جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ زماندا لە ئاستی گوێزەرەوە و ئامرازبوون تێپەڕ بووە و وەک بابەتێکی جەوهەری و سەربەخۆ بەکار براوە. ٢. وەسف: وەسفەکان لە هەردوو لا، وەسفگەلێکن شاعیرانە و هەستبزوێن، بەتایبەت لەو شوێنانەدا کە دەگەڕێنەوە بۆ دیمەنسازییەک لە سروشت و فەزای سروشت، وەسفەکان فرێم و کۆپلەشیعرن. هۆکاری ئەم سەرڕاستبوونە شاعیرانە و وەسفگەلە شیعرە، دەگەڕێتەوە بۆ شوناسی هەردوو نووسەر: شاعیر. ئالەن بەدیو دەڵێت: ”بەگشتی دوو جۆر لاوێتی هەن، یەکیان لاوێتی وەک چرکەیەی ئێجگار سەرنجڕاکێش و لەبەردڵان؛ ئەوی تر، لاوێتی وەک چرکەیەکی تۆقێنەری بوون. ئەم دوو جۆرە هاوکات و پێکەوە دەتوانرێت لای شاعیران دەرکەون، بۆ نموونە: ڕامبۆ! ڕامبۆ شاعیری مەزنی لاوێتییە.” [بەدیو، ژیانی حەقیقی، و. لە فەڕەنسییەوە: مەنسوور تەیفووری ٢٠١٨]. دەکرێت ”پشکۆ و هەڤاڵ، جیا لە دوو کارەکتەری سیاسی، وەک دوو شاعیری لاو، یاخۆ ڕاستتر وایە بگوترێت: دوو شاعیری لاوی ڕێهەڵەکردوو بۆ نێو بازنەی سیاسەت، تەماشا بکەین. ٣. تەکنیکی سینەما: یەکێک لە خەسڵەتەکانی سینەما، پیشاندانی ڕووداو و حاڵەتە لە ساتی جووڵە و بزۆزیدا، ئەم تەکنیکە، واتە پیشاندان، دەتوانێت گێڕانەوەی دیمەنێک لە چاوی کامێراوە وێنە بگرێت و بگوازێتەوە سەر شاشە، ئەو شتەی پێی دەگوترێت ”وێنەی جووڵاو”، ناوێکی ترە بۆ هونەری حەوتەم، واتە سینەما. ئەم وێنە جووڵاو و تەکاندەرانە لە هەردوو کتێبدا ئامادەیی بەرچاویان هەیە، بەتایبەت لەو جێیانەدا کە چالاکییە سەربازییەکان و جەولەکردنی نێو گوند و پێدەشت و ڕێچکەی درێژ بە توولەڕێی شاخ و پێدەشتەکاندا باس و تەوەرەی گێڕانەوەن، ئاسان دەکرێت ئەو بڕگانەی گێڕانەوە بکرێنە وێنەی بزواو و بخرێنە سەر سکرین. ئەمەیش دەستپێکی ئەو شتەیە کە پێی دەگوترێت ”کامێرای قەڵەم”. ٤. وردەکاری و دیقەتگرتن لە دەوروخولی ڕووداوەکان: یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم دوو کتێبە لەگەڵ زۆرێک لە یادەوەریی دیکە و ڕووداوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی، ئەو وردەکاری و دیقەتگرتنەیە لە پاژ و توێژاڵ و پەراوێزی ڕووداوەکان، لە زۆرێک لە یادەوەرییەکاندا ئەوەندەی زووم کراوەتە سەر ڕووداوە گەورە و زانراوەکان، کەمترین جار ئاوڕ لە دەوروخولی ڕووداوەکان و دەرهاویشتەکانی دراونەتەوە، ئەمەیش جۆرێک لە فشۆڵی و شاشیی بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکان داوە، کە وا دەکات لە ڕاستگۆیی و متمانەیان بەگومان و دوودڵ بین. هەرچی ئەم دوو یادەوەرییەیە، هێندەی پەرژاونەتە سەر ڕووداوگەل و کەسایەتیگەلی تەریک و کەنارگر، هێندە بەلای ڕووداوە گەورە و کەسایەتییە گەورەکاندا نەچوون، لەو کاتانەیشدا ڕووداوێکی گەورە و کەسایەتییەکی پلە یەک دەگێڕنەوە، لە ڕێی خەسڵەتە ورد و نادیدەکانەوە، وێنە و گێڕانەوەکانیان دادەمەزرێنن، هەر ئەمەیشە وای کردووە جیا لەو وێنە گشتی و زانراوانەی لە ڕووداو و کەسایەتییەکان هەمانن، لەم دوو کتێبەدا بەر وێنەگەلێکی تر دەکەوین، نائاشنا و نوێ. ٥. گرێچن: یەکێک لەو خەسڵەتە ئەدەبییانەی هونەری گێڕانەوە لە هونەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، گرێچنە، واتە چنین و گووراندنی ڕووداوەکان بە شێوەیەک، کە دەرفەت و ڕۆڵی ڕیزبەندی و بەدواییەکداهاتنی ڕووداوەکان لە بارێكی ڕاستەوڕاستەوە بۆ بارێکی ناڕاست و نابەدوا بگۆڕێت. گرێچن لە گێڕانەوەی ئەدەبیدا پێگەیەکی بەرز و گرنگی هەیە، کە تێیدا هیچ ڕووداوێک بەپێی کرۆنۆلۆژی و بەدواییەکداهاتن ناگێڕرێتەوە، بەڵکوو ڕیزبەندیی ڕەوتی زەمەن پاشەوپێش پێ دەکرێت، بە واتایەکی تر، گێڕانەوە لەسەر هێڵێکی ڕاست لە أ بۆ ب ناڕوات، بەڵکوو دەکرێت لە ج-ەوە بچێت بۆ د و پاشان بگەڕێتەوە بۆ أ… تێکدانی ئەم ڕیزبەندییە دژ بە هەموو گێڕانەوەیەکی مێژوویی و واقیعی دەوەستێت، کە تێیدا ڕەچاوی زەمەندبەندی و جومگەبەندی بەپێی ڕۆژ و ساڵەکان دەکرێت، بێ هیچ دواخستن یان پێشخستنێک. لە گرێچنی کتێبی ”ئەزموون و یاد” و ”ئەو ڕۆژانەی…” لە وەها گرێچنێک سوود وەرگیراوە، ڕەوتی ڕووداوەکان ڕەوتێکی ناهێڵی و ناڕاستەوڕاستن، بە شێوەیەکی بەرەودوا و تێکڕژاو، لەنێوان سێ زەمەنی ڕابوردوو، ئێستا و داهاتوودا، دێن و دەچن. ئەم نوختەیە جیا لە بەها ئەدەبییەکەی، کۆمەک و پاڵپشتیی خوێنەر دەکات جگە لە زانیاریی ئاشنابوون بە باسی سەرەکی، بە باسگەلێکی پاڵەکی و پەراوێزیش ئاشنا بێت، کە وەک چەند وردەگوڵێکی گەش و دەمکراوە، بە ناوەندی گێڕانەوەی سەرەکییەوە چنراون.

شاعیر و دووکەڵی چرووت

لە ”ئەو ڕۆژانەی…”دا، لە چەند جێ و کاتی جیادا، شاعیربوونی نووسەرەکەی هەم وەک شانازی و هەم وەک ”خەیاڵی شاعیرانە”، ناواقیعبوون و نەبوونی لێکدانەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی وردی باسەکان دەکەوێتە بەرچاو. هەرچەند دەکرێت لە وەها ڕەفتارێکدا کۆک و ناتەبایی کەسێتیی سیاسیی کوردی بخوێنرێتەوە و لەژێر ناوی ”بەرژەوەندی”دا مۆرێک بە نێوچەوانیەوە بنرێت، بەڵام لەوە سەرتر، دەتوانین ڕۆڵی شاعیر و پێگەی شاعیرانی لە شۆڕشدا پێ بخوێنینەوە، بەو واتایەی چەندیش قۆرت و لەمپەرەکان لەبەر دەم شاعیردا زۆر بن، بەڵام هەرگیز شاعیر خەریکی سازش و دابەزینی تەکلیف و شوناسی شاعیربوون، بۆ کۆمەڵێک داوا و سەلماندن تا ئاستی هوتاف و دەهۆڵکوتان ناکات و دەستبەرداری ئەو بەها و پێوەرە ئینسانییانە نابێت کە باڵەخانەی شیعر لەسەری دامەزراندوون. بۆیە لە سەرەتای کتێبەکەوە، کە بە دیمەنی چالاکیی پێشمەرگەیەک دەست پێ دەکات و بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و دواجاریش بوون بە ئەندام لە ”کۆمەڵە”دا، پاشان پێشمەرگەکە لەو چالاکییەدا شەهید دەبێت، هەر لەم سەرەتایەوە ئێمە ئەم دەنگە ناڕازییە دەبیستین، دەنگێک کە کپ و خامۆش ناکرێت، دەنگی شاعیرێک، کە هەندێک جار زبر و توند، هەندێک جار زووڵاڵە و هەندێک جاریش لەرزۆک و گریاناوی، دەگاتە گوێ و ناخ.

ئەسڵێکی دیالێکتیکی هەیە، دەکرێت باوەڕی پێ بهێنین، بەتایبەت لە دوو دۆخی هەڤاڵ کوێستانیدا، ئەمە ئەسڵەکەیە: ”تەنها ڕێگەی گەیشتن بە یاسای جیهان و یاسای گشتییەتی، بە ئاوارتە (ئیستسنا)یەکەوە تێپەڕ دەبێت.” یەکێک لەو دیمەنە کاریگەرانەی پەیوەند بە دۆخی شاعیرانەوەیە لەناو کتێبەکەدا، ئەو دیمەنەیە کە تێیدا هەڤاڵ کوێستانی چەند پێشنیاز بۆ یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە دەکات و پێشنیازەکانی ڕەفز و قبوڵ ناکرێن، هەڤاڵ وەک شاعیرێک دڵشکاو و تووڕەیە، نەوشیروان مستەفا بانگی دەکات بۆ بارەگای خۆی، ئەو دیالۆگە/ئامۆژگارییە دەسازێت، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ”حەز دەکەم یەک ئامۆژگاریت بکەم، تۆ شاعیریت و ئێمە لەناو کۆمەڵەدا تەنها یەک شاعیرمان هەیە، بەڵام دەیان کادری سیاسی و ڕێکخستنمان هەن. بە ڕای من دەکەیت، تۆ هەر بەشاعیری بمێنەرەوە و هەقت بەسەر ناکۆکییەکانی بەینی ئێمەوە نەبێت. خۆت مەکە بە تەرەف لەگەڵ هیچ لایەکماندا. تۆ شاعیری هەموومان بە…” دیارە هەڤاڵ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەستی گەنجانە و بەهەندی ناگرێت.

یەکێکی تر لە دیمەنە شۆکهێن و سەرسامکەرەکان، لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدایە، دیمەنێک لەنێو چڕەدووکەڵی چرووتدا! ئەمەیش ئەو کاتەیە (١٩٨٣) کە باڵی ”ئاڵای شۆڕش” بە ڕابەرایەتیی ”مەلا بەختیار، شێخ عەلی، پشکۆ نەجمەدین و…” خۆیان وەک باڵێکی جیا لە ”کۆمەڵە” و ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” ڕادەگەیەنن، درێژەی چیرۆکەکە لە چەندین یادەوەری و کتێبدا گێڕاوەتەوە، تەنها ئەوەندەی پەیوەندیی بەم باسەوە هەیە دەڵێین، هەموو ڕابەران و ئەندامانی ”ئاڵای شۆڕش” و تەنانەت هەموو ئەو کەسانەیشی سووکە گومانێکیان لێ دەکرێت، لە ماوەیەکی کەمدا دەگیرێن و تۆبەنووسییان پێ دەکرێت. هەڤاڵ بە حوکمی نزیکیی لە کادرانی ”ئاڵای شۆڕش”ەوە، یەکێکە لەوانەی گومانی لێ دەکرێت و مام جەلال بۆ لێپرسینەوە بانگی دەکات. دۆخەکە دۆخێکی تەواو بەرزەخی، نیمچەدادگایەک دامەزرێنراوە، شاعیر لەبەر دەم دادگای شۆڕشدایە؛ هەڤاڵ لەسەر سنوورە. ئەزموون سەلماندوویەتی، شاعیران سەر بە هۆزێکن کەڵەوەکێش و یاخی، لە دەرەوەی هەموو ڕەوتەکان درێژە بە مەلە و بەڕێکردنی شیعر و جوانی دەدەن، لەو ساتەیشدا کە شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکان لەرزۆک و لاواز دەبن، ئەم هۆزەی شاعیران دەبنە بزوێنەر و تەکاندەری هەموو شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکان لە هەرکوێی دنیادا بن. لەم دۆخە سازکراوە نیمچەدادگایەدا دەبێت شتێک یەکلا ببێتەوە، گشت وەڵامەکە چڕ و کورت بووەتەوە بۆ سەر ”بەڵێ” یان ”نەخێر”ێک. هەڤاڵ لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەدایە، ئێمەیش لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەداین، ئەگەری قبوڵکردن و ڕەوایەتیدان بە سڕینەوەی دەنگ و ڕەنگی جیا و تۆخکردنەوەی یەکدەنگی و یەکبڕیاری! یان گوتنی نا بەو ئەگەرە. سەختە. بەتایبەت لەبەر دەم کەسی یەکەمی ئەم بزووتنەوەیەدا! کتێبەکە تەواو دەبێت و پرسەکە هەر وا بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە. کتێبەکە لەسەر سنوورە، هەموو دەقێکی کێشەساز (پڕۆبڵیم) لەسەر سنوورە. وەک شاعیری ناو فیلمی ”وەرزی کەرکەدەن”ـی بەهمەنی قوبادی دەڵێت: ”هەوا خەنجەرە/ئاو خەنجەرە/تەنها ئەوەی لەسەر سنوور دەژی/وڵات دەدۆزێتەوە.” کاتێک ئێمە هەڤاڵ لەو دۆخە قەیراناوییەدا دەبینین، دەتوانین لەنێوان دێڕەکاندا ڕستەیەکی نەگوتراو و نەنووسراو، بەڵام هێندە ئاشکرا و زەق، کە چاو بەرگەی بینینی ناگرێت، بخوێنینەوە: ”نازانم لە بەختەوەری یان نەهامەتیمە، کە شاعیری شۆڕشم!” مام جەلال وەک ئەوەی لەو دۆخە قەیراناوییەدا ڕزگاری بکات، بە دەنگی نزم دەڵێت: ”هەرکاتێک شتێکی خراپیشت کردبێت، هەڵوێستت هەرچییەک بووبێت و ببێت، کە ئەو شیعرەتم بیر دەکەوێتەوە کە بۆ پێشمەرگە و شۆڕشت نووسیوە، ناتوانم هیچت بەرامبەر بکەم… ئەو شیعرەت پاکانە بۆ هەموو شتەکانی ترت دەکات.” کە لێرەدا مەبەست شیعری “ئەگەر گوڵبای…”، کە هەر لەو سەروەختەدا لەلایەن تیپی شەهید کارزانەوە کراوە بە سروود. جووڵاندنەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی، هەمیشە لەنێوان هەردوو ئەگەری یەکدەسەڵاتی و یەکبڕیاریدا، لەگەڵ ئەگەری دەرفەتدان بە فرەڕەهەندی و جیاوازڕوانین، لەم نێوانەدا هەڵپەسێراوە و مێژوویش سەلماندوویەتی ئەگەری یەکەم، واتە ڕەوایەتیدان بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی، سڕینەوە و قبوڵنەکردنی هەر شێوە ڕوانین و جیاوازییەک، ئەگەری زاڵ و سەرکەوتوو بووە، ئەگەرێک کە بەردەوام درێژەی بووە و بێگومان درێژەیشی دەبێت.