ڕۆمانی زستانی سەخت لە وتووێژێکی ئەدەبیدا

ڕۆمانی زستانی سەخت لە وتووێژێکی ئەدەبیدا

دیداری: ئیدریس عەلی

زستانی سەخت یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی نووسەری ناوداری ئەلبانی (ئیسماعیل کادارێ)، کە باس لە خەباتی خەڵکی ئەلبانیا دەکات، نووسەر و وەرگێڕ (شەریف فەلاح) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە… لەم وتووێژەدا لەگەڵ وەرگێڕی زستانی سەختدا، باس لە دنیای ڕۆمانەکە و پێگە جیهانییەکەی نووسەرەکەی دەکەین.

سەردەم: لەنێو ڕۆمانەکانی کادارێدا، بۆچی ئەم ڕۆمانە، واتە “زستانی سەخت”ت هەڵبژارد بۆ وەرگێران؟

شەریف فەلاح: کاتێک ئەم ڕۆمانەم بە زمانی فارسی خوێندەوە، هەستم کرد ناوەرۆکی ڕۆمانەکە و ژیان و خەباتی گەلی ئەلبانیا بۆ ئازادی و ڕزگاری لەدەست زلهێزەکان، زۆر هاوشێوەی خەباتی نەتەوەی کوردە. شێوازی نووسینی پتەو و قایمی “کادارێ” و خۆشەویستیی ئەو بۆ نیشتمانەکەی و شێوازی گێڕانەوەی لەلام سەرنجڕاکێش بوو. هاوکات گەوهەر و پەیامی ڕۆمانەکەش لەلام گرنگ بوو، چونکە پێداگریی سەرکردەکانی وڵاتێکە لەهەمبەر زۆرەداریی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و هەیبەت بۆ وڵاتەکەیان. “ئیسماعیل کادارێ” بۆخۆشی گەورەترین نووسەری وڵاتی ئەلبانیایە و “زستانی سەخت”یش بۆ نزیکەی دە زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕراوە، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی بڕیاری وەرگێڕانی بدەم.

سەردەم: دنیای ڕۆمانەکە چییە و ڕووداوەکانی باس لە چی دەکەن؟

شەریف فەلاح: لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی مێژوویی، ئوستوورەیی و ژیارییە و لێکگرێدانی مێژوو و ئەدەبی گێڕانەوەیە. ڕووداوەکان لە زاری یەکەم کەسی تاکەوە دەگێڕرێنەوە. کارەکتەری سەرەکی “بسنیک ئێسترۆگا”ی ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە، کە لەگەڵ وەفدی لە زستانێکی سەخت و بەستەڵەکدا دەچێتە ئەلبانیا و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەکە دەپەرژێتە سەر پەیوەندیی مێژوویی و هاوکات پچڕانی دۆستایەتیی ئەلبانیا و یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی حکومەتی ئەنوەر خوجەی دیکتاتۆر و نیکیتا خرۆشۆف. ئەم پچڕانی پەیوەندییە دەبێتە هۆی پەراوێزخرانی ئەلبانیا لە بلۆکی ڕۆژەڵات. زستانی سەخت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەیەکی سیاسی و مێژووییە، بەڵام ئەشقی نێوان “بسنیک و زینا”ی دەزگیرانی و وردەکاری و هەوراز و نشێوی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و نەوەکانی ئەلبانیاش دەگێڕێتەوە. ئەو بەستەڵەکە سیاسییە لە زستانی سەختی ساڵانی ١٩٦١-١٩٦٢دا دەبێتە هۆی پچرانی ئەو ئەشقەش و هەموو توێژەکانیش بەگژ یەکدا دەچن. بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی، “زستانی سەخت”ی ئیسماعیل کادارێ بە ڕۆمانی “جەنگ و ئاشتی”ی سەردەم دەشۆپێنن، چونکە ڕۆمانەکە وێنایەکە لە ترس، دڵەڕاوکێی نەوە و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان و هاوکات ڕەنگدانەوەی دۆخی پڕ لە ترس و داخراویی سەردەمی تۆتالیتاریزم و ئایدیای کۆمۆنیزمە لە کۆمەڵگەیەکی موسڵمانی وەک ئەلبانیا، کە سەردەمانێک لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بووە.

سەردەم: چێژ و گرنگیی ئەم ڕۆمانە چییە بۆ خوێنەری کورد؟

شەریف فەلاح: بە ڕای من گرنگی و چێژی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد لەوە دایە، گێڕانەوەی ژیان و باشاری دوو نەوەیە، نەوەیەک کە لە شاخ بووە و خەباتێکی سەختی پارتیزانیی ئەزموون کردووە و دژ بە سەرمایەداری شەڕی کردووە. کاتێک دەگاتە دەسەڵات و دێتە ناو کۆشک و لە بانک پارەی دەست دەکەوێت، لە دووتوێی نوێن و ژیانی ئاسوودەدا دەحەسێتەوە، ئایدیای یەکسانی و کۆمۆنیزم لەبیر دەکات. هاوکات دەچێتە بنجوبناوانی ژیانی نەوەی پاش کۆمۆنیستەکان، نوقرچکیان لێ دەگرێت، کە خاوەنی هیچ ئینتمایەکی نیشتمانی نین و هەر سەرقاڵی ڕابواردن و گاڵتە و خۆشگوزەرانین. جەنگی نێوان ئەم دوو نەوەیە لە ڕۆژەڵاتی ئەورووپا، کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لە ئارادا بووە، ئێستا لە کۆمەڵگەی ڕۆژەڵات و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردستانیش بەجوانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هەستی پێ دەکرێت و لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. لێکچوونی ژیان و خەباتی خەڵکی ئەلبانیا، لە ڕووی سیاسی، ئاوارەیی، سەرکوت، هەژاری و کۆچەوە، کە لەلایەن ئیمپراتۆری عوسمانی و پاشان ئەڵمانیا و دواتر سۆڤیەتەوە چەوسێنراونەتەوە، دەقاودەق لە ژیانی کورد دەچێت. هاوکات سروشت و شاخاویبوونی ئەو وڵاتەش لەگەڵ کوردستاندا لەیەک دەچن، ئەمانە و چەند بابەتی دیکەش، وا دەکەن زستانی سەخت لەلای خوێنەری کورد چێژبەش بێت و خۆی تێدا ببینێتەوە.

سەردەم: پێگەی ئەم ڕۆمانە و نووسەرە ئەلبانییەکەی لە چ ئاستێکدایە و تێڕوانینی ڕەخنەگران چی بووە سەبارەت بە ڕۆمانەکە و نووسەرەکەی؟

شەریف فەلاح: دوای ڕۆمانی “جەنەراڵی سوپای مردوو”، کە ناسراوترین ڕۆمانی “کادارێ”یە، زستانی سەخت گرینگترین بەرهەمیەتی. کادارێ نووسەرێکی مەزن و خۆشەویستە لە ئەلبانیا و لە سەرانسەری ئەورووپاشدا، هەر بۆیە چەندین ساڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێر دەکرا، بەڵام شانسی نەبوو و خەڵاتەکەی نەبردەوە. کادارێ لە نووسینەکانیدا بەگژ دیکتاتۆری، سەرەڕۆیی ئایدیای کۆمۆنیزمدا چووەتەوە و لە کارەکانیدا بە هێما و خولقاندنی کارەکتەری ئاسایی ڕەخنەی لە سیستەمی دەسەڵات گرتووە. هەرچەند وەک نووسەرێکی نزیک لە حکومەتی ئەلبانیا ناسراوە و کاتی خۆی نێراوەتە سۆڤیەت و لە ئەنیستیتۆی ماکسیم گورگی وانەی خوێندووە، کە وەک نووسەرانی سەر بە سۆڤیەت ببێتە نووسەری دەسەڵاتی ئەلبانیا، بەڵام لەوێ لەگەڵ جەوهەری ڕاستەقینەی کۆمۆنیستدا ئاشنا دەبێت و لەباتی ئەوەی مەدح و پەسنیان بکات، بە نووسینی ڕۆمان و چیرۆک بەرەنگاریان دەبێتەوە. ئەنوەر خوجە و دەزگای سانسۆری دەسەڵاتەکەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، سەدان نووسەر و هونەرمەندی دیکە سەرکوت و ڕاو دەنێن، بەڵام چونکە کادارێ ناسراو و کاریگەر بووە، نەیوێراوە دەستی بۆ بەرێت. خۆی لە چەندین وتووێژدا ئاماژەی بە هۆکاری نووسینی “زستانی سەخت” کردووە، کە لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: من لەنێوان ساڵانی ١٩٦٧ هەتا ١٩٧٠دا لەژیر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی شەخسیی دیکتاتۆردا بووم. ئەوەتان لەبیر نەچێت، لە شانس و بەختی خراپی ڕووناکبیران، ئەنوەر خوجە خۆی بە نووسەر و شاعیر و لە ئەنجامدا “دۆست و هاوڕێ”ی نووسەران دادەنا. چونکە منیش ناسراوترین نووسەری وڵات بووم، سەرنجی زۆر لەسەر من بوو. لە دۆخێکی ئاوادا من سێ ڕێگەم لەبەر دەمدا بوو: یەکەم، درێژەدان بە ڕێچکەی پێشوو و پەیڕەویکردن لە بیروباوەڕم، کە ئەنجامەکەی مەرگ بوو؛ دووەم، بێدەنگی، کە ئەویش خۆی جۆرێکی دیکەی مەرگ بوو؛ سێیەمیش، دانی باج و بەرتیلێک، کە من بە نووسینی زستانی سەخت، ڕێگەی سێیەمم هەڵبژارد. ئەلبانیا ببووە هاوپەیمانی چین، بەڵام لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەندێک کێشە و ناکۆکی هەبوو، کە دواتر بووە هۆی دوورکەوتنەوە و جیایی لە یەکتر. من “دۆن کیشۆت”م وێنا دەکرد و پێم وا بوو کتێبەکەم دنەدانی ئەنوەر خوجە بۆ جیابوونەوە لە “هاوپەیمان”ی نوێمان خێراتر دەکات. بە واتایەکی دیکە، پێم وا بوو ئەدەبیات دەتوانێت پرسە نەکردەکان بکاتە کردەیەکی لواو، یان دیکتاتۆر بگۆڕێت!

ڕەخنەگرانیش لە چەند گۆشەنیگایەکەوە لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دواون: یەکەم، پێیان وایە تێکەڵکێشکردنی نێوان مێژوو و گێڕانەوەیە، ڕەخنەگرێکی وەک دەیڤید بلۆس پێی وایە کادارێ لە پێوەنددانی هاوکێشە سیاسییەکان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و وێنای جەنگی نێوان نەوەکاندا، توانا و بەهرەیەکی بەرچاوی هەبووە. هەندێکیش پێیان وایە ئەم ڕۆمانە لەژێر کاریگەریی قوتابخانەی ڕیاڵیزمی سۆسیالیستیدایە، چونکە بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی مۆدێرن، پەرژاوەتە سەر لایەنی دەروونناسانە و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. لایەنێکی دیکەی بەرجەستەی ڕۆمانی زستانی سەخت، کەڵکوەرگرتنە لە هێما و تێمە ئەفسانەییەکانی سەردەمی یۆنانیی کەونارا، ئەم کارەشی زۆر بەجوانی بۆ وێناکردنی دۆخی ساردوسڕی زستان و شۆپاندنی وەک هێمای پەراوێزرانی سیاسی.

سەردەم: گرنگترین ئەو کێشە و گرفتانە چی بوون لە ساتی وەرگێڕانی کتێبکەدا بۆت دروست بوون و چۆن توانیت زاڵ بیت بەسەریاندا؟

شەریف فەلاح: ڕۆمانە مێژوویی و ئەستوورە (ئەفسانە)ییەکان، هەموو کات، بە هۆی ئەوەی نووسەر بۆ وێناکردنی دۆخەکان پەنا دەباتە بەر دەستەواژە و وشەی کۆن و کەونارایی، “ئیسماعیل کادارێ”ش لە “زستانی سەخت”دا کەڵکی لە دەیان وشەی حەماسی و کۆنی یۆنانی وەرگرتووە. بۆ وێنە، “ئەسپی تروا”، یان بۆ خۆپەڕاندنەوە لە سانسۆری دەسەڵات، کەڵکی لە دەیان خوازەی کۆن و کلاسیک وەرگرتووە. بۆ وەرگێڕانی ئەو دەستەواژانە، تووشی زۆر سەرئێشە بوومەوە. بۆیە ناچار بووم کاتێکی زۆری بۆ تەرخان بکەم، پەنام دەبردە بەر کتێب، فەرهەنگ و دەقە کۆنە مێژووییەکانی سەردەمی یۆنانیی کەونارا.