ژان ژاک ڕۆسۆ و پیلانی دۆزەخی

ژان ژاک ڕۆسۆ و پیلانی دۆزەخی

هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

وای ئەو جەنگەی لە دڵی سەدەی هەژدەیەم، سەردەمی گەورەی ڕۆشنگەریدا ڕووی دا، چ جەنگێکی بێئامان و توند بوو. جەنگێک تێیدا هەموو ڕۆشنبیرانی فەڕەنسای کرد بە دوو بەشەوە: بەشێک لەگەڵ فەیلەسووفەکان بوون و بەشەکەی دی لەگەڵ حزبی فێندەمێنیتاڵیزمەکان (بناژۆخوازەکان) بوون. بەشی سێیەم لەنێوان هەردوو بەشەکەی دیکەدا بوون.

بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێین بەشی هەرە زۆری میللەت، لەگەڵ فێندەمێنیتاڵیستەکاندا (بناژۆخوازەکان) بوون، نەک فەیلەسووفەکان. ئەمە شتێکی سروشتی بوو، چونکە بیرکردنەوەی بناژۆخوازەکان، بە درێژایی سەدان ساڵ کۆنترۆڵی هەمووانی کردبوو. وەک جێگری شاخەکان، لە هزر و عەقڵیەتی خەڵکدا جێگیر ببوو. وەلێ بیرکردنەوە و تێڕوانینی فەیلەسووفەکان، بۆ ئاینی مەسیحی، سەرجەمیان بیرکردنەوە و تێڕوانینێکی نوێ بوون، هەر بۆیە بنکەی جەماوەری نەبوو. تەنها دوای تێپەڕبوونی عەیامێکی دوورودرێژ، بنکەی جەماوەریی بۆ دروست بوو.

ئا لێرەوەیە یەکێکیان دەڵێت: “فەڕەنسا لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمدا وڵاتێکی تاریکبین بوو، پاشان لە کۆتایی سەدەکەدا دەبێتە وڵاتێکی ڤۆڵتێریی ڕۆشنگەری. بەڵام من ئێستا لێرەدا قسە لەسەر ڤۆڵتێر ناکەم، بەڵکوو قسە لەسەر جەمسەرەکەی دیکە، ژان ژاک ڕۆسۆ، دەکەم. لە ڕاستیدا خوێندنەوە و لێکدانەوە زۆر نوێیەکەی ڕۆسۆ بۆ ئاینی مەسیحی، لە خوێندنەوه و لێکدانەوەکانی ڤۆڵتێر مەترسیدارتر بوون. بە پێچەوانەی ئەوەی لێی تێگەیشتووین، تازەکردنەوەکانی ڕۆسۆ زۆر لەوانەی ڤۆڵتێر گەورەتر بوون.

ڕۆسۆ دوای ئەوەی لە ساڵی 1762دا کتێبە بەناوبانگەکەی دەربارەی پەروەردە و ئاین بڵاو کردەوە، هەرا و گێژەنێکی زۆری نایەوە، تەنانەت کریستۆڤ دوو بۆمۆن، مەترانی شاری پاریس، خودی خۆی هاتە ناو ئەو هەرا و گێژەنەوە و گوتی، “ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو کتێبە دەکەین کە لەلایەن کەسێک بە ناوی ژان ژاک ڕۆسۆوە نووسراوە و لافی زانایی و فەیلەسووفی لێدەدات، بەڵام زۆر دوورە لە هەردووکیانەوە. ئێمە بەتەواوەتی و بە دەنگی بەرز ئیدانەی دەکەین. چونکە سەبارەت بە ئاینەکەمان و کەلەپوورەکەمان، کۆمەڵێک هەڵەی زەق و ناشرینی کردووە. کتێبەکە پڕە لە کوفر و گومڕایی و لەڕێلادان. پێویستە هەمووان بزانن، بیروڕای ڕووخێنەر ڕوکنەکانی ئاینی مەسیحی لەق دەکات”.

لە ڕاستیدا بیروڕا و تێڕوانینەکانی ڕۆسۆ هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئاین نەبوو، بەڵکوو تەنها مەترسییان بۆ سەر فێندەمێنیتاڵیزمی ئاینی هەبوو‌. ئەو دووانەش تەواو لە یەکتر جیاوازن. وەلێ لەو ڕۆژگارەدا کەس نەیدەتوانی ئەو دووانە لە یەکتر جیا بکاتەوە. با ئەمەشی سەربار بخەین و  دەڵێین، تەنانەت لەم ڕۆژگارەشدا، ناتوانن ئەو دووانە له ‌یەکتر جیا بکەنەوە. ئاخر هەنووکە لە وڵاتانی عەرەبیدا، کێ دەتوانێت ئەو دووانە لە یەکتر جیا بکەنەوە؟ ئا لەبەر ئەوەیە ڕۆسۆ وەڵامی مەترانەکەی پاریسی داوەتەوە و پێی دەڵێت، “گەورەم، باوەڕ بکە من بەڕاستی ئیماندارم، بەڵام تەنها بەگوێرەی عەقیدەی ئینجیل. گەورەم، باوەڕ بکە من بەڕاستی ئیماندارم، بەڵام وەک قوتابییەکی قەشە و بناژۆخوازەکان نا، بەڵکوو تەنها وەک قوتابییەکی عیسای مەسیح. گەورەم، باوەڕ بکە من بەڕاستی ئیماندارم، بەڵام بەگوێرەی یاساکانی عەقڵ و لۆژیک، نەک بەگوێرەی خورافەت و جادووگەری و دەمارگیری و تەکفیرکردن… هتد”.

دەگوترێت کاتێک ڤۆڵتێر تێکستەکەی ڕۆسۆ دەربارەی ئاین دەخوێنێتەوە، بە دەنگی بەرز هاوار دەکات و دەڵێت، “نایابە، نایابە، خۆزگە من بمنووسییایە”. هەروەها دەگوترێت ڤۆڵتێر هەستی بە حەسوودی و ‌ئیرەییەکی زۆر کردووە. ئەڵبەتە ئاشکرایە ڕۆشنبیرانی فەڕەنسی، تەواو وەک ڕۆشنبیرانی عەرەب، ئیرەیی بە یەکتر دەبەن. ئێ ئاخر ژنێکی شۆخوشەنگتان بینیوە دان بە جوانی و شۆخوشەنگیی ژنێکی دیکەدا بنێت؟ ئەوە مەحاڵی مەحاڵەکانە و ئەگەر پێی بکرێت، لەوانەیە سەری ببڕێت. هەر بۆیە یەک ڕۆشنبیر نادۆزنەوە ستایشی ڕۆشنبیرێکی دیکە بکات، مەگەر زۆر بەدەگمەن نەبێت. کەواتە کێشەکە بە ڕاست و دروستی لە کوێدایە‌؟ لە شتێکی سادەی وەک ئەمەی خوارەوەدایە: بناژۆخوازە تاریکبینەکان، وێنەیەکی تایبەت لەسەر ئاین دروست دەکەن و فەیلەسووفە ڕۆشنگەرەکانیش، وێنەیەکی دیکەی پێچەوانە لەسەر ئاین دروست دەکەن. بناژۆخوازەکان وێنەیەکی توند و تاریک و تەکفیرییانە دەربارەی ئاین دەخەنە ڕوو. فەیلەسووفەکان وێنەیەکی ئاشتیخوازانە و لێبوردەیی دەربارەی ئاین دەخەنە ڕوو.

پێویستە ئەوە بزانین، ژان ژاک ڕۆسۆ جەوهەری ئاینی وەردەگرت نەک ڕووکارەکەی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو، ململانێی نێوان خۆی و بناژۆخوازەکان سەری هەڵدا. لای ڕۆسۆ، جەوهەری ئاین لە یەک ڕستەدا کورت دەبێتەوە: بڕوابوون بە خودا و کار و کردەوەی باش‌ و ڕەوشتی جوان و بەرز. جەوهەری ئاین بریتییە لە بەزەییهاتنەوە بە هەژاران و نەداران و منداڵی هەتیو و ڕێبواراندا. وەک دەزانین، قورئانی پیرۆز بە دەق باسی ئەوانە دەکات. کەواتە ئاینداری بە دروشم و سرووت و پەرستنەکان نییە، بەڵکوو بە کار و کردەوە و مامەڵەیە. هەر ئەمەشە وای کردووە یەکێک لە فەیلەسووفە گەورەکانی ڕۆشنگەریی بڵێت، “ئاین مامەڵەیە/الدین المعاملة”، هەرکەسێک بە شێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات، ئەوەی دەستپاک و ڕاستگۆ بێت، ئەوا گەورەترین ئیماندارە، ئەگەرچی سرووت و ڕێوڕەسمەکان جێبەجێ ناکات.

بەڵام ئەو کەسەی لە مامەڵەکردندا ساختەچییە و غەلوغەش دەکات، هیچ پەیوەندییەکی بە ئاینەوە نییە‌، ئەگەرچی ڕۆژانە سەد ڕکات نوێژیش بکات. جگە لەوە، فەیلەسووفەکان شتێکی ئاوایان دەگوت: مەسەلەکە ئەوە نییە تۆ لەگەڵ ئاینیت یان لەگەڵی نیت، هەموومان لەگەڵ ئاینین. مەسەلەکە ئەوەیە تۆ لەگەڵ بناژۆخوازی تائیفیی تەکفیریت، کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کوشتن و بڕین و نانەوەی قەسابخانە، یان نا؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتی و سەرەکییەکەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە، وەردەکارییەکانە.

با بگەڕێینەوە بۆ لای ژان ژاک ڕۆسۆ، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبە ناودار و بەناوبانگەکەی، کتێبێک گڕی لە هەموو لایەک بەردا، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە ڕۆسۆ دەستی پێ کرد و ڕۆسۆ کەوتە ناوجەرگەی گێژاوەکەوە. ئەمە وای کرد هاوڕێ گەورەکەی و چاودێریکەرەکەی، مارشاڵ دو لۆکسمبۆرگ، لە کاتژمێر دووی شەودا پێی بڵێت، “جلەکانت لەبەر بکە و بەخێرایی بڕۆ و ئێرە جێ بێڵە. ئەوان دێن و دەستگیرت دەکەن”. ئاشکرایە مارشاڵ سەر بە یەکێک لە خانەوادە ئەرستۆکراتییە گەورەکانی فەڕەنسا بوو. بەم شێوەیە ڕۆسۆ بە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ماڵاوایی لە هاوڕێکەی کرد و دەیزانی جارێکی تر نایبینێتەوە، چونکە مارشاڵ پیر ببوو.

بەدروستی هەر ئەوە ڕووی دا، ڕۆسۆ لە ناوەڕاستی ڕێگەکەدا پۆلیسی بینی هاتوون دەستگیری بکەن، ئەوان دەهاتن و ئەم دەڕۆیشت. لە دواساتدا، بە شێوەیەکی سەیر لە دەستیان ڕزگاری بوو. سەروەختێک دەگاتە سویسرا، لە عارەبانەی ئەسپەکان دێتە خوارەوە و دەستبەجێ لەسەر زەوییەکە ڕادەکشێت و دەڵێت، “خاکی ئازادی ماچ دەکەم”. ڕۆسۆ لەو باوەڕەدا بوو دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ زێدی باووباپیرانی، ئیدی ڕزگاری بووە. ئاشکرایە لەو ڕۆژگارەدا سویسرا کەمینەیەکی پرۆتستانت بوو، لە فەڕەنسای تاریکبینی کاسۆلیک لێبوردەتر و کراوەتر بوو. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە پیاوانی ئاینیی سویسرا، بە بیروڕاکانی ڕۆسۆ سەبارەت بە ئاین ڕازی بوون. بیروڕاکانی ڕۆسۆ زۆر پێش سەردەمەکەی کەوتبوو. بەڵگەش بۆ ئەوە، لە سویسراش کتێبەکانی سووتێنران. هەر بۆیە ناچار بوو ڕابکات بۆ ئینگلتەرە، کە لەو سەردەمەدا لێبوردەترین و کراوەترین وڵاتی ئەورووپا بوو.

بەو شێوەیە، ڕۆسۆ عەیامێکی زۆری بە سەختی و ناڕەحەتی بەڕێ کرد و تا ڕۆژی مردنی بەو جۆرە مایەوە. ڕۆسۆ سەبارەت بەوە، لە کتێبە بەناوبانگەکەی “دانپیانانەکان”دا دەڵێت: لێرە و بەدیاریکراوی لەم ماوەیەدا، سەرەتای پیلانگێڕییە گەورەکە دەستی پێ کرد، پیلانێک تا ئەمڕۆش بەدوامەوەیە و تەنگی پێ هەڵچنیوم. ئەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵە لە تاریکی و زوڵمەتێکی ترسناکدا نوقم بووم و نازانم چی لەدەوروبەرمدا ڕوو دەدات، هەست بە لێدانە ئازاربەخشەکان دەکەم، بەڵام بەتەواوی نازانم ئەوە دەستی کێیە لەپشت پەردەوە لێم دەدات. تەنها ئەوەندە دەزانم، من لە هەموو لایەکەوە دەورە دراوم: هیچ دەرچەیەک و ڕێگەیەکی دەربازبوون  و ڕزگاربوون نییە.

شازادەیەکی فەڕەنسیی سەر بە خانەوادەی پاشایەتی بەنهێنی ڕۆسۆی دەپاراست و نەیدەهێشت دەستدرێژیی جەستەیی بکرێتە سەر، یان تەنانەت تیرۆر بکرێت. ئەو شازادەیەکی لیبراڵ بوو، سەرسام بوو بە فیکری نوێی ڕۆشنگەری، کە خۆری لە وڵاتدا دەرکەوتبوو. ئەم شازادەیە جارێک لە جارەکان بە ڕۆسۆ دەڵێت، “زۆر باش ئاگات لە خۆت بێت، دۆخت بەتەواوەتی شلۆقە و من چیتر ناتوانم بتپارێزم. سەرنج و بیروڕاکانت لەسەر ئاین، زیاد لە پێویست ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە و لەلایەن هەموو بناژۆخوازە توندڕەوەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە، کە بە خوێنی سەرت تینوون و لەوانەیە لە هەر چرکەیەکدا بێت، زەفەرت پێ ببەن و دەستت لێ بوەشێنن. بۆیە زەوی هەڵدڕە و بڕۆ ناوی”.

بەم شێوەیە، ڕۆسۆ خۆی شاردەوە و لەبەر چاو ون بوو، بگرە ناوی خۆی و جلوبەرگ و شێوەی ڕوخساری خۆی گۆڕی، تاکوو لە کاتی ڕۆشتنی بە شەقامەکاندا، کەس نەیناسێتەوە و سوێندی خوارد لەمڕۆوە، چیتر یەک وشە چییە نەنووسێت، نە دەربارەی ئاین، نە دەربارەی سیاسەت و نە دەربارەی هیچ شتێکی دی. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر دڕندەیی ئەو ململانێیەی ئەو ڕۆژگارە، کە لەنێوان فیکری نوێ و فیکری کۆندا لە ئارادا بوو. هەروەها گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تێگەشتنی نوێی ڕۆشنگەری بۆ یاینی مەسیحی، واتە تێگەشتنی عەقڵانی ناتائیفی و ناتەکفیری، تەنها دوای ژانێکی سەخت لەدایک بوو. ئەفسانەی گەورەی ڕۆشنگەری ئا لێرەدایە.

ڕۆسۆ دوای مردنی، لە ساڵی 1778 و لە تەمەنی 65 ساڵیدا، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پاریس نێژرا، گەڕەکێک بە درەختی سەروو و سپیدار دەورە درابوو. جا هیچ شوێنێک هەیە لە گەڕەکەکانی پاریس جوانتر بێت؟ خەڵکی بەکۆمەڵ و بەتاک سەردانی گۆڕەکەی دەکەن، باوەڕ ناکەن ئەگەر پێتان بڵێم ماری ئەنتوانێت و لویسی شانزەیەمی هاوسەری، لە چوارچێوەی “حەجی فەلسەفی”دا سەردانی گۆڕەکەیان کردووە. کاتێک میللەت لەو کاتەدا ئەو دووانەی بینیوە سەردانی گۆڕەکەی ڕۆسۆیان کردووە، بۆ ماوەیەکی درێژ چەپڵەیان بۆ لێداون. ئەمە لە 14ی حوزەیرانی 1780دا بوو.

ناپۆلیۆن بۆنەپارت، کە زۆر باش دەیزانی ژان ژاک ڕۆسۆ کێیە، چونکە قوتابییەکی زۆر سەرسام بوو بە نووسینەکانی، لە 28ی ئابی ساڵی 1800دا سەردانی گۆڕەکەی دەکات، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەر دەم گۆڕەکەیاندا کڕنووش دەبات، ئەم وتەیە‌ بە یەکێک لە یاوەرەکانی دەڵێت، وتەیەک‌، بەڕاستی باوەڕپێکردنی قورسە: “لەپێناو ئارامیی فەڕەنسادا، باشتر بوو ئەم پیاوە هەرگیز بوونی نەبووایە”.

هاوەڵەکەی ئەم وتەیەی بەلاوە سەیر دەبێت و بەسەرسووڕمانەوە پرسیاری لێ دەکات، “بۆچی، جەنابی خاوەنشکۆ؟”

ناپۆلیۆن لە وەڵامدا پێی دەڵێت، “چونکە ئەو ڕێگەی بۆ شۆڕشی فەڕەنسی خۆش کرد و بەرپای کرد”.

هاوەڵەکەی پێی دەڵێت، “بە خوا سەیرە، پێم وا بوو هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە گلەیی لە شۆڕشی فەڕەنسا بکات، جگە لە تۆ. ئاخر ئەگەر ئەو شۆڕشە نەدەبوو، تۆ ئێستا سەرۆکی فەڕەنسا نەدەبوویت”.

ناپۆلیۆن وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: “تەنها ئایندە دەیسەلمێنێت، بۆ ئارامی و ئاسوودەیی سەرجەم مرۆڤایەتی، باشتر بوو لەسەر گۆی زەوی دوو کەس نەبوونایە، من و ژان ژاک ڕۆسۆ”.

سەرچاوە: بەشی کولتوور و هونەر لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 15ی شوباتی 2026