تاهیر بن جەللون و پیاوێکی تێکشکاو
تاهیر بن جەللون و پیاوێکی تێکشکاو
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ڕۆمانی پیاوێکی تێکشکاو، ڕۆمانێکە ناتوانین لە ڕووی تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و بوونیادی ڕۆمانەوە بەراوردی بکەین بە کارەکانی دیکەی خودی نووسەر، بەڵام ناشتوانین وەک یەکێک لە ڕۆمانە گرنگەکان، کە بەرجەستەکەری واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، سەیری نەکەین و نەیخوێنینەوە، چونکە خودی ئەم ڕۆمانە لە ناوەرۆکدا پەیامێکی پێیە و دەیەوێت ڕاستەخۆ بیدات بە گوێی کۆمەڵگە و سیستمە سیاسییەکاندا، هاوکات ئاگاداریان بکاتەوە لە گەورەترین مەترسی، کە پایەکانی کۆمەڵگەی لەق و شەق کردووە، ئەویش بابەتی گەندەڵییە، لە ڕاستیدا ئەم چەمکە لە دنیای ئەمڕۆدا وەک پەتا و نەخۆشی بەنێو دەماربەدەماری لەشی کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە و خەریکە تەواوی جومگەکانی لەکار دەخات.
ڕۆمانەکە بە سروشتی خۆی فرەڕەهەند و فرەتێمایە، بەڵام هەموویان لەدەوری یەک بابەت کۆ بوونەتەوە، کە ئەویش بابەتی گەندەڵییە. بێگومان لە وڵاتێکدا باری سیاسی ناسەقامگیر بێت و فەرمانڕەواکان دوور بن لە کێشە و ئازار و خەمی خەڵکەکە، خۆبەخۆ بۆشاییەکی گەورە لەنێوان دەسەڵات و خەڵکەکەدا دروست دەبێت، ژیانی ئاسایی سەخت دەبێت و باری دارایی و بژێویی ئینسانەکان بۆ ئاستێکی خراپ دادەبەزێت، لێرەوە هەلپەرستان دۆخەکە دەقۆزنەوە و لەپێناو بەدەستهێنانی بڕێک پارە و قازانجدا، بە ڕێگەی ناشەرعی و نایاسایی، هەموو بەها ئینسانییەکانی خۆیان دەخەنە ژێر پرسیار و گومانەوە.
ڕۆمانەکە بەسەرهات و چیرۆکی کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە بە ناوی (موراد)ەوە، ئەندازیارە لە وەزارەتی نیشتەجێکردن و پێگەیەکی هەستیاری هەیە، لەو فەرمانگەیەی ئەو کاری تێدا دەکات، کۆمەڵێک مشەخۆر بە هۆی بەرتیلوەرگرتن و دستتێکەڵکردن لەگەڵ بەرژەوەندیی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانی وڵاتدا، ژیانیان گۆڕانی بەرچاوی لە ڕووی داراییەوە بەسەردا دێت، بەڵام موراد، ئەگەرچی پلەی وەزیفیی لەوانی دیکە بەرزترە، بەڵام ویژدانی ڕێگەی نادات وەک ئەوان ببێت بە بەرتیلخۆر، ئەو ژیانە کوللەمەرگییەی بە هۆی مووچە کەمەکەیەوە هەیەتی، دەبێت بە هۆی سەرزەنشتکردنی لەلایەن خێزان و هاوڕێکانیەوە و گاڵتەی پێ دەکەن، لێرەوە تاهیر بن جەللون دەیەوێت پێمان بڵێت لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا مرۆڤ چەند پارە لە گیرفانیدا بێت، هێندە ئینسانە؛ جلوبەرگەکەی چەند ڕازاوە و ئۆتۆمبیلەکەی چەند پێشکەوتوو بێت، هێندە ڕێزی هەیە و پێگەی کۆمەڵایەتیی پارێزراوە.
لە گەرمەی ئەو کێشمەکێشانەی موراد لەگەڵ گوزەرانی خۆی و فشاری خێزان و هاندانی هاوڕێکانی فەرمانگەکەیەوە هەیەتی، دووچاری دۆخێکی ناهەموار دەبێتەوە، لە لایەکەوە ویژدانی دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیدا و سەرزەنشتی دەکات بەوەی نەچێت بەلای کاری گەندەڵی و بەرتیلخۆریدا، لە لایەکی دیکەوە دەنگێک لە ناوەوەیڕا هانی دەدات دەست نەنێت بە ڕووی ئەو کەسانەوە کە بۆ واژۆیەکی نایاسایی ئەم، ڕووی لێ دەنێن و زەرفی پڕ لە پارە دەخەنە سەر مێزەکەی، موراد لەنێوان ئەم دوو دەنگە دژبەیەکەدا دووچاری دۆخێکی نەخوازراو دەبێتەوە، بەتایبەت کە بە هۆی خراپیی دۆخی دارایی و کەمیی مووچە و قەرزدارییەوە، کێشە دەکەوێتە خێزانەکەیەوە و بەردەوام لە هەموو لایەکەوە هانی دەدەن بەو بەرتیلانە ڕازی بێت، کە بە هۆی هەستیاریی شوێنەکەیەوە لە فەرمانگە پێی دەدرێت. سەرەنجام، پاش ململانێیەکی زۆر لەنێوان دەنگەکانی ناوەوەیدا، مل بۆ بەرتیلخواردن دەدات و دەبێت بە بەشێک لەو سیستەمە ناعەدالەتەی کۆی پانتایی وڵاتی گرتووەتەوە.
خوێنەر لە ڕێی ئەم چیرۆکەوە بە گەلێک لە مەیل و لایەنەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات ئاشنا دەبێت، بەو مرۆڤە دووڕوو و هەلپەرستانە ئاشنا دەبێت کە لە لایەکەوە خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و بەرتیلخواردنن، لە لایەکی دیکەوە ڕیشیان لێ بەرداوەتەوە و خەریکی نوێژ و خواپەرستین؛ لە لایەکەوە دۆخی دەروونیی مرۆڤەکانمان پیشان دەدات، کە بە هۆی نالەباریی دۆخی ئابوورییەوە تووشی تەنگژەی دەروونی بوون و لەسەر بچووکترین بابەت هەڵدەچن و شەڕ دەکەن، لە لایەکی دیکەوە خەمساردیی بەرپرسانی وڵات و سیاسی و فەرمانڕەواکان پیشان دەدات لە ئاست چارەنووس و بژێویی ژیانی خەڵەکدا.
نووسەری ئەم ڕۆمانە (تاهیر بن جەللون) خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم ڕۆمانەی (پیاوێکی تێکشکاو) لە بیرۆکەی ڕۆمانێکی نووسەرێکی ئیندۆنیزییەوە وەرگرتووە، کە ناوی (پیرامۆدیا ئاناتا تویر)ە و ڕۆمانەکەشی ناوی (گەندەڵی)یە، کە لە ساڵی ١٩٥٤دا نووسیویەتی، بەڵام هەر وەکوو خۆیشی ئاماژەی پێ دەدات، گەندەڵی دیاردەیەک نییە بەتەنها تایبەت بێت بە وڵاتێکی وەکوو (ئیندۆنیزیا)، بەڵکوو لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە تا ئێستا لە پاشەوەی ژیار و شارستانییەتین و لە قۆناغی گواستنەوەدان: گەندەڵی دەبێتە ئەو پەتایەی وەکوو خۆرە ئادەمیزادەکان دەخوات، هەر لێرەشەوەیە وەختێک بەرژەوەندیی مادی و بەها مادییەکان دەبنە پێوەری باڵا لە کۆمەڵگەدا و بەگوێرەی ئەو پێوەرە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئینسانەکان دەپێورێت و گەورەیی و پیاوەتی و ئینسانییەتی مرۆڤەکانی پێ دیاری دەکرێت، ئەوا چیتر لەو کۆمەڵگەیەدا جێیەک بۆ بەها ئەخلاقییەکان و بۆ خۆشەویستی و جوانی و هزر و تێفکرین و ڕۆشنبیری نامێنێتەوە.
ئێمە وەختێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین لەبەر دەم تابلۆیەکی زیندووی ئەو کۆمەڵگەیەداین کە لە قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیدا دەژین و لە زۆر ڕووشەوە کۆمەڵگەی کوردیی خۆمانمان دەهێنێتەوە یاد لە ئێستادا: لای ئێمەش هەم نموونەی (موراد)ەکان زۆرن و هەم نموونەی (حاجی حەمید)ەکان، موراد نایەوێت ببێت بە کەسێکی گەندەڵ؛ دەیەوێت ژیانێکی ئابڕوومەندانە بژی، دەیەوێت هاووڵاتییەکی نموونەیی بێت، بەڵام بەرامبەر بەم بیروبڕوایەی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیانی وێرانتر دەبێت، چونکە هەست دەکات لای کەس پەسەند نییە و کەس قبوڵی ناکات: نە هاوکارەکانی، نە هاوڕێکانی و تەنانەت هاوسەرەکەشی! هەموو شتەکان هانی دەدەن دەستبەرداری ئەو بیروبڕوایە و ئەو پرنسیپانەی ببێت و چیتر نەبێت بە دەنکەزیخ و ئاستەنگ بۆ خولانەوەی مەکینەی گەندەڵی دروست نەکات، هەموو داوای لێ دەکەن (نەرم) بێت و دەستبەرداری پرنسیپە توند و ڕەقەکانی ببێت، ئیدی لێرەوەیە کاراکتەری موراد تووشی دابەشبوون و کەرتبوون دێت و دواجار دەبێت بە پیاوێکی تێکشکاو.
ڕۆمانی (پیاوێکی تێکشکاو) یەکێکی ترە لە ڕۆمانە جوانەکانی نووسەری مەغریبیی فەڕەنسی نووس (تاهیر بن جەللون)، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ساڵی ٢٠١٣ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ساڵی ٢٠٢٥یش بۆ جاری سێیەم چاپ کراوەتەوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. بێگومان ناوی نووسەری ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد نامۆ نییە و بە هۆی وەرگێڕانی بەشێک لە کتێبە فیکری و ئەدەبییەکانیەوە، تا ئەندازەیەک ئاشناین بە شێوازی نووسین و ئایدیا و دونیابینیی ئەم نووسەرە گەورەیە، بەتایبەت کە کتێبگەلێکی وەک (بابە تیرۆریزم چییە؟، شەوی قەدر، ڕۆژێکی بێدەنگ لە تەنجە، منداڵی لم، ئەو تاریکییە درەوشاوەیە و… هتد) وەرگێڕراونەتە سەر زمانی کوردی و لە شاکارەکانی ئەو نووسەرە مەغریبییەن. ئەوەی خاڵی بەرجەستەیە لە ڕۆمان و نووسینەکانی ئەم نووسەرە عەرەبەدا، دەستبردنیەتی بۆ کێشە هاوچەرخەکانی ئینسان، ئینسانی ناو ژیانی شار و شارستانییەت، لە کێشە خودییەکانەوە تا دەگات بە کێشە سیاسییە گەورەکان، ناکۆکیی چینایەتی و ناعەدالەتی، دووڕوویی هەندێک لە مرۆڤ و پیشاندانی سەرچاوەی خەم و ئازار و ئاریشەکان. بەگشتی ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە ناودارە، ئاوێنەیەکی ڕوونن و واقیعی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاستی ڕۆشنبیریی ئینسان و کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە، ئەو لەو نووسەرە بێوەییانە نییە دەستی بە کڵاوەکەیەوە گرتبێت، بەڵکوو لێبڕاوانە ئەدەب و فیکر و نووسینی وەک ئامرازێکی کاریگەر و بەبەها بەکار هێناوە، تا بە دنیا بڵێت چی دەگوزەرێت و مرۆڤ بە چ نەهامەتی و بەدبەختییەک گەیەنراوە.