هەموو شتێک دەربارەی ئیتالۆ کالڤینۆ
هەموو شتێک دەربارەی ئیتالۆ کالڤینۆ
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە (شتێک دەیەوێت لە بازنەی بێدەنگییەوە بێتە دەرێ!) یەکێکی ترە لە کتێبە گرنگ و بەبەهاکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، هەڵبژاردەیەکە لە بابەتە ئەدەبییە وەرگێڕراوەکانی نووسەر و وەرگێڕ (عیسا چیایی)، کە سەرجەمی بابەتەکان، چ وەک نووسین، چ وەک چاوپێکەوتن، پەیوەندیدارن بە ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسی ناودار (ئیتالۆ کالڤینۆ)وە. بێگومان خوێنەر بە هۆی بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەوە بە زۆر لایەنی شاراوەی ژیان و داهێنانی ئیتالۆ کالڤینۆ ئاشنا دەبێت، چونکە لە لایەکەوە کۆمەڵێک چاوپێکەوتنی لەخۆ گرتووە، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک کورتەچیرۆک و نامەی تایبەتیشی تێدایە، کە تەواو گوزارشت لە فیکر و ئەندێشەی ئەم ڕۆماننووسە ناودارە دەکەن و ئاستی ڕۆشنبیری و باکگراوندی مەعریفیی ئەومان بۆ پێناسە دەکەن.
بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: سێ پێشەکی بۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەقی تەواوی هەمان چاوپێکەوتن، موحازەرەیەک: جیهانێکی نووسراو و جیهانێکی نەنووسراو، پێویستە ئەم نامانە بسووتێن، هەشت چیرۆک: کاوڕی ڕەش، کۆلای ماسی، شۆک، ویژدان، شارێکی ناپاک، پزیسکە، هاوکاری، بیرۆکەیەک: خوێنەران خۆرەی منن.
بێگومان لە ڕێگەی وەرگێڕانی کۆمەڵێک بەرهەمی وەک کارە ڕۆژنامەوانییە بەنێوبانگەکان و ڕۆمانەکانیەوە، دەمێکە خوێنەری کورد ئاشنا بوون بە دنیای داهێنانی ئیتالۆ کالڤینۆ، بەتایبەت ئەو وتووێژانەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردە و کەسایەتیی وڵاتە جیاجیاکاندا ئەنجامی داون، یان ڕۆمانگەلێکی وەک بارۆنی سەر دارەکان، ڤیسکونتی دوولەتبوو، پیاوێک، پەیام بۆ ئەو کۆرپەیەی هەرگیز لەدایک نەبوو و… چەندینی تر.
ئەم نووسەرە خۆی لە بنەڕەتدا ڕۆژنامەوانی جەنگ بووە و بە هۆی پیشەکەیەوە گەلێک لە ناوچە و وڵاتی دنیا گەڕاوە، بۆیە دەتوانین بڵێین یەکێکە لەو نووسەرانەی لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا، لەسەر ئاستێکی بەرفراوان چیرۆک و ڕووداوی هەن بۆ گێڕانەوە و ڕەنگە کەمترین کاتی دەستبەتاڵیی هەبێت، ئەوەتا خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا گوتوویەتی: من هەمیشە پرۆژەی زۆرم هەیە، پێرستێکم هەیە لە نزیکەی بیست کتێبێک، کە حەز دەکەم بیاننووسم، بەڵام ساتێک دێتە پێشەوە کە حەز دەکەم دەست بکەم بە نووسینی بۆ نموونە ئەو کتێبە. من لەپڕ بڕیار دەدەم و ڕۆمان دەنووسم، زۆرێک لە کتێبەکانی من بە دانانی چیرۆک و تێکستی بچووک لەتەنیشت یەکەوە دروست بوون. لە لایەکی ترەوە، ئەمانە کتێبگەلێکن کە پێکهاتەیەکی گشتییان هەیە، بەڵام لە تێکستی جۆراوجۆر دروست بوون، بۆ من کتێبێک واتە ئایدیایەکی گرنگ. من کاتێکی زۆر سەرفی بوونیادنانی کتێبێک و چێکردنی گەڵاڵە گشتییەکەی دەکەم، کە سەرەنجام دەسەلمێت بەکەڵکی هیچیش نایەت، فڕێیان دەدەم، ئەوەی چوارچێوەی کتێبێک دیاری دەکات خودی نووسینە، مادەیەک کە لەسەر کاغەزەکەیە؛ من زۆر خاو دەنووسم، ئەگەر بیرۆکەیەکم بۆ ڕۆمانێک پێ بێت، هەموو بڕوبیانوویەک دەهێنمەوە تا نەینووسم.
وەک عیسا چیایی وەرگێڕ لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ داوە، کالڤینۆ لەو بەرزەخەوە دەنووسێت کە زۆربەمان ناوێرین بەئاشکرا باسی بکەین، بەرزەخێکە بۆ پێوانەکردنی ئەو مەودایەی دەکەوێتە نێوان نووسەر و خوێنەرەوە، ئەو سنوورەی نووسەران لێیەوە لەگەڵ خوێنەردا دەوەستن: مەرج نییە بابەتی چیرۆکەکانی کالڤینۆ هەمیشە تازە بن، بەڵکوو لە شێوازی دەستبردنیدایە بۆ ئەو بابەتانە و داڕشتنەوەیان، لە مەودای نزیکبوونەوە و مامەڵەکردنیدایە لەگەڵ بابەتە زۆر سادە و ڕۆژانەییەکاندا و پەخشکردنەوەیان لە بەرگێکدا کە تازەیی و سەرسامکردن و ورووژاندن تێکەڵ بە خورافات دەکەن.
ولیەم ویڤەر، کە نووسەری یاداشت و وەرگێڕێکی ناودار بووە، لە بابەتێکدا بە ناوی (کە وەرگێڕی کالڤینۆ دەبیت)دا، هەندێک زانیاری و لایەنی شاراوەی ئیتالۆ کالڤینۆی خستووەتە ڕووە، لەو بابەتەدا باسی لەوە کردووە کە کالڤینۆ، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین ڕۆمانی، چەندین جار هەوڵی دا ڕۆمانێکی تر بنووسێت، ئەوەش ڕووی نەدا تا ساڵی ١٩٥٣، واتە دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ کارێکی تری بڵاو کردەوە، کە ڕۆمانێکی کورت بوو بە ناوی (ڤیسکونتی دوولەتبوو)، بێگومان ئەم ڕۆمانەش کراوە بە کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە: یەکەم جار لە بەهاری ساڵی ١٩٥٦ و لە دوکانێکی کتێفرۆشیدا لە ڕۆما چاوم بە کالڤینۆ کەوت و لە یادەوەریی بینینمدا هەردووکمان سەر و قاتی تەنکمان پۆشیبوو، من ئەو کاتە پتر لە دە ساڵ بوو لە ڕۆما نیشتەجێ بووم، کالڤینۆش تەنها ماوەیەکی کورت بوو گەڕابووەوە بۆ شارەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەیەکی دوورودرێژ نیشتەجێی پاریس بوو، لەپڕ لێی پرسیم ئاخۆ دوایین کتێبی وەردەگێڕم، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نەمخوێندبووەوە، یەکسەر پێم گوت: بەڵێ و پێش ئەوەی لە کتێبفرۆشییەکە بێمە دەرەوە، دانەیەکم لێ کڕی، ڕێک کەوتین لەسەر ئەوەی دوای چەند ڕۆژێکی کەم یەکتر ببینینەوە.
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا لە کالڤینۆ دەپرسن: سروشتی خەونەکانت چین؟ ئاخۆ تۆ گرنگیی زیاتر بە یۆنگ دەدەیت یان فرۆید؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باس لەوە دەکات، کە جارێکیان، دوای ئەوەی کتێبی “لێکدانەوەی خەونەکان”ی (کە کتێبێکی لێکۆڵەری دەروونی سیگمۆند فرۆیدە بۆ لێکدانەوەی خەون و نائاگایی) خوێندووەتەوە، خەوتووە و خەونی بینیوە: بەیانیی دواتر دەمتوانی بەتەواوی خەونەکەم بیر بکەوێتەوە، توانیم یاساکەی فرۆید بەسەر خەونەکەمدا پەیڕەو بکەم، تا بچووکترین وردەکاریی خەونەکەم لێک بدەمەوە. لەو چرکەیەوە بڕوام بەوە کرد کە قۆناغێکی تازەم دەستی پێ کردووە، خەونەکانیشم لەو چرکەیەوە ناتوانن نهێنییەکانم لێ بشارنەوە و ئەوەش ڕوو نادات، ئەوە تەنها جارێک بوو کە فرۆید تاریکیی نەستی بۆ ڕوون کردمەوە، لەو کاتەوە من خەون دەبینم، هەر وەک پێشتر دەمبینین، بۆیە خەونەکانم بیر دەچێتەوە و گەر بیریشم بکەوێتەوە، تەنانەت لە سەرەتا سادەکانیشی تێناگەم و لێکدانەوەی سروشتی خەونەکانیشم جێگەی قایلبوونی شیکارێکی فرۆیدی نییە، پتر لە شیکارێکی یۆنگی.
لە یەکێکی تر لە پرسیارەکاندا لێی دەپرسن: ئاخۆ ڕۆماننووسەکان درۆزنن؟ ئەگەر وای دابنێین وا نین، ئەی کەواتە ئەوەی کە دەیڵێن چ حەقیقەتێکە؟ کالڤینۆ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێی وایە ڕۆماننووسەکان ئەو پارچە ڕاستییە دەڵێن کە لەبنی هەموو درۆیەکدا هەڵنیشتووە: بەلای دەروونشیکارییەوە زۆر گرنگ نییە ئەوەی دەیڵێیت درۆیە یان ڕاستە! چونکە درۆ لە بەکارهێنانی وەک ورووژاندن و خۆشخوانی و ئاماژەدا وەک ڕاستییەک سەلماوە، هەست بە شڵەژانێک دەکەم بەرامبەر ئەو نووسەرانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ڕاستیی تەواو لەبارەی خۆیان، یان ژیان و جیهانەوە دەڵێن، پێم خۆشە لەگەڵ ئەو ڕاستییانەدا بمێننەوە کە ئەو نووسەرانە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەو نووسەرانەی خۆیان بە درۆزنترین کەس وەسف دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی هەمان کتێبدا بە ناوی (جیهانێکی نووسراو و جیهانێکی نەنووسراو)وە، کە دەقی موحازەرەیەکی ئیتالۆ کالڤینۆیە، ساڵی ١٩٨٣ لە پەیمانگەی مرۆڤایەتیی زانکۆی نیو یۆرک پێشکەشی کرد، باس لەوە دەکات کە ئەو سەر بەو بەشەی مرۆڤایەتییە کە لە ئاستی جیهاندا کەمینەیە، بەڵام پێی وایە لەسەر ئاستی جەماوەر زۆرینەن، ئەو جەماوەرەی کاتێکی زۆری بێدارییان لە جیهانێکی تایبەتدا بەسەر دەبەن، جیهانێک لە چەند دێڕێکی ئەستوونیی دروستکراو، کە وشەکانی یەک بەدوای ئەوی تردا دێن و هەموو دەستەواژە و وشەیەکیان جێگەیەکی تایبەت دەبزوێنن: جیهانێکە دەتوانێت لە دەوڵەمەندیی خۆی دڵنیا بێت، بەڵکوو ڕەنگە لە هەموو جیهانی نەنووسراو دەوڵەمەندتر دەربکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڕاستەوەرگرتن لەم جیهانەدا گونجانێکی تایبەتیی دەوێت.
دواتر باس لەوەش دەکات، کە بە درێژایی ژیانی گۆڕانکاریی زۆری بینیوە کە بەسەر جیهانی فراوان و بەسەر زاتی خۆیشیدا هاتووە: لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم پێشبینیی بکەم، جا ئیتر ئەو پێشبینییە بۆ خۆم بێت یان بۆ خەڵکانێک کە دەیانناسم، یان تەنانەت بۆ ئەوانەش بێت کە پەیوەندییان بە مرۆڤایەتییەوە هەیە.
بەگشتی ناتوانین لێرەدا کۆی بابەتەکانی نێو کتێبەکە بخەینە ڕوو، چاکتر وایە خوێنەر خۆی دەست بە خوێندنەوەی بکات و چێژی لێ ببینێت، چونکە کتێبەکە، ئەگەرچی بە قەبارە بچووکە، بەڵام لە ناوەرۆکدا گەورە و گرنگ و پڕ لە زانیارییە.