بە هۆی هەژارییەوە، گرنگترین شاکاری ئەدەبی لە ئینگلتەرا بەرانبەر چەند پاوەندێک فرۆشراخۆکارانە ڕۆنووس کردن
چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی دەیەم
بە هۆی هەژارییەوە، گرنگترین شاکاری ئەدەبی لە ئینگلتەرا بەرانبەر چەند پاوەندێک فرۆشرا
نووسینی: تەها عەبدولناسر ڕەمەزان
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
بە درێژایی مێژوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیبان و هونەرمەندان، بە هۆی قورسی و سەختی و نەهامەتییەکانی هەژاری و برسێتییەوە، کارە بەنرخە مرۆییەکانی خۆیان بەرانبەر بڕێک پارەی کەم فرۆشتووە. لەسەرووی ئەم لیستەدا، هەمیشە ناوی وێنەکێشی ناوداری هۆڵەندی “ڤینسێنت ڤان کوخ/Vincent van Gogh” دێت، ئەم وێنەکێشە مەزنە ژمارەیەک لە تابلۆکانی بە بڕێک پارەی زۆر کەم فرۆشت، کە لەگەڵ بەها هونەرییە ڕاستەقینەکانی تابلۆکانیدا نەدەگونجا. کەچی لە ساڵانەی دوای مردنیدا، تابلۆکانی ڤان کوخ لە مەزادەکاندا بە دەیان ملیۆن دۆلار فرۆشراون.
ناوی شاعیر و سیاسیی ئینگلیز “جۆن میڵتۆن/John Milton” بۆ ئەو لیستە زیاد دەکرێت، ئەم شاعیرە وەک یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی ئەدەبی ئینگلیزی پۆلێن دەکرێت؛ وەلێ ئەویش بە هۆی نەبوونی و هەژارییەوە، یەکێک لە گرنگترین داستانەشیعرییەکانی بەرامبەر بڕێک پارەی زۆر کەم دەفرۆشێت.
پشتگیریکردنی کۆمارییەکان و سزادان
جۆن میڵتۆن لە ٩ی کانوونی یەکەمی ١٦٠٨ لەدایک بووە، بەراورد بە زۆرێک لەوانەی لەو سەردەمەدا ژیاون، جۆن خوێندنێکی باش و نموونەیی هەبووە؛ ناوبراو لە “کۆلێژی مەسیح” لە زانکۆی کامبریج خوێندوویەتی و پلەی ماستەری بەدەست هێناوە.
لە کاتی جەنگی ناوخۆیی ئینگلتەرادا، ئەو جەنگەی ساڵی ١٦٤٢ هەڵگیرسا و تێیدا شا “چارڵزی یەکەم/Charles I” لە ساڵی ١٦٤٩دا لەسێدارە درا، جۆن میڵتۆن بیرکردنەوە و تێڕوانینی کۆمارییەکانی هەڵبژارد و پەسەندی کرد و متمانەی کۆمارییەکانی بەدەست هێنا، ئەمە وای کرد لە سەردەمی حوکمڕانیی “ئۆلیڤەر کرۆمویڵ/Oliver Cromwell” پلەی سکرتێری دەوڵەتی بۆ زمانە بیانییەکان وەرگرت، بەتایبەت ئەو جگە لە زمانی ئینگلیزی، شارەزایی تەواوی لە زمانەکانی فەڕەنسی، یۆنانی، هۆڵەندی، عیبری، لاتینی و ئیسپانیدا هەبوو.
لەگەڵ هاتنی ساڵی ١٦٥٢، جۆن میڵتۆن بەتەواوەتی بینایی لەدەست دا، ئەمە دوای ئەوەی عەیامێک بوو وردە وردە تووشی لەدەستدانی بینایی دەهات، تا ئەو کاتەی لەگەڵ هاتنی ساڵی ١٦٥٢دا، بە هۆی ئەو ماندووبوونە زۆرەی لە کارە بەردەوامەکانی بۆ ماوەی درێژ و گیرۆدەبوونی بەدەست خەمۆکییەوە، بەتەواوەتی کوێر بوو. لەبەر ئەوە، جۆن میڵتۆن ناچار بوو پشت بە یاریدەدەرەکانی ببەستێت و ئەو شتانەی بۆ دەخوێندنەوە کە دەبوو بیاننووسێت.
لەگەڵ گەڕانەوەی بنەماڵەی شاهانە بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ساڵی ١٦٦٠دا، جۆن میڵتۆن بە هۆی پشتگیریکردنی لە کۆمارییەکان دەستگیر کرا و چەند مانگێک لە زیندان مایەوە، ئەمە پێش ئەوەی بە دەستتێوەردانی چەند کەسایەتییەکی دەستڕۆیشتوو ئازاد بکرێت. دواتر جۆن میڵتۆن ناچار کرا غەرامەیەکی دارایی بدات و کتێبە سیاسییەکانیشی لە گۆڕەپانێکی گشتیدا سووتێنران.
بەرهەمێکی ئەدەبیی گرنگ و مردن لە هەژاریدا
جۆن میڵتۆن لە ژیانی خۆیدا چەندین بەرهەمی ئەدەبیی گرنگی پێشکەش کردووە، لەوانە “ئاریۆپاجیتیکا/Areopagitica ” و “لیسیداس/Lycidas”، هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا، کتێبی داستانی شیعری “بەهەشتی ونبوو/Paradise Lost”، کە لە ساڵی ١٦٦٧ نووسراوە، بە گرنگترین بەرهەمی ئەدەبیی ئەو دادەنرێت و تا ئەمڕۆش لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەخوێنرێت و لە لیستی گرنگترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی مێژووی ئینگلتەرادایە. بە هۆی ئەم داستانەشیعرییەوە، جۆن میڵتۆن وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەدەبی ئینگلیزی ناسراوە.
داستانی “بەهەشتی ونبوو” چیرۆکی ئادەم و حەوا و شەیتان و دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت دەگێڕێتەوە. لەم داستانەدا، جۆن میڵتۆن لە دۆخی باو لادەدات و وێنەی شەیتان، وەک وێنەی کەسێکی شۆڕشگێڕ و یاخیبوویەک لە دژی دەسەڵاتی ئیلاهی وێنا دەکات و لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت. لەو سەردەمەدا ئەم داستانە، بە هۆی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەسایەتیی شەیتاندا، مشتومڕێکی زۆری نایەوە، بەتایبەت لە ناوەندە ئاینییەکاندا.
بەڵام بە هۆی ئەوەی جۆن میڵتۆن تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی و بێپارەییەکی کوشندە بووبووەوه، ناچار بوو مافی بڵاوکردنەوەی داستانی “بەهەشتی ونبوو” تەنها بەرامبەر ١٠ پاوەند بفرۆشێت بە بڵاوکار “ساموێل سیمۆنس/Samuel Simmons”. بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیار وا بوو میڵتۆن چەند پاوەندێکی تریشی دەست بکەوێت، ئەگەر ڕێژەیەکی دیاریکراو لە کتێبەکەی بفرۆشرێت.
سەرەڕای ئەوەی “بەهەشتی ونبوو” بووە کارێکی کلاسیک و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆخوێندن لە ئینگلتەرادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نووسەرەکەی هیچ قازانجێکی ئەوتۆی لێ نەکرد و لە ساڵی ١٦٧٤دا کۆچی دوایی دەکات و قەرزێکی زۆریشی لەسەر کەڵەکە بووبوو.
سەرچاوە: ئەلعربییە نێت، دووشەممە، 27ی نیسانی 2026