جاک لەندەن
جاک لەندەن
خوێندنەوە نوێیەکانی فەڕەنسا و ئەمەریکا بە بۆنەی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونیەوە
ئەنیسە مخالدی
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
ئەم ساڵ (2026) سەد و پەنجا ساڵ بەسەر لەدایکبوونی نووسەری دیار و بەناوبانگ “جاک لەندەن (١٨٧٦-1916)”دا تێدەپەڕێت. بەم بۆنەیەوە، یەکێک لە ئاڵۆزترین و پڕمشتومڕترین کەسایەتییەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە ناو کایەی گفتوگۆ ئەدەبی و ڕۆشنبیریييەکان؛ هەر بەم بۆنەیەوە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە فەڕەنسی و ئەمەریکییەکان دەستیان کردووە بە دووبارە چاپکردنەوەی بەرهەمەکانی. ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژنامە و گۆڤارە فیکرییە گەورەکان کێبەرکێی ئەوەیانە لێکدانەوە و خوێندنەوەی نوێ بۆ میرات و بەرهەمەکانی پێشکەش بکەن.
لە ڕاستیدا ئەم گەڕانەوەیە بۆ جاک لەندەن، تەنها ڕێوڕەسمێکی بۆنە و ئاهەنگگێڕان یان ئەرکێکی یادکردنەوە نییە، بەڵکوو بانگهێشتێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بەو وێنە باوەی کە بە هۆی خوێندنەوە سادەکانەوە، لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابوردوودا، لەسەر ئەو نووسەرە هاتووەتە ئاراوە. لەم یادەدا، ئەو پرسیارەی لە زۆرێک لە ماڵپەڕ و سەکۆ ڕۆشنبیرییەکاندا ورووژێنراوە، ئەمەیە: ئایا بەڕاستی جاک لەندەن نووسەری سەرکێشی و سروشتی کێوی بوو، یان ئەوەی هەیە خوێندنەوەیەکی ناتەواوە، ئەگەر نەڵێین خیانەتێکی ڕوون و ڕاشکاوی ئەدەبییە؟
پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە هەبوو، کە جاک لەندەن چێژێکی ئەدەبیی نایاب و بێگەردی بە خوێنەرانی جیهان بەخشیوە؛ ڕۆمانە گەورەکانی دەربارەی ئەلاسکا، گورگەکانی یۆکۆن، دڕندەیی سروشت، کە خەڵکانی بێ ماڵ و حاڵ و بێهێزەکان قووت دەدات، وای لێ کرد ببێتە ناوێکی لەبیرنەکراو لە ئەدەبی ئینگلیزیدا. بەڵام ئەم ناوبانگەی لە هەمان کاتدا بووبووە پەردەیەکی ئەستوور بۆ داپۆشینی لایەنێکی تری کەسایەتی و نووسینەکانی. “جاک لەندەنەکەی تر” ئەو کەسەیە، لەناو هەژاریدا گەورە بوو، پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکات، لە کارگەکان و لەسەر شۆستەی بەندەرەکان کاری کردووە و پەیوەندیی بە پارتی سۆشیالیستی ئەمەریکاوە کردووە و هیچ دژایەتییەکی لەنێوان ئەوە و ئەدەبەکەیدا نەدەبینی.
ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک” لە بابەتێکدا کە بە بۆنەی یادی لەدایکبوونیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: “زۆر جار ناوی جاک لەندەن بە سەرکێشی و شوێنە پانوبەرینەکان و ژیانی کێوییەوە پەیوسەت دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوەی بەڕاستی ئەم نووسەرە جیا دەکاتەوە، هەستێکی کۆمەڵایەتیی تیژە، هەستێکە وای لێ کردووە، ببێتە ئەدیبێک، ئەو ڕاستییانە بدۆزێتەوە و ئاشکرایان بکات کە ئەفسانەکان دەیشارنەوە.”
ئەم ڕاستکردنەوە ڕەخنەییە دەری دەخات، ڕۆژنامەی ناوبراو داوا لە خوێنەر دەکات دووبارە سەیری جاک لەندەن بکاتەوە: نەک وەک وێنەکێشێکی دیمەنە کێوی و سروشتییەکان، بەڵکوو وەک چاودێرێکی کۆمەڵایەتی، کە لە ناوەوە دزەی کردووەتە نێو کۆمەڵگەی ئەمەریکی. لەم بارەیەوە ڕۆمانی “گەلی قووڵایی/شعب القاع/People of the Abyss،” کە لە ساڵی ١٩٠٣دا بڵاو کراوەتەوە، بەرجەستەکردنێکی بەهێزی ئەم ئاڕاستەیەیە؛ تێیدا نووسەرە ئەمەریکییەکە، بۆ گواستنەوەی دیمەنەکە، لە دەرەوەی دیمەنەکەدا ڕاناوەستێت، بەڵکوو جلی بێکاران دەپۆشێت و دەچێتە ناو گەڕەکە هەژارنشینەکانی “ئیست ئێند” لە لەندەن، تاوەکوو لە ناوەوە ئەوەدا بژی، کە کەسانی تر لە دەرەوە وەسفیان دەکرد: برسێتیی ڕۆژانە، شوێنی نیشتەجێبوونی خراپ و بێکەڵک، بێکاریی درێژخایەن. ئەمەش سیفەتێکی نیمچەبەڵگەنامەیی پێ بەخشیوە، سیفەتێک، زیاتر لە ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکار نزیکی دەکاتەوە، نەک ئەوەی ڕۆماننووسێکی نەریتی بێت.
ئەڵبەتە چەندین خوێندنەوەی جۆراوجۆری فەڕەنسی بەوردی ئاماژەیان بەم تایبەتمەندییە کردووە و دەڵێن جاک لەندەن چاودێریی نەهامەتی و مەینەتی ناکات، بەڵکوو “پێیدا تێدەپەڕێت،” ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ جیهانی ژێرەوەی کۆمەڵگەی پیشەسازیدا، نووسینەکانی دەگۆڕێت بۆ کردارێکی بنکۆڵکاریی ڕاستەقینە؛ هەر بۆیە ئەدەب لای ئەو، تەنها بە وێناکردنی واقیعەوە ناوەستێت، بەڵکوو دەبێتە ئامرازێکی مەعریفیی پلە یەک.
ئەم یادە دەرفەتێکی تری بە ڕۆژنامەگەریی فەڕەنسی بەخشیوە، دەرفەتێک کە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە و بریتییە لە ئاشنابوون و پەیبردن بەو دژبەرییە بنەڕەتییەی (التناقض الجوهری) وای کردووە جاک لەندەن زۆر لەوە دەوڵەمەندتر بێت، کە لە تاقە پێناسەیەکی تاکڕەهەندیدا کورت بکرێتەوە. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی “لوفیگارۆ” دەستەواژەیەکی ڕوون و ڕاشکاوی هەڵبژاردووە و بە “سەرکێشە خاوەن ژیانە فرەچەشنەکان” وەسفی دەکات؛ ئەمەش دەستەواژەیەکە، دوو ڕووی هەیە، لە لایەکەوە ڕەهەندی ئەفسانەیی لە ژیاننامەکەیدا ڕوون دەکاتەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ پیاوێک، ناتوانرێت لەناو یەک ناسنامەدا زیندانی بکرێت، ناتوانرێت بخرێتە نێو یەک دەمامکی دیاریکراوەوە. ئاخر ئەو کرێکار، هەتیو، گەڕۆک، دەریاوان، گەڕیدە، سۆشیالیست، جووتیار و نووسەری پڕفرۆشترین کتێبەکان بوو.
گۆڤاری “ماریان” لەوەش دوورتر و بوێرتر ڕۆیشتووە، کاتێک ئەم نووسەرەی وەک “نووسەرە سۆشیالیستە ناڕوونەکە/الکاتب الاشتراکي غير المفهوم” ناساندووە، ئەمەش گوزارشتێکە، بەوردی ئەو ناڕوونی و گرژییەی ناو پرۆژە ئەدەبی و فیکرییەکەی دەخاتە ڕوو. ئەو لە لایەکەوە بەڕاشکاوی لایەنگری هەژاران و چەوساوەکان بوو، پەیوەندیی بە پارتی سۆشیالیستەوە کرد و لە کۆبوونەوە کرێکارییەکاندا وتاری دەدا و لە یەکێتیی سۆڤییەتدا پڕخوێنەرترین نووسەری ئەمەریکی بوو؛ کەچی لە لایەکی تریشەوە، سەرسام بوو بە هێزی غەریزە و بیرۆکەی ململانێ و ئەفسانەی ئیرادەی تاکەکەسی. تەنانەت کێڵگەیەکی ڕاقیی لە کالیفۆرنیا و یەختێکی تایبەتیی گرانبەهای کڕی، وەک بڵێیت بە پێنووسەکەی سەرکۆنەی سەرمایەداری دەکات، بەڵام بە دەستەکەی تری، ئەوەی هەیبوو لە ئیمتیازاتەکانی سەرمایەداریدا بەکاری دەهێنا.
بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژنامەگەریی ئەمەریکی سەبارەت بە دووبارە خوێندنەوە و ناساندنەوەی جاک لەندەن، وەک کەسایەتییەک کە قووڵترە لەوەی وێنە باوەکە دەری خستووە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەیدا. لەم بارەیەوە گۆڤاری “زە ساتردەی ئیڤنینگ پۆست،” کە گۆڤارێکی دێرینی ئەمەریکییە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٣دا ڕۆمانی “بانگی کێوی/نداء البرية/The Call of the Wildی بڵاو کردەوە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی جاک لەندەندا وتارێکی بە ناونیشانی “جاک لەندەن لە ١٥٠ ساڵیدا” بڵاو کردووەتەوە؛ تێیدا باس لەوە دەکات، زۆرێک لە خوێنەرانی ئەمەریکی جاک لەندەن تەنها وەک نووسەری پڕۆگرامەکانی قوتابخانە دەناسن، لە کاتێکدا ئەو “ڕۆژنامەنووسی جەنگ، نووسەری یاداشتەکان، نووسەری ئابڕووچوونەکان، هاندەری سۆشیالیست و سەرکێشێکی زنجیرەیی بوو.”
لێرەوە گۆڤارەکە داوای کردووە کە پێویستە جاک لەندەن سەرلەنوێ بەتەواوی بخوێنرێتەوە: پەنجا کتێب کە ڕۆمان، کۆمەڵەچیرۆک، وتار، گەشتنامە و شیعر لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها دوو ڕۆمان دەربارەی گورگەکان و بەفر.
لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی “پیپڵز وۆڕڵد،” کە لە ڕۆژنامەگەریی ئەمەریکیدا یەکێکە لە دیارترین سەکۆی چەپەکان، وتارێکی شیکاریی لەلایەن ڕەخنەگر “جێنی فارێل”ەوە، لەژێر ناونیشانی “جاک لەندەن لە ١٥٠ ساڵیدا” بڵاو کردووەتە و دەڵێت: ڕۆمانی “پاژنە ئاسنینەکە” وەک یەکەمین دیستۆپیای سەردەمی ئیمپریالیزمە. لەم وتارە درێژەدا کە سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، فارێل ڕۆمانی “پاژنە ئاسنینەکە،” کە ساڵی ١٩٠٨ بڵاو کراوەتەوە، ئاوا وەسف دەکات: “ئەم ڕۆمانە زۆر لەوە زیاترە کە تەنها ڕۆمانێکی سیاسی بێت، بەڵکوو لە ئەدەبیاتی دیستۆپیا/Dystopiaدا دەقێکی دامەزرێنەرە.” هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دوو دەیە پێش فاشیزمی ئەورووپی دەرکەوتووە.
نووسەری وتارەکە، وەک سەرنجێک، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، جاک لەندەن لەم ڕۆمانەدا نەخشەی سیستمێکی ئۆلیگارشی کێشاوە، نەخشەیەک کە تێیدا کرێکاران، بە توندوتیژییەکی سیستماتکی ڕێکخراوەوە، دەپلیشێنرێنەوە و ستەمیان لێ دەکرێت. بۆ ئەمەش، سەبارەت بە هەڵکشان و پەرەسەندنی سەرمایەداریی قۆرخکاری، پشتی بە شیکاری و تێگەیشتنەکانی خۆی بۆ مارکسیزم بەستووە. ئەمە پێشبینییەکی ئەدەبی بوو بۆ ئەوەی دواتر لە جیهاندا ڕوو دەدات و جیهان بە خۆیەوە دەیبینێت. تەنانەت فارێل ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕۆمانەکە سەرچاوەی ئیلهام بووە بۆ “جۆرج ئۆروێڵ،” کاتێک ڕۆمانی “١٩٨٤”ی نووسیوە، وەک ئەوەی خۆی دانی پێدا ناوە؛ ئەمەش لە مێژووی ئەدەبی سیاسیی ڕۆژاوادا، پێگەیەکی سەنتراڵ بە ڕۆمانەکەی جاک لەندەن دەبەخشێت.
بەڵام گۆڤاری “کاونتەر پەنچ/”CounterPunchی ئەمەریکی، کەمێک پێش یادەکە، بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ڕۆماننووسە تۆنێکی ئاڵۆزتر و بوێرتری هەڵبژاردووە، کاتێک بابەتێکی ڕەخنەگر و مێژوونووسی ئەدەبی “جۆنا ڕاسکین”ی لەژێر ناونیشانی “جاک لەندەن، سۆشیالیستە بەناوبانگەکە لە تەمەنی ١٥٠ ساڵیدا” بڵاو کردووەتەوە؛ لەم وتارەدا، کە مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئەمەریکادا نایەوە، ڕاسکین درێغیی لەوە نەکردووە پرسیارە ڕووگیرەکە بەڕاشکاوی بخاتە ڕوو و دەڵێت: چی وای کردووە جاک لەندەن لەناو پڕۆگرامەکانی خوێندندا بەجێگیری بمێنێتەوە، لە کاتێکدا خوێندنەوەی ئەو پڕۆگرامانە، لایەنی نیگەرانی و نائارامییەکانی بەرهەمەکانی پشتگوێ دەخات، لە ڕەگەزپەرستییەوە، تا دژایەتیی نێوان گوتارە چینایەتییەکەی و ژیانە شاهانەکەی؟ لێرەدا ڕاسکین ئەوە بیری خوێنەر دەهێنێتەوە، کە “ئیما گۆڵدمان”ی ئەنارشیستی بەناوبانگی ئەمەریکی-ڕووسی ئاوا وەسفی جاک لەندەنی کردووە: “تاکە نووسەری شۆڕشگێڕە لە ئەمەریکادا.”
لەسەر ئاستێکی جیاواز، “کتێبخانەی ئەمەریکا/Library of America،” کە دامەزراوەیەکی ئەکادیمییە و یەکێکە لە بەرزترین دامەزراوەکان بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامە ئەدەبییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا وتارێکی بە ناونیشانی “خۆڵەمێش نەک تەپوتۆز: جاک لەندەن، یاخیبووە ئەدەبییەکە لە یادی ١٥٠ ساڵەیدا” بڵاو کردووەتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر لایەنی کەسایەتیی جاک لەندەن، کە هەمیشە خوێنەرانی سەرسام کردووە: مرۆڤ چۆن دەبێت لە یەک کاتدا بە پێنووس شۆڕشگێڕ بێت و لە ڕەفتاردا دەوڵەمەند و خۆشگوزەران؟
جاک لەندەن ساڵی ١٩١٦ کۆچی دوایی کرد، لەو کاتەدا تەمەنی تەنها چل ساڵ بوو، لەدوای خۆی، زیاد لە پەنجا کتێب و ئەفسانەیەکی گەورەتر لە کتێبەکانی جێ هێشتووە. ڕەنگە لە کۆچە زوو و ناوەختەکەیدا شتێک لە لۆژیکی ناوەکیی ژیان هەبێت، ژیانێک لە هەردوو ئاڕاستەکەیەوە سووتابێت؛ لەو نیگەرانی و گرژییەی نێوان هەردوو ئاڕاستەکەدا، ناوازەیی جاک لەندەن دەردەکەوێت و خوێندنەوەی لەمڕۆدا وەک پێویستییەک دەمێنێتەوە، نەک تەنها کاتبەسەربردن.
سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 24ی ئایاری 2026