تەنها ئازارە کە دەتوانێت وەهمی ژیانێکی نەرمونیان تێک بشکێنێت
تەنها ئازارە کە دەتوانێت وەهمی ژیانێکی نەرمونیان تێک بشکێنێت
وەرگێڕانی: د. ئەحمەد فاتیح
“بیۆنگ-شول هان”ی فەیلەسووف: کاتێک خەمی مانەوە توند دەروونمان دادەگرێت، ئەوکات ئێمە وەک ئەو ڤایرۆسەمان لێ دێت کە تەنها لە ژیاندا دەمێنێتەوە، وەلێ ناژی!
لە کتێبی “کۆمەڵگەی ئازارشکێندا” (Sociedad Paliativa) شول هان ڕوونی دەکاتەوە کە ژیانی هاوچەرخ بووەتە هەوڵدانێکی بێوچان بۆ مانەوە، جا بە هەر نرخێک بێت. پرسیارە گەورەکەی سەردەمی ئێمە (سەدەی بیست و یەکەم) ئەوەیە: ئایا تۆ بە ڕاستی دەژیت، یان تەنها له ژیاندا ماویتەتەوە؟
ئەمە سەردەمی بێمتمانەیی و سڕینەوەی ئازارە. فەیلەسووفە هاوچەرخەکانی وەک ڤیکتۆریا کامپۆس، دەیڤید باستۆر فیکۆ و بیۆنگ-شول هان لەسەر ئەوە کۆکن، کە مرۆڤی ئەمڕۆ پێی باشە لەسەر نووکی پەنجە بەناو ژیاندا تێپەڕێت، نەوەک تا ئەژنۆ خۆی بخاتە ناو کێڵگەی مینی هەستە ڕاڕا و پڕ لە دووفاقییەکانەوە؛ “ئەو ڕاستییانەی هەموو بوون پێک دەهێنن،” بەوەی کە خۆشی و ئازار دوو ڕووی یەک دراون.
گەورە فەیلەسووفی نوێگەر بیۆنگ-شول هان (1957) لە هەردوو بەرهەمی “sociedad de cansancio” و “sociedad paliativa”دا شیکردنەوەی بۆ ئەو حاڵەتە کردووە، کە تیایدا ئێمە سڕینەوەی ئازارمان گۆڕی بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی، کە “بوونی مرۆیی” تێیدا سڕ دەبێت. کاتێک خولیای مانەوە لە ژیاندا دەگاتە ئاستێکی توندڕەوانە، ئەوکات دەبینە ڤایرۆسێک کە دەمێنێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ژیان ناکات!
گشتاندنی ئەلگۆفۆبیا
بیۆنگ-شول هان جارێکی تر پاڵتۆ سپییەکەی بە مەبەستی پێناسەکردنی کۆمەڵگەی مۆدێرن لەبەر دەکاتەوە؛ کۆمەڵگەیەکی شەکەت و خۆپڕووکێنەر، کە لە بەناوبانگترین بەرهەمی خۆیدا وەک حاڵەتێک بە ناوی “ئەلگۆفۆبیا”دا باسی لێوە دەکات و تێیدا مەبەستی لێی ترسە لە ئازاری جەستەیی و دەروونی.
بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە کۆرییە، “ئەلگۆفۆبیا” وەک ترسەنەخۆشییەک دژ بە ئازار کۆنترۆڵی کۆمەڵگەی سەردەمی کردووە، ئەمەش حاڵەتێک لە سڕبوونی دەروونیی هەمیشەیی دروست کردووە. ئەم فۆبیایە هەموو کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە؛ لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانەوە، کە تێیدا لە ترسی ئازار لە جیابوونەوە و لەدەستدان ڕادەکەین، تا سیاسەت، کە تێیدا پەنا بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنی بێمانا دەبرێت لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت. ڕێک وەک ئەو منداڵە شەرمنەی لەلێواری مەلەوانگەکە وەستاوە و تەنها پەنجەکانی پێی دەخاتە ناو ئاوی مەلەوانگەکەوە و ناتوانێت بەتەواوی خۆی هەڵداتە ناو قووڵاییەوە و ژیان ئەزموون بکات.
دڵخۆشی وەک فەرمانێک
لەژێر پەردەی ئەم ترسە لە ئازاردا جۆرێک دڵخۆشی خۆی حەشار داوە، کە وەک “فەرمان” وایە. ئەگەر دڵخۆشی فەرمان بێت، بەڕاستی وێرانکەرە؛ وەک چۆن شول هانی فەیلەسووف پێی وایە ڕستەی “دڵخۆش بە” بووەتە ئامرازێکی سەپێنراو، کە نمایندەی کۆمەڵێک نۆرمی وێرانکەری نیۆلیبراڵیزم دەکات؛ ئەو سیستمەی توانیی ئازار وەک “شکستی تاکەکەسی” وێنا بکات. وا ئێمە لەژێر بەزەیی کۆمەڵێک گریمانەدا دەژین، کە هەرکەسێک ئازار بچێژێت، بە تاوانباری دەزانن.
ئەگەر ئازارت هەبێت، واتە تۆ شتێکت کردووە یان دەبێت شتێک بکەیت، بۆ ئەمەش، سەدان کتێب لەژێر ناونیشانەکانی “گەشەپێدانی مرۆیی” و “ڕاهێنەرانی بەختەوەری”دا ئامادەن و وا لە مرۆڤ دەگەیەنن کە دڵخۆشی دۆخێکی زۆرەملێییە؛ ئەگەر دڵخۆش نیت، واتە خۆت ناتەوێت، یان هەوڵت بۆ نەداوە!
ئازار ڕاستییەکەیە
دوور لە پێوەندە کۆمەڵایەتییەکە، کە بێگومان شایستەی شرۆڤەکردن و هەڵوەستەی جیایە، قسەکانی شۆل هان دەمانبات بەرەو ئەو گۆشەیەی تێبگەین چۆن ئازار ڕاستی بەرجەستە دەکات!
ئا لێرەوە بیۆنگ دەگەڕێتەوە سەر وتەکەی هیگڵ کە دەیگوت: هزر بریتییە لە ئازار.
تەنها ئازارە کە دەتوانێت وەهمی ژیانێکی نەرمونیان تێک بشکێنێت؛ پێوەندگەل و جیاوازیی ڕاستەقینە بخولقێنێت.
ئاخۆ دەبێت ئێمە لە چ دۆزەخێکی ئەم دنیایەدا بین، ئەگەر هەست بە ئازاری مەرگی ئازیزێک نەکەین؟ ئەگەر لەبەرانبەر ستەمدا تووڕە نەبین؟ ئەگەر لەبەرانبەر لەدەستدانی ئاسایشی ئەوی دیدا نەلەرزین؟ ڕەتکردنەوەی دۆخە ئازاربەخشەکان لەو پەیوەندییە چڕوپڕانە بێبەشمان دەکات و بەرەو ئاسوودەییەکی ساختە پاڵمان پێوە دەنێت.
ژیان لە کۆمەڵگەیەکدا بەبێ ڕاستیگەلێکی بەئازار، سەرسامبوون تێیدا دەبێتە کۆمەڵێک ئازارشکێن و ململانێکان پەردەپۆش دەکات؛ ژیان دەگۆڕێت بۆ شانۆیەک لە لاساییکردنەوە. لە پوختەی باسەکەدا دەگەڕێینەوە بۆ دێڕە پڕماناکەی سەرەتای نووسینەکە: کاتێک تەنها مەراقمانە زیندوو بمێنینەوە بەبێ ئەوەی ناخۆشی و خۆشییەکانی نێوی وەک خۆی بچێژین، ئەوکات وەک ئەو ڤایرۆسەمان لێ دێت کە زیندووە، وەلێ ناژی؛ چونکە هەڵاتن لە ئازار، بۆخۆی هەڵاتنە لە نیوەی ژیان.
ئازار، بمانەوێت یاخود نا، بەشێکە لە ئەزموونی مرۆڤ و زۆر گرنگیشە بۆ هزر و هۆشیاری و گەشەکردن و بەرەوپێشچوون؛ ئازاری دیالیکتیک/جەدەلی هزر و بیرۆکە بۆ ئاستێکی بەرزتر لە زیرەکیی دەستکرد دەبات، ئەو زیرەکیی دەستکردەی بەتاڵە لە ماناکانی “سلبییەتی گۆڕانکاریخواز/السلبية التحويلية.” هەر خۆی ئەگەر شتێک هەبێت ئێمە لە ئامێرەکان جیا بکاتەوە، ئەوە ئازارە و هەر فەزڵی ئەخلاقیاتی “ئازار”یشە ئێمە دەتوانین خۆمان بپارێزین لەوەی ببینە ئەو “کۆتا پیاو”ەی نیچە ئاگاداری کردووینەتەوە لێی! ئەو کەسەی تەنها لاسایی دەکاتەوە، ئامانجی گەڕانە بەدوای ئاسوودەیی و ڕۆتینێکی دوور لە هەر ڕیسک و سەرکێشی و ئازار و بێهیوایی و بێزارییەک. بۆیە ئەرکە لەسەرمان کە ئازار بگێڕینەوە؛ وەلێ نەک وەک حاڵەتێکی نەخۆشی، بەڵکوو وەک وزەیەک کە وجوود/بوون ڕادەکێشێت، چونکە هەر ئەو کلیلی ژیانێکی پڕ و ئەو سیستمە زیندووەیە کە بیۆنگ-شول هان بەرگریی لێ دەکات.
سەرچاوە:
https://hassadlhibr.net/?p=30989
https://www.cuerpomente.com/