شیعر نابێت پێویستی بە لێکدانەوە هەبێت، بەڵام بۆ ئەمەیان ناچارم!

شیعر نابێت پێویستی بە لێکدانەوە هەبێت، بەڵام بۆ ئەمەیان ناچارم!

نووسین و وەرگێڕانی: شیروان مەحموود محەممەد

“لە هیچ شوێنێکەوە، لەگەڵ خۆشەویستیدا”

– یۆسیف برۆدسکی

لە هیچ شوێنێکەوە، لەگەڵ خۆشەویستیدا (١):

چەندزەی مارتەمبەر (٢)

کاکی ئازیزم، بەڕێزەکەم، خانمە شیرینەکەم

دە گرنگ نییە تۆ کێیت،

ڕاستییەکەی شێوەی ڕوخساریشتم هەر نایەتەوە یاد،

من کە نە هاوڕێی دڵسۆزی بەڕێزتان و نە هیی هیچ کەسێکم

لە یەکێک لەو پێنچ کیشوەرەی لەسەر کاوبۆی بەندە

سڵاوی خۆمتان بۆ دەنێرم.

من تۆم لە فریشتەکان و لە خۆم خۆشتر دەویست

هەر بۆیە ئێستاکە زیاتر لە تۆوە، وەک لە هەردووکیانەوە، دوورترم

لەم دوورەوە، درەنگانی شەوێک، لە دۆڵێکدا، لەبنی بنەوەی

شارێکدا، کە بەفر تا دەسکی دەرگاش گەیشتووە،

من بەسەر چەرچەفەکەمەوە گینگڵ دەدەم،

هیچ نەبێت، بەو شێوەیەی لای خوارەوە باسم نەکردووە،

 بە مست سەرینەکەم شی دەکەمەوە و دەمڕێنم “تۆ”

لەپشت ئەو دەریایانەوەی هەم کۆتاییان هەیە و هەم سنوور (٣)

بە هەموو جەستەمەوە، وەک ئاوێنەیەکی ئاوەز لەدەستداو

شێوەی ڕوخسارت دووبارە دەکەمەوە و دێنمەوە بەرچاو.

یۆسیف برۆدسکی ئەم شیعرەی ساڵی ١٩٧٤ نووسیوە، واتە دوو ساڵ پاش وەدەرنانی لە یەکێتیی سۆڤێت. ئەم شیعرە سەرەتای زنجیرەشیعرێکە کە بە ناونیشانی “بەشێک لە پەیڤ” نووسیویەتی و هەنگاوێکی پڕبایەخی خەمڵینی بەهرە و دۆزینەوەی زمانێکی تایبەت بە خۆی بووە.

شیعرەکە چڕکراوەی نامۆبوون و لووتکەی ئەو نائومێدییە، کە برۆدسکی لە ئاکامی وڵاتبەدەرکردنەکەی هەستی پێ کردووە.

سەرەتا خۆیشی نازانێت لە کوێوە نامەکە دەنووسێت. لەو ساڵانەدا فیلمەکەی جیمس بۆند بە ناوی “لە ڕووسیاوە لەگەڵ خۆشەویستیدا” پیشان دەدرا. برۆدسکی سوود لەو ناوە وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بە “لە هیچ شوێنێکەوە لەگەڵ خۆشەویستیدا،” بەو پێیەی بۆ ئەو، هەرشوێنێک لە دەرەوەی ڕووسیادا “ناشوێن، یان هیچ شوێنێکە.” بۆ ئەو، هەر پێنچ کیشوەرەکەی دنیا هەمان شتە و لەژێر هەژموونی کاوبۆی ئەمەریکیدایە.

بەڵام برۆدسکی نامۆیی خۆی هەر لە شوێندا نابینێت، بەڵکوو لە کاتیشدا، بۆیە ئەو بەروارە سەیرە بۆ نامەکەی دادەنێت “چەندزەی مارتەمبەر.” وەک چۆن لە زمانی کوردیدا زۆربەی ژمارەکانی نێوان ١١ و ١٩ بە “نزە” دوایی دێن، واتە: یانزە، دوانزە و هتد… ئاواش لە زمانی ڕووسیدا ئەو ژمارانە بە “نادسێت” دوایی دێن، وەک ئەدینناسسێت، دڤێنادسێت، ترێنادسێت و هتد… بەڵام برۆدسکی هەر نادسێتەکە بەکار دەهێنێت، کە بەتەنیا هیچ مانایەکی نییە (من لێرەدا لەبری ئەوە “چەندزە”م بەکار هێناوە، کە وشەیەکی هەڵبەستراوە و هیچ مانایەکی نییە)؛ هەروەها لە ڕووسیدا ناوی چەند مانگێکی ساڵ بە پاشگری “-مبەر” دواییان دێت، وەک سیپتامبەر، نۆڤێمبەر، دیسامبەر… بەڵام برۆدسکی ئەو پاشگرە بۆ مانگی مارتیش زیاد دەکات و دەیکات بە مارتەمبەر. هەرچەندە ئەمەیان داهێنانی خۆی نییە و نیکەڵای گۆگەل، زۆر پێش ئەم، لە ڕۆمانی “یاداشتەکانی شێتێک”دا بەکاری هێناوە.

شاعیر لە سەرەتای شیعرەکەوە وا شڵەژاو و سەرلێشێواوە، نازانێت نامەکەی ئاڕاستەی کێ دەکات، ئایا بۆ پیاوێکی هاوڕێیەتی یان ژنێکی دۆستی.

زۆر جار لە نامە سۆدازە سێنتیمێنتالییەکاندا نووسەر خۆی بە هاوڕێی بەوەفا و دڵسۆزی نامە ئاڕاستەبۆکراوەکە دەناسێنێت؛ برۆدسکی، بە پێچەوانەوە، دەڵێت کە ئەو نە هاوڕێی دڵسۆزی ئەو بەڕێزەیە، نە هیی هیچ کەسێکی تر.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شیعرەکەدا، وەک ئەوەی شاعیر بەهۆش خۆی بێتەوە و ئەو کەسەی دێتەوە یاد کە نامەکەی ئاڕاستە دەکات، دەڵێت: “من تۆم لە فریشتەکان و لە خۆم خۆشتر دەویست،” بەڵام ئێستا لە فریشتەکان و لە خۆیشی زیاتر لەو کەسەوە دوورە. وردە وردە شوێن و کاتی نامەنووسینەکەی دێتەوە یاد: “لەم دوورەوە، درەنگانی شەوێک، لە دۆڵێکدا، لەبنی بنەوەی شارێکدا…” نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هەستەکانی خۆی زیاتر لا ئاشکرا دەبێت، گەرچی لەو حاڵەتەشدا هەر دڵنیا نییە کە بتوانێت ئەو هەستانەی دەرببرێت، بۆیە دەڵێت: “من بەسەر چەرچەفەکەمەوە گێنگڵ دەدەم، هیچ نەبێت، بەو شێوەی لای خوارەوە باسم نەکردووە،” لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەوڵێکی باسکردنی دۆخەکەی خۆی دەدات و دەڵێت: “بە مست سەرینەکەم شی دەکەمەوە و دەمڕێنم ‘تۆ.’”

لە ڕووسیدا، کاتێک باسی شتێکی لەڕادەبەدەر فراوان و بێسنوور بکەن، دەڵێن: “نە کۆتایی دیارە، نە سنوور،” بەڵام برۆدسکی خۆی وا قەتیس و بەندکراو دەبینێت، کە هەست دەکات “لەپشت ئەو دەریایانەوەیە کە هەم کۆتاییان هەیە و هەم سنوور” و خۆیشی وەک ئاوێنەیەکی ئاوەز لەدەستداو دەبینێت، کە: “بە هەموو جەستەمەوە، شێوەی ڕوخسارت دووبارە دەکەمەوە و دێنمەوە بەرچاو.”

بۆ نووسینی ئەم وتارە، سوود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:

https://prosodia.ru/catalog/shtudii/niotkuda-s-lyubovyu-iosifa-brodskogo-s-pozitsii-avtora-i-geroya