ژن چەقی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەیە
ژن چەقی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەیە
گفتوگۆیەک دەربارەی شانۆنامەی “گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە”
سازکردنی: ئیدریس عەلی
تێکستی شانۆیی “گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە” بەرهەمێکی نوێی خانمە نووسەری کورد “ئەژین فەهمی”یە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە بۆ ساڵی ٢٠٢٦. لەم دیدارەدا لەگەڵ خاتوو ئەژین، قسە لەسەر دنیا و ناوەرۆکی شانۆنامەکە دەکەین.
سەردەم: بیرۆکەی کتێبی “گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە” چۆن لای تۆ دروست بوو؟
ئەژین فەهمی: دەقی شانۆیی “گوڵە هەرگیز نەگەشانەوە” هەڵگری خەمێکی بەردەوامی کۆمەڵگەیە و لەو کۆمەڵگەیەشدا ژن لە چەقی ڕووداوەکاندایە. ژن لەم دەقەدا جەمسەری کێشەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات مامەڵە لەگەڵ ژن و پیاو، وەک قوربانییەکی هەمیشەیی وێنا دەکات، لەو ڕووەوە دەتوانم بڵێم، دەقێکە خزمەت بە مرۆڤ دەکات. چۆن بیرۆکەکەم لا دروست بوو؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەردەوام لە خۆمی دەکەم! بۆ نموونە کاتێک بیرم لەوە کردەوە کە مرۆڤ هەمیشە لەنێوان هیوا و بێهیواییدا، شەڕ و ئاشتیدا ژیاوە، تەنانەت بەردەوام شەڕیش دەکات بۆ مانەوە و خۆسەلماندن، لەم ڕێگەیەشدا قوربانیی زۆری داوە. گوڵ لەم شانۆنامەیەدا میتافۆڕی ژیان و مردنە، مانای جوانی و خۆشەویستییە، تەنانەت واتای گرنگیدان و ئازارێکی لەبننەهاتوو و حەز و ویستی مرۆڤە، بێگومان چێژیشە؛ بۆیە نەگەشانەوەی گوڵەکان ئازاری ژنێکی هونەردۆستی دەردەداری خۆڕاگرە، ئەمە هێڵێکی نەبینراوی نێو هێڵەکانە، کە لە پێکداچوونێکی بەردەوامدایە و من هەمیشە بیرم لێ کردووەتەوە.
دەشێت بڵێم: گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە دیوێکی ژیانمە، بەڵام نەک ئەو ژیانەی من ژیام، بەڵکوو ژیانێکی ڕاستەقینەی پەراوێزخراوی چینێکی گەورەی ژنان. هەروەها دەکرێت بڵێم: ستوونی بیرۆکەکەم ئەو ژیانە تاڵە بوو، هەم ژان هەیە، هەم قایلبوون، هەم پێکەوە بوون هەیه، هەمیش لێکترازان، هەم خۆشەویستی و هەمیش ڕەتکردنەوە. ئازارێکی شاراوه هەیە کە دەروونی مرۆڤەکان دەکرۆژێت، لەو بڕوایەشدام زۆرینەی خێزانە کوردییەکان تا ئەمڕۆیش بەدەست ئەم جۆرە گرفتانەوە گیریان خواردووە. دواجار هەڵگیرسانی جەنگ هۆکارە بۆ هەڵقوڵانی ئەم خەمە و پەرتەوازەبوون و لێکترازان. جەنگ هۆکاری گرفتە گەورەکانی مرۆڤایەتییە و گاریگەریی بەسەر هەموومانەوە هەیە؛ ژنانیش هەمیشە لە جەنگەکاندا قوربانییەکی گەورە بوون، قوربانییەکی نادیار و نەبینراو.
سەردەم: پێدەچێت جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ تێمای سەرەکیی تێکستەکەت بێت، بەڵام بۆچی ئەم بابەتەت بۆ نووسین هەڵبژارد؟
ئەژین فەهمی: چەند هۆکارێکی بنەڕەتی هەن، کە ڕاستیی کۆمەڵگە باس دەکەن؛ هەمیشە لەنێوان جەنگێکدان، بەڵام خۆیشیان بەشێک نین لە جەنگەکه، بەڵکوو زیاتر سەپێنراوە، وەک: ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، شەڕی ناوخۆ، شەڕی داعش… ئەم بابەتانە نەک تەنها هەڵبژاردەیەکی ئەدەبییە، بەڵکوو پابەندبوونێکی مێژووییە و دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام من ئەو دەقە شانۆییانەی تا ئێستا خوێندوومنەتەوە، وەها بەئازادی باسی جەنگ نەکراوه؛ نووسەر باس لە جەنگێک بکات، خۆی تێیدا بەشێک بێت و بەشێکیش نەبێت، بەم شێوەیە دەتوانم بڵێم: باسنەکردنی جەنگ لە دەقی شانۆییدا بۆشاییەکی لە ئەدەبیاتی کوردیدا دروست کردووە. کەم تێکستی شانۆی کوردی هەیە باسی جەنگی کردبێت، چونکە باسکردنی هەر دۆخێک، کە ڕاستەقینە بێت، بەرپرسیارێتیی دەوێت، خودی ئەمەیش هاندەری نووسینە.
ئەوەی من نووسیومە لەبارەی جەنگەوە، هەر تەنها جەنگ نییە، بەڵکوو ئاسەواری ئەو برینانەیە کە دەکرێت، جگە لە جەستەیی و دەروونی، شوێنێک بێت کە مرۆڤایەتی هەم لە باشترین و هەم لە خراپترین ئاستی خۆیدا بیبینێت و هەستی پێ بکات و ئازاری بدات. سەرەڕای ئەوه، مرۆڤ لەو جەنگەدا هێشتا هەوڵی مانەوە دەدات.
سەردەم: بەو پێیەی خانمێکی نووسەر ئەم تێکستەی نووسیوە، تا چەند کێشە ڕەگەزییەکان تێیدا ڕەنگی داوەتەوە؟
ئەژین فەهمی: ئەمە پرسیارێکی زۆر قووڵە: لە ڕاستیدا دنیابینیی من وەک ژنێکی نووسەر، لەم دەقە شانۆییەدا چەندین ڕەهەندی جیاوازی هەیە. نووسینی دەقێکی وەها ئاسان نەبوو، چونکە لە دەقەکەدا باسی جەنگم کردووە، جەنگ زۆر جار لە ئەدەبیاتدا تەنها لە دیدی پیاوەوە بینراوە و نووسراوە، ژنانیش یان ئەوەتا قوربانی بوون، یان لە ماڵدا ئاگاداری خۆیان و منداڵەکانیان بوون. ژن هەمیشە وەک شتێکی “نەبینراو/نادیار” مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. من وەک ژنێک، ویستم وەک دەنگێکی تازە لەو کایەیەدا کار بکەم و تێکستێکی جیاواز، لە دیدێکی جیاوازەوە بنووسم. وەک نووسەرێکی ژن، ناتوانم بڵێم کێشە ڕەگەزییەکان لە تێکستەکەمدا نییە، بەڵام ژن چەقی گێڕانەوەیه لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، ژن هۆکارێکە بۆ جەنگەکە، بۆ تەماح و چاوپیسیی پیاو، هەروەها بۆ قوربانیدان، تەنانەت خیانەت و شکانی پیاو؛ بۆ نموونە هەوڵی بەدەستهێنانی ژن لە کاتی جەنگدا. بمانەوێت یان نا، جەنگ بە کایەیەکی پیاوانە هەژمار کراوە و ژنانیش لەو کایەیەدا یا بێدەنگن، یان دەنگیان لە چوارچێوەی ماڵومنداڵدا ماوەتەوە، وەک لەوەوبەریش ئاماژەم بۆ کرد، ژنان قوربانیی جەنگەکانن.
ئەوەی من کردوومە، ئەوەیە جەنگ لێرە شتێکی ترە، بەڵام کێشەی ڕەگەزی تەنها لە دەرەوەی تێکستەکەدا نییە، بەڵکوو لە ناوەوەشیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوە مانای ئەوەیە هەستی ژن ئەو ئاکامانە دەگێڕێتەوە، کە جەنگ لە ژیانی ئادەمیزاددا بەرپای کردووە. لێرەدا ڕەگەزی ژن وەک بوونێکی متمانە پێکراو جەمسەری ڕووداوەکانە و هەموو هێڵەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.
سەردەم: بۆچی گرنگە تێکستی شانۆییمان هەبێت، لە کاتێکدا ساڵانە نمایشە شانۆییەکان ڕوو لە کەمی دەکەن؟
ئەژین فەهمی: ڕاستە دەقی شانۆیی بۆ ئەوە دەنووسرێت کە لەسەر شانۆکان نمایش بکرێن، بەڵام دەقی باش تەنها بۆ نمایشکردن نەنووسراوە، بەڵکوو بۆ خوێندنەوەیش دەست دەدات و چێژی خۆی هەیە؛ هاوکات بە درێژایی مێژوو دەقی شانۆیی لە کتێبخانەکاندا بوونی هەبووە و لە خوێندنگە و زانکۆکاندا، وەک پڕۆگرامی خوێندن سوودی لێ وەرگیراوە، نەوەی داهاتوو سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئەوە گرنگە دەقەکە تا چەند خزمەت بە مرۆڤ دەکات و دەیەوێت چی بڵێت و چی لە خوێنەر دەگۆڕێت و چۆن وای لێ دەکات شانۆی خۆش بوێت و هەڵی بژێرێت بۆ خویندنەوە، چونکە گەر بەقووڵی کارت لەناو دەقدا کرد، ئەوا خوێندنەوە زۆر هەڵدەگرێت.
با نمایشە شانۆییەکانمان کەم بن، ئەوە ئاساییه و قۆناغێکە، لەو بڕوایەدام تێدەپەڕێت، بەڵام دواجار تێکست دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە نمایش. جگە لەوەیش، لەوانەیە نمایش هەر یەک جار ببینرێت، بەڵام دەقی شانۆیی دەمێنێتەوە و زیاتر لە جارێک دەخوێنرێتەوە و چێژی لێ دەبینرێت. لەوانەیە ڕۆژێک بکەوێتە دەستی دەرهێنەرێک و ئەو قووڵتر کاری لەسەر بکات، جگە لەوەیش، کەمبوونەوەی نمایش نابێتە ئەوەی کە ئێمە نابێت دەق بنووسین و هەر دەبێت دەرهێنەران کار لەسەر دەقە بیانییەکان بکەن. ئێمە دەبێت کولتوورییانە بنووسین، بەڵام بە فۆڕمی جیهانی، چونکە دواجار شانۆیە وا دەکات وەک نەتەوە بناسرێین و بخوێنرێینەوە.
پرسیار: خوێنەری کورد تا چەند زەوق و سەلیقەیان لەگەڵ خوێندنەوەی تێکستی شانۆییدا هەیە؟
ئەژین فەهمی: خوێنەری کوردی زیاتر ئامادەی خوێندنەوەی ڕۆمان و شیعرن تا تێکستی شانۆیی؛ ئەمەیش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسەری دەقی شانۆیی کەمترە بە بەراورد بە ژانرەکانی تر، چونکە نووسینی دەقی شانۆیی قورسترین ژانرە، تێگەیشتن لێیشی هەر قورسە. زۆر جار دەقی شانۆیی دەبێت زیاتر لە جارێک بخوێنرێتەوە، تاکوو خوێنەر بەری دەکەوێت و تێی دەگات، بەڵام لەوانەیە ئەمە بۆ ڕۆمان وا نەبێت.
مەرج نییە نووسەر بۆ ئێستا بنووسێت و هەر بۆ ئێستایش بخوێنرێتەوە. لەوانەیە دەقی باش نەوەی دوای خۆی بیخوێنێتەوە، وەک چەندین شانۆنامەنووس، لە هەموو دنیادا، کە دوای خۆیان دەقە شانۆییەکانیان خوێنراونەتەوە و خراونەتە سەر شانۆکان؛ بۆیە نووسەر دەبێت هەم خەمی ئێستای بێت، هەم داهاتوو، چونکە دەقی قووڵ خۆی ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.