خودی کوردی دەبێت بەرەو خودێکی گەردوونی بچێت

“خودی کوردی دەبێت بەرەو خودێکی گەردوونی بچێت”

وتووێژ دەربارەی کتێبی خودی کوردی

سازکردنی: ئیدریس عەلی

کتێبی “خودی کوردی لەنێوان خێڵبوون و نەتەوەبوون و مرۆڤبووندا” بەرهەمێکی دیکەی تازەچاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، کە لەلایەن “د. محەمەد تەها حوسێن”ەوە نووسراوە. لەم وتووێژەدا لەگەڵ دانەری کتێبەکە قسە لەسەر ناوەرۆک و دنیای کتێبەکە دەکەین.

سەردەم: بیرۆکەی نووسینی کتێبی خودی کوردی چۆن دروست بوو لات، پێشمان بڵێ چەندێک ماوەی پێ چوو تا تەواو بوو؟

محەمەد تەها حوسێن: ماوەیەکی زۆر بوو بیرم لە پرۆژەیەکی لەم جۆرە دەکردەوه،‌ کە ببێتە تەواوکەری ئیشکردنێکی ستراتیجییانە لەسەر خودی کوردی، چونکە لە سێ کتێبی پێشترمدا کارم لەسەر خودی کوردی کردبوو، وەک “کتێبی سایکۆلۆجیای عەقڵی کوردی و کتێبی دیاردەگەرایی خود و کتێبێکی دیکەم، کە ساڵی 2015 بە عەرەبی لە وڵاتی سووریا لەلایەن خانەی زەمانەوە چاپ بوو، هەر لەسەر خودی کوردی بوو،” ویستم بەم کتێبە تازەیە “خودی کوردی لەنێوان خێڵبوون و نەتەوەبوون و مرۆڤبووندا) پرۆژەکەم تەواو بکەم.

لە ڕاستییشدا دوای پلاندانان و ئاوتلاینەکەی، نزیکەی شەش مانگی خایاند. لەم کتێبەدا ویستوومە پێناسەیەکی کوردانە بۆ خود لە لایەک و خودی کوردی لە لایەکەی تر بکەم، هەوڵی ئەوەم داوە لە پێناسە باوەکان دوور بکەومەوە و خود وەک ستاتوویەکی مێژوویی و ڕیشەدار بناسێنم.

من هەمیشە وام زانیوە کێشەکانی نەچوونەپێشی عەقڵ و هۆشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریمان پەیوەست بووە بە تێنەگەیشتن لە خود و نەناسینی ئەم بوونە وجوودییه،‌ کە لە دەرکەوتنەکانیدا ئاستی گەشەی نەتەوە و کۆمەڵگەکانمان بۆ بەدیار دەکەوێت، بەکارهێنانە زمانەوانییەکانیشمان بۆ ئەم چەمکە مانادار نەبووە و کاتێک لە تێکستە نووسراوەکان و لە گوتاری جیاجیاشدا گوێمان لێی بووە، یا کەوتووەتە بەرچاومان، ئەوە ئەو خودە نەبووە کە سایکۆلۆجیا بەگشتی و سایکۆلۆجیای بوونناسی بەتایبەتی قسەوباسی لەبارەوە کردووە.

سەردەم: دنیا و تەوەرەکانی نێو کتێبەکە چین و باس لە چی دەکەن؟

محەمەد تەها حوسێن: کتێبەکە بەسەر هەشت بەشدا دابەش بووە، ئەڵقە لەناویەکەکانی ئینتیما (هۆگربوون)م کردووەتە ناونیشانی بەشەکان، لام وایە هۆگربوون، کە لێرەدا بە تێگەیشتنی خۆم بۆ ئینتیمام بەکار هێناوه،‌ ئەڵقەی لەناویەکن و هەریەکەیان ئەوانی تر تەواو دەکەن و سەرەنجام، ئەڵقەی کۆتایی، کە هۆگربوونە بە گەردوون، یا خودی گەردوونی ئەم شوناسە وەرناگرێت، تاوەکوو ئەڵقەی یەکەمی نەبڕیبێت و تاک، یان کەس لە خۆی نەگەیشتبێت و پێبەپێ هەموو ئەو ئەڵقانەی نەبڕیبێت کە بەدوای ئەوەی یەکەمدا دێن. بە مانایەکی تر، ویستوومە لەم کتێبەدا بڵێم: خودی کوردی بۆ ئەوەی لە خۆی بگات و خۆی بناسێت، دەبێت بەرەو خودێکی گەردوونی بچێت و ئەمەش نایەتە دی تاوەکوو خۆی وەک نەتەوەیەکی هۆشیار بوونیاد نەنێت و لە دۆخە ڕسکاوە سروشتییەکەی نەتەوەوە بەرەو دۆخە عەقڵانییە پەروەردەکراوەکەی نەچێت. پاشان دەبێت مانا بۆ خۆی لە جیهاندا بدۆزێتەوە و بزانێت بۆ لێرەیە و دەیەوێت ببێتە چی؟

بەشی یەکەم: ئینتیما بۆ خودە، هەوڵم داوە شوناسی ئەم خودە ببەمەوە سەر ڕیشە وجوودیەکان و ماناش بۆ هەموو ئەو دەرکەوتنە جیاجیایانەی بدۆزمەوە، کە لە ژیانی خۆیدا بۆ خۆی و بۆ ئەوانی دی دەردەکەوێت؛ لە بەشی دووەمدا، کە ئینتیمایە بۆ خێزان، چوومەتە سەر ڕۆڵە جوداکانی ئەم ئۆرگانە و بایەخە سایکۆسۆسیۆلۆجییەکەی و ئینجا حەتمییەتی دەستبەرداربوون لە گرنگیی خێزان تاوەکوو ئێستا، لەم بەشەدا چوومەتە سەر ستراتیجییەتی خێزان وەک داهێنەری خود و ڕسکاندن و نەشونماپێکردنی، بۆ ئەوەی خود بۆ ئەوە ساز بکات بچێتە دۆخەکانی دیکەی ئینتیما؛ لە بەشی سێیەمدا، کە هۆگربوونە بە خێڵ، ئەم ئۆرگانە پۆڵێن بووە سروشتییەشم وەک یەکەیەکی فیتری بۆ پێکهێنانی نەتەوە ناساندووە و وام زانیوە کورد تاوەکوو ئێستا لێرەدا چەقیوە و بواری ئەوەی نەداوە خود بەرەو ئەڵقەکانی دیکە باز بدات؛ لە بەشی چوارەمیشدا، کە هۆگربوونە بە نەتەوه،‌ ئەو دەستەپاچەییەم خستووەتە ڕوو کە تاک و کۆمەڵگەی کوردیی سڕ کردووە و کردوویەتی بەو میکانیزمەی بۆ بەردەوامیی ژیانی خۆی هەڵی بژاردووە، تا سەرەنجام خۆشیی لە ملکەچی و خۆبەکەمزانی بردووە؛ لە بەشی پێنجەمدا، کە ئینتیمایە بۆ دین و دواتر کولتوور و ئینجا بۆ گەردوون، هەوڵم داوە هەریەکه لەم ئەڵقانە وەک زنجیربەندییەکی حەتمی بەیەکەوە ببەستمەوە، کە نەپچڕانیان مەرجی سەرەکیی خودناسییە. ئەمانە تەوەری سەرەکین لە کتێبەکەدا.

سەردەم: گرنگی و بایەخی ئەم کتێبە چییە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟

محەمەد تەها حوسێن: گرنگیی ئەم کتێبەم لەوەدایە کە خودی کوردی ورد و ئەکادیمییانە کاری لەسەر نەکراوە و تەنانەت ئەم باسە تەنها لە چوارچێوەی وتار و ئیشی هزریی نائەکادیمیدا بێ دیارکردنێکی زانستییانە خراوەتە بەر باس، ئامانجی کتێبەکە نەک هەر قسەکردنە لەسەر کێشەکانی ئەم خودە، بەڵکوو کۆڵێنکارییەکە بۆ قووڵاییە مێژووییەکانی ئەم خودە و بەستنەوەی بەو دەردە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییانەی ئێستا تێیان کەوتووین.

خود لەم کتێبەدا هەر بەتەنها بەستراوەی ڕابوردوو و داهاتوو نییە، واتە نە تەنها لە ڕابوردووە و نە تەنها لە داهاتوو، بەڵکوو هەردوو ئەمانەیە، بەڵام لە ئێستادا، واتە دەبێت لەم خودە نوێیەدا، کە پرۆژەی ئەم کتێبە‌ دەیەوێت، بەستنەوەی هەرسێ ئەم زەمەنە بەیەکەوە و دواتر کە گەیشتە ئەم دۆخە، ئیدی دنیایەک گرفتی دەروونی، کە هەر لە بنچینەدا بووبوونە گرێی کولتووری، چارەسەر دەبن.

سەردەم: تا چەند باوەڕت بەوە هەیە لەنێو کورددا زۆر خوێنەری بابەتی سایکۆلۆجی هەبێت؟

محەمەد تەها حوسێن: لای ئێمە تا ئاستێکی زۆر سایکۆلۆجی تێکەڵی بابەتە بێسەروبەرەکانی گەشەی مرۆیی کراوە، کە خوێنەرێک ویستی خوێندنەوەی سایکۆلۆجیی هەیە، بە بابەتە وەعزییەکانی گەشەی مرۆیی هەڵی دەخەڵەتێنن و دەرخواردی دەدەن. لە کاتێکدا سایکۆلۆجی زانستە و هۆکار و میکانیزم و میتۆدگەلی جیاجیای خۆی هەیە، خەریکە وردە وردە سایکۆلۆجی جێ بەم خڵتەیەی گەشەی مرۆیی لەق دەکات و ئەم بابەتەی منیش جۆرێکە لە بەیەکەوە موتوربەکردنی دەروونزانی و دیاردەناسی و فەلسەفە و ئەم بەیەکەوەلکاندنە نوێترینە بۆ خوێندنەوەی خودی خۆمان و دەستنیشانکردنی دیاردە دەروونی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی و دینییەکانی، بەو مەبەستەی لە هەموو ئەم ناوەندانەدا بەهەند وەربگیرێت.

ئەوەی من سەرنجم داوە، بەم دواییانە خوێنەران و تەنانەت خەڵکی ئاساییش بایەخی زیاتر بەم پسپۆڕییە دەدەن، لە سۆنگەی یارمەتیدانی خۆیان، تاوەکوو بە تێگەیشتنی خۆیان تا ئاستێک لە خۆیان بگەن و بزانن بۆچی لەو دۆخەی ئێستادان و بەرەو کوێ دەچن و دەبن بە چی؟

بەڵام ئەوەی جێی داخە، دامەزراوە ئەکادیمییەکان زۆر ناشارەزایانە پڕۆگرامیزەی دەروونزانییان کردووە و پێگەیاندنی سایکۆلۆجیستیش کەلێن و قەڵشی گەورەی تێدایە و ئەوەی جێی سەرنجە، بە پێوەرە ئەکادیمییە جیهانییەکان پێیان ناگوترێت دەروونزان و شارەزا.

سەردەم: بەگشتی بۆچوونت لەسەر کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای سەردەم چییە؟

محەمەد تەها حوسێن: دەزگای سەردەم وریایانە بابەت هەڵدەبژێرێت، هەم لە ڕووی نووسین و توێژینەوە و وەرگێڕانەوە لە پێشەوەیە، ئەم کارەی منیش پێشتر بەیەکەوە لەگەڵ “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”دا قسەی لەبارەوە کرابوو، مەبەستم ئەوەیە برادەران لە دەزگای سەردەم بایەخی سایکۆلۆجییان لا بوو، بە مانایەکی تر، پێیان وا بووە ئەم جۆرە کارەی من خراوەتە خزمەتی کورد، یان کورداندنی سایکۆلۆجی.

من لەگەڵ ئەوەی ئەم کتێبەم یەکەم ئیشمە لە دەزگای سەردەم، بەڵام بەر لەوە ستراتیجییەتی ئەوانم بەلاوە گرنگ بووە، توانیویانە ئیشی جدی لە کوردۆلۆجیدا بە مانا فراوانەکەی بکەن و لە هەموو زانست و بوارە مەعریفییە جوداکان دەرکردەی باشیان هەبێت.