کتێبی “هەڵاتن لە کابول” خەڵاتی بەناوبانگی “ئۆروێڵ” بەدەست دەهێنێت

کتێبی “هەڵاتن لە کابول” خەڵاتی بەناوبانگی “ئۆروێڵ” بەدەست دەهێنێت

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: هەورامان وریا قانع

کتێبی “هەڵاتن لە کابول/The Escape from Kabul،” لە نووسینی نووسەری بەریتانی “کارین بارتلیت” خەڵاتی بەناوبانگی “ئۆروێڵ”ی بۆ ساڵی 2026 بەدەست هێنا. کتێبەکە بەڵگەنامەی هەڵاتنی نزیکەی 200 دادوەری ئافرەتی ئەفغانی، بە خۆیان و خێزانەکانیانەوە دەنووسێتەوە، ئەمە دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021دا.

دامەزراوەی ئۆروێڵ لە بەیاننامەیەکدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ پێشکەشکردنی خەڵاتەکەدا، ڕای گەیاند: “ئافرەتانی ئەفغانی، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابوردوودا، دوای ئەوەی پەیوەندییان بە دەزگای دادوەرییەوە کرد، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تاوتوێکردنی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و منداڵان بینیوە.” بەڵام ژیانی ئەو دادوەرانە، پاش کشاندنەوەی هێزە ڕۆژاواییەکان و کۆنترۆڵکردنی کابول لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر بووەتەوە، چونکە بزووتنەوەکە دەستبەجێ دوای چوونەناو کابول، هەزاران زیندانیی مەترسیداری ئازاد کرد، لەنێویاندا ئەو کەسانە هەبوون کە ئەو دادوەرە ژنانە سزایان بەسەردا سەپاندبوون.

کارین بارتلیت دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی، کاندیدکردنی ئەو بۆ ئەم خەڵاتە، شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو: “ئەم ڕێزلێنانە لە بنەڕەتدا هیی دادوەرانی ئەفغانستانە، کە خاوەنی بوێرییەکی ناوازەن.” ئەو ڕەخنەی لە دۆخی ئێستای ئەفغانستان گرت و دەڵێت، “لە کاتێکدا من لە بەریتانیا دەنووسم و بەئازادی دەژیم، ئافرەتان و کچان لە ئەفغانستان، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون، لەوانەش مافی کارکردن، خوێندن و تەنانەت هاتوچۆکردن بە شێوەیەکی سەربەخۆ.”

ئەم کتێبە لە خانەی “داکۆرس” بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دەرچووە، ڕۆهان سێلڤا سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی ئۆروێڵ، سەبارەت بە ناساندنی کتێبەکە، بە ڕۆمانێکی “کاریگەر و پڕ لە سۆز و بە زمانێکی ڕوون نووسراو” وەسفی دەکات، کە سەرکەوتوو بووە لە وێناکردنی چیرۆکێکی خاوەن گرنگیی جیهانی. بەشێک لە کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ ئەزموونی کارکردنی مەترسیداری یەکێک لە دادوەرەکان بە ناوی “ڕەیحانە عەتایی” لە دادگایەکی ناوخۆیی، لە ویلایەتی نەنگەرهاردا.

دوایین پەرەسەندنەکانی گواستنەوەی دادوەرەکان بۆ وڵاتانی جیاواز

بەپێی ڕاپۆرتەکانی “کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی دادوەران/IAWJ،” کە بەرپرسیارێتیی هەماهەنگیی بۆ ڕزگارکردن و گواستنەوەی ئەو یاساناسانە لەئەستۆ بووە، باس لەوە دەکات تا ئێستا نزیکەی 180 دادوەر، لە کۆی نزیکەی 260 دادوەری ئافرەت، کە لە ئەفغانستان کاریان کردووە، بە خێزانەکانیانەوە بۆ وڵاتانی ئارام گوازراونەتەوە.

ئێستا دادوەرەکان لە وڵاتانێکی جیاوازدا دەژین، لەوانە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، بەرازیل و چەند وڵاتێکی تری ئەورووپی. بۆ نموونە وڵاتی کەنەدا، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی حکومی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران، بەرپرسیارێتیی نیشتەجێکردنەوەی 40 خێزانی ئەو دادوەرانەی لەئەستۆ گرتووە و زۆربەیان ئێستا لە شاری تۆرنتۆ و دەوروبەری دەژین.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا نزیکەی 45 دادوەری ژن لە دۆخێکی نادیار و مەترسیداردا دەژین؛ هەندێکیان لەناو ئەفغانستاندا خۆیان حەشار داوە، هەندێکی تریان لە پاکستان بە ڤیزای بەسەرچووەوە دەژین و ترسیان لە دیپۆرتکردنەوە هەیە.

بەردەوامیی سیاسەتەکانی پەراوێزخستن و جیاکاریی ڕەگەزی لەلایەن تاڵیبانەوە

لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی تاڵیبان، دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، تەواوی سیستمی دادوەریی پێشووی ئەفغانستانی هەڵوەشاندەوە و سەرجەم دادوەرە ئافرەتەکانی لە پۆستەکانیان لادا. لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵی ڕابوردوودا، بزووتنەوەکە دەیان بڕیاری توندڕەوانەی دەرکردووە، لەوانە دوای تەواوکردنی خوێندنی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی، ڕێگریی لە ئافرەتان و کچان کردووە لە درێژەدان بە خوێندن و چوونە زانکۆ، هەروەها سنووردارکردنێکی بێوێنەی بۆ کارکردنیان داناوە.

ئێستا ئافرەتان لە ئەفغانستان ڕێگرییان لێ دەکرێت لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار بکەن، هەروەها ڕێگرییان لێ دەکرێت لە چوونەناو شوێنە گشتییەکان، وەک باخچەکان، پارکەکان و یاریگەکانی وەرزش؛ ئەمە دۆخێکە کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ بە “نموونەیەکی ڕوونی جیاکاریی ڕەگەزی” لە جیهانی هاوچەرخدا وەسفی دەکەن.

نووسەری کتێەکە “کارین بارتلێت/Karen Bartlett” نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی دیار و ناسراوی بەریتانییە. ئەم خانمە نووسەرە لە کار و بەرهەمەکانیدا زیاتر جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لەژێر بارودۆخی سەختدا دەژین. بارتلێت بۆ چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی گرنگی وەک  “The Times”  و “Newsweek”  و “The Spectator” نووسینی هەبووە  و جگە لەم کتێبە، خاوەنی چەندین کتێبی تری سەرکەوتووە، لەوانە، ژیاننامەی کەسایەتییە کاریگەرەکان. ئەو بەوە ناسراوە کە دەتوانێت بابەتە سیاسییە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی مرۆیی و سۆزدارانە بگێڕێتەوە.

 کتێبی ڕاکردن لە کابول/Escape from Kabul تەنها گێڕانەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو گەشتێکی پڕ لە ترس و ئازایەتییە؛ گەشتێکە تیشک دەخاتە سەر ئەو هێڵە نهێنییەی بۆ ڕزگارکردنی دادوەرەکان دروست کرابوو  و باس لەوە دەکات چۆن ئەم دادوەرانە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان یاسایان جێبەجێ دەکرد و تاوانبارانیان بە سزای یاسایی خۆیان دەگەیاند، کەچی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و لە شەو و ڕۆژێکدا، بوونە “تاوانبار” و ناچار بوون ناسنامەکانیان بسووتێنن و لە ترسی ئەو بکوژانەی پێشتر سزایان دابوون، ماڵ و حاڵیان جێ بهێڵن. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کتێبەکە، پیشاندانی ڕۆڵی هاوکاریی نێودەوڵەتییە، لەنێوان دادوەرە ژنەکانی جیهاندا بۆ ڕزگارکردنی هاوپیشەکانیان لە ئەفغانستاندا.

ئاشکرایە خەڵاتی ئۆروێڵ/The Orwell Prize یەکێکە لە پڕبایەخترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی بەریتانیا بۆ نووسینی سیاسی؛ ئەم خەڵاتە ساڵانە دەدرێت بەو بەرهەمانەی پەیڕەوی لە ئامانجی ڕۆماننووسی بەناوبانگ “جۆرج ئۆروێڵ” دەکەن، ئەویش “گۆڕینی نووسینی سیاسییە بۆ هونەری یان گێڕانەوەی بابەتە سیاسییەکانە بە زمانێکی ئەدەبی.” بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەلایەن کارین بارتلێتەوە، نیشانەی گرنگی و وردیی ئەو لێکۆڵینەوەیەیە کە لە کتێبەکەدا ئەنجامی داوە.

سەرچاوە:

– ماڵپەڕی ئەفغانستان ئینتەرناسیۆنال www.afintl.com، 10ی تەمووزی 2026

– هەندێک سەرچاوەی دیکە