کاتێک لە جوانی دەدوێین، لە چی دەدوێین؟

کاتێک لە جوانی دەدوێین، لە چی دەدوێین؟

خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن بۆ کتێبی “ئیستێتیکا”

بەختیار حەمەسوور

بەشی یەکەم

یەکێک لە کتیبە هەرە گرنگەکانی سەدەی بیستەم لەبەر دەستماندایە، هەڵبەت بە زمانی کوردی و لە چاپێکی ناوازەدا، ناوی ئەم کتێبە “ئیستێتیکا”یە، نووسینی نووسەری ڕووس: یوری بۆرێڤ و وەرگێڕانی لە زمانی ماکییەوە (زمانی ڕووسی)، شاعیر و نووسەر ئەنوەر قادر محەمەدە. کتێبەکە لە قەوارەیەکی گەورەدا و لە دووتوێی ٣٧٠ لاپەڕەدا، لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٦ی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لەم خوێندنەوەیەدا هەوڵ دەدەین هەم کتێبەکە بناسێنین، هەم بە کۆمەک و یارمەتیی ئایدیا بنچینییەکانی کتێبەکە، هەندێک وردەسەرنج لەسەر چەند گۆشەنیگای جیاواز بدەین، تا لەو گوزەرەوە ڕووناکییەکی فراوانتر لەسەر کتێبەکە دروست ببێت و باشتریش لە دنیای هەراوی نووسەرەوە نزیک ببینەوە.

دەروازە

کتێبی “ئیستێتیکا” لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی یوری بۆرێڤە (١٩٢٥-٢٠١٩)، بۆرێڤ، ئەدەبناس، ڕەخنەگر، ساتیریستی سۆڤیەتی-ڕووسی، پۆست-دکتۆر، زمانەوان، فەیلەسووف، پڕۆفیسۆر، سەرنووسەری گۆڤاری “دەفتەرە ئەکایمییەکان.” ئەندامی یەکێتیی نووسەران و سینەماکاران، سەرۆکی ئەکادیمیای سەربەخۆی ئیستێتیکا و هونەری ئازاد. دانەری زیاتر لە “٥٠” کتێبی مۆنۆگرافی و “٥٥٠” توێژینەوەی زانستی دەربارەی پرسەکانی ئیستێتیکا، کولتوورناسی، تیۆری و مێژووی هونەر و ئەدەب، میتۆدۆلۆگیی ڕەخنە، سیمیۆتیک و هێرمێونتیکی هونەر، ئیستێتیکای وەسفی، ڕەوانبێژی، پۆیەتیکا و زانینناسی، کە لە گەلێک وڵاتاندا و بە “٤١” زمان و بەگشتی “٢” ملیۆن تیراژ بڵاو بوونەتەوە.

یوری بۆرێڤ لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی هەمەلایەن و ورد و بەدیقەت، لەسەر چەمکی “ئیستێتیکا – جوانیناسی” وەستاوە، هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەم خاڵە بخەینە ڕوو، کە جیاوازیی بەرچاوی ئەم کتێبە لەگەڵ تێکڕای ئەو کتیبانەی بە زمانی کوردی لەمەڕ (ئیستێتیکا – جوانیناسی)، بە نووسین و وەرگیڕانەوە بەردەستن، ئەوەیە کە ئەم کتێبە لە هەموویان گشتگیرتر و وردتر پەرژاوەتە سەر ئەم چەمکە لە پەیوەندی بە سەرجەم کایە جیاوزەکانی ژیانەوە، ئەم پەرژانە سەر بوارە هەمەلایەنەکان لای یوری بۆرێڤ بە جۆرێکە، کە لە بچووکترین دەرکەوتە تاکوو گەورەترین و قەبەترین شتە بەرچاوەکانی دەوروبەرمان و سروشت و گەردوون، لە چوارچێوەی ئەم چەمکەدا (ئیستێتیکا – جوانیناسی) دەخوێنێتەوە. هەر ئەم خەسڵەتە بنچینییەیە وای کردووە کتیبەکە لە ڕووبەر و پانتاییەکی بەریندا کارا و چالاک بێت، یارمەتیمان بدات لە پێدانی چاو و نیگایەکی تر بۆ شتە ڕواڵەتی و جەوهەرییەکانی دەوروبەرمان و دۆزینەوەی پنتی جوانیناسانە لەنێویاندا.

کە وایە، بەخێر بێن بۆ دنیای کتێبێک کە دەتوانێت کتێبی هەموومان بێت.

چی جوانە و چی ناشیرینە؟

پێشتر لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاماژەمان بۆ ئەم پرسە کردووە و هەوڵمان داوە بەم جۆرە ئەم پەسە لەمێژینەیە بخەینە ڕوو: پرسی جوانی و ناشیرینی پرسێکی کۆنە، پرسەکە دەکرێت لەم ڕستە سادەیەدا ئاڕاستە بکرێت: چی شتێک جوانە و چی شتێکیش ناشیرین؟ ئەمە پرسێکی لەمێژینەی مرۆڤ بووە لەسەر زەوی، لەوەتەی مرۆڤ نیشتەجێی سەر ئەم هەسارەیە بووە، بەردەوام بەشوێن جوانیدا ئەوداڵ بووە و هەوڵی داوە خۆی دوور بگرێت و داببڕێت لە هەموو ئەو شتانەی ناشیرین و دزێون. بێگومان لە خوێندنەوەی ئەم بابەتەدا، بۆ ئەوەی سەرچیغ نەڕۆین، گرنگە ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانکارییە زەمەنییە بکەین کە تێیدا ئاست و پلە و پێوانی هەردوو چەمک (جوانی و ناشیرینی) بەپێی بارودۆخ و هەلومەرج گۆڕراون، واتا جوانی و ناشیرینی لە یەک پێگە و جێگەدا نەماونەتەوە، کاریگەرییەکانی دەوروبەر و پێشکەوتنی زانستەکان و دۆزینەوەکانی مرۆڤایەتی لە کایە جیاوازەکاندا نەک تەنها لەسەر جوانی و ناشیرینی، بەڵکوو کاریان لەسەر بچووکترین ڕەفتار و گوفتاری تاکەکان و پاشتریش کۆمەڵگە کردووە. لەو سەردەمانەدا کە ژیان سادەتر و ئامرازەکانی بەردەست کەمتر و سروشتیتر بوون، هەڵسەنگاندنی ئینسان بۆ هەریەک لە چەمکەکانی جوانی و ناشیرینی لە هەناوی ئەو ژینگەیەدا خەمڵیوە، بۆ وێنە جلوبەرگ، ئەگەر دیقەت بدەین لەو وێنە کۆنانەی لە مێژووییەکی دێرینەوە بە ئێستا گەیشتوون، دەبینین کەسەکان لە پۆشینی جلوبەرگدا چ سەلیقە و ئاستێکیان هەبووە، بەدڵنیایی ئەو جلوبەرگانە نموونەی جوانترین جلوبەرگی ئەو سەردەمە بوون و ڕەنگە بۆ کەسانێکی تایبەت لە چینێکی زۆر تایبەت، ڕەخسابێت ئەو پۆشاکانەیان هەبێت، بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەم سەردەمە و لە ئاستێکی بەراوردکارییانەدا ئەو جلوبەرگانە ڕادەگرین، دەبینین ئێستا نەک ناتوانرێت ئەو پۆشاکە ببپۆشرێت، بەڵکوو وەک نموونەیەک بۆ ناشیرینی و تەنانەت عەیبەش چاویان لێ دەکرێت. کە وایە، پرسی “جوانی و ناشیرینی” پرسێکی ڕێژەییە و بەردەوام لەنێوان سەردەم و کولتوور و ژینگە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و دێت، زەمەنیش بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دادەنێت.

پوختەتر: لە داهێنانی گاسنەوە تا کۆمپیوتەر زۆر گۆڕانکاریی بچووک و گەورە ڕوویان داوە، هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینییش بەدەر نەبوون و نین لەم گۆڕانکارییانە.

هەریەک لە ئێمە دەکرێت بێ گەڕانەوە بۆ هیچ سەرچاوە و بابەت یان کتێبێک سەبارەت بە جوانیناسیی، پێوەر و پێودانگی خۆمان بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی کەس، دیاردە، نووسراوە، نمایش و هەموو ئەو کەرەستە و ئامرازانەی لەچواردەورمانن هەبێت، بە واتایەکی تر: ئینسان خاوەنی هەست و دەربڕینی خۆیەتی سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیدان، لە ڕێی هەست و دەربڕینەکانیەوە دەربارەی دیاردە و شتەکان بڕیار دەدات، ئەویش لەوەودا: جوانن یان ناشیرین، ناخۆشن یان خۆش، تاڵن یان تفت، دزێون یان چێژبەخش، ئازاردەرن یان ئاسوودەیی و… بەڵام کاتێک ئینسان لە پانتاییەکی مەعریفییەوە و لە ڕێگەی سەرچاوەگەلێکەوە کە لەمەڕ جوانیناسی دواون و نووسراون، خۆی پڕچەک و دەوڵەمەند دەکات، ئەوکات دەبینین کە جیازوازیی ڕوانگەی ئەم لەگەڵ کەسێکدا کە خۆڕسکانە پێوەرەکانی بۆ جوانی هەڵدەگۆزێت، ئاسمان و ڕێسمانە. سەرچاوە هەمەلایەکان سەبارەت بە پێناسە و ناساندنی چەمکی جوانیناسی، ڕووبەرێکی گەورەیان لە کتێبخانەکاندا داگیر کردووە، ژمارەی ئەو کتێبانەی لە دەستپێکی ئەوەڵین بەرهەمە نووسراو و چاپکراوەکاندا هەیە، بێژمارن و مەعریفەی بەشەری لەم ڕووەوە، پاشخانێکی فراوانی پێشکەش کردووە، بێگومان هەموو ئەو هەوڵ و تێڕوانینانەی لە درێژەی مێژووی نووسیندا سەبارەت بە “جوانیناسی” بەرهەم هاتوون، هەڵقوڵاوی کات و ساتی خۆیان بوون، لەپاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک وزە و ئایدیای بنەڕەتییان ئاڕاستەی سەدە و ساڵەکانی دوای خۆیان کردووە و توانیویانە وەڵامدەرەوەی ڕەوتی گۆڕانکارییە خێراکان و هاتنی مۆدێل و ستایلە کتوپڕ و ناکاوەکان بن و قسەیان هەبێت، هەڵبەت بەپێی ئاست و ڕوانین و دنیابینیی خودی نووسەرانی ئەو بەرهەمانە، پەیوەندیی نێوان سەدە و سەردەمەکان دەگۆڕێت و ڕێژەی ڕوانگەی تازە و کۆنباویان دەردەکەوێت، بۆ نموونە، ئەگەر سەرنجی کتێبێکی چکۆلەی وەک “شیعر”ی ئەرستۆ بدەین، یان “هونەری شیعر”ەکەی هۆراس، هەر وەک چۆن “ئلیادە و ئۆدیسە”ی هۆمیرۆس و “دۆن کیخۆت”ی سێرڤانتس و “فاوست”ی گۆتە و… بەردەوام لەلایەن توێژەران و خوێنەرانەوە بۆی دەگەڕێنەوە. دەبینین ئێستاش بۆ ئەو بیرۆکە و ڕستانە دەگەڕێینەوە کە ئەو نووسەرانە ئاڕاستەیان کردووە بۆ ئەدەب و هونەر، بەتایبەتییش لەسەر چەمکەکانی “جوانی و ناشیرینی،” هەنووکە ڕوانینی ئەو نووسەرانە کار دەکات و لە لێکۆڵینەوەکاندا وەک ڕێسای بەڵگەمەند و پشتبەستوو بۆیان دەگەڕێینەوە، نموونەی زیندوو و نزیک و بەردەست هەمان ئەم کتێبەی یوری بۆرێڤە، کە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو و ڕیشەدار، بەردەوام بۆ دەقانێک دەگەڕێتەوە کە مێژووی نووسین و نەخشاندنیان بەقەدەر مێژووی مرڤایەتی کۆنە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هێزێکی تەکاندەر و ناوەکییان تێدایە، تاکوو بشێت گفتوگۆ لەگەڵ ئێستا و ئەمڕۆماندا بکەن.

ناوەرۆکی کتێبی ئیستێتیکا

ئەم کتیێبە لە کۆمەڵێک بەش پێک هاتووە، لە هەر بەشێکدا دەیان وردەبابەتی تر و ناونیشان دانراون، نووسەر بە شێوەیەکی کونجکۆڵانە کۆشاوە بۆ ئەوەی چییەتی و چۆنیەتیی ئیستێتیکا لە پەیوەندی بە بابەتە بەرباسەکانەوە بکۆڵیتەوە، لەم ڕەوش و ڕێڕەوشدا ناوی سەدان کتێب و نووسەر و فیلم و تابلۆ و شانۆنامە و… لە کۆنەوە بۆ مۆدێرن هاتوون، هاوکات لەپاڵ ئەو بنکۆڵکارییەی لە دنیای ئەدەب و هونەردا کردوویەتی، بە هەمان گوڕ و گوژم لەناو دڵی ژیان و شتە سادە و ئاڵۆزەکانی دەوروبەریشمانەوە جۆشش و کۆششی کردووە کە پەیوەندیی لەنێوان هەریەک لەو شتانەی ناو ژیان و چواردەورمان بە ئیستێتیکاوە بخوێنێتەوە، ئیدی لە مێزێکی نانخواردن، کورسی، دیزاینی باخچە، جلوبەرگ، ستایلی قژبڕین، بیناسازی، شەقام و شۆستە و… تا دەگات بە کێو و شاخێکی بەهەیبەت، دۆزینەوەی پەیوەندی و پەیوەستیی هەریەک لەمانەوە بە چەمکی خوێنراوە و لەسەروەستاوی “جوانیناسی”یەوە، کارێکی کردووە کە نووسەر بە شێوەیەکی ستوونی بە ناخ و هەناوی ژیاندا شۆڕ ببێتەوە و کۆمەک بە ئێمەیش بکات، کە سوهراب گوتەنی، “چاومان بشۆین و جۆرێکی تر بڕوانین.”

وردبوونەوە و تەرکیزچڕکردنەوە لەسەر جوانی و هەڵگۆزینی لە سەرجەم جومگەکانی ژیان و بەرهەمە هرزییەکانی مرۆڤایەتی، تایبەتمەندیی ئەم کتێبەی یوری بۆرێڤە، ئەو ماندوو نابێت لەوەی تا بچووکترین یەکە ناخەکییانە بنواڕێت و بەشوێن جوانیدا بگەڕێت. سەرباسی بابەتەکان هەڵقوڵاوی ئەم ڕوانینە بەرینەن، بۆ نموونە، لە سەرەتادا بابەت و ئەرکی ئیستێتیکا دەخاتە ڕوو، ئەوەی ئیستێتیکا لە چی دەکۆڵێتەوە و چۆن لە جیهان دەڕوانێت، پاشان ئیستێتیکا لەبەر چی و بۆ کێ پێویستە، ئایا ئیستێتیکا نۆرم بە هونەر دەدات؟ پاش ئەم سەرەتایە، نووسەر دێتە سەر ئەوەی ئیستێتیکا وەک زانست و تیۆرێک پێشنیاز بکات و لە پەیوەندیدا بە بوارە هەمەچەشنەکانەوە بیخوێنێتەوە، بۆ ئەمەش چەندان ناونیشان و دەرگا دەکاتەوە، لەوانە: (ئیستێتیکا – تیۆریی چالاکیی ئیستێتیکییە، زانستێکە دەربارەی سیما ئینسانییە گشتییەکانی دابینکردنی جیهان)، (ئیستێتیکا – ئاکسیۆڵۆگیا “تیۆری بایەخدان و بەها”ی گشتیی مرۆڤایەتییە، زانستێکە دەربارەی دەوڵەمەندیی ئیستێتیکیی واقیع و هونەر)، (ئیستێتیکا – کۆمەڵناسیی هونەرە، زانستێکە دەربارەی سروشتی کۆمەڵایەتی داهێنانی هونەری)، (ئیستێتیکا – گنۆسیۆڵۆگیا “تیۆری زانین ‘معرفە'”ی هونەرە، زانستێکە دەربارەی بیرکردنەوەی هونەری)، (ئیستێتیکا – ئۆنتۆڵۆگیا “زانستی بوون”ی هونەرە، زانستێکە دەربارەی بوونی کۆمەڵایەتیی کولتووری هونەری)، (ئیستێتیکا – پسیکۆڵۆگیا “دەروونناسی”ی هونەر و تیۆریی دەرککردن و تێگەیشتنی هونەرییە، زانستێکە دەربارەی دەروونناسیی بەرهەمی هونەری و دەرککردن و تێگەیشتنی هونەر)، (ئیستێتیکا – پێکهاتەسازیی هونەرە، زانستێکە دەربارەی سیستمی جۆرەکانی داهێنانی هونەری)، (ئیستێتیکا – تیۆریی پەیوەندیی هونەرە، سیمیۆتیکا “نیشانەسازی” و کولتوورناسیی هونەرە، زانستێکە دەربارەی گواستنەوەی بابەتەکانی چالاکیی هونەری، سیستمی نیشانەیی و واتای کولتووری)، (ئیستێتیکا – تیۆری و میتۆدۆلۆگیی ڕەخنەی هونەرییە، زانستێکە دەربارەی ئەرک و ئامێرەکانی شیکاریی هونەری)، (ئیستێتیکا – فەلسەفەی چالاکیی ئیستێتیکی و هونەرییە، زانستێکە دەربارەی یاسا ئیستێتیکی و هونەرییەکانی تێگەیشتن و دابینکردنی جیهان)، (ئیستێتیکا – تیۆریی کاریگەریی کۆمەڵایەتییە لەسەر هونەر، پرسی ڕابەرایەتیی حیزبیی هونەرە)، (ئیستێتیکا – تیۆریی پەروەردەکردنی ئیستێتکییە “مرۆڤایەتی – ئامانجی بەرز و واتای ئیستێتیکا و هونەرە). لەژێر هەریەک لەم ناونیشانانەدا، دەیان وردەباس و لق ورووژێنراون، کە تێیدا بەوردی ڕۆڵ و کارکردی ئیستێتیکا و ئەو بەشانە تاوتوێ کراون و پاڵپشت بە نموونەهێنانەوە و ئەزموونی ژیانی لە درێژەی سەدە و چاخەکاندا، سەلمێنراون و وەدیار خراون.

نووسەر، کە ئاگاییەکی تەواوی بە ڕەوت و قوتابخانە و جووڵانەوە ئەدەبی و هونەرییەکان هەیە، هاوکات هەر بەتەنیا لەناو دەقەکانەوە نموونە ناهێنێتەوە، بەڵکوو بە وردی و چڕی پەرژاوەتە سەر سەدان نموونەی دەوروبەر، دیاردەی ناو سروشت، تەنانەت دیزاینی مەتبەخ و دیکۆرات، لەم ڕووبەرە کراوە و گەورەیەدا بەشوێن ئەڵقە ئیستێتیکییەکاندا دەگەڕێت و گوتاری سەرەکیی کتێبەکەی پێ تۆخ و تێر دەکات.

ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە، نووسەر تەنانەت لە یەک لاپەڕەشدا بیری ناچێتەوە کە خەریکی بابەتێکی زانستییە و لە بازنەی خوێندنەوەیەکی زانستییشدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا زمانی دەربڕین و چنینی ئایدیا و تیۆر و خستنەوەپاڵیەکی نموونە و ئەزموونی ژیاو، لە بۆتەی زمانێکدا پێشکەش کراون کە خوێنەر هەناسەسوار و بێتاقەت ناکەن، دەتوانین بڵێین زمانی ئەم کتێبە لەنێوان زمانێکی زانستی و ئەدەبیدا بەندۆڵئاسا ئەمسەروسەر دەکات، بێ ئەوەی بخلیسکێتە ناو پانتایی زمانێکی وشکوبرینگی ئەکادیمییەوە، کە تەنها لە چوارچێوەی ئەکادیمیادا دەتوانێت ڕەواجی هەبێت و بخوێنرێتەوە، بەمەش کتێبەکە دەتوانێت لە ڕووبەرێکی هەراودا، ڕوو لە خوێنەرانێکی زۆر دەکات و بێ هیچ نێوەندگیرێک، دەتوانن پەیوەندیی لەگەڵدا ببەسن، بێگومان سەرکەوتنی ئەم خەسڵەتەی کتێبەکە (واتا لە ڕووی زمانەوە)، لە پلەی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ سەلیقە و وردبینیی وەرگێڕەکەی، ئێمە لەو وتە کورتەی وەرگێڕدا دەزانین کە خودی ئەم کتێبەی لە زانکۆ لە ڕووسیا بە مەنهەج خوێندووە و پاش ساڵانێکیش کە گەڕاوەتەوە زانکۆی سلێمانی، هەر خۆی حەفتا لاپەڕەی لەم کتێبە کردووە بە کوردی و وەک وانەی (ئیستێتیکا) لە کۆلیژی زمان – بەشی کوردی، گوتوویەتیەوە (ساڵانێک لەمەوبەر چانسی ئەوەم هەبوو ئەو حەفتا لاپەڕەیەم لە خودی وەرگێرەوە پێ بگات و بیخوێنمەوە، کە دەتوانم بڵێم پوختەیەکی ئەم کتێبە بوو). ئەم خاڵە، سەلمێنەری ئەوەیە کە وەرگێڕ بەچڕی لەگەڵ کتێبەکەدا ژیاوە، هەرسی هەموو ئایدیا و تێگەکانی کردووە، لە شێواز و داڕشتنی نووسەرەکەی ئاگادار بووە و توانیویەتی ئەو قاڵبە لەناو زمانی کوردیدا بدۆزێتەوە، کە شیاو و شایستە بە زمانی ئەم کتێبەیە.

***

بەشی دووەم

لەم بەشەدا، بە یارمەتیی ئەو بیرۆکە و میتۆدانەی یوری بۆرێڤ لە کتێبەکەیدا پێشکەشی کروودن، هەوڵ دەدەین خوێندنەوە بۆ چەند دەق و دیاردە و نموونەی بینراو بکەین. یۆری بۆرێڤ بۆ نووسینی کتێبەکەی، سیلەنیگای لە ئەدەبی ڕووسی و جیهانییە، دەیان دەقی گرنگ و شاکاری بەسەر کردووەتەوە، لە پلەی یەکەمدا چ وەک دەق و نووسەر، بەڵام چ وەک دیاردە و ژینگە، سروشتی ڕووسیا و ئەدەب و هونەری ڕووسیی نیشانگری سەرەکیی یوری بۆرێڤن. ئێمە بە کۆمەکیی خوێندنەوەکانی یۆری بۆرێڤ هەوڵ دەدەین شار (بەتایبەت سلێمانی) و چەند دیاردە و نموونەی ئەدەب و هونەری کوردی تاووتوێ بکەین، بەهیواین خوێندنەوەکان چێژبەخش و سوودبەخش بن.

جوانیناسی لای گۆران

گۆران شاعیرێکی گرنگە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، نەک بەتەنها گرنگ، بەڵکوو دەتوانین بڵێین قۆناغێکە لەو مێژووەدا. نوێکردنەوەیەک گۆران و هاوەڵەکانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ئەنجامیان دا، شەقڵ و شوێنپەنجەی بەسەر ئەمڕۆشەوە هەیە. ئەوەی گۆران کردی، هەر تەنیا دەستکاریکردنی کێش و زمان نەبوو لە شیعردا، بەڵکوو دەستکاریکردنی گۆشەنیگا بوو بۆ جوانی، ئەو خاوەنی ڕوانگەیەکی جوانیناسانەی وەهایە بۆ سروشت و ژن و شار و سەرجەم پێکهاتەکانی ژیان، کە بە هیچ جۆرێک لەپێش گۆراندا بەو شێوەیە نەڕوانراوە بۆ جوانی. دەکرێت ڕوانگەی گۆران لەم خاڵەدا چڕ بکرێتەوە: “سادەیی جوانی دروست دەکات،” کاتێک دیوانەکەی دەکەینەوە، لە هەر لاپەڕەیەکدا بەسەر ئەم ڕوانگەیەدا دەکەوین، کە چۆن لە سادەیی جوانیی بەرهەم هێناوە، لە وشەی باو و دیمەنی بەرچاو، دەقی ناباو و شیعرییەتی خوڵقاندووە. بێگومان ڕوانگەی “ئاڵۆزیش جوانی دروست دەکات،” ڕوانگەیەکە دەکرێت لەژێریدا لیستێک نووسەر و دەق ڕیز بکرێن، بەڵام ناوی گۆران لەژێر ئەو ڕوانگەیە و لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا نایەت.

ئێمە لە شیعرەکانەوە، لە پەخشانەکانیەوە گۆران و هەستی جوانیناسانەی دەناسین، گۆران بەشوێن جوانیدا گەڕاوە و لەگەڵ دیتنەوەشیدا، هەوڵی داوە لە فۆڕمێکی گونجاو و بەرزی ئەدەبیدا بینووسێتەوە، ئەو لە هەندێک شوێندا فۆتۆگرافەرئاسا و لە هەندێک شوێنیشدا وەک نیگارکێشیک جوانیی پیشان داوەتەوە، بە نووسینی ئەو دەقانە و بڵاوبوونەوەیان، مەحاڵ بوو چیدی ئەو نیگایە ئاڕاستەیەکی تر وەرنەگرێت و بۆ هەمیشە لەو نیگا کلاسیکییە نەترازێت، گۆران تەنها نوێکەرەوەیەک نییە لە شیعری کوردیدا، ئەو دەستپێکی قۆناغێکە لە جوانیناسی و نیگاسووڕانی ئێمە بۆ جوانی.

بۆ نموونە، جوانیی گوڵ لە سروشتەکەیدایە، لەو کاتەدا کە بە لقەوەیە، من هەمیشە وا چێژ لە جوانیی گوڵێک دەبینم کە بە چڵێکەوەیە و پڕە لە ژیان و گەشانەوە، هەر لێکرایەوە و گیرا بە دەستەوە، مەرگی چرکەبەچرکە نزیک دەبێتەوە، بەڵام لای گۆران گوڵ لە لێکردنەوەشدا هەر پڕژیان و گەشاوەیە، نامەوێت ڕەوایەتی بە لێکردنەوەی گوڵ بدەم، بەڵام بێ هیچ دووڵییەک ئەم ڕستەیە دەنووسم: گوڵلێکردنەوە تەنها لە شیعری گۆراندا جوانە!

گوڵ نەبێ بۆ سەرم: ئاڵ چەپکێ، سوور چەپکێ،

نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!

لێرەدا گوڵەوەچینی چەند دێڕ لە دیوانەکەی گۆران دەکەین، کە تێیدا ڕوانگەی گۆران بۆ جوانی دەبینینەوە، کە ڕوانگەیە مۆدێرن و هەمیشەتازە.

بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە

لە باغچەی بەهار گوڵم چنیوە

شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە

لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە

*

پایز پایز!

بووکی پرچزەرد،

من مات، تۆ زیز:

هەردوو هاودەرد!

هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین،

ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین،

پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین،

بگرین… بگرین… چاومان نەسڕین،

هەرگیز، هەرگیز،

پایز! پایز!

*

گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە،

کە لەژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە!

کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو:

لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو،

جوانترە لەلای من لە دەریای بێسنوور

شەپۆلی باتە بەر تیشکی ڕۆژ شڵپوهووڕ!

*

لە هەچ باخێک گوڵێکی سوورم دیبێ،

بۆی چووم هەزار دڕک لە پێم چەقیبێ!

جووڵان، جوانی و جاویدانی

یەک/ لەنێوان هەردوو وشەی «جووڵان» و «جوانی»دا، سەرەڕای چەند پیتی هاوبەش، پەیوەندییەکی ورد و پێکەوەگرێدراویش هەیە. لێرەدا دەبێت ڕوانیمان بۆ چەمکی «جووڵان» یەکلایی بکەینەوە، کە ڕوانینێکی پۆزەتیڤ و ئەرێیانەیە و مەبەستمان لە «جووڵان» دژبەرانبەری «تەوەزلی» و «تەمبەڵی» و هیچنەکردنە. هەر کردەیەک ئێمە ڕۆژانە دەینوێنین، بەرەنجامی جووڵانێکە؛ ئیتر ئەو جووڵانە لە هەستان و دانیشتندا بێت، یان لە ڕۆیشتن و کردنەوە و داخستندا. جووڵان بەرکەوتن پێک دێنێت، بەرکەوتن دەتوانێت بەرهەمهێنەر و مانای هەموو چەمک و ئایدیاکان بێت: جوانی، ناشیرینی، توندوتیژی، ڕق، خۆشەویستی و… گەردوون و سروشت لە جووڵانەوەی بەردەوامدان، زەوی بەدەوری خۆردا دەجووڵێت و ئەستێرە و مانگ و هەورەکانیش هەریەکە بە نۆرەی خۆیان جووڵە دەکەن. تەماشا بکە؛ هەمیشە دیمەنی ڕووبارێکی جووڵاو لە گۆمێلکەیەکی مەنگ و وەستاو پڕژیانتر و جوانترە. جووڵان پاڵ بە تەن و تەنۆلکەکانەوە دەنێت و لە حەرەکەتێکی دیالەکتیکیدا تێکدان و ڕیزکردن ڕوو دەدات. جوانیی گوڵێک بەرەنجامی زنجیرەیەک گۆڕان و کارلێکی فیسیۆلۆژی و کیمیاوییە، تاکوو گەیشتن بە پشکووتن و گەشانەوە و جوانی. جووڵان دژ بە وەستان و یەکڕیتمییە، شڵەقانە، دژ بە ڕێکێتی و تەنزیم.

دوو/ جووڵان دیاردەیەکە کاریگەرە بە ڕەوتی سەردەمەکان، بەو واتایەی هەر سەردەم و زەمانێک خاوەن جۆرێک لە جووڵان و جووڵێنەری خۆیەتی. نیسبەت بەم سەردەمەی ئێستامان، کە تێیدا شتەکان بە یارمەتیی دنیای دیجیتاڵ و تەکنۆلۆژی لە حەرەکەتێکی بەردەوام و خێرادان، جۆری جووڵان و بەرکەوتنەکانیش بە هەمان بەردەوامی و خێرایی هەن و ڕوو دەدەن، بۆیە دیاردەگەلێکی وەک لێکحاڵینەبوون، گرژی، نالێبووردەیی، توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی لە لووتکەدان. ئەو ڕەوتە خێرا و بەهەڵپەیەی جووڵان و بەرکەوتن، کە ڕاگوزەر دێت و بۆ تەمەنێک ئاسەوار لەسەر زەین و بیرەوەری جێ دەهێڵێت، سەرلەبەری پەیوەندی و پێکهاتەکانیشی لەگەڵ خۆیدا گۆڕیوە و دەگۆڕێت. بە واتایەکی تر؛ جووڵانە کە بابەت و جۆری پەیوەندییەکانی ئێمە بە یەکتر و تەنانەت بە شتەکانیشەوە، ناچار بە گۆڕان و گونجان دەکات، بۆ ئەوەی مەودا و بۆشایی و جێمان لەنێوان ئێمە و سەردەمدا دروست نەبێت، ناچاری خۆمیقاتکردنمان لەگەڵ گۆڕانە یەکبەدواییەک و بەپەلەکاندا دەکات. ئیدی چەمکی جوانی لەم نێوانەدا چیی بەسەر دێت؟ جوانییش دیسان سەر بە هەمان نەریت و هەمان سیاقە و ناچارە پەیڕەوی لە هەمان میتۆد بکات، جوانییش بە زەبر و ملکەچی، سەرلەنوێ خۆڕاهێنان و خۆپێناسەکردنەوە نیسبەت بەو گۆڕانە کتوپڕ و خێرایانەی لە ئەنجامی جووڵان و بەرکەوتنی ئینسانەکان و شتەکاندا دێنە بوون، خۆی ئەپدەیت دەکاتەوە. جوانییەک کە لەم سەردەمەدا هەیە، دەتوانین بڵێین جوان نییە بە پێوەر و مانا کلاسیک و ڕۆمانسەکەی پێشوو، شکۆی جوانی شکا. جوانی، ئارتۆر ڕامبۆ لە شیعردا ئەمەی تاپۆ و تۆمار کرد: «ئێوارەیەک/ جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا/ بینیم تاڵ بوو/ جنێوم پێ دا.» لێرەوە کەڵکەڵەی کەشف و دۆزینەوەی جوانی لە دیاردە و پەناوپەسێوە دزێو و ناشیرنەکاندا هاتە گۆڕێ، ئەدەب و هونەری مۆدێرن بە ئاوڕدانەوە لەو بابەت و دەربڕینانەی ڕۆژانێک قێزەون و نائێستێتیکی بوون و جێیەکیان نەبوو لە دەق و کارە هونەرییەکاندا، جارێکی تر لە فۆڕمێکی سەردەمییانەدا بانگی کردنەوە و کردنی بە دەق و کاری هونەری. تیۆدۆر ئەدۆڕنۆ لە وتاری «ئیستێتیکای ناشیرینی»دا دەڵێت: «هونەر لەگەڵ چەمکی جوانیدا هاوسەنگ نییە، بۆ ڕەخساندن و دروستکردنی جوانی، پێویستی بە ناشیرینی (وەک نەفیی جوانی) هەیە.» جوانی لە شار و دنیای مۆدێرندا، جوانێکی ناجوان و هەندێک جاریش قەڵب و قەڵافەتی ناقۆڵایە، زۆر ئاساییە بچیتە یەکێک لە مووزە گەورەکان و ببینیت سیفۆنی ئاودەست، یان کلێنکسی بەکارهاتوو وەک کارێکی هونەری نمایش کراون. ئەگەر حەپەسان و دۆشدامانێک لەم نێوانەدا هەبێت، دیسان دەکەوێتە سەر ناچاوەڕوانی، ئامادەنەبوون و وەرنەگرتنی ئێمە بۆ ئەو بابەت و شتانەی لە دیدی عامدا بۆ هونەر ناشێن و کراون بە هونەر.

سێ/ کۆد و ئاماژەکانی ناو دەق و کارە هونەرییەکان، تاکە ئیمکان و هەڵگری جووڵانن؛ جووڵان بە شێوەی ڕەوت و سەیروورەت. کۆد و ئاماژەکان مینی چێنراون لە کێڵگەی دەقدا و خوێنەر بە وردبوونەوە و تاوتووێکردن لە نیگا و زەیندا، ئەم کۆد و ئاماژانە دەکاتەوە، ئەمە جۆرێکە لە کار/کاردانەوە، بەرهەمهێنان/مەسرەفکردن، بە خاتری دەرکێشانی جوانیی نوستوو. کۆد و ئاماژەکان ئۆرگانێکی زیندوو و بزوێنەری دەق و کارە هونەرییەکانن، تەنانەت لەو کارانەیشدا کە بە ڕواڵەت سادەن و لە قووڵاییدا تەنراون بە فرەمانایی و فرەخوێندنەوەوە، خوێنەر دەخەنە وەسوەسەی جووڵان و گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی جوانیدا.

چوار/ لە پێناسەیەکی بەکلاسیکبوودا: ژیان واتە جووڵان، کار و بەردەوامیدان، ئەو کاتەی لە جووڵان، کار و بەردەوامیدان دەوەستین، خامۆشی و بێدەنگی باڵادەستی پەیدا دەکەن و ژیانیشمان دەوەستێت و دەکەوینە خامۆشی و فەرامۆشییەوە، کەواتە خۆکارانە بەرهەمهێنانی جوانییش دەگاتە داخران و بنبەست. جووڵان فاکتەری گرنگی مانەوە و نەمرییە؛ بەبیرهێنانەوەیەکی خێرای ئەو کتێب، فیلم و تابلۆ و… کە خوێندووماننەتەوە و بینیومانن، دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە لەپێشینەکانی مانەوە و نەمریی هەریەک لەو بەرهەمانە بەتوندی بەسترانیانە بەو جووڵان و سرکی و بزێوییەی لە هەناوی ئەو کارانەدا هەیە، جووڵان و سرکییەکی ڕامنەکراو و یاخی. جووڵان داینەمۆ و دابینکەری وزە و پۆتانشێڵی جوانی و جاویدانییە، بەردەوامییە بۆ داهێنان و نوێبوونەوە. جووڵان، جووڵێنەری شۆڕش و ئاژاوەگێڕی و چاکسازییەکانە، بە جووڵان، ڕووداو و کارەکتەر پێک دێت و چیرۆک و ڕۆمان دەخولقێن، بە جووڵان و وەشاندنی فڵچە و هێڵ، تابلۆ دەخولقێ، بە جووڵانی وشە و پەیڤ ڕیتم و ئاواز دەردەچن و شیعر و موزیک دەخولقێن. جووڵان تاکە سنوور و جیاکەرەوەی نێوان ئێمە و مردووەکانە.

شار، شۆستە و شەقام

شار تەنها کۆبوونەوەی خەڵک و خانوو نییە، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا ڕێکخستنە لەنێوان شوێن و ژیانی هەر ڕۆژەی دانیشتووانەکەیدا. شار بابەتێکە دەتوانرێت لە ڕوانگەی ئیستێتیکاوە بۆی بڕوانرێت، ئەویش لە پێکگرتنی بەهەستی (ئاسوودەیی و دڵنیایی) لەگەڵیدا، بەڵام چۆن؟

یەکێک لەو بابەتانەی لەژێر چەتری ئیستێتیکادا وەستاوە، ئاسوودەیی و دڵنیاییە، ئاسوودەیی بەو واتایەی تۆ لە شوێنێکدایت کە ڕۆح و جەستەت تێیدا حەساوەن و هەست بە ئەمنییەت و ئارامی و دڵنیایی جەستەی و ڕۆحی دەکەیت، شار دەتوانێت ئەو شوێنە بێت، هاوکات دەتوانێت شوێنێکیش بێت ناسەقامگیر، پەلاماردەر و نائارام و نامیهرەبان. چۆن شارێک دەتوانێت هەستی ئاسوودەیی و دڵنیاییمان بداتێ و شارێکی تر نا؟ بێگومان شارەکان لەسەر ڕێکەوت و بنەمایەکی بیرلێکراوە بوونیاد نراون، سلێمانی یەک لەو شارانەیە، بەڵام شار وەک کۆرپەیەک گەشە دەکات و پەلەکانی بە هەر چوار لادا دەکشێت، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی شار و ڕێکخەرانی، کە تیمی ئەندازیارانن، سەرپەرشتیی ئەم گەشە و پەلهاویشتنە نەکەن، ئەوا شار لاخوار و ناڕێک گەشە دەکات و لەدەست دەردەچێت و تەنها گەورە دەبێت، بێ ئەوەی ناوەرۆکێکی ئینسانیی هەبێت، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر شاری سلێمانیدا هاتووە و دێت.

کاتێک تۆ لە بەرزایی گۆیژە یان ئەزمەڕەوە لە سلێمانی دەڕوانیت، دەبینیت بە گەشەیەکی ناسروشتیدا تێپەڕیوە و تازە بەرپێگرتنیشی نزیکە لە مەحاڵەوە، بوونی ئەو ناڕێکییە لە بیناسازی و ناهاوسەنگی لە گەڕەک و کۆڵان و خانوودا، سلێمانیی کردووە بە لەشێکی بەبار و کەنەفت، کە هەر دەڵێیت ژنێکی دووگیانە و جەستەی بەتەواوی شێواوە. لەم شارەدا بێ هیچ بەرپرسیارێتییەک باڵەخانەی هەوربڕ دروست دەکرێت، شەقامی هەڵە لێدەدرێت، خانوو و گەڕەکی کۆن تەخت دەکرێت و لە جێیان گەراژ و مۆڵ قوت دەکرێنەوە، گەڕەک و خانووی تەجاوز ساز دەبن. بەردەوام خەڵکی لە هەموو لاوە تێی دەڕژێن و شوناس و کولتووری شارنشینی، ڕۆژبەڕۆژ کاڵ و بێتین و نامێنێت، بە جۆرێک بووە بە ئاستەنگێکی هێند دژوار، کە ناسینەوە و نووسینەوەی مێژووی دروستی شارەکە، خەریکە دەبێت بە خەونێکی پووچ. لایەنی جوانیناسیی سلێمانی گۆڕاوە بە ژاوەژاو و بینای دڕندەئاسا و چیمەنتۆی بۆر و زبر، بە گەڕان بەم شارەدا چاو ماندوو دەبێت و مێشک و دەروون پڕ دەبن لە هەستی شەڕەنگێزی و شەیتانخوویی.

یەکێک لەو شوێنانەی ئێستێتیکا دەتوانێت بیگرێتە خۆی، شەقام و شۆستەیە لە شاردا، شەقام وەک شوێنێک بۆ ئاژووتنی ئۆتۆمبیل و شۆستەش وەک شوێنی پیاسە. شەقامەکانی سلێمانی پڕن لە برین و چاڵ، دەگمەن شەقامێک دەدۆزیتەوە ئاسانکاریی هاتوچۆ بکات، شەقامەکان بە ئاستەنگ و دژواریدا ڕەت دەبن و کاریگەریی نەرێنی لە دڵ و مێشکی شۆفێر و سەرنشیناندا دروست دەکەن. لێرەدا داتامان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەدڵنیایی ڕێژەی هەستی تووڕەیی و ڕق لای کەسانێک کە بژێویی ژیانیان لەناو شەقامەکاندایە، یان ناچارن ڕۆژانە چەند سەعات لەناو شەقام و جادەکاندا بن، جا ئیدی شۆفێری پاس یان تاکسی و ئۆتۆمبیلی گەورە بن، بەراورد بە کەسانێک لە ماڵەوەن، یان لە مارکێت یان دوکانێک کار دەکەن، یاخود لە فەرمانگەیەکدا فەرمانبەرە، ئەو هەستانە زۆر زیاترە، چونکە تۆ لە شەقامەکانی ئەم شارەدا شتێک نادۆزیتەوە هەستی جوانیت پێ ببەخشێت، بەڵکوو ئەوەی هەیە، ناشرینی و نائارامییە، هەستکردنە بە تاوان و بریندارکردن. شۆفێران تووڕەییان بە خێراییەکی بێسنوور دەردەبڕن و ڕقەکانیشیان بە جنێو و هۆڕن و پەنجەبەرزکردنەوە، مەحاڵە بێیتە ناو شەقام و ڕۆحت ئازاری پێ نەگات، هەڵبەت ئەگەر چانست هەبێت جەستەت سەلامەت بمێێتەوە و سەیارەیەک نەتشێلێت.

شۆستە شوێنێکە بۆ پیاسە، شۆستەکان لە دنیادا نموونەیەکی جوانی شارەکانن، بەداخەوە دیسان شۆستەی شارەکانی کوردستان خاڵین لە هەستی چێژبەخشین و پێدانی هەستی جوانیناسانە، تۆ کاتێک لەسەر شۆستەیەک پیاسە دەکەیت، بەردەوام دەبێت ئاگات لە بەرپێی خۆت بێت کە لەپڕ نەکەویتە چاڵێکەوە، یان ناکاو ڕەسیفێک نیومەتر دانەبەزێت و لەگەڵ هەنگاوناندا، سەرسمێک نەدەیت و چەند مەتر ئەولاتر بەکەوتوویی خۆت بگریتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا خوێندکارێک لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لە پێشکەشکردنی باسی کۆتایی ساڵەکەیدا، بابەتێکی گرنگ و جدی هەڵبژاردبوو، ئەویش کارێک بوو کە لە ڕێی بەستنی کامێرایەکی بچووک بە قاچیەوە بوو و پاشان بەناو بەشێکی زۆر لە شۆستە و شەقامەکانی شاری سلێمانیدا گەڕابوو، هەڵبەت تەواوی گەڕانەکەی تۆمار کردبوو، دواتر کاتێک تەماشای ئەو ڤیدیۆ تۆمارکراوەت دەکرد، بەئاسانی هەستت بەو ناڕێکی و خواروخێچی و هەڵبەزودابەزەی شەقام و شۆستەکان دەکرد، بە جۆرێک، لە هەندێک گرتەدا، هەستت دەکرد لە بانێکی بەرزەوە بەر دەبیتەوە، یان هەندێک دیمەنی تر، دەتبینی چۆن چاڵاوێکی پڕ لە ئاوی پیس، قاچت تێی دەکەوێت، یاخود لە ڕووی نەشارەزایی و بێئەتەکێتیی تاکی ئێمەوە لە ڕێکردندا، دەتبینی چۆن کەسێک بەتوندی بەرت دەکەون، یان پێ بە قاچتدا دەنێت و پێڵاوەکانت لەپێ دادەکەنرێت.

تۆ لەسەر شۆستەکانی ئەم شارە دڵنیا و ئاسوودە نیت، ناتوانیت لەم بەشە گرنگەی شاردا لایەنی جوانیناسی بدۆزیتەوە، ڕەنگە تۆ کەسێک بیت بەدەم ڕێوە خەیاڵ بکەیتەوە، بیر لە پرۆژەیەک بکەیتەوە، گۆرانی بڵێیت، یادەوەرییەکی خۆش بەیاد بهێنیتەوە، بەڵام لەپڕ خۆت دەبینیتەوە بەدەم خەیاڵ و پڕۆژە و گۆرانی و یادەوەرییەکەتەوە کەوتوویتە ناو چاڵێک!

ئیستێتیکای بەرزەپرد و پارک

یەکێک لەو دەرکەوتانەی تر کە دەچنە بازنەی ئیستێتیکاوە، بەرزەپرد و پارکەکانن، لە شاردا بەرزەپردەکان، وێڕای ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی و فشار و ئاستەنگی هاتوچۆ، هاوکات بوونیان بەو شێوەی کە هەیە، پڕە لە جوانی و داهێنان. لە بەرزەپردەکاندا تۆ دەتوانین ئاڕاستەکانی پێچەوانەی جادە ببینیت، کە چۆن لە سیستمێکی ڕێکخراودا (ترافیک) ڕێگە بۆ یەکتر دەکەنەوە و لەو بەرزەپردانەوە تێپەڕ دەبن. لە دیزاینی هەندێک بەرزەپرددا تۆ چەمانەوە و لێژبوونەوەی ئەو هێڵە دەبینیت کە ئۆتۆمبیلەکان دەیبڕن، لە ئانی تەماشاکردنی ڕەتبوونی ئۆتۆمبیلدا تا ونبوونی لە چاو، هەست بە هارمۆنیایەک دەکەیت کە نزیکە لە نمایشێکی ئینسلەشین یان پێرفۆرمانسەوە. بێگومان ئەگەر تۆ لەناو ئۆتۆمبیلەکەشدا بیت، چێژی تایبەت لەو چەمینەوە و قەمچانەوەی جادەیە دەبینیت، کە جیاوازە لەوەی تۆ بە جادەیەکی ڕاستەوڕاستدا دەڕۆیت، لە یەکەمیاندا ڕیتمی لێخوڕین دەگۆڕێت، بەوەش باری دەروونی و ڕوانینمان لەگەڵیدا دەگۆڕێت و نیگامان چێژ لەو گۆڕانە وەردەگرێت، بەڵام لە دووەمیاندا تۆ لەسەر یەک ڕیتمی دیاریکراو لێدەخوڕیت، دەق بەو ڕیتمەوە دەگریت، لەو یەکڕیتمییەدا بەردەوام دەبیت و تەنها شتێک کە دەبێتە مەبەست، گەیشتنە.

پارک جێگەی حەوانە و دیدار و هەوای پاک و کراوەیە. تۆ لە پارکدا هەست بە ئازادی و هەوای پاک دەکەیت، چێژ لە بینینی جوانیی سەوزایی و درەخت و گوڵ و سەرجەم ئەو کەرەستە و یارییانە وەردەگریت کە لەوێن، دیزاینی پارک یەکێکە لە بوارە تایبەتەکانی ئیستێتیکا، زۆرن ئەو کولتوور و شارستانییەتانەی خاوەنی دیزاینی تایبەت بە خۆیانن بۆ پارک و باخچەکان.

یەکێک لەو پارکانەی شاری سلێمانی، کە دیزاینێکی جیاواز و تایبەتی بۆ کراوە، پارکی دایکە، شوێنی ئەم پارکە لە یادەوەریی شاردا، شوێنێکی ترسناک و خەمناکە؛ ئێرە زیندانێکی گەورەی تۆقێنەر بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، کە چەندان ڕۆڵەی ئەم شارە و شار و گوندەکانی تێدا زیندانی کراون و بەشێکی زۆریشیان چارەنووسیان مەرگ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناونانی بە “پارکی دایک،” بۆ چیرۆکی ئەو دایکانە دەگەڕێتەوە کە بە منداڵەوە لێرەدا زیندانی کراون، یان هەر لێرە منداڵیان بووە و بوون بە دایک! بیرۆکەی کردنی وەها شوێنێک بە پارک، کارێکی شایستە و هەوڵێکی جدی و جوانە، کە وای کردووە هەستی ناشیرینی و دزێوی و ئازار لە یادەوەریی کەسانی شاردا بیر بەرێتەوە و بە هاتنیان بۆ ئێرە، هەستی جوانیناسانەیان پەرە پێ بدەن.

یەکێک لە لایەنە ئیستێتیکییەکانی ئەم پارکە دیزاینەکەیەتی، کە دەتوانین بڵیین تاکە پارکە لە شارەکەدا بەم شێوازە دیزاین کراوە. لە دیزاینی ئەم پارکەدا هەوڵ دراوە نزیکایەتی لەگەڵ سروشتدا ڕەچاو بکرێت و بپارێزرێت، بەوەی کە لە ڕووی تۆپۆگرافییەوە بەرز و نزمییەکی زۆری تێدایە، لە ڕووبەری گشتیی ئەم پارکەدا تەختایی نییە، تۆ ناتوانێت نوختەیەک لەمسەر بێت، لەوسەری پارکەکەوە بیبینیت، ئەویش بە هۆی بەرز و نزمی و لێژی و لاربوونەوەکانیەوە، هەر وەک ئەوەی ڕوو لە سروشتێکی خۆڕسک بنێیت، ئینسان بە هاتنەنێو ئەم پارکە ئەو هەستە جوانیناسە سرک و ڕامنەکراوەی سروشتی بیر دێتەوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووی لێ ناوە و لەناو دڵی ئەو دەشتایی و یاڵ و کێوانەدا، پڕ بە سییەکانی هەوای پاکی هەڵمژیوە.

ناشیرینناسی لای ماری شێڵی

لە دەرەوەی هەموو ئەو خوێندنەوانەی بۆ ڕۆمانی “فرانکشتاین” کراون، چ لە ڕووی بایەخی ئەدەبی، چ لە ڕووی سەرەتاکانی ژانری خەیاڵی-زانستییەوە، دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی زۆر تایبەت، ڕۆمانێکە دەربارەی چەمکی “ناشیرینناسی.”

جوانی و ناشیرینی دوو چەمکی هەمیشەئامادەی دنیای فکر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەرن، لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام بەهایان پێ دراوە و نرخێنراون، لە نەریتی یۆنانی کۆندا جوانی بە ڕێکوپێکی و هارمۆنی و هاوسەنگی بینراوە، لای ئەفڵاتوون جوانی نوێنەرایەتیی کاری خێر بووە، لای وا بوو جوانی وێنەدانەوەی شتەکانە و جوانی وەک میدیۆمێک لەنێوان واقیع و هەقیقەتدا دەبینێت. ئەرستۆ پێچەوانەی ئەفڵاتوون بۆ جوانی دەڕوانی، لای ئەو جوانی لە چوارچێوەی پێکهاتە و ڕێکوپێکیی دەروونیی شتەکانەوە دەبینرا. لای تۆمای ئەکوینی، ئاوا هەوڵی ناساندنی جوانی دراوە: “ئەو سێ شتەی پێویستە لە جوانیدا هەبن: تەواوی، سازان و تیشکدانەوە.” بە ترازان لە دنیای کلاسیک و سەدەکانی ناوەڕاست تا دەگات بە دنیای مۆدێرن، جوانی و ناشیرینی لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە دیتراون. لە ئێستادا (سەدەی بیست و یەکەم)، چیدی بەتەنها جوانی نییە کە بووەتە هۆی مشتومڕ، بەڵکوو خودی ناشیرینی لە باسهەڵگیرسێنترین باسی کایە مەعریفییەکانە، ئومبێرتۆ ئێکۆ لە ساڵی ٢٠٠٧دا کتێبێکی بە ناوی (مێژووی ناشیرینی) نووسیوە، لەوێدا جەخت لەم ئایدیایە دەکاتەوە کە: مێژووی جوانی بەبێ ئاوڕدانەوە لە مێژووی ناشیرینی، ناتەواوە و جوانی و ناشیرینی نەک دژبەیەک، بەڵکوو تەواوکەری یەکدین. ئەم بۆچوونەی ئێکۆ لە پێکگرتنی کولتوور و نەریتە جوانیناسەکانی ڕۆژەڵاتەوە زیاتر دەسەلمێت، بۆ نموونە: هەرچەند لە فۆلکلۆری نەتەوە ڕۆژەڵاتییەکاندا جوانی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ سروشت و ئەخلاقدا هەبووە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بوونەوەرگەلێکی ناحەز و تۆقێنەریش وەکوو دێو و درنج و دەعبا تێیدا ڕۆڵێکی تایبەتییان بینیوە. ئەو بوونەوەرانەی نەک بەردەوام لە ڕۆڵی نەرێنیدا، بەڵکوو بڕێک جار وەک ڕێنوێنێک بۆ پەند و یارمەتیپێدان دەرکەوتوون. ماری شێڵی لە “فرانکشتاین”دا لەسەر ئەم بیرۆکە کاری کردووە، ئەگەرچی ڕۆمانەکەی ئەو سەر بە دنیای کلاسیکە، بەڵام بە نیگایەکی مۆدێرن نووسراوە و ئاڕاستە کراوە، هەر ئەوەیە نازناوی (پڕۆمیسیۆسی مۆدێرن)ی پێ دراوە.

پەیوەندیی نێوان ئەدەب و زانست، پەیوەندییەکی کۆن و لەمێژینەیە، ئەوەی خانەیەکی تایبەت بۆ تێکەڵکردنیان جیا کراوەتەوە و ناوی خەیاڵی-زانستیی لێ نراوە، ڕاستیی ئەو قسەیە دەسەلمێنێت. تێکتەنرانی ئەدەب و زانست ژانرێکی سەربەخۆی بەرهەم هێناوە، کە دەکرێت لە تایبەتمەندیی ئەم ژانرە، ئاماژە بە ڕوونی و سادەیی بکەین. کاتێک بێین و ئەم ژانرە بخەینە خانەی گێڕانەوەوە (ڕۆمان و چیرۆک)، دەبینین ڕووبەڕووی قەبارەیەکی گەورە لەو نووسراوانە دەبینەوە، کە لە هەردوو ژانرەکەدا بەرهەم هاتوون. ڕیشە و سەرچاوە سەرەتاییەکانی زانست لەناو ئەدەبدا قووڵە و ڕەنگە بتوانین بڵێین هێندەی تەمەنی ئەدەب خۆیەتی، لە دەقە ئوستوورە و ئەفسانەییەکاندا ڕۆڵی زانست شتێکی حەتمییە و دەتوانین وەک بەش، لە گێڕانەوە کەوناراییەکاندا بیبینینەوە، بە هەمان شێوە ئەدەب وەک زمان و نواندنەوەی بەشێک لە واقیع، ئامادەییەکی بەردەوامی لە زانستدا هەبووە و هەیە. واتە سوودوەگرتنەکە دوو جەمسەرانەیە و بە دوو هێڵی هاوتەریب بەتەنیشت یەکدا هاتوون، لە ڕێڕۆیشتنی بەردەوامیاندا [ئەدەب و زانست] هەم تێکەڵ بوون و هەم سەربەخۆیی خۆیشیان پاراستووە.

ڕۆمانی “فرانکشتاین” یان خواوەندی سەردەم، نووسینی ژنەڕۆماننووسی بەریتانی ماری شێڵی، ساڵی ١٨١٨ بڵاو کراوەتەوە، یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی دنیا، لە کاتێکدا دوو سەدە زیاتر بەسەر چاپی یەکەمی ئەم ڕۆمانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ئەفسوون و سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست نەداوە. ئاشکرایە گۆڕانێکی هێجگار زۆر، لە ڕووی فۆڕم و ناوەرۆکەوە، بەسەر ئەدەب و زانستدا هاتووە. بۆیە پرسیارێکی وەها لەم بارەدا خۆی قوت دەکاتەوە: هۆکاری چییە ئەم دەقە تا ئێستایش دەخوێنرێتەوە و زیندووە؟ وەڵامی وەها پرسیارێک، دەمانخاتە بەردەم دووڕیانێک، واتە دەبێت بە یەک چاو لە هەردوو بابەتی ئەدەب و زانست بڕوانین و شوێنیان لەناو ئەم دەقەدا [فرانکشتاین] دیاری بکەین.

ئەگەر وەک بەرچاوڕوونییەک بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمانەکە و ئاماژەیەک بە چیرۆکەکەی بدەین، ڕەنگە لەوێوە بگەین بە وەڵامێک. چیرۆکەکە لە دوو هاوڕێ دەدوێت، کە لە منداڵییەوە پێکەوەن تا گەورەبوون: هێنری کلێرڤاڵ و ڤیکتۆر فرانکشتاین. ڕۆمانەکە بە منداڵیی ئەم دوو کارەکتەرە دەست پێ دەکات، تا ئەو جێیەی فرانکشتاین بۆ خوێندن بەرەو ئەڵمانیا دەڕوات. چەند مانگێک تێدەپەڕێت و هیچ نامەیەک لە فرانکشتاینەوە ناگات بە خێزانەکەی، بۆیە باوکی فرانکشتاین داوا لە باوکی هێنری دەکات، بە نیازی خوێندن، هێنری بنێرێت بۆ لای فرانکشتاین، تا هەواڵی فرانکشتاین بزانێت، کاتێک هێنری دەگاتە لای فرانکشتاین، بەسەر ژوورێکی شپڕێو، شپرزە و پیسدا دەچێت، ئیتر لێرەوە ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دێتەوە و جۆرێک لە شپرزەیی و پەشێوی (لە ڕووی دەروونییەوە) بەرجەستە دەکات. هێنری، لە بانیۆی ماڵی فرانکشتایندا لاشەیەکی ڕاکشاو و قێزەون دەبینێت، کە کەوتووەتە سەر شلەیەکی لیق و پیس. پاشتر تێدەگات فرانکشتاین لە پێکەوەلکانی ئەندامی جەستە مردووەکان، خەریکی خەلقکردنی بوونەوەرێکە، بەڵام کاتێک ئەم بوونەوەرە ترسناکە دەکەوێتە سەرپێی و لە بانیۆکە دێتە دەرەوە، فرانکشتاین لێی هەڵدێت و ترس و تۆقین دای دەگرێت، تا دەگاتە ئەوەی لە ماڵەکەی دەیکاتە دەرەوە و خۆیشی شارەکە جێ دەهێڵێت. دواتر ئەم دێوەزمەیە ڕوو لە جەنگەڵ و دارستان دەکات و چەند کەس دەیبینن، یەکەم چیرۆکی کارەستئامێز لەسەر دەستی ئەم دێوەزمەیە ڕووبەڕووی خێزانی “دی لاسی” دەبێتەوە، ئەوان دوو کچ و باوکێکن لە کۆلیتێکدا دەژین، ئەم دەعەجانە لێیان نزیک دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی داوای خۆشەویستی لە “ئاگاتا” دەکات، بەڵام ئەو بەتوندی ڕەفزی ئەو داوایە دەکاتەوە، ئیتر لێرەوە ئەم دەعەجانە ڕق لە مرۆڤەکان هەڵدەگرێت و شەوێک ئاگر لە کۆلیتەکە بەردەدات و هەموویان دەسووتێن. دواتر ئەم بوونەوەرە سامناکە هەوڵێکی تر دەدات بۆ نزیکبوونەوە لە مرۆڤەکان، بۆ ئەمەیش، داوا لە منداڵێک دەکات ببێت بە هاوڕێی، سەرەنجام ئەم هەوڵەیش بە کوشتنی منداڵەکە کۆتایی دێت. ئەم منداڵەیش کەس نییە، جگە لە برا بچکۆلەکەی “فرانکشتاین.”

چیرۆکەکە بەو چنینە وردەوە، قۆناغێک لە مێژووی ئەورووپا دەگێڕێتەوە، کە تێیدا تاریکی و لێڵییەک دای پۆشیبوو، سەردەمێک، کە تێیدا هیچ کرانەوەیەک نەبوو نە بە ڕووی خۆیدا، نە بە ڕووی جیهاندا، پاشان سەرەتاییترین و سادەترین جۆری زانست دەگاتە ئەوێ و بەدوای خۆیدا سەردەمی ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشەشازی دێنێت. پرسیار ئەوەیە، دەرکەوتەیەکی وەک زانست لەو سەردەمە و ئێستایشدا توانیویەتی باڵانسێک ڕابگرێت لەنێوان چەمکی جوانی/ناشیرینی، چاکە/خراپە، یان شەڕ/ئاشتیدا؟ بە وردبوونەوە لەوەی کە هەیە، دەتوانین بە ڕێژەی جیاواز لە باش و خراپ، ڕۆڵی زانست لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان ببینین، لە هەندێک باردا ئێمەیش وەک فرانکشتاین گیرۆدەی دەستی ئەو ئامێرە بووین کە خۆمان خولقاندوومانە، وەک خۆرەیەک بەهێواشی و زۆر جار بەخێرایی دەمانخوات، نەک هەر خۆمان، بەڵکوو ئەوەی لەچواردەوریشمانە. زانست بەڕووتی ڕۆح وشک و سست دەکات و هەست و سۆز ناهێڵێت، ئەدەب هەمیشە دیوە ئینسانییەکەمان بەئاگا دەهێنێتەوە، ئەم ڕۆمانە بەتوندی لەگەڵ چەمکی ئەخلاقدا دەرگیر دەبێت، بە هۆشیارییەوە دەست دەخاتە سەر ئەم پنتە گرنگە و لە مەترسیی زانست وەک دەرچوون لە نۆرم و ئەخلاق ئاگادارمان دەکاتەوە. فرانکشتاین، کەسایەتیی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، کە زیرەکی و زانستەکەی لە بوارێکدا سەرف دەکات دژی سروشت و ئەخلاقە، لادانە لە نۆرمی باو و مەلەکردنە بە پێچەوانەی ڕەوتەوە: خولقاندنی بوونەوەرێکی دەستکرد. بۆیە دەبینین لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، لە ئەنجامی دەستەویەخەیی نێوان خولقاو و خولقێنەر، بە لەناوچوونی هەردووکیان کۆتایی دێت.

لەم ڕۆمانەدا، فرانکشتاین دەعبایەک “هیولا” دێنێتە بوون، بێ ناو و شوناس، بەڵام بە تێپەڕینی کات، ئەم دەعبایە بە “هیولای فرانکشتاین” دەناسین. لە ڕۆمانی “فرانکشتاین”دا نووسەر فەزایەکی ترسناک دەخولقێنێت، کە وا دەکات ڕۆمانەکەی لە جوملەی ڕۆمانە دڵگیر و خۆشەکان بێتە دەرەوە. خاڵێکی گرنگ لای ماری شێڵی‌ ئەوەیە، کە دیوە ترسناکەکەی زانست دەردەخات و ڕۆمانێکی ترسناکیش، بە زمانێکی ترسناکی زانستی، بەرهەم دەهێنێت.

سەدەیەک پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە، کافکا دێت و هەمان ئەزموون لە فۆڕمێکی تردا ڕادەکێشێت و ڕۆمانی “مەسخ”ی پێ دەنووسێت. جیاوازیی ئەم دوو ڕۆمانە، جیا لە شێوازی گێڕانەوە و زمان، کە دەکرێت کاری لێکۆڵینەوەیەکی تەواو تایبەت بێت، جۆری کەوڵاوکەوڵی ئەم دوو کارەکتەرەیە، لای ماری شێڵی، بوونەوەرێکی شێواو و دەستکرد دەبینینەوە، کە لە ئەنجامی دەستکاریکردن و لادان لە یاساکانی سروشت خولقاوە؛ کارەکتەرەکەی کافکا، قوربانیی دەستی سیستمە، سیستم دەیخاتە دۆخی کەوڵاوکەوڵ و لەخۆدەرچوونەوە.

شتێک کە نابێت لێی تێپەڕین، فۆڕمی گێڕانەوەی ڕۆمانی “فرانکشتاین”ە، کە فۆڕمێکە فلات و تەخت، بە جۆرێک، لەسەریەک و یەکهەناسە دەچێتە پێشەوە، ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ناوەرۆکی ڕۆمانەکەیە، کە ناوەرۆکێکی سەرەتایی هەیە و قۆناغێک لە مێژوو بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، کە شتەکان [لێکدرانی ئەدەب و زانست، لە شێوەی خەیاڵی-زانستیدا] تازە لە سەرەتای دەرکەوتن و شێوەگرتندا بوون، بە واتایەکی تر: فرانکشتاین بەتەنها چیرۆکێکی ترسناک و تۆقێنەر نییە، بەڵکوو پرسیارێکی قووڵە لەسەر سروشتی مرۆڤ، بەرپرسیارێتیی زانستی و سنوورەکانی هێزی دروستکردنی مرۆڤ دەورووژێنێت، هاوکات پرسێکی ئیستێتیکییشە لەمەڕ جوانی و ناشیرینی.

ئەو دەعبایەی کە فرانکشتاین دەیخوڵقێنێت، نموونەی ناشیرینییە، ڕۆمانەکە بەچڕی لە ناشیرینی دەدوێت، چۆن بوونەوەرێکی ناشیرین لە ناخدا دەبێتە پشێوی و کوشتارێکی بەرپێنەگیراو، بە واتایەکی تر: لای ماری شێڵی ناشیرینی نوێنەری هەموو خراپەیەکە، ئیدی ئەو ناشیرینییە دەستکردی خوداوەند بێت یاخود ئینسان. خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لە گۆشەنیگای (ناشیرینناسی)یەوە دەتوانێت وەدیارخەری گۆشەنیگای بزربوونی (جوانیناسی)یش بێت، هەر بۆیە دەبینین ئەم ڕۆمانە لەپاڵ بەها ئەدەبییەکەیدا، دەتوانێت نموونەیەکی گونجاو بێت بۆ بابەتی ئیستێتیکا.

لە پەراوێزی ناشیرینناسی لای ماری شێڵیدا، دەتوانین بێینە سەدەی بیستەم و لای هونەرمەندی ئیسپانی و ناسراو: پابلۆ پیکاسۆ، ئاشکرایە کە بەشێکی بەرچاو لە داهێنەریی پیکاسۆ هێزهاوێژیی لە کوبیزمەوە وەرگرتووە، ئەویش بە کاریگەریی چەند جووڵانەوە و ڕەوتی هونەری پێی گەیشتووە و پەرەی پێ داوە. تابلۆکانی پیکاسۆ، بۆ وێنە ڕوخساری ژنەکان، بە شێوەیەک کێشراون، ئەندازەیی و چاودەرپەڕیو و چەنەتیژ و گۆناسێگۆشەیی، کە ڕوانینیان تیلە و ناهاڕمۆنی و خێچ، لە پێوەری جوانیناسیی ڕوخساردا هیچکام لەم ژنانە جوان و شایستە و شۆخ نین، بەڵام هەوڵی پیکاسۆ بۆ بەهونەریکردنی ناشیرینییە، ئەو سەر بە سەدە و سەردەمێکە کە مانای جوانی لە ژێڵاوە گۆڕاوە و لەگەڵیشدا دەبێت کاری هونەری بگۆڕێت و پشت لەو جوانییە بەردەست و سواوە بکات، کە پێشتر برەوی هەبووە، کاری قورس و داهێنەرانەی ئەو، ئەوەیە لەناو ئەوەی بە ناشیرینی ناسراوە، بۆ ئیستێتیکا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە، پێم وایە هەر ئەمەیە کە داوا لە نووسەران و هونەرمەن دەکرێت لەگەڵ ڕەوتی زەمەنەکەیاندا هاوئاست و هاوهەنگاو بڕۆن، بەوەش وەڵام بەو ڕۆژگارە تاڵوتفتە دەدەنەوە کە تێیدا دەژین.

جەوهەری هونەر لای ئالێن بادیۆ

پرسی جەوهەری هونەر هەڤپەیوەند بە باسوخواسەکانی سەردەمەوە، لە پرسە گرنگ و هەنووکەییەکانە، کە دەبێت لە سیاق و ڕەوتدا بخوێنرێتەوە و تیۆریزە بکرێت. جەوهەری هونەر، یان بڵێین کرۆکی هونەر، هونەرییبوونی هونەرە، گەڕان و گومانە لەپێناو کەشف و داهێنان و جوانیدا. جەوهەری هونەر پێچەوانەی جەوهەرە ئیلاهی و ئاسمانییەکان، پڕ و پتەو نییە، بەڵکوو جەوهەرە لە کەلێن و قەڵشتەکاندا، درزە، بۆشاییەکە لە زەمەن و زماندا چێ بووە و کەسی هونەرمەند (هونەرمەند بە مانای داهێنەر) ئەم کەلێن و قەڵشتانە دەبینێت و لە هەوڵی دۆزینەوەی جوانی و داهێناندا دەکۆشێت و بە گوتەی فاکنەر: ئارەقەی ڕۆح دەڕێژێت. جەوهەری هونەر لە ڕوودان و بەریەککەوتنی زەمەندا دەتوانێت هەبێت، ڕوودان، بەو مانای کە ئالێن بادیۆ دەیڵێت: «ئەو کاتە دەتوانێت بێتە دی، کە دەرکەوتن وەک بزربوونی لێ دێت.» ڕوودان ساتێکە کە تێیدا پچڕان و بوونیادنانەوە سەروبن دەدەنەوە لە یەک، بەڵام هونەر ناتوانێت شایەتحاڵ و بینەری هەموو ئەو ڕووداوانە بێت کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، بۆیە بادیۆ، کەسێتیی [سووژە]ی داهێنەر و پەیوەندیی بە ڕووداوەکانەوە لە ئاستی «بڕێکدا» دادەنێت، واتە داهێنەر دەتوانێت لە بڕێک لە ڕووداوەکان و بڕێک لە جیهان بدوێت، یان ناڕاستەوخۆ و بە بوونی کەناڵێکی تر، دەتوانێت لە ڕووداوەکان بدوێت و بنووسێت، ئێمە ناتوانین لە پەیوەندییەکی گشتگیر و بەرفراواندا بین لەگەڵ جیهان، بەڵکوو پەیوەندیی ئێمە، پەیوەندیی بەشە بە گشتەوە، واتە لە ڕێی بەشەکانەوە دەتوانین لە گشت بگەین.

جیهانی هاوچەرخ، وەک ئالێن بادیۆ لە وتارە ناوازەکەیدا: (جەوهەری هونەر)، دەڵێت: «جیهانی مەیلە بە جەنگ، جەنگی نێوان لەزەت و قوربانی، ڕایەڵی نێوان ئەم دوو بەرەیەیش هێزی مەرگە.» بەڵام بابەتی هونەر و جەوهەرەکەی، شتێکە لە دەرەوەی ئەم جەنگە، یانی دەبێت لە دەرەوەی ئەم پشێوی و فەوزایە بێت و هەوڵی دەربازبوون بدات و دەرەتانێک بێت بۆ دۆزینەوەی پارادایمێکی نوێ لەم بەستێنەدا، گۆڕانێک بێت لە فۆڕمی هونەردا، فۆڕم بە مانای بینینێکی نوێ و نایاب و سەرچەشن و ئیستێتیک، یان بڵێین: فۆڕمدان بەو ئۆبژانەی لە دەرەوەی فۆڕم و نۆرمەکاندان و وەک مادەیەکی خامن. ڕووداوێکی هونەریی نوێباو کاتێک دەتوانێت ڕوو بدات، کە سەرەتا بە دابڕکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەت و باوەڕە مەنفی و نامومکینانەی پێشوو و ئێستا، کە مەحاڵ و نەکردە دەردەکەون و وا پێشان دەدرێن کە قابیلی هێنان و کردن نین، بە بابەتی نوێ و موسبەت و مومکین، ببن بە بابەتی نوێ و موسبەت و مومکین. ئەمەیش دەکەوێتە سەر توانا و ئیمکانی خەللاقییەت و گەڕان، گومان و دڕدۆنگیی تاکی داهێنەر و حەساسییەتبوونی بەرانبەر بە دەرکەوتە و دیاردە جیاواز و پەرتەوازەکان، کۆکردنەوەیان لە زەین و پنتێکدا، بۆ پێدانی دەرفەتی تێگەیشتن و زەروورەتی سەردەم و جوانێکی سرک و یاخی.

سەردەم و ئەو جیهانەی تێیدا دەژین و هەڵدەسووڕێین، بەرانبەر پرس و بابەتە چارەنووسساز و بڕیارلێدەرەکان، سەبارەت بە ژیان و داهاتوو و چۆنێتیی تەحەموولکردن و گوزەرانمان، لێڵە و ناڕوون، پرسی ئاین، پرسی سیاسەت، پرسی ئەخلاق، پرسی یاسا و قانوون، پرسی ڕەگەز و کار و… پرسگەلێکن ناڕۆشن و مەتەڵاوی، تەڵخن، لێرەدایە ئالێن بادیۆ بەرپرسیارێتییەکی تایبەت دەداتە جەوهەری هونەر: تیشک و ڕووناکی خستنەسەر ئەم لێڵ و ناڕوونییانە بۆ یارمەتیدانی مرۆڤایەتی لە دۆزینەوەی پارادایم و زەینێکی نوێی هۆشیار و بڕیاردەر. هەڵبەت ئەم بەرپرسیارێتییە مەرجدارە؛ مەرجدار بەو واتایەی ئەرک و جەوهەری هونەر نەبێت بە گوێزەرەوە و حەماڵی پرسەکان، چونکە لەم بارەدا هونەر دەبێت بە مەسخەرە و دروشمبازی، بەڵکوو بە پیشاندان و هەڵکۆڵینی ئەو پرسانە لە فۆڕمێکی تازە و سەردەمیدا، لە چۆنێتیی مامەڵە و بەرکەوتنی ئەم پرسانە لە سەرجەم جومگەکانی تاک و کۆمەڵگەدا، هونەر دەتوانێت سەرلەنوێ خۆی مانیفێست بکاتەوە. ڕیزێکی درێژ لە نووسەرانی وەک بۆدلێر، ئەدۆڕنۆ، بنیامین، بیکێت، گیزنبێرگ و… سەر بەم نەریتەن. وەک سەرەتا گوتمان، جەوهەری هونەر، هونەرییبوونی هونەرە، واتە پشتگوێنەخستن و نەدیونەگرتنی فۆڕم و ئیمکانیەتە تازەکانە، ئەمەیش دەروازەی بابەتێکی تر دەکاتەوە و دەکرێت سەربەخۆ و بەجیا لێی بدوێین؛ بابەتی حەساسیەت و قودرەتی نوێگەری و داهێنان لەناو فەزایەکی ئاخنراو و تاودراو بە پاراستن و بەرگریکردن لە ترادیشن و موقەدەس.

***

ئەنجام

وەرگێڕان و چاپبوونی کتێبی “ئیستێتیکا – جوانیناسی”ی یوری بۆرێڤ، هەل و هەواڵیکی خۆشە بۆ تێکڕای خوێنەرانی کورد، ئەوانەی بەشوێن جوانییەوەن لەناو ژیان و لە پانتایی دەق و کاری ئەدەبی و هونەریدا. لەم سەردەمەدا کە سەدەی بەرهەمهێنانی ناشیرینییە، چ لە ژینگە و کەسانی دەوروبەرمانەوە بێت، یاخود لە دەق و کاری ئەدەبی و هونەریدا، ئەم کتێبە دەتوانێت باشتر ڕوانگەمان بۆ جوانی بچەسپێنێت و بخەمڵێنێت، هاوکات لە دەستنیشانکردنی جوانی و ناشیرینیدا یارمەتیمان بدات و فریوی ڕواڵەت و باقوبریق نەکەوین.

وەرگێڕانی ئەم کتێبە (لە پێگەی زمانی کوردییەکەیەوە نەک لە پێگەی بەراوردکردن و پێکگرتنی بە زمانی بنەڕەتی)، دەتوانین بڵێین کوردییەکی هێند جوان و بەسەلیقەیە، دەتوانێت وەک مەشق و ڕاهێنان بۆ باشترکردن و دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان سوود و چێژی لێ ببینین. ئەنوەر قادر محەمەد بە زمانێکی پاک و ورد و بەدیقەت، (بۆ وێنە، لە دۆزینەوەی هاومانای چەمک و دەستەواژە و نموونە شیعرییەکاندا)، ئەم کتێبەی کردووە بە کوردی، دەتوانین خودی زمانە وەرگێراوەکەی وەک نموونەیەک بۆ بابەتی ئیستێتیکا وەربگرین.

لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا خوێندنەوەمان بۆ چەند دەق و دیاردە و نەریت و کولتووری ڕۆژ کردووە، ئەم کارە هەمان ئەو کارەیە کە یوری بۆرێڤ لە کتێبەکەیدا کردوویەتی، نموونەکانی ئەو ئەدەبی ڕووسی، ژینگەی ڕووسیا و ئەدەبی ئەورووپی و جیهانین، ئێمەیش هەوڵمان داوە گەشت بە هەندێک دەقدا بکەین، لەگەڵ هەندێک دیاردە و دەرکەوتەی سەردەم، ئیدی نموونەکان لە نزیکمانەوە بووبن یاخود دوور.

لە کۆتاییدا پێمان باشە دوایین پاژی ئەم کتێبە پێکەوە بخوێنینەوە، کە دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەک کۆکەرەوەی ئایدیای سەرەکیی کتیبەکەی یوری بۆرێڤ و ئەم نووسینەی ئێمەیشە:

کامەیە ڕۆڵی هونەر لەم جیهانە هاوچەرخەدا؟ کاتێک ب. م. دەستەیێڤسکی هاواری دەکرد: “جوانی جیهان دەپارێزێت.” بەڵام بۆچی هەتا ئێستاش نەیپاراست؟ ئاخۆ ڕێژەنی هونەریی کەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوون؟ سڤیفت دوای چاپی “گەشتی گوللیڤێر” چاوەڕێی ڕاستکردنەوەی جیهان و دوورخستنەوەی لە شەڕ و نەهامەتی، نادادپەروەری بوو. کابرای پیر زۆر خەمبار بوو بەوەی جیهان تەنانەت دوای دە ساڵیش لە دەرچوونی بەرهەمەکەی ئەو ڕاست نەکراوەتەوە. ئیتر چۆن دەتوانین ئومێدمان بە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی هونەر هەبێت، ئەگەر ئەزموونەکانی مێژوو هێندە خەمناک بن؟ “پشکنەر” بەرتیلخۆر و گەندەڵ و بیرۆکراتەکانی لەناو نەبرد. شێکسپیر یاگۆ-ی لەکۆڵی جیهان نەکردەوە، پوشکین – لە سالری، میۆلەر لە – نەفرەتی و زۆڵەکان – گ. ئوسێنسکی باسی کردبوو، ڤێنێرا میڵۆسکایا چۆن ڕووبەڕووی کەسێک بووەتەوە، کە ئازاری خەڵکی داوە و ژیانی لێ تاڵ کردوون. بەڵام چەندەها خەڵک هەر ئازار دەدرێن و دەچەوسێنرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەم جیهانە چەندەها ڤێنێرا میڵۆسکایا و “مادۆنای سیکستینی”ی ڕافائیلیش هەن! گەلێک لەو فاشیستانەی ئۆردوگاکانی “کۆنستلاگەر،” کە زیندانەوان بوون حەزیان لە موزیک بوو، تەنانەت ئۆرکسترایان بە زیندانەکان ساز دەکرد. موزیکژەنەکان جوانییان پێشکەشی پاسەوانەکان دەکرد، ئەمانیش [دیارییان] بۆ موزیکژەکان مردن بوو. موزیک لە درمی ڕەشتاڵە جیهانی نەپاراست، بەڵکوو هێزی چەک و قارەمانێتیی خەڵک پاراستی.

لە کۆمەڵدا هێزی جۆراوجۆر هەن، هیی جوانی، هونەر – بەڵام تەنها هەر یەکێکیان، جوانی توانای “پاراستنی جیهان”ی هەیە، بەڵام ئەو کاتەی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی ڕووخێنەری هێزەکانی تر لە ڕیشەوە ئەوە هەڵنەکەنن، کە هونەر بوونیادی دەنێت.

هونەر بە هەموو هێزی خۆیەوە دەوری کۆمەڵایەتیی خۆی جێبەجێ دەکات، لەو کات و شوێنەی هەموو پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی، زانسی و تەکنیکییەکان ڕوو دەکەنە ئەو لایەی جەخت لە گونجاندنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکاتەوە، بە واتایەکی ڕوون کە لە خزمەتی ئامانجەکانی جوانیدایە. بەرزترین ئامانجی زانست – گەیاندنی زانینە بە خەڵک. بەرزترین ئامانجی تەکنیک – کە لەسەر بنەمای زانست بەدی هاتووە، دابینکردنی پێداویستیی مادی و گیانی و بەرژەوەندی و ڕەزامەندیی خەڵکە. بەرزترین ئامانجی هونەر – گۆڕینی هەمەلایەنەی بایەخ – کۆمەڵایەتی و خۆنرخاندنی کەسێتییە، بۆیە هونەر یارای گیانبەبەرداکردنی پێشکەوتنی زانستی و تەکنیکی هەیە، کە بە بیری مرۆڤدۆستی ڕووناکی بکاتەوە.

لە سەدەی بیستەمدا چەمکی کەم پەیدا نەبوون، کە جەختیان لە نەشیاویی پرنسیپی گونجانی کەسێتی و کۆمەڵ کردووەتەوە، بۆ نموونە، فەیلەسووفی ئایدیالیست ن. ئا. بێردیایێڤ، نووسیویەتی: “ناکۆکی و ململانێی کەسێتی و کۆمەڵ – سەر بە تراجیدیای ئەبەدیی ژیانی مرۆڤە.” بەڵام لە ڕووی پرنسیپەوە گونجانی کەسێتی و کۆمەڵ شیاوە: لەو شوێنەی کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کامەرانیی کەسێتی مسۆگەر دەکات و لەوێ، کە بۆ هەمیشە {کەسێتی} لە داخراویی چەقبەستنی خۆپەرستی دوور دەکەوێتەوە، – لەوێ کە هەموو هەنگاوێک بە ئازادنەبوونی نوێی مرۆڤ ناشکێتەوە. پەڕینەوەی مرۆڤ “لە مەملەکەتی پێداویستییەوە بۆ مەملەکەتی ئازادی” داوای دەستەبەرکردنی مرۆڤدۆستییەکی واقیعی لە کۆمۆنیزم دەکرێت: گۆڕانی مرۆڤ، کامڵبوونی بەردەوام و نەبڕاوەی بە هۆی کۆمەڵەوە، بە ناوی خەڵکەوە، هەروەها گۆڕانی کۆمەڵیش – بە هۆی مرۆڤ و بە ناوی کەسێتییەوە دەبن. بەم دیالێکتیکە، مرۆڤ و مرۆڤایەتی – واتا و جەوهەری مێژوون. گەشەی هەمەلایەنەی کەسێتی، گونجان و یەکگرتنی لەگەڵ کۆمەڵ و مرۆڤایەتیدا – ئەرکی هەرە بەرزی هونەرە.

ئەو سەرچاوانەی سوودیان لێ وەرگیراوە:

– سەرجەمی بەرهەمی گۆران، بەشی یەکەم، دیوانی گۆران، محەمەدی مەلاکەریم کۆی کردووەتەوە و ئامادەی کردووە و پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیوە، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی عیراق، چاپی یەکەم، بەغدا – ١٩٨٠

– فرانکشتاین، ماری شێڵی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵدێر حسێن، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆمان، چاپی یەکەم، سلێمانی – ٢٠٢٦

– شاماران: هێمای ئاڵۆزیی جوانی و ناشیرینی، نینا کەریمی، گۆڤاری ژیانەوە، ژمارە ٤، زستانی ٢٠٢٦

– جەوهەری هونەر، ئالێن بادیۆ، و. لە ئینگلیزییەوە: عەلی حسەینی، گۆڤاری وێران، خولی سێیەم، ژمارە ٧، ٢٠١٠

پرسی جوانی و ناشیرینی لەمڕۆدا، چەند سەرنجێک دەربارەی کتێبی “زانستی جوانی؛ خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی،” بەختیار حەمەسوور، ماڵپەڕی دەزگای سەردەم

جووڵان، جوانی و جاویدانی، بەختیار حەمەسوور، ڕۆژنامەی (هیچ)، ژمارە ١١، ١/٥/٢٠١٧

ناونیشانی سەرەکیی ئەم نووسینە، بە ئیلهاموەرگرتن لە ناونیشانی چیرۆکێکی ڕەیمۆند کارڤەر دانراوە.