تەنها دارهەنارەکە خۆی لەنێوان هونەر و مردووشۆردندا
تەنها دارهەنارەکە خۆی
لەنێوان هونەر و مردووشۆردندا
ڕانانی: ئیدریس عەلی
“پێم وا بوو ژیان و مردن دوو دونیای جودان و سنوورێکی ئاشکرایان لەنێواندایە، بەڵام ئێستا دەزانم دوو دونیای یەکانگیرن، یەکدی دادەتاشن، پەرداخی ئەمیان تینووێتیی ئەویان دەشکێنێت، باوکم ئەمەی دەزانی و دارهەنارەکەش باش ئەوە دەزانێت، من وەک دارهەنارەکە وەهام، بەڵام هەموو پەلکەکانم بڕاون و شکێنراون و لەگەڵ لاشەی مردوواندا نێژراون.”
ڕۆمانی “تەنها دارهەنارەکە خۆی” بەم پەرەگرافە سەرنجڕاکێشە کۆتایی دێت، بە ڕووکەش کۆتایی دێت، بەڵام ڕووداو و چیرۆکەکانی، کارەکتەر و گێڕانەوەکانی، ژیان و مەرگەساتەکانی هێشتا بەردەوامن و کەس نازانێت هەتا کەنگێ و کوێندەرێ درێژ دەبنەوە، ئەمە کتومت نەخشەی بێسەروبەری وڵاتێکە، کە جەنگ و مردن گەورەترین ئامادەیی تێدا هەیە.
دارهەنارەکە لەم ڕۆمانەدا دالێکە بە دەیان مەدلوولەوە، چیرۆک و بەسەرهاتی زۆر بەدەوریدا دەسووڕێنەوە، بەڵام زیندووترین، ڕاستگۆترین و ئازاترین شاهیدی قۆناغەکانی مێژوو و ئێستای عیراقە بە سەرجەم ڕووداوە تراژیدی و غەمگینەکانیەوە، چونکە دارهەنارەکە بە ئاوی مردوو، کوژراو و شەهیدەکان گەورە بووە و باڵای هەڵچووە.
ڕەنگە لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە دارهەنارەکە خودی واقیعییەتی وڵاتەکە بێت، بێدەنگترین، ڕاستگۆترین و بێمنەتترین گێڕەرەوەی ڕووداوەکان و جەنگ و مردنی ئینسانەکان بێت لە ڕابوردووی دوور و نزیکی عیراقدا، بەدیاریکراوی شانۆی ڕووداوەکان بەرجەسەتی واقیعی تاڵ و ئازارزەدەی دوو قۆناغ لە حوکمڕانیی وڵات دەکەن لەنێوان دەسەڵاتی سەدامی بەعسی پێش پرۆسەی ئازادی و “سەدامەکانی” پاش پرۆسەکە، کە هەندێک لایەنگر، کە سوودمەندن لە دۆخە نالەبارەکە، بە پرۆسەی ئازادی ناوزەدیان کردووە و هەندێک نەیاریش، کە قوربانیی گەورەی دۆخەکەن، بە داگیرکاری ناوی دەهێنن، بەڵام زەقترین خاڵی هاوبەش، ئەوەی “دارهەنارەکە” خۆی بە زوبانێکی سادە و ڕەوان بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەوەی کە لە هەردوو قۆناغەکەدا خاڵی هاوبەشە، دارهەنارەکە بە ئاوی مردووەکان گەورە بووە و هیچ ساتێک نەبووە لە مردووشۆرییەکەوە، خوێن، کەفاو و ئاوی کوژراوە شۆراوەکان، یان سووتاو و سەرێکی بڕراو نەگەیشتبێتە ڕەگەکانی و چڵەکانیا پەرش نەبووێت.
بەگشتی ئەم چەند ساڵەی دوایی، ڕۆمانی عیراقی لە ڕووی فۆڕم و تەکنیکەوە لە ئاستێکی باڵای هونەریدا بەرجەستە بووە، لە ڕووی ناوەرۆکیشەوە زۆربەی زۆری ڕۆماننووسەکان، بەتایبەت نووسەرە گەنج و تازەدەرکەتووەکان، ئاوڕی جدییان لە پرسی سیاسیی عیراقی دوای سەدام و بەعس داوەتەوە؛ ئەوەی لە کۆی ڕۆمانە عیراقییەکاندا زۆر بەرجەستەیە و تێمای زۆربەیانە، بریتییە لەو وەهمەی سیاسی و ڕۆشنبیر و هاووڵاتیی ئەم وڵاتە پێش ڕووخانی ڕژێم هەیانبووە، بەوەی بە کەوتنی پەیکەری دەسەڵاتدارێتیی بەعس، عیراق دەبێت بە باخێک لە باخەکانی جەننەت، بەڵام واقیع وەڵامێکی تەواو پێچەوانەیان دەداتەوە، بەوەی لە هەردوو قۆناغەکەدا دەسەڵات تەنها لە ڕووی فۆڕم و شێوەوە گۆڕاوە، دەنا لە ڕووی ناوەرۆکەوە، دارهەنەرەکە، کە ڕەنگە خودی عیراق بێت، بە ئاوی مردوو و خوێنی قوربانییەکان دەژی و گەورە دەبێت و بەر دەگرێت.
ئەم ڕۆامانە (تەنها دارهەنارەکە خۆی) لەلایەن نووسەری عیراقی “سینان ئەنتوون”ەوە نووسراوە و شاعیر و وەرگێڕ “دلاوەر قەرەداغی” وەک سەرجەم بەرهەمەکانی پێشووتری، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد لە چەندین لاوە بەها و گرنگیی خۆی هەیە. لە پنتێکەوە چێژ و ئەوینی خوێندەوەمان لەلا پتر دەکات و دەمانورووژێنێت لێبڕاوانە کات بە خوێندنەوە بدەین و گەرم و دایکانە باوەش بە کتێبدا بکەین، لە لایەکی دیکەوە ئاشنامان دەگات بە گەلێک بابەت و پرسی سیاسی، ڕۆشنبیری و کولتووری، مێژوویی و هەنووکەیی؛ نووسەر لە دەستپێک و بەرایی ئەم ڕۆمانەدا کارەکتەرێکمان پێ دەناسێنێت، کە لە زیندەخەوندایە و خەونەکانیشی سیخناخن لە خوێن، دابڕان و توندوتیژی، کارەکتەرێک کە خەونی گەورەی هونەریی هەیە و دوور لە بەها ئاینی و ئەخلاقییە خێڵەکی و ناوچەییەکان بیر دەکاتەوە، خەون بە دونیایەکی جوان و باشترەوە دەبینێت و دونیابینییەکی مۆدێرنانەی هەیە بۆ بابەتاکان و ڕووداوەکانی چواردەوری، بەتایبەت بۆ خێزان و سێکس و پرۆسەی هاوسەرگیری، بەڵام دواجار خۆی دەبێت بە یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو دۆخەی یەخەگیری وڵات دەبێتەوە.
کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە گەنجێکە و لە زاری خۆیەوە، وەک ئەوەی یادەوەریی کەسیی خۆی بن و گوزارشت لە کۆی کۆمەڵگە بکەن، ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە و گەشتێکی پڕ لە ئازارمان بە مێژوو و قۆناغە جیاجیاکانی وڵاتدا پێ دەکات. ئەو لە خێزانێکی شیعەمەزهەبە، بەڵام خودی خۆی باوەڕدار نییە، باوکی لە باپیرانیەوە پیشەی مردووشۆریی بۆ ماوەتەوە، خێزانەکەی کاریگەریی بیری ئاینییان لەسەرە و باوکی هەوڵ دەدات لەبری ئەوەی هونەری شێوەکاری بخوێنیت، ببێت بە مردووشۆر، بەڵام ئەم زۆر جار لە دەستوور و بڕیارەکانی خێزان یاخی دەبێت و شوێن حەز و خەونە تایبەتەکانی خۆی دەکەوێت، بەڵام سەرەنجام، دۆخی وڵاتەکە لە سایەی جەنگ و داگیرکارییەوە دەگات بە شوێنێک، کە لەبری هونەر و داهێنان و سەفەر و بینینی دونیا، بگەڕێتەوە سەر پیشە کۆنەکەی باوکی و ببێت بە مردووشۆر. ئەگەر لە سەردەمی سەدام و بەعسییەکاندا ڕێژەی مردن هێندە زۆر بووبێت کە خێزانێکی گەورە داهاتی لێ وەدەست بێنن، ئەوا لە سەردەمی عیراقی دوای سەدام و “داگیرکاریدا” جەنگەکان پانتاییەکی فراوانتر دەگرنەوە و شێوازەکانی کوشتن و لەناوبرن فرەتر دەبن، ئەمەش پێمان دەڵێت عیراقی دوای سەدام، عیراقی مردوو و کوژراوەکانە.
بەکورتی، ئەم ڕۆمانە پەردە لەسەر گەورەترین ئەو تاوانانە هەڵدەماڵێت کە لەلایەن دەستە و گروپ و هێزە جیاجیاکانەوە، بە ناوی ئاین و نیشتمانپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێن، ناکۆکیی سیاسی و ئاینی و تایفی، نەمانی متمانە و ئاسایش، سووربوونی شەقام بە خوێن و بەسەربازگەکردن و زاڵبوونی فەزای کۆنەخوازی، هەڵتۆقینی لەناکاوی دەوڵەمەند، پەرەسەندنی گەندەڵی و پەتای هەژاری و بیری پەڕگیرانە، تەقینەوە و سەربڕین و ڕفاندن، ئەمانە ئەو دیمەنە ترسناک و غەمگینانەن کە ئەم ڕۆمانە لێیان ئاگادارمان دەکاتەوە؛ بێگومان هیچ دیمەنێک نییە لەم ڕۆمانەدا پێشتر تاکی عیراقی خۆی بەریان نەکەوتبێت، یان لە میدیاوە بینەریان نەبووبێت، بەڵام کاتێک بەم شێوازە هونەری و تەکنیکە بەرز و زمانە سادە و پڕ لە چێژەی گێڕانەوە دەیخوێنینەوە، هەر دەڵێیت باسی شتێکی نوێمان بۆ دەکات، کە پێشتر هەرگیز نەمانبیستووە و نەمانبینیوە.
بەگشتی، جیا لەم نووسینە سادە و خاکەڕایەی من، کە تەنها بۆ هاندانی خوێنەر نووسراوە تا خۆیان لە چێژ و جوانیی بێبەش نەکەن، هاوکات قسەکردن لەسەر ئەم ڕۆمانە زۆر هەڵدەگرێت و دەکرێت لە زۆر ڕەهەند و لایەنەوە خوێندەوەی بۆ بکرێت، چونکە جگە لە چێژ و جوانیی ڕۆمانەکە و شێوازی گێڕانەوەکەی، بەشی پێویستیش زانیاریمان سەبارەت بە کۆمەڵێک چەمک و بابەتی گرنگی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری پێ دەبەخشێت… زیادەڕۆییش نییە گەر بڵێین بەشێکی گەورەی جوانی و بەهای ڕۆمانەکە بۆ خوێنەری کورد، پەیوەستە بە زمانی وەرگێڕانی کاک “دلاوەر قەرەداغی”یەوە، کە هێندە شارەزایانە و باڵادەستانە و بەرپرسیارانە ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بە جۆرێک، دەتوانم بڵێم گەر خودی نووسەرەکە کورد بووایە، هەر بەم شێوەیە دەینووسی و دای دەڕشتەوە.