من و شیعر لە ئەزموونەوە تا بیرەوەری
من و شیعر
لە ئەزموونەوە تا بیرەوەری
ڕانانی: ئیدریس عەلی
لە کتێبی “من و شیعر”دا، ئێمە لەبەر دەم ئەزموونێکی گەورەی شیعریدا دەوەستین و لەپشت دنیای تێکست و داهێنانی ئەدەبییەوە بەر دنیایەکی دیکە دەکەوین، دنیایەک کە بۆ هەمووان نامۆ و درکپێنەکراوە، ئەگەرچی ئەو پێشتر لە ڕێی ئەزموونە شیعرییە باڵاکەیەوە ئامادەیی و هەژموونی دەسەڵاتی ئەدەبیی خۆی پیشان داوین و تا ئەندازەیەک ئاشنا بووین بە دنیای خەیاڵ و وشە و دنیابینیی ئیستێتیکییانەی بۆ نیشتمان، ژن و ناسکیی و تانانەت بابەتە هەستیار و یاساغکراوەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، وەلێ کاتێک قسە دێتە سەر نووسینەوەی ژیاننامە و ئەزموونی نووسینی خۆی، ئەوا ئەدگاری “نزار قەبانی”یەکی جیاوازتر، گەورەتر و دەستڕۆیشتووتر دەبینین لە وەسف و دەربڕیندا، جوانییەکی دیکە پەلمان دەگرێت، کە پێشتر هەستمان نەکردووە بوونی چەند گرنگە.
لە ڕاستیدا ئەو قەڵەمەی “نزار قەبانی” شیعر و داهێنانی پێ نووسیوە، لێیەوە تەماشای ژیان و دنیای پێ کردووە، هەمان ئەو قەڵەمەیە کە ئەم کتێبە “من و شیعر”ی پێ نووسیوەتەوە، ئەو هەناسە شیعرییەی لە شیعرەکانیدا گا تووڕە و نیگەران، گا تامەزرۆ بۆ باوەشی نیشتمان و ژن هەست پێ دەکرێت، هەمان هەناسەیە کە لەم کتێبەدا قسە لەسەر شیعر و ئەدەب، تازەگەری و فیکر، عەقڵییەتی دواکەوتووانەی ڕۆشنبیریی عەرەبی پێ دەکات؛ یەک قەڵەم دوو دنیای جیاواز دەنووسێتەوە، بەڵام ئەوەی وا دەکات قەڵەمەکە بناسینەوە، هەمان ئەو قووڵی و ناسکییەیە لە دەربڕین و گوزارشتدا کە لە شیعردا هەیبووە. بەش بە حاڵی خۆم، تا کۆتایی کتێبەکە لە خۆم دەپرسی: ئەرێ ئەمەی من دەیخوێنمەوە و وا خەریکە دێڕبەدێڕ و پەڕە دوای پەڕە لەگەڵ خۆیدا دەمبات و هۆگری ساتەکانی خۆیم دەکات، شیعرە یاخود ڕۆمان؟ ژیاننامەیەکی ئاساییە، یاخود پەخشانێکی درێژی ئەدەبی، کە بنووسەکەی تەواو خۆی ڕووت کردووەتەوە، بێ ماسک و بەرگی خۆیەکی ترمان، بە هەموو برین و فرمێسک، بە گشت پێکەنین و ئومێدێکەوە پێ دەناسێنیت؟ ئەلحەقی زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم دەکرێت وەک ڕۆمان، یان شیعر و ژیاننامە و بیروەرییش بخوێنرێتەوە، چونکە بە درێژایی کتێبەکە، لە ساتی باسکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی خۆیدا، خوێنەر بەر سەدان دێڕ، پەرەگراف و وشەی ماناداری قووڵ و شاعیرانە دەکەوێت.
ئەوە ڕاستە کە زمانی گێڕانەوە لەم کتێبەدا سادەیە، وەلێ قووڵایی فیکر و ڕەهەندی فەلسەفیی قووڵ و گەورەیان لە پشتەوەیە، بەتایبەت لەو بەشانەدا کە ڕەخنە لە شێوازی حوکمڕانیی دەسەڵاتداران و ڕۆشنبیریی خۆگونجێنەر و ئەوانە دەگرێت، کە قەڵەمی خۆیان بۆ ستایشی میر و ئاغاکانی عەرەب بەکار دەهێنن، ئەو بەشانەی لە باسی ئەزموونی نووسینی خۆیدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە کە چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و دەسەڵات، چ لەسەر ئاستی نێوەندە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکان دەیدەنە پاڵی، بەدیاریکراوی ئەوانەی پێیان وایە پانتایی شیعری ئەم شاعیرە بۆ خۆبەتاڵکردنەوەی شەهوەتە بەسەر جەستەی ژندا، بێئاگا لەوەی ژن و نیشتمان لە شیعری قەبانیدا یەک ئاڕاستە و ئامانج و پەیامیان لە پشتەوەیە.
کتێبی “من و شیعر” نووسینەوەی ژیاننامەی گەورەشاعیری ناوداری دنیای عەرەب “نزار قەبانی”یە بە قەڵەمی خۆی؛ لەم کتێبەدا دەگەین بەو ڕاستییەی ئەم بلیمەتەی دنیای شیعر لە هەناو و ڕەحمی چ کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و خێڵەکییەوە سەری هەڵداوە و بە دەنگی بڵند جاڕی جەنگێکی گەورەی بە شیعر و وشە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا داوە، هاوکات باسکردنی ژیانی خۆی و ڕووداوەکان و قۆناغبەقۆناغی هەڵکشانی تەمەن و کامڵبوون لە ڕووی فیکر و ئەندێشە و ئەدەبەوە، باسیش لە دەستپێکی دەستبردنی بۆ پشکۆی شیعر دەکات، هەر بۆیە لەگەڵ باسکردنی ژیانی خۆیدا، ئەزموونە دەوڵەمەندە ئەدەبییەکەشی دەبێت بە چەند تەوەرێکی سەرەکی و دواتر پەل دەهاوێت بۆ چەندین پرس و بابەتگەلی پەیوەست بە ژیانی خێزانی، سیاسی و کولتوورییەوە؛ بێگومان ئەو گەلێک ئازایانە و ڕاستگۆیانە، بێ پەردە سەبارەت بە بە شتانێک دەدوێت، کە زۆرینەی شاعیران و ڕۆشنبیرانی عەرەب جورئەت ناکەن بە خەیاڵیش بیری لێ بکەنەوە.
لە ڕاستیدا لێرەدا ناکرێت ڕۆڵی گەورەی وەرگێڕی کتێبەکە (پشکۆ نەجمەدین) لەبەر چاو نەگرین، کە چەند شارەزایانە و زیرەکانە کتێبەکەی کورداندووە و ئەو کەشوهەوا شیعرییەی تانوپۆی نێو کتێبەکە، کە خۆی لە زمانێکی زۆر سادە و ڕەوانی شیعریدا دەبینێتەوە، گواستووەتەوە بۆ نێو زمانی کوردی؛ بێگومان ئەمەش لە لایەکەوە شارەزایی خودی وەرگێڕی کتێبەکەمان بۆ دەسەلمێنێت کە لە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبیدا هەیەتی، لە لایەکی دیکەوە پێمان دەڵێت کە وەرگێڕان، بەتایبەت ئەو کتێبانەی بە زمانی شیعر نووسراون و شیعرییەت زاڵە بەسەریاندا، هونەرێکی گەورەیە و بەرپرسیارێتییەکەی پێش هەرکەسێک، لەسەر شانی خودی وەرگێڕەکەیە.
هەمووان دەزانین لەسەر نەخشەی شیعری عەرەبیدا، نزار قەبانی خاوەنی وەڵاتێکی فراوان و فرەڕووبەرە، کە هەر لە سەرەتای ڕۆنانی وڵاتەکەیەوە، نەیویستووە لە چ وڵاتێکی دیکە بچێت؛ نە ئاڵاکەی، نە سروودی نیشتمانی و نە شارە ڕەنگاوڕەنگەکانی، سنوورەکانی خۆیشی بە لێبڕاوی و هێزی وشە پاراستووە، نە پێی خستووەتە چ وڵاتێکی دیکەی شیعری پێش خۆی و هاوسەردەمەکانی، نە هیچ هێزێکی دیکەش ئازایەتیی ئەوەی تێدا هەبووە بە چاوی داگیرکارییەوە لێی بڕوانێت؛ ڕاستیی ئەم قسەیەشمان لە لایەکەوە لە شیعرەکانیدا دەردەکەوێت، کە هەرگیز لاسایی داهێنەرانی پێش خۆی نەکردووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە لەم کتێبەیدا بەرجەستە بووە، کە ڕاستگۆیانە و لێبڕاوانە دیدی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵێک چەمک و بابەت خستووەتە ڕوو، جا لە زۆربەیاندا خاوەنی دید و دنیابینی و ڕەهەندێکی ڕەخنەییانەیە سەبارەت بە چەمک و بابەتەکانی وەک پیرۆزی، نەریت، ئاین، ڕۆشنبیری و سیاسەت، هاوکات وەک ڕۆشنبیرێکی کونجکۆڵ پێداگرییەکی گەورەشی لەسەر ئەوە کردووە، کە جەسوورانە بەرگری لە دید و تێڕوانینەکانی خۆی بکات.
ئەوەی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، تێدەگات کە نزاری ئەم کتێبە، هەمان نزاری نێو پانتایی شیعرەکانە، ڕاستگۆ و بێباک، دوور لە ڕیا و سازش لەسەر ئەو پرسە هەستیارانەی تانوپۆی بڕگەبەبڕگەی جەستە و خانەکانی کۆمەڵگەی عەرەبیی تەنیوە، لە عەقڵییەتی خێڵگەراوە تا دەگات بە بابەتی ڕەتکردنەوەی کۆنخوازیی دینی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی؛ بێگومان وەک خۆیشی لەم کتێبەدا باسی کردووە و جەختی لەسەر کردووەتەوە، باجی ئەم تێڕوانین و ڕەهەندە مۆدێرنانەی داوە، چ لەسەر ئاستی دەسەڵات، یان کۆمەڵ و نێوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان. نزار لەم کتێبەدا دەخوازێت چیرۆکی خۆی لەگەڵ شیعردا، پێش ئەوەی کەسێکی دیکە بینووسێتەوە، بینووسێتەوە، ئەو دەخوازێت ڕوخساری خۆی بە دەستی خۆی بنەخشێنێت؛ ئاخر کەسێک نییە باشتر لە خۆی، ئەم کەڤاڵە بنەخشێنێت.
هیچ پێچوپەنا و پنتێکی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە و داهێنانی خۆی نەماوە “نزار قەبانی” لەم کتێبەیدا باسی نەکات و نەیخاتە ڕوو، وەک ئەوەی دڵی خەبەری دابێت کە ئیدی ئەمە دواین هەوڵی ئەوە لە بواری نووسیندا، تەمەن و نەخۆشی بڕستی خەیاڵ و داهێنانی لێ دەبڕن و قەڵەمەی چک دەکات و بۆ دواجار لە گەمەی نووسین و ژیاندا، سەربەرزانە لێی دەردەچێت: ئەم کتێبە بە چەمکی ئەکادیمییانەی مێژوو، نووسینەوەی مێژوو نییە، ئاخر مێژوو زانستی ڕووداوە مردووەکانە، زانستی ئەو ڕووداوانەیە کە کار و کاردانەوەیەکیان نەماوە.
لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، کچەکەی نزار قەبانی هەندێک وردەکاریی ژیان و هەڵوێست و تایبەتمەندیی باوکی خستووەتە ڕوو، کە وەک نزیکترین شاهید لەگەڵیدا ژیاوە و ئاگاداری خوو و سروشتە تایبەتمەندەکەی بووە؛ ئەو لەوێدا باس لەوە دەکات کە بچووکترین جموجووڵێک سەرنجی باوکی بەند دەکرد، هەر بۆیە هەرگیز چاوی لێ کەلا نەکردوون، مەگەر ساتێک کە شیعری بۆ هاتبا، ئیدی بە جارێک دەگۆڕا: ئاخر هەندێک جار زەینەبی خوشکم، سەعاتێک لەبەر دەمیدا دەوەستا و ئەو نەیدەبینی، یاخود جاروبار کە لەگەڵ مندا مژووڵی قسەوباس دەبوو و بەپەرۆشی پرسیاری دەکرد، وەڵامی منیشی دەدایەوە، لەناکاو، وەک ئەوەی گەواڵەهەورێک بەرچاوانی گرتبێت، کڕ دەبوو و دووچاری دۆخێکی تایبەت دەهات و… ئیدی “هەدبا”ی کچی نزار قەبانیی شاعیر گەلێک نهێنیی ژیان و تایبەتمەندیی کەسێتیی باوکی لەم کتێبەدا بەرهەڵدا دەکات و شتانێک دەربارەی باوکی دەڵێت، کە نزار خۆیشی لە ژیاننامەکەیدا ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، ڕەنگە بە هۆکاری ئەوەی ئەم بابەتانە بۆ خوێنەر گرنگ نەبن و بەهایەکیان نەبێت، بەڵام من وەک خودی گێڕانەوەکەی قەبانی، چێژم لەو بەشە وەرگرت و زانیاریی پتری دەربارەی دنیای نزار قەبانی پێ بەخشیم.